تشرینی یه‌كه‌م 5, 2007
![]()
که‌سێتی پارانۆیی
Paranoid Personality Disorder
د. دانیال سه‌عدی حامد
نه‌خۆشخانه‌ی گشتی سلێمانی - به‌شی ده‌روونی
danielhamid2003@gmail.com
نیشانه‌کانی ئه‌م جۆره که‌سێتیه له‌یه‌ک ده‌سته‌واژه‌دا کۆده‌کرێته‌وه ئه‌ویش ( بێمتمانه‌ییه له‌هه‌موو شتێک ، به‌هه‌موو که‌سێک ، له‌هه‌موو ڕووداوێک ) . که‌سه‌که زۆر حه‌ز به‌ئازاردان و ناڕه‌حه‌ت کردنی که‌سانی تر ده‌کات . وه‌ک ئه‌و مێرده‌ی زۆر به‌گومانه له‌هاوسه‌ره‌که‌ی خۆی ، زۆر به‌گومانه له‌هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وتێکی .. له‌هه‌موو جل پۆشینێکی .. له‌هه‌موو چوونه ده‌ره‌وه و نه‌چوونه ده‌ره‌وه‌یه‌کی .. هه‌میشه حه‌زده‌کات به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئازاری بدات. که‌سی پارانۆیی چوار یان زیاتر له‌م خه‌سڵه‌تانه‌ی تێدایه :
1- به‌بێ هیچ هۆیه‌کی دیاریکراو و ئاشکرا واده‌زانێ ( دڵنیایه ) که‌خه‌ڵکی تر ( به‌تایبه‌تی که‌سانی نزیکی خۆی ) خراپن و خراپه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن و ئه‌م ئیستیغلال ده‌که‌ن .
2- هه‌میشه به‌دگومانه به‌رامبه‌ر هه‌موو شتێ که خزمان و براده‌ران ده‌یکه‌ن و واده‌زانێ ڕاست ناکه‌ن له‌گه‌ڵیدا .
3- ئه‌گه‌ر زانیاریه‌کی لابێت لای که‌س نایڵێت نه‌وه‌ک به‌کاربهێنرێت دژی خۆی . ئه‌م جۆره خه‌سڵه‌تانه هه‌ندێک له حیزبه‌کان به‌هۆی کاری ژێربه‌ژێره‌وه له‌ئه‌ندامه‌کانی خۆیاندا ده‌یڕوێنن ، یان سوود له‌و جۆره که‌سایه‌تیانه وه‌رده‌گرن بۆ کاری خۆیان .
4- هه‌موو ڕووداو و جموجوڵێک که یه‌کێکی تر ده‌یکات ، ئه‌م وا ده‌زانێ ئه‌وه مه‌به‌ستی له‌مه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ ئه‌م . ئه‌م جۆره _ بیر _ ه که بیرێکی پیلانگێڕیانه‌یه وا له که‌سه‌که ده‌کات کونه مشکی لێ ببێت به‌قه‌یسه‌ری ، هه‌موو شتێک که که‌سی به‌رامبه‌ر و لایه‌نگر و دۆست و دوژمن ده‌یکات ئه‌م به‌هه‌ڕه‌شه‌ی داده‌نێت . هه‌ندێ بیر که هه‌ندێ لایه‌ن هه‌یه‌تی بیرێکی پارانۆییانه‌یه و که‌س و لایه‌نگرانیان وا لێده‌که‌ن به‌شێوه‌یه‌کی پارانۆیی ڕه‌فتار بکه‌ن ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له لایه‌نه ئیسلامیه‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت ، به‌ردێک له‌ئاسمان بکه‌وێته خواره‌وه ده‌ڵێن ئه‌وه ده‌ستی جوله‌که و ڕۆژئاوایه ، یان کۆمۆنیسته‌کان ده‌ڵێن ئه‌وه ده‌ستی ئیمپریالیزمی جیهانیه ، یان ڕۆژئاوا (به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریکا ) تایه‌ی ئۆتۆمبیلێک له کۆلورادۆ بته‌قێت ده‌ڵێت ده‌ستی ئیسلامیه توندڕه‌وه‌کانه .
5- هه‌میشه قین و ڕق له‌دڵه به‌رامبه‌ر هه‌موو که‌س ، هیچ لێبووردنی نیه ، ئه‌گه‌رچی بۆ شتێکی زۆر ساده و ساکاریش بێت و چه‌ندین جاریش داوای لێبووردنی لێبکرێت به‌ڵام ئه‌م هه‌رگیز له‌بیری ناچێته‌وه . له نموونه‌ی ئه‌م جۆره که‌سانه خۆمان ڕۆژانه ده‌یانبینین و ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین ، به‌ڵام گه‌رفتی سه‌ره‌کی ئه‌مانه له‌وه‌دایه که خۆیان به‌نه‌خۆش یان ناته‌واو یان ناسروشت نازانن ، کێچێک ده‌که‌ن به‌گایه‌ک .
6- به‌هه‌ڵه واده‌زانێ که هێرش ده‌کرێته سه‌ر که‌سێتی ئه‌و ، زۆر به‌شێوه‌یه‌کی توڕانه و توندڕه‌وانه وه‌ڵام ده‌داته‌وه ، هه‌میشه توڕانه مامه‌ڵه ده‌کات با له‌گه‌ڵ نزیکترین که‌سی خۆیشیدا بێت و با له‌سه‌ر ڕووداوێکی زۆر بێنرخیش بێت .
7- بۆ چه‌ند جارێک له‌سه‌ریه‌ک به‌بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی دروست و ته‌واو ، چوارده‌وره‌که‌ی ( به‌تایبه‌تی هاوسه‌ره‌که‌ی چ ژنی بێت یان مێردی بێت و خوشکه‌کانی و دایکی یان پوری یان هاوڕێکانی ) تاوانبار ده‌کات به نادڵسۆز و کاری خراپ . له‌م کاتانه‌دا با سوێندیشی بۆ بخورێت و چه‌نده به‌ڵگه‌ی به‌هێزیش له‌سه‌ر ڕوونه‌دانی ئه‌و کاره‌ی پێشکه‌ش بکرێت هه‌رناخوات لای ئه‌م و سووره له‌سه‌ر ڕای خۆی . بۆیه ئه‌م جۆره که‌سانه هه‌میشه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و خوشک و دایک و که‌سی خۆیاندا گیروگرفتی له‌م جۆره‌یان هه‌یه و ڕۆژانه دادگاکان و لیژنه‌ی به‌شی ده‌روونی ڕووبه‌ڕووی ئه‌م کێشانه ده‌بنه‌وه . هربۆیه دیاریکردنی که‌سێتی که‌سێک که‌ئه‌م جۆره تۆمه‌تانه دروست ده‌که‌ن گیروگرفتی گه‌وره‌ی خێزانی چاره‌سه‌ر ده‌کات ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێتی نه‌زانرێت و پێناسه نه‌کرێت که ئه‌مه ( که‌سێتی پارانۆیی ) هه‌یه و بڕوای ته‌واوی پێبکرێت ئه‌وا به‌ته‌واوی شیرازه‌ی خێزانه‌که ده‌پچڕێت . ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌م جۆره که‌سایه‌تیه‌یان هه‌یه زۆر به‌ده‌گمه‌ن و به‌گران ده‌توانن په‌یوه‌ندی توندوتۆڵ له‌گه‌ڵ که‌سانی تردا ببه‌ستن ، بۆیه ده‌یانبینین که‌وا که‌س هاوڕێیه‌تیان ناکات و که‌س نزیکیان ناکه‌وێته‌وه ، ئه‌گه‌ر پیاو بێت که‌سه‌که چه‌ندجار ژنی هێنا بێت لێی جیابۆته‌وه و هیچ که‌س ناتوانێت تاسه‌ر هه‌ڵبکات له‌گه‌ڵیدا ، شه‌ڕه‌نگێزه و له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌س ده‌یکات به‌شه‌ڕ . به‌ماناوه قسه ده‌کات و ڕاده‌بوێرێ و گاڵته به‌هه‌موو که‌س ده‌کات . ڕێژه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌م جۆره که‌سایه‌تیه‌یان هه‌یه له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا ( 0.5% - 2.5% ) ، له‌مانه ته‌نها ( 10- 30% )-یان له‌به‌شی ده‌روونی بۆ نه‌خۆشی تر داخڵ ده‌بن و نزیکه‌ی ( 10% )-یان سه‌ردانی کلینیکی تایبه‌تی پزیشکی ده‌روونی ده‌که‌ن یان که‌سوکاریان ده‌یانهێنن . ئه‌و خێزانانه‌ی که‌یه‌ک ئه‌ندام یان زیاتریان ده‌ستیشان کراوه که ئه‌م جۆره له تێکچوونی که‌سێتیان هه‌یه ئه‌وا ئه‌ندامه‌کانی تری ئه‌و خێزانه زیاتر له‌مه‌ترسیدا ده‌بن که‌ئه‌مه‌ش ڕۆڵی بۆماوه‌یی ده‌رده‌خات له گواستنه‌وه و ده‌ستنیشان کردنی حاڵه‌ته‌که‌دا و ڕێژه‌ی ڕۆڵی بۆماوه ( 40% ) . ئه‌وه‌ی شایانی ئاماژه بۆکردنه که پیاوان زیاتر تووشی ئه‌م حاڵه‌ته ده‌بن له‌چاو ژناندا ، بۆیه زۆر له‌حاڵه‌ته‌کان که ڕۆژانه ده‌یانبینین له‌نێو پیاواندایه ، ئه‌وان گرفته‌کان دروست ده‌که‌ن .
لێکۆڵینه‌وه‌کان سه‌لماندوویانه که مه‌ی خواردنه‌وه و به‌کارهێنانی ماده هۆشبه‌ره‌کان له‌ناو ئه‌م جۆره که‌سانه‌دا زۆرن ( ڕاهاتن له‌سه‌ر مه‌ی خواردنه‌وه خۆی له‌خۆیدا ئه‌و جۆره - بیر-انه له مێشک‌دا دروست ده‌کات که پێشتر ئاماژه‌مان پێدا به‌تایبه‌تی به‌د گومانی له ژن که‌پێی ده‌وترێت دڵ پیسی ) .
هه‌ندێ جار نیشانه‌کانی سه‌ره‌تای ئه‌م جۆره‌ی که‌سێتی هه‌ر له‌منداڵیه‌وه ده‌رده‌که‌ون وه‌ک ئه‌وه‌ی مناڵه‌که خه‌یاڵی گه‌وره ده‌کات و به‌شێوه‌یه‌کی خه‌یاڵاوی ڕه‌فتار ده‌کات ( له‌خه‌یاڵدا ده‌ژی ) ، مناڵه‌که تێکه‌ڵی که‌سی تر ناکات وه‌ک ده‌ڵێن ( به‌که‌سه‌وه نالکێت ) ، زۆر هه‌ستیاره به‌رامبه‌ر هه‌موو که‌س و هه‌موو ڕوداوێک ، دڵه‌ڕاوکێ و شپرزه‌یی کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی هه‌یه ، واته زۆر تێک ده‌چێت و ناڕه‌حه‌ت ده‌بێت که تێکه‌ڵی ناو خه‌ڵک و شوێنی گشتی بێت وه‌ک ئاهه‌نگ و باخچه و هۆڵ و دانیشتنی به‌کۆمه‌ڵی خێزان . وورده وورده مناڵه‌که وایلێدێت ده‌بێت به‌که‌سێک که له‌مناڵی له‌خۆی بچوکتر و بێهێزتر ده‌دات . مه‌رج نیه که‌سه‌که هه‌ربه‌ته‌نها ئه‌م جۆره که‌سێتیه‌ی هه‌بێت ، له‌وانه‌یه نه‌خۆشیه‌کی تری ده‌روونی هه‌بێت له‌خێزانه‌که‌یدا ( به‌تایبه‌تی که‌سی پله یه‌ک ) ، له‌وانه‌یه جۆره‌کانی تری تێکچوونی که‌سێتی هه‌بێت وه‌ک ( گۆشه‌گیری ، شیزۆتیپاڵ ، شیزۆید ، ناجێگیری لایه‌نی سۆزداری ، دژه کۆمه‌ڵ ، نێرگزی ) . ئه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ که‌سێتی دژه کۆمه‌ڵ ( Antisocial . p )-دا یه‌کی گرت ئه‌وا که‌سه‌که تاوانی زۆر گه‌وره ئه‌نجام ده‌دات و هه‌میشه به‌ڕێی به‌ندیخانه‌وه ده‌بێت و له‌وانه‌یه له‌کۆتاییدا بکوژرێت له‌شه‌ڕێکدا یان که‌سێک بکوژێت له‌شه‌ڕێکدا . وه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ که‌سێتی نێرگزیدا یه‌کی گرت ئه‌وا که‌سه‌که زۆر خۆی به‌گه‌وره ده‌زانێت و ده‌نگی زۆر به‌رز ده‌کاته‌وه و هیچ به‌هایه‌ک بۆ که‌س دانانێت له‌گه‌وره تا بچوک .. له خزمه‌وه تا بێگانه .
>
لەهاوپۆلی: که‌سێتی
« له‌نێوان جه‌سته و ده‌رووندا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | که‌سێتی 2-1 که‌سێتی شیزۆپیتاڵ »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
