كانونی یه‌كه‌م 25, 2007
![]()
نووسینی : ڕوخۆش غه‌ریب
دکتۆرا ده‌روونناسی
هۆڵه‌نده
زیره‌کی سۆزداری چه‌مکێکی نوێیه له‌م سه‌رده‌مه‌دا ، ئه‌م چه‌مکه کاریگه‌ریه‌کی به‌رچاو و گرنگی هه‌یه له‌سه‌ر شێوازه‌کانی په‌یوه‌ندی و هه‌ڵچوونه‌کانی هه‌موو تاکێک . ئه‌و هاوکاریه به‌رده‌وامه‌ی له‌نێوان بیر و هه‌ست یان له‌نێوان عه‌قڵ و دڵدا هه‌یه گرنگی ڕۆڵی ( سۆز )مان بۆ ده‌رده‌خات له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه جا له‌وه‌رگرتنی بڕیاری ژیرانه‌دا بێت یان له بیرکردنه‌وه‌ی ڕوون و ئاشکرادا . که‌واته ئه‌گه‌ر ڕه‌چاوی به‌هێزکردنی سۆزمان نه‌کرد ئه‌وا توانای بیرکردنه‌وه‌مان به‌شێوه‌یه‌کی دروست لێ ئه‌شێوێنێت و ڕێگر ده‌بێت له گه‌یشتن به بڕیاره دروسته‌کان .
ئه‌و که‌سه‌ی کێشه‌ی تێکچوونی سۆزه‌کانی هه‌یه و هاوسه‌نگی سۆزداری له‌ده‌ست دابێت هه‌رچه‌نده له‌ئاستێکی زیره‌کی به‌رزیشدا بێت ناتوانێت زاڵ بێت له‌سه‌ر سۆزه‌کانی و جڵه‌ویان بگرێته ده‌ست ، بۆیه که‌سێکی ئاوه‌ها ڕه‌نگه ڕوو بکاته به‌کارهێنانی ئه‌لکهول و ماده سڕکه‌ره‌کان یاخود ببێته پاڵنه‌رێک بۆ ئه‌نجامدانی تاوان ، چونکه ژیری سۆزداری به‌ته‌واوی دابڕاوه له زیره‌کی و ئه‌و بوارانه‌ی ئه‌که‌وێته ژێر تاقیکردنه‌وه‌ی کاتی ئاستی زیره‌کی . له‌به‌رئه‌وه‌ی ژیریی سۆزداری زاڵه له‌سه‌ر تووڕه‌بوون و وه‌ڵامدانه‌وه ، که‌واته ده‌بێت ڕه‌چاوی ڕۆڵ و گرنگی سۆزه‌کان بکه‌ین له وه‌رگرتنی بڕیاردان که پشت به بیرکردنه‌وه و عه‌قڵانیه‌ت ده‌به‌ستێت ، توانای سۆزداری که له‌ژیانه‌وه فێری بووین ڕێنماییمان ئه‌کات له وه‌رگرتنی بڕیار و هه‌ڵبژاردنی ڕێگه‌کان ، هه‌ربۆیه ژیریی سۆزداری هه‌روه‌ک ژیریی فیکری کاری خۆی هه‌یه له دادپه‌روه‌ری ژیریدا .
ئێمه‌ی مرۆڤ خاوه‌نی دووجۆری جیاوازین له زیره‌کی ، زیره‌کی سۆزی و زیره‌کی ژیری . له‌چۆنێتی هه‌ڵسوکه‌وتمان له‌ژیاندا هه‌ردوو جۆره‌که بڕیاڕ ئه‌ده‌ن نه‌ک به‌ته‌نها زیره‌کی ژیری به‌ڵکو زیره‌کی سۆزداری ڕۆڵی گرنگتری هه‌یه . توانای ژیری به‌ته‌نها و دوور له زیره‌کی سۆزداری ناتوانێت کار بکات. هه‌موو به‌شه‌کانی ده‌ماخ به‌یه‌که‌وه هاوبه‌شی سه‌ره‌کین له ژیانی هزرییدا ، کاتێک هه‌موو به‌یه‌که‌وه کارلێک ئه‌که‌ن هه‌ستی زیره‌کی سۆزداری به‌رز ئه‌که‌نه‌وه به‌هه‌مان شێوه‌ش ئاستی توانای عه‌قڵی . پێویسته له‌سه‌رمان پێکه‌وه گونجاندن و هاوسۆزی له‌نێوان عه‌قڵ و سۆزدا بدۆزینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سه‌رکه‌وتووبین له‌م پرۆسه‌یه‌دا پێویسته یه‌که‌مجار به‌ڕوونی تێبگه‌ین مه‌به‌ست چیه له ژیرانه به‌کارهێنانی سۆزه‌کانمان ، ژیانی سۆزداری بواری خۆی و ئه‌رکی خۆی هه‌یه و پێویستی به کۆمه‌ڵێک کارامه‌یی هه‌یه بۆ به‌کارهێنانی و سوود لێوه‌رگرتنی . هه‌رچه‌نده تاک ده‌وڵه‌مه‌ند بێت له‌بواری کارامه‌ییه‌کانیدا هێنده به‌توانا ئه‌بێت له‌تێگه‌یشتن له‌و هۆکارانه‌ی له‌پێناویدا که‌سێک گه‌شه ئه‌کات له‌ژیاندا و سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت . زانای ده‌روونناس ( ثوراندیک ) ده‌ڵێت ژیری کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کێکه له ڕووکاره‌کانی ژیری سۆزداری و توانای تێگه‌یشتنه له‌که‌سانی تر و هه‌ڵسوکه‌وتی دانایانه له‌په‌یوه‌ندیه مرۆییه‌کان که‌یه‌کێکه له‌لایه‌نه پێکهێنه‌ره‌کانی ژیری که‌سایه‌تی. بۆیه ئه‌بینین که زیره‌کی ئاکادیمی هه‌ندێ جار مرۆڤ چه‌واشه ده‌کات ، وه مه‌رج نیه ئه‌و که‌سانه‌ی خاوه‌نی زیره‌کی ئاکادیمین بتوانن ببنه پێشه‌واو و سه‌رکرده‌ی سه‌رکه‌وتوو .
سه‌رکه‌وتنمان له‌ژیانی ڕۆژانه‌ماندا ته‌نها ( 20% ) ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاستی زیره‌کی ، هێنده زۆره‌که‌ی ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆکاری تر ، ئه‌وانیش ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ن که ده‌رئه‌نجام زیره‌کی سۆزداری پێکده‌هێنن ، که ئه‌مانه‌ن :
1- توانای تاک بۆ هاندانی خود ، واته ئاڕاسته‌کردنی سۆزه‌کان له‌خزمه‌تی ئامانجێکدا .
2- توانای تاک بۆ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی قورساییه‌کان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شکسته‌کان ، وه زاڵبوون له‌سه‌ر هه‌ڵچوونه‌کان به‌مانای دواخستنی پاڵنه‌ره چه‌پێندراوه‌کان ( الدوافع المکبوتة ) . بۆیه ئه‌بینرێت ئه‌و که‌سانه‌ی خاوه‌نی ئه‌م لێهاتووییه سۆزداریانه‌ن له‌ئاستێکی به‌رزی کار ئه‌نجامداندان.
3- به‌ڕێوه‌بردنی سۆزه‌کان واته مامه‌ڵه کردن له‌گه‌ڵ هه‌ست و نه‌ست تا گونجاو بێت بۆ بنیاتنانی هۆشیاری ده‌رباره‌ی خود و ڕزگاربوون له دڵه‌ڕاوکێ و خێرایی له ڕاوێژکردن . ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی ئه‌م کارامه‌ییانه‌ن ئه‌توانن زوو به‌خێرایی له که‌وتن و نشووستیه‌کانی ژیان هه‌ستنه‌وه .
4- توانای تاک له‌ناسینی سۆزه‌کانی خۆی چونکه خود ناسی و ناسینی هه‌ر هه‌ستێک له‌کاتی ڕوودانیدا به‌ردی بناغه‌ی زیره‌کی سۆزداریه ، توانای پێکاندنی هه‌ست و نه‌سته له‌ساتێکه‌وه بۆ ساتێکی تر ئه‌مه‌ش هۆکارێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه له ڕوانگه‌ی سایکۆلۆژیاوه . ئه‌و که‌سانه‌ی که باوه‌ڕیان به‌خۆیان هه‌یه وادائه‌نرێن که باشترین شێوه ژیان ئه‌ژین چونکه خاوه‌نی هه‌ستێکی به‌بڕوان له‌هه‌موو بڕیار و هه‌ڵبژاردنێکدا .
5- توانای تاک له‌ناسینی سۆزه‌کانی که‌سانی تر ، ئه‌م توانایه له‌سه‌ر بناغه‌ی هۆشیاری ده‌رباره‌ی هه‌ڵچوونه‌کان داده‌مه‌زرێت . ئه‌میش کارامه‌ییه‌کی گه‌وهه‌ریانه‌ی مرۆڤه . ئه‌و که‌سانه‌ی خاوه‌نی ئه‌م توانایه‌ن زۆر به‌هێزن له‌وه‌رگرتنی ئه‌و ئاماژه کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن که‌سانێک هه‌ن پێویستیان به‌یارمه‌تی ئه‌مانه .
6- توانای تاک له‌ڕێنمایی کردنی په‌یوه‌ندیه مرۆییه‌کان ، هونه‌ری په‌یوه‌ندی له‌نێوان مرۆڤه‌کاندا هونه‌رێکه زۆربه‌ی لێهاتوویی که‌سانی تره .
7- توانای تاک له‌ئیشکردن به جیدی و تێکۆشان به‌مه‌زاژێکی ڕێکخراوه‌وه که‌نه‌یه‌ڵێت بکه‌وێته ژێر کاریگه‌ری هیچ حه‌ز و خواستێکی کاتی و نه‌هێڵێت ماندووێتی و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌کان ببنه ئاسته‌نگ له‌نێوان توانای بیرکردنه‌وه و هێوری له‌کاره‌کاندا . بۆیه ئه‌و که‌سانه‌ی خاوه‌نی خۆشه‌ویستین له‌هه‌مان کاتدا خاوه‌نی هیوان .
بێگومان جیاوازی له‌توانای تاکه‌کاندا له‌و کایانه‌ی ئاماژه‌یان پێدرا شتێکی سروشتیه ، له‌وانه‌یه هه‌نێکیان زیره‌کتر بن له‌چاره‌سه‌رکردنی حاڵه‌تێکی وه‌ک دڵه‌ڕاوکێ . توانای سۆزداری هۆکاری توانا و نه‌خشاندنی سنووری تواناکانمانه هه‌روه‌ها ڕۆڵی خۆی ده‌گێڕێت له به‌گه‌ڕخستنی ئه‌و لێهاتوویانه‌ی که‌ئێمه هه‌مانه ، هه‌روه‌ک چۆن زیره‌کی سۆزداری ڕێگای زیاترمان پێده‌به‌خشێت بۆ سه‌رکه‌وتنمان له‌بواره جیاجیاکانی ژیانماندا .
به‌ڵگه‌کان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن که ئه‌و که‌سه‌ی خاوه‌نی زیره‌کی سۆزداریه په‌ی به‌ڕاستی هه‌ست و نه‌ستی خۆی ده‌بات و به‌شێوه‌یه‌کی گونجاو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کات ، هه‌روه‌ها ئه‌توانێت له‌هه‌ستی که‌سانی تردا بژێت و تێ‌یان بگات ، هه‌میشه ڕازیه له کیانی خۆی و قایله له‌وه‌ی به‌ده‌ستی هێناوه و پێیگه‌یشتووه . هه‌رکه‌سێکیش توانای هاوسه‌نگی له‌ژیانی سۆزداریدا له‌ده‌ستدابێت ئه‌وا له ململانێیه‌کی ناوه‌کیدا ئه‌ژی به‌شێوه‌یه‌ک هه‌موو تواناکانی بۆ به‌ده‌ست هێنانی هه‌ر ئیشێک بێت لاوازه و پێویستی به ته‌رکیز یان بیرکردنه‌وه و هزرێکی ڕوون ده‌بێت .
لەهاوپۆلی: که‌سێتی
« هۆکاره‌کانی توشبوونی مناڵ به کێشه ده‌روونیه‌کان / به‌شی یه‌که‌م | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ته‌نگژه‌ی ده‌روونی »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

ده سته كانت خؤش -سودى زؤر بو
هيوام وايه به رده وام بيت
خواى كه وره بت باريزيت
FARHANG له سليمانى
Am katat bash,
Dwaye slaw u 7ormat hamisha daliem har kas dahinane taza bikat dasti xosh biett , Xatu Roxosh , tosh hamisha sarkatu tu biett law bwarada pem waya emaye kurd pewestman zor bam bwarie bareztan haya chunka hishta zorman mawa la bawre darunn nasie te bigeinn , hewa xwazm be bashman nakeit la nusinakant dasttkanit xosh , baxtawar bien,