مارش 8, 2008
ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ / له‌پاشکۆی ئاسۆی گه‌نجدا ڕۆژی شه‌ممه 2008/03/08 دیمانه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ توێژه‌ری ده‌روونی سامان سیوه‌یلی بڵاو کرده‌وه که له‌لایه‌ن (ده‌شتی ئه‌نوه‌ر و عومه‌ر عه‌بدولکه‌ریم) ه‌وه ئاماده‌کرابوو . ئه‌مه‌ش ده‌قی دیمانه‌که‌یه .
ئاسۆی گه‌نج : ئه‌و هۆکارانه چین له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا گه‌نج تووشی گرفتی ده‌روونی ده‌که‌ن ؟
سامان سیوه‌یلی : گه‌نجیش وه‌ک هه‌موو تاکێکی تری کۆمه‌ڵگه‌که‌مان مه‌حکومه به‌باری ده‌روونی نائاسایی ، کوردستان ده‌یان ساڵه به‌ڕه‌وشێکی نائاساییدا گوزه‌ر ده‌کات ، چه‌ندین دابونه‌ریتی دواکه‌وتوو ده‌ستی له‌بینه‌قاقای تاکی کورد ناوه ، خراپی و نادروستی شێوازی په‌روه‌رده‌ی خێزان و ناله‌باری پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێرکردن له‌قوتابخانه‌کانی کوردستاندا هه‌ر له‌پرۆگرامه‌کانی خوێندنه‌وه تاکو بینا و که‌سێتی مامۆستا و شێوازی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ خوێندکاران و قوتابیاندا ، وێڕای باری ئابوری و سیاسی ناجێگیر و سه‌ختی ژیان و ترسان له‌ئایینده و هه‌ست نه‌کردن به دڵنیایی ده‌روونی و زیاد بوونی فشاره ده‌روونیه‌کان ، تێکڕا ئه‌مانه هه‌موو فاکته‌ری بونیاتنانی که‌سێتی تێکشکاون که‌خۆی له‌گرفتی ده‌روونی و سایکۆسۆماتی و ته‌نانه‌ت ژیری جۆراوجۆردا ده‌نوێنن . تۆ نا‌توانیت ببیته خاوه‌نی گه‌نجێکی به‌خته‌وه‌ر ئه‌گه‌ر مناڵیی ئه‌م گه‌نجه نابه‌خته‌وه‌ر بووبێت . به‌ده‌ر له‌مه گه‌نجانی کوردی ئه‌م ڕۆژگاره به‌سه‌ر پاشماوه‌کانی سی وپێنج ساڵ داگیرکاری و کاولکاری و شه‌ڕی ده‌روونی و ئابوری و جینۆساید و دوو جه‌نگی گه‌وره‌ی وێرانکه‌ر و شه‌ڕی ناوخۆ و گه‌مارۆی ئابوری و دووکه‌رتبوونی کوردستان و گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ریدا که‌وتوون ڕه‌نگه باوکی گه‌نجێکی کوردی ئه‌م ڕۆژگاره تا ئێستاش باجی ڕۆژگاره‌کانی جه‌نگی عێراق و ئێران بدات له‌ڕووی سایکۆلۆژیه‌وه به‌ڵام ئه‌مڕۆ کوڕه‌که‌ی که گه‌نجه هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌کی بۆ ئه‌م ڕابردووه نیه لێره‌وه حاڵه‌تی یاخی بوون له‌خێزان ، له‌سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و گه‌نج هه‌ست به‌په‌راوێزخستن ده‌کات ، کاتێک دێته ده‌ره‌وه‌ی خێزانیش ، ده‌سه‌ڵات باسی داستانه‌کانی پێشمه‌رگایه‌تی و قوربانیدانی سه‌رده‌می شاخ و دڕندایه‌تی داگیرکه‌رانی کوردستانی بۆده‌کات که ئه‌م نه‌تێیدا ژیاوه و نه‌خوێندنه‌وه‌یه‌کیشی بۆیان هه‌یه ، به‌ڵکو گه‌نج ته‌ماشای ڕه‌فتار و شێوازی حکومڕانی کردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌کات چ پرۆژه‌یه‌کی بۆ ئه‌می گه‌نج پێیه ؟ چه‌نده دادپه‌روه‌ره ؟ چه‌نده به‌وه‌فایه به‌رامبه‌ر به‌ڵێنه‌کانی ؟ بێگومان لێره‌شدا گه‌نج جارێکی تر تووشی نائومێدی ده‌بێت . له‌لایه‌کی تره‌وه گه‌نج خولیای زۆره ، خه‌ونی زۆره ، بازاڕه‌کانی کوردستان و سنووره‌کان کراونه‌ته‌وه به‌ڕووی دنیادا ، زۆربوونی کاڵاکان و به‌رهه‌مه ته‌کنۆلۆژییه‌کان هێنده‌ی تر گه‌نجیان تاساندووه ، له‌لایه‌ک حه‌ز به‌هه‌بوونی ئه‌م شتانه ده‌کات و له‌لایه‌کی تره‌وه گوزه‌رانی خراپ و گرانی بوونه‌ته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م خولیاکانیدا ، وێڕای هه‌موو ئه‌مانه بێئومێدی له‌ئایینده ، تۆ بڕوانه گه‌نجێک زانکۆ ته‌واو ده‌کات حکومه‌ت له‌لایه‌ک ناتوانێت دایمه‌زرێنێت وه ئه‌گه‌ر دایشیبمه‌زرێنێت مووچه‌که‌ی به‌شی 10 تا 15 ڕۆژی ناکات ئه‌ی چوونه ژیانی هاوسه‌رییه‌وه ؟ ئه‌ی کێشه‌ی نیشته‌جێبوون ؟ ئه‌ی..؟ ئه‌ی..؟ هه‌زار و یه‌ک کێشه دێته پێشی ، به‌داخه‌وه که‌رتی تایبه‌تیش ئه‌توانین بڵێین هه‌ر نیه له‌م وڵاته‌دا ، که‌واته وه‌ڕسی له‌ئێستا و بێئومێدی له‌پاشه‌ڕۆژ بوونه‌ته هه‌وێنی بیرکردنه‌وه و باری ده‌روونی گه‌نجانمان له‌ئێستادا .
ئاسۆی گه‌نج : گه‌نج چیبکات بۆئه‌وه‌ی له‌گرفتی ده‌روونی ڕزگاری بێت له‌کاتی جووتبوونی هاوسه‌ریدا ؟
سامان سیوه‌یلی : گه‌نجی کورد به‌درێژایی ته‌مه‌نی خۆی ، پێش چوونه ژیانی هاوسه‌ریه‌وه بێبه‌شه له‌زانیاری وه‌رگرتنی دروست له‌بواری سێکسۆلۆژی و سایکۆلۆژی ، واته تاکێکه ئاماده‌نه‌کراو و په‌روه‌رده‌نه‌کراوه بۆ چوونه ناو ژیانی هاوسه‌ریه‌وه . نه‌له‌پرۆگرامی خوێندندا شتێک له‌مباره‌یه‌وه ده‌یستێ و نه میدیا کوردیه‌کانیش قسه له‌مباره‌یه‌وه ده‌که‌ن ته‌نها چه‌ند هه‌وڵێکی سه‌ره‌تایی نه‌بێت که‌دراوه و ده‌درێت . یه‌کێک له‌و ته‌نگژه ده‌روونیانه‌ی گه‌نجی کورد تێیده‌که‌وێت له‌سه‌روبه‌ندی ژن هێناندا کێشه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی سێکسیانه‌یه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌یدا له‌یه‌که‌م شه‌وی به‌یه‌کگه‌یشتنیاندا ، هه‌ندێ جار ئه‌م شه‌وه ده‌بێته دێوه‌زمه‌یه‌کی ترسناک بۆ گه‌نج ، له‌کاتێکدا ئه‌گه‌ر به‌رچاوی ڕوون بکرێت و هۆشیاری هه‌بێت هه‌رگیز ئه‌م شه‌وه شایسته‌ی ئه‌و باره ده‌روونیه ئاڵۆزه نیه به‌ڵکو شایسته‌ی خۆشبه‌ختی و ئارامی و چێژوه‌رگرتنه . گرفته‌که‌ش به‌مه‌نده ته‌واو نابێت ئه‌م ناهۆشیاریه وا له‌گه‌نج ده‌کات که ڕۆژانی دواتری ژیانیشیان وورده وورده کێشه و ئاڵۆزی باڵی به‌سه‌ردا بکێشێت ، زوو وه‌ڕس ده‌بن له‌یه‌ک ، بیانوو به‌یه‌ک ده‌گرن ، به‌داخه‌وه هه‌ندێ جار ته‌مه‌نی ژیانی هاوسه‌ریی ئه‌م سه‌رده‌مه هه‌ر به‌کۆرپه‌یی سه‌رده‌نێته‌وه و به‌جیابوونه‌وه به‌کۆتادێت . ئه‌م ئه‌رکه به‌شێکی گه‌وره‌ی ده‌که‌وێته سه‌رداموده‌زگاکان و میدیاکان که‌ڕۆشنبیری له‌مبواره‌دا بڵاو بکه‌نه‌وه ، من له‌مێژه پێشنیارم کردووه و ئێستاش دووپاتی ده‌که‌مه‌وه ، ده‌بێت له‌کوردستان سه‌نته‌رێکی هۆشیاری گه‌نجان بکرێته‌وه ئه‌رکی ئه‌م سه‌نته‌ره هۆشیارکردنه‌وه‌ی گه‌نجان بێت له‌ڕووی سێکسی و سایکۆلۆژی و ڕه‌فتارکردنه‌وه تاکو گه‌نجان ئاماده بکات بۆ چوونه ناو که‌ژاوه‌ی ژیانی هاوسه‌رییه‌وه ، هه‌تا پشتگیری ئه‌م سه‌نته‌ره نه‌به‌خشرێت دادگا گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری نه‌کات بۆ گه‌نجان ، ئه‌م سه‌نته‌ره پسپۆری ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی و بایۆلۆژی له‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز کاری تیابکه‌ن و له‌شێوه‌ی خولدا بۆ ئه‌و گه‌نجانه بکرێته‌وه و هاوکاربن بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ی که‌ده‌یانه‌وێت بچنه ژیانی هاوسه‌رییه له‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز . پاشان ده‌بێت گه‌نجانیش خۆیان هه‌وڵ بده‌ن زانیاری دروست به‌ده‌ست بهێنن بخوێننه‌وه ، بگه‌ڕێن ، ئه‌مڕۆ ده‌یان سه‌رچاوه‌ی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌به‌رده‌ستدایه که‌خێراترینیان ئینته‌رنێته .
ئاسۆی گه‌نج : پێت وایه گه‌نج گرفتی دارایی و بێ‌کاری و خۆشه‌ویستی وای لێکردبێت تووشی کێشه و گرفتی ده‌روونی بووبێت ؟ یان هۆکاری سیاسی وڵاته ؟
سامان سیوه‌یلی : له‌وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌مدا ئاماژه‌م به‌م لایانانه دا ، ئه‌وانه‌ی ئاماژه‌ت پێکردن به‌ڵێ هه‌موو پشکیان به‌رده‌که‌وێت له‌خوڵقانی کێشه و گرفتی ده‌روونیدا ، به‌ڵام من پێم باشه خاڵ بخه‌مه سه‌ر پیت و له‌جێی خۆشه‌ویستی بڵێیت سێکس ، چونکه چه‌پاندنی سێکسی خۆی له‌خۆیدا فاکته‌رێکی سه‌ره‌کیه له‌دروستبوونی گرفته‌کانی گه‌نج ، به‌ڵام با ڕاستگۆیانه ده‌ستنیشانی سه‌رجه‌م فاکته‌ره‌کان بکه‌ین ئه‌وانه هه‌موو ڕاسته هۆکارن به‌ڵام خودی گه‌نج خۆیشی و بێ پرۆژه‌یی و خۆپه‌روه‌رده‌نه‌کردن و خۆسه‌رقاڵکردن به‌شتی بێبایه‌خه‌وه و زۆرشتی تریش پشکیان به‌رده‌که‌وێت له‌مبواره‌دا .
ئاسۆی گه‌نج : ئایا ئێمه ڕاوێژکار و توێژه‌ری ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی پسپۆرمان هه‌یه له‌کوردستان که‌گه‌نجانمان ڕووی تێبکه‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه و گرفته‌کانیان ؟
سامان سیوه‌یلی : پرسیارێکی جوانه . ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌کین نه‌ک هه‌ر له‌بواری ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌ڵکو له‌سه‌رجه‌م بواره‌کاندا که‌می ( نقص ) مان هه‌یه له‌توانا جۆراوجۆره‌کاندا ، ئه‌مه‌ش به‌ڕای من ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆکاری سیاسی سه‌رده‌می به‌عس و خه‌مساردی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌پاش ڕاپه‌ڕین که‌بیر له‌پێگه‌یاندنی که‌سانی پسپۆر و شاره‌زا نه‌کردۆته‌وه ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا که‌سانێک هه‌ن که‌به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن که‌چالاک بن له‌مبواره‌دا ، به‌داخه‌وه کلینیکیه ده‌روونیه‌کان بوونه‌ته جێگای پاره کۆکردنه‌وه و هه‌رچی مواسه‌فاتی کلینیکی ده‌روونیه تیایاندا نیه ، توێژه‌ره‌کانیشمان حکومه‌ت زۆربه‌یانی به‌ده‌وامی قوتابخانه‌وه سه‌رقاڵ کردووه به‌مووچه‌یه‌کی که‌م بێ هیچ پشتیوانیه‌ک ، ئێستا من و چه‌ند به‌ڕێزێکی تری ئه‌مبواره سه‌رقاڵی کردنه‌وه و دامه‌زراندنی سه‌نته‌رێکین بۆ ڕاوێژکردن و ڕێنمایی ده‌روونی له‌شاری سلێمانی که هه‌تا ئێستا له‌م جۆره پرۆژانه له‌سلێمانیدا بوونیان نیه به‌ڵام بڕوا بکه هێنده ڕۆتین و ئاڵۆزی هێنراوه‌ته ڕێگامان بۆ وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی و ڕۆتینیات مرۆڤ وه‌ڕس ده‌بێت . من ئێستا له‌ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی ( www.derunnasy.com ) به‌شی پرسیار و وه‌ڵامم کردۆته‌وه که‌ڕۆژانه چه‌ندین گرفت و کێشه‌ی ده‌روونی و په‌روه‌رده‌ییمان بۆ ڕه‌وانه ده‌کرێت له‌ڕێگه‌ی پۆستی ئه‌له‌کترۆنی ماڵپه‌ڕه‌که‌وه ، خۆشبه‌ختانه خودی خۆم و هه‌ندێ جار پزیشکه ده‌روونیه‌کان وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه . به‌ڵام ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت تاکی ئێمه تائێستاش پێی شه‌رم و عه‌یبه‌یه سه‌ردانی ڕواێژکاری ئه‌م بواره بکات . له‌م ڕۆژانه‌دا خانمێک پۆستیکی ئه‌له‌کترۆنی بۆ ڕه‌وانه‌کردین که‌دانیشتووی سلێمانی و ده‌رچووی کۆلیژ و هاوسه‌رداره ، کێشه‌یه‌کی ده‌روونی هه‌یه که‌پێویست به‌دانیشتن ده‌کات له‌گه‌ڵیدا ، من پێم ڕاگه‌یاند حاڵه‌ته‌که‌ی تۆ فڵانه شته به‌ڵام له‌هه‌رشوێنێک خۆت ده‌ست نیشانی ده‌که‌یت ئێمه ئاماده‌ین دابنیشین له‌گه‌ڵتا ، هێنده‌ی پێ شه‌رم و عه‌یبه بوو ڕازی نه‌بوو داوای کرد به‌ته‌له‌فۆن قسه‌مان له‌گه‌ڵدا بکات ، ئاخر له‌کوێ بووه نه‌خۆشی ده‌روونی به‌مۆبایل چاره‌سه‌ر بکرێت . گه‌نجێکی تر که‌خوێندکاری زانکۆی سلێمانیه ڕۆژێک پۆستێکی ئه‌له‌کرۆنی نارد ڕێک نووسیبووی ( توخوا بابتانبینم ) ژماره‌ی خۆ تیانووسیبوو ، من په‌یوه‌ندیم پێوه‌کرد و دانیشتمان له‌گه‌ڵ کرد و خۆشبه‌ختانه ڕێنمایی دروستی پێگه‌یشت . وه چه‌ندین نموونه‌ی دیکه . من لێره‌وه به‌هه‌موو گه‌نجان ده‌ڵێم تکایه چیتر هه‌ست به‌شه‌رم و عه‌یبه و که‌می مه‌که‌ن دووچاری هه‌ر ئاڵۆزیه‌کی ده‌روونی هاتن فه‌رامۆشی مه‌که‌ن ، ئێمه له‌ڕێی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌وه له‌ئێستادا و له‌ئایینده‌یه‌کی نزیکیشدا له‌و سه‌نته‌ره‌ی ده‌کرێته‌وه خۆبه‌خشانه له‌خزمه‌ت ئێوه و گشت هاوڵاتیانداین .
ئاسۆی گه‌نج : ئایا ئه‌و کێشه ده‌روونیانه‌ی تووشی گه‌نج بوونه‌ته‌وه به‌ته‌نیا گه‌نجانی گرتۆته‌وه یان خه‌ڵکانی تریش ئه‌و گرفته‌یان هه‌یه و پێوه‌ی ده‌ناڵێنن ؟
سامان سیوه‌یلی : وه‌ک له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێ‌کرد تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه تێکڕا مه‌حکومین به‌باری ده‌روونی نائاسایی به‌هۆی ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی ئاماژه‌یان پێدرا ، به‌ڵام جیاوازی له‌تاکێکه‌وه بۆ تاکێکی تر به‌نده له‌سه‌ر ته‌مه‌ن ، ڕه‌گه‌ز ، ئاستی ڕۆشنبیری ، ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ، باری ئابووری ، بڕی به‌رگری ده‌روونی تیاماندا . هه‌تا ئه‌و تاکه زیاتر که‌وتبێته به‌ر زه‌بر و فشاری ده‌روونیه‌وه هێنده به‌رگری ده‌روونیه‌که‌ی لاوازده‌بێت و زیاتر شه‌که‌ت ده‌بێت له‌ڕووی ده‌روونیه‌وه . دیاره جۆره‌کانی تێکچوونی ڕه‌فتار و سۆز له‌هه‌ر قۆناغێکی ته‌مه‌ندا به‌جۆرێک ڕه‌نگ ده‌داته‌وه ، دیارترین تێکچوونه ڕه‌فتاریه‌کانی گه‌نجان ، لادانی سێکسی ، په‌نا بردن بۆ ماده‌هۆشبه‌ره‌کان ، ده‌رچوون له‌یاسا ، له‌ڕووی ده‌روونی و سۆزیشه‌وه زیاتر تووشی دڵه‌ڕاوکێ و هیستیریا ده‌بن .
ئاسۆی گه‌نج : دروستبوونی ئه‌و کێشه ده‌روونیانه له‌ئه‌ستۆی کێدایه و تاوانه‌که‌ی بۆ کێ ده‌گه‌ڕێته‌وه ؟
خێزان ، که‌لتور ، حکومه‌ت ، خودی گه‌نج خۆیشی ، تێکڕا هه‌ریه‌ک پشکی خۆی به‌رده‌که‌وێت .
ئاسۆی گه‌نج : ئایا ژینگه‌ی خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆڵی هه‌یه له‌دروستبوونی کێشه‌ی ده‌روونی لای گه‌نج ؟
سامان سیوه‌یلی : بێگومان نه‌ک هه‌ر ڕۆڵی هه‌یه به‌ڵکو ڕۆڵی سه‌ره‌کی هه‌یه . خێزانی کورد بوونه‌ته کارگه‌یه‌ک بۆ به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤی تێکشکاو و بێئیراده . چونکه به‌داخه‌وه زۆربه‌ی دایک و باوکان و به‌خێوکاران له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ته‌نها به‌دابینکردنی پێداویستیه مادیه‌کانی ڕۆڵه‌کانیان ئیکتیفا ده‌که‌ن و واده‌زانن ئه‌رکی سه‌رشانیان به‌جێهێناوه ، هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌کیان بۆ باری ده‌روونی ڕۆڵه‌کانیان نیه ، جگه له‌وه به‌کارهێنانی توندوتیژی جه‌سته‌یی و ده‌روونی تائێستاش ئاماده‌یی هه‌یه له‌ناو خێزاندا ، یان به‌پێچه‌وانه‌وه نازدانی زۆر . شێوازی پاداشت و سزا نه‌شاره‌زایانه پیاده ده‌کرێت له‌ناو خێزاندا ، مافی قسه‌کردن و ڕاده‌ربڕین له‌لایه‌ن خێزانه‌وه زه‌وت ده‌کرێت بۆ گه‌وره‌کان ، ترس و شه‌رم و جۆره‌ها گرێ ده‌ڕوێنرێت له‌ده‌روونی مناڵ‌دا ، کاتێک مناڵ ده‌گاته قۆناغی گه‌نجیش خێزان هه‌ربه‌چاوی مناڵه‌که‌ی دوێنێ لێی ده‌ڕوانرێت ، که‌داوای ئه‌رکی لێده‌که‌ن وه‌ک گه‌وره‌یه‌ک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن ، که‌گه‌نج داوای مافی خۆی ده‌کات وه‌ک مناڵ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت . گه‌نج له‌ناو ئێمه‌دا وه‌ک گه‌شتیارێکی بێ په‌ساپۆرت وایه که‌ده‌چێته سنووری گه‌وره‌کانه‌وه پێی ده‌ڵێن تۆ هێشتا ماوته و بگه‌ڕێره‌وه ، که‌دێته‌وه سنووری هه‌رزه‌کاران سه‌رزه‌نشت ده‌کرێت و پێی ده‌ڵێن تۆ گه‌وره‌یت و وه‌ک گه‌وره هه‌ڵسوکه‌وت بکه ، واته کتومت گه‌نج چه‌واشه ده‌کرێت . دیاره مامه‌ڵه‌ی ژینگه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی ده‌ره‌وه‌ی خێزانیش له‌مه باشتر نیه . ناچار گه‌نج خۆی له‌ناو کۆمه‌ڵێک هاوڕێ و هاوه‌ڵدا ده‌دۆزێته‌وه که‌له‌ته‌مه‌ن و خواست و خولیا و بۆچوونه‌وه له‌یه‌ک نزیک بن ، زۆر جار کۆمه‌ڵی هاوڕێ و هاوه‌ڵ ده‌بنه فاکته‌رێکی خراپ و گه‌نج به لاڕێدا ده‌به‌ن .
ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی
لەهاوپۆلی: چاوپێكه‌وتن
« نه‌زۆکی Infertility | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | جن به‌رپرسیاره له‌نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌کان ؟ »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

lagal rezo slaweki taybat bo eway xoshewist, bo aw sayta jwano rangina, bo aw babata jwanana,bo aw babata pewistanay ka berasti genji esta pewisti peya,ka badaxawa ema lahamo bwarek bebashin la chaw welatani dika.
mn zor sopasi aw kasana dakam ka berasti haldastn ba anjamek ka bo bwari awa nask tedakoshn.
badaxawa sarmaya jegay asti roshenbiri grtotawe ka kasek nya bir la bwari rosenbiri bkatawe.
mn boxom labwari roshenbirio yarmati mndalo ganj da daxwenm we esta sali axirma ka btwanm dast ba kar bm.
belam mn zorm mawe ka btwanm sht fer bkam belam dawam law kasanaya ka law astada twanayan haya fryay genji am zemana bkawn,ba taybat kurdstani zherdastman.
mn Malmal Xoshdl la welati Norway.
dobare ba sopasewe bo hamotan, dasti mando nabontan dagoshm