نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

ئازادی و ترس

یولی 8, 2008

433.jpgئازادی و ترس
نووسینی : د . سابیر بۆکانی

ئەم دوو چەمکە هەردەم پێچەوانەی یەکتربوون و هەرگیز لەگەڵ یەکدا کۆنەکراونەتەوە. ئازادی ئیرادەی جەستەیەکە کە لەهزرو گوتارو ڕەفتاردا خۆی دەخاتەڕوو. دوور لەیەکێک یان دووان یان هەرسێکیان؛ ئاستەمە بەرقەرار بێ و بژی. ئازادی ئەو گشتەیە نایەتە کەرت کردن و لەکەرتێکدا تەواو نابێت. بەواتا ناکرێت مرۆڤێک تەنها لەبیر کردنەوەدا، ئازاو ئازاد بێت کەچی لەئاخاوتن و ڕەفتارکردندا ملکەچ و ترسنۆک بێت. قسەو ڕەفتاریش، ملکەچ و ترساو نابن ئەگەر بیرکردنەوەی کۆیلەو دەستەمۆیان لەپشتەوە نەبێت. ئەم سیانە بەیەکەوە فێر دەکرێن یان دەبەخشرێن یاخود بەدەست دێن.
ئەو کاتەی لەکەسێکەوە یان لەلایەنێکەوە ئازادی بەکەسێکیتر یان لایەنێکیتر دەبەخشرێت؛ پێویستەو سروشتی ئازادبوون وەها دەخوازێت کە دژ بەگوێڕایەڵی و هۆشڕایەڵی بوەستێتەوەو ئەگەر بۆ جارێکیش بووە ملکەچایەتی نەکات بۆ ئەو کەس و لایەنەی کە ئازادییەکەیان پێبەخشیوە. ئیتر بەهەر شێوازێک ئەو ملکەچێتییە بەنەرمی داواکراو یان بەزۆر سەپێنراو بێت. ئەوانەش کە ئازادی فێری کەسانیتر دەکەن و دواتر داوایان لێدەکەن لایەنگرییان بکەن و وەک خۆیان وابن تەنانەت لەوەشدا کە خەڵکانیتر فێری ئازادی بکەن، ئەوانە هەرگیز نەباوەڕیان بەئازادی هەیەو نەڕێزیشیان گرتووە.
مرۆڤێک لەهزردا ئازاد نەبوو ناتوانێت لەدەربڕین و ڕەفتارکردندا ئازاد بێت. کەسێکیش لەهزردا ئازاد بوو، ناتوانێت لەکردەوەدا نەیسەلمێنێت کە ئازادە. هەموو گوتەیەک لەهزرێکەوە سەرچاوە دەگرێت و دواتر لەڕەفتارێکدا بەرجەستە دەبێت. بۆ هەموو قسەیەک بەوانەشەوە کە بێئاگا لەزارمان دەچوون، بناغەی مادیی دەماریی ئامادەگی هەیە و لەمێشکدا ئەو داڕشتن و ڕێکخستنە ئەنجام دەدرێت.
مرۆڤی ئازاد بەر گوتن و دەربڕینی هەر هزر و ڕا و بیرۆکەیەک؛ لەو گوتراو و دەربڕراوە ناترسێت. ئەوەی باوەڕی پێیەتی بەبێ ترس و سڵەمینەوە، گوزارشی لێوەدەکات و دەیڵێت، لەدوای درکاندن و ووتنیش؛ پەشیمان نییەو هەر سوورە لەسەر ئەوەی کە وتویەتی و درکاندوویەتی. کەواتە مرۆڤی ئازاد: ناترسێت لەووتنی ئەوەی کە دەیەوێت، هەروەها ناشترسێت لەدەرئەنجامی ئەوەی کە ووتوویەتی.
ئازادی ئەو چەمکەیە هاوواتای ئازایەتییە، ئازادی هزر؛ تۆو و هەوێنی هەموو ئازادییەکانیترە. ئەمیش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەپەروەردەی مرۆڤ و جۆری ئاکارەکەیەوە کە ناڕاستەوخۆ لەئاکاری دایک و باوکییەوە سەرچاوە دەگرێت. دایک و باوکێکی ترسنۆک لەهزرو بیرکردنەوەدا؛ نەدەتوانن و نەتوانیویانە منداڵێکی ئازاو ئازاد بەرهەم بهێنن. ئازادی تاکەکەس پەیوەستە بەبەهاو مۆراڵ و بیروباوەڕیەوە نەک بە زەمەن و تەمەن و پلەو پێگەی مرۆڤەکەوە. ئەگەر بەتێپەڕبوونی ڕۆژگارو بڕینی قۆناغەکانی تەمەن و گۆڕانی پلەو پایەی کۆمەڵایەتی، وا پێویست بکات لۆژیک و شێوازو ڕەوتی بیرکردەوەو ڕەفتارمان بگۆڕێن، ئەمە ناکاتە ئەوەی گۆڕانکاریی بەسەر باوەڕو ڕاستگۆیی و بەها و ئاکارمان بێت، ئەمانە نیمچە جێگیرن و هەروا بەئاسانی ناگۆڕێن یاخود ناگۆڕدرێن. مرۆڤی ئازاد بەگەورەبوون و پیربوون ئازادییەکەی لەدەست نادات بەڵکو ئازادتر دەبێت، هەروەک چۆن ئەو کەسە لەهەر پلەو پایەیەکی کۆمەڵایەتیدا بێت، ئازادانە بیردەکاتەوەو دەدوێت و ڕەفتار دەکات، ئەم مرۆڤانە گەورەن؛ ئاسوودە نابن بەم جۆرە نەژین. بەپێچەوانەشەوە لەمنداڵیدا ملکەچکراو بیت لەگەورەییدا ملکەچتری. لەپلەو پایەی کۆمەڵایەتی نزمدا ئەگەر کۆیلەی بێچارە بوویت، بەبەرز کردنەوەی پلەو پایەشت؛ زیاتر کۆیلەو بێچارەتر دەبێت.
ئەو بەڕێوەبەرو دەسەڵاتدارو کاربەدەستەی لەگەڵ بەردەست و بەرفرمانەکانیدا، دڵڕەق و ستەمکارەو بودەڵەیی لێیان دەوێت و بچوکترین ڕوبەری ئازادییان دەسڕێتەوە، گومانی تیدا نییە کە ئەو کەسە هاوزەمان لەئاست و لەبەردەم سەرۆک و لێپرسراوەکەی سەرووی خۆیدا، ملکەچێکی گوێڕایەڵی هۆشڕایەڵەو هەموو شتێک بەهەموو شێوەکانیەوە بەبێدەنگی قبوڵ دەکات، هەمیشەو لەهەموو کاروبارو بۆنەیەکدا بچوکی خۆی دەسەلمێنێت و ورتەو بۆڵەو یاخی بوونێک، نەبەمێشکیدا دێت و نەدەردەبڕێت و نەئەنجامی دەدات. ئەم مرۆڤانە بچوکن ئاوها نەژین… ئاسوودە نین.

لەهاوپۆلی: که‌سێتی

بۆچوونەکان


« مۆبایل ئاسووده‌ به‌خش و ئاشووب هێنه‌ر | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | کاریگه‌ری ترس به‌سه‌ر که‌سێتی مرۆڤه‌وه‌ / به‌شی دووه‌م و کۆتایی »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional