نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

خۆشه‌ویستی ئه‌ندریایی

شوبات 10, 2008

images-31.jpgخۆشەویستی ئەندریایی
نووسینی : د . سابیر بۆکانی
سه‌رۆکی به‌شی ڕاگه‌یاندن / کۆلیژی زانسته‌ مرۆییه‌کان
زانکۆی سلێمانی

خۆشەویستی پێکهاتەی کۆمەڵێک هەڵچوونەو لەکورتترین پێناسەیدا توانای بەخشینی بێ بەرانبەرە، مرۆڤ بەکردەوە ئەنجامی دەدات و بەقسە دەرنابڕرێت وناچێتە چوارچێوەیەکی بەرجەستەکراوی بیستراو یان خوێنراوەوە. ووتە و تەنانەت شیعریش، تەنها هێماو ئاماژەن بۆ ئەو هەستەئاگاییە و نابنە ئاوێنە بۆ دەرخستنی خودی هەستەکە. خۆشەویستی ڕوودەدات و ئەو ڕووداوەیە دەڕوێت و گەشە دەکات و گەورە دەبێت و دەگەشێتەوەو بەر دەگرێ، لەوانەشە لەقۆناغی پاش گەشەکردنیدا، بپوکێتەوەو بتوێتەوەو بمرێت وبێ بەر بێت.
خۆشەویستی بەهەموو کەسێک ناکرێت و هەموو کەسێک ناتوانێت بیبەخشێت، ئەوەی خۆشەویستی دەکات: دەبێ پێبەخشەراو بێت و بەخشندە بیت، ئەو کە پەسەندکراو نەبوو بێت یان نەبێت، پەسەندکردنی پێناکرێت. ئەو کەسەی لەئەزمونی خۆشی وناخۆشییەکانیدا هاوخەم وبەشداری نەبوو بێت، ناتوانێت بەشدارو هاوخەمی کەسانیتر بێت. ئەو دەکرێت لەسەرکەوتن و شکست و، هزرو ئاوات و ئارەزووی خۆشەویستەکەیدا بەجەستەو گیان لەگەڵیدا بێت ئەگەر پێشتر لەگەڵ ئەمدا، خۆشەویستێکی هاوهەست وهاوڕاز هەبوو بێت. لەخۆشەویستیدا هەموو شتێک بەژیانیشەوە، بێ بەرانبەر پێشکەش بەخۆشویستراو دەکرێت. دایک وباوک کە ژیانی خۆیان بۆ منداڵەکەیان تەرخان دەکەن، ئەوەیە خۆشەویستی ڕاستەقینە. چیرۆکی واقیعی ڕزگارکردنی ئەندریا( کچە ئیفلیجی سەرکورسی تەمەن یانزە ساڵ وقوربانیدان بەژیان لەپێناویدا، وانەیەکی خۆشەویستییە کە لێرەدا گرێی ڕاڤەکردنی چەمکی بەخشین و بەخشیندەییمان بۆ دەکاتەوە. خێزانی ئەم منداڵە کاتێک شەمەندەفەرەکەیان لەسەر پردی مەتهاو لەناوچەی بایۆی لویزیانا، دەکەوێتە ڕوبارێکەوەو ووردە ووردە ئاو دادەیانپۆشێت. دایک وباوکی ئەندریا هەریەکەیان زۆر بەئاسانی دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات بەڵام دەربازکردنی منداڵەکەیان دەخەنە پێش خۆیانەوەو، بەهەر زەحمەتء دژوارییەکەو هەرچۆنێکە لەپەنجەرەی شەمەندەفەرەکەوە منداڵەکەیان فڕێ دەدەنە دەرەوەو پۆلیسی فریاکەوتنیش دەیگرنەوەو دەیگەیەننە وشکایی. دواتر ڕێگەچارەیەک بۆ دەرباز بوونی دایک وباوکی ئەندریا نامێنێتەوەو لەگەڵ شەمەندەفەرەکەدا ژێر ئاو دەکەون و دەخنکێن. ئەمە بەخشندەیی و ژیان بەخشینە، ئەمە خۆشەویستییە، ئەم قوربانیدانە بەپاڵنەری خۆشەویستی نەبێت ئەنجام نادرێت و لێکدانەوەیەکیتر قبوڵ دەکات.
لەمانایەکی دیکەدا خۆشەویستی پەیوەندییەکی مرۆڤایەتی کەسێتییەو لەسەر بناغەی بەرانبەری و یەکسانی و ئازادی پێک دێت. ئێمە لەهەر شتێکدا جیاواز بین، لەخۆشەویستیدا یەکسانین، لەم پەیوەندییەدا پلەو پایەو بنەماڵەو خانەوادەو جیاوازی چینایەتی و ئایینی و نەتەوایەتی ئەم جیاوازییانە، لەڕوودان و دروستکردنیدا نەبڕیاردەرن و نەلەمپەر و هیچیان پێناکرێت.
هەموو جۆرێکی پەیوەندی مرۆڤایەتی پاڵنەرێک یان چەند پاڵنەرێکی لەپشتییەوەیە کە ڕەنگە داواکاریی جەستەیی یان دەروونی یان کۆمەڵایەتی تێر بکات. ئەو پەیوەندییەی بەشوناسی خۆشەویستی خۆی بەیان دەکاو لەپشتیەوە فشاری پاڵنەری سێکسی دەیبزوێنێ و ئاراستەی دەکات و هەر بەتەنها لەوێوە سەرچاوەی گرتووەو ئەو پاڵنەرەش هاوکات لەگەڵ پێوەرەکانی کۆمەڵدا یەکنەگرێتەوە، ئەمە خۆشەویستییەکی سروشتی نییە. ئەمە حەزەو کەفوکوڵی ئارەزووی سێکسییەو بەتێر کردن ودامرکانەوەی ئەو حەزو ئەو نائارامییە بایۆلۆژییە، هەموو شتێک کۆتایی پێدێت وبەتەواوەتی دەپوکێتەوە. ئەمە قوربانیدانی بەخودی لێ چاوەڕوان ناکرێت، خاوەنی ئەم حەزە لەهەر شێوەیەکدا دەریببڕێت، دەتوانین ناوی هەموو شتێکی لێبنێین جگە لەخۆشەویستی ڕاستەقینە.
ئەگەر لەکەسێکەوە خۆشی و شادیمان بۆ بێت و بەدوور کەوتنەوە لەکەسەکە، لەو شادییەش بێ بەش بین. یان بەبۆنەی کەسێکەوە لەخۆمان و ژیانمان ڕازی بین و هەست بەئاسوودەیی بکەین و شانازی بەچاکییەکانی خۆمانەوە بکەین و بەدابڕان لەو کەسەش، لەو هەستەش دابڕێین، واتا بەهۆی کەسێکیترەوە چێژ لەهەست و ئاگاییەکانیەکانی خۆمان وەربگرین وبەخۆشی ساتەکانی ژیان بگوزەرێنین، لێرەدا ئەمە خۆشویستنی خودە نەک خۆشەویستی بۆ کەسێکیتر، چونکە کەسی بەرانبەر سەرچاوەی خۆشی و ئاسوودەیمانە، نەک ئێمە خۆشی وئاسوودەیمان بۆ ئەو، دەستەبەر و فەراهەم کردبێت.
خۆشەویستی نێوان دوو ڕەگەز ڕەنگە لەیەکەم بینیندا چەکەرە بکات و سەرهەڵبدات وهەر لەسەرەتاوە هەردووکیان پێیان وابێت گونجاون و تاسەرو بێکێشە درێژە بەو خۆشەویستییە دەدەن، بەڵام ئەو دۆخە مەرج نییە وەها بگوزەرێ، چونکە بەیەکتر ناسینی زیاتر و بەبەشداریکردنی زۆرتر لەلایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەدا، ئەگەریی سەرهەڵدانی جیاوازی و ناکۆکی دێتە گۆڕێ و کە دواتر هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی گوڕوتینی خۆشەویستییەکەو بەرەو خامۆشی بوون دەیبات.

ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی
www.derunnasy.com

لەهاوپۆلی: که‌سێتی

بۆچوونەکان


« ئه‌لکهول و ماده‌ هۆشبه‌ره‌کانی تر / به‌شی دووه‌م | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | قوتابخانه‌ و ده‌روون دروستی »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional