نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

کاریگه‌ری ترس به‌سه‌ر که‌سێتی مرۆڤه‌وه‌ / به‌شی یه‌که‌م

یونی 21, 2008

999.jpgکاریگەری ترس بەسەر کەسێتی مرۆڤەوە
توێژەرى کۆمەڵایەتى: حەمەى ئەحمەد ڕەسوڵ
بەشی یەکەم

ترس ، بەپێی پێناسەیەکی سادە ئەتوانین بەو حاڵەتەوە روونی و بەو هەڵچوونە ناوزەدەی بکەین کە لەهەست و سۆزی مرۆڤەوە پەیدا ئەبێت و کۆدەمارەکانی جەستە ومێشک بەکاردانەوەکەی هەڵئەستن ، سووڕی خوێن و هەستیاری بینین ، بیستن ، هەروەها بیرکردنەوە تێک ئەدات و گرژییەک لەگەدەی مرۆڤدا دروست ئەکات !.
ڕەنگدانەوەی حاڵەتی ترس و تۆقینی لەگەورەوە بۆ بچووک جیاوازی هەیە … لە کۆمەڵێکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت … بارودۆخی ژینگەو دەوروبەر ، کەلتوورو ئاستی رۆشنبیری و کاریگەری داب و نەریت و نۆرمی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگایەک پێوەرن بۆ خوڵقاندن و چاندنی تۆوی ترس لە مرۆڤ و تاکەکانی ئەو شوێن و جێگەیەدا کە گوزەران و ژیانی تیادا بە ئەنجام ئەدرێت … ؛
زۆر لە زانایانی دەرونناسی و پزیشکان پێیان وایە کە بوونی ترس لە بیرکردنەوەو ڕەفتاری مرۆڤی ئاساییدا بەڵام بە ڕێژەیەکی دیاریکراو وماقووڵ زۆر سروشتیەو بگرە زۆر پێویستە ، ئەگەر ترس نەبوایە ، ئێمە زۆر ئاسایی بوو بەلامانەوە ، لەنهۆمی دەیەم و بیستەمی ئەپارتمانێکی بەرزەوە خۆمان فڕێ ئەدایە خوارەوە ، یان ئەگەر ترس نەبوایە و مێشک بیرکردنەوەمان ئەو فەرمانەی دەرنەکردایە ، رەنگ بوو ڕۆژی هەزاران کەس خۆی بخستایەتە بەر سەیارەی گەورەو پاسء شەمەندەفەرەوە یان خۆیان فڕێدایەتە ناو دەریاو ڕووباری زۆر قووڵء بێ بنەوە .!!
کەواتە ئاساییەو سروشتیە ترس لەدڵ و دەروونماندا هەبێت ، بەڵام نەگاتە ڕێژەی نائاسایی و لەڕادەبەدەر کە مرۆڤێکی ترسنۆک و دەستەپاچەمان لێ دروست بکات .
سەبارەت بەسەرهەڵدانء پەیدابوونی ترس لە مرۆڤداء دەستپێکردنی بەقۆناغی مناڵیدا ، زۆر لە دەرونناسان و زانایان تیوری و رێبازی جیاواز جیاوازیان هێناوەتە ئاراوە ، بۆچوونی جودا وکۆک وناکۆک خەمڵیووە .
هەندێک لە تیورییەکان ئاماژە بۆ ئەوە ئەکەن کە مناڵ هەر بەغەریزە ترسی لەگەڵدایەو وەها لەدایک ئەبێت ، هەندێکی دیکەش سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ترس لە مناڵی کۆرپەدا ئەگەرێتەوە بۆ دەنگی بەرزء بۆ کەوتنء بەربووونەوەی مناڵی کۆرپە لە شوێنی بەرزەوە ، یاخود تاریکیء تەنیایی هۆکاری دیکەنء حاڵەتی ترس لە لای مناڵ ئەخوڵقێنن …!
هەندێک لە مناڵان هیچ کاتێک لە مانای ترس تێناگەن بەڵام زۆربەیان وبەدرێژایی تەمەنیان لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەزموونی ناخۆشی ترسناکدا ، ڕووبەڕووی ترس بوونەتەوە ، بۆ نموونە لەکەسانی غەریبء نەناس یاخود لە تاریکی ، لە ئاژەڵانی وەکو سەگ وپشیلە ئەترسن ( کە لە ڕاستیدا باوان هەر لە منالێیەوە لەسەگء پشیلەیان ئەترسێننء بۆنەکردنی کارێک پەنا بۆ ئەو درۆیە ئەبەن کە گوایە پشیلە یان سەگ دێنء ئەتانخۆن ، ئیدی مناڵ هەر لە منالێیەوە هۆگری ئەو حاڵەتە ئەبێت کە دژ بە ئاژەڵء گیانلەبەر بێتء ئەمەشء کەلتوورێکی خراپەو ترسء ڕق لە مرۆڤ وکەسایەتییەکەیدا مووتووربە ئەکات … ! هەروەها ترساندنی مناڵ بەدەرزیء بەپزیشک وبەخەستەخانە ، ترس لەباو گەردەلوول ، ترس لە دزو لەشەوەو لەسواربوونی ئۆتۆمبێلء چەندەها حاڵەتی دیکە لەقوناغێکی تایبەت بەژیاندا توندتر ئەبنء وەکو ئەڵێن ، دەنگی بەرز مناڵی تەمەن دووساڵانە ئەترسێنێتء ئەگاتە ئەوپەڕی تۆقاندن .
مناڵ لەسەرەتاکانی تەمەنیدا لەشتی نوێ وشتی گەورەی وەکو ئاژەڵ و ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەر ، لەدەنگی وەکو گسکی کارەبایی و لەدەنگی بەرزی ڕادیۆو تەلەفزیۆن ئەترسێت …
هەرچەندە سەردەمی ژیان بۆ مناڵان پڕە لە شادی وبەختەوەری بەڵام سەردەمێکیش لە ژیانی مناڵی ترس بوونی خۆی هەیەو کە تیایدا زانیارییەکانیان دەربارەی شوێنء کات لەم دونیا گەورەیەدا زیاتر ئەبێت ، لەم خوولەی تەمەنەدا یەکێک لە گەورەترین ترسەکان لە مناڵدا ئەوەیە کە نەوەکو دایک وباوکی بەجێی بێلًن ..
لەزیادبوونی ئەزموونەکانی مناڵ دەربارەى شوێنء جێگەی ژیانی هەندێک و ڕێژەیەک لە ترسی لەناو ئەچێت ، بەڵام جۆرێکی دیکەی ترس / جێگای ترسەکانی پێشوو ئەگرێتەوە هەندێ مناڵی تەمەن (3تا4) ساڵانە ، لەوانەیە بەتایبەت لەدەنگە بەرزەکان ولەتاریکی بترسن ، بەڵام مناڵی تەمەن (5) ساڵان کە ئەزموونیان زیاترە ، ئەوان دەربارەی شەمەندەفەر ، فڕۆکە ، سەیارە ، ئاژەڵء گیانلەبەران ، زانیارییەکان دەست کەوتووە ، ڕەنگە زیاتر لەوە بترسن کە نەوەکو دایک و باوک بەتەنیا بەجێیان بهێڵن ، ئەوان زیاتر هۆگری باوانیانن وەکو لە شتوومەکی دەوروبەر …
بەپێی بۆچوونی دکتۆر گاربەر کە پسپۆری بواری مناڵانە زۆربەی مناڵانی تەمەن (6) ساڵان ، کە ئەو بەتەمەنی سەرهەڵدانی ترسەکان ناوەزدەی ئەکات ، لەدەنگی بەرزو لەگیانەوەری گەورە ئەترسن … بێگومان ڕەنگە ئەو بۆچوونە لەڕۆژاوا ڕاست بێت ، بەڵام لە کۆمەڵگای کوردیدا لەبچووکەوە بۆ گەورە لە ئاژەڵ وتاریکیء لە تەنیاییء بگرە لە شوێنی بەرزو لە ئاو وتەنانەت لە قالۆنجەو مشکء جرجیش بترسن ..
کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاستی ڕۆشنبیریء ئازایەتی پەروەردەکارو باوانەوە هەیە ئەگەر دایکێک ترسنۆک بێتء لەمشک زیڕەی کردبێت ، بێگومان مناڵەکانیشی هەر بەو چەشنە پەروەردەو گۆش ئەکات !
ئەزموونی تاکە کەس و داب و نەریت و کەلتووری کۆمەڵایەتی ژینگەو دەوروبەر پێوەرو هۆکارە بۆ دروستکردنی و چاندنی تۆوی ترس لەدڵ و دەروونی مناڵدا .. بیرکردنەوەو ئاستی فێربوون و ئەقڵییەت و ڕەفتاری دایکء باوک ، کە لەقسەو کردەوەدا ڕەنگ ئەداتەوە باشترینء گرنگترین کاریگەرن لە پەروەردەکردنی مناڵی ئازایان مناڵی ترسنۆکدا …..!
زۆربەى زۆرى مناڵانى تەمەن( 6) ساڵانە ، کەتەمەنى سەرهەڵدانى ترسە دور نیەء رەنگە دووبارە وەکو مناڵى یەک ساڵ لەدەنگى بەرز بترسنەوە ، ترس لە نامۆء لەتاریکىء لەتووڕەبوونء قیژاندنء لە بە تەنیایى نووستن لەڕیزى یەکەمى ترسەکاندایە . زۆربەى مناڵان لەئاگریان لەبەرزایى یان لە گیانلەبەرى گەورە ئەترسن ، هەندێکیان ئازانء بەغیرەتن بەرامبەر بە ئازارى جەستەیان ، بەڵام لە ڕووشانء برینء خوێن دەترسن .
لەتەمەنى حەوت ساڵییەوە بەرەو ژوورء بەتایبەت لاى ڕەگەزى مێ (لە کۆمەڵگەى کوردیدا) تەفسیرکردنء لێکدانەوەى هەندێک دیمەنء جووڵە بۆ ترس زۆر ئاساییەء گەلێک ڕوودەداتء دووبارەء چەند بارە ئەبێتەوە ، بۆ نموونە سێبەرەکانء جەوڵەى دارودرەخت بە شێوەى دێوو درنجء دەعباء یاخود بەبوونەوەرى ترسناک لە ماڵەوە وەکو خیۆء جنۆ کە تەفسیر ئەکرێت ، بۆیە زۆرێک لەمناڵان ( بگرە لاوەکانیش ) بۆ چوونە حەوشەو تەوالێت یان حەمام لەشەوانەدا زۆر ئەترسنء پێویستە گەورەیەک یاوەرىء پاسەوانى بکات بۆ ئەوەى ترسەکەى بڕەوێتەوە .
لەتەمەنى (7) ساڵى بەدواوە زۆربەى مناڵ لەوە ئەترسن کەلاى باوان خۆشەویست نەبن ، درەنگ بگەنە قوتابخانە یان دایک هەرگیز نەگەرێتەوە لاىء لێى ون ببێت . بەڵام لەتەمەن (8-9) ساڵیدا بەشێوەیەکى گشتى ڕێژەى ترس لەمناڵدا کەمتر ئەبێتەوەء لە شێوازێکى دیکەدا خۆى ئەبینێتەوە ، لەوە ئەترسن کەسانى تر گاڵتەى پێبکەن ، یان کەسانێ لەو بەهێزتر شەڕى لەگەڵدا بکەنء لێى بدەن ، واتە : کەسایەتییەکەى لاواز بێت … لەدواى (10) ساڵى مناڵ متمانەى زیاتر بە خۆى ئەبێتء هەندێ جۆرى ترسى لەلا کەمتر ئەبێتەوە ، بەڵام ترسەکان کۆتاییان نایەت بەگەورەبوونى تەمەن … مناڵ یان گەورە هەریەکەیان بەجیا ترس تایبەتء جوودا بەخۆیان هەیە …. مناڵى سەردەمێک لەمناڵى سەردەمێکى دیکە جیاوازرترە … بۆ نموونە مناڵى ئەم سەردەمە لەفیلمى ترسناک کە پێکدادانى ئۆتۆمبێل سەرخۆشء لەبەرزایىء لەدز ئەترسێت ، بەڵام لێکۆڵینەوەى ڕۆژاوا ئەوەى سەلماندووە کە وەچەى پێشوو (کەدایکء باوکى ئێستان) لەبەرزایىء لەدزى شەوانە ترساون .
بەڵام لاى خۆمان زۆربەى مناڵانى زوو لەقوتابخانە ئەترسان ، هەروەها لە کۆمەڵە شەقاوەیەک ئەترسان کەسەر سیلەى کۆڵانء شەقامیان ئەگرنء لەمناڵانیان ئەداء چەقۆء بۆکس خەنجەریان بەکار ئەهێنا .!
هەروەها ترسمان هەبوو بەناو کۆمەڵێک پیاودا قسەبکەین چونکە دوایى دەم کوت ئەکراینء بیرازێک لە لێدانمان ئەچەشت .!
بەشێوەیەکى گشتى چۆنیەتى پەروەردە کردنى مناڵ لەناو خێزاندا ڕەنگ و هێڵ ئەڕێژێت و لەبونیاتنانى کەسایەتى مرۆڤدا گەورەترین ڕۆڵى خۆى ئەگێڕێت ، خێزان ئەتوانێت لەم بارەیەوە تۆوى ترس لەناخء دەروونى مناڵدا بچێنێتء مرۆڤى ترسنۆکى لێ دەستەبەر بکات ، هەر ئەو خێزانەش ئەتوانێت (بەتایبەت دایکان.. ئاستى ڕۆشنبیرىء ئەقڵء پتەوى بارى دەروونىء کەسایەتى دایکان) مناڵ لەسەر بنچینەیەکى توندو پتەو گۆش بکەنء مرۆڤێکى ئازاء نەبەردى لێ دروست بکەن …!
ترس ، کاریگەرى نێگەتیڤ و سەلبى و خراپ بەسەر کەسایەتى مرۆڤەوە جێدێڵێت کە لەڕەفتارو بیرکردنەوەء ئیشوکاریدا رەنگ ئەداتەوە ، ئەو کەسەى لەمناڵیدا ترساوە کەسایەتییەکى لەرزۆک و لاواز پەشێۆو پەرش و بڵاوى ئەبێت ، هەمیشە هەست بەکەمى و بەکەسایەتى لاوازء بێهێزى خۆى ئەکات ، دڵە ڕاوکە و خەمۆکىء نیگەرانىء پەرێشانى لەخەسڵەتە گرنگەکانى ئەم کەسایەتییەیە ، ترس ، کارو کاردانەوەیە ، کارلێکەرى کیمیایى لەنێو جەستەء ئەندامەکانى لەشدا ڕوو ئەدات ، مێشک دەماغى مرۆڤ فەرمانێکى پێچەوانە دەرئەکات ، سووڕى خوێن گۆڕانى بەسەردا دێت ترپەى دڵ زیاد ئەکات ، ئارەقەء ئارەقکردنەوە سەراپاى جەستەى مرۆڤ داگیرئەکات ، ئەژنۆ ئەلەرزێت ، هەستیارى بینین ئەشێوێت ، کەئەوانەش بەهۆى دەردانى ئەنزایمێکەوەیەء ئەگەر ئەم حاڵەتانەى ترس و خروپە و تۆقین دووبارەو چەند بارە ببینەوە ، دوور نییە تووشى نەخۆشى شەکرەى نەکات دڵە خورپە و ڕاوکە (الخفقان) یەکێکى ترە لەو نەخۆشییانەء لەبیرکردنەوەء لەڕەوشتى ئەو کەسەدا رەنگ ئەداتەوە ئەوکەسەى ترس زاڵبووە بەسەریدا کەمتر جووڵەو ئیشى پێئەکرێت داهێنان لە مێشکیدا ئەسڕدرێتەوە وردە وردە پەراوێز ئەبێتء خۆى خۆى گۆشەگیر ئەکات …
گەورەبوونء تەشەنەکردنى ترس لەگەڵ گەورەبوون و چوونە تەمەنەوەیە کەسێتى مرۆڤى ترسنۆک زەمینەى خۆشتر کە دووچارى نەخۆشییە دەروونییەکان ببێتەوە هەربۆ وێنە ترس لەئاژەڵ و گیانەوەرى وەکو پشیلەء سەگ و مشک (کە لە کۆمەڵگەى کوردیدا زۆربەى بەربڵاء فراوانە ) کاردانەوەى نێگەتیڤء خراپى ئەبێت لە دروستکردنى ترسء ڕقء تۆڵە کردنەوەدا لە ئاژەڵان بەگشتىء ئەمەش زۆر خراپە و لەڕەوشتدا رەنگ ئەداتەوە .!

ماویەتى

لەهاوپۆلی: که‌سێتی, کۆمه‌ڵناسی

بۆچوونەکان


« پرسیار و وه‌ڵام له‌سه‌ر سێکس | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | چۆن ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ مناڵه‌کانماندا بکه‌ین وه‌ک دایک و باوک و مامۆستا »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional