نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

چاو و په‌یوه‌ندی

ئاب 17, 2008

42.jpgچاو و پەیوەندی
د . سابیر بۆکانی

رەنگە چاو بەهێزترین ئامێری ناردنی ئاماژە کۆمەڵایەتییەکان بێت، بۆیە هەندێک جار بەپەنجەرەکانی ڕۆح Windows of the soulناوی دەبرێت. دکتۆرو چارەسازەکان کە دەیانەوێت ڕەفتاری کۆمەڵایەتی نەخۆشەکانیان چاک بکەنەوە، هەر لەسەرەتاوە ئەو کەموکورتییانە هەموار دەکەن کە پەیوەندی بەچاو تێبڕین یاخود جێگیرکردن و دابەشکردنی ڕوانینەوە هەیە. هەمان ئەرکیش لەئەستۆی ئەو دەرهێنەرانەدایە کە لەگەڵ ئەکتەری کەم ئەزمووندا ڕەفتارو مامەڵە دەکەن. هەندێک لەخەڵکی نایانەوێ لەڕێی چاوەوە پەیوەندی لەگەڵ کەسانیتردا بگرن هەروەک ئەوەی لەحاڵەتی شەرم و شڵەژاندا بن. بەڵام هەندێکیتر زۆر سەرەتاییانەو بێ شەرم و زیاد لەڕادەی خۆی چاو دەبڕنە نێو چاوی بەرانبەرەکەیانەوە.
کەسە ئاساییەکان لەدواندن و گفتوگۆکانیاندا سەیری چاوی یەکتر دەکەن و سێ یەکی کاتی گفتوگۆکەیان بۆ ئەو ڕوانینە تەرخان دەکەن. خۆ ئەگەر کاتێکی لەوە کەمتر بخایەنێت وا هەست دەکەن لەو ئاخاوتنەدا شتێک وەک هەڵە یان گوناهێک یان فەرامۆش کردن و بایەخ پێنەدانێک ڕوویداوە. بەڵام ئەگەر کاتێکی زیاتری بدەنێ ئەمیش ئاماژەیە بۆ هەڕەشەیەک یان روداوێکی ناخۆش. ئەوانە زیاتر هاوکێشەی نزیککراوەن و توێژینەوەکان لەو بارەیەوە چەندین جیاوازی ماناداریان خستۆتەڕوو، لەوانە:
1. تاکەکەس زیاتر لەکاتی گوێگرتن نەک ئاخاوتندا، لەڕێی چاوەوە پەیوەندی دەگرێت.
2. کاتێک کەسێک (پیاو بێت یان ژن) لەئاخاوتندا، تیلەچاو یان یان نیگای خێرا glance بەرانبەر بەکەسانیتر، چەندبارە بکاتەوە، مەبەستی شاراوە لەو ڕوانینەدا هێرش کردن To pass the ball و ناردنی ڕقە.
3. کەسانی ڕووخۆش و نەمونیان زیاتر لەدڵڕەق و رووگرژەکان، حەزیان بەوەیە لەچاوی بەرانبەرەکەیان بڕوانن. ئارەزووی ژنانیش بۆ پەیوەندی گرتن لەڕێی چاوەوە، لەئارەزووی پیاوان زیاترە.
4. ئەوانەی یەکتریان خۆشدەوێت بەمەبەستی گوزارشت کردن لەپەیوەندی بەهێزیان، زیاتر چاو دەبڕنە چاوی یەکترو گلێنەی چاویان، وەک هێمایەک بۆ گرنگی پێدان و وروژاندن، فراوان دەکەن.
5. بۆ پەیوەندی گرتن لەکولتورە جیاوازەکاندا، بەشێوەی جیاواز چاو بەکاردەهێنرێت. بۆ نموونە: نیگای ئیتالییەکان بۆ چاوی کەسانی بەرانبەر، درێژترە لەماوەی نیگای ئینگلیزەکان. لەمەشدا ئەوان واتا ئیتالییەکانن لەو بڕوایەدان ئینگلیز ساردو سڕن، لەبەرانبەریشدا ئینگلیزەکان پێیانوایە ئیتالییەکان زیاتر بایەخ بەڕووکەش و ڕەسمییات دەدەن و بەڕواڵەتەوە سەرقاڵن.
6. دەشێت چاوتێبڕین ڕێگایەک بێت بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و باڵادەستیی، وەک شەڕی چاوەکان یاخود چاوبەزاندن The battle of the eyes کە یەکێکە لەو یارییە باوانەی منداڵان ئەنجامی دەدەن. هەمان شت لای گەورەکانیش بەدی دەکرێت. ئەو کەسانەی حەزیان بەپاشکۆیەتییە، پلەی کۆمەڵایەتییان نزمترەو لەپڕۆسەی ڕوبەڕوبونەوەی چاوێک کە تێیان بڕوانێت، دەکشێنەوەو لەجیاتی چاوبڕینە کەسەکە، سەیری پێڵاوەکانی دەکەن.
بەم شێوەیە پەیوەندیگرتن لەڕێی چاوەوە ڕەنگە کەرەسەیەک بێت بۆ گەڕان بەدوای دۆستایەتیدا یان بەپێچەوانەوە هەوڵێک بێت بۆ سوکایەتی و هەڕەشە کردن. هەر لەبەر ئەوەشە دەکرێت بڵێین: خۆبەدوور گرتن لەو جۆرە پەیوەندییە، خۆبەدوور گرتنە لەپەیوەندی دۆستایەتی یان ڕەفتارێکە لەڕەفتارەکانی ملکەچی کۆمەڵایەتی. ئەو کچە گەنجە هەرزەکارانەی خۆیان بەدوور دەگرن لەو پەیوەندییانەی لەڕێی چاوەوە ئەنجام دەدرێت، پێیانوایە ئەم ڕەفتارە جۆرێکە لەو ڕەوشتەی جوانەی بەشیاوو گونجاو هەژمار دەکرێت. بەلای هەندێک لەئەنسرۆپۆلۆژیەکانەوە (وەک Eible Eiblesfeldt 1989) ئەو ڕەوشتجوانییە ئاماژەیەکەی پەیوەستە بەچاوبازییەوە (ئەگەر بەکارهێنانی زاراوەی چاوبازیی شیاو بێت) چونکە دەرکەوتنەکەی وەک سروتێکی ڕاوەدونان، بنچینەیەکی غەریزەیی هەیە. بۆ سەلماندنی ئەو ڕایەش هەندێک لەئەنسرۆپۆلۆژیەکان دەڵێن: ئەم ڕەفتارە لەلای ئەو کچە هەرزەکارانەش هەیە کە بەنابینایی هاتونەتە دنیاوە هیچ دەرفەتێکیان نەبووە بۆ ئەوەی ئەو ڕەفتارە لەڕێی لاسایی کردنەوەوە، لەکەسانیترەوە فێرببن.
ئەوەی سەرەوە ڕاست بێت یان نا، بەکارهێنانی چاو خەسڵەتێکەو پەیوەندی بە جۆری مرۆڤایەتییەوە (نێرو مێ) هەیە. بەواتا هەر چەشنێک لەو بەکارهێنانانە، گوزارشتە لەڕەوشێکی تایبەت بەڕەگەزەکە خۆیەوەو لەلای ڕەگەزەکەی بەرانبەر بەبارێکی تردا دەکەوێتەوە.
ئەکتەرەکان پێویستیان بەوەیە جوڵەی چاویان کۆنترۆڵ بکەن، چونکە ئەو جوڵەیە خاڵی جەوهەری و بنەڕەتییە لەلای جمهورو یەکەمین بەشی جەستەیە کەهزرو بیرۆکەی نوێیان لا دروست دەکات.
بەم شێوەیە بەر لەهەر جوڵەیەکی ئاماژەدار یاخود هەر ووتەیەکی درکاو، پڕۆسەیەکی عەقڵیی هەیەو لەڕێی چاوەوە دەدۆزرێتەوەو خۆی دەخاتەڕوو. نەک وەک ئەو ئەکتەری لەکارێکی خراپی نمایشکراودا؛ ئاماژە بۆ شتێک دەکات پێش ئەوەی بینیبێتی، یان ڕاستەوخۆ بیرۆکەیەک دەخاتەڕوو بەر لەوەی بیری لێکردبێتەوە.

سەرچاوە: جیلین ویلسن(2000): سیکولوجیە فنون الاداب، ترجمە شاکر عبدالحمید، سلسلە عالم المعرفە 258 ، الکویت، ێ 180-182 .

لەهاوپۆلی: که‌سێتی

بۆچوونەکان


« خوێندنه‌وه‌یه‌کی سۆسیۆلۆژیانه‌ بۆ پێگه‌ی مناڵان له‌ کوردستانی دوای ڕاپه‌ڕیندا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | پێکه‌نین له‌ کاری هونه‌ریدا »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional