شه‌رم کردن، جۆره‌کانی و هه‌و‌ڵی زاڵبوون به‌سه‌ریدا

شه‌رم کردن، جۆره‌کانی و هەوڵی زاڵبوون بەسەریدا
کامەران چروستانی

باوکێک هەست بە شەرم دەکات چونکە کوڕەکەی لە یەکێک لە ئاهەنگەکانی قوتابخانەکەدا نەیتوانی بە تەواوی مۆسیقا لێ بدات، باوکێک شەرم دەکات، چونکە لەبەر نەبوونی ناتوانێت جلی گرانبەها بۆ منداڵەکەی بکڕێت، ئافرەتێک هەست بە شەرم دەکات، چونکە ئۆتۆمۆبیلێکی پۆلیس ڕایگرتووە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکات، کوڕێک هەست بە شەرم دەکات چونکە لە تاقیکردنەوەیەکدا هەڵەیەکی بێمانای کردووە.
شەرمکردن هەستێکی بەربڵاو و بنچینەیی ژیانی مرۆڤە لە سەرتاپای جیهاندا. هۆکارێکیشە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت خۆی لەگەڵ بنەما و ڕێبازەکانی کۆمەڵگادا بگونجێنێت. بە شێوەیەکی گشتیش شەرم بریتییە لە هەستکردن بە نەگونجاندنی هەستێک، وتەیەک، ڕەفتارێک یان مامەڵەیەک لەگەڵ دەوروبەر و کۆمەڵگادا. لەوانەشە هەندێک جار شەرمکردن ببێتە کێشەیەکی دەروونی لای هەندێک کەس.
هۆکارەکانی شەرمکردنیش زۆرن و قوتابخانە جیاووازەکانی دەروونناسی شیکردنەوەی جیاوازیان هەیە. بۆ نموونە سیگمۆند فرۆید باس لەوە دەکات کە شەرمکردن برتییە لە ئازارێکی دەروونی، کە بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێکدادانە دەروونییە شینەکراوە و چارەسەرنەکراوی قۆناغی منداڵی. بەڵام دەروونناسێکی وەک “مایکڵ لویس” بۆچوونێک و شیکردنەوەیەکی تری هەیە بۆ دیاردەکە، کە دەڵێت لە کاتی شەرمکردندا سەرتاپای مرۆڤ ئەبێت بە پارچەیەک لە “ڕەتکەرەوە”. هەموو شتێک تیایدا ئەوەستێت: مردوویەکە، سەری دادەخات و دەڕوات، دەیەوێت زەوی قوتی بدات. مایکڵ ئەوەش دووپاتە دەکاتەوە، کە نەزانین بۆ خۆڕزگارکردن لە شەرم و شەرمکردن پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دیادە نێرگزییەکانی کەسایەتیدا هەیە: “زیادەڕۆیی لە بەها و گرنگێتی خود، خەیاڵی بێسنوورێتی دەسەڵات، سەرکەوتن، جوانی و خۆشەویستییەکی بێوێنە”.
کێشەی نێوان هەڵپە و ویست بەداوی سەرکەوتن و دەرکەوتنی هەمیشەیی لە لایەک وە ترس لە کەوتن و دەرنەکەوتن هۆکارێکی گرنگە بۆ دەرکەوتنی دیاردەی شەرم لە مرۆڤدا، بە پێی وتە و بۆچوونەکانی مایکڵ. لە ناو کۆمەڵگادا کاتێک یەکێک لەو هەستە ئاستبەرزانە شکست دەهێنێت، ئەو کەسە هەست بە تێکشکانێک دەکات، کە ژیانی لەو ساتەدا لەسەر هێڵی کەسایەتی ئەو لایداوە. هەندێک جاریش شەرم خۆی بەرفراوان دەکات و دەگاتە ئاستی ڕق، توڕەیی، شەڕەنگێزیی، خەمۆکی و شیزۆفرینیا.
ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە کە ئێمە شەرم لە شەرمکردنمان نەکەین.
هۆکارێکی تری شەرم بریتییە لە شێوازی پەروەردە، کاتێک منداڵێک شتێکی هەڵە بەجێ دێنێت، جا سزا دەدرێت بە تووڕە بوون یاخود کێشانەوەی خۆشەویستی یان بایەخ لە منداڵەکە. کە شتێکی باشیش بەجێ دێنێت پێی دەڵێن: ئافەرین کوڕە جوانەکەم، ئافەرین کیژۆڵە نازدارەکەم. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەو منداڵە لەگەل گەورەبووندا هەموو سەرکەوتن و سەرنەکەوتنێک بە خودی خۆیەوە دەبەستێت و هەموو سەرنەکەوتنێک لە هەر هەنگاوێکدا بێت بە شکستێکی دادەنێت لە کەسایەتییدا.
کاریگەرێکی تری شەرم بریتییە لە جیاوازی نێوان پەروەردەی دوو ڕەگەزی مێر و نێیە، کە کوڕان زیاتر فێری کاروبار و چالاکییەکانی دەرەوەی خێزان دەکرێت . ئەمەش ئەزمونیکی زیاتری دەداتێ لە ژیاندا، بۆ ئەوەی لەگەڵ شکست و سەرکەوتندا زیاتر خۆی بگونجێنێت. بەڵام ئافرەت لە کاتی ڕەخنە و شکستدا زیاتر هەست بە تێکشکان و شەرم دەکەن.
بەڵام گەر پرسیارێک لە خۆمان بکەین: ئایا شەرمە کۆنەکانمان چییان لێ هاتووە، کاتێک لە پڕێکدا شەرمێکی کۆن سەرهەڵدەداتەوە، کە یەکێک پێمان دەڵێت بۆ نموونە:”شەرم بکە لە ڕەفتارت”. ئایا ئەو شەرم و شەرمەزارییانە کاریان لەسەر ژیان و کەسیاتیمان چەندە؟
هەروەک دکتۆر “ئودۆ بێر” ئەمە ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: شەرم هەستێکی تەندروست و باش و پێویستە، چونکە پاسەوانی سۆزەکانمانن و جگە لەوە هوشیارکەرەوەیەکە، کاتێک لە سنوورەکانی خۆمان یاخود کۆمەڵگا لابدەین. کۆمەڵناسی ئەڵمانی “ستێفان مارکۆس” ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە شەرمکردن یەکێکە لە یەکەین هەستەکانی مرۆڤ، کە لە سەرەتای ژیانیدا دەتوانێت دەرکی پێ بکات، کاتێک لە تەمەنی دوو ساڵییەوە ئەم هەستەی تیادا سەر هەڵدەدات. لە هەمان کاتدا باس لەوە دەکات، کە شتێکی هەڵەیە ئێمە شەرم بە سادەیی بگرین و تێپەڕین بەسەریدا، بەبێ ئەوەی ئاوڕێکی لێ بەینەوە، چونکە دەبێت سنووری شەرم بزانین و خۆمان لە شەرمی هەڵە یان زەرەرمەند بپارێزین. شەرم بالانسی پەیوەندییەکانمان ڕادەگرێت، تا چ سنوورێک بۆ پەیوەندییەکە خۆمان بکەینەوە. لە ژیانی سۆزداری و هەستەکانماندا شەرم دەمانپارێزێت لەوەی، کە هەندێک لەو خەسڵەتە نەویستراوانە دوورەپەرێز ڕابگرین و خۆمان باشتر بناسین و هەروها ڕێبازی ژیانی خۆمان بدۆزینەوە.
مرۆڤ دەبێت خۆی لە شەرمی هەڵە ڕزگار بکات:
شەرمکردن ڕێگەمان لێ دەگرێت، کە بنەما و پەیڕەوەکان پشت گوێ نەخەین و ناهێڵێت لە سنوورەکان دەربچین. بەڵام شەرمیش وەکو هەموو هەستەکانی تری مرۆڤ دەتوانرێت زیادەڕۆیی تیادا بکرێت و خراپ بەکاربهێنرێت وەک ئامرازێکی دەسەڵات و فشار. کاتێک شەرم لە سنوورە سەرەتاییەکانی خۆی دەردەچێت، لەوانەیە ببێتە کێشەیەکی دەروونیی و کۆمەڵایەتیی و کەسایەتی. کاتێک شەرمکردن دەبێتە پاڵنەرێک بۆ سەرنجدان و بەخۆداچوونەوە دەتوانین بە هەستێکی پۆزەتیڤ دایبنێین هەتا ئەو سنوورەی کە ناگاتە شەرمەزاریی، تەسککردنەوەی کەسایەتیی، دوورەپەرێزیی، نەهێشتنی سەربەستیی و دەرنەبڕینی خود. هەندێک جاریش شەرمکردن یاخود شەرمەزاریکردن هۆکارێکە بۆ سەرهەڵدانی هەستێکی نێگەتیڤانە لە مرۆڤدا هەتا دەگاتە ڕادەی فەنەتیزم وەک ئەوەی بڵێین شەرمەزارییە ئافرەت بچێتە دەری ماڵ بەبێ پیاوێک یان کەسێکی نزیکی. لێرەدا ئەو سنوور و شەرمەزاریکردنە زۆر لایەنی کەسایەتیی و ژیانی ئافرەتێک تەسک دەکاتەوە و هەستکردن بە شەرمەزاری دەرچونی ئافرەتێک فشارێکی ناڕەوا و هەڵە لەسەر ئەو ئافرەتە یان ئەو ئافرەتانە دەخوڵقێنێت.
ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە کە مرۆڤ بتوانێت کار لەگەڵ هەستەکانی خۆیدا بکات بە شێوەیەک بوار نەدات خودی خۆی تەسلیمی هەستەکانی بێت، هەرچەندە ئەم کارەش شتێکی ئاسایی نییە. بمانەوێت و نەمانەوێت هەستەکانمان هەندێک جار زاڵە بەسەر هزر و تێگەشتنماندا، بەڵام ئایا لە چ سنوورێکدا؟ هەر کاتێک شەرمکردن ڕێگەت لێ دەگرێت کە بە ئازادی بدوێیت و ڕاو بۆچوونەکانی خۆت دەرببڕیت، دەیەها پرسیار لە خۆت بکەیت بەر لە هەموو هەنگاوێکت، دوودڵ بیت هەمیشە لەوەی ئایا کاردانەوەی دەوروبەرت بۆ هەڵوێستێکت، خۆت لەژێر فشارێکی بەردەوامدا ببینیتەوە لە ناو کۆمەڵگادا: ئەوا بزانە کە ئەم شەرمکردنەت کارێکی نێگەتیڤانەی هەیە لەسەر ژیانت. جا ژیرییە گەر مرۆڤ ئاوڕێک لە خۆی بداتەوە و چۆن هەمیشە هەوڵی جوانکاری ڕووکەشی هەیە، بە هەمان شێوە هەوڵێکیش بۆ جوانکاریی دەروونی و هزری بدات.
شێوەکانی شەرمکردن و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا:
شەرمی گونجاندن: وەک ئەوەی بەرگێکی نەگونجاو بۆ کۆبوونەوەیەک یاخود ئاهەنگێک لەبەربکرێت. ئەو کەسە لەو کاتەدا هەست دەکات، کە شتێکی دەگمەن و زەقە لەناو ئەو کۆمەڵە خەڵکەدا. هەرچەندە ئەم هەستە زوو دەڕوات و لەگەڵ کاتدا دەشگۆڕێت. بۆ نموونە بەر لە دە ساڵ چەندەها مۆدیلی کوڕان و کچان بە دیاردەیەکی قبوڵنەکراو وەردەگیرا، بەڵام هەر لە ناو هەمان کۆمەڵگادا ئێستا شتێکی ئاساییە. یاخود لە سنووری کەسایەتیشدا چەندەها دیاردە هەن، کە بەر لە دە یان بیست ساڵ شتێکی قبوڵنەکراو بوون، بەڵام ئێستا کۆمەڵگاکە وەک بەشێک لە ژیانە ئاساییەیەکەی کۆمەڵگا دایدەنێت. زۆر گرنگە لەو کاتەدا مرۆڤ چۆن لە شتەکان دەڕوانێت، چۆن پێناسەی خۆی دەکات و پەیوەندییەکی واقیعییانە لە نێوان خۆی و ئەو هەستە نائارامەدا دەدۆزێتەوە. چونکە گەر باسی بەرگێک بکەین بۆ نموونە، ئەوا کەسایەتی مرۆڤ هەموو کاتێک بە بەرگ و ڕووکەشەکەیەوە نەبەستراوەتەوە و گەر هەڵەیەکیش ڕووبدات، ئەوا با بە کارەساتی دانەنێین.
شەرمی ویژدان: وەک ئەوەی کەسێک هەست بە شەرم بکات کاتێک نهێنی کەسێکی لای کەسێکی تر درکاندووە یاخود بووەتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکی نێوان دوو خۆشەویست. شتێکی سوودبەخشە، گەر مرۆڤ بەر لەو مامەڵە و ڕەفتارانە لەخۆی بپرسێتەوە و بەر لە بەجێهێنانیان هەست بە شەرم بکات، بەڵام گەر ئەمەش ڕووی نەدا، ئەوا شەرمی ویژدان هەمیشە وانەیەکە لە ژیانی مرۆڤدا بۆ ئەوەی ئەو هەڵەیە دووبارە نەکاتەوە یاخود هەلێک بڕەخسێنێت بۆ لێبووردن و گفتوگۆ. بەڵام ئەو پرسیارەش دێتە پێشەوە، ئایا هەندێک جار شەرم یاخود خۆبەزلزانین ڕێگەمان لێ ناگرێت بۆ ئەوەی خۆمان لە شەرمی ویژدان ڕزگار بکەین و دەروونمان پاک بکەینەوە لەو ئاڵۆزییەی، کە دووچاری بووە؟
شەرمی خۆشەویستیی و سێکس: ئەم جۆرە شەرمە بە زۆر شێواز خۆی دەردەخات و لەگەڵ ڕەوتی پەیوەندیی و تەمەننیشدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت. ئەم شێوازە دوو لایەنی هەیە. لایەنە پۆزەتیڤەکەی ئەوەیە، کە تاکی کۆمەڵگا لە ناو هەندێک بنەما و سنووردا دەهێڵێتەوە، کە ئەگەرچی هەمووشیان ڕاست نەبن، بەڵام زۆربەیان خەسڵەتێکی مرۆڤانەن و سوودی بۆ تاک، خێزان و کۆمەڵگا هەیە. هەروەک دەڵێن:” جەستە و سۆز و هەستم موڵکی خۆمە و پێویست ناکات بیکەم بە پیشانگا بۆ هەموو کەسێک”. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم جۆرە شەرمە هەندێک جار دەبێتە ڕێگرێک و بەڵکو تێکدەرێکیش لە ناو پەیوەندییە مرۆییەکاندا. جا نەک تەنها لە سنووری شەرمی خود دەربڕین لە نێوان دوو کەسی تازە بەیەکگەشتوو، بەڵکو هەندێک جار درێژە دەکێشێت کە یەکێک لە هاوسەرەکان هەمیشە شەرم دەکات کە سەربەستی بە خۆی بدات ویست و ئارەزووە جەستەیی و سۆزدارییەکانی خۆی دەرببڕێت. ئا لێرەدا ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە و زۆربەی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان پێوەی دەناڵێنن. چارەسەر بۆ ئەم شێوازە شەرمە بریتییە لە کارکردنێکی چڕ و پتەو لەگەل خوددا لە زۆر لایەنەوە، کە یارمەتیدەر بن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو هەستە نێگەتیڤەی ئەو کەسەدا.
شەرمکرنی بەزەیی: کاتێک کەسێکی پیر دەبینیت سواڵت لێ دەکات بۆ یارمەتی. لێرەدا مرۆڤ هەست بە شەرمێک دەکات، کە بناغەکەی لە بەزەییەوە دەردەچێت. بەڵکو هەندێک جار دەگاتە ئاستی ئەوەی کە مرۆڤ خۆی بە گوناهبار دابنێت لە دیاردەیەکدا، کە هیچ گوناهێکیشی تیادا نییە. شەرمی بەزەیی هەمیشە پۆزەتیڤا، چونکە پاڵنەرێکە بۆ یارمەتی و تێڕوانینێکی مرۆڤانە و هەستکردن بە بەرامبەر هەروەک دەڵێن “لە ناو هەستەکانی کەسێکی تردا بژی”، لە هەمان کاتدا مرۆڤ دوور ئەخاتەوە لە گوێ پێ نەدان و لەبیرکردن. بەبێ ئەم جۆرە شەرمە ئەم زەمینەی ئێمە هەرگیز بەم شێوازەی ئێستا نەدەبوو، بەڵکو جیهانێک دەبوو لە شەڕەنگێزیی و نامۆراڵیی. هەموو ئەو کۆمەکەی لە کۆنسێرتێکدا بۆ لێقەوماوان کۆدەکرێتەوە و هەموو ئەو دەستانەی درێژ دەکرێن بۆ یارمەتی کەسێکی تر، بناغەکەی لە نەستی ئەو کەسەدا دەگەڕێتەوە بۆ شەرمی بەزەیی.
شەرمی بێگانە: لەگەڵ کەسێکدا دانیشتوویت لە کافتیریایەکی زۆر هێمندا، بەڵام هاوڕێکەت بێسنوور بە دەنگی بەرز قسە دەکات. لێرەدا شەرمەکە دوو هۆاکری دەبێت ئەویش بێبنەمایی مامەڵەی هاوڕێکەت لە ناو خەڵکەکەدا، دووهەم کە خۆت و هاوڕێکەشت بوون بە بنکەی تێڕوانینی دەوروبەرتان. جا مرۆڤ لێرەدا شەرمی ڕەفتاری کەسەکەی بەرامبەری دەخاتە سەر شانی خۆی و هەست بەو هەڵەیە دەکات، کە بەرامبەرەکەی هەستی پێ ناکات. یاخود جاری وا هەیە، کە وتەیەک یان ڕەفتارێک لە کەسێکی نزیکتەوە دەبێتە هۆی هەستکردن بە شەرمەزارییەک و بەڵکو هەندێک جار دەگاتە ئەوەی مرۆڤ بیەوێت زەوی قوتی بدات. یەکێک لە باشترین چارەسەرەکان بۆ ڕزگاربوون لە شەرمەزاریی ئەوەیە، کە هەوڵ بدەیت ئەو جۆرە بارودۆخانە بە شتێکی پێکەنیناوی و هەزەلیی بگریتە بەر و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بدەیت دوور بیت لە توڕەیی، چونکە خودی تووڕەبوونەکەت دەبێتە هۆی زیادکردنی هەستی شەرمەکەت و لەوانەیە کە ئەنجامی زۆر قورستر بە دوای خۆیدا ڕابکێشێت.

تشرینی یه‌كه‌م 19, 2010

سەرنجەکان

٤ وەڵام بۆ “شه‌رم کردن، جۆره‌کانی و هه‌و‌ڵی زاڵبوون به‌سه‌ریدا”
  1. له‌نیا فەرمووی:

    ده‌سته‌کانت خۆش بێت به‌رێز کاک کامه‌ران چروستانی سه‌رکه‌وت و بیت
    بابه‌ته‌که‌ت زۆر جوان پڕ زانیاری و ووردو ڕیزبه‌ند بوو ، هیوای به‌رده‌وامی و سه‌رکه‌وتن بۆ ئه‌خوازم
    ئه‌م دێره‌ نوسینه‌م بیر هاته‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌رم که‌ ده‌ڵێت {شه‌رم که‌وایه‌کی ئاو دامانه‌و رووتی خۆمانی تیا ئه‌شارینه‌وه‌ .که‌چی
    فه‌قیانه‌که‌ی له‌ غه‌یبوبه‌یه‌ک دا توند ئه‌مان خنکێنێت } دوباره‌ ده‌ست و په‌نجه‌ت ره‌نگین بێت

  2. ata karim فەرمووی:

    dastakantxosh bram barasty nwsin labwary darwn nasida zor grnga
    dakre emelakat bnerit?

  3. hezha فەرمووی:

    dast xosh bo aw babta
    badaxwa la naw komlgay kurde zor sht haya ka wat le akat sharm bkayt ,har awsha ka dast pe krdny zhyan la shwenky tr la darway kurdstan handek jar bo kanje kurd ,mandoman akat ta la sar fer bben,labr away la hamo jeyak snor da nrawa bo man wa ka zhyan darwa abenen aw azadya zora wa layak tegshtn haya la newn kaskan
    hewdarm komlgay kurde kasy roshnbere zyatr teda darkwet ,la hech komlgayke ka kamtr nen ta darkwen la jehan wak wlate peshkwtu

  4. hama فەرمووی:

    dastxosh zor rasta