نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

مناڵان و به‌های خۆیه‌تی Childern And Self-Esteem

دیسه‌مبه‌ر 30, 2007

mnal-u-xoyati.jpgمنداڵان ء بەهاى خۆیەتى Children And Self-Esteem

بەهاى خۆیەتى و بۆچونى باش سەبارەت بەخود لە ماوەیەکى کورتدا دروست نابێت، بەڵکو لە ساتەکانى لەدایک بوونەوە، لە پڕۆسەیەکى هێواشدا، لە ڕێگەى پەروەردەکردن و یارمەتیدانێکى تەندروستەوە بۆ منداڵ دەست پێدەکات.گەشەکردن بەشیوەیەکى باش لە قۆناغەکانى سەرەتاى تەمەن بەتایبەت لە بوارى دەروونى و کۆمەڵایەتى، یارمەتیدەرن بۆ دروستکردنى ڕێز لەخۆگرتن، بەهاى خۆیەتى، متمانە بەخۆبوون.
بوونى بەهاى خۆیەتى لاى تاکەکان لە یەکێک بۆ یەکێکىتر دەگۆڕدرێت و بە شێوەى پلەى جیاوازە و ئاڵوگۆڕى بەسەردا دێت، دەشێت بەرەو کەم بوون یان زیادبوون بچێت، لەڕێگەى هاوکارى گەورەکان بۆ منداڵ زیاد دەکات، بەڵام لەکاتێکدا ڕوبەڕوى فشارو گیروگرفت دەبنەوە و هاوکارى باش نییە لە ژینگەوە بۆیان لە کەم بووندایە. یەکەم شوێن بۆ بنیاتنانى ئەم بەهایە لاى منداڵ بریتییە لە خێزان.
پێناسە: بەهاى خۆیەتى ( خۆشبەختى خود ) ئەو بەهایەیە کە ئێمە بۆ خۆمانى دادەنێین. ئەو هەڵسەنگاندنەیە هەمانە بۆ خۆمان، ئەو هەستەیە کە هەمانە دەربارەى هەموو ئەو شتانەى دەیانبینین. ئەو مەعریفەیەیە کە ئێمە خۆشەویستینء توانامان هەیەء بآ وێنەین.
بەهاى خۆیەتى باش واتە:
- هەبوونى بۆچوونێکى تەندروست دەربارەى خۆت.
- هەبوونى هەستێکى هێمن دەربارەى نرخى خود.
- هەبوونى بۆچوونێکى ئیجابى دەربارەى خۆت.
- زۆربەى کات هەست بە ڕازیبوون بکەیت دەربارەى خۆت.
- ئامانجى واقیعیانە بۆخۆت دابنێیت.
گەورە و منداڵ هەردووکیان سوودمەندن لە پەیوەندىء ئەزموونە باشەکانء بیرکردنەوەى ئیجابى. زۆربەى هەنگاوەکان کە پێویستن بۆ بنیاتنانى بەهاى خۆیەتى مندالڕ، دەبنە هۆى یارمەتیدانى گەشەکردنء بەردەوامیپێدان لە خودى ئەو کەسەدا.
دایکان ء باوکان گەورەترین کاریگەریان هەیە لە دروستکردنى هەستى بەهاى خود لە منداڵەکانیاندا، ئێوە یەکەمء گرنگترین مامۆستاى ئەوانن. بەهاى خۆیەتى منداڵ زیاتر کارى تێدەکرێت کاتێک پەرە بە پەیوەندییەکان دەدەن لەگەلڕ ئەندامانى ترى خێزان ء مامۆستاى قوتابخانەء هاوڕآء گەورەى تردا.
بۆ یارمەتیدانى منداڵان لە دروستکردنى بەهاى خود بەشێوەیەکى تەندروست، پێویستە ڕٍەچاوى ئەم خاڵانە بکرێت :

1.خۆشەویستىء رازیبوون :
ئەوە پیشانى منداڵان بدەیت کە خۆش دەویسترێنء پەسەند دەکرێن لەبەر ئەوەى بوونیان هەیە، ئەوە یەکەمء گرنگترین هەنگاوە بۆ بنیاتنانى بەهایەکى تەندروستى خود. منداڵان دەبێت ئەو پەیامەیان پآ بگات لە لایەن گرنگرتین کەسانى گەورەوە لە ژیانیانیاندا وەک ( باوکء دایک ) کە ئەوان وەکو منداڵ شایانى خۆشەویستین هەرچەندە هەندآ جار بە خراپیش هەڵسوکەوت بکەن یان پێچەوانەى گەورەکان بن.

دەبێت لەیادت بێت بۆ خۆشەویستى نێوان خۆت منداڵەکانت کە :
- خۆشەویستى ببەخشیت بە بآ هیچ شتێکى ترى هاوپێچکراو و مەجدار.
- خۆشەویستىء پەسەندکردن نیشان بدە لە رێى دەربڕینى سۆزء چاودێرىء گرنگیدانەوە کە رۆژانە بەکاریان دەهێنیت.
- بەیەکەوە کات بەسەر بەرن وەک ( یاریکردن، کارکردن، پێکەوە پشوو وەرگرتن).
- بەهۆى لەباوەشکردنیانەوە ئەوە نیشان بدە کە تۆ هەستت باشە بەرامبەریان.
- زۆربەى کات پێیان بڵآ: ( زۆر حەزم لەوە بوو کە کردت- وتت ) یان ( خۆشم ئەوێى ).

2.هەستى پەیوەندیکردن ( ئینتیما):
منداڵان پێویستە بزانن کە گرنگن. کاتێک هەست دەکەن پەسەندکراون ء خۆشویستراون لەلایەن کەسانى گرنگەوە لە ژیانیاندا، ئەوا هەست بە ئاسودەیىء سەلامەتىء ئاساییش دەکەنء کراوە دەبن بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ چواردەوریان. ئەگەر منداڵان هەست بکەن رێزیان دەگیرێتء لە ئاساییشدان لەناو خێزاندا، ئەوا بە ئاسانتری دەزانن پەیوەندى هاوڕێیەتى دروست بکەن لە دەرەوەى خێزان.
بۆ ئەوەى یارمەتى منداڵان بدەیت هەستى ئینتیما گەشە پێبدەن، دەتوانیت :
* یارمەتیان بدەیت پەیوەندى خێزانىء کۆمەڵگەیى بە نرخ بنیات بنێن.
* هانیان بدەیت شانازی بکەن بە پێشینەى نەژادى خێزانەکانیانء کەلەپوریان.
* هەمیشە یادى بۆنە و رووداوەکانى خێزان بکەرەوە، بیریان بهێنەوە یادەوەرییەکان دەربارەى مێژووى خێزانەکە وەک ( فۆتۆگراف، ئەلبوومەکانى خێزان، کاسێتى ڤیدیۆی ماڵەوە…… هتد.).

3.ئاساییشء سەلامەتى:
دەبێت منداڵان پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانیان بەدى هاتبێت بۆ ئەوەى هەست بە سەلامەتىء ئاسودەیى بکەن. هەستى ئاساییشء سەلامەتى رێیان دەدات هەنگاوى دواتر بنێن بۆهەوڵدانى شتى نوآ و فێربوونى زیاتر دەربارەى خۆیان.
کاتێک منداڵان هەست بە سەلامەتى دەکەن، ئەوا کەمتر ئەگەرى ئەوە هەیە لە شکست بترسن و زۆر ئارەزوو دەکەن ریسکى دووبارە هەوڵدان بکەنەوە کاتێک شکست دێنن.منداڵان لە رێگەى ئەم پرۆسەیەوە دەتوانن ئەزموونى سەرکەوتن بکەنء تاقیبکەنەوە.
وەک دایکء باوک بەرامبەر منداڵەکانت پێویستە هەوڵبەیت کە :
- ژینگەیەکى سەلامەت دابین بکەیت لە رووى فیزیکییەوە ( جەستەییەوە ) بۆیان.
- دانان و دیاریکردنى یاساى بەهێزو روون و ئاشکرا .
- واقعى بە لە پێشپینیەکانتدا بەرامبەریان.
- هانیان بدە بڵێن ( نەخێر) بە فشارە سلبییەکان لەسەریان.

4.متمانە :
ئەو ژینگە جێگیرەی منداڵان بتوانن پشتى پآ ببەستن، هەستى ئاساییشیان بۆ دەستەبەر دەکات. گرنگە بۆ منداڵان فێربن و بزانن کارەکانیان ئاکامیان هەیە، بزانن ئێوە وەکو دایک و باوک پشتیان پێدەبەستن و دژیان نین ء یارمەتیان پێشکەش دەکەن هەرکاتێک پێویست بوو،ئەم شێوازى مامەڵە کردنە یارمەتى منداڵان دەدات بیرکەنەوەء بڵێن: ( دەتوانم متمانەتان پآ بکەم، دەتوانم متمانە بە خۆشم بکەم ).
بۆ ئەوەى ئەم جۆرە لە متمانە بنیات بنێیت پێویستە:
- دژی مندالان نەبیت تاوەکو بزانن پێشبینى چى بکەن.
- دڵنیا بیت پەیامە زارەکىء نازارەکییەکانت چوونیەکن.
- راستگۆ بە دەربارەى هەستەکانت بۆ خۆتء منداڵانیش.
- بە دادوەرانە مامەڵە لەگەلڕ هەر منداڵێکدا بکە.

5.رێز:
مناڵان پەرە بە رێز دەدەن بۆ خۆیانء کەسانى دیش ئەگەر فێر بن ئەوەى بیرى لێدەکەنەوەء هەستى پێدەکەنء دەیکەن گرنگە. ئەگەر بە نزم سەیرى منداڵەکانت بکەیتء بە ناوء ناتۆرەى بآ مانا بانگیان کەیت، ئەوا منداڵەکەت هەست دەکات بآ نرخە. رەخنەگرتن یان سزادان بەشێوەى توند کۆسپە لە بەردەم منداڵاندا بۆ پەرەدان بە متمانە بەخۆبوون.
بە پەسەندکردنى مافى منداڵەکانت بۆ ئەوەى هەستیان هەبێت، دەتوانیت یارمەتیان بدەیت فێربن رێزى هەستى ئەوانى تر بگرن. ئەگەر رێگەى تەندروست فێرى منداڵەکانت بکەیت بۆ گوزارشتکردن لە هەستەکانیان، ئەوا فێر دەبن گەشە بدەن بە پەیوەندییەکانیان بە شێوەیەکى ئیجابى.
کاتێک مامەڵە لەگەلڕ منداڵەکەتدا دەکەیت، پێویستە لە یادت بێت کە:
- ئەوەى هەستى پێدەکەن پەسەندى کەیت تەنانەت ئەگەر جیاواز بێت لە هەستەکانى تۆ.
- رێز پیشان بدە بۆ هەستء باوەڕء تاکایەتى وکردەکانیان لەڕێگەى گوێگرتن لێیان بە شێوەیەکى دڵسۆزانە.
- دەستەواژەى وەک ( هەست ئەکەم ) یان ( لەو باوەڕەدام ) بەکار بهێنە کاتێک کە پێویستە قسە بۆ منداڵان بکەیتء پێیان بڵێیت ئەوەى کردوویانە هەڵەیە.

6.هەستکردن بە تایبەتمەندبوون:
ئێمە هەموومان تایبەتین. گرنگە یارمەتى منداڵەکانت بدەیت بەهرەو سیفاتە تایبەتییەکانى خۆیان ئاشکرابکەن. کاتێک هەستان بە دەستنیشانکردنى ئەوەى تایبەتیان دەکات، پاشان پێویستە فێربن بەها دانێن بۆ بەهێزییەکانیان. لەیادت بێت ئەوە فێرى منداڵەکانت بکەیت کە هەستکردن بە تایبەتمەندێتى ماناى ئەوە نییە هەست بکەیت باشتریت لەوانى تر، بەڵکو تێگەیشتنێکى ئیجابییە لە بآ وێنەیى و بەهرەمەندى خۆیان.
پێویستە هانى منداڵان بدەیت:
- بەها دانێن بۆ بآ وێنەی و تایبەتمەندییەکانى خۆیان.
- گەشبین بن.
- هەڵوێستێکى بەختەوەرانەیان هەبێت ( لەیادت بێت نموونەیەکى باش دانێیت لە بەرچاویان).
- هەوڵەکانیان بدەن بە پێى رێگەکانى خۆیان.
- تێبگەن کە ئەوپەڕى هەوڵدان بەباشى گرنگترە لە بردنەوە.

7.متمانە بەخۆبوون :
زۆر گرنگە پشگیرىء پەسەندکردن ببەخشیتە منداڵان. ئەو منداڵانەى کە باوەڕء متمانەیان بە خۆیانء تواناکانیان هەیە، ئەگەر زۆرە ژیانێکى بەختەوەرء پڕ بەرهەم لە گەورەییدا بەسەر بەرن.منداڵەکانت فێرکە چۆن لە هەڵەکانیانەوە فێر بنء ئەزموون وەربگرن ،بەرەو ئامانجێک کار بکەن، شانازى بکەن بە سەرکەوتنەکانیانەوە.
پێویستە:
- هانیان بدەیت ڕووبەڕووى ئاستەنگەکان ببنەوەء سەرکێشى بکەن.
- فێریان بکەیت بڕیار بدەنء ئامانجەکان دیارى بکەن.
- گوزارشت لە باوەڕء متمانەیان بکەن بە خۆیانء تواناکانیان.
- دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنیت بەرپرسیارێتى لەئەستۆ بگرن بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان.
- یارمەتییان بدەیتفێربن و بزانن لەژیاندا چەند شتێک هەیە دەبێت پەسەندى بکەنء چەند شتێکیش هەیە دەتوانن هەڵیانبژێرن بۆ ئەوەى بیانگۆڕن.
- دەرفەتێکیان بدەرآ بۆ سەرکەوتن.

ئامادەکردنى
صلاح حسن / چارەسازى دەروونى
salahboskany@yahoo.com

ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی
www.derunnasy.com

لەهاوپۆلی: ده‌روونناسی مناڵ

بۆچوونەکان


« ته‌نگژه‌ی پاش زه‌بری ده‌روونی PTSD | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | باجی پرۆسه‌ی هاوسه‌گیری ته‌نها کچان ده‌یده‌ن »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional