کردار … کردار … کردار
كردار… كردار… كردار
بهشی یهکهم
د . فازیل جاف
ڕاوێژکار له وهزارهتی وهرزش و لاوانی
حکومهتی ههرێمی کوردستان
چەند گرامێك پراكتیك ئەوەندەی تەنێك تیۆری گرنگە (فریدریك ئێنگلز)
گەنجێك لە ڕیژیسیۆری بەناوبانگی بەریتانی، پیتەر برووكی پرسی: بەڕای ئێوە باشترین ڕێگا چییە بۆ كەسێك بیەوێت ببێت بە ڕیژیسیۆر؟ برووك لە وەڵامدا گووتی: ئەوەیە دەست بە كاری دەرهێنان بكەیت بۆ شانۆ.. ئەوەیە كە خۆت باوەڕ بێنی بەخۆت كە ڕیژیسیۆریت و پاشان باوەڕ بە خەڵك و دەوروبەر بهێنیت كەڕیژیسیۆریت.
ئەم بۆچوونە سەد لەسەد تەواوە، دیارە من نامەوێت له ِڕۆڵ و بایەخی كۆلیجەكانی شانۆ و دراما كەم بكەمەوە، هەر نەبێت لەبەر ئەوەی خۆم وەكو مامۆستا، لەو بوارەدا كار دەكەم، بەڵام بێگومان بە، كە كۆلیج وزانكۆ و پەیمانگە ناتوانێت كەسێكی بێ بەهرە و بێ توانا بكات بە هونەرمەند.
ئەو كەسەی دەرفەتی خوێندن وفێربوونی بۆ هەڵدەكەوێت، دەبێت بەباشترین شێوە بیقۆزێتەوە و سوودی لێ ببینێت، خۆ ئەگەر بەهرهدار بێت وئاڵودەی هونەر بێت، ئەوە هەر مەپرسە، هونەرمەندێكی گەلێ زەریفی لێ دەردەچێت. بەڵام هەرچەندە بخوێنێت و بەتێوری خۆی جۆش بدات، بەبێ كردار، نابێت بە ڕیژیسیۆر. تەنیا لە كرداردا و بە كردار پێش دەكەوێت و پەرە دەستێنێت.
تەنیا لە كرداردا بەهرەی هونەرمەند دەسەلمێندرێت، تەنیا لە كرداریشدا خود و كەرەستە و تەكنیكی هونەرمەندەكە گەشە دەكات.
ئەمە هەموو مرۆڤێكی داهێنەر دەگرێتەوە، هەر مرۆڤێك بیەوێت ئەنجامێكی نایاب و تایبەت بە خۆی بهدی بهێنێت.
بە شێوەیەكی باش بیكە، لەوە باشترە بە شێوەیەكی باش قسەی لێوە بكەیت
(گووتەیەكی بە ناوبانگی فرانكلین بینامینە)
هەموومان دەزانین قسەكردن باجی لەسەر نییە و گەلێك ئاسانە، بەڵام كردار زمانی خەڵكی ڕاستەقینەیە لە داهێنان وئەفراندا، هەر لە بەر ئەوەیشە ژمارەی ڕیژیسیۆرانی چەنەباز، بە بەراوورد لە گەڵ ئەوانەی كە بە فیعلی كار دەكەن گەلێك زۆرە.
بتەوێت شتێك بكەیت و ئەنجامی لێ بكەوێتەوە، ئەگەر لەخەڵكی ئینگلیز بپرسیت، زۆر جار وەڵامت دەدەنەوە: بیكە وتەواو..
Just do it
دەست پێبكەم یان نا؟
دەست پێبكەم یان نا؟ چی بڕیاردەرە؟
جۆزێف كامپبێلی پسپۆر لە میتۆلۆجیادا دەڵێت: تەنیا دوای تاسەی خۆت بكەوە. واتە دوای سۆزی دڵت بكەوە.
