حوزه‌یران 13, 2008
پێگه‌ی مناڵ له خێزانی گه‌وره سالاری کوردی‌دا
نووسینی : توێژه‌ری ده‌روونی
سامان سیوه‌یلی
ئه‌گه‌ر چاوێک به مامه‌ڵه‌ی خێزانی کوردی و پێگه‌ی مناڵ له‌ناو ئه‌م یه‌که کۆمه‌ڵایه‌تیه‌دا بخشێنین ئه‌وا بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که مناڵی کورد له‌په‌راوێزدا ده‌خوێندرێته‌وه و خاوه‌نی پێگه‌یه‌کی فه‌رامۆشکراو و به‌رته‌سکه . مناڵ ده‌بێت له‌خواره‌وه‌ی خوانی نانخواردندا دابنیشێت ، ده‌ست نه‌بات بۆ خواردن هه‌تا گه‌وره‌کان فه‌رمانی پێده‌که‌ن ، له‌سه‌ر خوانه‌که‌ش بۆ نموونه ئه‌گه‌ر مریشک دانرابێت هه‌میشه ڕان و سنگ پارووی گه‌وره‌کانه و مل و باڵ و ئێسقان به‌شی مناڵانه ، که‌ی گه‌وره نوست ده‌بێت مناڵ‌یش بخه‌وێت .. که‌ی گه‌وره بێداربووه‌وه ده‌بێت مناڵ هه‌ستێت له‌خه‌و ، له‌ئاماده‌یی گه‌وره‌کاندا نابێت مناڵ هه‌ست و نه‌ستی خۆی ده‌رببڕیت ، که ده‌شبرێت بۆ بازاڕ به‌مه‌ستی کڕینی پۆشاک و پێداویستیه‌کانی ئه‌وا مافی هه‌ڵبژاردنی ڕه‌نگی جل و به‌رگه‌کانی لێ زه‌وت ده‌کرێت و دایک و باوک به‌ویست و ئاره‌زووی خۆیان ڕه‌نگ و شێوه‌ی بۆ هه‌ڵده‌بژێرن بێگوێدانه حه‌ز و خواست و ئاره‌زووه‌کانی مناڵ ، له‌خه‌وتنیشدا خراپترین پێخه‌ف له‌ماڵدا ده‌بێته به‌شی مناڵ ، مناڵ به‌شی هه‌ره زۆری پرسیاره‌کانی بێ وه‌ڵام ده‌مێنێته‌وه و که‌سێک نیه بایه‌خ به‌پرسیاره‌کانی بدات ، کاتێک له‌ئه‌نجامی حه‌زی پشکنینه‌وه ده‌ست له‌که‌ل و په‌لێک ده‌دات ئه‌وا ئه‌گه‌ر خوا نه‌کرده به‌ده‌ستیه‌وه بشکێت قیامه‌ت هه‌ڵده‌ستێت و به‌جۆره‌ها شێوه تاوانبار ده‌کرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی تاوانێکی گه‌وره‌ی ئه‌نجام دابێت . دایک و باوک هیچ جیاوازیه‌ک له‌نێوان مناڵه‌کانیاندا ناکه‌ن له‌ڕووی پێکهاته‌ی جه‌سته‌یی و توانسته ژیره‌کانیاندا له‌وان وایه مناڵ هه‌مووی وه‌کو یه‌که ئه‌وه‌ی له ( س )ی کچیان ده‌خوازن به‌هه‌مان شێوه له ( ک )یش ده‌خوازن بێ ڕه‌چاوکردنی جیاوازیه تاکییه‌کانی نێوانیان . دایک و باوک ده‌خوازن مناڵه‌کانیان کۆپیه‌کی خۆیان ده‌ربچن بوارێک بۆ ئازادی تاکه که‌سی مناڵه‌کان ناهێڵنه‌وه . مناڵ له‌ناو خێزانی کوردی‌دا نه‌ک هه‌ر هه‌ست ده‌کات به‌وه‌ی به‌جه‌سته بچووکه به‌ڵکو ئه‌و هه‌سته‌یشی لا ده‌خوڵقێنرێت که مه‌خلوقێکی فه‌رامۆشکراو و بێبایه‌خه که‌لێره‌وه به‌ردی بناغه‌ی هه‌ستکردن به‌که‌مسه‌ری و بیئیراده‌یی سه‌رچاوه ده‌گرێت و له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونی ته‌مه‌ندا ئه‌م هه‌سته‌ش نه‌شونما ده‌کات و گه‌وره ده‌بێت . سزا به‌هه‌ردوو باری مادی و مه‌عنه‌ویه‌وه پانتاییه‌کی هێنده به‌رینی هه‌یه که به‌شێکی گه‌وره له چێژی ژیان و جیهانه پڕ به‌رائه‌ته‌که‌ی مناڵ به‌فیڕۆده‌دات له‌کاتێدا ئه‌م چێژ وه‌رگرتنه پێویستیه‌کی گه‌وره‌یه بۆ گه‌شه‌ی ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی مناڵ .
ئه‌م که‌موکوڕی و نادروستیه که له‌بچوکردنه‌وه‌ی پێگه‌ی مناڵ‌دا به‌دی ده‌کرێت لای خێزانی کوردی ( به‌شێویه‌کی گشتی ) به‌رهه‌مهێنه‌ری فۆرمێکی نادروسته له که‌سێتی کوردی ، فۆرمێک که‌پڕیه‌تی له دژیه‌کی و هه‌ستی خۆبه‌که‌مزانین و بێئیراده‌یی .
ئێمه کاتێک ئامێرێکی کاره‌بایی نوێ ده‌کڕین و ده‌یهێنینه ناو ماڵه‌کانمان ده‌ستبه‌جێ که‌ته‌لۆکی مامه‌ڵه‌کردن ده‌خه‌ینه به‌رده‌ستمان بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ک زیان به‌خۆمان نه‌گات و له‌لایه‌کی تره‌وه ئامێره‌که تووشی زیان نه‌که‌ین . وه‌لێ کاتێک مناڵ دێته ژیانی خێزانه‌وه ( به‌تایبه‌تی مناڵی یه‌که‌م ) دایک و باوک بێ هیچ زانیاریه‌ک و هیچ که‌ته‌لۆکێک ، بێئه‌وه‌ی بزانرێت چۆن بخه‌وێنرێت و چۆن شیر بخوات و چۆن بشۆرێت و … هتد ، ته‌نها به‌پشت به‌ستن به که‌لتوری باوی کۆمه‌ڵگه و قسه‌ی پێشینه‌کانمان ( نه‌نک و باپیر و دایک و باوک و .. ) ده‌که‌وینه مامه‌ڵه‌کردنێکی نادروست له‌گه‌ڵ مناڵ‌دا .
هه‌مووان له‌سه‌ر کۆکین که پێنج یان شه‌ش ساڵی سه‌ره‌تای ژیانی مناڵ ناسکترین قۆناغی ژیانه و ده‌بێته به‌ردی بناغه‌ی که‌سێتی مناڵ بۆ ئایینده ، بۆیه هۆشیارکردنه‌وه‌ی خێزان بۆ مامه‌ڵه کردنی دروست له‌گه‌ڵ مناڵ‌دا ئه‌رکێکی گه‌وره‌ی پسپۆران و داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکومه‌ته . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به‌نده پێشنیار ده‌که‌م ( هه‌روه‌ک شه‌وی 09 / 08/ 2008 له‌چاوپێکه‌وتنێکی ته‌له‌فیزیۆنی که‌ناڵی په‌روه‌رده‌ییدا ئاماژه‌م پێدا ) به‌ئاماده‌کردنی نامیلکه‌یه‌ک که زانیاری له‌مه‌ڕ ته‌ندروستی جه‌سته‌یی و ده‌روونی مناڵان بگرێته خۆی و ڕێوشوێنه دروسته‌کانی هونه‌ری مامه‌ڵه کردن له‌گه‌ڵ مناڵ‌دا بخاته ڕوو ، ئه‌م نامیلکه‌یه له‌نه‌خۆشخانه‌ی مناڵبوون له‌گه‌ڵ له‌دایک بوونی مناڵێکدا پێشکه‌ش به دایک و باوکان بکرێت تاکو هیچ نه‌بێت له‌ئێستاوه بتوانین کار بۆ پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌کی نوێ بکه‌ین که نه‌وه‌یه‌کی ته‌ندروست بن . ئه‌م ئه‌رکه له‌ئه‌ستۆی پسپۆرانی ده‌روونی و په‌روه‌رده‌یی و پزیشکه پسپۆره‌کانی نه‌خۆشیه‌کانی مناڵانه ، وه‌زاره‌تی کاروکاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش ئه‌رکی پێشوازیکردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌یان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ .
لەهاوپۆلی: ده‌روونناسی مناڵ
« چه‌ند ئاگاداریه‌ک له‌ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسیه‌وه | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئه‌و شتانه‌ی که‌بێزارت ده‌کات بیکه به‌ڕاهێنان »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
