تشرینی یه‌كه‌م 5, 2007
![]()
ئاشکرایه که ئه‌و خێزانانه‌ی پڕ کێشه و گرفت و ئاژاوه‌ن هه‌میشه ڕه‌وشێکی نائاسایی باڵ به‌سه‌ریاندا ده‌کێشێت له‌جێی ئارامی .. دڵه‌ڕاوکێ و له‌جێی سۆز و خۆشه‌ویستی .. قین و حه‌زی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و له‌جێی جێگیری .. په‌رته‌وازه بوون و حه‌ز به‌هه‌ڵهاتن ، ئاماده‌ییان ده‌بێت .
ئه‌و خێزانانه‌ی ئاژاوه‌یان تێدایه به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر هاتوو به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام بێت ، ئه‌وا ئه‌م ڕه‌وشه کاریگه‌ری خراپ ده‌کاته سه‌ر باری ده‌روونی مناڵه‌کانیان له ئێستا و ئایینده‌دا . شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی نێوان دایک و باوک له‌به‌رده‌م مناڵ‌دا وه‌ها له مناڵ ده‌کات هه‌ست به ئاسایش نه‌کات و بترسێت له چاره‌نووسی خۆی ، له‌کاتێکدا هه‌ستکردن به‌ئاسایش یه‌کێکه له پێداویستیه گرنگه‌کان بۆ هه‌موو قۆناغه‌کانی ژیانی مرۆڤ به‌تایبه‌ت مناڵی . هه‌ندێک جار دایک و باوکان هۆکاری ئاژاوه‌ی نێوانیان ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی مناڵه‌کانیان ئه‌مه‌ش کارێکی مه‌ترسیداره و مناڵه‌که تووشی گوناهه گرێ ( عقدة الذنب ) ده‌که‌ن که ئاکامی زۆر خراپی ده‌بێت بۆ پاشه‌ڕۆژی مناڵ . مناڵ له‌کاتی بوونی کێشه و گرفتی نێوان دایک و باوک‌دا سه‌رگێژ ده‌بێت له‌نێوان پاڵدانه پاڵ دایک یان باوک و لایه‌نگری کامیان بکات ، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا مناڵ ده‌خاته کێشمه‌کێشێکی ده‌روونی زیان به‌خشه‌وه . هه‌روه‌ها مناڵ فێری ئه‌وه ده‌بێت که یه‌کێکیان له‌دژی ئه‌وی تر به‌کاربهێنێت بۆ مه‌رام و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی که ڕه‌نگه به‌سوود نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مناڵه‌که .
جاری وا هه‌یه بوونی ئه‌م ئاژاوه و کێشانه له خێزاندا وا له یه‌کێکیان ( دایک یان باوک ) ده‌کات که زیادڕه‌وی بکات له خۆشه‌ویستی به‌خشین و نازدانی بێ سنوور به‌مناڵ که دووباره ئه‌مه‌ش به‌زیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مناڵ .
سه‌رقاڵ بوونی دایک و باوکان به کێشه و ئاژاوه‌ی ناوخۆیانه‌وه ، که‌لێنی گه‌وره دروست ده‌کات له پرۆسه‌ی سه‌رپه‌رشتی کردن و ڕێنمایی کردنیاندا ، بۆیه مناڵ زۆر جار دووچاری په‌رته‌وازه بوون و لادان ده‌بێت له‌ئه‌نجامی فه‌رامۆش کردنه‌وه یان له‌تاو ئه‌و که‌شه خێزانیه ناله‌باره‌ی بۆ مناڵه‌که بۆته دۆزه‌خ . مناڵ له‌م ڕه‌وشانه‌دا هیچ بڕوایه‌کی به دایک و باوک نامێنێت ته‌نانه‌ت بیرۆکه‌یه‌کی خراپیشی له‌لادروست ده‌بێت سه‌باره‌ت به خێزان .. ماڵ .. که‌سێتی دایک .. که‌سێتی باوک ، که له ئایینده‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خراپی ده‌بێت بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تی و سۆزداریه‌کانی ، ته‌نانه‌ت بۆسه‌ر ژیانی هاوسه‌ری و ڕه‌فتاری سێکیسی مناڵ له ئایینده‌دا .
ده‌روونناسان له‌سه ئه‌وه کۆکن که ئه‌و مناڵانه‌ی له‌م جۆره خێزانانه‌دا گه‌شه ده‌که‌ن تووشی تێکچوونه ده‌روونیه‌کان ده‌بن و نابنه خاوه‌نی که‌سێتیه‌کی ئاسایی و هاوسه‌نگی ده‌روونی له ژیانی دروونیاندا ، له‌زۆر باردا گۆشه‌گیر ده‌بن و هه‌ست به‌که‌می ده‌که‌ن له‌ناو هاوه‌ڵه‌کانیاندا و له‌قوتابخانه و هه‌ڵوێسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا .
گه‌لێک هۆکار له‌پشت ئاژاوه‌ی خێزانیه‌وه‌یه ، ئابووری .. کۆمه‌ڵایه‌تی ( ده‌ستێوه‌ردانی که‌سانی تر) .. ناپاکی له‌ژیانی هاوسه‌رێتی .. بێ‌کاری .. جیاوازی ئاستی ڕۆشنبیری .. لاوازی و ساردی سێکسی .. گرێی ده‌روونیه‌کان و … هتد . به‌ڵام زۆربه‌ی هۆکاره‌کان له‌یه‌ک سه‌رچاوه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن ئه‌ویش نائاماده‌یی هۆشیاری و که‌می ئاستی ڕۆشنبیری دایک یان باوک یان هه‌ردووکیانه . ده‌نا ده‌کرێت بۆ هه‌موو کێشه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر بدۆزرێته‌وه و به‌رژه‌وه‌ندیه کاتی و خۆپه‌رستیه‌کان وه‌لا بنرێن هه‌رنا له پێناو جگه‌ر گۆشه‌کاندا . ئه‌و دایک و باوکانه‌ی ده‌بنه هۆی نانه‌وه‌ی دۆزه‌خ له‌ناو خێزاندا بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆیان بزانن زیان به کۆمه‌ڵگه‌ش ده‌گه‌یه‌نن ئه‌ویش له‌ڕێی ئه‌و تێکچوونه ده‌روونیانه‌ی تووشی مناڵه‌کانیان ئه‌که‌ن .
سه‌باره‌ت به مناڵ ، جیابوونه‌وه‌ی دایک و باوک و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزان که چه‌ند به‌سوێ و به‌زیانه ، باشتره له دۆزه‌خێک که به‌به‌رده‌وامی ڕۆحیان بسوتێنێت و ده‌روونیان وێران بکات و به‌رده‌وام له گێژاوی ئاژاوه و کێشمه‌کێشی نێوان دایک و باوک‌دا بژین .
له‌ڕۆژگارێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا جێی خۆیه‌تی که حکومه‌تی کوردستان و داموده‌زگا په‌یوه‌نداره‌کان بیر له دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌کی تایبه‌ت به هۆشیارکردنه‌وه‌ی خێزان بکه‌نه‌وه ، ئه‌و کچ و کوڕانه‌ی ده‌یانه‌وێت پێ بخه‌نه ناو که‌ژاوه‌ی ژیانی هاوسه‌ری ، پێش ئه‌وه‌ی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریان بۆ ئه‌نجام بدرێت له دادگا ، خولی هۆشیاری ببینن که له‌لایه‌ن پسپۆرانی بواری ده‌روونناسی و په‌روه‌رده و کۆمه‌ڵناسی به‌ڕێوه بچێت ، تاکو کچ و کوڕانی دوێنێ و دایک و باوکانی سبه‌ی چه‌کدار بکرێن به ڕۆشنبیریه‌کی ته‌واو سه‌باره‌ت به مامه‌ڵکردنی دروست له‌گه‌ڵ یه‌کتر و به‌رگه‌گرتنی یه‌کتر و چۆنێتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کێشه و گرفته‌کانیان و چۆنێتی په‌یڕه‌وکردنی شێوازی په‌روه‌رده‌یی دروست بۆ مناڵه‌کانیان . به‌شێوازێک هیچ کچ و کوڕێک گرێبه‌ستی دادگایان بۆ ئه‌نجام نه‌درێت هه‌تا پشتگیری ئه‌م ده‌زگایه‌ی نه‌بێت . وێڕای ئه‌مانه میدیا جۆراوجۆره‌کان ده‌بێت له‌م بواره‌دا ڕۆڵی به‌رچاو بگێڕن له هۆشیار کردنه‌وه‌ی خێزان به‌تایبه‌تی و کۆمه‌ڵگه به‌گشتی .
s.siwaily@gmail.com
www.derunnasy.com
لەهاوپۆلی: ده‌روونناسی مناڵ
« که‌سێتی 3-1 که‌سێتی شیزۆیدی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | مرۆڤ له‌نێوان وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی و وێنه‌ی خه‌یاڵی- دا »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
