نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ دکتۆر سابیر به‌کر بۆکانی

تشرینی دووه‌م 14, 2007

new-picture.pngڕه‌وشی دەروونی و پەروەردەیی لای خوێندکاران لەقۆناغی زانکۆدا
دیمانه‌ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی له‌گه‌ڵ د. سابیر بۆکانی
سازدانی : توێژه‌ری ده‌روونی : سامان سیوه‌یلی

خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆ وه‌ک هه‌موو توێژه‌کانی تری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی به‌ده‌رنین له‌و هه‌موو کێشه‌ و ته‌نگژه‌ ده‌روونی و په‌روه‌رده‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریانه‌ی به‌رۆکی کۆمه‌ڵگه‌که‌مانی گرتووه‌ . ڕه‌نگه‌ ئه‌م توێژه‌ به‌له‌به‌رچاوگرتنی قۆناغی ته‌مه‌نیان زیاتر هه‌ستیارتربن به‌رامبه‌ر ئه‌م کێشه‌ و ته‌نگژانه‌ . بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌ هاوڵاتی ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ د. سابیر بۆکانی سازدا .

د. سابیر بۆکانی ، ساڵی 1966 له ‌سلێمانی له‌دایک بووه‌ ، ساڵی 2001 ماسته‌ر‌ی له‌ که‌سێتی و ده‌رون دروستی و ساڵی 2007 دکتۆرای له‌ سایکۆلۆژیای ڕاگه‌یاندن وه‌رگرتووه‌ . له‌بواری سایکۆلۆژیادا 5 کتێبی نووسیوه‌ و 8 کتێبی له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌ وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی . ئێستا مامۆستا و سه‌رۆکی به‌شی ڕاگه‌یاندنه‌ له‌ کۆلیژی زانسته‌مرۆییه‌کانی زانکۆی سلێمانی .

هاوڵاتی / لەڕووی پۆلێنی تەمەنەوە وەک زانستی سایکۆلۆژیا پۆلێنی کردووە، خوێندکارانی زانکۆ دەکەونە کام خانە یان قۆناغەوە؟
د . سابیر / گەرچی تەمەنی مرۆڤ پێکهاتەیەکی یەکگرتووەو بەش بەش ناکرێت و هیچ قۆناغێک بەتەواوەتی سەربەخۆ نیەو هەریەکێکیان بەباش یان خراپ لەژێر کاریگەری قۆناغەکانی پێش خۆیدایەو بەهەمان شێوەش کار لەقۆناغەکانی دوای خۆی دەکات. بەڵام بۆ مەبەستی تێگەشتن و زانینی خەسڵەتە بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و دەروونیەکان و بۆ ئەوەی باشترین مامەڵەی لەگەڵ قۆناغەکاندا بکرێت، شارەزایانی سایکۆلۆژیا تەمەنی زەمەنی مرۆڤ بۆ چوار قۆناغی سەرەکی دابەش دەکەن بەم شێوەیە: قۆناغی منداڵی (لەیەکەم ڕۆژی دروست بوونی مرۆڤەوە تا هەرزەکاریی)، قۆناغی هەرزەکاریی (لەسەرەتای ساڵی یانزە یان دوانزەوە یان سیانزە ساڵانەوە تاکو هەشت ساڵ درێژە دەکێشێت). قۆناغی گەورەیی وکامڵی (دوای ئەو هەشت ساڵەی هەرزەکارییەوە دەست پێدەکات و تا سەرەتای شەست وپێنج ساڵی درێژ دەبێتەوە). دوا قۆناغیش پیری وبەساڵاچوونە (لەشەست وپێنج ساڵیەوە دەست پێدەکات و بەمردن کۆتایی دێت). هەر یەکێک لەو چوار قۆناغە بەسەر سێ یان چوار ماوەدا دابەش دەبێت، لێرەدا ئێمە تەنها ئاماژە بۆ هەرزەکاریی دەکەین بەو پێیەی دەکەوێتە تەوەری ئەم پرسیارەوە. خوێندکاری ئاسایی زانکۆ لەتەمەنی هەژدە ساڵیدا دێتە زانکۆ، بەهەموو پێوەرەکانیش هەتا قۆناغی سێیەمی خوێندنی زانکۆیی، هێشتا هەر هەرزەکارە بەڵام لەماوەی سێیەمدایە کە هەرزەکاریی دواکەوتووەو دەکاتە ساڵانی هەژدەو نۆزدەو بیست ساڵی، یان نۆزدەو بیست و بیست ویەک ساڵ. دەکرێت بڵێین هەتا قۆناغی سێی زانکۆ خوێندکار هەرزەکارە، لەوێ بەدواوە لەهەرزەکاریی تێپەڕیووەو بەجێی هێشتووە.
هاوڵاتی/ گرنگترین خه‌سڵه‌ته‌ بایۆلۆژی و ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ئه‌م قۆناغه‌ی ته‌مه‌ن چیه‌ ؟ ئایا خوێندکاری کورد تاچه‌ند توانیویه‌تی خۆی بسازێنێت له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانانه‌دا ؟
د . سابیر / ئاشکرایە کەفوکوڵی گۆڕانکارییە بایۆلۆژییەکان لەجەستەی مرۆڤدا، زیاتر دەکەونە سەرەتاکانی قۆناغی هەرزەکارییەوە. خۆێندکاری زانکۆ ئەو دۆخە نائارامە بایۆلۆژییەی تێپەڕاندووە. لەو ڕووەوە خۆی سازاند بێت یان نا ئەمە لەخوێندنی پێش زانکۆدا یەکلایی بۆتەوە ڕەنگە لەحاڵەتی نەسازان و قبۆڵ نەکردندا کاریگەری خراپی ئەو گۆڕانکارییانە بۆ ئایندەش درێژ ببنەوە بەتایبەتی حاڵەتەکانی ناڕازی بوون لەشێوەی ڕوخسارو ناهاوسەنگی ئەندامەکان و قەدوباڵای کورت یان بەرز ئەگەر لەگەڵ پێوەرەکانی جوانی نموونەییدا یەکیان نەگرتبێتەوە. سەبارەت بەلایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەکرێت بڵێین: جیاواز لە پێنج شەش ساڵی پێشتر، ژمارەی هاوڕێ و برادەر کەم دەبێتەوە بەڵام پەیوەندییان قوڵتر وگەرمتر دەگبێت و بیر لەهاوسەرگیری وخەسڵەتەکانی هاوسەری ئایندە دەکرێتەوەو بڕواو متمانە بەیەکتری زیاتر دەبێت وتێدەگەن هاوسەرگیری هەر بەتەنها سێکس نییە بەڵکو پەیوەندی نێوان ژن ومێرد، خۆشەویستی وبەخشندەی و ڕێزی هەمبەرە . لەنێوان کوڕو کچدا هاوڕێیەتی پەیدا دەبێت وکچان لەم لایەنەوە لەسەرخۆو هێمن ترن لەکوڕان. زۆرینەی هەردوو ڕەگەز سەرقاڵن بەخولیاو ئارەزووی وەک وەرزش ومۆسیقا و…تاد. ئەمە ڕەوشی هەرزەکاری دواکەوتوو یان خوێندکاری زانکۆیەو بەگشتی ئاوان. ناکرێت و کەس دڵنیا نییە لەوەی کە هەموو بەباشی سازاون چونکە جیاوازی تاکێتی نێوانیان، پلەو ئاستی گونجان ونەگونجانیان لەگەڵ گۆڕانکارییە دەروونی وکۆمەڵایەتییەکاندا دەست نیشان دەکات.

هاوڵاتی / ئه‌گه‌ر سه‌ر پێییانه‌ له‌ خوێندکارانی زانکۆکانی ئه‌مڕۆی کوردستان بڕوانین ئه‌وه‌ی به‌دی ده‌کرێت ، خوێندکاری ئه‌مڕۆ هێنده‌ سه‌رقاڵی جل وبه‌رگ و مۆدێلات وکلیپ و وێنه‌ و مۆبایل و … هتد-ن ، ئه‌وه‌نده‌ سه‌رقاڵی خۆپه‌روه‌رده‌کردن نین له‌ڕووی زانستیه‌وه‌ . تاچه‌ند ئه‌مه‌ ڕاسته‌ ؟
د.سابیر/ زۆر ئاسایی وسروشتییە خوێندکارێک کە لەسەرەتای قۆناغی هەرزەکاریدا بێت، سەرقاڵی مۆدەو مۆبایل و کلیپ و وێنەی ئەستێرەکانی بواری وەرزش وسینەماو هونەر و بابەتگەلێکی لەو چەشنە بێت. بۆ خوێندکاری زانکۆ گرنگی و بایەخی مۆدە و ڕادەی تەرخان کردنی کاتەکانی بۆ مەسەلانە، وردە وردە کەمتر دەبێتەوەو پێم وانییە لەو ڕووەوە خوێندکاری زانکۆکانمان لەگەڵ خوێندکاری ناوەندی و ئامادەییدا جیاوازییان نەبێت، یان لەنێو خۆیاشندا بەپێی ڕەگەزو تەمەن و شوێنی نیشتەجێ بوون و تەنانەت بەپَی کۆڵیژەکانیش، هەموویان وەکو یەک وابن. ئەم مەسەلەیە لەهەموو سەردەمێک و لەهەموو دنیادا هەروایە و هەروا بووە. هەردەم مۆدە بەخێرایی لەنێو هەرزەکاردا بڵاو بۆتەوەو بڵاو دەبێتەوە. زەمەنی سایکۆلۆژی ئەوان وەک گەورەو کامڵ و پیرەکان ڕابردوو نییە، ئەوان یادەوەری یان باگراوندو سامانێکی مەعنەوی ڕابردووی ئەوتۆیان نییە کە وابەستەبن پێیەوەو وشانازی پێوە بکەن، بۆیە بەخۆشی و زۆر بەخێرایی گوێڕایەڵ و هۆشڕایەڵی بەها ومۆدەو مۆدێلێکن کە نوێیەو تازەپەیدایە. ئەمە یەکێکە لەڕواڵەتەکانی ململانێی نەوەکان. ڕاستە ئەو خوێندکارانەی بایەخ بە زانست و مەعریفەت دەدەن ئەمڕۆ کەمینەن، بۆ ئەو زۆرینەیەی تر زانکۆ ناوەندێک نییە کە تیایدا حەزو ئارەزووەکانیان بێتەدی. لەسەردەمێکدا کە لەشکرێک دەرچووی زانکۆی بێکارت هەبێت، کە بڕوانامە لەدیدگای کۆمەڵگەوە سەنگی ڕاستەقینەی خۆی لێسەنرابێتەوە، کە پێگەی کۆمەڵایەتی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا، نزمتر بێت لەئاستی شایستەی خۆی، ئیتر بۆچی سەرزەنشتی ئەو خوێندکارە بکرێت کە خوێندنی نەکردۆتە ئامانجی سەرەکی خۆی و لەپێناویدا شەونوخونی وماندووبوونێک ناچێژێت.

