نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

ده‌ربڕینی لاوان له‌نێوان فشاری خێزان و ئاره‌زووه‌کانیاندا

سێبته‌مبه‌ر 12, 2007

ganjan.jpgدەربڕینى لاوان لەنێوان فشارى خێزان و ئارەزوەکانیاندا

بەهۆى ڕەچاونەکردنى بنەما پەروەردەییەکان لەناوخێزاندا و زیاتر پابەندبوون بە داب و نەریتەکۆنەکان، ستایڵێکى تایبەت بۆتە سیماى زۆرینەى خێزانەکانى کۆمەڵى کوردەوارى، ئەمەش شێوازێکى ناتەندروستە بەواتا پەروەردەییەکەى. ئەم هۆکارە دایکان و باوکانى کردۆتە وێنەیەکى کۆپیکراوى باوانى خۆیان، دوور لەهەر گۆڕانێک جێگەى ئاماژە بۆکردن بێت، 0ئەوانیش بەهەمان شێواز بەردەوام لەهەوڵى ئەوەدان نەوەکانیان بکەنە وێنەیەکى بیروبۆچون و ئارەزو ڕەفتارەکانى خۆیان.
بێگومان هەموو خێزانێک پەیڕەوێکى تایبەتى هەیە بۆ ژیان، لە: پەروەردەکردن، پابەندبوون، ڕیێنماىکردن، بەربەست دانان، ڕێگەپێدان، شێوازى پەیوەندییەکان،…
بەڵام ەبیچت ئاگاداربین هەرزەکاران و لاوان وەکو توێژێکى گرنگى کۆمەڵ، پێویستە شێوازێکى مامەڵەى تایبەت ئەنجام بدرێت لەگەڵیان، لەلایەن خێزان، ناوەندەکانى خوێندن، کۆمەڵگا بەگشتى.
زۆرجار ئەم پەیڕەوەى خێزان بۆ پەروەردەکردن، کاریگەرى دەبێت لەسەر هەرزەکارو لاوان ( کچ و کوڕ )، کەنەتوانن سەربەستبن، بڕیاربدەن، ناخى خۆیان دەرببڕن، پەیوەندى کراوە دروست بکەن لەگەڵ گەورەکان و بەردەوام لەژێر فشاردا دەژین…لێرەدا بەشێک لەهەرزەکار و لاوان هەوڵ دەدەن ملکەچى بڕیارەکانى خێزان بن بەتەواوى، بۆ ئەوەى بیسەلمێنن پابەندن بەو بنەمایانەى خێزان بۆى دیارى کردون،هەروەها بۆ ئەوەى ڕەزامەندى گەورەکان بەدەست بهێنن.بەشى دووەم لە هەرزەکار و لاوان دژى بڕیارەکانى خێزان دەوەستنەوەو سەرپێچى دەکەن، ڕۆژ لەدواى ڕۆژ بەرەو سەرکەشى کردن دەچن و هەوڵ دەدەن ئەوکارە ئەنجام بدەن کە ویستى گەورەکانى لەسەر نییە و دەبنە بەرهەڵستکارێکى بەردەوام .
بەهۆى پەڕاوێزکردنى لاوان و بەشدارپێنەکردنیان لە دانانى پەیڕەو یاساکانى ناو خێزان، نەبوونى وتوێژى کراوە لە نێوان گەورەکان و لاواندا، دورى دەکەوێتە نێوان پەیوەندییەکان و شەرم و خەفەکردن جێگەى دەربڕین دەگرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆى دروستکردنى تەنگەژەیەکى دەروونى درێژخایەن لاى هەرزەکار و لاوان.
لاوان مافى خۆیانە بەخاترى دۆزینەوەى ڕێگاى ڕاست و دروست، بۆ دەربڕینى ناخیان، بپرسن چى بکەین؟ چۆن هەڵسوکەوت بکەین؟ لەگەڵ کێ وتووێژ بکەین؟ کێشەکانمان بۆ کێ باس بکەین؟
لێرەدا ئەرکى گەورەکان بەگشتى و دایک و باوک بەتایبەت، بریتییە لە هاوکارى کردنى لاوان بەشێوەیەکى ڕاستگۆیانە، بۆ ئەوەى بیانگەیەننە وەڵامێکى ڕاست ودروست و تەنها و سەرسوڕماو جێنەمێن.
لاوان چەندین کەناڵی جیاوازیان لەسەر کراوەتەوە و هەریەکەى بەشێوازێک ئاڕاستە و ڕێنماییان دەکات. کەناڵەکانى: خێزان، خزم وکەس، هاوڕێ، ناوەندەکانى خوێندن، کۆمەڵگا، لەهەمان کات کەناڵە لۆکاڵ و جیهانییە هەمەجۆرەکانى ڕاگەیاندن.
هەندێک جار چەند کەناڵێکیان لەسەر هەمان شێواز کاردەکەن بۆ ئاڕاستەکردنى لاوان، بەڵام زۆر کاتیش کەناڵەکان پێچەوانەى یەکترن و لاوان لەو نێوەندەدا لەژێر کاریگەرى فرە ئلڕاستەکردندایە و توشى سەرلێشێوان دەبێت و نازانێت کام کەناڵ، کام ئاڕاستە، کام بڕیار، کام هەڵبژاردن دروستە، ئەمەش کاریگەرییەکى ڕاستەوخۆى دەبێت لەسەر ناخ و دەروونى لاوان و نازانن چۆن دەریبڕن.
یەکەمین کەناڵى ئاڕاستەکەر لاوان لەگەڵیدا ڕوبەڕودەبنەوە، بریتییە لە خێزان.لەبەرئەوە پێویستە دایکان و باوکان زۆر بەوریایى ئەرکى ئاڕاستەکردنى هەرزەکار و لاوان بەڕێوەبەرن، تاکو ببنە جێگەى متمانەیان و بتوانن پەیوەندى کراوەیان لەگەڵ دروست بکەن، لێرەوە لاوان دەتوانن ئازادانە ناخى خۆیان دەرببڕن و باس لەکێشەکانیان بکەن.

دایکان و باوکانى بەڕێز:
مرۆڤ کائینێکە، پێویستى بە دەربڕین هەیە لەکاتى لەدایک بوون تا کۆتایى تەمەن، بەڵام هەرقۆناغێک پێداویستى و ئاسانکارى، پاشان ڕێگا و شێوازى دەربڕینى خۆى هەیە،بۆ ڕەخساندنى بوار و هاندانى لاوان بۆ دەربڕین ئەم چەند پێشنیارە بۆ دایکان و باوکان دەکەین:
1. پێویستە شێوازى پەیوەندیتان لەگەڵ لاوەکانتان کراوە بێت، بۆ ئەوەى بتوانن هەستەکانیان دەرببڕن.
2.پێویستە گەورەکان هەر لەسەرەتاوە گوێگرێکى باش بن بۆ منداڵ، بۆ ئەوەى متمانەدروست بکەن لایان، تاکو بتوانن ئازایانە و دور لەشەرم کردن ،ناخى خۆیان دەرببڕن، بەتایبەت لەقۆناغى هەرزەکارى و لاویدا.
3. بەهەمان بیرو بۆچوونى خۆت و کاریگەرى لەژێر داب ونەریتە کۆنەکان ئاڕاستەو ڕێنمایى لاوان مەکە و دوربە لە بەکارهێنانى توندوتیژى لە شێوازى پەروەردەکردنتدا.
4. پێویستە لەناوخێزانەکەتدا بیرو ڕاى جیاواز پەسەند بکەیت و ماف بدەیت بە هەرزەکار و لاوان لەوبارەیەوە، چاوەڕوان مەکە گشت ئەندامانى خێزانەکەت هەمان بیروبۆچون و ئایدیاى تۆیان هەبێت، یان هەمان چارەسەرى تۆیان پێبێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەى کێشەکان.
5.ڕۆڵى لاوان لەناو خێزاندا پەراوێز مەکە و ڕێگەبدە بەشداربن لە گفتوگۆکاندا و بۆچونەکانیان بەهەند وەربگرە.
6. هەوڵبدە پێشەنگێکى جوان بیت و بەشێوەیەکى پراکتیکى هەڵسوکەوتى جوان بڕوێنیت لە نەوەکانتدا، نەک تەنها قسەى بێ کردارت هەبێت.
7. پێویستە هۆکارى ڕاستەوخۆى هەڵبژاردن نەبیت بۆ کوڕ و کچە لاوەکەت لەم لایەنانەدا:
* هەڵبژاردنى هاوڕێ: هەوڵبدە هاوڕێکانى بناسە، پرسیار دەربارەیان بکە، بەڵام ماف مەدە بەخۆت بۆى دیارى بکەیت.
* هەڵبژاردنى لقى خوێندن: هەوڵبدە بەشە جیاوازەکانى خوێندنى پێبناسێنە، ئارەزوەکانى بەدیاربخە بۆ کام بەشى خوێندنە، پرسیارەکانى لەوبارەیەوە وەڵام بدەرەوە،نەک شوێنێک بڕیاربدەیت لەبەرئەوەى خۆت یان تێڕوانینى کۆمەڵگا پەسەندێتى، یان بەخاترى ئەوەى دەستکەوتێکى ماددى باشى دەبێت لەداهاتودا.
بۆ نموونە ئەگەر کوڕەکەت یان کچەکەت ئارەزومەندە لەداهاتودا ببێتە مامۆستایەکى سەرکەوتو، لەژێر فشارى خۆت و ئەو نمرەیەى بەدەستى هێناوە، بەزۆر مەیکەرە پزیشک یان ئەندازیار.
* هەڵبژاردنى جۆرى ئیش: مرۆڤ بۆ ئەوەى سەرکەوتو بێت لەوکارەى ئەنجامى دەدات، پێویستە لەگەڵ ئارەزوى بگونجێت و بەشدار بێت لەهەڵبژاردنیدا، نەک کەسانى تر بۆى دیارى بکەن و ڕۆژانە هەست بکات بەزۆر کارى پێدەکرێت.
*هەڵبژاردنى هاوسەرى ژیان: ئەگەر بۆ دیارىکردنى جۆرى بەشى خوێندن، جۆرى ئیش، پێویست بێت لاوان دەنگیان هەبێت، ئەوا بۆ هەڵبژاردنى هاوسەرى ژیان مافەکە چەند بەرابەرە و لاوان ئازادن لە بڕیاردان و دەربڕینى بۆچونى خۆیان لەوبارەیەوە، نابێت کاریگەرى و فشارى دەرەکى ئاڕاستەى بڕیارەکانیان بگۆڕێت.

لاوى خوێنەر:
گەوروترین هەل بۆ مرۆڤ دواى هەلى ژیان، بریتییە لەتەمەنى لاوێتى و ئەمەش بەشێکە لە هەلى ژیان بە شێوە گەورەکەى. لەهەمان کات تەمەنى لاوێتى پێکهاتووە لە چەندین هەلى ترى وەک بونى توانا ، هێز، کاتى بەتاڵ… بەڵام لەلایەکى ترەوە هەڵوێستى تۆى لاو گرنگە لەبەرامبەر ئەم قۆناغەدا، لەبەرئەوەى شێواز و سەرەنجامى ژیانى داهاتوت دیارى دەکات. بەڵام بەداخەوە زۆرینەى لاوان تاکو ئەم قۆناغەیان بەسەردا تێنەپەڕێت، بەهاکەى نازانن و تیایدا کەمتەرخەمن.
چۆن پێویستە گەورەکان ڕۆڵى خۆیان باش ببینن، ئەرکەکانیان لەبەرامبەر تۆى لاودا ئەنجام بدەن، بەهەمان شێوە پێویستە تۆش لە وەرگرتنى ڕۆڵى خۆت و بەڕێوەبردنى ئەرکەکانى سەرشانت کەمتەرخەم نەبێت، ئێمەش لەو بارەیەوە ئەم پێشنیارانە دەخەینە بەرچاوت:
1. دەستپێشخەرى بکە لە دروست کردنى پەیوەندییەکى تۆکمەو نزیک لەگەڵ دایک و باوک، گشت ئەندامانى ترى خێزان، پاشان هەوڵى پاراستن و بەردەوامى بدە و سود وەربگرە لەو پەیوەندییە و بیکەرە کەناڵێک، بۆئەوەى بتوانیت داواکارى و پێشنیار و کێشەکانتى لێ!وە دەرببڕیت.
2. هەوڵبدە لەناو خێزانى خۆت، خزم و کەس، هاوڕێکانت لایەنى کەم کەسێک یان زیاتر هەبێت، بۆ ئەوەى کێشەکانى خۆتى بۆ باس بکەیت یان ئەوکاتانەى لەڕوى دەروونییەوە نا ئاسودە دەبیت، وەکو شوێنێکى ئارام پەناى بۆ بەریت.
3. پێویستە بۆ دەربڕینەکانت کات و شێوازى گونجاو بدۆزیتەوە، دوور لەهەڵچون و بەکارهێنانى توند و تیژى.
4. لەکاتى بڕیاردان، هەڵبژاردن، وازهێنان،… خێرامەبە و سود وەربگرە لەکەسانى خاوەن ئەزمون لەناو خێزان و خزم و کەس و هاوڕێکانتدا، کە لە قۆناغى گەورەترى تەمەندان.
بۆ کەم کردنەوەى ئەو تەنگەژە دەروونییانەى ڕوبەڕوت دەبنەوە، ئەم شێوازانەى دەربڕین بەکاربهێنە:
* قسەکردن: یەکێک لەهۆکارە گرنگەکانى دەربڕین بریتییە لەقسەکردن دەربارەى ئەو تەنگەژە یان گرفتەى ناختى گرتووە و ئازار دەچێژیت بەهۆیەوە، بۆ ئەم مەبەستەش وتووێژ لەگەڵ کەسى متمانە پێکراو بکە .
* نوسین : یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانى تر کە بەکاردەهێنرێت بۆ دەربڕین، ئەگەر بوارت نەبوو بەشێوازى قسەکردن، یان کەسى گونجاو لەو کاتەدا ئامادە نەبوو قسەى بۆ بکەیت، ئەتوانیت تیانوسێکى تایبەت دابنێیت، بۆ تۆمارکردنى کێشەکانت.
* وێنەکردن: ئەم هۆکارەش وەکو نوسین گرنگى خۆى هەیە و بە هۆکارێکى دەربڕین دەژمێردرێت، بەڵام بزانە گرنگ لەوەدا نییە وێنەکەت جوان کێشراوە یان نا، گرنگ ئەوەیە وێنەکە بکێشت و ئەوەى لە ناختدا کۆبۆتەوە بیخەیتە سەر کاغەز.
* وەرزش کردن: هۆکارێکى گرنگە بۆ کەم کردنەوەى تەنگەژە دەرونییەکان، بەتایبەت ئەو وەرزشانەى جوڵەى جەستەیى تێدایە، وەک: مەلەکردن، فتبۆڵ، …
* گریان: لەکاتى دڵتەنگى و غەمباریدا، پێویستە هەوڵ بدەیت ناخت ئاسودە بکەیت و بێزاریەکانت دەرببڕیت، بۆ ئەو مەبەستەش گریان بەهۆکارێکى گرنگ دادەنرێت. ئەگەر شەرم دەکەیت لەشوێنک بگریت کەسانێک ئاگاداربن، ئەوا سود لەژورێکى چۆڵ وەربگرە بۆ ئەو مەبەستە و گریانەکەت خەفەمەکە، چونکە ئازارە دەروونییەکانت دەبنەنیشانەى جەستەیى وەک: سەرئێشە، گرژى ماسولکەکان، ئازارىگدە، نەبونى ئارەزوى خواردن،… .
* پێکەنین: حەزکردن لە گاڵتەوگەپ و بەئاڵۆز سەیرنەکردنى ژیان، وەهەروەها بەشدارى کردن لەو کۆڕ و کۆبونەوانەى تیایدا دڵخۆش و ئاسودەیت و وتو وێژەکانى دەبنە مایەى بزەى سەرلێوان و گەشانەوەى ڕوخسارەکان، یارمەتیدەرن بۆ ئەوەى بتوانیت لەگەڵ ئەو خەندە و پێکەنینانەدا، غەمبارى و تەنگەژە دەروونییەکانت لە ناخت بکەیتەدەر.

سەلاح حسن
چارەسەرسازى دەروونى
salahboskany@yahoo.com

لەهاوپۆلی: ده‌روونناسی هه‌رزه‌كاری

بۆچوونەکان


« چه‌ند ئاگاداریه‌ک له‌ ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسیه‌وه‌ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ده‌ستدرێژی سێکسی »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional