حوزه‌یران 7, 2008
ڕۆژنامه‌ی هه‌واڵ دیمانه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ توێژه‌ری ده‌روونی ( سامان سیوه‌یلی ) سازدا و بڵاوکرده‌وه ، دیمانه‌که له‌لایه‌ن ئاشتی ئه‌حمه‌ده‌وه به‌ڕێوه‌چوو . ئه‌مه‌ش ده‌قی دیمانه‌که‌یه :
هه‌واڵ : تاکی کورد که‌سایه‌تییه‌کی ساده و سه‌رکه‌وتووی هه‌یه ؟ یان سیخناخه له‌ئیشکالییه‌ت و ئاڵۆزی که له‌خه‌سڵه‌ته دیاره‌کانیشی لاوازی و بێئیراده‌ییه ؟ له‌گه‌ڵ کام بۆچوونه‌دایت و لێکدانه‌وه و دیدگای ئێوه چۆنه ؟
سامان سیوه‌یلی : بێگومان به‌چاو خشاندنێک به‌و ڕه‌وشه سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سایکۆلۆژیه‌ی تاکی کورد پیایدا گوزه‌ری کردووه جا چ له‌و قۆناغانه‌ی له‌ژێر چنگاڵی داگیرکه‌راندا بێت یان له‌پاش ڕاپه‌ڕین و له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی خۆماڵیدا ئه‌وا ده‌که‌وینه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌وه ئه‌گه‌ر بڵیین تاکی کوردی که‌سێتییه‌کی سه‌رکه‌وتووی هه‌یه . ده‌بێت واقیعبینانه هه‌ڵسه‌نگاندن بکه‌ین ئێمه هه‌موومان مه‌حکومین به‌چه‌ندین باری ده‌روونی ئاڵۆز و نائاسایی که‌ڕه‌نگه چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی زانستی نه‌توانێت هێڵه‌کانی ئه‌م ئاڵۆزیانه ته‌واو ده‌ستبخات . بڕوانه له‌باری په‌روه‌رده و مامه‌ڵه‌ی خێزان له‌گه‌ڵ تاکدا ، خێزانی کورد له‌کارگه‌یه‌ک ده‌چێت که مرۆڤی بێئیراده و تێکشکاو به‌رهه‌م ده‌هێنێت ، چونکه له‌لایه‌ک بنه‌مای پێکه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌ری له‌ناو ئێمه‌دا تا ئه‌م ساته وه‌خته به‌شێوه‌یه‌کی نادروست به‌ڕێوه ده‌چێت ، له‌لایه‌کی تره‌وه دایک باوکی کورد ئاماده‌کراو نین بۆ په‌روه‌رده‌کردنی مناڵ ، خێزانی کورد ئه‌وه‌نده له‌خه‌می لۆمه‌ی کۆمه‌ڵگه و ماڵه خه‌زوراندان له‌به‌رهه‌مهێنانی مناڵ‌دا ئه‌وه‌نده گوێ به‌لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی ناده‌ن ، خێزانی کوردی له‌جۆری فره‌ئه‌ندامه که‌بێگومان هۆکاری خێڵه‌کی و ئابوری له‌پشت ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ی خێزانه‌وه بووه ، نه‌بوونی دابینکاریه‌ریه ژیانی و ته‌ندروستیه‌کان وای کردووه خێزان پشت به‌توانا و داهاتی خۆی ببه‌ستێت ئه‌مه‌ش وایلێکردووه هه‌وڵی خستنه‌وه‌ی زۆرترین ژماره‌ی مناڵ بدات به‌تایبه‌تی ڕه‌گه‌زی نێر چونکه ده‌بێته کاسبکاری سبه‌ی ڕۆژ ، ئه‌م تێڕوانینه ئابوریانه‌یه بۆ ڕه‌گه‌زی نێر وایکردووه که‌ڕه‌گه‌زی مێ پێشوازی له‌له‌دایک بوونی نه‌کرێت و تێڕوانینێکی نێگه‌تیفانه‌ی له‌هه‌مبه‌ر وه‌ربگیرێت واته له‌م جیاکاریه‌ی تێڕوانین بۆ ڕه‌گه‌زی نێر و مێ لای ئێمه فاکته‌ری ئابوری ڕۆڵی خۆی گێڕاوه ( به‌ڕه‌چاوگرتنی فاکته‌ره که‌لتوریه‌کانی تر ) ، له‌کاتێکدا باری ئابوری و سیاسی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هه‌تا ئێستاش جێگیری به‌خۆوه نه‌بینوه که‌چی به‌شی هه‌ره‌زۆری خێزان هه‌تائێستاش هه‌روا بیر ده‌که‌نه‌وه بێ گوێدانه چاره‌نووسی ئه‌و مناڵانه‌ی ده‌یانخه‌نه‌وه . باپیر و ڕیش سپیه‌کانمان ئێستاش سه‌رگوزشته‌ی قۆناغه‌کانی ژیانی خۆیانمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه که‌پڕ نه‌هه‌ماتی و برسێتی و ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری و گرتن و ڕاگواستن بووه ، که‌چی نه‌وه‌کانی ئه‌وان (باوکانمان) بێ هیچ خوێندنه‌وه و په‌ند وه‌رگرتنێک له‌و مێژووه ئه‌مانیش به‌هه‌مان هه‌ڵه‌دا ڕۆیشتوون و مناڵی زۆریان خستۆته‌وه له‌کاتێکدا هه‌موو ته‌مه‌نیان له‌ترس و دڵه‌ڕاوکێ و جه‌نگ و شه‌ڕ و شۆڕدا برده‌سه‌ر ، ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی ئێستاش له‌ژیاندان به‌هه‌مان شێوه هه‌مان هه‌ڵه‌یان دووپاتکرده‌وه له‌کاتێکدا ئه‌م نه‌وه‌یه‌ش چاره‌نووسیان له‌نه‌وه‌کانی پێش خۆیان خراپتر بوو . له‌لایه‌کی تره‌وه داگیرکارانی کوردستان هه‌رگیز بوارێکیان بۆ گه‌شه‌کردنی ئاساییانه‌ی تاکی کورد نه‌هێشتبووه‌وه به‌درێژایی ده‌یان ساڵی ڕابردووی پێش ڕاپه‌ڕین ، ترس و تۆقان و ڕاوه‌دوونان و ڕاگواستن و سیاسه‌تی سه‌رکوتکارانه بووبوونه خۆراکی ڕۆژانه‌ی تاکی کورد . قوتابخانه و سیستمی په‌روه‌رده و فێرکردنی پیاده‌کراو له‌کوردستان هه‌ر له‌کۆنه‌وه هه‌تا ئێستاش ( که‌سێتی مامۆستا .. پرۆگرامی خوێندن .. بینای قوتابخانه .. دیسپلین و ڕێنماییه‌کانی ناو قوتابخانه ) تێکڕا ئه‌مانه‌ش پشکی خۆیان هه‌بووه له دروستکردنی ئه‌و ئاڵۆزی و بێئیراده‌ییه‌دا . تاکێک ،خێزان و قوتابخانه و سیستمی سیاسی و که‌لتوری کۆمه‌ڵگه ، سه‌رکوتی کردبێت چۆن ده‌کرێت به‌خاوه‌ن که‌سێتییه‌کی به‌ئیراده و سه‌رکه‌وتوو هه‌ژمار بکرێت . ده‌کرێت له‌ناو ئه‌م تاکانه‌دا که‌سانی یاخی هه‌بووبن به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕه‌وشه نائاساییانه به‌ڵام ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر حسابی باری سایکۆلۆژی خۆیان بووه . ده‌روونناسی ئه‌مه‌ریکی به‌ناوبانگ ( ماسلۆ ) له‌تیۆره به‌ناوبانگه‌که‌یدا ( تیۆری پێداویستیه‌کان ) زۆر زانایانه قسه له‌سه‌ر ئه‌و په‌یژه‌یه و پله‌کانی ده‌کات ( ئه‌گه‌رچی ئه‌و به‌شێوه‌ی قوچه‌ک نه‌ک په‌یژه ئاماژه‌ی کردووه ) که‌مرۆڤ ده‌بێت پله به‌پله بتوانێت به‌و په‌یژه‌یه‌دا سه‌ربکه‌وێت تابتوانێت خۆی بدۆزێته‌وه و داهێنان بکات و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت که لوتکه‌ی قوچه‌که‌که‌یه له‌تیۆره‌که‌دا واته ده‌گاته ئه‌و بانیژه‌یه‌ی که‌ئیتر تاک ئه‌سپی خۆی له‌ژیاندا تاو ده‌دات . به‌ڕای ماسلۆ بۆ گه‌یشتن به‌م باڵا بوونه ده‌بێت مرۆڤ گرفتاری تێرکردنی پێداویستیه فسیۆلۆژی و ده‌روونیه‌کانی نه‌بێت وه‌ک ( برسێتی ، نووستن ، سێکس ، پێویستی به‌ئاسایش ، پێویستی به‌ڕێزلێنانی کۆمه‌ڵایه‌تی ، پێویستی به‌خۆشه‌ویستی ، پێویستی به‌ئینتیما ) ، ئایا تاکی کورد له‌ئاست کام یه‌ک له‌م پێداوسیتیه فسیۆلۆژی و ده‌روونیانه‌دا هه‌ناسه‌ی ئۆخه‌ی هه‌ڵکێشاوه . با به‌کورتی قسه له‌سه‌ر ئینتیمای تاکی کورد بکه‌م له‌م ڕۆژگاره‌دا ، هه‌موو مرۆڤێک وه‌ک پێداویستیه‌کی ده‌روونی پێویستی به‌چه‌ندین ئینتیما هه‌یه بۆ گه‌شه‌کردن و باڵابوون ، ئینتیما بۆ گروپێک یان یانه‌یه‌ک یان سه‌نته‌رێک یان بیروباوه‌ڕێک یان … هتد ، جگه له‌وه‌ی ئینتیمای ڕۆحیی گه‌وره‌ش له‌ولاوه بوه‌ستێت که ئینتیمایه بۆ نه‌ته‌وه و خاک و وڵات ، تاکی کورد له‌م ڕۆژگاره‌دا له‌گه‌وره‌ترین ته‌نگژه‌ی ئینتیمادا ده‌ژی له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو گروپ و ڕێکخراوه‌کاندا تاده‌گاته ئینتیما بۆ خاک و نه‌ته‌وه‌که‌ی ، ته‌نانه‌ت ئینتیما بۆ خێزانه‌که‌یشی . بڕوانه خێزان به‌لێشاو هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه ، کۆچ به‌لێشاو ده‌کرێت ، ڕێکخراو و گروپ و تیپ و گشت دامه‌زراوه ڕۆشنبیری و هونه‌ری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ئیفلیج بوون ، ئینشیقاق و دووکه‌رت بوون و فره‌که‌رت بوون ( باڵگه‌رایی) ، چ له‌حیزبه سیاسیه‌کانی کوردستان و چ له‌ڕێکخراوه‌کانی تری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی‌دا به‌ڵگه‌ی نه‌بوونی ئینتیمای ڕاسته‌قینه‌یه ، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ر ڕێکخراوێکی به‌وه‌ستاوی له‌سه‌ر پێ هێشتۆته‌وه به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ک ئینتیما . ئه‌وه‌ی تاکی کوردی هێشتۆته‌وه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو ناته‌واویه‌دا خۆگونجاندنێکی سه‌پێنراوانه‌یه که بارگاویه به‌ده‌یان ئاڵۆزی و ته‌نگژه‌ی ده‌روونی ، وه‌لێ به‌داخه‌وه بۆچوونێکی هه‌ڵه هه‌یه لای خه‌ڵکی به‌گشتی ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ده‌بێت که‌سێک ده‌ست بوه‌شێنێت و لیک به‌ده‌میدا بێته خواره‌وه و پاک‌وخاوێنی خۆی ڕانه‌گرێت و هاوار و قیژه بکات له‌ناو بازاڕدا ئه‌وجا به‌نه‌خۆشی له‌قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن له‌کاتێکدا ده‌شێت که‌سێک مامۆستای زانکۆ یان وه‌زیر یان سیاسییه‌ک له‌پۆستێکی به‌رزدا یان بازرگان یان پزیشک بێت و ڕێکپۆش و پاکوخاوێنیش بێت به‌ڵام له‌ده‌ست ده‌یان قه‌یران و گرێ و تێکچوونی ده‌روونی بناڵێنێت به‌که‌سێکی ئاسایی هه‌ژمار نه‌کرێت .
هه‌واڵ : بڕوابه‌خۆبوونی تاکی کوردتان چۆن دێته پێش چاو ؟ هۆکاره‌کانی بڕوابه‌خۆ نه‌بوون چین ؟ له‌گه‌ڵ چه‌مکی متمانه‌دا پێکه‌وه گرێ‌دراو و هاوسه‌رگیرن یان په‌یوه‌ندی متمانه به‌ڕه‌گه‌ز و هۆکاری تره‌وه به‌نده ؟ گوایه ئه‌ڵێن مرۆڤ چه‌ند باوه‌ڕی به‌خۆی هه‌بێت هێنده‌ش متمانه‌ی به‌پێکهاته و که‌سانی ده‌وروبه‌ریه‌وه زیاتر ده‌بێت . ئایا له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه‌دا ئه‌م وته‌یه ڕاسته‌وانه‌یه یان ئه‌م هاوکێشه‌یه خۆی هه‌ڵه‌یه و ئه‌و دوو چه‌مکه جوودان ؟
سامان سیوه‌یلی : دووباره ئه‌و فاکته‌رانه‌ی له‌وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌مدا ئاماژه‌مان پێدا ده‌کرێت له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌شدا ئاماده‌ییان هه‌بێت به‌ڵام به‌هه‌ندێ وورده‌کاری تره‌وه . تاکی کورد زۆر به‌که‌می دروستکه‌ری پرسیاره چونکه پرسیاره‌کانی سه‌رده‌می مناڵی به‌بێ وه‌ڵام له‌گۆڕ ده‌نرێن ، سه‌رزه‌نشت ده‌کرێت له‌سه‌ر پرسیارکردن ، له‌ڕووی ده‌روونیه‌وه ده‌شکێنرێته‌وه ، ئه‌م به‌دبه‌ختییه بۆ مناڵ سه‌ره‌تا له‌خێزانه‌وه به‌رهه‌مده‌هێنرێت پاشان له‌قوتابخانه و ئه‌وجا له‌کۆمه‌ڵگه‌دا . کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هێنده جه‌خت له‌خاڵه لاوازه‌کانی تاک ده‌کاته‌وه چاره‌کی ئه‌مه پشتی خاڵه به‌هێزه‌کانی تاک ناگرێت . سیستمی پاداشت و سزا وه‌ک شێوازێکی په‌روه‌رده‌یی دروست و بنیاتنه‌ر کاری پێناکرێت له‌ناو خێزاندا ، سزای ده‌روونی و جه‌سته‌یی پانتاییه‌کی به‌رینی له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا گرتووه ، ده‌ربڕینی ڕاوبۆچوون هه‌ر له‌مناڵییه‌وه که‌مترین پانتایی بۆ هێڵراوه‌ته‌وه . خێزان ناو و ناتۆره‌ی بریندارکه‌ر ده‌به‌خشنه‌وه به‌سه‌ر مناڵه‌کانیاندا هه‌ر له‌ته‌مه‌نێکی زووی مناڵییه‌وه ( کوێره ، خێله ، گه‌مژه ، گێله ، ده‌به‌نگ ، ته‌مه‌ڵ ، شێته ، خوێڕی ، هیچ له‌بارا نه‌بوو… هتد ) له‌و تاوێرانه‌ن که‌ڕۆژانه چه‌ندین جار ده‌روونی مناڵه‌کانیان پێ وێران ده‌که‌ن ، ئه‌و دیسپلینه سه‌ربازیانه‌ی له‌قوتابخانه‌کانیشدا کاری پێده‌کرێت وه‌ک ته‌واوکارێک بۆ مامه‌ڵه‌ی هه‌ڵه‌ی خێزان هێنده بارگرانییه‌که زیاد ده‌که‌ن له‌سه‌ر ده‌روون و دروستبوونی ئه‌و وێنا خراپه‌ی تاک له‌سه‌ر خودی خۆی ده‌یبێت ، که‌گه‌وره‌ش ده‌بێت ده‌بێت ئیدی ناتوانێت وه‌ک تاکێکی باوه‌ڕ به‌خۆبوو ڕه‌فتار بکات ، شه‌رمن ده‌بێت و له‌هه‌ڵوێسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ده‌سڵه‌مێته‌وه ، ئیدی ترس له‌سزا وه‌ک دێوه‌زمه‌یه‌ک بۆ هه‌تاهه‌تایه لێی نابێته‌وه ده‌بێته به‌ربه‌ست له‌ئاست گه‌شه‌کردن و بڕوابوونی تاک به‌خودی خۆی . دوباره لێره‌دا ده‌مه‌وێت هه‌ڵوێسته‌یه‌کی کورت له‌سه‌ر هه‌ستکردن به‌ئینتیما بکه‌مه‌وه ، هه‌ستکردن به‌ئینتیما پاڵپشتێکی گه‌وره‌ی باوه‌ڕبوونه به‌خود ، هێز و گوڕه ، پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش ڕاسته .
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا بڕوابه‌خۆبوون گرێدراوی چه‌مکی متمانه‌یه ، نه‌خێر مه‌رج نیه ، چونکه ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی به‌جه‌نگ و کوشتاردا تێده‌په‌ڕن یاخود گۆڕانی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی خێرایان تیا ڕووده‌دات ، یان زینده‌گی له‌ژێر حوکمی دیکتاتۆره‌کاندا ، ڕه‌وشی ئابوری خراپ و گرانی و زیادبوونی تاوان ، تێکڕا له‌م ڕه‌و‌شانه‌دا متمانه‌ی تاکه‌کان به‌یه‌کدی زیاتر کاڵ ده‌بێته‌وه و بێمتمانه‌یی باڵ ده‌کێشێت به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا .
هه‌واڵ : ئه‌مڕۆ به‌کاریگه‌ری سلبی و گۆڕانکاریه سیاسی و ئابوری و ته‌کنۆلۆژیه‌کان ئه‌و متمانه‌یه به‌دی ناکرێت که له‌ساڵانی پێشوودا هه‌بوو .. چۆن له‌م بابه‌ته هه‌ستیاره ده‌ڕوانن ؟ ئه‌ی ئایا ئێوه ڕێژه‌ی متمانه بوونتان به‌ده‌وروبه‌رتانه‌وه له‌چیدایه ؟
سامان سیوه‌یلی : ده‌کرێت تاک متمانه‌ی به‌هاوڕێیه‌کی یان خزمێکی نه‌مێنێت به‌ڵام وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ باوه له‌کوردستاندا ده‌بێت به‌مایکرۆسکۆب بگه‌ڕێیت بۆ که‌سێک تا متمانه‌ی پێببه‌خشیت یاخود متمانه له‌گه‌ڵ یه‌کدا ئاڵوگۆڕ بکه‌ن ، ئه‌مه حاڵه‌تێکی ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی نوێیه به‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ، کارێکی گه‌وره‌ی له‌په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان کردووه . بێگومان هاتنه ناوه‌وه‌ی به‌رهه‌مه ته‌کنۆلۆژیه‌کان کاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بووه له‌سه‌ر کاڵبوونه‌وه یان نه‌مانی متمانه له‌ناو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه . هاوسه‌ر له‌ئاماده‌بوونی مۆبایلی هاو‌سه‌رکه‌یدا دنیایه‌ک له گومان و بێمتمانه‌یی به‌رۆکی گرتووه تائه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی ژیانی لێ تاڵ کردووه ، به‌هه‌مان شێوه باوک به‌رامبه‌ر کچه‌که‌ی ، برا به‌رامبه‌ر خوشکه‌که‌ی ، هه‌روه‌ها بێمتمانه‌یی تاکی کورد به‌رامبه‌ر ڕاستگۆیی و به‌ڵێنه‌کانی به‌رپرسان ، بێمتمانه‌یی هاوڵاتیان به‌رامبه‌ر به‌و باشی و دروستی ئه‌و خۆراکه‌ی ده‌یخوات یان ئه‌و کاڵایه‌ی ده‌یکڕێت . که‌ده‌کرێت هه‌مووی کۆ بکه‌ینه‌وه له‌وه‌دا که‌بڵێین ئه‌و ساتانه‌ی ناڕاستگۆیی و خۆپه‌رستی و ناپاکی و فێڵ و ته‌ڵه‌که‌بازی ئاماده‌ییان ده‌بێت ئه‌وا متمانه سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێت و ناتوانێت ئاماده‌یی هه‌بێت .
بێگومان منیش وه‌ک هه‌موو تاکێکی تری ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه و له‌ئه‌نجامی ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی که‌بوونه‌ته گه‌وره‌ترین مامۆستا بۆم ده‌ڵێم ئه‌ی متمانه هه‌زار هه‌زار مه‌خابن بۆ جێت هێشتین .
هه‌واڵ : له‌زۆر جێگه و بۆنه‌دا باس له‌توندوتیژی ده‌کرێت ، ئێمه‌ش ئه‌پرسین ئایا ئه‌م توندوتیژیه له‌کوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه ، ئایا په‌روه‌رده‌ی تاکی کورده که ئه‌م زه‌مینه‌یه‌ی خۆشکردووه یان ئه‌م کاره کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ڕه‌خساندوویه‌تی و وه‌کو دیاری پێشکه‌شی تاکی کوردی ده‌کات .. یاخود هۆکاری سه‌ره‌کی ڕه‌وشی سیاسی و هه‌لومه‌رجی سیاسیه ئه‌م هه‌موو توندوتیژیه‌ی به‌رهه‌م هێناوه ؟ به‌ڕای ئێوه چۆن ده‌توانین چاره‌سه‌ری توندوتیژی لای تاکی کوردی هاوچه‌رخ بکه‌ین ؟
سامان سیوه‌یلی : هۆکاره‌کانی توندوتیژی لای تاکی کورد فره سه‌رچاوه و فره ڕه‌هه‌نده ، په‌روه‌رده‌یی .. ئابوری .. سایکۆلۆژی .. کۆمه‌ڵایه‌تی .. سیاسی . به‌ڵام من ده‌خوازم بڵێم که کورد خاوه‌نی که‌لتورێکی لێبورده‌یه به‌رامبه‌ر به‌دوژمن و نه‌یارانی به‌به‌راورد به‌و که‌لتوره توندوتیژیه‌ی له‌ناو خۆیدا هه‌ڵگریه‌تی . مێژووی کورد جگه له‌م ده‌رئه‌نجامه هیچی ترمان چنگ ناخات و ئێستاش خۆمان شایه‌ت حاڵی ئه‌م ڕاستیه‌ین . له‌لای من گه‌وره‌ترین و زه‌قترین خاڵی لاوازی که‌سێتی تاکی کورد له‌وه‌دا ده‌بینمه‌وه که لێبورده و سازشکاره به‌رامبه‌ر به دوژمن و نه‌یارانی ، له‌هه‌مان کاتدا توندوتیژ و دڵڕه‌ق و که‌لله‌ڕه‌قه له‌ناوخۆدا . ئه‌مه‌ش نه‌ک هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی سیاسی‌دا به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تیشدا هه‌روایه . به‌ڵگه‌ش زۆرن بۆ ئه‌م ڕاستیه . هه‌تا هۆکاره‌کانی به‌رهه‌مهێنانی توندوتیژی به‌و فشاره به‌هێزه‌ی ئێستا بوونی هه‌یه ، هه‌بێت ، ئه‌وا هه‌موو چاره‌سه‌رێک به‌شکست ده‌گات . بۆ نموونه ڕه‌نگه سه‌روه‌ری یاسا خۆی به‌ته‌نها گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ست بێت له‌به‌رده‌م موماره‌سه‌کردنی توندوتیژیدا به‌ڵام ئایا ئێمه که‌ی به‌و قۆناغه ده‌گه‌ین .
هه‌واڵ : له‌مێژه تاکی کورد فێری ستایش و پیاهه‌ڵدان بووه ، به‌ڵام ڕه‌خنه و ڕه‌خنه له‌خۆگرتن نوێیه ، بۆیه تاکی کورد پێی قبوڵ ناکرێت چیبکه‌ین بۆ سازدانی زه‌مینه‌ی سنگ فراوانی و لێکبوورده‌یی و چاره‌سه‌ری کێشه‌کانمان به‌یاسا و دیالۆگ نه‌ک به‌شه‌ڕ و هه‌ڕه‌شه ؟
سامان سیوه‌یلی : یه‌کێک له‌و سوکایاتیانه‌ی به‌مرۆڤه‌کان ده‌کرێت ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتداران ( ڕه‌نگه سیاسه‌توانێک یان سه‌رۆک هۆزێک یان سه‌رمایه‌دارێک بێت ) ڕه‌وشێک بخوڵقێنن که‌ئیستیغلالی که‌سانێک بکه‌ن تابکه‌ونه پیاهه‌ڵدان و ستایش کردنێکی درۆزنانه . که‌ی خێزان توانی ئه‌و مافه بۆ مناڵ فه‌راهه‌م بکات که قسه بکات ، گوێی لێبگیرێت ، ڕێز له‌ڕای بگیرێت . که‌ی مامۆستا و سیستمی په‌روه‌رده لای ئێمه ئه‌و مافه‌یان سه‌لماند قوتابییه‌ک ڕه‌خنه له‌مامۆستاکه‌ی بگرێت ، که‌ی گه‌وره له‌په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا ئه‌و مافه بۆ بچووک بسه‌لمێنێت . که‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ڕه‌خنه تووشی هیستیریا نه‌بێت له‌به‌رامبه‌ر خامه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گری واقیعی ، ئه‌وکات ئه‌و زه‌مینه ده‌سازێت بۆ مه‌به‌سته‌ی به‌ڕێزتان پرسیارتان له‌سه‌رکرد . ئێمه له‌ئه‌زه‌له‌وه فێری قبوڵنه‌کردنی یه‌کتر کراوین ئێستاش ناتوانین به‌ئاسانی ئه‌م پره‌نسیپه ڕه‌نگ پێبده‌ینه‌وه له‌ڕه‌فتارماندا . من به‌ڕاشکاوی ده‌ڵێم ئێمه چه‌نده پێویستمان به‌ئاوادان کردنه‌وه‌ی وڵات هه‌یه سه‌د هێنده پێویستمان به‌سه‌رله‌نوێ کارکردن هه‌یه له‌سه‌ر که‌سایه‌تی تاکی کورد ، لانی که‌م له‌سه‌ر ئه‌و مناڵانه‌ی تازه له‌دایک ده‌بن . ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌کی ئاسان نیه و پلان و کار و توانای گه‌وره‌ی ده‌وێت .
هه‌واڵ : بۆچی ئێمه درۆ ده‌که‌ین ؟ ئایا تاکی کورد ڕاستگۆیه و له‌ژیانی ڕۆژانه‌یدا ڕاستی له‌جێی درۆ به‌کار ده‌هێنێت ؟ بنه‌ماکانی ڕاستگۆیی چین که‌وا له‌تاک ده‌کات درۆ له‌جێی ڕاستی دانه‌نێت ؟
سامان سیوه‌یلی : مه‌حاڵه مرۆڤ له‌ژینگه‌یه‌کی نائاساییدا بتوانێت ئاساییانه بیربکاته‌وه و ڕه‌فتار بکات . بۆیه هه‌موو ئه‌و ڕه‌وشه نائاساییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و په‌روه‌رده‌ییانه‌ی باڵیان به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا کێشاوه به‌ر‌هه‌مهێنی زۆرێک له‌و چه‌وتییانه‌ن که‌بوونیان هه‌یه . ئه‌مڕۆ : لێپرسراو ، دوکاندار ، به‌نزین فرۆش ، هاوسه‌ر ، باوک ، دایک ، … هتد تێکڕا درۆ کردن بۆته نه‌ریتێکی ئاسایی و شانازی پێوه‌کراو لایان ، ئه‌مه‌ش به‌پله‌ی یه‌که‌م په‌یوه‌ندی به‌په‌روه‌رده‌ی خێزانیه‌وه هه‌یه .
لەهاوپۆلی: چاوپێكه‌وتن
« لێکۆڵینه‌وه‌ی سایکۆلۆژی و تیۆره‌کانی گه‌شه‌ی ده‌روونی له‌لایه‌ن سێ زانای سایکۆلۆژیه‌وه / به‌شی دووه‌م و کۆتایی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | پرسیار و وه‌ڵام له‌سه‌ر سێکس »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

کاك سامان ، هه ر بژیت هیوام وایه هه وڵی زیاتر بده یت بۆ گه یاندنی ئه م په یامانه به چینی هه ژار و نه خوێنده وار که ڕێژه یه کی زۆری کۆمه ڵگاکه مان پێکده هێنێت، دووباره هه ربژیت.