نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

شه‌هید

مارش 28, 2008

images731.jpgشەهید
نووسینی : د. سابیر بۆکانی
زانکۆی سلێمانی

لەخۆشەویستیدا مرۆڤ هەموو ڕەهەندەکانی کەسێتی و قەوارەو خودی خۆی لەپێناو خۆشەویستەکەیدایە (ئیتر ئەو خۆشەویستە ڕەگەزی بەرانبەرە، منداڵە، دایکە، نیشتمانە، بیروباوەڕە یان هەر شتێکی ترە)خۆشی و شادی بۆ دەستەبەر دەکات و ژان و ناخۆشی بۆ دەچێژێت. لەگەڵیدا ئاوێتە دەبێت و ئەوەی هەیەتی پێی دەبەخشێ: بەڵام بۆی نامرێ و لەپێناویدا دەژی. قوربانیدان بەخود، گەیشتنە بە دوا پلەی خۆشەویستی کە ئەویش عاشق بوونە. عاشق بوون بەچەمک و ڕووە مەعنەوییەکەی بابەتی خۆشویستراو، نەک بۆ خودی مادە خۆشویستراوەکە. عاشقێتی باڵابوونی مرۆڤە بۆ پلەیەکی بەرزتر لەمرۆڤێتی. شەهید خۆی بۆ لایەنە جیۆلۆژییەکەی خاک و خودی خەڵکەکە یان نیشتمانەکەی و ئەو بیروباوەڕ کە هەڵگریەتی، بەخت ناکات و نابێتە قوربانی. شەهید بەئەندازەی عاشق بوون، خاک و خەڵک و نیشتمان و بیروباوەڕەکەی خۆی، بێ سنوورو بێ بەرانبەر خۆشدەوێت. شەهید ئەوەی کە هەیەتی لە سەرمایەو سامان، لەموڵک و خاوەندارێتی، بە بوون و کەسێتی خۆشیەوە، پێشکەش دەکات و دەیبەخشێت و پیرۆزییەک نامێننەوە بەلایەوە کە لەخۆشویستراوەکەی، خۆشەویست تر بێت. شەهید لەو مرۆڤە ئاساییە مرۆڤترە کە لەپێش هەموو شتێکی تردا بیر نان و ئاو و خەو و سێکس دەکاتەوەو هەر لەخەمی پاراستنی تەندروستی جەستەو دەروونیدایە. شەهید ئازاترە لەو کەسە سروشتییەی خۆی لەهەڕەشەو مەترسییەکانی ئێستاو ئایندە بەدوور دەگرێ و بۆ پەنایەکی ئارام و بێوەی بەهەڵپەیە. شەهید وەک خەڵکی ستاندارد، خۆی بەکولتوری کۆمەڵگا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناویەوە، کۆتوبەند نەکردووە. شەهید لەمردووان و لەئێمەی زیندووش ناچێت.
شەهید ئەو چەمکە نییە بەلای سەرجەم گروپ و چینە جیاوازەکانەوە مانایەکی دیاریکراوی بۆ دانرابێت. هەر گەلە و هەر چینە و هەر یەکە بەقوربانییەک یان کوژراوێک دەڵێن شەهید کە لەبەرەی خۆیاندایەو سیفەتی شەهیدیش بەوانە نابەخشن کە لەبەرانبەریاندا جەنگاون و دژیان وەستاونەتەوە. شەهیدیی بەگەورەیی و زۆری ژمارەی ئەوانەش ناپێورێت کە سیفاتی شەهید و ناشەهید بەقوربانییەکان دەبەخشن. لەوانەیە ئەمڕۆ ئەو ژمارەیە ملیۆنەها بێت بەتێپەڕبوونی و ڕۆژگاریش ئەو ژمارەیە کەمتر ببێتەوەو کەسێک نەمێنێتەوە بەشەهیدی ناو بەرێت. کەسێکی تریش ڕەنگە وەک تاوانبارو دڕندەیەک سزای کوشتنی بەسەردا درابێت، دەشێت ڕۆژگارێک وەرگەڕێ بێ گوناهی و بێ تاوانی ئەو کەسە بسەلمێنێت و هەزارەها لەخەڵکی وەک شەهیدێک بەزرو پیرۆز یادی ڕابگرن.
لەسەردەمانی دێریندا شەهید بەتەنها چەمکێکی ئایینی بووە، بەڵام ئەمڕۆ لەفەرهەنگی نەتەوەکاندا ئەو مانایەی تێپەڕاندووەو لەچوارچێوە ئایینییەکە دوور کەوتۆتەوەو هەر بەو تاکە پێوەرە ناپێورێت. چەمکێکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و مرۆڤایەتی ئەوتۆیە کە هاوواتای نەمری و زیندوێتییە لەناخ و یادەوەری نەتەوەو خەڵکێکی زۆردا. جاران بەلای خەڵکییەوە هەر ئەوانە شەهید بوون کە لەپێناو ئایینەکەیاندا گیانیان بەخت کردووە، ئێستا هاوکێشەکە بەجۆرێکی ترەو بەس ئەوانە شەهید نین، بە پێچەوانەوە شەهیدان قوربانییەکانی دەستی ئەمانن.
خەڵکی ئارەزووی خۆیانە کێ بەشەهید دادەنێن و بەم بڕیاردانە تاوانێکیان نەکردووەو ڕۆژێک دادێت بڕیارەکەیان بگۆڕن. هەر عاشقێکی بیرباوەڕ کە خۆی بۆ بیرو باوەڕەکەی کردە قوربانی، مەرج نییە شەهید بێت. تیرۆرستێکیش کە خۆی دەتەقێنێتەوە ئەویش هەر قوربانی بیرو باوەڕەکەیەتی و بەلای گروی تیرۆررستانەوە بەشەهید ناوی دەبرێت و کوژراوانیش، قوربانییەکانن. بەکرێگیراوێکی داگیرکەر، ئەنفالچییەک لەهەر سەردەمێکی مێژوودا بووبێت، کە لەلایەن بەرەی ئەنفالکراوەوە دەکوژرێت، ئەویش بەلای ئەنفالکارانەوە بەشەهید ناوزەد کراوە.
لێرەدا فەتوای دەستەو گروپێک و بێ سەنگ و تەمەن کورتەو لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بایەخێکی ئەوتۆی نییەو زوو دەمرێت. بڕیاری نەمر بڕیاری نەتەوەو زۆرینەی خەڵکە.
سووکایەتیکردن و نزم کردنەوەی پلەی مرۆڤایەتیی شەهید، وەسفکردنیەتی بەچەمکەکانی فەرهەنگی دارستان لەلایەن مرۆڤی زیندووی ئاساییەوە. شەهید هۆشیارو بەئاگایە، درەختی سنەوبەرو و داربەڕو گوڵەگەنم و شاخ و مانگ وئەستێرەو گڵۆپ و چرای بێ هەست و هۆش نییە! شەهید عاشقێکی باڵای نائاساییە، ئاو و باران و با و زریانی بێ گیان نییە! شەهید نەمر و زیندووە، زیندەوەرێکی وەک پەپولەی وەرزە تەمەن نییە. شەهید قومری و ئەسپ و پڵنگ و شێرو باز و هەڵو و ئاژەڵی دڕەندەی گۆشتخۆر نییە… شەهید ئینسانە ئینسان!.

ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی

لەهاوپۆلی: که‌سێتی

بۆچوونەکان


« به‌م شێویه‌ ده‌توانین ڕێگه‌ له‌بیرکردنه‌وه‌ی خراپ بگرین | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | خۆکوشتن ( Suicide ) / به‌شی یه‌که‌م »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional