یونی 24, 2008
رەهەندی شوێن لەزمانی جەستەدا:
وەرگێڕانی: د. سابیر بۆکانی
بەشێکی گرنگی گەیاندن و کۆمۆنیکەیشنی گۆنەکراو یان دەرنەبڕراو؛ پەیوەستە بەشوێنەوە. کاتێک دوو کەس بۆیەکەمین جار بەیەک دەگەن، ڕەهەندی نمونەیی بۆشایی (شوێن)ی نێوانیان، ئەو دورییەیە کە پێویستیانە بۆ ئەوەی تیایدا بایەخ بەیەکتری بدەن، ناکرێت ئەوەندە لەیەکەوە نزیک بن بەجۆرێک کە یەکێکیان هەست بەستەم و چەوسانەوە بکات.
شوێن لەپەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکتریدا، چوار ناوچە یان چوار سنوری هەیە بەم شێوەیەى خوارەوە:
ناوچەی قوڵ یان دۆستی:
مەودای دووری ئەم ناوچەیە (0- 50سم) ئەم دوورییە لەنێوان کەسە نزیکەکانی وەک ژن و مێرد، باوک و دایک و منداڵەکانیان یان ئەندامە نزیکەکانی خێزان وەک خوشک و برا یاخود هاوڕێ و برادەری زۆر نزیکە. ئەمە ناوچەی ئەو کەسانەیە کە پەیوەندی قوڵ بەیەکترییەوە دەیانبەستێتەوەو ڕێ بەیەکتری دەدەن بێنە ناویەوە لەیەک نزیک ببنەوە. پەیوەندیی نێوان ئەم کەسانە زۆر بەهێزەو هەریەکێکیان بۆی هەیە لەویتر نزیک ببێتەوەو بەجۆرێکی ئەوتۆ سنوری نێوانیان تاکو (15 بۆ 18سم) کورت ببێتەوە. هەندێجار پزیشک و پزیشکی ددان و قژبڕو بەرگدروو بەحوکمی پیشەکەیان، دەتوانن و بۆیان هەیە لەزەمەنێکی کورتدا بێنە سنوری ئەم ناوچەیەوە.
ناوچەی کەسێتی:
مەودای ئەم ناوچەیە (50سم بۆ 2.5م) درێژ دەبێتەوە، ئەو کەسانەی لەبۆنە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئاهەنگەکانی زەماوەندو خواردنەوە کۆبوونەوە، دێنە ئەم ناوچەیەو داگیری دەکەن. لەو بۆنانەدا تاکەکەسەکان بەیەکتری دەناسێنرێن، گەرچی بەتەواوەتی لەگەڵ یەکدیدا ئاشنایەتییان نییە بەڵام ڕێ بەیەکتر دەدەن بەو ئەندازەیە نزیک ببنەوە تاکو باشتر یەک بناسن بەئاسودەیی لەگەڵ یەکدا بدوێن بەبێ ئەوەی لەنزیک بوونەوەی زیاتردا هەست بەمەترسی یان هەڕەشە بکەن.
ناوچەی کۆمەڵایەتی:
مەودای ئەم ناوچەیە لە (2.5بۆ 4) مەتردایە. ئەم دوورییە ئەو کەسانەی تیادان کە بەیەک بێگانەو نامۆن بەڵام ڕۆژانە لەگەڵ یەکتریدا پەیوەندی دەگرن، هەندێکجار لەپەیوەندییەکی ڕێکخراودان وەک ئەو کرێکارانەی لەدەوری ماڵەکەت کار دەکەن یان ئەو دوکاندارانەی لێتەوە نزیکن و بەردەوام بۆ کڕینی پێویستییەکانت سەرلادانیان دەکەیت.
ناوچەی گشتی:
چوارەمین ناوچەیەو دورترین مەودای هەیەو لە(4) مەتر تێدەپەڕێت. کاتێک کۆمەلێک خەڵک گوێ لەووتاربێژ یان وانەبێژێک دەگرن، وا پێویست دەکات بەدووری چوار مەترو زیاتر دور لەوتاربێژەکە یان مامۆستای وانەبێژ کۆبنەوە یاخود دابنیشن، هەروەک چۆن هەمان مەودا لەشانۆگەریدا لەنێوان کاراکتەرو بینەرانی شانۆکەدا هەیە.
زۆرێک لەخەڵکی ڕێ بەهەندێ کەس دەدەن و ڕێ لەهەندێکیتر دەگرن سنوری ناوچەکانیان ببەزێنن و پێیان خۆش نییە جگە کەسوکارو هاوڕێ نزیکەکانیان، خەڵکانیتر لێیان نزیک ببنەوە تەنانەت بەو پزیشکانەش نیگەرانن کە دێتە ناوچەی قوڵ و دۆستییانەوەو، ترسێکی نەستی و نائاگاییان هەیەو پێیان وایە ئەوانەی کەلێیان نزیک دەبنەوە مشەخۆرو شەرانگێزن و لەوانە پلانێکیان داڕشت بێت و بیانەوێت هێرشیان بکەنە سەر یاخود لەڕووی سێکسییەوە پەلاماریان بدەن.
بەزاندنی ناوچەکان:
کاتێک کەسێک دێتە ناوچەی قوڵ و دۆستیی کەسێکی ترەوە، ئەم سنوور بەزاندنە؛ کۆمەڵێک گۆڕانکاریی فسیۆلۆژی لەجەستەی کەسی سنورشکاودا، بەدوای خۆیدا دەهێنێت وەک: بەرزبوونەوەی ئاستەکانی ئەدرینالین، زیادبوونی ترپەو لێدانی دڵ کە دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی فشاری خوێن و ناردنی ڕێژەی زۆری خوێن بۆ مێشک. ئەمانە هەمووی ئاماژەی خۆئامادەکردنی جەستەن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو سنور بەزاندنە. ڕەنگە ئەم وەڵامدانەوەیە شێوەیەک بێت لەسۆزی سێکسی بۆ عاشقەی کە هاتۆتە ناوچەی قوڵ و دۆستیەوە. لەوانەش کاردانەوەکە شێوەیەکی شەڕانگێزی یان ڕەتکردنەوەو هەڵاتن بێت ئەگەر سنوربەزێن نامۆ یان بێگانەیەکی مشەخۆر بێت.
ئەگەر بۆ یەکەمین جار بەکەسێکیتر گەیشتین، پێویستە بسەڵمینەوەو ئاگادار بین لەوەی ئەو کەسە ناوچەی قوڵ و دۆستیمان نەبەزێنێت. ئەم هەڵوێستەش بەرانبەر هەموو کەسێک هەروا بەئاسانی وەرناگیرێت بەتایبەتی لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە سروشت و میزاجیان کراوەیەو باوەڕیان بەڕەسمییات نییە. ئەو جۆرە کەسانە هەر لەسەرەتای یەکترناسیندا؛ زووبەزوو قۆڵدەکەن بەقۆڵی ئەویتردا و دەست دەخەنە سەرشانیان وەک ئەوەی دەیان ساڵ بێت برادەرو تێکەڵ بن. پێویستە ئەو جۆرە کەسانە هۆشیاربن و بزانن کە هەموو خەڵکی حەزیان بە بەرکەوتنی جەستەیی و گاڵتەوگەپی دەستبازی نییە. ئەو فرۆشیارەی دەست دەخاتە سەر شانی کڕیارێکی نەناسراو و پێیوایە ئەم زیادڕەوییە شیاوو گونجاوە، دوور نییە ئەم ڕەفتارانە زیان بەخۆی و کاڵاکەی نەگەیەنێت.
زۆرجار بەناچاری سنوری ناوچەی قوڵی کەسێکیتر دەبەزێنرێت. بۆ نموونە کاتێک خەڵکی لەشوێنێکی قەرەباڵغدان یان لەناو پاسێکدان، ڕەنگە زەحمەت و ئاستە بێت بۆیان کە پارێزگاریی لەناوچەی قوڵ و دۆستی کەسانی دەوروبەریان بکەن. چونکە شوێنەکە بچوک و بەر تەسکە. بۆیە زۆرێک لەخەڵکی بەوریای و ئاگایی تەواوە، ئامادەن ڕوبەڕوی هەر کەسێک ببنەوە کە بیەوێت سنوری ناوچەکەیان ببەزێنێت. ئەم سڵەمینەوەیەش چەند شێوەڕەفتارێک بەخۆوە دەگرێت وەک: خۆ بەدورگرتن لەپەیوەندییەک کە لەڕێگەی چاوەوە ئەنجام بدرێت لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە بەنیازبن لەگەڵیدا بدوێن و بکەونە گفتوگۆوە. ڕەنگە ئەم کەسە وەک ئاگادار کردنەوە پێ بەپێی ئەو کەسانەدا بنێت کەسنوریان بەزاندووەو هاتونەتە ناوچەی بەهاداری قوڵی ئەمەوە. یان بۆ پارێزگاریی کردن لەسنووری ناوچەکەیان ڕەنگە ڕوخساری خۆیان لەپشت ڕۆژنامەیەک یان کتێبێکەوە بشارنەوە بەو بیانووەی گوایە بەخوێندنەوەوە سەرقاڵن. خۆ ئەگەر کتێبێک یان ڕۆژنامەیەکیشیان دەستنەکەوت خۆیان بەخوێندنەوەی نوسراو و ڕیکلامە هەڵواسراوەکانی ئەو شوێنەوە خەریک دەکەن. ئەمڕۆ مۆبایل و ڕیکۆردەرو ڕادیۆ، بەشێوەیەکی بەرچاو پارێزەری نهێنی سنوورەکانی ناوچەی قوڵ و دۆستیمانن.
لەهاوپۆلی: کهسێتی
« ڕۆڵی فاکتهره دهروونیهکان لهلاوازکردنی ڕهپ بوونی چووکی پیاواندا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | توێژینهوهی سۆسیۆسایکۆلۆژی/ ترس لهبیرکردنهوه و ڕهفتاری تاکی کورددا ئامادهیه »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
