نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

سایکۆلۆژیای قومار Psychology Gambler

ته‌مموز 17, 2008

22.jpgسایکۆلۆژیای قومار psychology Gambler
و: د. سابیر بۆکانی

قومارچی دەیەوێت بەئاسانی و لەڕێی فێڵ و خەڵەتاندنەوە پارەو پولی دەستکەوێت، بۆ هێنانەدی ئەو مەبەستە، بەشەو تێدەکۆشێت و هەوڵی بۆ دەدات. جاران لەبەر ڕۆشنایی تیشکی مانگەشەودا ئەو کەسانە شەونخوونییان دەکردو دەمانەوە بۆ قومارکردن. چەمکی قومار لە( من یقمر)و لەووشەی (قمر)ی عەرەبییەوە وەرگیراوە، واتا ئەو کەسەی لەمانگەشەودا، بێدارەو ناخەوێت و بەڵێنی داوە ساویلکەیی کەسایتر بسەلمێنێت ولێیان بباتەوە. هەروەها (المیسر) کە لە(الیسر) وە هاتووە بەمانای ئاسانی وخۆشگوزەرانی، یان نەفەسدرێژی کەسێک دێت لەداواکاریدا یان بەکەسێک دەوترێت کە بیەوێت ببێتە خاوەنی ماڵ وپارە. قومارچی کۆمەڵایەتیsocial gambler ئەو کەسەیە هەر بۆ خۆشی یاری دەکات، ڕەنگە بڕێک پارەی کەم بدۆڕێنێ یان ببیاتەوە کە شایانی باس نییە. لەوانەشە هەر بۆ مەبەستی بردنەوەو دەرخستنی توانای هزریی و لێزانین و فێڵ و گزی یاری بکات و بیەوێت لەڕووی دەروونییەوە بەرانبەرەکەی چەواشە بکات. زۆرجار بەپەرۆشەوە یاریی دەکات بەڵام هەردەم لەتوانایدایە دەستبەرداری بێت و هەرکاتێک بیەوێت دەتوانێت وازی لێ بهێنێت. بەپێچەوانەوە قومارچی ناچاریی Compulsive gambler بەهۆی پاڵنەری دەروونیی بەهێزەوە قومار دەکات و ناتوانێت لەژێر فشاری ئەو پاڵنەرەیدا خۆی ڕابگرێت. هێندە سەرقاڵە پێوەی، هەموو کارو چالاکییەکیتری لەیادچۆتەوەو تێکڕای کات وپارەو پولی خۆی خستۆتە پێناویەوەو بەرژەوەندییەکانی پەکیان دەکەوێت وپیشەوکاری لەدەست دەدات، هەرچی ئەرکی خێزانی وکۆمەڵایەتییە دەیخاتە لاوە وبەهۆیەوە پەیوەندیی هاوسەرێتییەکەی گەندەڵ وپەرپووت دەبێت. ئەم کێشەو گرفتانە وای لێدەکەن زیاتر خوو بداتە قومارو لەڕێیەوە نوشست وشەڕانگێزییەکەی دەردەبڕێ و لەڕووی دەروونییەوە بەیەکجاریی پشتی پێدەبەستێت وبەردەوام بیرۆکەی قومار مێشکی دادەپۆشێت و هەر چالاکییەکی دیکە ئەگەر دوورو نزیک پەیوەندی پێوەی نەبێت، ئەنجامی نادات. ئەم جۆرە قومارکردنە پەشێوییەکی دەروونییە وقومارچی گەرچی سایکۆلۆژییانە دەناڵێنێت بەڵام بەدەگمەن خۆی بەنەخۆش دەزانێت. تائەو کاتەی ململانێی دەروونی نەبێت، ناتوانرێت بوترێت تووشی دڵەڕاوکێ بووە کەوای لێ بکات ئەو ڕەفتارو کردەوەیەی لێنەوەشێتەوە. ئەو مرۆڤێکە ئەنگێزەکانی پاڵی پێوە دەنێ ولەقوماردا خاڵییان دەکاتەوە بەبێ ئەوەی ئاوڕ لەئاکامەکانی بداتەوە. بەپێی هەندێک لەپۆلێنە زانستییەکان قومارچی ناچاریی، یەکێکە لەپەشێوییەکانی نیشانەی کەسێتی، واتا پەشێوییەکە بەیەک نیشانە، کەسێتی کۆنترۆڵ کردووە، یان یەکێکە لێیان و بەیەک وەڵامدانەوەو لەشێوەی ڕواڵتێکدا خۆی بەیان دەکات. بەگشتی قومارچی نەریتێکی کەسێتی ناکامڵی هەیە وڕقی لەبەرپرسیارێتی و ڕێساکانە وهیچ بایەخێک بەئاکارو دابونەریتەکان نادات. ئەمانە لەڕواڵەتدا کەسێتیەکی کۆمەڵایەتییان هەیە، بەڵام لەڕاستیدا هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەقینە، بە کەسانیترەوە گرێیان نادات و بۆ هێنانەدی بەرژەوەندی خۆیان، هەموو کەسێک بەکاردەهێنن. خۆ ئەگەر قەرزی نەدەیتێ، ئەوا لێی زویر دەبێت و چیتر لەفەرهەنگی ئەودا جێت نابێتەوە و بەدوای کەسانیتردا دەگەڕێت. ئەو وروژاندنەی لەکەشوهەوای پرۆسەی قومارکردندایە، چێژێکی دەروونی پێدەبەخشێت وشەیدای ئەو ڕەوشەیە ولەپێناویدا دەژی. دروشمی بیروباوەڕی ئەو (ژیانە لەمەترسیدا). زۆربەی جار دیدوبۆچوونەکانی واقیعی نین و نالۆژیکین وناهێڵت گۆڕانکارییان بەسەردا بێت. ئەو وێنەیەی بەرانبەر بەخۆی لەناخیدا هەیەتی، لەگەڵ کەسێتی وتواناکانیدا یەکناگرێتەوەو پێی وایە لەهەموو کەسێک چاکترە. خاوەنی بیرکردنەوەی ئەفسوناوی وغەیبییانیە و باوەڕی بەووشەو ژمارەو فۆرم و نیشانەکان هەیە. دەمێک گەشبین و دەمێک ڕەشبینە. چاو وعەقڵی لەسەر پەڕەکەی ناو دەستیەتی وەک ئەوەی لەگەڵیدا بدوێ وسروشی لێوەربگرێت. هەندێک لەقومارچییەکان بەهۆی پەروەردەیانەوە خاوەنی کەسێتییەکی نێگەتیفن وهەمیشە پشت بەکەسانیتر دەبەستن. هەندێکیتریان کەسێتی ڕاڕا و ناچارییان هەیەو بەدوبارەو دەبارە کردنەوەی ڕەفتارو بیرکردنەوەیەک، هەست بەڕەزامەندی وئاسوودەیی دەکەن. کەواتە لەقومارکردندا چەندین تەلیسم ونەریتی سایکۆلۆژیی هەیەو قومارچی پەنایان بۆ دەبات. ڕەنگە قومارچی سایکۆپاتی بێت چونکە یاخی و خۆپەرست ودژ بەکەسانیترە و گوێ بەخێزانی خۆی و خێزانی کەسانیتر نادات کە لەوانەیە زیان بەگوزەرانیان بگات لەکاتێکدا دەیدۆڕێنن و ئەم لێیان دەباتەوە. هەندێک شیکاری دەروونی پێیان وایە قومارچی کەسێکی ماسۆشییە و هەڵگری ئارەزوویەکی نەستییە بۆ دۆڕاندن نەک بردنەوە. پاڵنەرێک بۆ دۆڕاندن وبەردەوام زیانکردن لەناخیدایە، ئەمە جۆرێکە سزاو بەسەر خۆیدا دەدات لەبەرانبەر ڕەفتارێکی گوناهباریدا یان ئارەزوو وپاڵنەرێکی گوناهئامێزمدا کە لەقۆناغی منداڵییەوە لەناخیدا جێگیر بووە ولێی ڕازی نییەو، پێی وایە دەبێت بەهۆیەوە سزا بدرێت. ئەو بێئاگایە لەو پاڵنەرو ئارەزووەو نازانێت لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت. ئینجا بۆ کەفارەتی ئەو هەستە گوناهبارییە دەبێت بەردەوام و بێ پسانەوە پارەو پول و پلەوپایەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی لەکیس بچێت و بییان دۆڕێنێت وهاوڕێیان وخێزانەکانیان لەگەڵ خۆیدا بخاتە چاڵەوە.

لەهاوپۆلی: که‌سێتی

بۆچوونەکان


« ته‌ندروستیمان له‌ قه‌یراندایه‌ ( له‌سلێمانیه‌وه‌ بانگه‌وازێ بۆ د . زریان ) | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | سێکسی کۆم ( جووت بوون له‌پشته‌وه‌ ) »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional