ئهیلول 10, 2008
چەمکى هاوڕێیەتى و
نهێنییەکانى هەرزەکار و لاو
نووسینی : سهمهد ئهحمهد
مامۆستا لهکۆلیژی پهروهرده ی چهمچهماڵ
هاوڕێیەتى چەمکێکى کۆمەڵایەتییە، تایبەت نییە تەنها بە تەمەنێکى دیاریکراوەوە، بەڵکو مرۆڤ لە هەر قۆناغێکدا بێت جۆرێک لە هاوڕێیەتى پیادە دەکات، ئەمەش باشترین ئاماژەیە کە مرۆڤ بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتییە و مەحاڵە بتوانێت بە تەنها و دوور لە کەسانى تر بژیت.
بەڵام لەهەر قۆناغێک زیاتر، هاوڕێیەتى قۆناغى هەرزەکارى و لاویى جێگەى سەرنجە، چونە مرۆڤ (کچ و کوڕ) لەم قۆناغەدا لە بارێکى دەروونى و جەستەیى زۆر تایبەت و ئاڵۆزدایە.
رەنگە هەڵە نەبین گەر بڵێین: لە هەر کەسێک زیاتر ئەوەى پێویستى بە هاوڕێ و هاوخەم هەیە، هەرزەکار و لاوە، چونکە مرۆڤ لە قۆناغى منداڵیدا زۆر شت دەبێتە جێگرەوەى هاوڕێ بۆى، جگە لەمەش منداڵ زۆر درک بەوە ناکات کە هاوڕێیەتى ماناى چییە، ئەم شتێکى دەوێت کە یاری پێبکات و کاتى خۆى پێ بباتەسەر، هەرچى هەرزەکار و لاوە، تاکە کەس کە دەتوانێت لە کێشە و داخوازییەکانى بگات، هاوتەمەن و هاوڕێکانێتى.
زۆرێک لە دایکان و باوکان گللەیی لە کوڕ و کچە هەرزەکارەکانیان دەکەن کە هیچ لە لاى ئەوان نادرکێنن و رازى دڵى خۆیان بۆ ئەمان ناکەنەوە. بەڵام هەقە گەورەکان (دایکان و باوکان) لەوە باش تێبگەن کە لەم مەسەلەیەدا کوڕ و کچە هەرزەکارەکانیان لەسەر هەقن، چونکە هەرگیز دایک و باوک بۆ کوڕ و کچى هەرزەکار ئەو سێبەرە نییە کە ئەمان بتوانن لە پەنایدا پشوویەکى دەروونى و عەقڵى بدەن.
هەرزەکارەکان لەبەر ئەوەى هاو(کێشە) و هاو(تەمەن)ن، هەربۆیە زوو دەبن بە هاوڕێی یەکترى، هاوڕێ بەو مانایەى کە لە زمان عەقڵى یەکترى باش تێدەگەن و دەزانن کێشەکانیان چییە…
مرۆڤ لە تەمەنى هەزەکاریى و لاویدا لە هەر کەسێک زیاتر پێویستى بە کەسێکە گوێى لێبگرێت و ببێتە هاو(خەم)ى، هەرزەکاریش تەنها ئەو کەسەى خۆش دەوێت و دەتوانێت لەگەڵیدا هەڵبکات و پشتگیرى رایەکانى بکات، تەنانەت ئەگەر چەندە هەڵەش بێت.
هەرزەکار هەرگیز خۆشى بەچارەى کەسێکدا نایەتەوە کە دان بە رەوایى داخوازییەکانیدا نەنێت، حەزى لە کەسێک نییە کە لەسەر مەسەلەیەک سێ و دووى لەگەڵدا بکات.
مرۆڤى هەرزەکار پێویستى بە کەسێکە کە بتوانێت لە لاى باسى گۆڕانکارییە جەستەیى و دەروونیى و سۆزدارییەکانى بکات. بە هەمان شێوە کەسى گوێگریش لە کەسى قسەکەر زیاتر چێژ لەو باس و خواسانەوە وەردەگرێت و ئەمیش لە لاى خۆیەوە رازى دڵ و دەروونى خۆى بۆ هاوڕێ و هاوخەمەکەى دەکاتەوە. ئیدى لێرەوە شتێکى شاراوە لە نێوان ئەو هەرزەکارانەدا نامێنێت و بێ پەردە باس لە نهێنییەکانى یەکترى دەکەن و شتێک لە لایەن نامێنیـَەوە کە ناوى گرێى دەروونى بێت.
زۆربەى قەسە وباسەکانى کۆڕى هەرزەکارانیش، باسى رەگەزى بەرامبەرە، واتا کوڕان باسى کچان و کچانیش باسى کوڕان دەکەن. بۆ هەرزەکاران، هیچ لەم باسانە خۆشترنین و هەر هەر کۆتاییان نایەت.
کوڕ و کچ لە تەمەنى هەرزەکاریى و لاویدا، زۆر حەز بە هاوڕێیەتى یەکترى دەکەن، بەڵام بۆ هەریەکەیان زەحمەتە بتوانن رازى دڵ و نهێنى دەروون بۆ ئەویتریان بکەنەوە وەک لەوەى دەتوانن بۆ هاوڕێ و هاورەگەزەکانیان بیکەنەوە.
رەنگە ئەمە لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکى تر جیاوازى هەبێت، لە هەندێکدا کچ و کوڕ زووتر و ئاسانتر دەتوانن ببنە هاوڕێ و هاوخەمى یەکترى و لە هەندێکى تردا ئەمە قورسە، بەڵام لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا، هەرزەکار لەگەڵ هاوڕەگەزى خۆیدا زووتر دەتوانێت ببێت بە هاوڕێى، بەو مانایەى کە نهێنى خۆى لە لا بدرکێنێت….
لەهاوپۆلی: دهروونناسی ههرزهكاری
« پرسه و سهرخۆشی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | متمانه بهخۆبوون »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