هاوڵاتی / بەڕێزتان تا چەند ڕازین لەسیستمی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکاندا؟
د. سابیر / بۆ هەلومەرجی ئەمڕۆی پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردنی ئێمە، باشترین سیتسم بۆ وەرگرتنی خوێندکاری ئامادەیی لەزانکۆدا، قبوڵی مەرکەرییە واتا پشت بەستن بەنمرەو هیچی تر. بەبآ گۆڕانکاری جەوهەریی لەپڕۆسەی پەروەردەدا، تاکە بەدیلێک بۆ ئەم سیستمەی ئێستا هەر قبوڵی تایبەتە. قبوڵێک دوور لەهەموو بنەمایەکی زانستی و پەروەردەیی وتەنانەت مرۆڤایەتیش. مەبەستم لەقۆرغ کردنی هەموو ئەو بەش وکولێجانەیە کە ئایندەیان لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە بەرزو ڕۆشنەو، پێگەی دەرچووانیان زامنەو لەکۆمەڵگەدا بەڕێزەوە تەماشا دەکرێن بۆ ئەوانەی پڕۆسەی قبوڵکردنەکەیان بەدەستە یان بەپڕۆسەکە هەڵستن. قبوڵی تایبەت بەو مانایە نا کە خوێنکاری شیاو، بۆ بەش و کۆلێجی شیاو هەڵبژێردرێت. قبوڵی تایبەت بەو مانایەی کوێرانە، حەزو ئارەزووی خوێندکار بەهەند وەربگیرێت و نەزانرێت ئەو حەزو ئارەزووە ڕەسەنە یان ناڕەسەن و لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو خوێندکارانە زۆر دەگەمەنن کە حەزو ئارەزوویان لە کۆلێژە بەرزەکانی وەک پزیشکی نییە. ئەمەیە حەزو ئارەزووی ساختەو ناڕاستەقینە. قبوڵی تایبەتێک ئەگەر پەیڕەو کرا بەو مانایەی لەسەد نەوەدی بەشە زانستی و پسپۆڕییەکان دابخرێن یان ئەو خوێندکارانەی تێبکرێن کە ئەمڕۆ بەهۆی ئاستی زیرەکی و نمرە بەرزیانەوە لەکۆلێژە باڵاکانی وەک تەلارسازی و پزیشکی وەرگیراون و لەو قبوڵەدا بەخەونیش نەبنە خوێندکاری ئەو کولێژانەی ئێستایان. مەبەستم لەو قبوڵە تایبەتەیە کە پارەو دەسەڵات و سیاسەت و گەندەڵی کۆمەڵایەتی، بڕیاری وەرگرتنی خوێندکار دەدەن. ئەگەر بەوردی ڕەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکەمان بخوێنینەوە، تا مەودایەکی زەمەنی دوورخایەن و دەیان ساڵی تر، بەدیلی سیستمی قبوڵ مەرکەزی هەر ئەو قبوڵە تایبەتەیە کە ئاماژەیەی کورت و سەرپێیم بۆ ڕەهەندەکانی کرد. ئەم قسانە ئەوە ناگەیەنێت ئیدی لەسیستمی ئێستا باشتر نییەو نەبووە و هەردەبێت پێی ڕازی بین. بەڵام تا ئەم جێگەی پێی گەیشتووین، لایەنی پۆزەتیڤ لەم سیستمەدا زۆر زیاترە لەخراپییەکانی. کە ئومێدو ئیرادەی چاککردن و لاواز بێت با لەوە خراپتری نەکەین.
هاوڵاتی / لەم قۆناغە هەستیارەی تەمەن و لەناو دامەزراوەیەکی زانستی وەک زانکۆدا کە هەردوو ڕەگەزی نێر ومێ بۆ یه‌که‌م جار له‌ژێر یه‌ک ساباتی زانستیدا کۆ ده‌بنه‌وه‌ ، بێگومان له‌نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز یان یه‌ک ڕه‌گه‌زدا گرفت و کێشه‌ ڕووده‌دات ، ئایا له‌زانکۆ هیچ ده‌زگایه‌کی ڕێنماییکار هه‌یه‌ ، یان هیچ چالاکیه‌کی ڕۆشنبیری هه‌یه‌ له‌بابه‌تی خول و کۆڕ و سمینار بۆ زیاتر هۆشیارکردنه‌وه‌ی خوێندکاران ؟
د . سابیر / پێم وا نییە دەزگایەکی پەروەردەیی ودەروونی ڕێنماکار بەمانا فەرمییەکەی، بوونی هەبێت. ڕەنگە بوونیشی زەرورەتێکی بابەتی نەبێت بۆ تەواوی خوێندکاران، مەگەر بۆ ژمارەیەکی کەم نەبێت کە کێشەو گرفتی تایبەتییان هەیە. کێشە گشتییەکان زیاتر کارگێڕی و زانستین و کەمتر دەچنە خانەی دەروونییەوەو هەر لەبەر ئەوەشە لەشێوەی مانگرتن و دەوام نەکردندا، گەورە دەبن و دەتەقنەوە. کاردانەوەکە هەرچەند ڕەواش بێت، ناڕەوایە بکرێتە بیانو بۆ ئیفلیج کردنی پڕۆسەی خوێندن بەیەکجاری. مامۆستای زانکۆ کادری زانستی پسپۆڕو توێژەری ئەکادیمییە. ئەو بۆ ئەوە ئامادە نەکراوە ڕێنمایی دەروونی وکۆمەڵایەتی خوێندکاران بکات. ئەگەر بەکارێکی لەو جۆرەش هەستێت، بەسیفەتی ڕەسمی نایکات و بەئەرکی ڕاستەقینەی خۆی هەڵنەستاوە. کە ئەو ڕێنماییەش دەکات، مەرج نییە سەرکەوتوو بێت و لەوانەشە ئامانجی تری لەپشتەوە بێت، خوێندکاریش کە گوێڕایەڵیەتی و ڕێزی دەگرێت ئەمەیان ڕێزگرتنە لەتەمەن و ئەزموون و ڕیشە سپییەکەی و هیچی تر.

تێبینی / ئه‌م دیمانه‌یه‌ ڕۆژی یه‌ک شه‌ممه‌ 11 / 11 / 2007 له‌ژماره‌ 370 ی رۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا بڵاوبۆته‌وه‌

لەهاوپۆلی: چاوپێكه‌وتن

بۆچوونەکان


« سه‌نته‌ری ڕاوێژکاری خێزان … پێشنیارێک بۆ به‌رده‌م ئه‌و که‌سانه‌ی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئۆقیانووسێک له‌ تاوان ….. به‌شی سێیه‌م »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional