نیسان 8, 2008
خۆ بەزلزانین
نووسینی : د.سابیر بۆکانی
زانکۆی سلێمانی
بۆ تێگەشتن لەنەخۆشی پێویست بەوە دەکات بۆ لەشساغی بگەڕێینەوە، لەو چەمکانەدا کە پێچەوانەی یەکترن، دەکرێت بەهۆی یەکێکیانەوە لەویتریان تێبگەین. هەر کات توانیمان ئەو خەسڵەتانە دیاری بکەین کە لەیەکێکیاندا هەیە، مانای وایە لایەکمان ناسیوە، بۆ ناسینی ئەویتریش تەنها ئەوەندەمان ماندوو بوون دەوێت، تا دڵنیا دەبین لەوەی هەمان ئەو خەسڵەتانەی لەدژەکەیدا هەیە، لەمدا نییە. بەڵام هەردوو چەمکی خۆبەکەمزانین و خۆبەزلزانین هاوکێشەکەیان جودایە. ئەم دووانە دوو ڕووی یەک دراون. واتا یەک ناوەڕۆکن و لەدوو فۆرمی جیاوازدا خۆیان دەخەنەڕوو. یەکەمین فۆڕم؛ خۆبەکەمزانین: ماکی شاراوەی ئەویترەو نابینرێت و بەر لەوی دی بەماوەیەکی درێژ، ڕەفتارێکی بینراوی هەست پێکراو بووە. بەڵام بۆ ئێمەی سەرنجدەر، خۆبەکەمزانین و خۆبەزلزانین لەکەسێتی مرۆڤێکدا، هاوزەمانی یەکترنین.
هەر کەسێکی ئاسایی لەژیانی ڕۆژانەیدا، ڕێکەوتی ڕەفتاری گەلێک مرۆڤی خۆبەزلزانی کردووە. کەمجار ئاگامان لەهەستی خۆبەکەمزانینی ئەو کەسانەیە. چونکە خۆبەزلزانین ڕەفتارەو تێبینی دەکرێت، خۆبەکەم یان بەهیچ زانینیش هەستێکەو لەناخدایە و ئاستەمە بەدی بکەین ئەگەر؛ ئاگامان لەڕابردووی ئەو کەسانە نەبێت یان بۆ شیکاری کەسێتییان بەوردی نەگەڕێینەوە.
هەموو کاتێک خۆبەکەم یان بەهیچ زانین، لەنیشانەو مۆرێکی جەستەییەوە سەرچاوە ناگرێت کە پەیوەست بێت بە نەبوون یان ناتەواوی هەستێک یان ئەندامێکەوە. لەزۆربەی حاڵەتەکاندا بۆ گرێیەکی سایکۆلۆژیی نەستیی دەگەڕێتەوە کە خاوەنەکەی بێئاگایە لێی. ئەو گرێیەش لەناخی کەسەکەدا هەردەم لەکەفوکوڵدایەو بۆ دەرفەتێکی گونجاو دەگەڕێت تا لەڕەفتار یاخود هەڵوێستێکی پەسەندی کۆمەڵایەتیدا، خۆی بەیان بکات. ئەگەر ژینگەیەکی لەبارەیش دەستەبەر بوو، ڕەنگە ئەو هەستی خۆ بەکەمزانینە بەداهێنانێک یان هیچ نەبێت بەسەرکەوتنێک، قەرەبوو بکاتەوەو ئەو گرێیەش کۆتایی پێبێت. ئەمەیان حاڵەتە پۆزەتیفەکەیەو بەبەرژەوەندی کۆمەڵ دەگەڕێت. زۆرێک لەو کەسانەیتر کە لەناخەوە خۆیان بەکەم یان بەهیچ دەزانن، هەلومەرجی بابەتی؛ ژینگەیەکی لەباری بۆ دەستەبەر نەکردوون تاکو ئەو هەستەیان تێپەڕێنن و بەئاراستەیەکی تردا بیبەن و دواجار شتێک بەرهەم بهێنن کە بەکەسانیتر نەکرابێت. بۆیە قەرەبوو کردنەوەکە هەر لەئەندێشەو هزردا دەمێنێتەوەو ئەگەر هاتیشەدەرەوە ئەوا ئاراستەیەکی نادروست وەردەگرێت و وای لێدێت: خودی خەیاڵیی جێگای خود واقیعی بگرێتەوە. ئاشکرایە خودی خەیاڵیی ئەو هزرو ئەندێشانەیە کە ئاواتەخوازین بەدی بهێنین و مەرج نییە بۆمان بەدی بێت. بەڵام خودی واقیعی توانای دەروونی و عەقڵی و جەستەییمانەو ئەوەیە پێمان دەکرێت و لەکردنیان، گومانێکمان نییە. بۆیە لەبارە نێگەتیڤەکەدا هەستی خۆبەکەمزانین درێژ مەودایەو وا لەخاوەنەکەی دەکات کە لەئەندازەی ڕاستەقینەی خۆی، تواناکانی مەزنتر بێتە پێش چاوی و کەسانیتریش بە کەم یان هیچ، ببینێت.
خۆبەزلزان لەڕابردوودا ئەو منداڵە نازدارە بووە کە ڕۆژێک لەڕۆژان دڵی نەشکاوەو چی خواست بێت، دەمودەست بۆی دابین کراوە. هەر چییەک بەخۆی نەکرا بێت، کەسانی دەوروبەری بۆیان کردووەو هەردەم جێگای بایەخ و سەرنجی گەورەکانی بووە. لەو ڕەوشە پەروەردەییە نادروستەدا بەجۆرێک گۆشکراوە کە لەگەورەیشدا پێیوابێت لەهەموو کەسێک گرنگترو گەورەترەو دەبێت وەک جاران هەمووان، ملکەچایەتی و گوێڕایەڵی و بچوکی بۆ بکەن. لەواقیعی ژیانیشدا وەکو کەسانی ئاسایی، توانایەکی نییە تا بسەلمێنێت. ژیانی لەسەر شکستی دوای شکست بنیاتناوەو لەو دۆڕاندنانەدا هەرگیز خۆی بەگوناهبار نەزانیوەو هەموویانی خستۆتە گەردنی کەسانیترەوە. لەئەندێشەی خۆیدا زۆر گەورەیەو هەموو کارێکی پێدەکرێت و گاڵتەی بەخەڵکیتر دێت. هەمیشە دەیەوێت ئەو گەورەییەی بەکردەوە بسەلمێنێت بەڵام بچوکترە لەوەی کە لەخەیاڵیدایە. لەسەرەتای هەموو هەوڵێکیتردا، سەرلەنوێ و جارێکیتر شکست دەهێنێتەوە. کە لەبوارێکدا دەدۆڕێت، پەلاماری بوارێکیتر دەدات. لەو بڕوایەدایە ئەوە خەڵکانیترن ڕێ لەسەرکەوتنی ئەم دەگرن. ئەو خۆی ناناسێت و نازانێت کە لەڕاستیدا هیچ نییە، بەڵام لەهەوڵی ئەوەدایە ناوەڕۆکی خەیاڵیی خۆی بکات بەواقیعێک یان بەکارێک کە کاری ئەو نییە.
کەسێک کردەوەی هیچ بێت، بەقسەی خۆی نابێت بەشت… بڕیارو فرمانی هیچ کەسێکیش ناتوانێت کەسێکی بچوک، گەورە بکات. ڕەنگە لەملاوە گەورەکردن لەولاشەوە قسەو زیادڕەوییەکانی کەسەکە، بۆ ماوەکی سنووردار خەڵکانێک بخەڵەتێنن. چونکە زۆرێک لە خەڵکی لەبری چاو… بەگوێچکەیان شت دەبینن.
ماڵپهڕی دهروونناسی
www.derunnasy.com
لەهاوپۆلی: کهسێتی
« بۆچی شتمان لهبیرئهچێتهوه ؟ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | له ژیان ڕامهکه »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

دروست بونی خۆ بهزل زانی له ئهنجامی کهمبونی شتێک[نقس] دروست دهبێ. گرنگ نیه چی بێت ههر کاتێکیش ئهو کهسه بدوێنی کهمیهکهی به ئهسانی له وتهکانیا ئهبینی. بۆ نمونه کاتێک یهکێکی خۆبهزل زانی فهقیر بدوێنیت باسی دهولهمهندی خۆیت بۆ ئهکات
aw bo chone stantdart neya,,,,debt la saykolojy aw takane yaxod aw bne malene tebgyn la chy astakda gozeran dekn,,,
xo bazl zany laxoeywe drwst babet mn delm bo maweya,,,