تشرینی دووهم 8, 2007
![]()
نووسینی : د . ڕێدار محهمهد
کاندیدی بۆردی دهروونی
قسەیەکى باو لەناو کوردەوارى هەیە دەڵێت(عالەم شێت بوو دەچێتە ئۆمەر مەندان،ئەى گەر ئۆمەر مەندان شێت بوو بۆ کوێ بچێت؟)هەر لەم ڕوانگەیەش کاتێک لە ئەحوالى پزیشکێکى خزمت دەپرسیت ونەخۆشە پێی دەڵێیت(بۆ چما دختۆریش نەخۆش دەبن؟)ئەمەش دەبێتە جێگەى سەرسوڕمان لاى خەڵک،چونکە ئەو ڕاستیەى لاى ئەوان چەسپاوە،هەرگیز نابێت دکتۆر نەخۆش بێت،چونکە ئەوان لە هەموو کەس زیاتر ئاگایان لە تەندروستى خۆیانە،بەم پێیەش دکتۆر دەبێتە نموونەى باڵا.ئەم بۆچوونەش وایکردووە زۆر بە خێرایی متمانەیان لە دکتۆر بسێننەوە کاتێک بە نەخۆشی دەیبینن.ئایا گەر پزیشکێک پسپۆڕی دڵ بوو،ماناى وایە تووشى نەخۆشی دڵ نابێت؟یان گەر پسپۆڕی گورچیلە بوو،تووشى هەوکردن وبەردى گورچیلە نابێت؟پزیشکیش هەر وەک کەسێکى تر مرۆڤەو ئەگەرى تووشبوونى بەهەر نەخۆشیەک هەیە،بەڵام ئەوەى وا دەکات پزیشکان کەمتر نەخۆش بکەون،زانینى هۆیەکانى خۆپاراستنە.
ئەوەى جێگەى سەرسوڕمانە لەگەڵ ئەم بیڕوباوەڕە،بیڕوباوەڕێکى دژ بەوە هەیە دەڵێت(هەموو دختۆرەکان شێتن)یان بە ڕوونتر بڵێین(دختۆرى شێتان،هەموویان شێتن!) لەگەڵ داواى لێبووردنم لە نەخۆشیە دەروونیەکان وخوێنەران،دەمەوێت قسەکانى سەر زارى خەڵک وەکو خۆیان بنووسم،ئەگینا شێت ونەخۆشی دەروونى دوو شتى زۆر جیاوازن!
ئەم بۆچوونەى خەڵک بەرامبەر بە پزیشکى دەروونى لە دوو ڕوانگەى جیاوازەو دەکرێت دوو ڕاڤەى جیاوازى بۆ بکرێت،ڕاڤەى یەکەم ئەوەیە کە ئەم پزیشکە دەروونیەى ساڵەهایە لەگەڵ نەخۆشی دەروونى مامەڵە دەکات،دەشێت کارى کردبێتە سەر ڕەفتارو هەڵسوکەوتى ئەو،لە جیاتى ئەوەى ئەوان چاکبکاتەوە خۆیشی تێکچووە!چونکە هەرگیز مرۆڤ ناتوانێت چەندین ساڵ،لەگەڵ ئەمجۆرە کەسانە بێت وکارى تێنەکەن،ڕاڤەى دووەم ئەوەیە کەوا پزیشکە دەروونیەکان ڕەفتاروقسەی سەیر دەکەن،کە وەک هى نەخۆشەکان وایە وناتوانیت لەوانى جیا بکەیتەوە!
ئەگەر چى ئەم دوو بۆچوونەى خەڵک بێ هیچ بنەمایەکەو تەنها لە ڕێگاى تێرامان وسەیرکردنى ڕەفتارى پزیشکە دەروونیەکان درووست بوون،کەچی دەکرێت هەردووکیان ڕاست بن!بەڵام نەک تا ئەو ڕادەیەى کە پزیشکە دەروونیەکە بە شێت دابنرێت و،بەم پێیەش هەموو بڕواومتمانەى چارەسەرکردنى لێ بسەنرێتەوە،بەڵکو وەک مرۆڤێکى خاوەن سۆزو ویژدان،کە ڕۆژانە تێکەڵى چەندین کێشەوگرفتى نەخۆشەکان دەبێت،بێگومان ئەو کێشەوگرفتانە لە ڕوخسارو تەنانەت لە ڕەفتاریشى ڕەنگ دەدەنەوە،هیچ پزیشکێک نیە بەقەد پزیشکى دەروونى ئازارى دەروون ویژدان بچێژێت،ئەو ڕۆژانە گوێبیستى سەدان چیڕۆکى تراژیدیاوبێئومیدى وناسۆرى خەڵک دەبێت،ئەگەر ئەمانە هەموو کارى تێنەکەن ئەوا مرۆڤ نیەوهەست وسۆزى نیە!خەڵک دەیانەوێت لە دەرەوەى چوارچێوەى ئەم موعاناتەوە،پزیشکى دەروونى مرۆڤێک بێت هەموودەم ڕەفتاروگوفتارى هاوسەنگ بێت،داواى شتێکى هەرگیز دەکەن،یان باشترە بلێین داواى ڕۆبۆتێک دەکەن!
پزیشکى دەروونی،مرۆڤێکە هەموو ڕۆژ بەدەم ئازارو خەموخەفەتى خەڵک دەتلێتەوە،بۆیە ناکرێت تێکەڵیان نەبێت،لە ڕاستیدا ئەمە هەر موعاناتى پزیشکى دەروونى نیە،بەڵکو هەموو لقەکانى ترى پیشەى پزیشکى ئەم ئازارە دەچێژن،بەڵام ئەم موعاناتانە زیاتر لە ڕوخسارى ئەو ڕەنگ دەدەنەوە،چونکە کەسیان وەک ئەو ناچنە ناو قولاِیی ژان وئازارى خەڵکەوە،ئەگەر پزیشکى دەروونى مرۆڤێک بێت ڕووت لە سۆزو عاتیفە،هەرگیز ناتوانێت لە نەخۆشەکانى تێبگات،نەخۆشەکانیش نایانەوێت قسە بۆ بت بکەن!بەڵکو حەز دەکەن قسە بۆ یەکێک بکەن لە ئازارەکانیان تێبگات وهاوبەشی خەمو مەینەتەکانیان بێت،بەناخیاندا قوڵ بێتەوەو لەگەڵ ئەوان ئازارەکان بچێژێت،ئەوان فریاد ڕەسێکیان دەوێت،کە وەک دایک نازیان هەڵبگرێت وفرمێسکسان بۆ بڕێژیت وئەوانیش بە ئارامى لە باوەشیدا پشووبدەن.
ئەمانە هەمووى فشارى دەروونى بۆ پزیشک دروست دەکەن،کە ڕۆژانە دەبێت لەگەڵ چەندین دەروون وکیشەوگرفتى جیاواز تێکەڵ بێت،هەر یەکەشیان پێویستى بە وەلاِمدانەوەیەکى سۆزدارى و ویژدانى هەیە،لەمەش زیاتر دەبێت چارەسەرى هەموو کێشەکان بکات،یان هەر هەوڵى کەمکردنەوەیان بدات،زۆرجاریش بەهۆى زۆرى ئەم فشاروماندووبوونە دەروونیەى لە ڕیگاى کارەکەى تووشى دەبێت،دەشێت پزیشکى دەروونى تووشى تێکچوون بێت،بەڵام ئەوەش دەوەستێتە سەر تواناى ئەو پزیشکە بۆ بەرگەگرتن وخۆگونجاندن لەگەڵ قەیران وفشارەکان،هەروەها کەسایەتى وچۆنیەتى بیرکردنەوەوتێڕامانى بۆ ژیان.شتێکى سەیریش نیە،کە ڕیژەى خۆکۆشتن لە نێوپزیشکاندا لەسەر تاسەرى جیهاندا زۆرەوپزیشکى دەروونیش بە پلەى سێەم دێت،لەدواى پزیشکى سڕکردن وپزیشکى چاو،ئەمە لە کاتێکدا زۆرترین تێکچوونە دەروونیەکان لەسەرتا سەرى جیهان،بریتین لە،دلِەڕاوکی وخەمۆکى وپزیشکانیش وەک کەسانى ئاسایی بەشى خۆیان لەم دەردانە وەرگرتووە!
لەبەرامبەر ئەم بۆچوونە هەڵەیەى(کە پزیشکانى دەروونى شێتن)ڕاستیەکى ترى چەسپاو هەیە،ئەویش بریتیە لەوەى کەس بەقەد پزیشکانى دەروونى بەرگەى فشارو تێکچوونە دەروونیەکان ناگرێت!چونکە پزیشکى دەروونى،بە حوکمى پسپۆڕى لە کارەکەى،شارەزاییەکى تەواوى پەیداکردووە،کەوا بتوانێت لەخەڵکى تر باشتر گرفتەکان چارەسەربکات.ئەوکاتێک بتوانێت چەندین گرفت وکێشەى خەڵک چارەسەربکات،هەڵبەتە دەتوانێت چارەسەرى گرفتەکانى خۆى ئاسانتربکات،چونکە لە قەیران وکێشەى نەخۆشەکانى فێری شارەزایی وئەزمونى زیاتر دەبێت ودەزانێت باشترین شێوەى چارەسەرکردن چۆنە.هەروەک چۆن بەننایەک بە تێپەڕبوونى کات شارەزایی وئەزموونى زیاد دەبێت وماسولکەکەنى بەهێز دەبن،پزیشکى دەروونیش،لەگەڵ تێپەڕبوونى کات تواناو گەشەو دەروونى بەهێزتردەبێت وزیاتربەرگەى کێشەو قەیرانەکان بگرێت.
لەگەڵ ئەم هەموو ڕوونکردنەوانەى لێرە باسکران،هێشتا پزیشکى دەروونى تەمومژێکى زۆرى لەسەرەو لە لایەن خەڵکیش ڕاڤەى جیاوازى بۆ دەکرێت،ئەمە لەکاتێکدا لە کۆمەڵگەى ئێمەدا هێشتا بیروباوەڕى تر زاڵەو ئەگەر خەڵک جارێک سەردانى پزیشکى دەروونى بکەن،ئەوا بەر لەوە چەندین جار سەردانى شێخ ومەلاوفاڵچى وجادوخوێن ومەرقەد وشتى ترشیشیان کردووە.
لەهاوپۆلی: کهسێتی
« نهخۆشیه دهروونیهکان لهنێوان شاردنهوه و ڕاوێژکردندا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | تهڵاق ….. ئهزموون و ئومێد »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
