سایکۆلۆژیای پارهپهرست – دهروونناس: سامان سیوهیلی
سایکۆلۆژیای پارهپهرست
دهروونناس
سامان سیوەیلی
كەسانێك هەن لەژیاندا پارەیان كردۆتە ئامانج، بیروباوەڕ، خۆشەویست. ئەم كەسانە بەڕاستی عەشق دەكەن لەگەڵ ئەو كاغەزە بێگیانەی ناوی پارەیە. ئەم كەسانە دەكرێت ڕیز بەند بكرێن لەچەندین پۆلێندا، كەخراپترین ئاست ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە دەبنە كۆیلەی پارە و پارە لەسەروو هەموو شتەكانی دیكەوە دەبینن. ئەم كۆیلانە وەك گەشتیارێكی ڕووت و ڕەجاڵ دێنە ژیانەوە و دەژین و بەجێی دەهێڵن بێئەوەی لەماناكانی ژیان تێبگەن، بەدرێژایی ژیان پارە كۆدەكەنەوە و ڕەنج دەدەن و دەست دەبڕن و درۆ دەكەن و دڵی خەڵكی لەبەر خاتری پارە لەخۆیان زویر دەكەن، دواجاریش پارەكان بەجێ دەهێڵن، پارە هەڵچنراوە سەفتەكراوەكانیش دەكەونە گیرفان و دەستی خەڵكی ترەوە. ئەم جۆرە كەسانە خاوەن سایكۆلۆژییەتێكی تایبەتن، بەجۆرێك بەدرێژایی ژیانیان لەدڵەڕاوكێدا دەژین، هەرگیز هەست بەبەختەوەری ناكەن، ترسێكی زۆر لەپشت بیركردنەوە و ڕەفتار و هەڵسوكەوتیانەوەیە، بەد گومان و ساردن لەهەموو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیاندا، باوەڕیان بەكارێك نییە لەپێناوی بەرژەوەندی گشتیدا بكرێت بەبێ بەرامبەر یاخود كاری خێرخوازی و خۆبەخشی، بەڵكو لەپێناو هەموو شتێكدا چاوەڕێی بەرامبەر (پارە) دەكەن. هەموو شتێك دەگۆڕنەوە بەپارە، برا..خزم..دراوسێ..هاوڕێ. لەتەمەنێكی زوودا تووشی نەخۆشییە سایكۆسۆماتییەكان دەبن وەك (شەكرە، فشاری خوێن، زامی گەدە، هەندێ جۆری قەڵەوی)، ئەو گۆڕانكارییە سیاسی و ئابوورییانەی لەوڵاتدا دەگوزەرێت زیاتر دەیانخاتە دڵەڕاوكێ و ترسەوە. بێباكن لەتیروتوانجی خەڵك، سەرزەنشت و لۆمەكردن كارییان تێناكات، ئیرەیی تەنگ بەباری دەروونییان هەڵدەچنێت، هەمیشە چاو دەبڕنە سەر داهات و سامان و سەروەتی كەسانی دەوروبەریان، باش ناخۆن، تێكچوونی خەویان زۆرە، لەڕووی سۆزەوە ساردن. سۆزیان تەنها بۆ پارە هەیە، لەڕووی خەرجی ژیانی تایبەتی و خێزانییەوە زۆر وردەكاری دەكەن، لێپرسینەوە لەسەر كەمترین خەرجی دەكەن.
كەسانی پارە پەرست خۆیان بەدوور دەگرن لەزۆربەی هەڵوێستە كۆمەڵایەتییەكان چونكە لایان وایە لەڕووی ئابوورییەوە تێچوونی دەوێت، حەز بەنزیكی و تێكەڵی خەڵكانی هەژار ناكەن هەتا ئەگەر لەكەسانی پلە یەكی خۆیشیان بن، لەترسی ئەوەی نەك داوای هاوكاری لێبكرێت یان بكەوێتە هەڵوێستێكەوە ناچار بكرێت هاوكاری مادی پێشكەش بكات. هەندێ جار پاڵنەری دەروونی هەستنەكردن بەئاساییش لەپشت ئەم حاڵەتەوەیە، بۆیە ئەمجۆرە كەسانە لەڕێی كۆكردنەوەی زیاتر و زیاتری سەرمایەوە دەیانەوێت بەئاساییشی دەروونی بگەن، هەروەك چۆن كەسانێك لەڕێی چوونە ناو گروپێكی چەكدار یان پارتێكی سیاسی ئەم پاڵنەرەیان تێر دەكەن.
پارە هەمیشە زاڵە لەسەر بیركردنەوە و دانیشتن و ئاخاوتنەكانی ئەم جۆرە كەسانە، لەئاخاوتنەكانیاندا هەموو شتێك دەبەنەوە سەر پارە، پارە تەوەری گفتوگۆ و دانیشتنەكانیانە.
لەكۆمەڵگەی ئێمەدا كە ئایین ئامادەیی هەیە، زۆرێك لەم پارە پەرستانە زیاتر خۆیان پەیوەستی خواپەرستی دەكەن بەڵام لەپێناو پارە پەرستیدا، بەو پێودانگەی خودا سەروەتەكانیان بپارێزێت و لێیان نەسێنێتەوە، یاخود لەو چەوتییانەیان خۆشبێت كەلەڕێی كۆكردنەوەی سامانەكانیاندا پەیڕەوی دەكەن. نوێژ دەكەن، هەمیشە لەڕیزەكانی پێشەوەی نوێژی بەكۆمەڵدا ڕادەوەستن، زیادەڕۆیی دەكەن لەبەجێهێنانی ئەركە ئایینیەكاندا، كەچی خۆیان دەدزنەوە لەدەستگیرۆیی كردنی نزیكترین كەسی خۆیان(خوشك یان دایك یان برا) لەكاتێكدا لەڕەوشێكی خراپیشدا بن.
هەڵسەنگاندنی خەڵكی لای كەسانی پارە پەرست لەسەر بنەمای چەندێتی سەرمایەیە نەك لەسەر بنەمای ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتوویی و سوود و خزمەتەكانیان بەدەوروبەر و كۆمەڵگە.
وشەی دەوڵەمەند ئەو وشەیەیە كەڕەنگە زۆرێك لەخەڵكی خوازیاری ئەوەبن ببێتە سیفەتیان و پێی بگەن، بەڵام وردبوونەوە لەڕەوشی زۆرێك لەدەوڵەمەندەكان دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییەی كەئەوان هەڵگری ئەو بارە سایكۆلۆژییە نائاساییەن كەئاماژەمان پێدا. بۆیە كەسانی بەختەوەر لەناو ئەو توێژەدا بەدەگمەن دەبینرێتەوە. چونكە ئەم جۆرە كەسانە بەختەوەری لە شتە مادییەكانی دەوروبەریاندا دەبیننەوە, وەك كڕینی كۆشكێكی زیاتر یان دروستكردنی تەلارێك یان كردنەوەی پرۆژەیەكی نوێ، كاتێك بەمەش دەگەن كەچی دەبینن هەر بەختەوەر نابن، چونكە لەبنەڕەتدا بەختەوەری لەناخیاندا بوونی نییە.
كەسانی پارە پەرست هەرگیز هەست بەئازادی ناكەن چونكە لەناخیاندا دیلی پارەن. سەیرە هەندێ كەس ئاوا لەژیان و لەپارە و لەدەوربەر دەڕوانن. هەتا لەكۆكردنەوە سەروەت و سامانی زیاتر نزیكببنەوە هێندە لەخەسڵەتە كۆمەڵایەتی و بەها جوانەكانی كۆمەڵگە دوور دەكەونەوە.
ئەم جۆرە كەسانە لەناو كۆمەڵگەدا بێزراون، خۆشەویست نین، چونكە نابنە هەڵگری خەمە گشتییەكانی كۆمەڵگە، تەنها لەخەمی پارە و كەڵەكەكردنی پارەدان.
حاڵەتی پارە پەرستی جۆرێكە لەحاڵەتەكانی ئالوودەبوون، چۆن كەسانێك لەسەر مەی یان جگەرە یان مادە هۆشبەرەكان ئالوودە دەبن و كاریگەرییەكانی ئەم مادانە زاڵ دەبێت لەسەر ڕەفتار و بیركردنەوە و گوفتاریاندا، بەمجۆرەش عاشقبوون بۆ پارە تائەندازەی پەرستن تاك ئالوودە دەكات.
كەسانی پارە پەرست لەهەندێ باردا پەنا دەبەنە بەر نواندن بەجۆرێك بۆ ئەوەی چاوپیسی یان ئیرەیی خەڵكی نەوروژێنن لەخۆیاندا، خۆیان لەپۆشینی بەرگ و پۆشاك و ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی نەشیاودا نماییش دەكەن، تەنانەت ناوێرن یان ناتوانن فۆرمە ڕاستەقینەكەی خۆیشیان دەربخەن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا تووشی بێزارییەكی زۆریان دەكات كەناتوانن وەك پێویست چێژ لەسەروەت و سامانەكانیان وەربگرن.
كانونی دووهم 27, 2012

دهست و پهنجهکانت خۆش بێت مامۆستا سامان زۆۆر زۆۆۆۆر جوانه ئهم بابهته
دەست خۆش کاک سامان بابەتێکی جوان و بە چێژە…
هەڵبەتە پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە بەشێوەیەکی بەر چاو سەرنجی تۆشی وەک من ڕاکێشاوە… بەجۆرێک جار و بار کە دەگەڕێمەوە بۆ کوردستان هەست ئەکەم کە ئینسانیەت و هەست بە مرۆڤانی تر… بە داخەوە بۆتە کاڵایەکی زۆر دەگمەن لە م کۆمەڵگایەدا
لە بەرامبەردا پارە پەرستی و ڕاکردن بە دوای پارە وپول و پێداویستە مادیەکان بۆتە ئامانجی سەرجەم تاکەکان… لێرەدا ئەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە ئەم کێشەیە جگە لە ڕەهەندە دەروونیەکەی ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی گرنگ تری هەیە…
ئەوەش خۆی ئەبینێتەوە لە دروستبوونی جیاوازیەکی زۆر گەورە لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگەدا.. کە بۆتە هۆی دروست بوونی چینێکی کەم لە ژمارەداو وە زۆر دەوڵەمەند لە پارەو دەسەڵات و نفوز دا چ لە بواری سیاسەت دا بێت یاخود (مەکانەی ئیجتماعیا) بێت…
لە بەرامبەر چینێکی هەرە هەژار و هەرە زۆر لە ژمارە دا … کە رۆژ بە رۆژ بۆی ڕوون ئەبێتەوە کە کاری ئاسایی ئەو هەمیشە ئە و جیاوزیە کۆمەڵایەتی و سیاسی و مادیەی بۆ پڕ ناکاتەوە…بۆیە ئەبیتە پاڵنەر بۆ ڕق و کینێکی چینایەتی وە بۆ کردنی بەدەسهێنانی پارە وەک ئامانج و ئاوڵدەی پارە بن… کە ئەمەش هەمووی لەسەر حیسابی پێکەوە ژیان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیاکان ئەبێت…
دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ڕیگەی هاوکاری حوکمەت بۆ ئەم کێشە یە بن بڕی ناکات بەڵکو کەمی ئەکاتەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو..
سڵاو سۆنیا خان، سوپاس بۆ ئێوهش، شاد و بهختهوهربن.
سڵاو کاکه ئاکۆ: ڕێز و سڵاوم ههیه بۆ بهڕێزتان و هاوسهره بهڕێزهکهتان، هیوای کامهرانیتان بۆ ئهخوازم: سهرنجهکهت زۆۆۆر لهجێی خۆیدایه، بهگشتی خهڵکی ئهم سهردهمه له کوردستان (بهشی زۆری خهڵک) ڕوویان له جیهانێکی مادی کردووه و خودی خۆیان و لایهنی دهروونی و ڕۆحی خۆیان فهرامۆش کردووه ئهمهش هێندهی تر لۆدی لهسهر باری دهروونی و جهستهیی تاکهکان دروست کردووه. بهڵێ ئێستا له کوردستان دانیشتووان دابهشبوون بهسهر دو چیندا، چینێک به ملیارد و ملیۆن دۆلار قسه دهکات، که ئهمانه بهشێک له بهرپرسه حزبیه حوتهکان پێکدههێنن، لهگهڵ کۆمهڵێک چازرگانی چاوچنۆک و بێ ویژدان، چینهکهی تر مووچه خۆران و کاسبکارانی ئاسایین، ئهمهش دهرخهری نهبوونی دادپهروهری کۆمهڵایهتیه. سوپاس بۆ سهرنجهکهتان. بهختهوهربن
دەست خوش ماموستا سامان بابەتەکێ دجهێخودایە
زۆر سوپاس هێژا کاکه محمد، سهرکهوتوو بیت
dastakant xosh bet mamosta saman ba rasti shikrdnawayaki pr ba pesti wshakakat bo krdwa
سوپاس کاکه سیروان، ئێوهش ههر له خۆشی و ئاسوودهییدا بن
زور سپاس بو ئه م بابه ئه جوانه به راستی له روژهه لاتی کوردستان ئه م جوره که سانه به رو زیاد بونن و هه تا دیت خه لکیان پتر له بیر ده چیته وه ، ئه م جوره که سانه ژیان ده که ن بو مردن هه تا بمرن بو ژیان
به سپاسه وه