نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

ڕۆشنبیر …. نا ڕۆشنبیر

كانونی یه‌كه‌م 13, 2007

roshinbir.jpgمامۆستای زانکۆی سلێمانی
سه‌رۆکی به‌شی ڕاگه‌یاندن / کۆلیژی زانسته‌ مرۆییه‌کان
دکتۆرا ده‌روونناسی

ڕۆشنبیریی وەک بۆماوەو میراتێکی مرۆڤایەتی، نەخشەو ڕێگای ژیانە، پێکهاتەو کۆیەکی گشتیی فرە ڕەهەندە بۆ ڕەفتارو ئاکارو بیرکردنەوە. مەرج نییە هەموو کاتێک تاکەکەس بۆخۆی پێی بگات، زۆرجار لەڕێی بۆماوەی کۆمەڵایەتییەوە لەنەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوێزرێتەوە. سیستمێکەو پەیوەستە بەڕابردوو و ئێستاو ئایندەی نەوەکانەوەو بەهۆی کارلێکی بەردەوامەوە دروست دەبێت وکاردەکاتە سەر پێکهاتەی کەسێتی تاک و کۆمەلڕ. بۆیە ڕاستبێژییە کە دەوترێت: هەرگیز مەرجی ڕۆشنبیر بوونی مرۆڤ، بە تاکە ڕەهەندی خوێندەوارییەوە گرێ نەدراوەو لێکنەدراوەتەوە.
چەمکی ڕۆشنبیر یەکێکە لەو چەمکانەی لای ئێمە کە لە مانا زانستییەکەی دوور خراوەتەوەو وەک توێژێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوی باڵا، ناسێنراوەو ڕاستەوخۆ بەخوێندەوارییەوە لکێنراوە. وەهاش نیمچە جێگیر بووە کە هەر خوێندەوارانن لەیەکێک لەکایەکانی زانست و هزرو ئەدەب و هونەردا، ئەگەر بەرهەمێکیان هەبێت یان نەیانبێت، بە ڕۆشنبیر ناوزەد دەکرێن. بەهەمان پێودانگ ئەوانیتر کە خوێندەوارییان نییە نەک ڕۆشنبیر نین بەڵکو بیریان تاریکەو بەدواکەوتوویش دەناسێنرێن. ئەمە ئەو تێگەشتن و لێکدانەوە هەڵەیەیە کە تەنها لای نەتەوەکانی وەک خۆمان برەوی هەیە. ئەم چەند دێڕەی سەرەوە بەهیچ جۆرێک بانگەشە نییە بۆ ئەوەی نەخوێنەوار بین، ئەوەش ناگەیەنێت کە بەخوێندەواری ڕۆشنبیر نابین. ڕاستە خوێندەواری یەکێکە لەدەروازەکانی ڕۆشن کردنەوەی بیر، بەڵام هەموو دەروازەکانیش نییە.
بۆ ئەوەی ڕوونترو وەک مانا ڕاستەقینەکەی خۆی بۆی بڕوانین، دەکرێت لەشیاوترین ناساندنی ڕۆشنبیری بڵێین: تێکڕای ئەو زانست و مەعریفانەیە بەعەقڵی مرۆڤ گەیشتوون. هەموو ئەو هەست وچێژانەیە دەگەنە ویژدان و دەروون. سەرجەم ئەو بەهاو ئاکارانەیە کە لەکەسێتیدان. گشت ئەو ئەزموون و شارەزایی و کارامەییانەیە کە گەشتوونەتە دەست وپەنجەکانی مرۆڤ. تەواوی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەیە کە تاکەکەس لەگەڵ کەسانی تردا دەیانبەستێت. بیرو باوەڕو بۆچوون و هونەرو دابونەریتە. پەیوەندییەکانی مرۆڤە بەژینگەی بێگیان و ئاژەڵ و ڕووەکی بەردارو بێبەرەوە. شێوازی بەکارهێنان وسوود وەرگرتنە لەکەرەسەو ئامێرگەلێکی داهێنراوی مرۆڤایەتی، بەو ڕێوشوێنانەشەوە کە دەیانگرینەبەر بۆ دوورخستنەوەی ئەگەری هەڕەشەو زیانی ئەو کەرەسەو ئامێرانە لەسەر قەوارەو تەندروستی و ئاسوودەیمان. کەواتە ڕۆشنبیری لەعەقڵ و ویژدان و ئاکارو کەسێتی و دەست وپەنجەو پەیوەندی کۆمەڵایەتی و مامەڵەی مرۆڤدایە لەگەڵ گیاندارو بێگیاندا، لەگەڵ دەستکردە داهێنراوەکاندا.
ئالێرەوە بێ دوودڵی بڕیار دەدەین کە عەقڵی ڕۆشنبیر کراوەیەیە و بنەماکانی لۆژیک لەهەڵوێستە جۆراو جۆرەکاندا پەیڕەو دەکات، ڕەنگە خاوەنی ئەو عەقڵە بڕێک خوێندەواریشی نەبێت، بەڵام هەرگیز ئەو عەقڵە لەکەللەی خوێندەوارێکی خورافەهزرو خورافەڕەفتاردا جێی نابێتەوە. دەروونی ڕۆشنبیر چێژ لەجوانی دیمەنەکانی سروشت و مۆسیقاو ڕەنگی ئاڵوواڵا و دەنگی سازو هەست بزوێن وەردەگرێت، ڕەنگە ئەو کەسە شوانێکی شمشاڵژەنی ناشارستانی بێت، بەڵام هەرگیز ئەو دەروون و ویژدانە لای خوێندەوارێک نییە کە بێ زەوقەو عەشقی جوانییەکان نییەو ڕقی لەمۆسیقاو گۆرانییەو بەحەرامیان دەزانێت. کەسێتی ڕۆشنبیر خاوەن مۆراڵ و ئاکارو بەهای باڵایە، لەوانەیە ئەو کەسێتییە لای مەلایەک، مامۆستایەک، ئوستادێک پیتێکی نەیخوێندبێت، بەڵام هەرگیز کەسێتی دکتۆرێک نییە کە چاوی لە نامووسی نەخۆشە بێچارەکەی بڕیوەو ئەو مامۆستایەی زانکۆش نییە کە بەفیڵی شەرعی و بیانووی یاسایی دزییەکانی پینە دەکاو دایدەپۆشێت. وەکو جەستە، ڕۆشنبیر ئەو دەستڕەنگینە پەنجەزبرەیە بەدەستەکانی بەرهەمێک پێشکەش دەکات، لەوانەیە ئەو دەستە بە لەشی وەستایەکی دارتاشی یان شاگرد ئاسنگەرێکەوە بێت بەڵام هەرگیز ئەندامی جەستەی دەست سپییەکی کارنەکردووی پەنجەنەرم نییە کە هیچ پیشەیەک نازانێ و هەر شانازی بەباوباپیریەوە دەکات. لە ڕا و بۆچوونیشدا، ڕۆشنبیر خاوەن ڕای و بەهەڵوێستە و لەبیروباوەڕیشدا پاشکۆ و دەروێشی کەس نییە، لەوانەیە ئەو کەسە لاپەڕەی کتێبێکی هەڵنەدابێتەوە بەڵام هەرگیز ئەو قەڵەم و کتێب بەدەستانەی دەربار نییە کە هەر ڕۆژەی لەسەر پەتێک یاری دەکەن و بازرگانی هەڵوێستن. لەڕەفتاریشدا ڕۆشنبیر بەکردەوە ڕێزی بەردو درەخت و سەوزایی و ژیانی ئاژەڵان دەگرێت، ڕەنگە ئەو کەسە خاوەنی بستێک سەوزایی، باخێک، ئاژەڵێکی ماڵیی نەبێت، بەڵام هەرگیز ئەو دەوڵەمەندە سەرمایەدارە دەسەڵاتدارە نییە کە بۆ بەزمەساتی ئێوارەیەکی فێنک، داری تەڕ بەخۆڵەمێش دەکاو جەرگ ودڵی ئاژەڵێکی کێَوی دەگمەن، دەبرژێنێت.
دەشێت هەریەک لەخوێندەوارو نەخوێندەوار ڕۆشنبیر بێت تا ئەو کاتەی لەناخی خۆیدا پێیوایە ڕۆشنبیر نییە.

لەهاوپۆلی: که‌سێتی

بۆچوونەکان


« عه‌قڵ نه‌خۆش | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئاگاداریه‌ک له‌ ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسیه‌وه‌ »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional