یانوار 26, 2008
گەندەڵی و ویژدان
نووسینی : د . سابیر بۆکانی
سهرۆکی بهشی ڕاگهیاندن
کۆلیژی زانسته مرۆڤایهتیهکان
زانکۆی سلێمانی
گەندەڵی پەیوەندی بەنەزانین بێ ئاگایی و نزمی ئاستی زیرەکییەوە نییە، بەپێچەوانەوە ئاستێکی بەرزی وریایی و پلەیەکی زیرەکی سەروو مامناوەندیشی دەوێت تاکو بەسەرکەوتویی ئەنجام بدرێ، لەوەش زیاتر تا بەسیمای خزمەت بەبەرژەوەندی گشتی و وەک ئەرکێکی نیشتیمانی بخرێتەڕوو یان وەک چاکەکاریی، بەهاونیشتیمانیان بفرۆشرێتەوە. پەتای گەندەڵی وەک خەسڵەتێکی کەسێتی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەویژدانەوە هەیە.
هەموو کەسێکی ئاسای ویژدانی هەیە، تەنانەت دیکتاتۆرو دڕندەترین مرۆڤیش ویژدانی هەیەو بەپێی جۆری ویژدانەکەی، بەو کردەوەو ڕەفتارانە هەڵدەستێت کە ئاسوودەی دەکەن، ئیتر چەند کەس دەبێتە قوربانی ڕەفتارەکانی، ئەم ئاکامە نابێتە ئازارێکی دەروونی و ویژدانی، تا ناخی ئەم بجوڵێنێت. کێشەی ڕاستەقینە لەجۆری ویژدانەکەدایە کە چۆن خەمڵیوەو بەچ ئاراستەیەکدا دەڕوات و لەکوێدا دەوەستێت.
هیچ مرۆڤێک بەویژدانی دروست یان چەوتەوە لەدایک نابێت. ویژدان بۆخۆی ڕێکخستنی پرانسیپی ئاکاریی و منی باڵاو بەها مرۆڤایەتییەکانە لەپێوەرێکی پلەدار یان هەڵکشاودا، بۆ بیرکردنەوەو ڕەفتار کردن لەسەرجەم بوارەکانی ژیاندا، پشتی پێدەبەستین. سەرەتا لەقۆناغی منداڵیدا دروست دەبێت کە ڕاستەوخۆ ئاوێنەو پاشکۆی ویژدانی دایک و باوکە، پاشان لەقۆناغەکانی دواتردا لەگەڵ پێگەشتنی بیرکردنەوەی لۆژیکیدا، بەبوونی سەربەخۆیانەی خۆی دەگات. مرۆڤ وەک چۆن پێویستی بەمەشق و ڕاهێنان لەسەر بیرکردەوەی لۆژیکی سەربەخۆ هەیە، ئاواش پێویستی بەمەشق و ڕاهێنانی ویژدانی لەسەر ڕاستگۆیی و دەستپاکی هەیە تاکو بەبڕوای تەواوە نەک لەترسی دەسەڵاتێکی دەرەکی، پەیڕەوی بنەما ئاکارییەکان بکات و وابەستە بێت پێیانەوە.
ویژدانی ناگەندەڵ، لەژیان و ئەزموونی ڕاست و دروستی کەسێتیەوە دێتەبوون، لەگەشەپێدانی هەستی چێژوەرگتن لەجوانییەکانی ژیانەوە دەخوڵقێت، لەڕێکخستنی سۆزو هەڵچوونە واقیعییەکانەوە پەیدا دەبێت. لە بەشداری کردنی ڕاستەقینە لەخۆشی و ناخۆشی ئەوانیتردا چەکەرە دەکات و، بەتێکەڵ بوون و کارکردن و هاوسۆزیی بێنیاز، گەڵاڵە دەبێت و دەمەێێت و دواتر دەبێتە چاودێرێکی ناوەکی گوفتارو ڕەفتارەکانمان.
من کە ڕەنج و ماندوو بوونی ئەو خزمەتگوزارەی شەقامەکەم بۆ خاوێن دەکاتەوە، پێنەزانم و هەستی پێنەکەم، بیدەربەستانە پیسی دەکەمەوە. من کە چێژ لە جوانی شوێنە ڕازاوەکان وەرنەگرم و بێ زەوقبم، بێباکانە جوانییەکان ناشیرین دەکەم و دەیکەم بەکەلاوەیەکی وێران. من کە ڕێگەم پێنەدرابێت و پێنەدرێت، گوزارشت لەهەستو نەست و خۆشییەکانم، بەگۆرانی و مۆسیقاو سەماو بەهەر هونەرێکی جوانی دیکە، بکەم. ناتوانم و بەرگە ناگرم کە تۆ بەجوانی و مۆسیقاو تابلۆیەکی هونەری سەرسام و ئاسوودەو دڵخۆش بیت و لێت تێکدەدەم. من کە بەڕێگای لابەلای پڕ لەگومان، بووبم مامۆستای زانکۆ، ئەو مامۆستایە نیم مەعریفەم پێبێ و ناتوانم دادپەروەرانە مامەڵەی بابەتیانە لەگەڵ خوێندکارەکانمدا بکەم. من کە فەرمانبەرێکی باڵای ناشایستە بەپۆستەکەم بم، نەخۆم دەناسم و نەپۆستەکەم و، نەبۆشم دەبرێ بەڕێوە. من کە ئەفسەرێکی هەڵتۆقیوی بێ ئەزموونی ڕابردووبم، بۆ بەرزتر هەڵدەزنێم و مەرایی بۆ سەروو خۆم دەکەم و ئەوانەی خوارتریشمەوە دەچەوسێنمەوە. منێکی سیاسی کە ئەندامێکی باڵای پارتێکی گەورەم و لەپڕۆسەی سەنگەرگواستنەوەدا، یاسای(ئەندامی باڵای پارتێکی بچوک بیت باشترە لەوەی ئەندامێکی بچوکی پارتێکی گەورە بیت) ئەو فێڵە بەو پلەیەی گەیاندبم. یان کۆستە سیاسییەبم هەر شانازی بەڕیشی باووباپیرمەوە بکەم، منێک کتوپڕ بووبم بەسەرمایەداری ئەمڕۆ، کە تا دوێنێ ئێوارە هەر بەکولەمەرگی ژیابێتم. ئەم پێگەیشتن و دەرکەوتن و هەڵکشانە ناسروشتیانە، ئەم پلەو پایە بەرزو ناونیشانە مەزنانە کە خاوەنەکانیان بێ ماندوو بوون پێی گەشتوون و هەورازێکی ژیانیان نەبڕیوە بۆی، چین جگە لەگەندەڵی؟ گەندەڵی نەبن ئەدی چیترن؟
کە من لەکۆچپێکردنی زانکۆیەکدا، تاڵیم نەچەشتبێت و وەک غەرییبان لەدوور وڵات بەدوای فێربوون و خوێندندا باجی گەورەم نەدابێت و نەهامەتیم نەبینیبێت، لەئاوەدان کردنەوەی ئەو وێرانەیەشدا بەشدار نەبووبم، ئیدی چۆن بەدزینی پارەو پولی ئەو دەزگا زانستییە (گەر دەسەڵاتدار بم تیایدا) یان بەشکاندنی کورسییەک یان دەرگایەکی هۆڵێکی خوێندن (گەر خوێندکارێکی ئەوێ بم)، ئازار دەچێژم و وادەزانم ئەو زیانە بەر ماڵی خۆم یان موڵکی بابم کەوتووە.
ماڵپهڕی دهروونناسی
www.derunnasy.com
لەهاوپۆلی: کهسێتی
« دیمانهیهک لهگهڵ پزیشکی دهروونی د . دانیال سهعدی حامد | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | لهکاتێکدا پشوو دهدهیت دهرگای نائاگاییت دهکرێتهوه »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
