مای 4, 2008
ناوبانگ…خودناسین
نووسینی : د . سابیر بۆکانی
مامۆستای زانکۆی سلێمانی
ناوبانگ وەک میراتێکی کۆمەڵایەتی لەکۆمەڵگا لۆکاڵییەکاندا، بەمانای شوناسنامەی تاک وخێزان و گروپەکان دێت لەدیگاو تێڕوانین و بڕیاری کەسانیترەوە. بەهۆی ناوبانگەوە بەتاکەس ڕادەگەیەنرێت سەر بەچ تیرەو خێڵ و بنەماڵەیەکەو نەوەی کێیەو کێی پێدەڵێن. ناسینی خودە لەزاری خەڵکییەوە بەهۆی هەڵوێستێکی باش یان خراپەوە کە بینیویانە یان لەدەمی کەسێکیترەوە بیستوویانە، بۆتە مۆرک وشوناسی نەگۆڕ. زۆرجار بڕیاری پۆزەتیڤی خەڵک هەر زوو لەیاد دەکرێت و نابێتە میرات، بەڵام نێگەتیڤ، بەمردن و تەنانەت پێش مردنی کەسەکەش بۆ منداڵ و وەچەکانی دەگوێزرێتەوە. زۆرێک لەو کەسانەی ئەمڕۆ لەدیدگای کەسانی ترەوە وەک خراپێک دەبینرێن، خۆیان هیچ کارێکی خراپیان نەکردووە بەڵکو وەک بەشە میراتییەک بۆیان ماوەتەوە. گواستنەوەو دابەش کردنی میراتێکی لەو جۆرە، دەمودەست و کتوپڕەو خاوەنی ئەسڵی هێشتا زیندووەو بەبێ ئەوەی ڕاوێژی پێ کرابێت و شاهێدو دادنووسی بوێت، خەڵکی دادپەروەرانە بەسەر ماڵ و منداڵ و نەوەکانیدا دابەشی دەکەن و هەندێکجار بەشی خزمەکانیشی لێدەن. بێ ئەوەی ڕێزی شەرع و یاسا بگیرێت و دووبەش بۆ کوڕ و بەشێک بۆ کچ دابین بکرێت! یان ڕەزامەندی کچ وەربگیرێت، پشکی شێرو تەواوی شیردەرەکانی دیکەشی دەدەنێ و زۆرجار براکانی بێبەش دەکرێن و هیچیان لەو ناوبانگە خراپە بەر ناکەوێت.
گەرچی ئەم دیاردەیە لەکۆمەڵگایەکی وەک ئەوەی ئێمەدا، نکوڵی لەبوونی ناکرێت، بەڵام ناتوانین گشتاندنی بەسەر هەموو تاکەکاندا بۆ بکەین. هەتا ئەمڕۆ دیاردەیەکەو کاڵ نەبۆتەوەو گەلێک کەسی لەهەر دوو ڕەگەزەکە بەدبەخت کردووە. لەهاوسەرگیریدا کە پڕۆسەی ژیانێکی هاوبەشییە لەنێوان کچ و کوڕدا، تا ئێستاش ئەوەندەی پرسیار و بەدواداچوون لەناوبانگ و ئاکار و پێگەی کۆمەڵایەتی خێزان و بنەماڵەی هەردوولا دەکرێت و جەختی لەسەر دەکرێتەوە، ئەوەندە بایەخ بەخودی دوو کەسەکە نادرێت. بەهۆی ڕای نیگەتیڤی خەڵکییەوە، چەندین هاوسەرگیری لەقۆناغەکانی سەرەتایدا، لەمپەڕی بۆ دروست کراوەو نەهاتۆتە ئەنجامدان. زۆرێکیتریش بەرقەرار بووەو لەبەر هەمان هۆ هەڵوەشاوەتەوە. هاوکات ڕای پۆزەتیڤی خەڵک کە لەوانەشە درۆ بوو بێت، چەندین گرێی هاوسەرگیریی نادروست و دوور لەڕێکەوتنی ڕاستەقینەی کچ و کوڕی هێناوەتە گرێدان کە دەکرێت بەهەموو ناوێکی وەک سەفقەی بازرگانی و کۆمەڵایەتی یان سیاسی نێوان دوو خێزان، ناوزەد بکرێت، تەنها ناوێک کە قبوڵی نەکات هاوسەرگیرییە.
بەشێک لەخەڵکی لەبەر ئەوەی ڕا خراپەکەیان لەمەڕ بنەماڵەی پرسیارلێکراوەوە بەهەند وەرناگیرێت، بڕیاریان داوە جارێکیتر دەستوەرنەدەنە کاروبارو ژیانی کەسانیترەوە، نەک لەبەرئەوەی لەهاوسەرگیریدا باوەڕیان بەناوبانگی باش و خراپی خێزان و بنەماڵە نییە. بەشێکی دیکەش لەبەر هەمان هۆ، بۆ هەموو پرسیارێکی لەو جۆرە، وەڵامی بێوەی و بێ دەردیسەریی ئامادەیان هەیەو هەرگیز بەدەمیاندا نایەت ڕایەکی خراپ بدەن و نایانەوێت کێشە بۆ خۆیان دروست بکەن.
ناسینی ڕاستەقینەی کەسانیتر، دەکەوێتە دوای ناسینی خودەوە. ئەو کەسەی خودی خۆی نەناسیبێت، ئاستەمە بتوانێت کەسانی دیکە بناسێت و هەڵیانسەنگێنێت. خودناسی بەمانای جیاکردنەوەی ئەوەی دەتوانیت بیکەیت لەوانەی کە ناتوانیت بیانکەیت. واتا نرخاندن و دیاریکردنی ئاستی تواناو لێوەشاوەیی. ناسینی خود بەمانای زانینی بڕی ئەوەی بەرهەمت هێناوە لەکۆی ئەوانەی لەتواناتدا بووە بەرهەمیان بهێنیت بەڵام تەنها خۆت هۆکار بوویت لەبەرهەم نەهێنانیاندا… چیت پێکراوەو، نەتکردووە… چیت پێنەکراوەو پێتوابووە ئەتوانیت بییانکەیت و بێهودە ویستووتە لاسایی کەسانیتر بکەیتەوە.
ئەوە خودناسی نییە تێبکۆشیت بۆ گۆڕینی شتێک یان ڕەوشێک، کە دڵنیا بیت بەهەموو توانای جەستەیی و عەقڵی و دەروونیتەوە ناتوانیت بیگۆریت و هەر سوور بیت لەسەر گۆڕینی. ئەوەش خودناسی نییە کە خۆت بگونجێنیت لەگەڵ ڕەوشێکی نالەبارو خراپدا لەکاتێکدا کە دڵنیایت توانای گۆڕینیت هەیە بەرەو باشتر. خەڵکی خودی ڕوپۆشکراوی نمایشکراوی تۆ دەبینن نەک خودی ڕاستەقینەت. کە چاوی خەڵکت خەڵەتاندوو دواجاریش پێت وابوو وێنەیەکەی چاوی خەڵکی، خۆتیت… ئەو دەمە نە خەڵکی تۆی ناسیوەو نە تۆ ئەوانت ناسیوە، تۆش خۆتت نەناسیوەو ئەوانیش خۆیان ناناسن.
لەهاوپۆلی: کهسێتی
« گوناهه گرێ و گهڕان بهدوای سزادا / بهشی دووهم و کۆتایی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | چۆن بهرهنگاری ڕهخنه دهبیتهوه ؟ »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
