تشرینی یه‌كه‌م 8, 2008
ڕه‌گوڕیشه سایكۆلۆژییه‌کانی کۆمه‌ڵکوژی (جینۆساید)
- به‌شی دووه‌م -
د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان/ سیدنی
له‌گه‌ڵ داوای لێبوردنمان له به‌ڕێز دکتۆر سه‌ڵاحی گه‌رمیان ، وێنه‌ی ( دایاگرامه‌که ) له‌گه‌ڵ سیستمی ئه‌م وێب سایته دانابه‌زێ . دووباره داوای لێبوردن . ( ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی )
به‌شی یه‌که‌می ئه‌م نووسینه بریتی بو له پێناسه و چه‌ند زانیارییه‌کی مێژوویی له‌باره‌ی جێنۆسایده‌وه و “سایکۆڵۆجی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار” ی خستبووه ژێر باسه‌وه. ئه‌م به‌شه‌ی ئێستاش تیشک ئه‌خاته سه‌ر سایکۆلۆجی ڕه‌هه‌نده گرنگه‌کانی تری به‌رپابوونی تاوانی جینۆساید.
سایکۆڵۆجی که‌سێتی سته‌مکار
گومان هه‌ڵناگرێت که سه‌رکرده و فه‌رمانڕه‌وایانی ووڵاتانی جیهان ڕۆڵێکی گه‌وره‌یان بووه و هه‌یه له سه‌رجه‌م ڕووداوه‌کان‌ی ووڵاته‌کانیاندا. به‌پێی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی له‌م بواره‌دا کراون، ده‌رکه‌وتووه که ئه‌و سه‌رکردانه‌ی جه‌نگیان هه‌ڵگیرساندوه و بوونه‌ته هۆی نه‌هامه‌تی خه‌ڵکی، یان تاوانی جینۆسایدیان ئه‌نجامداوه چ دژ به گه‌لانی ناو ووڵاته‌کانیان یان دژ به گه‌لانی ووڵاتانی تر، دووچاری تێکشکان و په‌شیوی له که‌ساێتیاندا ئه‌بن. هه‌روه‌ها مکوڕن له هه‌بوونی چه‌ند شێوه‌یه‌کی که‌ساێتی دیاریکراو لای ئه‌و سه‌رکردانه‌ی که ئاره‌زووی هه‌ڵسوکه‌وتی به زه‌بروزه‌نگ ئه‌که‌ن. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه کوالیسکی (2001)Kowalski سه‌رنجی توێژه‌کان بۆ سێ جۆر له که‌ساێتی ڕائه‌کێشێت بۆ ئه‌وه‌ی بخرێنه ژێر تاقیکردنه‌وه‌وه که ئه‌مانه‌ن:
:: نێرگزی Narcissist
:: ميكاڤيللي Machiavellian
:: سايكۆپاتی Psychopathic
سه‌ره‌ڕای بوونی جیاوازی له ڕه‌جه‌ڵه‌کی ئه‌و سێ جۆره که‌ساێتیه که (پاولهوس و وليامز، Paulhus & Williams,2002) ناوییان ئه‌به‌ن به سێکوچکه‌ی تاریکی که‌ساێتی The Dark Triad of personality، به‌ڵام چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هاوبه‌ش له نیوانیادا هه‌یه. هه‌ر سێ جۆره‌که سیفه‌تی ڕق وکینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئاره‌زووی خۆهه‌ڵكشان، ساردوسڕی سۆز، دووفاقی و شه‌ره‌نگێزی کۆیان ئه‌کاته‌وه. پێیشکه‌وتنی بواری پێوانه‌ی سایکۆڵۆجی که له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌سه‌ر ئه‌و سێ گۆڕاوهVariables به‌ده‌ستهێنراوه ده‌ریخستووه، که په‌یوه‌ندییه‌کی پێکه‌وه‌گرێدراو له نێوان (نێرگزیزم - ميكاڤيلليزم) و (ميكاڤيلليزم- سایکۆپاتی) و (سایکۆپاتی– نێرگزیزم)دا هه‌یه. هه‌روه‌ک له‌و داێگرامه‌ی خواره‌وه ڕوونکراوه‌ته‌وه:
ئه‌م داێگرامه سه‌ره‌وه: په‌یوه‌ندی گریدراوی نێوان سێکوچکه‌ی تاریک (نێرگزی – ميكاڤيللي – سايكۆپاتی) ڕوونئه‌کاته‌وه
لێره‌دا پێویست به کورته پێناسه‌یه‌ک ئه‌کات له‌باره‌ی هه‌ر یه‌که له‌و سێ جۆره که‌ساێتیه:
که‌ساێتی نێرگزی
خاوه‌ن که‌ساێتیه‌کی نێرگزی ئه‌و که‌سه‌یه که هه‌ستی خۆ خۆشویستن ئێجگار زۆره لای و زۆر شه‌یدایه به‌خۆی و به به‌هره و تواناکانی خۆی، وائه‌زانێت که خۆی له هه‌موو شتێکدا باش و کارامه و داهێنه‌ر و به‌سه‌لیقه‌تر و هونه‌رمه‌ندتره و وا بۆی ئه‌چێت که خه‌ڵک ڕێزی لێئه‌گرێت و به‌شان و باڵیدا هه‌ڵئه‌ده‌ن و سه‌رسامن به‌و که‌ساێتییه‌ی هه‌یه‌تی، ئه‌وه‌ی که خۆی لای خۆیدا دروستی کردوه.
که‌ساێتی ميكاڤيللي
که‌ساێتی میکاڤیللی که‌سێکه که هه‌مان ئه‌و سیفه‌تانه‌ی هه‌یه که نووسه‌ری ئیتالیایی نيكولا ميكافيللي (1469 – 1527) Machiavelli له کتێبی (شازاده) The Prince وه‌ک ڕاسپارده ئه‌یانخاته ڕوو و تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و جۆره که‌ساێتیه ده‌ستنیشان ئه‌کات. ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌م جۆره که‌ساێتیه‌ی هه‌یه له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه که ئامانجه‌کانی بێنێته دی به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت و دروشمی سه‌ره‌کی ژیانی ئه‌وه‌یه که (ئامانج پاساوی به‌کارهێنانی ئامراز ئه‌کات) The End justifies the Means به‌واتایه‌کی تر که‌سی میکاڤیللی گرنگه به‌لایه‌وه بگات به‌و ئامانجه‌ی مه‌به‌ستێتی به‌هه‌ر نرخێک بێت.
که‌ساێتی سايكۆپاتی
ئه‌و که‌سه‌ی که که‌ساێتی سایکۆپاتی هه‌یه گوێ به ڕێڕه‌و و یاساکان ناو کۆمه‌لگا نادات و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی به‌لاوه گرنگ نیه و چێژ و خۆشی ئه‌بینێت له لادان له هه‌ر نه‌ریت و یاسایه‌ک. ئه‌م جۆره که‌سه له خۆی و حه‌ز و ئاره‌زۆ‌کانی خۆی زیاتر شتی تری به‌لاوه بایه‌خدار نیه.
هه‌ر یه‌که له سه‌رکرده تۆتالیتاره‌کان وه‌ک: هیتله‌ر له ئه‌ڵمانیا، مۆسۆلینی له ئیتالیا، فرانکۆ له ئیسپانیا، ستالین له ڕوسیا، پۆلپۆت له کامبۆدیا، بینۆشێ له چیللی، سه‌ددام له عێراق، میلۆسۆڤیچ له سربیا و چه‌ندین له سه‌رکرده تۆتالیتارێکانی وڵاتانی تری جیهان، که‌سانێک بوون که ئه‌و سیفه‌تانه‌ی له‌و سی جۆره که‌ساێتیانه‌ی پێشتر ئاماژه‌یان پێکرا بوو، تیایاندا به‌دی ئه‌کران، سه‌ره‌ڕای جیاوازی کو‌لتوور و ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ووڵاته‌کانیان. به پێیه، ئه‌وان نه‌ک ته‌نیا ئه‌بوایه خاوه‌ن باڵاترین پله‌ی ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی و حیزبی و هه‌موو کاروبارێکی تری ده‌وڵه‌ت بن، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت یاسادانان و سه‌پاندنی به‌سه‌ر خه‌لکدا ئه‌بوایه به گوێره‌ی حه‌ز و خواستی خؤیان بوایه. هه‌ر ته‌نیا خۆیان مه‌زن و خاوه‌ن شکۆمه‌ندی و دروستکه‌ری ڕوداو موعجیزه بوون و نوێنه‌ری خوا بوون له‌سه‌ر زه‌وی، هه‌ر خۆیان خاوه‌ن بڕیار و فه‌رمان بوون و جه‌ماوه‌ریش ته‌نیا بۆی هه‌بوو گوێڕایه‌ڵ و ملکه‌چی ده‌سه‌ڵاتیان بێت.
ڕومیڵ (1996) Rummel پێیوانیه ڕوودانی پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی به‌کۆمه‌ڵ و شه‌ڕ وکوشتاره‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له ووڵاته نادیموکراته‌کاندا به ڕێکه‌وت بێت. جیوازی ئه‌و ووڵاتانه‌ی که تیایاندا له‌ناوبردنی به‌کۆمه‌ڵی ڕوویداوه له‌گه‌ڵ ووڵاتانی تردا، ده‌سه‌ڵاتدارێتی سه‌رکرده و رژێمی تۆتالیتاره. کاریگه‌ری ئه‌و سه‌رکردانه له‌وه‌دایه که ئه‌و فاکته‌رانه‌ی له‌ناو کۆمه‌ڵدا هه‌ن، ئه‌گۆڕن بۆ شێوه‌یه‌کی تاکه کولتووری بته‌و و شکۆدار، هه‌روه‌ک ستاوب (1989،Staub) ناوی ئه‌بات به Monolithic Culture . ئه‌و جۆره کولتووره‌ش زۆرجار خاوه‌ن میژوویه‌که له ملکه‌چی بۆ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداره تۆتالیتاره‌کان، سه‌رباری لاوازبوونی گیانی بووردن Tolerance له‌گه‌ڵ فره کولتووریدا. سه‌رکرده تۆتالیتاره‌کان ڕۆڵێکی به‌رچاوان هه‌یه له جوڵاندنی کولتووره‌کان و بردنیان به‌ره‌و تووندوتیژی به‌کۆمه‌ڵ، که زۆرجار به‌مه‌به‌ستی به‌هێزبوون و سنترالیزه‌کردنی ده‌سه‌ڵات، له‌ناوبردنی نه‌یاران، بته‌وکردنی ئابوری له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تاک و، دروستکردنی ژێرخانێک و ئایدیۆلۆجیایه‌کی ڕووخێنه‌ر، ئه‌نجامئه‌درێت.
سایکۆڵۆجی شه‌ڕه‌نگێزی
لێکۆڵینه‌وه نوێکان وا ده‌ریده‌خه‌ن، نائاگایی که فرۆید باسی لێوه‌ده‌کات راڤه‌کردنێکی قه‌ناعه‌تپێکراو نادات به‌ده‌سته‌وه له‌مه‌ڕ شێوه‌کانی تووندوتیژی لای مرۆڤ له‌سه‌ر ئاستی تاک و کۆمه‌ڵدا. وادیاره ڕه‌گوڕیشه‌ی دیارده‌ی تووندوتیژی ئه‌چیته قوڵاییه‌کی زیاتر له ئاستی سه‌رده‌می سه‌رتای هاتنه‌ژیانه‌وه که تیوری شیکاری ده‌رونی فرۆید جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌کات. که‌چی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی تایبه‌تن به بواری هۆشیارییه‌وه، سه‌چاوه گرنگه‌کانی تری تووندوتیژی و شه‌ره‌نگێزی ئه‌خه‌نه ڕوو و شه‌ڕه‌نگێزی Aggression وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ نواندنی جۆره هه‌ڵسوکه‌وتێک به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی ئازاری جه‌سته‌یی یان ده‌رونی ئه‌نجامئه‌درێت. شه‌ڕه‌نگێزی په‌لی بۆ سروشت و ژینگه‌ش هاویشتوه، ئه‌بینین چۆن هه‌ندێک له پێکهاته‌کانیسروشت له‌ناوده‌برێن و هه‌ندێکی دیکه‌شیان پیس ئه‌کرێن و ئه‌شێوێنرێن.
چه‌مکی شه‌ڕه‌نگێزی تا ڕاده‌یه‌ک چه‌مکێکی ناڕۆشنه به هۆی تێکه‌ڵبوونی به چه‌ند چه‌مکێکی سایکۆڵۆجی تره‌وه وه‌ک گیانی دوژمناکری و تووندوتیژی و زه‌بروزه‌نگ و تیرۆر. له دیدی باندورا Bandura وه، شه‌ڕه‌نگێزی ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌یه که زیانی که‌سی یان زیان له ماڵومڵکی لێئه‌که‌وێته‌وه. شه‌ڕه‌نگێزی Aggression جیاوازه له گیانی دوژمناکری Hostility که جۆره ئاره‌زوویه‌ک ئه‌گه‌یه‌نێت که ئه‌بێته هۆی شه‌ڕه‌نگێزی وه‌ک کینه و ڕق و توڕه‌یی. به‌ڵام تووندوتیژی و به‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگ، ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵسوکه‌وتی شه‌ڕه‌نگێزیین.
دۆلارد وميلله‌ر (1939) Dollard and Miller له‌و باوه‌ڕه‌دان که هه‌ستکردن به نائومێدی frustration په‌یوه‌نده به ڕه‌فتاری شه‌ره‌نگێزییه‌وه. ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ی ئه‌بنه هۆی ئاڵۆزبوونی ڕه‌وشی ژیانی له‌و کۆمه‌ڵگانه‌ی ڕانه‌هاتوون له‌گه‌ڵ ئه‌و شیوه بارودۆخانه‌دا، هۆکارن بۆ سه‌رهه‌ڵئه‌دانی هه‌ستی نائومێدی تیایاندا و ئه‌ویش گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی تووندوتیژی و شه‌ره‌نگێزی.
زۆربه‌ی پرۆسه جینۆسایدێکان که له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ڕوویانداوه، په‌یوه‌ندبوون به قه‌یرانی نائارامی و هه‌ستی نائومێدی که بوار ڕه‌خسێنه‌ره بۆ دروستبوونی گۆڕانکاری له بونیادی ئه‌و کۆمه‌ڵگانه. به‌هۆی جه‌نگه‌وه کۆمه‌ڵێک قه‌یرانی سیاسی و ئابوری و دیارده‌ی سایکۆڵۆجی و کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ریانهه‌ڵدا له ساڵانه‌ی به‌ر له ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانانه یان له‌و ده‌مانه‌ه‌ی تیایاندا ئه‌نجامئه‌دران.
زۆرێک له جۆره‌کانی شه‌ڕه‌نگێزی له لایه‌ن کۆمه‌ڵگا‌کانه‌وه ره‌تئه‌کرێنه‌وه، به‌ڵام شه‌ره‌نگێزی کاتێک په‌سه‌ندئه‌کرێت که له‌پێناوی خۆپاراستن و سه‌لماندنی بوون و ئازادی و مانه‌وه‌دا ئه‌بێت. هه‌ربۆیه زۆربه‌ی خه‌ڵک په‌نا ئه‌به‌نه شاردنه‌وه‌ی هه‌ڵسوکه‌وت و ڕه‌فتاری شه‌ڕه‌نگیزی نێگه‌تیڤانه له‌ژێر دروشم و ئامانجی پۆزه‌تیڤانه‌دا. وه‌ک نموونه، له به‌شداربووانی جه‌نگی خاچپه‌رستان داوائه‌کرا که گیانی خۆیان بکه‌ن به قوربانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خاکی پیرۆز له لایه‌نگرانی موحه‌مه‌د. هیتله‌ریش ئه‌و هانده‌ره میتۆدۆڵۆجییانه له‌باره‌ی پایه‌به‌رزی ئارێکانه‌وه (وه‌ک نیشانه‌ی خاچی چه‌ماوه) به‌کارئه‌هێنا وه‌ک هێمایه‌کی ئاریایی کۆن. هه‌روه‌ها نازێ‌کان خۆیان و ئه‌وانه‌ی سه‌ر به ڕه‌گه‌زی ئارین پایه‌به‌رز ئداله‌قه‌ڵه‌م و ڕه‌گه‌زه‌کانی تریش وه‌ک سلاڤ و جوو و قه‌ره‌جه‌کان به بۆچوونی نازێ‌کان، ئه‌وانه‌ن که ئه‌ڵمانیا پیس ئه‌که‌ن، هه‌ربۆیه جووه‌کانیان به‌و مشکانه‌ی نه‌خۆشی تاعوون بڵاوئه‌که‌نه‌وه ناوئه‌برد. به هه‌مان بۆچوون ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی ئه‌رمه‌نه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتییان به مه‌ترسی دائه‌نا و تاوانی سیخوری بۆ هێزه‌کانی ڕوسیا و ئه‌رمینیا ئه‌درایه پاڵییان. سه‌رکرده‌ی خێڵه‌کانی “هۆتۆ”ش له ڕواندا هۆتۆکانیان به پایه‌به‌رزتر ئه‌زانی له‌به‌رامبه‌ر “تووتسی”ێکان، وه‌ک سوکایه‌تیش تووتسێکانیان به سیسارک ناو ئه‌برد له کاتی هه‌ڵمه‌تی له‌نوابردنیان له ساڵی 1994.
سه‌ددامی دیکتاتۆر، بۆ پاساوکردنی شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال له کوردستاندا سوره‌تی “الانفال” که سوره‌تێکه له سوره‌ته‌کانی قورئانی ئیسلام، به‌کارهێنا بۆ به‌جێهێنانی ئه‌و تاوانه دژ به خه‌ڵکی بێ تاوانی کورد که وه‌ک کافر و یاخیبووان له ئیسلامدا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌کرا. سه‌رانی ڕژیمی به‌عس به‌چه‌ندین شێوه ناو و ناتۆریان له کورد ئه‌نا و به‌ڕاشکاوی ده‌ریانئه‌بڕی که ئه‌بێت سه‌ریان پان بکرێته‌وه. به‌و شێوه‌یه ئاڕاسته‌ی ناسیۆنالیستی بونیادنراو له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدیۆلۆجیی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه که جیاوازکاری و لایه‌نگیری ڕه‌سه‌نایه‌تی و باوه‌ڕ به پایه‌به‌رزی نه‌ته‌وه‌یی له ناوه‌ڕۆکیدا به‌دی ئه‌کرا و، به یه‌کێک له هۆکاره سه‌ره‌کێکانی شه‌ڕه‌نگێزی و ئه‌نجامدانی تاوانی جینۆساید ده‌ژمێردرێت.
زۆربه‌ی زۆری تاوانه جینۆسایدێکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌لایه‌ن ئه‌و ووڵاتانه‌وه به‌رپاکراون که مێژوویه‌کی پڕ له تووندوتیژی و ئاڕاسته‌ی شه‌ره‌نگێزییان هه‌یه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ئه‌گه‌یه‌نێت که ڕه‌فتاری شه‌ره‌نگێزی ته‌نیا په‌یوه‌ند نیه به تاکه که‌سه‌کانه‌وه، به‌ڵکو ووڵاتان و گه‌لانیش ئه‌گرێته‌وه. له‌به‌ر نه‌بوونی گیانی له‌یه‌کتر‌گه‌یشتن و گۆڕینه‌وه‌ی ڕاوبۆچوون و قه‌بووڵکردنی به‌رامبه‌ر، ئه‌و ووڵاتانه‌ی ئاڕاسته‌ی شه‌ڕه‌نگێزییان هه‌یه وا ده‌یهۆننه‌وه که لایه‌نێکی مه‌ترسیدار له ئارادایه و چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی پڕ له ڕق و دوژمنکارانه‌ی لێئه‌کرێت. چونکه شه‌ره‌نگێزی زاڵه به‌سه‌ر ڕه‌فتاری سه‌رکرده‌ی ئه‌و جۆره ووڵاتانه‌دا، بۆیه په‌نا ئه‌به‌نه به‌ر له‌ناوبردنی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی که ترسیان لێیه ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر چاره‌نووسییان به بێ سڵکردنه‌وه له ده‌رئه‌نجامی ئه‌و تاوانانه‌ی پێیهه‌ڵده‌ستن.
لەهاوپۆلی: که‌سێتی
« خه‌وزڕان | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | لێکدانه‌وه‌ی وشه‌ی ( په‌روه‌رده ) »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
