تشرینی یه‌كه‌م 17, 2008
دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ توێژه‌ر و چالاکوانی بواری ژنان خاتوو ( خه‌ندان جه‌زا سه‌رپاچ )
ده‌رباره‌ی هه‌ردوو دیارده‌ی له‌شفرۆشی و ناپاکی هاوسه‌ریی له‌کوردستان
به‌شی دووه‌م
ده‌روونناسی : کاتێک باس له‌دیارده‌ی له‌شفرۆشی ده‌کرێت هه‌ندێک جار باس له‌گرتووخانه‌کان یان دوکان و ئارایشتگاکانی ژنان یان زه‌ره‌نگه‌ڕ و پۆشاک فرۆشان و مۆبایل فرۆشه‌کان ده‌کرێت ، ئه‌م په‌یوه‌ندیه چۆنه ؟
خه‌ندان جه‌زا : له‌میانی لێکۆڵینه‌وه‌که‌مدا و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆک بانده‌کان ، ئه‌وان زۆر باسیان له ئارایشتگاکان و پۆشاک فرۆشان و بازرگان و زه‌ڕه‌نگه‌ره‌کان ده‌کرد ، من بۆ خۆم ئامارێکم کرد و زیاتر له 800 فۆرمم بڵاوکرده‌وه له‌بازاڕدا له‌ناو زه‌ڕه‌نگه‌ر و که‌مالیات و بازرگانه‌کاندا چونکه سه‌رۆک بانده‌کان زیاتر باسیان له‌م سێ پۆله ده‌کرد ، پاش ئه‌وه‌ی فۆرمه‌کانم بۆ هاته‌وه زۆر له‌لام سه‌یر بوو که هه‌موو ئه‌و دوکاندار و گه‌نجانه‌ی ئه‌و کاره ده‌که‌ن باسیان له‌وه کردبوو که ژنان و کچانێکی زۆر به‌تایبه‌ت نوخبه‌یه‌ک که نه‌خوێنده‌وار نین ، خوێندکار و قوتابی زانکۆ و په‌یمانگا ، کارمه‌ندی فه‌رمانگه‌کان ده‌چن به‌قه‌رز که‌لوپه‌ل و شتومه‌کی زۆر ده‌به‌ن ، پاشان ده‌که‌ونه ژێر فشارێکی قه‌رزی زۆره‌وه ئه‌وجا ئیستیغلال ده‌کرێن له‌لایه‌ن ئه‌و دوکاندارانه‌وه . ئه‌مه‌ش هۆکارێكێ تره بۆ له‌شفرۆشی به‌ڵام من نه‌مویست ئه‌و داتایانه بخه‌مه ناو لێکۆڵینه‌وه‌که و بڵاوبکرێته‌وه چونکه سڵم ده‌کرده‌وه له‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ڕاستییه چۆن بخه‌مه سه‌ر کاغه‌ز و چی ده‌خه‌مه نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی .
ده‌روونناسی : خاتوو خه‌ندان ، به‌پێی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ی ئه‌نجامتان داوه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی تووشی له‌شفرۆشی هاتوون کچانن یان ژنانن ؟
خه‌ندان جه‌زا : له‌ڕاستیدا ئه‌وانه‌ی که ژنن ئه‌که‌ونه خانه‌ی ناپاکی هاوسه‌رییه‌وه ( الخیانة الزوجیة ) ، من تێکه‌ڵیم نه‌کردووه ، بۆیه ده‌توانم بڵێم زیاتر کچانن ، ئه‌و ژنانه‌ی له‌شفرۆشی ده‌که‌ن پیاوه‌کانی خۆیان له‌گه‌ڵه ، هه‌ندێکی که‌مم ده‌بینی به‌دزی هاوسه‌ره‌کانیانه‌وه له‌شفرۆشیان ده‌کرد که‌پرسیارم لێده‌کردن بۆچی له‌وه‌ڵامدا ده‌یانووت له‌پێناو پاره‌دا یان کۆمه‌ڵێ شتی تر بۆ نموونه ئه‌یانووت بۆچی کچی من وه‌ک کچی خه‌ڵکی نه‌ژی ، هه‌ربۆیه ئه‌و ژنانه‌ی که له‌شفرۆشی ده‌که‌ن من له‌لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی تردا کارم له‌سه‌ر کردوون و ده‌که‌ونه خانه‌ی ناپاکی هاوسه‌رییه‌وه . به‌ڵام ئه‌و سامپڵه‌ی ئیشم له‌سه‌ر کردووه له ( ئۆقیانووسێک له تاواندا ) ئه‌و کچانه بوون که تووشی له‌شفرۆشی بوون ، هه‌ندێک له‌م کچه له‌شفرۆشانه خێزان وکه‌سوکارییان به‌هیچ جۆرێک ئاگادار نین وه زۆرینه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی من سه‌ردانم ده‌کرد که منداڵیان بۆ ئه‌م کچانه له‌بارده‌برد یان په‌رده‌ی کچێنییان بۆ ئه‌دروونه‌وه ، له‌ڕاستیدا جارێکی تریش ئه‌یڵێمه‌وه ئه‌گه‌ر من ئه‌م هه‌موو ڕاستییه‌م بخستایه ناو لێکۆڵینه‌وه‌که‌وه وه‌کو ڕۆمانی لێئه‌هات ، له‌لایه‌کی تره‌وه مه‌ترسیدار ئه‌بوو بۆ تاکه‌کانی ناو ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه ڕه‌نگه به‌م کاره‌ی من زۆرینه‌ی باوکان ، براکان به‌رامبه‌ر کچان و خوشکه‌کانیان توندوتیژ ده‌بوون که بیانزانیایه ئه‌م هه‌موو منداڵه له‌بارده‌برێت ، ئه‌م هه‌موو په‌رده‌ی کچێنیه ده‌دورێته‌وه ، ئه‌م هه‌موو کچه خوێنده‌واره ، ئه‌م هه‌موو کچه فه‌رمانبه‌ره له‌م ماڵانه‌دا چی ده‌که‌ن له‌به‌رئه‌وه من ده‌ستم گرته‌وه له خستنه‌ڕووی هه‌ندێ دۆکۆمێنت .
ده‌روونناسی : به‌رله‌وه‌ی بێینه سه‌ر ناپاکیی هاوسه‌ری ، ڕاگه‌یاندنه‌کان له‌کوێی له‌شفرۆشیدایه ، یاخود په‌یوه‌ندی نێوان له‌شفرۆشی و میدیا چییه ؟ بۆنموونه زۆربه‌ی خێزانی کورد به‌شێکی زۆری کاته‌کانیان به‌دیار که‌ناڵه عه‌ره‌بی و بیانییانه‌کانه‌وه به‌سه‌ر ده‌به‌ن ، پێتان وانییه له‌ڕێگه‌ی لاسایی کردنه‌وه و کارتێکردن به‌و زنجیره و فیلمانه‌ی له‌و که‌ناڵانه‌وه نماییش ده‌کرێن کچان بگه‌نه سه‌ر ڕێگه‌ی له‌شفرۆشی ؟
جه‌ندان جه‌زا : یه‌کێک له‌و خاڵه سه‌ره‌کییانه‌ی زۆر جه‌ختم لێکردۆته‌وه ئه‌وه‌یه که پێشکه‌وتنی ته‌کنۆلۆژیا هاوکات پێشکه‌وتنێکی فیکری له‌گه‌ڵدا نه‌بووه ئه‌م حاڵه‌ته‌ش زیانێکی زۆر گه‌وره‌ی داوه له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه . به‌ڕاستی تۆ ئه‌بینی له‌هه‌موو سوچ و کۆڵانێکدا دوکانێکی ڤیدیۆ CD هه‌یه که منذاڵان و هه‌رزه‌کاران له‌و شوێنانه‌دا کات به‌سه‌ر ده‌به‌ن ئه‌مه له‌لایه‌ک ، له‌لایه‌کی تره‌وه زۆرینه‌ی کچه‌کان دانیان به‌وه‌دا ده‌نا له‌ڕێی سه‌ته‌لای‌ته‌وه ورووژاون و ده‌ڵێن ئێمه‌ش مرۆڤین و هیچ ده‌رچه‌یه‌کمان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه ، ته‌نانه‌ت سیستمی په‌روه‌رده‌ش بۆ نموونه یابان که پێشکه‌وت له‌ڕووی سیاسییه‌وه نه‌بوو به‌ڵکو له‌ڕووی سیستمی په‌روه‌رده‌ییه‌وه بوو ، سیستمی په‌روه‌رده له‌وڵاتی ئێمه‌دا زۆر لاوازه و هیچ کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی نیه له‌سه‌ر تاکه‌کان بگره کاریگه‌رییه‌کی خراپیشی هه‌یه له‌سه‌ر تاکه‌کان ، خاڵێکی تر خێزانه ، خێزان له‌لای ئێمه فۆرمێکی زۆر جیاوازی هه‌یه ، که ئه‌توانین بڵێین فۆرمێکی نادروستی هه‌یه ، باوکه‌که خۆی به‌دزییه‌وه سه‌یری سه‌ته‌لایت ده‌کات ئه‌مه خۆی چه‌ندین پرسیار دروست ده‌کات لای کچ و کوڕه‌کانی ده‌بێت چی بێت وا باوکمان ده‌رگا له‌خۆی دائه‌خات ؟ و چه‌ندین پرسیاری تر ، تائێستا دایکێکی هۆشیاری وه‌هامان نییه که له کچه‌کانی نزیک بێته‌وه و لێیان تێبگات تاکو کچان بتوانن هه‌موو شته‌کانی خۆیان لای دایکیان بدرکێنن . من کێشه‌که له‌وه‌دا ده‌بینم که ئێمه له‌ئه‌زه‌له‌وه به هه‌ڵه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕه‌وشه‌دا ده‌که‌ین ، به‌ڕای من کچ و کوڕ ته‌واوکه‌ری یه‌کترن ، نێرینه و مێینه ته‌واوکه‌ری یه‌کترن ، ئه‌مه تێڕوانینی منه و نازانم چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه ، له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا کچ تاده‌گاته ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵی ده‌نگی پیاو ده‌بیستێت و ده‌ستی به‌ر پیاو ده‌که‌وێت له‌ڕێگه‌ی باوک و براکانیه‌وه ، له‌پاش شه‌ش ساڵی به‌ته‌واوه‌تی بێبه‌ش ده‌کرێت ، ته‌نانه‌ت له‌چوارده و پانزه ساڵیدا وه‌ک زیندانیکراوێک وایه که ڕووناکی به‌چاوی خۆی نابینێت و که بێته ده‌ره‌وه تا چه‌ند کاژێرێک نازانێت و ناتوانێت چۆن سه‌یری ڕووناکی بکات ، من وای ده‌بینم مێینه له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا نامۆیه به‌ده‌نگی پیاو ، به‌ده‌ستبه‌رکه‌وتن ( اللمس ) ی پیاو ، نامۆیه به‌هه‌موو شته‌کان ته‌نانه‌ت هه‌تا شوو ئه‌کات پێی ئه‌ڵێن لیمه‌ندۆزی نه‌خۆی ، له‌سه‌ر ته‌خته‌ی براکه‌ت دانه‌نیشیت له‌گه‌رماودا کاتی خۆت نه‌شۆیت ، ئه‌مه نه‌که‌یت ، ئه‌وه نه‌که‌یت . هه‌روه‌کو چۆن له‌ڕووی ئایینیه‌وه شته تۆقێنه‌ره‌کانی پێده‌وترێت له‌ڕووه کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییه‌که‌شه‌وه به‌هه‌مان شێوه شته تۆقێنه‌ره‌کانی پێ ده‌وترێت ، تۆ ئه‌بێت چی چاوه‌ڕوان بکه‌یت له‌مێینه‌یه‌ک که له‌ژێر چه‌تری ئه‌م هه‌موو ڕێسا و یاسا و سنووربه‌ندکردنه‌دا که‌لتورییه‌دا بژی ، له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هه‌مووی ڕۆڵی چاو‌دێر ده‌بینێت ، که‌لتور ، ئایین ، باوک ، دایک ، برا ، مامۆستا . ئه‌مه‌نده شێواوی و ناته‌وای هه‌یه کاتێک کێشه‌یه‌ک دێته پێش مرۆڤ نازانێت ده‌رئه‌نجامی کام ناته‌واویه‌یه ، هه‌موو ئه‌و فاکته‌ره‌کانه پشکی خۆیان به‌رده‌که‌وێت .
دێمه‌وه سه‌ر باسی کاریگه‌ری میدیاکان ، من چاوپێکه‌وتنی سه‌دان ئافره‌تم لا هه‌یه ده‌ڵێن سه‌یری چوار زنجیره‌ی دۆبلاژکراو ده‌که‌ین له سێ که‌ناڵی لۆکاڵ و پاشان له‌سه‌ته‌لایتیش ، چاوپێکه‌وتنم له‌گه‌ڵ کچدا کردووه که قوتابی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌کانه ده‌ڵێت من کاتژمێر سێی شه‌و هه‌ڵده‌ستم سه‌یری زنجیره‌ی دۆبلاژکراو ده‌که‌م ، ئه‌مه کۆمه‌ڵگه‌که‌ته ، ئه‌مه ئه‌مڕۆی تۆیه ، له‌زانکۆ قوتابی کچی زانکۆم دیوه ده‌ڵێت زانکۆی چی ڕۆتانایه ، لێم پرسیوه بۆ به زانکۆ ده‌ڵێیت ڕۆتانا ده‌ڵێت ئێمه هه‌ر خه‌ریکی مۆدێلاتین ، ده‌ڵێت هه‌ندێکمان مۆبایل ئاڵوگۆر ده‌که‌ین ، هه‌ندێکمان جل ئاڵوگۆڕ ده‌که‌ین . ئه‌مانه کێشه‌کانن که ئه‌و توێژه‌ی به‌ناو ڕۆشنبیرن له زانکۆ و په‌یمانگاکاندا ده‌خوێنن و ئایینده‌ی ئه‌م میلله‌ته‌یان له‌ئه‌ستۆیه و گۆڕانکاری له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌واندا ڕووده‌دات ، به‌ڵام تۆ ئه‌بینی تاکه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه به چ ئاقارێکدا ده‌ڕۆن .
ئه‌م چاوپێکه‌وتنه به‌شی تری ماوه … چاوه‌ڕوان بن .
لەهاوپۆلی: چاوپێكه‌وتن
« دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ خاتوو خه‌ندان جه‌زا ده‌رباره‌ی دیارده‌ی له‌شفرۆشی و ناپاکی هاوسه‌ری له کوردستان / به‌شی یه‌که‌م | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئۆتۆمبێل و کورد ( خوێندنه‌وه‌یه‌کی سۆسیۆلۆژیانه ) »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
