ئازار 4, 2008
کێ رۆشنبیرە ؟!!
نووسینی/هاوبیر کامەران
(مامۆستاى کۆمەڵە هونەرى یۆگا-سلێمانى)
پێش ئەوەى باس لەو مەسەلەیە بکەم کە خەتەرێکى گەورەیە لەسەر رۆشنبیریمان ، دەمەوێت داواى لێبوردن لەهەمو ئەو کەسانە بکەم کە دڵگرانن بە بیستنى واقیع لەکاتێکدا ئەبێت ئێمە ئەو واقیعە باس بکەین و شاردنەوەى ئەو ڕاستیانە خەتەرێکى واقیعیە لەسەر ئێستا و داهاتومان . ئەمە لەلایەک و لە لایەکى دیکەشەوە ئەمە ڕاى من و هەندێک لەوانەیەکە بروایان بە ئیشراق و روناک بونەوەى ئەم وجودە مرۆییە هەیە ، وە بڕوایان بەوە هەیە کە مەعریفە تەنها لە چوارچێوەى مەعریفەى هەستەکی دا ناوەستێتەوە ، هەربۆیە ئەم ڕایە ڕایەکى ئاسمانى نیە .
ئەمڕۆ بەسەدان و هەزاران کەسمان هەیە کەلە کوردستان پێیان دەوترێت رۆشنبیر یان روناکبیر و ئەمانەش لەژێر ئەو ناوەدا بەردەوام ئەوەى بیانەوێت دەیڵێن بێ ئەوەى بزانن کە نوسین و وتاردان مافى هەمو کەسێکە بەڵام خۆ پۆلێن کردن لەژێر ناوێکى وەکو “رۆشنبیر”دا تەنیا مافى ئەو کەسانەیە کە بەراستى بیریان روناک بوەتەوە ، ووشەى رۆشنبیر لە زمانى نیپاڵى و سانسکرێتی دا پێى دەوترێت “بودا”، من دەمەوێت باسەکە بەو پرسیارە دەست پێ بکەم ، ئایا لە کوردستاندا ئەو هەمو بودایە دەژین ؟!
زۆر جار کەسێک لە تەلەفزیۆنێکدا قسە دەکات ، ناکاو دەبینى لەحاشیەى تەلەفزیۆنەکەدا نوسراوە : بەرێز فڵانە کەس ، و کەمێک لەولاتر نوسراوە “رۆشنبیر” یان “روناکبیر” .
من لێرەدا دەمەوێت کەمێک لەسەر ئەم وشەیە بدوێم و بڵێم کێ رۆشنبیرە . هەڵبەت ئەمە بەراى من و هەرکەسەش ڕایەکى هەیە و ئازادە لە دەربرینى ، بەڵام ئایا گەر هەرکەس زمانى پاراو بوو توانى بەباشى و بەهەندێ سەفسەتەوە قسە بۆ خەڵکى بکات دەبێتە ڕۆشنبیر ؟ ئایا ئەوەى بۆى گونجا بێتە سەرتەلەفزیۆن و لەبەرنامەیەکدا بەشدارى بکات رۆشنبیرە ؟ ئایا ئەوەى چەند کتێبێکى نوسى و راى خۆى لەسەر کۆمەلێک شت گووت رۆشنبیرە ؟ بێگومان نەخێر . هەرکەس ئەو لافەى لێدا پێى ناوترێت رۆشنبیر ، کەس بە نوسینى رۆمانێک و وەرگێرانى بیروباوەرى کەسێک لە کتێبێکدا نابێتە روناکبیر و رۆشنبیر هەروەک چۆن کەس بە ووتنى چەند دێرە شیعرێک نابێتە شاعیر. ئایا پێت وانیە کە نوسەرێک دێرێ زیاترى نوسیوە لەو هەمو زانستى و زانیاریەى لە بوندا هەیە .
رۆشنبیر کەسێکە..
یەکەم : چاک و خراپ جیا بکاتەوە .
جیاکردنەوەى چاک و خراپ قورسترین ئەرکێکە کە مرۆڤ لەسەرشانیەتى ئەنجامى بدات . زۆرمان هەن بەناو رۆشنبیرن ، بەڵام لەراستیدا نازانن چى چاکەو چى خراپە . بۆ نمونە ئەمرۆ بانگەشە بۆ بیروباوەرێک دەکات و سبەینێ رەتى دەکاتەوە ، زۆرمان بینى لە بەناو رۆشنبیرەکانى کوردستان کە هەر رۆژەو چاووراویان بۆ حیزبێک دەکرد و دژى ئەوى تر دەوەستان بەشێوەیەکى فکریش بانگەشەیان بۆ خۆیان دەکرد . ئەم وتەیە ماناى وایە دەبێت رۆشنبیر گەشتبێتە شتێک کە وابێت نەک وابزانێت وایە ، کە راستى بێت نەک وەهم، کە یەقینى هەبێت و گومانى لەو بابەتەدا نەمابێت . رۆشنبیر دەبێت دامەزراوبێت و لەروى فکریەوە لە گەشە کردندا نەبێت بەڵکو گەشتبێتە راستى و هەقیقەت.
دوەم : خۆى بە ئەزمون ئەو دەرکەى کردبێت نەک کەسێک پێى وتبێت .
کێشەکە لێرەدا ، کەسانێک لە کۆندا هەبون وەک ئیبن سینا و مەولاناى رۆمى و سوقرات و ئەفلاتون و موحەمەد و عیسا و بودا کە لەرێگەى کتێب خوێندنەوەو کۆکردنەوەى بیروراى خەڵکەوە نەبونە ئەو پیاوە بەناوبانگ و رونبیرانە . ئەوان خۆیان هەبون. خۆیان خاوەنى شتێک بون کە هیچ کام لە رۆشنبیرەکانى ئێمە نیانە. هەربۆیە بەناو رۆشنبیرانى ئێمە قسەو کردەوەیان یەک ناگرێتەوە. مامۆستاى زانکۆى سلێمانیە و پێى دەلێن “روناکبیر” ، بەڵام شەق لە قوتابیەکى خۆى هەڵدەدات لەسەر ئەوەى لەهۆڵى وانەدا جەرەسى مۆبایلى بۆ هاتوە. رۆشنبیرى مامۆستاى زانکۆ هەیە لە کوردستان داواى مافى ئافرەت دەکات و ژیانى لە خێزانەکەى خۆى کردوە بە جەهەننەم . ئەمانە ئەگەرچى دەمیان گەرم بێت بەڵام قسەکان هى خۆیان نیەو ئەوان تەنها وەک تەسجیلێک دەیلێنەوە. تەنها جیاوازى ئەوان لەگەڵ خەڵکى بەناو عەوام (هەمیشە ئەم جۆرە رۆشنبیرە پێیان وایە خەڵکى عەوامن) ئەوەیە کە ئەمان یادەوەریان باشترەو زیاتر بۆیان لواوە. ئەبێت رۆشنبیر خۆى ئەزمونى ئەو هەقیقەتەى کردبێت کە بانگەشەى بۆ دەکات. دەبێت تامى خواردنەکەى کردبێت تا میوانى بۆ بانگهێشت بکات ، پیاوى برسى ناتوانێت کەس تێر بکات. هەژار ناتوانێ ببەخشێت . کاتێک کەسێک هیچ ئەزمونێکى لەگەڵ خودادا نیە ، چۆن دەتوانرێت پێى بوترێت رۆشنبیرێکى ئایینى لەکاتێکدا تەنها لە باوانەوە یان لە مامۆستا و کتێبە پیرۆزەکانەوە بیستویەتى کە خودا هەیە و هیچى تر .
سێهەم : تواناى کردنى چاک و نەکردنى خراپى هەبێت لە ژیانى خۆیدا .
کاتێک ئێمە دەتوانین خۆمان بەئەزمون چاک و خراپ بناسین و ئەم ناسینەشمان لە ئەزمونى خۆمانەوە بێت ئەوا هێزێک وامان دەست دەکەوێت کە بتوانین بەو زانینە لانى کەم کێشەکانى ژیانمان چارەسەر بکەین . بۆ نمونە یەکێک لەو کێشانە کێشانى جگەرەو خواردنەوەى مەیە ، واتە بەتەنگەوە هاتنى تەندروستیە ، رێزگرتنە لە چواردەور و خێزان و هاوسەر . زۆرینەى بەناو رۆشنبیرەکانى ئێمە جگەرەکێش و مەى خۆرەوەن ، چ جۆرە مەى خواردنەوەیەکیش ، ئەو جۆرەى کە تیایدا مرۆڤەکە کەڵکى نامێنێت و بەباوەش دەیبەنەوە ماڵ . من نمونەى دەیان کەسم لەوانە لایە کە ئەگەر ناویان بێنم لەوانەیە بەردەمى دادگام لێ بگرن و قەبوڵى ئامۆژگارى نەکەن ، چونکە خۆیان بەداناى و فەیلەسوف و بەرزتر لە هەموان دەزانن .
قسەى من لێرەدا ئەوەیە کە بڵێم رۆشنبیرى راستەقینە رێزى لەش دەگرێت و قیمەت دادەنێت بۆ ژیان و ئەمەش ماناى ئەوەیە ئەو کەسە گەشتۆتە ئەو راستیەیەى کە لەم ژیانەدا دەدۆزرێتەوە . ئایا ئەگەر خۆت بەرۆشنبیر و روناکبیر دەزانیت ئەو بیرەى پێت وایە روناکە توانیویەتى رێگەى تەندروستى جەستەیى و رۆحى و دەرونیت پیشان بدات. سەدان نمونە هەیە لەو فەیلەسوف و سۆفى و یۆگیانەى کە روناکبیر بون بەڵام لەش و دەرونیان پشت گوێ نەخستوەو بەدەیان جار لەخەڵکى کەمتر دوچارى نەخۆشى بون و لەروى تەندروستیانەوە ، لەروى ئەخڵاقى کۆمەڵایەتیانەوە لەکەسە دەرکەوتەکانبون ،نمونەى ئەوانەش سوقرات ، سوامى بالاکابهاراتى ، شرى شیام سوندار گۆسوامى ، حەزرەتى شێخ عوسمانى بیارە ، سوامى ڤیشودهاناندا گیرى و هەزارانى دیکە.
چوارەم: بتوانێ بەرێگەیەکى تەواو گونجاو بۆ ئەو سەردەمەو ئەوکاتە ئەو زانینە بگەیەنێت و بگوازێتەوە بۆ خەڵکى.
کام زانین ؟ ئەو زانینەى کە پێى نەگەیشتویت چۆن دەتوانى بیگەیەنیت، ئەو زانینەشى کەمرۆڤ پێى دەگات هێندە قوڵ و بەرفراوانە کە گەیاندنى ئاستەمە . وەک چۆن هەمو کەس نابێتە هۆنەر، مۆسیقارێکى بەتوانا ، بەردەوانێکى سەرکەوتو، ئاواش هەمو کەس لەناو ئەوانەشدا کە دەگەنە ئەو زانینە قوڵەى ژیان ناتوانن ئەو زانینە بگەیەنن . زۆرینەمان کاتێک شتێک دەڵێین و دەم دەکەینەوە یان بۆ ناوبانگ و ناونیشان و پەنجە بۆ راکێشانە ، یان بۆ موچەو خۆهەڵواسینە بە دەزگایەکى مەعریفى دا ، یان بۆ راکێشانى سەرنجى رەگەزى بەرامەبەر (لات سەیر نەبێت کە لە کوردستان دەیان روناکبیرى لەم جۆرەمان هەیە) ، یان چەرخى گەردون خستونیەتە ناو ئەو بازنەیە بێ ئەوەى بزانین بۆ ئەو کارە دەکەین . بڵاو کردنەوەى زانین بەشێوەیەک کە بە سودى خەڵکى بێت بەشێکە لە زانین . ئایا کوێرێک دەتوانێ دەستى کوێرێکى دیکە بگرێت بۆ شوێنێک کە یەکەم جاریەتى خۆیشى بڕوات ، بێگومان نەخێر . هەربەو جۆرەش بەناو رۆشنبیرێک ناتوانێ رێگەى راست نیشانى خەڵکى بدات کەگەر نەگەیشتبێت بە هەقیقەت و بەرۆشنایى هەقیقەت روناک نەبوبێتەوە. هەندێ لە بەناو رۆشنبیرەکانمان ناتوانن یارمەتى منداڵەکانى خۆیان بدەن و بە لێدان و جنێو یاریان لەگەڵ دەکەن .
پێنجەم : ئەو زانینە تەنها زانینێکى مادى و سنوردار نەبێت بەڵکو زانستێکى کامڵ و تەواو بێت و لە ناسینى مرۆڤەوە هاتبێت لە روى جەستەیى و دەرونى و رۆحیەوە .
دوا مەرجى کەسى رۆشنبیر ئەوەیە کە دەبێت لەدەرەوەى چوارچێوەو سنور و بەربەستە مادى و دەرونیەکان بێت . من لەو بروایەدام کەسێکى وەکو سادقى هیدایەت رۆشنبیر نیە لەکاتێکدا ژیانى بە خۆکوژى کۆتایى هات . ئەو نوسەرێکى گەورە بوو ، بەڵام روناکبیر نەبوو . ئەو پربو لە گرێى دەرونى ، روناکبیر کەسێکە بیرى روناکبوەتەوەو هەمو شتێک لەبەرچاوى رون و ئاشکرایەو دەرونى سادەو ئارامە ، بێ گرێ و گۆڵ و بێ هیچ پەشێویەک . بروانە جیاوازى نێوان خۆکوژى سوقرات و خۆکوژیەکەى سادقى هیدایەتى گەورە نوسەرى ئێرانى . سوقرات بێزار نەبو لەژیان ، لە ترسدا خۆى نەکوشت و هەڵنەهات. بەڵام هیدایەتى لە ژیان ترسا و باوەشى بەمەرگدا کرد. ئایا رۆشنبیرانى ئێمە لە کوردستان خاوەنى ىسەدەها و هەزارەها گرێ و گۆڵى دەرونى نین ؟ ئایا رۆژانە کێشەى ناو دادگایان نیە ؟ ئایا لەناو ماڵ و منداڵى خۆیاندا روبەروى دەیان کێشە نابنەوە کە ناتوانن چارەسەرى بکەن ؟ ئایا ئەوان بەئاسانى تورە ناکرێن ؟ بێگومان بەلێ چونکە زۆرمان لە نمونەى ئەو بەناو رۆشنبیرانە بینى و دەشبینین کە لەسەر کاغەزى رۆژنامەو گۆڤارەکان و کتێبەکان شەرە قسە دەکەن و جنێوو نیوە ناتۆرە بەیەکدى دەڵێن . زۆرمان هەیە لەوانەى کە لەبەر جیاوازى بیروباوەرى سیاسى شەڕى شەخسیان کەوتۆتە نێوان . روناکبیرى تەواو دەبێت لەسەرو دین و ئایدۆلۆژیا و
ئەمانە قەیرانى رۆشنبیرى کوردین ، رۆشنبیریەک کە تەنها خوێندنەوەى پەراوێزى کتێبەکانى رۆژاوایە و ترش و خوێ پیاکردنیەتى . رۆشنبیریەک کە پشت بەبینینى ئەوى تر دەبەستیت نەک بەئەزمونى زاتى خۆى .
خەتەرى رۆشنبیرى تەزویر ، واتە خەتەرى پێگەیشتنى بەناو رۆشنبیر زۆرە ، یەکێک لەوان خەتەرى زاتیە . “رۆشنبیرى عەوام” کە دەتوانم بلێم پێناسەى زۆرینەى رۆشنبیرەکانى ئێمەن کەسێکە دەکەوێتە ناو وەهمێکى زۆر فەوتێنەرەوە ، ئەویش وەهمى خۆ بەرۆشنبیر زانینە ، وەهمى ئەوەیە کە ئەم کەسێکە لەکاتێکدا هیچ کەسێک نیە، وەهمى ئەوەیە کە ئەم ئیدى خۆى لەخەڵک بە بەرزتر و سەروترو رۆشنبیرتر دەزانێت و ئەمەش یەکێکە لە نیشانە هەرە دیارەکانى کەسانى نەزان . سوقرات دەلێت “تەنها جیاوازى نێوان من و خەڵکى ئەسینا ئەوەیە کە من دەزانم کە نەزانم ، بەڵام ئەوان نازانن کە نەزانن” و ئەم هەستەش مرۆڤ پیر دەکات ، چونکە پیری هیچ نیە جگە لە خۆ بە زانا زانین و قەرار دان بۆ ئەوەى کە ئیتر بەسە . ئەم رۆشنبیرە عەوامانەش وا دەزانن کە دەزانن و نازانن کە نەزانن . دوەم خەتەرى رۆشنبیریى کوێر ئەوەیە کە خەڵکى چەواشە دەکات بەوەى کە دەیزانێت و هى خۆى نیە . بەوەى کە ئەو شتەى دەیلێت ناتوانێت لەژیانى واقیعدا بەرجەستەى بکات . بۆ نمونە سەیر نیە کە گەندەڵیەکى زۆر لەناو دەزگا بەناو رۆشنبیریەکانى ئێمەدا هەیەو خەڵکانێکى زۆر بەناوى گەورەوە موچە وەردەگرن ، ئێستا لەکوردستان رۆشنبیرى بۆتە جۆرێک لە مامەڵە بۆ خۆژیاندن . خەتەرە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەوان تەنها خۆیان بەئاقارێکى خراپدا نابەن ، بەڵکو ئەوان نەتەوەیەک دوچارى لەناوچون دەکەن . ئەوەى ئێستا لە زانکۆو پەیمانگەکان دەیبینى سەرەنجامى ئەو رۆشنبیریە کوێرەى ئێمە بو لە ساڵانى رابردودا کە هێشتا بەتەواوى بەرهەمەکەى نەگەییوە. لە زانکۆکانى کوردستان کە دەبێ گەورەترین مەڵبەندى زانین بن خوێندکاران زۆر بەکەمى دەخوێننەوە ،نەک هەر خوێندکاران بەڵکو مامۆستایان ، کتێبخانەکان چۆڵن ، زۆرترین ووردگەرى خوێندکار لەسەر مۆدێلاتى جل و بەرگە ، زۆرینەى کوران خۆیان دەخەنە بەر دیدەى کچان و زۆرینەى کچانیش موشتەرى و هاورێى کاتى خۆیان دەدۆزنەوە ، وەنەبێت کەسانى پێگەیشتوو خاوەن زانست نەبینى ، بەڵام لە راستیدا ژمارەى ئەمانە لە چەنجەى دەستەکان تێناپەرن . گەنجى کورد بێزارە لە مەعریفەو رۆشنبیرى راستەقینە و ناچاریشە پەنابەرێتە بەر مەعریفەیەکى پوچ و رۆشنبیریەکى خەیاڵى تا رزگارى ببێت لەو بەرپرسیاریە قوڵەى کە هەیەتى بەرامبەر مەعریفە . ئەو گەنجەى دەیەوێت لە کوردستان رۆشنبیرێکى راستەقینە بدۆزێتەوە دەبێت هەمیشە بەو ئاواتەوە بژى . هێشتا زۆر سەرەتاین ، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە رۆشنبیریى ئێمە وا خۆى پیشان دەدات کە لە لوتکەدایە .
ئەمەى باسم کرد تەنیا روکارى ئەخلاقى و دەرونى و فیکرى رۆشنبیرە نەک روکارە رۆحیەکەى کە قسەى زۆر زیاتر هەڵدەگرێ ، بەتایبەت لەگەڵ رۆشنبیرى کوردستان .
من ئامۆژگارى کەس ناکەم ، و خۆم پێ لەوان باشتر نیە و بانگەشەى ئەوە ناکەم کە رۆشنبیر یان روناکبیرم ، تەنها دەمەوێت ڕاى خۆم بڵێم بەوەى کە ڕوناکبیر کەسێکە گەشتبێتە هەقیقەت و گومانى لە ژیان نەمابێت و بەو هۆیەوە ئارام بوبێتەوەو سادەیى و سکونى بەدەست هێنابێت . بێگومان ئەم رۆشنبیرەیە کە دەتوانێ ئێمە رێنوێنى بکات بۆ ئارامى و ئاسودەیى و روناکى لە ژیاندا ، لەکاتێکدا مەبەست لە بونى ئەو هەمو هەوڵ و کۆششەى ژیان هیچ نیە تەنیا بۆ گەیشتن بەو ئارامى وئاسودەیى و سکون و روناکیە نەبێت .
رۆشنبیر “بودا” بوو ، رۆشنبیر “موحەمەد” بوو ، رۆشنبیر “عیسا” بوو ، رۆشنبیر “ماهاتما گاندى” بوو ، رۆشنبیر ” سوامى ساتیاناندا ” بوو ، رۆشنبیر “مەحوى” بوو ، ژیان لەسەر دەستى وەها روناکبیرانێکى وەکو “یۆگاناندا” و “سوامى ڤیشۆدهاناندا” و “سوامى مادهاڤاناندا” و “موسا” و “سوقرات” و “لاوتزۆ” و “کۆنفۆشیۆس” و “پرۆتاگۆراس” و “جاناکا” و “ئیکهارت” و “کانت”، شایەنى پراکتیزەیە نەک لەسەر دەستى کەسانێکى وەها کە ناوو نازناوى روناکبیر بەکاربێنن تەنیا لەبەرئەوەى نوسەرێکى باشن یان هۆنەر یان وتاربێژێکى بەتوانان . ڕوناکبیرى مەقامێکە مرۆڤى تێ دەکەوێت کە بەهیچ شێوەیەک لەرێگەى کتێب خوێندنەوەو زانستى وەرگیراوەوە (علم القال) مەیسەر نابێت ، بەڵکو مەقامێکى تەواو رۆحیەو لە ئەزمونى تاکە کەسیەوە سەرچاوە دەگرێ و دروست دەبێت ، خوێندنەوەى کتێب و گوێگرتن لەزانست تەنها رێخۆشکەرە بۆ ئەو رێگەیەى کە مەعریفەى ڕوناکبیرى لێوە دەگات . بەئومێدى ئەوەى هەموان رۆژێک لە ڕۆژان ڕوناک ببینەوەو بگەینە ئارامى و سکون و ڕوناکى هەتاهەتایى .
ماڵپهڕی دهروونناسی
www.derunnasy.com
لەهاوپۆلی: کهسێتی
« ڕهنگ و کاریگهرییهکانی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | توڕهبوون و مێشک »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

sarata dast xosh am bnabata jwanat li dakm hewadarm sar kaw twabet sarwat la baretanya jawrwane babate tre bariztm gartawnet aga darm bakarawa swpast dakam am adm 10 jaretr am babata bxinawa slawm wargra 09/03/08
Om
zor supas bo tow aziz kaka sarwat hiwadarm btwanm laregai am saita barezawa bbma khzmat kari kasani wak to w awanai ka haz ba wtni rastyakan dakan…
دةست خوشىت لى دةكةم كاك هاوبير بةراستى بابةتةكةت زور بر مانا و
بةسوود بوو هةرجةندة كةسانى لاى خومان وتنى راستييان زور بى ناخوشة
Taban khan slaw..
Zor supas bo to. wtni rasti agar chi ba dli hamu kas nya balam arki sar shani hamu yake la emaya , Mahatma Gandi tanha la regai khoshawisti w wtni rastyawa twani dawlati baritanyai gawra la hindstan bkata darawa. supas bo to. om