ئۆکتۆبه‌ر 25, 2007
دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ پسپۆری ده‌روونناسی کلینیکی دکتۆر ڕوشدی جاف
سازدانی توێژه‌ری ده‌روونی
سامان سیوه‌یلی
تێبینی / ئه‌م دیمانه‌یه بۆ ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی سازدراوه و به‌دووبه‌ش له هاوڵاتیدا بڵاوکرایه‌وه .
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێستا ئێمه‌ی مرۆڤ تیایدا ده‌ژین سه‌رده‌می دڵه‌ڕاوکێ و نائارامی و فشاره ده‌روونیه‌کانه ، هه‌ریه‌ک له‌ئێمه‌ی مرۆڤ به‌جۆرێک ڕوبه‌ڕوی ئه‌م جه‌نجاڵی و سه‌ختی و گیروگرفتانه‌ی ژیان ده‌بینه‌وه ، که‌سمان بێ باجدان ده‌رنه‌چوو‌ین و ده‌رناچین ، له‌ڕووی له‌ده‌ستدانی هاوسه‌نگی ده‌روونی و تووشبوون به په‌شێوی و نه‌خۆشیه ده‌روونی و سایکۆسۆماتیه‌کان ، به‌ڵام هۆشیاری له‌مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌م فشارانه‌دا ڕاده‌ی به‌رزی یان نزمی باجدانه‌که‌مان بۆ دیاری ده‌کات . بۆ قسه کردن له‌سه‌ر فشاره فشاره ده‌روونیه‌کان هاوڵاتی ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ پسپۆری ده‌روونناسی کلینیکی به‌ڕێز دکتۆر ڕوشدی جاف – دا سازکرد .
ڕوشدی جاف ، له‌دایک بووی 1967 ، بکالوریوس ده‌روونناسی ، کۆلیژی ئاداب ، زانکۆی به‌غدا ، 1989/ ماسته‌ر ده‌روونناسی ، کۆلیژی ئاداب ، زانکۆی موسته‌نسریه ، 1993/ دکتۆرا ده‌روونناسی کلینیکی ، کۆلیژی ئاداب ، زانکۆی به‌غدا ، 1998/ به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌ڵبه‌ندی ڕێگاکانی وانه وتنه‌وه بووه له زانکۆی موسته‌نسریه ( 2000-2006 ) ، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی ڕاوێژکاریه په‌روه‌رده‌ییه‌کان بووه له زانکۆی موسته‌نسریه ( 2000-2004 ) ، سه‌رۆکی به‌شی زانسته په‌روه‌رده‌یی و ده‌روونیه‌کان بووه له کۆلیژی په‌روه‌رده‌ی زانکۆی موسته‌نسریه ( 2003-2004 ) ، ڕاگری کۆلیژی په‌روه‌رده بووه له زانکۆی موسته‌نسریه ( 2004-2006 ) ، ئێستا مامۆستای زانکۆیه له کۆلیژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی ، به‌شی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ، زانکۆی سلێمانی .
هاوڵاتی : دکتۆر سه‌ره‌تا ده‌پرسین مه‌به‌ست له فشاره ده‌روونیه‌کان چیه ؟
د .ڕوشدی : مرۆڤ له‌ژیانی ڕۆژانه‌یدا ڕوبه‌ڕوی جۆره‌ها فشاری ده‌روونی ده‌بێته‌وه ، که بریتیه له کۆمه‌ڵێک ڕوداو و ورووژێنه‌ر که له‌سه‌روو تواناکانی مرۆڤه‌یه‌وه زاڵ بێت به‌سه‌ریاندا ، یاخود ئه‌و گرفت و سه‌ختیانه‌یه که‌وا له‌تاک ده‌کات بکه‌وێته ڕه‌وشێکی نائاساییه‌وه ئه‌مه‌ش ده‌بێته مایه‌ی تێکچوون و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ری و ناتوانێت زاڵ بێت به‌سه‌ریاندا. ئه‌وه‌ی شایانی ئاماژه بۆکردنه وشه‌ی ( stress ) له‌لاتینه‌وه وه‌رگیراوه و له کۆندا بۆ ئاماژه به توندی و تێکچوون و خه‌فه‌ت و ئازار به‌کارهێنراوه ، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا ئه‌م زاراوه‌یه له بابه‌ته‌کانی فیزیا و ئه‌ندازه‌دا به‌کارهاتووه ، پاشان خۆی خزانه ناو بواری ده‌روونناسیه‌وه . ده‌کرێت دوو جۆر له فشاره‌کان دیاری بکه‌ین . یه‌که‌م : فشاره نه‌رێنیه‌کان ، ئه‌وانه‌ی ده‌بنه هۆی خه‌م و دڵته‌نگی وه‌ک ڕووداو و ئه‌زموونه ناشاده‌کان . دووه‌م : فشاره ئه‌رێنیه‌کان ، ئه‌وانه‌ی ده‌بنه هۆی حاڵه‌تی هه‌ڵچوونی شاد وه‌ک هه‌ستکردن به خۆشی و شادی و چێژ .
فشاره ده‌روونیه نه‌رێنیه‌کان دابه‌ش ده‌کرێن بۆ چوار پۆل : 1- ڕووداوه کت‌وپڕ و تونده‌کان وه‌ک مه‌ترسیه سروشتیه‌کان و جه‌نگ . 2- ڕووداوه ژیانیه فشارهێنه‌کان وه‌ک تووشبوون به نه‌خۆشیه مه‌ترسیداره‌کان . 3- کێشه خێزانی و ڕۆژانه‌ییه‌کان وه‌ک مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ قه‌ره‌باڵغی و هاتوچۆی ڕۆژانه . 4- زیاد ووریابوون و ئاگایی به‌هۆی هۆکاره‌کانی ژینگه بۆ نموونه ژاوه‌ژاو . هه‌ندێک جار زاراوه‌ی ته‌نگژه له‌به‌رامبه‌ر زاراوه‌ی فشار به‌کار ده‌هێنرێت ، ته‌نگژه ته‌نها لایه‌نی کێشه و ئێش و ئازار ده‌گرێته‌وه به‌ڵام فشاری ده‌روونی وێڕای ئه‌مانه لایه‌نی شادیش ده‌گرێته‌وه بۆیه چه‌مکی فشاری ده‌روونی گشتگر تر و له‌بارتره .
هاوڵاتی : ئایا فشاری ئابوری ، سۆزداری ، سێکسی ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، په‌روه‌رده‌یی ، سیاسی . تێکڕا ئه‌مانه نابنه هۆی دروست بوونی فشاری ده‌روونی ؟
د. ڕوشدی : شکست خواردن و ئه‌و کێشه ده‌روونیانه‌ی که تاک تووشیان ده‌بێت له‌و بوارانه‌ی به‌ڕێزتان ئاماژه‌تان پێدان ، له‌وانه‌یه تاک بۆ ماوه‌یه‌کی کورت به‌رگه‌ی بگرێت بێ ئه‌وه‌ی تووشی زیانێکی به‌رچاو ببێت ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر درێژخایه‌ن و به‌رده‌وام بن ئه‌وا چالاکی و ڕۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی تاکه‌که په‌ک ده‌خات و کاریگه‌ری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر ته‌ندروستی ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌که‌ی .
هاوڵاتی : به‌ڕێزتان پێتان وا نیه له‌ڕۆژگارێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا فشاره ده‌روونیه‌کان زیاتر بوون و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه ماندووتر بن له‌ڕووی ده‌روونیه‌وه ، له‌چاو چه‌ند ساڵێک پێش ئێستا ؟
د. ڕوشدی : ئاشکرایه کۆمه‌ڵگه‌کانی ئه‌مڕۆ زیاتر ئالۆزترن له‌چاو کۆمه‌ڵگه‌کانی دوێنێدا ، ئه‌م ئالۆزیه‌ش که سه‌رجه‌م بواره‌کانی ژیانی گرتۆته‌وه بارێکی هه‌ستیاری و زیادبوون له ئاستی وروژێنه‌ره‌کاندا ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر تاکدا به‌مه‌ش فشاره ده‌روونیه‌کان زیاد ده‌کات . ده‌رئه‌نجام تاکه‌کان سه‌پێنراوانه وایان لێدێت که به‌هه‌ڵبژاردن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕووداوه فشارهێنه‌کانی ژیاندا بکه‌ن ، ڕوو له‌هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی ورووژاندن ناکه‌ن به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ، ئاگاییه‌کی که‌میش ئه‌ده‌نه هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی تر . یاخود به‌پێی گرنگی سه‌رچاوه‌که ڕیز به‌ندیان ده‌که‌ن . ئه‌م وه‌ڵامدانه‌وانه زۆر گرنگه ئه‌گه‌ر تاک بیه‌وێت خۆی دوور بخاته‌وه له‌و ئازاره ده‌روونیانه‌ی ده‌رئه‌نجامی زیاد بوونی فشاره‌کانه .
هاوڵاتی : کرانه‌وه‌ی بازاڕه‌کانی کوردستان به‌ڕووی کاڵا و به‌رهه‌مه ته‌کنۆلۆژیه جۆراوجۆره‌کاندا ، چ کاریگه‌ریه‌کی بووه له‌سه‌ر باری ده‌روونی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا ، له‌کاتێکدا داهاتی تاک له‌م وڵاته‌دا له‌ئاستێکی نزمدایه ؟
د. ڕوشدی : کرانه‌وه‌ی بازاڕه‌کان چه‌ندین که‌ڵکی هه‌یه ، بۆ نموونه تۆ به‌رهه‌مه ته‌کنۆلۆژیا نوێکانت تیا ده‌ست ده‌که‌وێت که زۆرێک له هه‌ندێک له بارگرانی و لێپرسراوێتی ژیانی ڕۆژانه‌مان له‌سه‌ر شان سووک ده‌کات . به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا لایه‌نی خراپی و نه‌رێنیشی زۆره که گرنگترینیان ئه‌و حاڵه‌تی شکست خواردنه‌یه که له‌ئه‌نجامی نه‌توانینی هه‌بوون یان کڕینی ئه‌و کاڵا و به‌رهه‌مانه‌وه ده‌خوڵقێت . واته ئاره‌زووی هه‌بوون و بێتوانایی له کڕیندا . ئه‌مه‌ش تاک وا لێده‌کات بکه‌وێته ژێر ڕه‌حمه‌تی کێشمه‌کێش و ته‌نگژه ده‌روونیه‌کان که بێگومان کارده‌کاته سه‌ر باره ده‌روونیه‌که‌ی .
هاوڵاتی : دکتۆر ده‌مانه‌وێت بزانین چ په‌یوه‌ندیه‌ک هه‌یه له‌نێوان فشاره ده‌روونیه‌کان و نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌کاندا ؟
د. ڕوشدی : به‌ڵێ ، نه‌خۆشی ده‌روونی تێکچوونێکی کاتی نیه ، یاخود هه‌ڵچوونێکی کت‌وپڕ نیه زاڵ بێت به‌سه‌ر تاکدا و تێپه‌ڕێت . به‌ڵکو ئه‌و زیانه‌یه به ته‌ندروستی ده‌روونیانه‌ی تاک ده‌گات که له‌فۆرمی سازاندنێکی نائاساییانه‌ی به‌رده‌وامدا ده‌رده‌که‌وێت له‌گه‌ڵ خودی خۆی و له‌گه‌ڵ ژینگه‌که‌ی . له‌به‌رئه‌وه‌ی تاکه‌کان جیاوازن له توانای به‌رگه‌گرتنیان بۆ کێشمه‌کێش و فشاره‌کانی سه‌ریان ، له‌به‌رئه‌وه که‌سانێک هه‌ن که تووشی تێکچوونی ده‌روونی ده‌بن ئه‌ویش به‌هۆی که‌می شاره‌زایی و خراپی شێوازی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێسته فشارهێنه‌کاندا ، یان له‌ئه‌نجامی توندی و به‌رده‌وامی ئه‌و فشارانه‌ی له‌سه‌ریانه .
هاوڵاتی : ئه‌ی په‌یوه‌ندی فشاره ده‌روونیه‌کان به نه‌خۆشیه جه‌سته‌ییه‌کانه‌وه چۆنه ؟
د. ڕوشدی : ده‌کرێت وه‌ڵامدانه‌وه‌ی جه‌سته بۆ فشاره ده‌روونیه‌کان له سێ قۆناغدا ڕیزبه‌ند بکه‌ین ، یه‌که‌م : قۆناغی ئاگادارکردنه‌وه‌ی گشتی و وروژان ، لێره‌دا ده‌کرێت وروژانه فسیۆلۆژیه‌کان بپێوین له‌ڕێی لێدانی دڵ و تێکڕای هه‌ناسه‌دان و فشاری خوێن و ڕێکردنی پێست و کرژبوونی ماسولکه‌کان . دووه‌م : قۆناغی ماندووبوون و خه‌مۆکێ و ئه‌گه‌ری نه‌خۆشی . سێیه‌م : قۆناغی شه‌که‌ت بوونی ته‌واو . هه‌ربۆیه فشاره ده‌روونیه‌کان ده‌کرێت ببنه هۆی نه‌خۆشی جه‌سته‌ییه جۆراوجۆره‌کان هه‌ر له به‌رزی فشار خوێنه‌وه تا ده‌گاته نۆره‌ی دڵ ( السکته القلبیه ) . فشاره‌کان ته‌نانه‌ت به‌شداری ده‌که‌ن له‌و نه‌خۆشیانه‌ی که توانای ته‌نینه‌وه‌یان هه‌یه وه‌ک هه‌ڵامه‌ت و ئه‌نفلۆنزا و .. هتد ، وه ڕه‌نگه فشاره‌کان ڕاسته‌وخۆ ببنه هۆی ئه‌م نه‌خۆشیانه چونکه کار ده‌که‌نه سه‌ر کۆئه‌ندامی به‌رگری .
هاوڵاتی : له‌نێو قۆناغه‌کانی ته‌مه‌ندا کام قۆناغ زیاتر هه‌ستیارتره بۆ فشاره ده‌روونیه‌کان ؟
د. ڕوشدی : له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ریه‌که له قۆناغه‌کانی ته‌مه‌نی مرۆڤ تایبه‌تمه‌ندی و پێداویستی خۆی هه‌یه ، بۆیه کێشمه‌کێش و فشاره ده‌روونیه‌کانیش به‌پێی ئه‌وان جیاواز ده‌بن له‌ڕووی پله و جۆره‌وه . وه ئاشکرایه که فشاره ده‌روونیه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی پشت به چۆنێتی هه‌ست پێکردنی تاک ده‌به‌ستێت بۆ هه‌ڵوێسته فشارهێنه‌کان ، ئه‌م ده‌رک پێکردنه‌ش له قۆناغێکی ته‌مه‌نه‌وه بۆ قۆناغێکی تر جیاوازه به‌هۆی جیاوازی له پێگه‌یینی ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی گه‌شه و ئاستی خوێندن . هه‌ربۆیه قۆناغی گه‌وره‌یی ( الرشد ) له‌هه‌موو قۆناغه‌کانی تری ته‌مه‌ن هه‌ست به فشاره ده‌روونیه‌کان ده‌که‌ن و هه‌ستیارتر ده‌بن به‌رامبه‌ری .
هاوڵاتی : ئه‌ی جیاوازی ڕه‌گه‌ز چ ڕۆڵێکی ده‌بێت ، نێر یان مێ زیاتر هه‌ستیارترن به‌رامبه‌ر به فشاره ده‌روونیه‌کان ؟
د. ڕوشدی : توێژینه‌وه ده‌روونیه‌کان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن که مێ زیاتر هه‌ست به فشاره‌کان ده‌کات له‌چاو نێردا و زیاتر هه‌ڵچوونه‌کانیان ده‌رده‌بڕن ، هه‌ندێ جار وا له هه‌ڵچوونه‌کان ده‌کات که تاو بستێنێ و ئه‌زموونه‌که وا لێبکات خراپ تر به‌رجه‌سته بێت . به‌ڵام نێر زیاتر ئه‌گه‌ری دوورخسته‌وه‌ی سه‌ختی و فشاره‌کانی هه‌یه و خۆیان سه‌رقاڵی شتی تر ده‌که‌ن بۆ دوورخستنه‌وه‌ی کێشه‌کانی له مێشکی . هه‌روه‌ها مێ ئاره‌زووی کارلێکردنی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئازاردا خێراتر له‌چاو نێردا .
هاوڵاتی : به‌ڕێزتان پێتان وانیه که فشاره ده‌روونیه‌کان وه‌ک فاکته‌رێکی کارا له‌پشت کۆچی به‌شێکی زۆر له گه‌نجانی کوردستانه‌وه‌یه ؟
د. ڕوشدی : ئه‌و ڕێگایانه‌ی ده‌یانگرینه به‌ر له چاره‌سه‌ری ئه‌و گیروگرفت و سه‌ختیانه‌ی تووشمان دێن ، به‌شێوه‌یه‌کی تر شێوازه‌کانی مامه‌ڵه‌کردنمان له‌گه‌ڵ فشاره ده‌روونیه‌کاندا به‌پله‌یه‌کی به‌رز به‌نده له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی که‌سێتیمان که شاره‌زایی و زانیاریه‌کانی پێشوومان ڕۆڵیکی سه‌ره‌کی ده‌گێڕێت تیایدا . زانایانی ده‌روونناسی کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌زموونه‌کانی سه‌رده‌می مناڵی کاریگه‌ریه‌کی زۆری هه‌یه له زیادبوونی توانای تاکدا بۆ به‌رگه‌گرتنی هه‌موو ئه‌و شکست و کێشمه‌کێش و ڕووداوه فشارهێنانه‌ی تووشیان دێت ، پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش ڕاسته . چه‌مکی خودی پۆزه‌تیف که له‌ئه‌نجامی شێوازی په‌روه‌رده‌یی دروست له‌لایه‌ن دایک و باوکانه‌وه لای مناڵ دروست ده‌بێت تا ئاستێکی به‌رز ده‌توانێت توانای به‌رگه‌گرتن زیاد بکات بۆ هه‌ڵوێسته فشارهێنه‌کان . هه‌ربۆیه ده‌بینین هه‌ندێ که‌س به ئه‌رێنی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ فشاره‌کاندا ده‌کات له‌ڕێگه‌ی گۆڕین و سازاندنی ڕه‌فتاره‌کانی . که‌سانێکی تر به نه‌رێنی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن له‌ڕێگه‌ی جۆره‌ها ڕه‌فتار هه‌ر له گۆشه‌گیری و خۆدابڕان له ده‌وروبه‌ره تا کۆچ به‌ره‌و وڵاتانی تر هه‌تا ده‌گاته خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ته‌واو له‌ڕێگه‌ی هه‌وڵدانی خۆکوشتن .
هاوڵاتی : دوا پرسیارمان ، دکتۆر ، بۆ ئه‌وه‌ی فشاره‌ده‌روونیه‌کان که‌مترین زیان به‌ته‌ندروستی ده‌روونی و جه‌سته‌ییمان بگه‌یه‌نێت . مرۆڤ چۆن بتوانێت خۆی بسازێنێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو فشاره‌ی ڕوبه‌ڕو ده‌بێته‌وه ؟ ڕێنمایی به‌ڕێزتان له‌م باره‌یه‌وه .
د. ڕوشدی : بۆ ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌کی گونجاو بکه‌ین له‌گه‌ڵ فشاره ده‌روونیه‌کان ده‌بێت :
1- پاراستنی هێمنی و جێگیری ده‌روونی له‌کاتی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی فشاردا . 2- ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌کانی فشاره‌که تاووتوێ بکرێت و گرنگی هه‌ر لایه‌نه و ڕۆڵی له تێپه‌ڕاندنی فشاره‌که هه‌ڵبسانگێنرێت . 3- ده‌بێت تاک توانسته ڕاسته‌قینه‌کانی خۆی له‌به‌رچاو بگرێت بێئه‌وه‌ی خۆی بخه‌ڵه‌تێنێت به‌که‌مڕاگرتنی توانسته‌کانی یان به‌زێده‌ڕۆیی کردن تیایدا . 4- ئه‌گه‌ر تاک خۆی بینیه‌وه له‌به‌رده‌م چه‌ند چاره‌سه‌رێکدا بۆ هه‌ڵوێسته فشارهێنه‌ره‌که ده‌بێت ئه‌وه‌یان هه‌ڵبژێرێت که پێداویستی و ئامانجه‌کانی تێر ده‌کات بێئه‌وه‌ی زیان به‌که‌سانی تر بگه‌یه‌نێت و پێچه‌وانه‌ی دابونه‌ریت و پێوه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه بێت .
له‌کۆتاییدا ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌توانن کۆمه‌ک و پشتگیری له که‌سانی تر وه‌ربگرن سه‌رکه‌وتووتر ئه‌بن له ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی فشاره جۆراوجۆره‌کاندا ، ئه‌مه‌ش ڕۆڵی په‌یوه‌ندیه خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان دووپات ده‌کاته‌وه له‌که‌مکردنه‌وه‌ی ئازاره‌کانی تاکدا و به‌شێوازێکی سه‌رکه‌وتوو داده‌نرێت بۆ مامه‌ڵه کردن له‌گه‌ڵ فشار و که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ریه نه‌رێنیه‌کانی .
هاوڵاتی : له‌کۆتاییدا سوپاس بۆ ئێوه دکتۆر .
د. ڕوشدی : بۆ ئێوه‌ش ، هیوای سه‌رکه‌وتنتان بۆ ئه‌خوازم .
لەهاوپۆلی: چاوپێكه‌وتن
« قۆناغی به‌ساڵاچوون | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئه‌ده‌ب و خه‌یاڵی مناڵ »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
