دۆزی سێکس له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا – د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان له‌ دیمانه‌یه‌کی گۆڤاری (سڤیل)دا – ئاماده‌کردنی: ئاڤان جاف

دۆزی سێکس لە کۆمەڵگەی کوردستاندا
د. سەڵاحی گەرمیان لە دیمانەیەکی گۆڤاری (سڤیل) دا
Selah.germian@yahoo.com.au
ئامادەکردنی: ئاڤان جاف

پ/ بابەتی سێكس لە كۆمەڵگای كوردستان زیاتر دەلكێنرێت بە جەستەی ژنەوە، وەك ئەوەی ژن= سێكس؟ هۆكاری ئەوە چیە؟

:: هەرچەندە ئامارێکی زانستی لەبەردەست نییە ئەو بۆچوونە بسەلمێنێت، بەڵام من بە پێی تێڕوانێنم بۆ هەڵسوکەوتی ڕێژەیەکی زۆری پیاوان و بە پێی ئەزموونی خۆم لەگەڵ کەسانێکی زۆر لە ژنان و پێاوانی کورد، ئەتوانم بڵێم کە زۆرێنەی پیاوانی کۆمەڵگەی کوردستان ئەو تێڕوانینەیان هەیە بۆ ژن. بۆیە لێرەدا بۆچی خۆم لەسەر ئەو بنەمایە ئەخەمەڕوو.
سێکس پاڵنەرێکی سەرەکییە لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان میینە و نیرینەدا، شتێکی سروشتییە پیاو و ژن عەوداڵی جەستەی یەکتری بن. نەک هەر لەشولار وهەڵسوکەوت و جلوبەرگی ژن یان قژ و ڕوخساری یان چاو برۆ و لێوی و گۆنا و دەنگی، بەڵکو تا ئەو ڕێگایەی پێدا ئەڕوات سەرنجی پیاو ڕادەکیشێت. هەر بەو شێوەیەش شانوشەوکەت و کەڵەگەتی و جەربەزەیی و ئازایەتی پیاو جێی سەرنجی ژنانە. بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە، لە کۆمەڵگەی کوردستاندا وەک زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات کە کاردانەوەی ئایین و داب و نەریتی خێڵەکی و کۆمەڵایەتی بەسەریەوە زاڵە، وا لە ژن ئەکات ناچاربێت هەست وسۆزی خۆیان بشارێتەوە. بەپێچەوانەشەوە گەر ژن هەست و سۆزی خۆی بەرانبەر پێاو بە ئاشکرا دەربڕێت لە ناو کۆمەڵدا بەڕێی نوسین و هۆنراوە و هونەرەوە وەک بۆ پیاو ڕەوایە، ئەوا ئەکەوێتە بەر نەفرەتی کۆمەڵ و ڕەوشتی ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و ناوی بە خراپەکار ئەزڕێت. بە هەزارەها شیعر و گۆرانی دەوترێت و هەزارەهای تریش وێنە و تابلۆ دەکێشرێت بە قەدوباڵاو و جوانی ئەندامەکانی جەستەی ژنەوە، بەڵام زۆر دەگمەنە هونەرمەندێک یان شاعیرێکی ژن جورئەتی ئەوە بکات و بەهەمان شێوە هەست خۆی دەربڕیت بەرانبەر بە پێاو.
ئەو ڕاستیانە زۆر ئاشکران و نیشانەی پیاوسالاری کۆمەڵگەیە، لە کۆمەڵگەیەکی واشدا ڕێگانادرێت بە ژن بە شێوەیەکی شیاو ڕۆڵی خۆی ببینێت و بتوانێت چی لە ناخ و هزریدایە وەکو پیاو دەریبڕیت و خاوەنی کەسێتی تایبەتی خۆی بێت. بۆیە ژن لە کۆمەڵگەیەکی وادا بەوچاوە سەیردەکرێت و وەکو کەرەستەیەکی سێکس بۆ پیاو دەرئەکەوێت یانیش بۆ منداڵهێنان و خزمەتکردنی پیاو و بەڕێوەبردنی کاروباری ناوماڵ و پەروەردەکردنی منداڵ.

پ/ تووندوتیژی بە هەموو شێوەكانی ڕوو لە زیادییە، مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێت:” سێکس هۆكاری هەموو تووندوتیژییەكانە، بە ئافات ناوی دەبات، بەرێزتان چ رایەكیتان هەیە ئایا سێكس لە كۆمەڵگا داخراوەكان دەبێتە ئافات بۆ ژیانی مرۆڤ، بەتایبەت ژن؟

:: من لەوەدا هاوڕانیم لەگەڵ ئەو مامۆستایەدا و پێم سەیرە کە گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی سێکس بە ئافات و هۆکاری هەموو توندوتیژییەک بزانێت. من بۆ ئەو مەبەستە ئەپرسم: ئایا لەو کۆمەڵگانەی کە ئاشتی و ئارامی تیادایە سێکس بوونی بەهەمانشیوە نییە و ناکرێت؟
ڕاستە چەپاندنی سێکس هۆکاری چەند کێشەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتیە و لەوانەشە بەهۆی پەیوەندی سێکسیەوە چەندین ڕووداو لەنیوان خێزان و کەسانی ناو کۆمەڵدا ڕووبدات، بەڵام ناکرێت ئەوە ناوی ئافاتی لێبنرێت چونکە دەیان هۆکاری تر هەن کە دەبنە بایزی توندوتیژیەکی زیاتر وەک ئەوەی بەهۆکاری سێکسەوە ڕووئەدات و بە ئافاتیش ناونابرێن. ئەگەریش مەبەست لە سێکسی دەرەوەی پەیوەندی هاوسەرگیری واتا سێکسی نا شەرعیی یان پەیوەندی نێوان گەنجانی کوڕ و کچ، کە زۆرجار ڕووداوی دڵتەزینی لێئەبێتەوە و بەتایبەت کە ئەبێتە هۆی کوشتن و ئازاردانی جەستەیی و دەروونی ژنان. هۆکاری ئەوە سێکس نییە بەڵکو داب و نەریتی ئایین و خێڵەکی و نەبوونی یاسایەکی دادپەروەرانە کە بتوانێت بەر بەو تاوانانە بگرێت.
سێکس پێویستیەکی گرنگە بۆ ژن و پیاو و ئەبێت تێربکرێت هەر وەک چۆن خواردن و خواردنەوە و خەوتن و جێی حەوانەوە پێویستن لە ژیانی مرۆڤدا. لەو بارەیەشەوە زانای ده‌رووناسی ناسراو (ئه‌براهام ماسلۆ) سێکسی له‌ پله‌ی یه‌کەمی پێویستییه‌کانی مرۆڤ داناوه‌ له‌و پولێنکردنی پێویستییه‌کانی مرۆڤ کە ناسراوه‌ به‌Maslow’s hierarchy of needs. ، بەڵام بە بەرچاوگرتنی جیاوازی ئەوەی سێکس پێویستییەکی دەستبەجێ نییە و ئەکرێت بۆ ماوەیەکی زیاتر لەوانی تر دوابخرێت. بەلام خۆپاراستن لە سێکس و چەپاندنی بۆ ماوەیەکی زۆر کێشەی دەروونی لێئەبێتەوە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا.

پ/ بەشێك لە ژنان بەهۆی هەڵسووكەوتی نادروستی هاوسەرەكانیان لەساتی سێكس تووشی خەمۆكی بوونە، باسلەوە دەكەن هاوسەرەكانیان هیچ مانایەكیان بۆ دانانێت لەساتی سێكس، ئایا سێكسی بێ‌ ئارەزوو دەبێـتە هۆی خەمۆكی؟

:: لەبوارێکی تردا باسم لەوەکردووە کە لە ژیانی هاوسەرگیریدا پەیوەند بە سێکس و خۆشەویستیەوە ناکۆکی لەنێوان ژن و پیاودا سەرهەڵئەدات و لێرەشدا ئەوە ئەخەمەڕوو کە پیاو بەرلەوەی بیر لە دەربڕینی خۆشەویستی بکاتەوە دەیەوێت ئارەزووی سێکسیی تێربکات و دەربڕینی هەستی خۆشەویستی بۆ بەرانبەرەکەی بە پلەی دووەم جێی بایەخە لای. بەڵام ژن چاوەڕێی خۆشەویستی ئەکات لە پیاو بەر ئەوەی بچێتە پرۆسەی جووتبوون و تام و چێژی لێوەرگرێت.
لێرەدا کە باس لە خۆشەویستی ئەکەم مەبەستم دەربڕینی زارەکی نییە، بەڵکو گەیاندنی هەست و سۆزی ڕاستەقینەیە بەڕێی کردەوە و هەڵسوکەوتەوە. ئەوەشی جێی سەرسوڕمانە ئەو ڕاستیە کە چەندین توێژینەوەی زانستی دەریانخستووە، نە ژنان ئەیگرنە بەرچاو و نە پیاوان، بۆیە بەردەوام لە ناکۆکی و کێشەدا ئەژین و زیاتر لەدوای جووتبووندا کاتێک پیاو پێویستی خۆی تێرئەکات بەبێ ئەوەی هەستی خۆشەویستی بگەیەنێت بە هاوسەرەکەی، بۆیە ژنان زۆر بە کەمی ئەگەنە ئۆرگازم. چونکە کاتێک ژن بەبێ ئەوەی هەست بە خۆشەویستی پیاو بکات وەک ناچاری ئەچێتە پرۆسەی جووتبوونەوە، هەستی ئەوەی لادروست ئەبێت کە پیاو تەنیا وەک کەرەستە بەکاریدێنێت بۆ تێرکردنی ئارەزووی سێکسی خۆی نەک وەک مرۆڤێک خاوەن هەست و بەشێکی یەکسان لە پرۆسەکەدا.

جێی داخە کە زۆربەی پیاوان کەڵەشێر ئاسا هەڵاوکەوت لەگەڵ هاوسەرەکانیان ئەکەن، هەروەک چۆن کەڵەشێر کاتێک دەیەوێت بپەڕێتە سەر مریشک بەدەوروبەریدا دێت و دەڕوا و دەخولێتەوە و زۆرجارێش بەدوایدا ڕادەکات تا ناچاری دەکات خۆی بدات بەدەستەوە. پیاوانیش لە بری ئەوەی بەدەربڕینی هەستی ناسک و سۆز و خۆشەویستی ڕاستەقینە ، گەلێک جار تەنانەت باری دەروونی و ماندووبوونی جەستەیی ژن ناگرنە بەرچاو و بگرە بەبێ بوونی ئارەزووی سێکس لای ژن ناچاری ئەکرێت بە سێکسکردن. ئەوەش لەبارەی دەروونییەوە هۆی سەرەکییە بۆ بێزاری لە سێکس و نائومێدی و شپرزەیی و ترس و دلەڕاوکێ و دواتریش تا ئەگاتە خەمۆکی بەهۆی دووبارەبوونەوەی هەمان ئەزمون دور لە گۆڕانکاری لە شێواز و هەست و هەڵسوکەوتدا. ئەو نەگونجانەی ئارەزوو و هەڵپەی سیکسی پیاو لەگەڵ ئارەزووی ژندا کە چاوەڕوانی خۆشەویستی نواندنی پیاوە بەر لە سێکس مایەی خەمۆکی ژنە نەوەک خواستی شێوازی نادروستی سێکس.

پ/ ئامارەكانی دادگا لە هەرێمی كوردستان دەری دەخەن رێژەی جیابوونەوە روو لە زیادییە، بە تایبەت لەسەر داوای ژن، واتە ژنان زیاتر داوای جیابوونەوە دەكەن، وتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەری لە دیمانەیدا دەڵێت:” %80 جیابوونەوەكان بەهۆی داوا سێكسی نادروستی پیاوانە لە ژنەكانیان؟ هۆكاری ئەو نادروستیە چییە؟ ئایا پیاوان بۆ دامركانەوەی حەزەكانیان بۆچی پەنا بۆ هەموو جۆرە سێكسێك دەبەن؟

:: داوای سێکسی نادروست تەنیا هۆیەک نییە بەڵکو یەکێکە لە هۆکانی جیابوونەوە. شێوازی نادروستی سێکسکردن شتێکی نوێ نییە و هەر هەبووە. گومان هەڵناگرێت ئەگەر پیاو بتوانێت هەستی خۆشەویستی بگەیەنێت بە ژن بەر لە پرۆسەی جووتبوون، ژن ئامادەیی ئەبێت بۆ هەموو شێوەیەکی سێکسکردن بەڵکو چێژیش وەرئەگرێت لەو شێوازە گەرچی نادروستیش بێت. بەڵام کاتێک پیاو جگە لە دامرکاندنی ئارەزووی سێکسی خۆی، ئارەزوو و باری دەروونی و هەستی بەرانبەرەکەی ناگرێتە بەرچاو، بەبەردەوامیش ئەو شێوازە دووبارە ئەکرێتەوە، بەوە ژن هەست بە ڕێزنەگرتن لە کەسێتی و ئارەزووەکانی ئەکات و پێیوایە بایەخنەدانە بە سۆز و پێویستییەکانی و هەست بە بێزاریەکی زۆر ئەکات. لە ڕابووردوودا ژن بە ناچاری بێدەنگی هەڵئەبژارد، چونکە مافی ئەوەی پێ ڕەوا نائەبینرا چ لەلایەن کۆمەڵەوە و چ لەلایەن یاساوە. چەوسانەوەی ژنان زۆر لە ڕۆژانی ئێستا زیاتربوو، بەڵکو جیابوونەوە عەیب و عارێکی گەورە بوو بۆ ژن و بێوەژنیش لەناو کۆمەڵدا بەکەم سەیردەکرا. کەمی ڕێژەی جیابوونەوە لە ساڵانی ڕابووردوودا ئەوە ناگەیەنێت ژنان لە ژیانی هاوسەرگیریاندا بەختەوەربوونە، ئەوە و سەربەخۆنەبوونی ژن لەلایەن داراییەوە هۆیەکی تر بوو بۆ قەبووڵکردنی باری نالەبار و جیانەبوونەوە.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە ئاماژە بەوە ئەدات کە ژنان ئێستا لە جاران زیاتر ئەتوانن دەنگ هەڵبێنن و لەجاران زیاتر مافی یاساییان هەیە وبۆیان هەیە داوای جیابوونەوە بەرزکەنەوە بۆ دادگا بە بەراورد بە جاران. ئەوەو ژنان ئێستا زیاتر سەربەخۆن لە باری داراییەوە و وەکو جاران چاویان لە دەستی پیاو نییە بۆ بژیوی ژیانیان.

پ/ ژنان گلەیی دەكەن بەوەی پیاوەكانیان تەنێ‌ لە ژووری نووستن خۆشەویستی بۆ ژنەكانیان دەردەبڕن و سێكس دەكەن كاتی دیكە وەك بێگانە سەیرییان دەكەن؟ رات وایە بەشێك لە پیاوان وەك ئامراز سەیری ژن دەكەن، تەنێ‌ لە شەو و ژووری نووستن داوای سێكس دەكەن، پێت وا نییە سێكس كاتێك بوو بە خواست چێژ نامێنێ‌ ؟

:: ئەوە زۆر ڕاستە و زۆرێک لە پیاوان خۆیان هەر ئەوەندە لە ژن ڕاوا ئەبینن و تەنیا وەک کەرەستەیەک بۆ خۆشی خۆیان بەکاری دێنن، زۆر پیاو هەیە هەر چۆن سەیری ئۆتۆمبیلەکەی ئەکات و خزمەتی ئەکات بەو شێوەیەش کاتی تێرکردنی سێکس ئاوڕ لە هاوسەرەکەی ئەداتەوە چونکە ئەو لەو کاتەدا پێویستیەکی تێرئەکات و ئەو جۆرە خۆشەویستییەش دەریئەبڕێت هەر وەک ئەو خۆشەویستیە وایە کە بۆ ئۆتۆمبیلە گرانباکەی هەیەتی.

گۆمان هەڵناگرێت ئەو ژنانه‌ی که‌ به‌ ناچاری ملئه‌ده‌ن به‌ سێکسکردن بێئه‌وه‌ی هاوسەرەکانیان خۆشه‌ویستیان پێ بگه‌یه‌نن ، له‌ناخی خۆیاندا واهەستئەکەن که‌ ده‌ستدرێژی ئه‌کرێته‌ سه‌ریان تەنیا بۆ ئەوەی توشی کێشه‌وگرفتی خێزان و توندوتیژی نه‌بن له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌کانیانه‌وه‌. ئەوەشیان لاڕوونە کە زۆربه‌ی پیاوان به‌و شێوه‌یه‌ن . لە هەمانکاتدا ئاگاداری ئه‌زموونی ژنانی تریش‌ هەن کە ئه‌وه دەرئەخات جیابوونه‌وه‌ ژیانیان باشتر ناکات و لایان ڕوونه‌‌ دووچاری هه‌مان کێشه‌ ئه‌بنه‌وه له‌گه‌ڵ پیاوانی تردا. بۆیه‌ به‌ناچاری ئه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌دا هه‌ڵکه‌ن.
لە پەیوەندییەک و پرۆسەیەکی لەو جۆرەدا کە لە ئەنجامدا تەنیا لایەنێک کە پیاوە پێویستی خۆی تێرئەکات بەبێ لەچاوگرتنی هەستی بەڕانبەرەکەی کە ژنە. هەڵبەتە هەستی ژن بریندارئەکات و چێژ لە سێکسکردنی وا نابینێت.
بەدڵنیاییەوە بۆ ئەوەی سێکس تاموچێژی تەواوی خۆی بگەیەنێت پێویستە خۆشەویستی لەنێوان هەردوو لای پرۆسەکەدا هەبێت، ئەگەرنا ئەوا تەنیا پێویستییەکی ئاژەڵیانە تێرئەکرێت و هیچیتر.

پ/ بەگوێرەی بیروڕای بەشێك لە مامۆستایانی ئاینی پیاوان لە سێكس بە تواناترن، ئەوان توانای سێكسیان زیاترە، رایان وایە ژنان تەنێ‌ لە وروژاندن بەتواناترن؟ ئەمە تا چەند بیرو رایەكی تەندروستە؟

:: من لەگەڵ بیروڕای ئەو مەلایانە نیم کە وایئەزانن پیاو بەتواناترە لە سێکسدا بەبراورد لەگەڵ ژندا . بەڵکو ڕاستییەکەی ئەوەیە پیاو زیاتر عەوداڵی سێکس و زیاتر لە هەڵپەی ئەوەدایە کە ئەو پێویستیە تێر بکات، ڕاستە توێژینەوە زانستییە تایبەتییەکانی ئەم بوارە ئەوە دەرئەخەن؛ پیاوان له‌هه‌ر سه‌عاتێکدا 6 جار سێکس به‌ بیریاندا دێت، کە ئەکاتە 750 جار له‌ هه‌فته‌یه‌کدا، ئەم هەڵپە و عەوداڵبوونە مەرج نییە توانای لەگەڵدا بێت، توانای ژن پەیوەندە بە ڕادەی خۆشەویستی و شێوە و ڕادەی وروژاندنی لەلایەن پیاوەوە. هەرچەندە پیاو لە توانایدا هەبێت و بتوانێت خۆشەویستی بگەیەنێت بە ژن، ئەوەندە ژن ئامادەیی ئەنوێنێت بۆ سێکس و گەیاندی چێژ بە پیاو. بەڵام کێشەی سەرەکی لەوەدایە کە پیاو زۆر بەزوویی ئەگاتە مەبەستی خۆی لە پرۆسەکەدا و هاوسەرەکەشی بە هۆی نەگونجانی سێکسی و دەروونی و نەبوونی خۆشەویستی و سۆزی چاوەڕێکراوەوە هەست بە نائارامی دەروونی ئەکات سەرەڕای چێژ وەرنەگرتن لە سێکسدا.

پ/ ژمارەیەكی زۆر كتێبی سێكسی لە كتێبخانەكانی كوردستان هەن، بەپرسی كتێبخانەكان باس لەوە دەكەن ژنان بە شەرمەوە ئەو كتێبانە دەبەن یاخود هەر نایبەن، پیاوان زیاتر ئەو جۆرە كتێبانە دەبەن، ئایا چەوسانەوەی ژنان لە رووی سێكسی ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ژنان هۆشیاری و زانیاری سێكسیانە كەمە؟

:: نەک هەر ژنان بگرە زۆرینەی پیاوانی کۆمەڵی کوردەواری بە ئاگانین لەبواری سێکسدا و ئاستی ڕۆشنبیری سێکسییان نزمە. ڕۆشنبیری سێکسیش بەشێکە لە ڕۆشنبیری گشتی. هەرچەندە ژمارەی زانکۆ و خوێندنگەکان لە زیادبوندایە بەڵام ڕۆشنبیری سێکسی هێشتا نەگەیشتووەتە ڕادەی پێویست. پێویستە ئەوە لەبیر نەکەین کە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ڕۆسنبیری و خویندەواریدا. دەرچووی زانکۆ تەنانەت هەڵگری بڕوانامەی دکتۆراش، مەرج نییە ڕۆشنبیر بێت و هۆشیاری لەلایەن سێکسەوە هەبێت، ڕاستیەکەشی ئەوەیە سیستمی پەروەردە کەموکوڕی زۆری هەیە و بایەخی ئەو تۆی نەداوە بە بواری سێکس لە پرۆگرامی پەروەردەدا لە گشت قۆناغەکانی خوێندندا.

پێموایە ناهۆشیاری ژنان و بێ ئاگاییان لەبارەی سێکس وئەندامە سێکسێکانیانەوە، بەشێکە لە ناهۆشیاری گشتی و دەرئەنجامی پیاوسالاری کۆمەڵ. دوور نییە بینینی کتێبێک لەبارەی سێکسەوە بەدەستی ژنەوە ببێتە هۆی کێشە نێوان ژن و هاوسەرەکەی یان کچ و براکەی یان باوکی. چونکە سێکس تا ئێستا تابۆیە بۆ ژنان لە کۆمەڵی ئێمەدا. کەمن ئەو جۆرە کەسانە کە ئەوە ڕەوا ئەبینن بۆ ژن. هەروەها کەمن ئەو ژنانەی کە ئەو بازنە تەسکەیان شکاندبێت.

پ/ پرۆگرامی تایبەت بە سێكس لە كوردستان لەناو قوتابخانەكان نییە، بەرێوەبەری پرۆگرامەكان رای وایە ئەو بابەتە كاتی دەوێت كەسی پسپۆریش، سوودەكانی خوێندنی ئەو پرۆگرامە چی دەبێت لەناوەندەكانی خوێندن ئەگەر هەبێت؟

:: پێم سەیرە ئەو بەرپرسەی پەروەردە نەبوونی پرۆگرامی تایبەت بە سێکسەوە لە خوێندنگەکاندا ئەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی کات و کەسانی پسپۆر. سەیرلەوەدایە باس لە هەر کەم وکۆڕییەک ئەکرێت بەرپرسان پەنا ئەبەنە بەر پاساوکردن، هەرکە باسی گەندەڵی و دواکەوتنی سیستەمی کارگێڕی و کەمی خزمەتگوزاری ئەکرێت، پاساوی ئەوە دەهێننەوە کە حکومەتەکەمان هێشتا ساوایە. بێست ساڵ تێئەپەڕێت و ئیتر پێموایە ئەو پاساوە بەسەرچووە و چیتر جێی باوەڕی کەس نییە. ئەو پاساوەی بەڕێوەبەری پرۆگرامەکانی پەروەردە شێوەیەکە لەو پاساوانە و لە جێی خۆیدا نییە. ساڵانێک بەسەرچوو و کاتێکی زۆریش لەدەستدرا کە ئەتوانرا ئەو پرۆگرامانە جێبەجێ بکرێن. ئیشتاس ئەکرێت دەستپێبکرێت و بەزووترین کات بخرێنە سیستەمی پەروەردەوە و نە پێویست بەو کاتە زۆرە ئەکات و نەکەسانی پسپۆر کێشەیەکی وا گەورەیە ببێتە ڕێگر لەبەردەم پرۆگرامێکی واگرنگ بۆ ژیانی تاک وکۆمەڵی کوردەواری. کارێکی گران نییە گەر کۆرس و وۆرکشۆپی تایبەت بکرێتەوە بۆ هەموو ئەو مامۆستایانەی وانە ئەڵێنەوە کە پەیوەندی بەو بوارەدا هەیە بەتایبەت وانەی زانست و وانەی بایۆڵۆجی.

سیستەمی په‌روه‌رده‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگه‌ بۆ پێگه‌یاندن و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵاییه‌تی. بۆیە پێویستە ئه‌و ڕاستییانه‌ بگرێتە‌ به‌رچاو که‌ سێکس وه‌ک پێویستییه‌کی فسیۆلۆجی خۆڕسک له‌ قۆناغی گه‌نجێتیدا سه‌رهه‌ڵئه‌دات. گه‌نجان له‌ ڕێی جۆراوجۆره‌وه ئاشنایەتی ‌به‌ سێکس پەیدائەکەن. ئەمڕۆ تە‌کنۆلۆجیای و ئینته‌رنێت و سه‌ته‌لایت و فلیمی ڤیدیۆ و ئامێری هه‌مه‌جۆری تر و گۆڤاری سێکسی له‌ به‌رده‌ستی گه‌نجاندایە و کەس نییە بەری پێبگرێت و زانیاری به‌ شێوه‌یه‌کی نادروست ئه‌گه‌یه‌ننه‌ گه‌نجان و هانیان ئه‌‌ده‌ن و هه‌ستییان ئه‌جوڵینن. پێویسته‌ نەک هەر ناوەندەکانی خوێندن بەڵکو داموده‌زگا ته‌ندروستییه‌کانیش، به‌شێوه‌یه‌کی زانستیانه‌ زانیاری له‌ باره‌ی سێکس و خۆپاراستن له‌ نه‌خۆشییه‌کانی سێکسه‌وه‌ بگه‌یه‌نن به‌ هەموو ئەندامێکی کۆمەڵ بە تایبەتی گه‌نجان و ڕۆشنبیری سێکسی بخرێته‌ پرۆگرامی په‌روه‌رده‌وه‌ بەتایبەتی له‌ دوای قۆناغی‌ داواناوه‌ندییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شێوه‌ی نادروست و نیگه‌تیڤانه‌ و کاردانه‌وه‌ی به‌کارهێنانی ئه‌و ته‌کنۆڵۆجیا و سه‌رچاوانه‌‌ ڕوونبکرێتەوە و هۆشیاری خۆپاراستن بگەیەنن پییان.
پێویستە ئه‌وە بخرێتەڕوو که‌ سێکس پرۆسه‌یه‌کی فیسیۆلۆجی گرنگه‌‌ و په‌یوه‌ندی‌ بە زۆر لە ئەندامانی تری لەشی مرۆڤەوە هەیە وەک تۆڕی ده‌ماره‌کان و سوڕی خوێن و گلاندی هۆرمۆنه‌کان و هه‌ر‌وه‌ها پەیوەندییەکی بتەو هەیە لەنێوان سێکس و به‌باری ده‌روونی مرۆڤه‌وه، ئەوانە چەند نموونەیەکن لە سوودی ئەو جۆرە پرۆگرامانەی کە پێویستە سیستەمی پەروەردە بایەخیان پێبدات ناوەندەکانی خوێندن.

ئه‌یلول 29, 2011

سەرنجەکان

٥ وەڵام بۆ “دۆزی سێکس له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا – د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان له‌ دیمانه‌یه‌کی گۆڤاری (سڤیل)دا – ئاماده‌کردنی: ئاڤان جاف”
  1. muhamed salh فەرمووی:

    دەستت خۆشبێ دکتۆر بۆ ئەم بابەتە زۆر بەهێزە بەراستی ئەو خالانەی بەرزت باسکردۆن هەمۆی بەشێوەیێکی بەرچاو لەناو کۆمەڵگای کۆردیدا هەیەجا چ لەرۆی شەرمکردنەوەبێت یان لەرۆی نەزانین ۆ رێگەنەدانی کۆمەڵگابێت بۆ تێگەیشتن لەو بابەتانە

  2. MUSTY فەرمووی:

    mn amawe basy dw sht bkam..yakamyan..
    hawsarakan xoyan atwanin danishn gftwgo bkanw gwe la yaktir rabigrn w rez la yaktir bgrnw keshakanyan charasar bkan w rega bagawrabwny nadan ka ama taka charasra lanew hawsaranda pewista habet..

    dwamyan…bas lama krawa ka wanay taybat ba sex bxreta new programawa…mn qad lagal amaya nim chwnka sada sad dlnyam ka hangawy slby anetw zyaneky zorish ba komalgaya anet har wak estaka lam shtanay ka lapenaw xzmaty mrovayatida hatota kayawa la TV w internet w mobilda hasty pe akret..lam mawayada google amay ashkra krd ka america ka lam babatanada 3alasas zor bash tegayshtwn kachy yakam wlata la jihanda ka wshay sex bakar ahenet la rwy zhmara zoryawa…..

  3. ده‌ستخۆش کاک دکتۆر زانیاری گرنگتان به‌خشیوه‌

    سوهه‌یله‌ محمد

  4. د. گەرمیان فەرمووی:

    بەڕیزان کاک موحەمەد ساڵح و سوهەیلە خانم زۆر سوپاس بۆ دەستخۆشیتان، هەروەها بۆ سەرنجەکانی بەرێز Musty