پلەی حەماسەت و دڵگەرمیی خۆت تاكە پێوەرە بۆ دەستبەكاربوون وبەردەوام بوونت، پاشانیش بۆ گەیشتن بە ئاكام.
سەرنجت بۆ ئەوە ڕادەكێشم كە دەڵێم بۆ گەیشتن بە ئاكام، ناڵێم بۆ سەركەوتن، چونكە هەموو ئاكامێك كە پێی بگەیت و دەرئەنجامێك بۆت بسەلمێت، ئەوە خۆی لەخۆیدا ئاكامێكی باشە، گرنگ نییە سەركەوتن بێت یان نوشستی. سەركەوتن لەوەدایە ئەو كارە بكەیت و ئەنجام بەدەست بێنیت. ئەنجام یان سەركەوتنە یان نوشستی.
بە پێچەوانەوە هەندێك نوشستی هەن لەسەركەوتن گرنگترن، چونكە دەرس و پەند ومانای گەوەرەی لە دوادایە.
گەلێگ گرینگە لەنوشستی نەترسین، چونكە ئەوەی لەنوشستیدا فێری دەبین، لەسەركەوتندا فێری نابین، بە پێچەوانەوە سەركەوتن ئەگەر گۆڕان و ئەزموونی نوێی بە دوادا نەیەت، تەمبەڵ وسستمان دەكات و روحی مەترسی وتەمبەڵی وئیسراحەتمان لا دروست دەكات. ئاسوودەیی و مسۆگەری ژیانمان بۆ زامن دەكڕت… ئەمەیش خۆی لە خۆیدا مرۆڤ بەرەو دەبەنگی و گەلۆری وخەمساردی دەبات. چونكە ڕێچكەی نوێ و ئەزموونی نۆی و تاقیكردنەوەی نوێیان بە لاوە موجازەفەیە.
بەڵام… نوشستی واتە لە موجازەفە نەترسان
زۆربەی ئەوانەی كە نوشستیەكانیان مەزنە خۆیشیان لە مێژوودا وەكو مەزن ناو دەبرێن.
مییرهولد، ڕیژیسیۆری گەورەی ئەم جیهانە، دەڵێت من ئەوەندە شانازی بەنوشستییەكانمەوە دەكەم، ئەوەندە شانازی بە سەركەوتنەكانمەوە ناكەم.
لە ڕاستیشدا، ئەو گوزارشتە گەلێک ڕاستە چونكە ئەو داهێنانەی كە لەكاتی خۆیدا لە ڕەوتی هونەری مییرهولدا بە وێستگەی فەشەل لە قەڵەم دراون، ئێستا لەمێژووی شانۆی مۆدێرندا، بەشۆڕشێكی ئەزموونگەرییانەی شانۆی مۆدێرن و رێخۆشكەر بۆ شانۆی پۆست مۆدێرن دادەنرێن.
ئەی پاش كردار؟
ئەمە ئەوەیە كە من دەمویست بیكەم؟
دەكرێت ئەم پرسیارە وەكو ڕاهێنڕنێكی ساكار بەكاربهێنیت. هەوڵ بدە پاش هەموو كردارێك ئەم پرسیارە لەخۆت بكەیت، تۆ بڵێی بە ڕاستی ئەمە ئەوەیە كە من دەمویست بە ئەنجامی بگەیهنم؟ یان ئەمە كارێك نییە كەمن دەیكەم تەنیا لەبەر ئەوەی لەسەری ڕاهاتووم و بە ئاسانیی ئەنجامی دەدەم؟ ئەم كارەم بۆ خۆم و لە بەر سۆز و خۆشەویستیم بۆ كارەكە كرد؟ یان بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵك ڕابكێشم و لەبەر ڕای خەڵك و دڵڕاگرتنی كەسانێك كارەكەم كرد؟ بە چ مەبەستێك ئەم كارەم كرد؟ چەند بەم كارەم شاد و ئاسوودە بووم؟
لە دیالۆگەكاندا لەگەڵ خۆتدا، كە ئەم پرسیارانە لەخۆت دەكەیت تادێت پتر لە ڕەسەنایەتی و تایبەتمەندی خۆت نزیك دەبیتەوە وكارەكانیشت هەمان مۆرك و تایبەتمەندی خۆتی پێوە دیار دەبێت و لەخانەی كاری ڕۆژانە دەردەچێت و دەچێتە خانەی داهێنان.
ئامانجی بەرزی بوونت:
تۆ كە ئەم پرسیارانە ئاراستەی خۆت دەكەیت، وەڵامەكانت چەند لەگەڵ خواست و پەیامەكانی ناوەوەتدا بگونجێن و ڕاستگۆیانەبن وەڵامیان ئەوەندە لەئامانجی بەرزی بوونت نزیك دەبیتەوە.
ئامانجی بەرزی بوونت هەر ئەوە نییە بۆ خۆت بژیت و ڕۆژێك بێت ئەم جیهانە بەجێ بهێڵیت وبڕۆیت، بێ بەشداریكردنی كاریگەر، بێ ڕۆڵ و وەكو كۆمبارسێكی لەبیركراو.
ئەمانجی بەرزی بوونت ئەو هزرە گەورەیەیە كە تۆ بەم گەردوونە بەرینەوە دەبەستێتەوە، ئەو مەبەست و هزرەیە كەجیهانبینیهكی فراوانت پێ دەبەخشێت، مانای بوونت بۆ ساغ دەكاتەوە، ئەمجا بۆت دەردەكەوێت كە بوونت و ئەم جیهانەی تێیدا دەژیت ئەوەند بچووك نییە، كە لە چەند داخوازی و پێداویستیەكی ڕۆژانە تێپەڕ نەكات.
ئامانجی بەرزی ژیان هانت دەدات بەشێوەیەكی فراوانتر بەشداری ژیان بكەی، كە ئینتیما و شناسنامەكەت زۆر ئینسانی تر و گەردوونیتر بێت. ئەو دەمە تێدەگەی كە تۆی گەنج دەتوانێت ِڕۆڵێكی گەورەتر وكاریگەریەكی بێ ئەندازە لەجیهاندا بنوێنێت. بۆت دەردەكەوێت كە دەتوانیت پتر كار بۆ خەڵكی دیكە بكەیت وكۆمەكیان بكەیت. ئەو كارانەی كە دەیكەیت دەكرێت بچووك بن، دەكرێت گەورە بن، بەڵام دەبنە مایەی بەشداریكردنێكی گرنگ لەم جیهانە گەورەیەدا، جیهانێك كە تۆ نابێت دووره پەرێز لێی بوەستیت. چونكە ئەم سەردەمە سەردەمی گۆڕانكاریی گەورەیە، ئەگەر ئەمڕۆ هی تۆ نەبێت، دەسا سبەێنی مسۆگەر هی تۆیە، هاكا زانیت گەورەكان ئەم جیهانەیان دەورو تەسلیمی تۆ كرد.
بیرمە جارێك گوتەیەكی بەنرخی نووسەرێكم خوێندەوە كە بەداخەوە ناوەكەیم لەیاد نەماوە، دەڵێت: ئێمە ئەم جیهانەمان لە دایك وبابمانەوە بۆ نەماوەتەوە، ئێمە ئەم جیهانەمان لە منداڵەكان بە قەرز وەرگرتووە، واتە هەر دەبێت بۆ ئەوانی بەجێبهێلین.
بۆیە ئەم جیهانە كە ئێستا بەشێوەیەكی كاتی لای گەورەكانە، دەبێت تۆی گەنج زۆر چالاكانە بەشداری تێدا بكەیت، بەشدار بەكرداری داهێنەرانە، كردارێك كە لە خوڕست و ڕەسەنایەتی خۆدی خۆتەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئهیلول 2, 2010
