نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

دۆزی په‌روه‌رده‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌به‌یانی فه‌لسه‌فه‌دایه‌

ئاب 23, 2008

دۆزى پەروەردە لەگەڵ بەرەبەیانى فەلسەفەدایە  ….
توێژەرى کۆمەڵایەتى : حەمەی ئەحمەد رەسوڵ
بەشی یەکەم
چەمکى فەلسەفە چییە ؟ فەلسەفە لەسەرەتاوەء بەر لەهەر شتێک ، زاراوەیەکى یۆنانیە کەلە دوو واژە “لفڤ” پێکدێت : فیلا philo کە بەماناى خۆشەویستیەء ، سوفیا sophy  کە دانایى دەگەیەنێ . بەمەش فەلسەفە دەبێتـە “خۆشەویستى دانایى” .
چەمکى فەلسەفە تووشى دەسکاریى زۆر هاتووە بەشێوەیەک کە بووە بەکارێکى سەخت مرۆڤ بتوانێ پێناسەیەکى گشتگیر دابڕێژێ کە کۆى ئەو پێناسانە بگرێتە خۆى کە فەلسەفەکان پێشکەشیان کردووە . لەراستیدا ئەم دەسکارییانەش گوزارشت لەو گۆڕانە ئابوورىء کۆمەڵایەتىء سیاسىء کولتووریانە دەکەن کە تووشى سەردەمە مێژووییە جیاوازەکان هاتوون
پێناسە بۆ چەمکى فەلسەفە لەمێژووى خۆیدا ، ئەرستۆى فەیلەسوفى یۆنانى پێى هەستاوەء بۆ ئەوە چووە کە فەلسەفە “لێکۆڵینەوەیە لەبوون بەوەى کە هەبووە (موجود)ە” . ئەم دیاریکردنەى فەلسەفە دەیکاتە هەوڵێکى عەقڵیانە کە ئامانجى کەشفکردنى حەقیقەتێکى نوێیە یاخود مەیلێکى عەقڵیە کە هەستکردن بە نەزانى پاڵنەریەتىء چێژى عەقڵى هاندەریەتى ، نەخواستى عەمەلىء نەبیروباوەڕى ئایینى رێنماییکەر نین بۆى ، ئەم هەوڵە عەقڵیەش لەکۆندا بە زانست ناوزەد کراوە . لێرەوەیە کە گوتراوە زانستء فەلسەفە لەیەک ریشەوە هاتوون ، هاوڕێ بەیەکترى هاتوون هەتا لەسەرەتاى سەردەمى نوێدا لەیەکترى جیادەبنەوە .
بەڵام چەمکى فەلسەفە (هەموارکردنى)رێکسازى “تعدیل”ى بەسەردا دێت لە قۆناغى شکستى ژیارى یۆنانیدا لەم قۆناغەدا فیکر بەگشتى روو لە پوکانەوە بوو لە ناویشیدا فەلسەفە بەمەش وازى لە بیرکردنەوە لەبوون هێناو کەوتە توێژینەوە لە رەفتارى مرۆڤء رووى لە بەختەوەرى فەردىء ئارامى نیگەتیڤانە کرد ، رەنگە ئەم وەرچەرخانەى چەمکى فەلسەفە لەو پێناسەیەدا تێبینى بکەین کە قوتابخانەى رەواقیەکان (stoics) پێشنیارى کردبوو ، کە پێى وابوو فەلسەفە بریتییە لە “هونەرى فەزیڵەتء هەوڵى هێنانەدى لەژیانى عەمەلیدا “.
لەپێناسەى قوتابخانەى ئەبتمۆریشدا دیسان تێبینى دەکەین کە فەلسەفە لاى ئەبیقۆر Epicurus بریتییە لە هەوڵدان بۆ ژیانێکى بەختەوەر بە بەکارهێنانى عەقڵ …” ، بەوەش ئەم پێناسانە فیکریان بە ژیانى کردەییەوە گرێداء واقیعى ئەو رۆژگارەش ئەمەى دەویست .
لەکۆتایى ئەم سەردەمە مێژووییەشدا رێکسازى “تعدیل” یەک روویدا ، کە بووە مایەى ئەوەى فەلسەفە هەموو مانایەکى خۆى لەدەست بدات ،ئەمەش کاتێک روویدا کە گیانى سۆفیگەرایى بەسەر بیرکردنەوەى لۆژیکیانەى فەیلەسوفەکاندا زاڵبوو ، فەلسەفە بە گوێرەى گوزارشتى زیلەر بوو بە ” کۆششێک کە لە هەوڵى کۆکردنەوەء گونجاندنى نێوان لۆژیکى عەقڵى خۆرئاوایى سۆفیزمى ئایینى خۆرهەڵاتیدا بوو ”
لە چاخەکانى ناوەندیشدا چەمکى یۆنانیانەى فەلسەفە هەژموونى پەیدا کردەوە ، بە شێوەیەکى تایبەتیش لە دانانیدا بە ئارەزوویەک بۆ خواستى حەقیقەت لە پێناوى خودى خۆیدا ، لەهەمان کاتدا تێبینى ئەوەش دەکەین کە تێگەیشتنێکى دیکە بۆ فەلسەفە لەو سەردەمەدا هاتە ئاراوە کە هاوڕێکى چەمکە یۆنانیەکە بوو ، کە ئەو تێگەیشتنە بوو کە جەختى لەسەر ئەوە دەکردەوە کە فەلسەفە “هەوڵى گونجانى نێوان وەحىء عەقڵء ئارەزووى گونجاندنى نێوان دەسەڵاتى عەقڵى کۆنء دەسەڵاتى ئایینى نوێیە “، چەمکى فەلسەفە لاى قەشە ” ئەنسلم” بەمشێوەیەیە .
چەمکى یۆنانیانەى فەلسەفە لاى فەیلەسوفانى عەرەب دەنگیدایەوە ، فاڕابى لە کتێبەکەیدا “بەیەکەوە کۆکردنەوەى راى دوو دانیارەکە ” ، فەلسەفە بەم گوتەیەى پێناسە دەکات : (زانستە بە هەبووەکان بەو پێیەى کە هەبوون “موجود” ) . بۆ حیکمەتى ئیلاهىء سروشتىء لۆژیکىء ماتماتیکیشى دابەش کردء وایدەبینێت کە هیچ شتێک لەنێوان هەبووەکانى جیهاندا نییە کە فەلسەفە دەخالەتى تێدا نەبێء مەبەستێکى تێدا نەبێ .
لەسەرەتاى سەردەمى نۆیشدا نوێکارییەک لە چەمکى فەلسەفەدا روویدا ، رەنگە ئەم نوێکارییەش بگەڕێتەوە بۆ خەمى فەیلەسوفانى چاخى نوێ بۆ دامەزراندنى فەلسەفەیەکى نوێ ،ئیدى خاوەنانى ئاراستەى عەقڵى لەسەر عەقڵ بنیادیانناء ، خاوەنى ئاراستە ئەزموونگەرایەکەش “الاتجاە التجریبى” لەسەر تێبینىء ئەزموون دایانمەزراند ، لەدەرەنجامى ئەم وەرچەرخانەش لەچەمکدا فەلسەفەى نوێ رووى کردە توێژینەوە لە مەعریفەداء گرنگى بە لێکۆڵینەوەى سروشتەکەى دا بەمەبەستى وەستان لەسەر حەقیقەتى ئەو پەیوەندیەى هێزەکانى ئیدرالء شتە دەرککراوەکانى پێکەوە دەبەستێتەوە بەمشێوەیە فەلسەفەى نوێ چەند مەزهەبێکى دژى یەکترى بەرهەمهێنا لەنموونەى : میسالیەتء واقیعیەتء “حدسیە”و ، “وچیعە”ء، گومانگەرایىء یەقینگەرایى …..
هاوچەرخ لە مێژووى فولسەفە دێت بۆئەوەى هەڵگرى رێکسازى “تعدیل”یەکى ریشەیى بێت لە تێگەیشتنیدا بۆ چەمکى فەلسەفە ئاشکرایە فەلسەفە هاوچەرخەکان چەمکى فەلسەفەیان لە لێکۆڵینەوەى بوونء مەعریفەوە بۆ توێژینەوە لە بوونى مرۆڤ گواستویانەتەوە ئەمەش وەرچەرخانێکى گەورە بووە لە مێژووەکەیدا .
بەم رێکسازییەش چەمکى فەلسەفە لاى یەکێک لە مەزنترینى فەلسەفە هاوچەرخەکان کە “پۆزەتیڤیزمى لۆژیکگەرا :الوچعیە المنگقیە”یە ،بووە بە “کارێکى شیتاڵگەرانە رووتە نەک کەشفکردنى حەقیقەت ئەرکى فەلسەفە لە دیاریکردنى ماناى واژە “لفڤ” ەکاندا کورتبۆتەوە کە دیاریکردنى پێناسەکان هاوکاریمان دەکات ” . هەروەها بەوەى مەسەلەکانى زانست  بەڕوونى دیارى بکاتء پەیوەندییە لۆژیکیەکانى نێوانیان ئاشکرا بکات لەگەڵ رەمزە بەکارهێنراوەکان تێیاندا بەوەش فەلسەفە بەڕاى ریخنباخ بووە بە، “روونکردنى ماناى واژەکان لەرێگەى شیتاڵکارى لۆژیکیەوە ”
بەرتراند رەسلیش داواى زەرورەتى بەخشین سیماو رەنگێگى زانستیانەى رووت بە فەلسەفە دەکات ، ئەوەش بەڕاى ئەو هەق وایە ئەحکامء پێوەرە بنەڕەتیەکانى خۆى لە زانستەکانى سروشتیەوە هەڵبگۆزێت ، هەروەها پێى وایە پێویستە فەلسەفە تەبەنى میتۆدێکى شتیاڵکارانە بکات کە ئامانجى لابردنى تەمومژبێت لە تێڕوانینە فیکریە ئەبستراکتەکانء روونکردنەوەى مەسەلەء بەڵگە زانستیەکان کە فەلسەفە ئەم رێگایە نوێیەى هەڵبژارد دەتوانێ چەند دەرەنجامێکى پۆزەتیڤانەى وامان پێشکەش بکات کە لەسەرووى ئەو چارەسەرە ئەبستراکتگەرایانەوە بن کە ئێمەى لەسەریان راهێناوە .
پراگماتیزمیش پڕۆژەى نوێکردنەوەى بۆ فەلسەفە پێشنیار کردووە “دێوى” بۆ ئەوە دەچێت کە پێویستە فەلسەفە لە ئایندەدا پەیوەندییەکى پتەوى بەوەوە هەبێت کە روودەدات لە کاروبارى مرۆڤایەتى لە قەیرانء لە حاڵاتى سەختدا . بانگەشە بۆ ئەوە دەکات لە دۆگمایى قسە دەربچینء “دەخالەتى بە ژیانى واقیعیەوە نەبێت “ء بگۆڕدرێت بۆ چالاکیەک کە لەچارەسەرى کێشەکانى ئەم ژیانەداء لە پێکهێنانى زانستێکى مرۆییدا بەشدار بێت کە بشێ ببێتە پێشەکیەک بۆ نوێکردنەوەى حاڵى ژیانى مرۆیىء بانگەوازبێت بۆ پابەندبوون بە یاساوەء بۆ ئەوەى ژیانێکى باشترء بەپتتر بژین
لێرەدا دەوەستینء دەڵێین : ئامانجەکانى فەلسەفە کامانەن ؟ گرنگترینى ئەوەى فەلسەفە هەوڵى بۆ دەدات دانانى تێگەیشتنێکە بۆ هەموو ئەوەى دەکەوێـتە چوارچێوەى ئەزموونى مرۆییەوە لەم هەوڵەشیدا چەند ئامانجێکى دیاریکردووە ، لەوانەش :.
1-هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە سروشتى شتەکان شتێکى زانراوە کە ئەم کایەیە لە فەلسەفەدا بە زاراوەى “ئەنتۆلۆژیا” “ontologg” ناوزەد دەکرێت .
2-هەوڵدان بۆ لێکۆڵینەوەى رێبازەکانى بیرکردنەوەء ئەو ئامڕازانەى لە مەعریفەدا بەکاریان دەهێنێ ، فەلسەفە زاراوەى ئەبستمۆلۆژیا “”Epistemology بۆ ئەم کایەیە داناوە .
 3-هەوڵدان بۆ لێکۆڵینەوەى کێشەى رەفتارى مرۆیىء چارەسەرکردنى بەهەمان ئەم باسەش فەلسەفە بە ئەکسیۆلۆژیا “Axiologg” ناوى دەبات
دەگەڕێینەوەء پرسیار دەکەین : ئەرکى فەلسەفە چییە ؟ بریتییە لەم ئەرکانە :.
1-ئەرکى رۆشنبیریانەى فەلسەفە :
یەکێک لە گرنگترینى ئەو ئەرکانەى فەلسەفە پێیان هەڵدەستێت ئەوەیە کە تێڕۆانینى (فەلسەفە) دەیخاتە بەردەستى مرۆڤ کە هەلومەرجى دیاریکردنى هەڵوێستەکەى لەبەرامبەر رۆشنبیرییە باوەکاندا دیاریدەکات ، بەمەش ئەوەیان دیارى دەکات کە ئارەزووى لێیەتىء ئەوەش رەفز دەکاتء لایدەبات کە دەیەوێت ، بەڵام ئەم هەڵبژاردنءوەلانانە لەگەڵ ئەو فەلسەفەیەدا رێگە دەگرێتە بەر کە تاک یاخود ئەو  کۆمەڵگەیەى تێیدا دەژى کردویەتى پەیڕەوى دەکات ، فەلسەفە لەسەر ئەم بنەمایە دەگۆڕدرێت بۆ پێوەرێک کە جۆرى ئەو رۆشنبیرىء فەرهەنگە دیارى دەکات کە هەڵیدەبژێرێتء رۆڵء ئەرکەکەشى دیارى دەکات .
2-ئەرکى کۆمەڵایەتیانەى فەلسەفە :
یەکێک لە ئەرکەکانى ترى فەلسەفە ئەوەیە کە هەلى ئینتیما بۆ کۆمەڵ بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێ . زانراویشە کە کۆمەڵ لە چەند هێزێک پێکدێت کە چەند بەرژەوەندىء پەیوەندیگەلێکى خۆیانیان هەیە ، هەر یەکێکیش لەم هێزانە خاوەنى فەلسەفەیەکە هەڵوێستەکانى دیارى دەکات لە ناوەوەء دەرەوەى کۆمەڵگەدا ، لەهەمان کاتیشیدا دیدە مێژووییەکەىء هەلوێستیشى لە سەردەم دیارى دەکات .
فەلسەفە لێرەدا دەگۆڕدرێتە سەر ئایدیۆلۆژیا ، دەبێتە هێزێکى کارا لە کۆمەڵگەدا ، بۆ پێشەوەء بۆ دواوە دەیجوڵێنێ بەوەش تاک دەکاتە خاوەنى هەڵوێستێک کە وایلێدەکات “هەست بە ژیانى خۆىء بە بوونى بکات وەک مرۆڤ “.
3-ئەرکى زانستیارى فەلسەفە :
لە گرنگترین ئەرکەکانى فەلسەفە دانانى چوار چێوەیەکى گشتیە بۆ زانستء داڕشتنى تیۆرء گوتەزاکانى مێژووى فەلسەفە چەند شێوەیەکى لەوەسیەتء ئامۆژگارى فەلسەفە بەسەر گۆڕەپانى زانستدا .
مێژووى زانست چەند شایەتیەکى زۆرمان پێشکەش دەکات کە سەلمێنەرى پتەویى پەیوەندى پتەوى نێوان زانستء فەلسەفەن ، لەو سۆنگەیەوە کە کۆى ئەو زانایانەى شۆڕش زانستى گەورەیان بەرپاکردووە فەیلەسوف بوون ، ئەرکى فەلسەفەش لە مڕۆدا بووە بە داڕشتنى چەند گریمانەیەک بۆ زانست کە بۆ هەڵبژاردنى چەند رێبازێکى نوێ هانى دەدەن بۆ دڵنیابوون لەو گریمانانە ، بەمشێوەیە زانست دەرەنجامە درەوشاوە دەهێنێتەدىء رۆڵى فەلسەفە دەبێتـە وێنە کێشانى دیدێکى ئایندەیى بۆ زانست .
کەسانێکیش هەن بە دیدێکى دیکە بۆ ئەرکى فەلسەفە دەڕوانن کە وێنەى ئەو تەواو دەکات کە فەلسەفە هەڵدەستێت ،ئەم تیڕوانینەش ئەم ئەرکانە دیارى دەکات :.
1-ئەرکى رەخنەگرانەى فەلسەفە :.
فەلسەفە بەکارى رەخنەیى ئەو چەمکء گریمانەء بەڵگەنەویستانە هەڵدەستێت کە زانایان بەکارى دەهێنن لەهەر کایەیەک لە کایەکانى مەعریفەدا ، شتێکى زانراوە کە زانایان بەر لەهەستیان بەکارە زانستیەکەیان کۆمەڵێک لە چەمکء گریمانەء بەڵگەنەویست بەکار دەهێنن ،بە پشکنینیشى هەڵناستن بەڵکو بۆ فەیلەسوفى بەجێدەهێڵن ، لێرەدا ئەمەى دواییان “واتە فەلسەفە “بە پرۆسەى پشکنینء رەخنەى ئەو چەمکء گریمانەء بەڵگەنەویستانە هەڵدەستێت “کە ئەم تاقیکردنەوەیەى لەسەر وەستاوە ،وریایىء ئاگایانیش ئاراستەى ئەو لایەنانە دەکات کە تێیاندایە لە بەهێزىء لاوازى .(10)
2-ئەرکى رونکارى – شیتاڵکاریانەى فەلسەفە :.
فەلسەفە بۆ شیکردنەوەى ئەو پەیوەندیانە تێدەکۆشێت کە لەنێوان زانستە جیاوازەکاندا دێتە ئاراوەء لەپاشانیشدا شییان دەکاتەوە ، ئاشکرایە کە زاناى هەر بوارێک لە بوارەکانى زانست گرنگى پێدانەکەى ئاراستەى مەیدانى پسپۆڕییەکەى خۆى دەکات بەبێ ئاوڕدانەوە بۆ ئەو پەیوەندیانەى پسپۆڕێتیەکەى بە مەیدانەکانى ترەوە گرێ دەدات ، رەنگە ئەمەش بۆ زۆرى لقى مەعریفە مرۆییەکانء ئالۆزییان  بگەڕێتەوە ، لێرەدا ئەم ئەرکە بۆ فەیلەسوف بەجێ دەهێڵرێ بۆ ئەوەى پێى هەڵبسێت ،بەوەش فەیلەسوف بۆ شیکردنەوەى پەیوەندییەکان نێوان لقە جیاوازەکانى پسپۆڕێتى تێدەکۆشێتء لەپاشاندا بە روونکردنەوەى پەیوەندییان ئەزموونى مرۆڤایەتیەوە هەڵدەستێت .
3-ئەرکى رامانکارانەى فەلسەفە “وڤیفە الفلسەفە التڕملیە ” .
“رامان” ئەرکێکى تەواوکەرى ئەوئەرکانەیە کە فەلسەفە پێیان هەڵدەستێت ، ئەم رامانەش فەلسەفە بە ئەزموونى مرۆڤایەتیەوە گرێدەداتء دەیگۆڕێتە سەرهێزێک کە چالاکى لە ئەزموونى مرۆڤایەتیدا دەخاتە گەڕ بەشێوەیەک کە ئەزموونێک دێنە ئاراوە کە بۆ نموونە باڵاکار “المپل العلیا” بەرزدەبێتەوە ئەم نموونانەش بە رۆڵى خۆیان لە نوێوە بەشدارى لە بنیادنانەوەى ئەزموونى مرۆڤایەتى دەکەن .
بەمجۆرە رامان دەچێتە ناو ئەزموونى مرۆڤایەتیەوە بۆ ئەوەى بەشدارى بکات لە دانانى بینایەکى نوێ بۆى ، ئینجا هەوڵى هێنانەدى دەداتء بەوەش رۆڵێکى گەورە دەبینێت لە پێکهێنانى ئەزموون لە نوێوء لەباشترین شێوەدا بۆى .

 

ماویەتى

لەهاوپۆلی: ده‌روونناسی چییه‌؟

بۆچوونەکان


« پێکه‌نین له‌ کاری هونه‌ریدا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | دۆزی په‌روه‌رده‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌به‌یانی فه‌لسه‌فه‌دایه‌ / به‌شی دووه‌م »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional