ته‌مموز 6, 2009
دیداری ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی له‌گه‌ڵ خاتوو گێلاس عه‌بدوڵا
سازدانی : ئازاد جه‌لال
گێلاس عه‌بدوڵاـ پسپۆڕری بواری په‌روه‌رده‌و ده‌روونزانی، زانكۆی سلێمانی باس له دیارده‌ی توندوتیژی ده‌كات، له‌و سۆنگه‌یه‌وه ده‌رهاویشته ده‌روونی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی توندوتیژی نێو خێزانی كوردی ڕوونده‌كاته‌وه،ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵه‌ش ڕاستده‌كاته‌وه كه پێی وایه زله‌و دار كاریگه‌ری هه‌یه بۆ په‌رووه‌رده،له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت “زله‌و دار ئه‌زانێت منداڵ بكات به كه‌سێكی باش، نازانن ئه‌و رێگه‌یه منداڵه‌كه فێری گوێرایه‌ڵێكی كوێرانه ده‌كات و ترسنۆك و شه‌رمن ده‌بێت گیانی لێبورده‌ی وداهێنان ده‌كوژێت له‌بری ئه‌وه گیانی رق و كینه‌و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه گه‌شه ده‌كات”.
هاوڵاتی: توندوتیژی چییه؟
گێلاس عه‌بدوڵا: توند‌و تیژی هه‌ر كردارێك له‌سه‌ر ره‌فتارێكی شه‌ره‌نگێزی دروست بێت ئازاردان و ئه‌ندێشه‌و بێبه‌ش بوونی ده‌روونی له سه‌ربه‌ستی لێبكه‌وێته‌وه . توندوتیژی دیارده‌یه‌كی تاك ره‌ویه یان كۆمه‌ڵایه‌تییه، ده‌ربرینه له‌و كه‌م و كوڕیانه‌ی كه له ژیانی تاكدا هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی ده‌روونی‌و ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی یه‌وه ، ئه‌م كه‌موو كورییانه ده‌بنه هۆی به‌كارهێنانی توندوتیژی ، ده‌گاته ئه‌و بروایه‌ی كه هه‌ڵبژاردنی توندوتیژی و هێز هه‌موو داواكاریه‌كانی بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، هه‌موو ئامانجه‌كانی به‌دیده‌هێنێت . به‌ڵام له راستیدا به‌كارهێنانی توندوتیژی و هێز ده‌بنه هۆی تێكدانی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه له‌سه‌ر ئاستی وڵاتیش ده‌بێته هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆژه‌كانی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی .
هاوڵاتی: توند‌و تیژی له ڕووی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌وه چییه؟
گێلاس عه‌بدوڵا: توندوتیژی به شێوه‌یه‌كی گشتی یه‌كێكه له‌و دیاردانه‌ی كه پێویسته سه‌رنجی ده‌سه‌ڵاتداران رابكێشێت ، پێویست به هه‌ڵوێسته ده‌كات له به‌رامبه‌ر ئه‌م دیارده‌یه، زاناكانی ده‌روونناسی هه‌وڵیان داوه له‌رووی ده‌روونییه‌وه دیراسه‌ی ئه‌م دیارده‌یه بكه‌ن كه توندوتیژی ره‌فتارێكی شه‌ره‌نگێزی یه پاڵنه‌ری ده‌روونی هه‌یه، وه‌ك توره‌بوون و هه‌ڵچوون، هه‌موو ئه‌و پاڵه په‌ستۆ ده‌روونییانه‌ی كه رووبه‌رووی تاك ده‌بێته‌وه له ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یدا ، مرۆڤ به‌رده‌وام رووبه‌رووی توندوتیژی ده‌بێته‌وه، یان ئه‌گه‌ر له ژینگه‌یه‌كدا ژیا توندوتیژی تیا په‌یره‌و كرا ئه‌وا ئاماده‌باشی ده‌بێت كه ره‌فتاری توندوتیژی په‌یره‌وبكات . له‌رووی ده‌روونی یه‌وه سێ تیۆر راڤه‌ی ره‌فتاری توندوتیژیان كردووه :
یه‌كه‌م : تیۆری شیكاری ده‌روونی (فروید ) ده‌ڵێت: توندوتیژی غه‌ریزیه‌و مرۆڤ به سروشت شه‌ره‌نگێزه .
دووه‌م : تیۆری فێربوونی كۆمه‌ڵایه‌تی، جه‌خت ده‌كاته سه‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ره‌نگێزی ره‌فتارێكی وه‌رگیراوه .
سێهه‌م : له نێوان هه‌ردوو تیۆری غه‌ریزی و فێربووندا توندوتیژی به‌وه وه‌سف ده‌كات كه وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی غه‌ریزییه له‌ئه‌نجامی هه‌ستكردن به‌شكست ئه‌م هه‌سته‌ش له ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌وه وه‌رگیراوه .
توندوتیژی دیارده‌یه‌كه له سێ ره‌گه‌ز پێك هاتووه :
یه‌كه‌م / په‌یوه‌سته به جیهانی بیروباوه‌ر ( الافكار) .
دووه‌م / په‌یوه‌سته به ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه .
سێهه‌م / په‌یوه‌سته به ڕه‌فتاره دیاره‌كانی مرۆڤ .
جیهانی بیروباوه‌ر ره‌گه‌زه شاراوه‌كه‌ی توندوتیژییه، رۆڵی كاریگه‌ر ده‌بینێت له دروستكردنی قه‌ناعه‌تكردن و پێدانی ره‌وایه‌تی به‌م جۆره ره‌فتاره . له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌توانیین بڵێین كه توندوتیژی دیارده‌یه‌كی فكرییه له شێوه‌ی چالاكییه‌كی ره‌فتاری به به‌كارهێنانی هێز به‌ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م هێزه‌ش ده‌بێت به لایه‌نی ده‌ره‌كی دیارده‌كه . كه‌واته ئه‌فكاره‌كان ده‌بنه ده‌ربرینی لایه‌نی ناوه‌كی دیارده‌ی توندوتیژی، ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به پێكهاته‌و سروشتیه‌وه به‌شدار ده‌بێت له
له دایك بوونی پاڵنه‌رو جوڵێنه‌ره هه‌ستیه‌كان ، بیروراكان به ته‌نها كاریگه‌ر نابن وه ناگۆرێن بۆ دیارده‌یه‌كی ره‌فتاری ئه‌گه‌ر پاڵنه‌رێك یان پاساوێك نه‌بێت له ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌وه . توندوتیژی دیارده‌یه‌كی سروشتی و په‌سه‌ند نییه ،له‌به‌رئه‌وه پێویستی به‌به‌هانه هێنانه‌وه هه‌یه و به‌وه‌ی ره‌وای پێبدات ، وه ره‌فتاری شه‌ره‌نگێزیش به پێی سروشتی بیروباوه‌رو سروشتی ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه ده‌گۆرێت.
هاوڵاتی: توند‌و تیژی خێزانی له نێو كۆمه‌ڵی كوردی دا به‌رێژه‌یه‌ك هه‌یه ، هۆی ئه‌مه چییه؟
گێلاس عه‌بدوڵا: توندوتیژی خێزانی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا له‌مێژه‌وه بوونی هه‌یه ، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ كۆمه‌ڵێك هۆكار له‌وانه: ژینگه‌ی تاكی كورد ژینگه‌یه‌كی له‌باربووه بۆ پیاده‌كردنی ره‌فتاری توندوتیژی چ له رووی سیاسییه‌وه هه‌میشه نائارامی و جه‌نگه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی ناو كوردستان و كه به‌رده‌وام تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه رووبه‌رووی ته‌نگه‌ژه‌ی ده‌روونیی بۆته‌وه له ترس‌و دڵه‌راوكێ دا ژیاوه‌و هه‌رهه‌موو ئه‌مانه ئاسه‌واریان له نه‌ستیدا ده‌بێت و كاریگه‌ریان له هه‌ڵس وكه‌وتی تاكدا ره‌نگده‌داته‌وه، هه‌روه‌ها له رووی په‌روه‌رده‌ی خێزانیه‌وه كه‌می هوشیاری خێزانه‌كان به زیانه‌كانی به‌كارهێنانی توندوتیژی له په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانیاندا له‌رووی جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌وه ، تائێستا بڕوابونێكی نادروست هه‌یه
كه توندوتیژی به‌شێكه له‌په‌روه‌رده به‌تایبه‌تی هه‌ندێك له باوكان ده‌ڵێن: زله‌و دار ئه‌زانێت منداڵ بكات به كه‌سێكی باش، نازانن ئه‌و رێگه‌یه منداڵه‌كه فێری گوێرایه‌ڵێكی كوێرانه ده‌كات و ترسنۆك و شه‌رمن ده‌بێت گیانی لێبورده‌ی وداهێنان ده‌كوژێت له‌بری ئه‌وه گیانی رق و كینه‌و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه گه‌شه ده‌كات.
وه ئه‌و دایك و باوكانه‌ی توندوتیژی به‌كارده‌هێنن خۆیان په‌روه‌رده‌ی خێزانێكی توندوتیژن واته تاكی كورد دووباربووه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی پێش خۆیه‌تی له بیركردنه‌وه‌و تێروانینی بۆ لایه‌نه‌كانی ژیان .
هاوڵاتی: جنێو و قسه‌ی ناشرین له‌به‌رچاوی منداڵدا كاریگه‌ریی چییه له‌سه‌ر منداڵ؟
گێلاس عه‌بدوڵا: بێگومان كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپ له ده‌روونی منداڵدا دروست ده‌كات ، چونكه دایك و باوك نموونه‌ی باڵای به‌رچاوی منداڵن، واته له‌وانه‌وه فێری هه‌ڵس وكه‌وت و داب و نه‌ریتی ناو خێزان ده‌بێت، كاتێك ئه‌و نموونه باڵایه لاواز ده‌بێت له رووی هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌كردندا ده‌بێته هۆكارێك بۆ رێزنه‌گرتنی دایك و باوك له لایه‌ن منداڵه‌كه‌وه، وه ده‌بێته هۆی دروست بوونی گرژی و توره‌بوون و دڵه‌راوكێ زۆرجار ده‌بێته هۆی منداڵه‌كه گۆشه‌گیر بێت واته بێ ده‌سه‌ڵات ده‌بێت به‌رامبه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی ناوخێزان و گۆشه‌گیری و بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرێت، یان ره‌فتاری شه‌ره‌نگێزی ده‌گرێته به‌ر . زاناكانی بواری په‌روه‌رده جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه له‌وه‌ی گیروگرفته ره‌وشتیه‌كانی رووبه‌رووی منداڵ ده‌بێته‌وه زۆر جار له‌و خێزانانه‌دایه كه گرژی و نه‌گونجاندنی تیا به‌رده‌وامه، زاناكان له ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كانیاندا گه‌یشتنه ئه‌و بروایه‌ی كه ململانێ و گیروگرفتی نێوان دایك و باوك كاریگه‌ریه‌كانی زۆر زیاتره له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی منداڵ له جیابوونه‌وه‌و ته‌ڵاق دان
وه‌ك ده‌زانین پرۆسه‌ی هاوسه‌ری ئه‌و په‌یوه‌ندییه كه‌ژن و پیاو كۆده‌كاته‌وه بۆ دروستكردنی خێزان، بنه‌مایه‌كی یاسایی و ئاینی هه‌یه له كۆمه‌ڵگه‌دا ، وه چوارچێوه‌یه‌كی شه‌رعیه بۆ په‌یوه‌ندییه سێكسیه‌كان ، زۆر جار كێشه سه‌ره‌كیه‌كانی خێزانی كۆمه‌ڵگه ر ۆژهه‌ڵاتیه‌كان به گشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به تایبه‌تی له په‌یوه‌ندییه سێكسیه‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت ،له رووی بایۆلۆژیه‌وه ژن و پیاو هه‌مان غه‌ریزه‌ی سێكسیان هه‌یه‌و به‌ڵام ئه‌وه كۆمه‌ڵگه‌و كه‌لتوره وایان كردووه ژن خه‌فه‌ی بكات وتووشی ساردی سێكسی ببێت ده‌بێته هۆی له‌ژیانی هاوسه‌ریدا كێشه‌ی بۆ دروستبكات زۆر كات بێ ویست و ئاماده‌یی ده‌روونی ژنه‌كه پیاده ده‌كرێت.
به‌كارهێنانی توندوتیژی كه قسه‌ی ناشیرین وسوكایه‌تی پێكردن له خۆده‌گرێت ، له رووی ده‌روونییه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ كه‌سێتی كه‌سه‌كه‌و ئاستی رۆشنبیری ونه‌بوونی هوشیاری به سایكۆلۆژیه‌تی ژن كه ژنان زیاتر حه‌ز به دڵنیایی و خۆشه‌ویستی و گرنگی پێدانی به‌رامبه‌ره‌كه‌یان ده‌كه‌ن ، خۆپه‌رستی پیاوان خاڵێكی تری بابه‌ته‌كه‌یه كه ئه‌و خۆپه‌رستیه واده‌كات ته‌نها بیر له چێژ‌و خۆشی خۆی بكاته‌وه‌و بێ گوێ دانه لایه‌نی ده‌روونی و ماندووبونی جه‌سته‌یی هاوسه‌ره‌كه‌ی ، وه ره‌چاونه‌كردنی هیچ پره‌نسیپێكی سایكۆلۆجی وه‌ك گۆرینه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی و ووشه‌ی ناسك .
هاوڵاتی: ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌م جۆره توندوتیژییانه له‌سه‌ر ژن چین؟
گێلاس عه‌بدوڵا: ژن بونه‌وه‌رێكی هه‌ست ناسكه و له پیاو زیاتر رۆمانسی تره پێویستی به خۆشه‌ویستی و گرنگی پێدانی به‌رامبه‌ره‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام كاتێك له بری ئه‌مانه ره‌فتاری توند‌و شه‌ره‌نگێزی به‌رامبه‌ر به‌كاربهێنرێت به‌تایبه‌تی له په‌یوه‌ندی سێكسی دا ئه‌وا كاردانه‌وه‌یه‌كی زۆر خراپ دروست ده‌كات له ده‌روونیداده‌بێته دروست بوونی ساردی سێكسی وه هه‌ست نه‌كردن به خۆشی و چێژ وه‌رنه‌گرتن ، ده‌بێته مایه‌ی ئازاری جه‌سته‌یی و ده‌روونی، هه‌ستكردن به كه‌می و دیدو تێروانینی بۆ خودی خۆی تێروانینێكی نێگه‌تیفانه ده‌بێت خۆی به كه‌سێكی لاواز ده‌بینێت ، هه‌ست ده‌كات له ئاست داواكاری هاوسه‌ره‌كه‌ی دا نییه، ئه‌مه‌ش بۆخۆی ده‌یخاته بارێكی ده‌روونی خراپه‌وه وه‌ك دروستبوونی ته‌نگه‌ژه‌و دڵه‌راوكێ‌و ترس ، ترس له تێكچوونی شیرازه‌ی خێزانه‌كه‌ی ، ده‌رئه‌نجام ده‌ركه‌وتنی نه‌خۆشیه سایكۆسۆماتیه‌كان ( ده‌روونییه جه‌سته‌ییه‌كان ).
لەهاوپۆلی: چاوپێكه‌وتن هیچ بۆچوونێک نییە »
« کچان و بچوککردنه‌وه‌ی ته‌مه‌ن | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | دیمانه‌ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی له‌گه‌ڵ پسپۆری نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کان به‌ڕێز د . ڕێدار محه‌مه‌د ئه‌مین »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
