حوزه‌یران 27, 2009
دیمانه‌ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز لوقمان سیوه‌یلی
سازدانی: ئازاد جه‌لال
لوقمان سیوه‌یلی ـ خوێندكاری ماسته‌ر له بواری ده‌رمان‌و مادده هۆشبه‌ره‌كان له به‌شی كۆمه‌ڵناسی زانكۆی سلێمانی بۆ هاوڵاتی:
” ئه‌گه‌ر له سلێمانی50 كه‌سی ئالووده‌بوومان هه‌بوو له‌زینداندا، واتای ئه‌وه‌یه كه 450 كه‌سی تریش له‌ده‌ره‌وه‌ی زیندان هه‌یه”.
لوقمان سیوه‌یلی ـ خوێندكاری ماسته‌ر له بواری ده‌رمان‌و مادده هۆشبه‌ره‌كان له زانكۆی سلێمانی، ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵناسیی بۆ كێشانی مادده‌ی هۆشبه‌ر راڤه ده‌كات، پێی وایه كه كێشانی ماده‌ی هۆشبه‌ر له كوردستان دیارده‌یه‌و هێشتا نه‌بوه‌ته قه‌یران‌و دواتریش كاره‌سات، هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه ده‌دات كه كۆمه‌ڵناسی سه‌یری ئالووده‌بوان ده‌كات وه‌كو لادان، نه‌ك وه‌ك تاوانبار، به پێویستی ده‌زانێت كه سه‌نته‌رێك بۆ ئالووده‌بووانی ماده‌ی هۆشبه‌ر له كوردستان بكرێته‌وه.
هاوڵاتی: مه‌به‌ست له چه‌مكی ماده‌ی هۆشبه‌ر چییه؟
لوقمان سیوه‌یلی: ئێمه له رووی زاراوه سازیه‌وه له ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیست “كۆڕی زانیاری كورد” مان هه‌بوو، كه كه‌م تازۆر، وه‌ك مه‌رجه‌عێك له‌م باره‌یه‌وه پشتی پێ ده‌به‌سترا، به‌ڵام به‌و شێوه یه‌كگرتوه له ئێستادا زه‌حمه‌ته شتی وا به‌دی بكه‌ین، به‌م هۆیه‌شه‌وه زاراوه‌كانمان توشی جۆرێك له لێكترازان هاتوون.
به‌هه‌ر حاڵ زاراوه‌یDrug ی ئینگلیزی له كوردیا بۆ هه‌ر چوار چه‌مكی “ مادده‌ی هۆشبه‌ر، مادده‌ی بێهۆشكه‌ر ، مادده‌ی سركه‌ر ” ده‌رمان و مادده‌ی بێهۆشكه‌ر ” به‌كار دێت، هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ تازه‌یی بابه‌ته‌كه له رووی ” زه‌مان و زه‌مینه‌وه” كه وایكردوه پاشخانێكی ئه‌وتۆمان نه‌بێت له‌و بواره‌داو تووشی جۆرێك له‌تێكه‌ڵ بوون بێین، دوور نه‌رۆیین له‌وڵاتێكی وه‌ك میصردا مێژووی لێكۆڵینه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان یه‌ك سه‌ده‌ی له‌ته‌مه‌ن به‌ڕێكردووه، له‌كاتێكدا ئێمه له‌كوردستان له‌خاڵی سه‌ره‌تاداین.
بۆ ساغ كردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكانه به پله‌ی یه‌كه‌م پێویستمان به‌كاری كه‌سانی پسپۆڕی بواری زمان هه‌یه، ئه‌مه نه‌ك لای كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كه‌مئه‌زموونی ئێمه له‌م بواره‌دا، بگره رێكخراوه په‌یوه‌ندیداره‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانیش چه‌ند جارێك گۆرانكارییان له‌م چه‌مكانه كردووه، تا گه‌یشتوونه‌ته به‌كار هێنراوێكی ستانداركراوی وه‌ك ئه‌مرۆ، بۆ نموونه پێشتر به ئالوده‌بونیان ده‌وتAddict ، به‌ڵام له ساڵانی 1961 به‌دواوه ئه‌م چه‌مكه گۆرا بۆ Dependence له زمانی كوردیشدا، ره‌نگه ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی بوێت، تا یه‌كێك له‌م زاراوانه رێچكه‌ی زانستی خۆی وه‌رده‌گرێت، كه من پێم وایه ئێستا چه‌مكی ” مادده‌ی هۆشبه‌ر ” نزیكترینیان بێت له راستیه‌وه به هۆی ئه‌وه‌ی “مادده‌ی سڕكه‌ر” زیاتر له بواری پزیشكیدا به‌رامبه‌ر چه‌مكی Anesthesia به‌كار دێت و به‌كارهێنانی مادده‌ی بێهۆشكه‌ریش له ڕووی زمانه‌وانیه‌وه واتای خۆی له ده‌ست ده‌دات، چونكه هه‌ندێك له‌و ماددانه‌ی پێان ده‌وترێ بێهۆشكه‌ر ئه‌مانه نه‌ك هه‌ر بێهۆشكه‌ر نین، بگره مادده‌ی چالاكی به‌خشن‌و مرۆڤ چالاك ده‌كه‌ن‌و خه‌و له چاوانیان ده‌تۆرێنن.
مادده‌ی هۆشبه‌ر به واتای ئه‌و ماددانه‌یه كه هۆشی مرۆڤ له رێچكه‌ی سروشتی خۆی لاده‌بات، ره‌نگه تا راده‌یه‌ك زانستی تربێت و هاوكاتیش ئه‌مه چه‌مكێكه داهێنراوی ده‌رونناسانی كوردستانه، كه له‌و بواره‌دا پێش كۆمه‌ڵناسان كه‌وتوون، ئیستا ماوه‌ته‌وه بڵێین: ئاخۆ مه‌به‌ست له مادده هۆشبه‌ره‌كان چیه؟ ده‌كرێت بڵێین مادده هۆشبه‌ركان له “چاو قاوه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ن به جگه‌ره‌دا تێپه‌ر ده‌بن‌و ده‌گه‌نه بیره‌و باده‌و له دوا قۆناغیشدا پێده‌نێته ناو تلیاك و به‌نگ ومۆرفینو مادده خه‌ته‌رناكه‌كانی وه‌ك هیرۆیین وكۆكایین و كراك…هتد ” كه ده‌كرێت ئه‌م ماددانه له‌شێوه‌ی سروشتی و نیمچه ده‌ستكردو به‌دی بكرێن، ئیستا پرسیارێك له جێگه‌ی خۆیدایه كه بكرێت و بریتیه له‌وه‌ی ” ئاخۆ بۆچی چاو قاوه‌و جگه‌ره‌و بیره‌و باده” لای ئێمه به هۆشبه‌ر حساب ناكرێن؟ تا راده‌یه‌كی زۆر ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مادده‌كانی وه‌ك چاو قاوه رێژه‌یه‌كی كه‌م له‌م ماددانه‌یان تێدایه‌و بیره‌و باده‌ش له یاسای “14″ مادده‌هۆشبه‌ره‌كان وه‌ك تاوان نه‌ناسێنراوه، گه‌رنا مه‌ترسیه‌كه‌ی كه‌م تا زۆر له مادده‌كانی تر كه‌مترنییه.
هاوڵاتی: ئالوده‌بوون واتای چی ده‌گه‌یه‌نێت ؟
لوقمان سیوه‌یلی: ئالووده‌بوون بریتیه له‌حاڵه‌تێكی ده‌روونیی، جه‌سته‌یی، كۆمه‌ڵایه‌تی، له ئه‌نجامی خراپبه‌كارهێنانی به‌رده‌وامی مادده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه دروست ده‌بێت، كه‌سی به‌كارهێنه‌ر به ئاسانی ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌م ماددانه بێت، دواجار ئه‌م به‌رده‌وام بوونه كۆمه‌ڵێَك ده‌رئه‌نجامی نێگه‌تیڤی ده‌روونیی, جه‌سته‌یی, كۆمه‌ڵایه‌تیی لێده‌كه‌وێته‌وه.
هاوڵاتی: نیشانه‌كانی ئالووده‌بوون چییه؟
لوقمان سیوه‌یلی: زانستی پزیشكی و ده‌روونی و كۆمه‌ڵناسیش پێمان ده‌ڵێن: هه‌روا ئاسان نیبه حوكم دان له‌سه‌ر ئالوده‌بوون، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌رچاوه‌ی باوه‌رپێكراوی DSM IV كه له له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پزیشكانی ده‌روونی ئه‌مریكاوه ده‌رده‌چێت، حه‌وت نیشانه‌ی داناوه ده‌ركه‌وتنی سێ نیشانه، یان زیاتر به‌سه، بۆ ده‌ستنیشانكردنی حاڵه‌تی ئالوده‌بوون، واته بوونی سێ مه‌رج، یان زیاتر به‌سه بۆده‌ست نیشانكردنی ئالووده‌بوون له ماوه‌ی 12 مانگدا له وانه‌ش:
به‌رگه گرتن: بریتیه له پێویستی به بری زیادكراو له مادده‌كه به شێوه‌یه‌كی ئێجگار زۆر بۆ گه‌یشتن به ـ ـ ـ حاڵه‌تی مه‌ستی، یان كاریگه‌ریه‌كی ئاره‌زو كرا‌و، یاخود له ناوچوونی كاریگه‌ریه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌هۆی به‌رده‌وام بوون له به‌كارهێنانی هه‌مان بڕ له مادده‌كه.
ـ كشانه‌وه: له كاتی كشانه‌وه له مادده‌یه‌كی تایبه‌ت، كه‌سه‌كه توشی نیشانه‌ی جه‌سته‌یی تایبه‌ت ده‌بێت دوای راگرتنی كتوپڕی به‌كارهێنان.
ـ به‌كارهێنانی مادده‌هۆشبه‌ره‌كان زیاد له بڕی پێویست و وادده‌ی دیاركراوی خۆی.
ـ بوونی ئاره‌زوی هه‌میشه‌یی، یاخود هه‌وڵی شكستخواردووی به‌رده‌وام بۆ كه‌مكردنه‌وه‌و كۆنترۆڵ كردنی به‌كارهێنانی مادده‌هۆشبه‌ره‌كان .
ـ به‌سه‌ر بردنی كاتێكی زۆر بۆ ده‌ستكه‌وتنی مادده‌كه وه‌ك: سه‌ردانی چه‌ند پزیشكێك بۆ ئه‌وه‌ی ره‌چێته‌ی ده‌رمانی ده‌ستبكه‌وێت،.یاخود چون بۆ شوێنێكی دوور بۆ هه‌مان مه‌به‌ست.
ـ وازهێنان، یاخود كه‌مكردنه‌وه‌ی چالاكی گرنگی كۆمه‌ڵایه‌تی،پیشه‌یی، یاخود خۆش به هۆی به‌كارهێنانی مادده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه .
ـ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر به‌كارهێنانی مادده‌هۆشبه‌ره‌كان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌زانێت كێشه‌ی جه‌سته‌یی وده‌روونی به‌رده‌وامی بۆ دروست ده‌كات، یاخود به‌ره‌و خراپتری ده‌بات.
تا رادده‌یه‌ك له‌م حه‌وت نیشانه‌یه نزیكه‌ی چوار نیشانه‌یان كۆمه‌ڵایه‌تین،ئه‌وانی دیش ده‌روونی‌وپزیشكین له به‌رئه‌وه حوكمدان له سه‌ر ئالوده‌بون پێویستی به ئاوێته كردنی هه‌ر سێ زانسته‌كه هه‌یه.
هاوڵاتی: كۆمه‌ڵناسی چۆن ده‌روانێته ئالووده‌بون؟
لوقمان سیوه‌یلی: كۆمه‌ڵناسی له‌م باره‌یه‌وه خاوه‌نی بینشی زانستی خۆیه‌تی و ئالووده‌بون وه‌ك لادانێك ده‌بینێت، واته ئه‌وه‌ی له‌پاسۆلۆجیدا پێی ده‌وترێت ” نه‌خۆشی” ئێمه پێی ده‌ڵێین “لادان ” هاوكات یاسا ناوی ده‌نێت ” تاوان ” بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سزای یاسایی داناوه، دوور نه‌رۆین كۆمه‌ڵناسی ده‌یه‌وێت وه‌ڵامگۆی ئه‌م پرسیاره بێت كه ده‌ڵێت : ئالووده‌گی لادانه یان تاوان، ئالووده‌بو جه‌لاده یان قوربانی؟ كام شوێن شایسته‌ی ئالووده‌بوانه ؟ زیندانه‌كانیان لێ سیخناخ بكه‌ین ؟ یان ده‌رگای خه‌سته‌خانه‌كانیان بۆ ئاواڵا بكه‌ین؟ پۆلیسیان به گژدا بكه‌ین یان پزیشكیان بۆ په‌یدا بكه‌ین؟ ئه‌وان له نۆرمی باوی كۆمه‌ڵگه لایانداوه؟ یان ئه‌وه‌تا كۆمه‌ڵگه ئه‌وانی په‌راوێز خستوه؟.
وه‌ك كۆمه‌ڵناسیی، له كوێدا كاری ده‌رونناسی ته‌واوبو ئه‌وا كاری كۆمه‌ڵناسی ده‌ست پێده‌كات “له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو زانسته ته‌واوكاری یه‌كدین” واته یه‌كه‌ی بنچینه‌یی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسی له خێزانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات به قوتابخانه‌دا تێپه‌ر ده‌بێت،تا ده‌گاته گروپی هاورێیان ودامه‌زراوه سیاسی و فه‌رهه‌نگیی و ئابوری و …هتد له گرنگترین ئه‌و هۆكارانه‌ش (خێزان)
دیاره منداڵ له سه‌ره‌تاوه وه‌ك بونه‌وه‌رێكی بێ شوناش(له رووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه) زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت و خێزان ناسنامه‌ی بۆ دروست ده‌كات و فێری زمان‌و رێوره‌سمه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ده‌كات. لێره‌وه خێزانی ته‌ندروست ده‌بێته بنه‌مای كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌ندروست، ده‌كرێت بڵێین كه ئالوده‌بوونی دایك باوك و چۆنیه‌تی تێروانینیان بۆمادده‌هۆشبه‌ره‌كان‌و لێَنه‌پرسینه‌وه‌و ئاسانكاری سه‌باره‌ت به‌به‌كارهێنانی ئه‌م ماددانه‌و ونبوونی رایه‌ڵه‌ی خۆشه‌ویستی نێوان ئه‌ندامانی خێزان و چاودێری نه‌كردنی منداڵ‌و بوونی نه‌خۆشی ده‌روونی له‌خێزاندا هۆكاری ئالوده‌بوونن. جۆیس رییتا بۆردیت ده‌ڵێت ” خووگریی به ئه‌لكهول یاریه‌ك نیه كه ته‌ماشاچی هه‌بێت، هه‌ر یه‌ك كه‌س له خێزانێك ئه‌م یاریه‌ی ده‌ستپێكرد كه‌م كه‌م هه‌مویان په‌یوه‌ندی پێوه ده‌كه‌ن “خوێندنگه دوای خێزان به دووه‌م هێڵی به‌رگری دێته‌ئه‌ژمار به‌رووی مادده هۆشبه‌ره‌كاندا سه‌رباری ئه‌وه‌ی خوێندنگه فێرخواز فێری زانست‌و زانیاری ده‌كات له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌بێته ناوه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تیش وكاریگه‌ری خۆی ده‌بێت بۆ سه‌ر گه‌شه‌وكه‌سێتی منداڵ، هاوكات مه‌ترسی قۆناغی قوتابخانه له‌وه‌دایه، كه خراپبه‌كارهێنی مادده هۆشبه‌ره‌كان زۆرینه‌ی بۆ قۆناغی قوتابخانه ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ نمونه له ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا دوو له سه‌ر سێی ئه‌وانه‌ی له ساڵی (1998 ز) ئه‌م ماددانه‌یان به‌كارهێناوه له نێوان ته‌مه‌نی (12- 17) ساڵیدا بوون ئه‌مه‌ش به هۆی ئه‌وه‌ی منداڵ و هه‌رزه‌كار له‌م ته‌مه‌نه‌دا زیاتر ده‌كه‌وێته ژێركاریگه‌ری هاورێكانی و حه‌ز به‌چاولێگه‌ری ده‌كات‌و خاوه‌نی وشیاریه‌كی ئه‌وتۆش نییه بتوانێت به ئاسانی ئه‌و مه‌ترسیانه بناسێت كه‌دێنه ڕێگه‌ی به‌هۆی خراپبه‌كارهێنانی مادده هۆشبه‌ره‌كان، پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێین مه‌رج نیه ئاستی خوێندنی به‌رز نیشانه‌ی خۆگرتن بێت له مادده هۆشبه‌ره‌كان ،به سه‌رنجێك له ئاستی كه‌سانی ئالوده له كوردستان بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه له سه‌رجه‌م ئاسته‌كانی خوێندندا ئه‌م كه‌سانه بونیان هه‌یه و سیستمی خوێندن نه‌یتوانیوه رێگری بكات له‌م دیارده‌یه.
هۆكارێكی تر بۆ ئالووده‌بوونی ماده‌ی هۆشبه‌ر،گروپی هاوڕێیانه، زانا دایڤد رایسمان David Riesman پێی وایه كه ئه‌م گروپه هێنده‌ی دامه‌زراوێكی فه‌رمی كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌سێتی منداڵ هه‌یه، واته منداڵ دوای ئه‌وه‌ی قۆناغی خێزانی جێهێڵا، ئه‌وا ئه‌م گروپانه ئامێز بۆ منداڵ ده‌گرنه‌وه ئه‌شێ بڵێین فێربوون به‌كار هێنانی دۆزی یه‌كه‌می مادده هۆشبه‌ره‌كان له ڕێگه‌ی ڕێكه‌وته‌وه نیه، به‌ڵكو به هۆی هاورێی خراپ له‌رێگه‌ی هاندان و هه‌ڵنان و حه‌زی زانینه‌وه هه‌رزه‌كاری پێله‌خشته‌ده‌برێت، زانا (مۆنهم ) پێی وایه هۆكاره كلتوریه‌كان و هاورێی خراپ رۆڵی به‌رچاو ده‌بینن له ئالووده‌بوون به مادده هۆشبه‌ره‌كان، ته‌نانه‌ت دنیس كاندڵ Denise Candle له‌م باره‌یه‌وه پێی وایه زه‌مینه‌و كاریگه‌ری گروپی هاورێیان ته‌نانه‌ت له خێزانیش زیاتره، سه‌ره‌رای ئه‌م هۆكارانه هۆكاری تریش هه‌ن وه‌ك دامه‌زراوه سیاسی و فیركاری و ئابووری و …
ئه‌شێ ئه‌وه‌ش بڵێین زۆربه‌ی وڵاته‌پێشكه‌وتووه‌كان وا ده‌ڕواننه كه‌سی ئالووده‌بوو كه كه‌سێكی نه‌خۆشه‌و پێویستی به چاره‌سه‌رو چاودێری درێژخایه‌ن هه‌یه، به هۆی ئه‌و پێشینه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی زه‌مینه‌ی ئالوده‌بوون دروستی ده‌كه‌ن .
هاوڵاتی: هۆكاری ته‌شه‌نه سه‌ندنی ئه‌و ماددانه له كوردستان چین ؟
لوقمان سیوه‌یلی: پیش‌تر ئاماژه‌مان به‌وه دا كه كۆمه‌ڵناسی وه‌ك لادان سه‌یری ئالوده‌بون ده‌كات، واته هۆكاره‌كان بۆ كۆمه‌ڵگه ده‌گێرێته‌وه به پله‌ی یه‌كه‌م ” له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هۆكاری ده‌روونیش پشكی خۆی هه‌یه” ئه‌مه‌یان بۆ پسپۆرانی ئه‌و بواره جێدێڵم ، كاتێكیش هۆكار بۆ كۆمه‌ڵگه بگرێته‌وه ئه‌وه كاری حه‌تمی كۆمه‌ڵناسییه شوێن پێی ئه‌و هۆكارانه هه‌ڵبگرێت و سه‌ره داوه‌كان بدۆزێته‌وه كه ده‌بنه پاڵنه‌ری خراپ به‌كارهێنانی مادده‌هۆشبه‌ره‌كان.
هاوڵاتی: ئاستی به‌ر بڵاوی ئه‌م ماددانه له هه‌رێمی كوردستان چۆن ده‌بینیت ؟
لوقمان سیوه‌یلی: هه‌ڵبه‌ته خه‌مڵاندنی ئاست و قه‌باره‌ی به‌ر بڵاوی به‌كارهێنانی مادده هۆشبه‌ره‌كان له هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌چه‌ندین ده‌زگای تایبه‌تی ئه‌وبواره هه‌یه كه بتوانێت به وردی ئه‌م حاڵه‌تانه ئه‌ژمار بكات و دواتر ته‌به‌نی پرۆژه‌ی چاكسازی بكات له هه‌رێمدا، به تایبه‌ت له بارودۆخێكدا كه به‌كارهێنانی ئه‌م ماددانه به پێی یاسای 14 ی مخدراتی عێراقی ساڵی 1965 تاكو ئێستاش به تاوان حساب ده‌كرێت. كارێكی هێنده سانا نییه كه‌سێك خۆی بڵێت من ئالووده‌م ، ده‌بێت بۆ زانینی ئاستی ئه‌م دیارده‌یه یه‌كه‌م جار له یاسا ئه‌و بڕگه‌یه لا بچێت كه وه‌ك تاوان سه‌یری به‌كارهێنانی ئه‌م ماددانه ده‌كات و پاشانتریش سه‌نته‌رێكی چاره‌سازی ئالوده‌بونمان هه‌بێت ئه‌م كه‌سانه بگرێته خۆیان، ئه‌وجار له رێگه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی راگه‌یاندنه‌وه خه‌ڵكی وشیار بكه‌ینه‌وه و بڵێین كه بێ‌ترس سه‌ردانی ئه‌م بنكانه بكه‌ن و چاره‌سه‌ری خۆیان بكه‌ن، به هه‌ر حاڵ به هۆی ئه‌وه‌ی شێوه چاره‌سازیه له هه‌رێمدا بوونی نیه، مه‌گه‌ر له رێگه‌ی شێوازی ناراسته‌وخۆه‌وه، كه‌م تا زۆر ئاستی به‌ر بڵاوی ئه‌م ماددنه دیاری بكه‌ین ، وه‌كو ئه‌وه له هه‌ر شارێك بۆ نموونه گه‌ر یه‌ك بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر هه‌بوو، واتای ئه‌وه ده‌گه‌نێت كه 10 كه‌سی به كارهێنه‌رمان هه‌یه له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له هه‌رێمدا هه‌ندێك جار بازرگانی ئه‌م ماددانه بۆ ناو خۆ نیه‌و ته‌نیا وه‌ك ترانزێتێك كوردستان به‌كارده‌هێنرێت، واته ئه‌گه‌ر له شارێكی وه‌ك سلێمانیدا 50 بارزگانمان هه‌بوو واتای ئه‌وه كه 500 كه‌سی به‌كاربه‌رمان هه‌یه و ده‌كرێت بۆ زانینی ژماره‌ی بازرگانانی مادده هۆشبه‌ره‌كان پرسیاری به‌شی مادده هۆشبه‌ره‌كانی ئاسایش بكه‌ن و ئه‌و ژمارانه وه‌ر بگرین ئه‌مه رێگه‌ی دووه‌م.
رێگه‌ی سێهه‌میش هه‌ندێك سه‌رچاوه پێمان ده‌ڵێن: گه‌ر له شارێك بۆ نموونه 10 ده‌ستگیر كرا، ئه‌مه واتای ئه‌وه كه 90 كه‌سی ترمان هه‌یه، چونكه ئه‌وه‌ی ده‌توانرێت ده‌ستگیر بكرێن به شێوه‌یه‌كی گشتی 10% تێپه‌ر ناكات له سلێمانی 50 كه‌سمان هه‌بوو له زینداندا، واتای ئه‌وه‌یه كه 450 كه‌سی تریش هه‌ن له ده‌ره‌وه‌ی زیندان .
من لێره‌دا و له رێگه‌ی میدیاكانه‌وه گوێبیستی ئه‌وه بوم كه له هه‌ولیرو دهۆك: نزیكه‌ی 1500 كه‌سی به‌كار به‌ری مادده هۆشبه‌ره‌كان له كوردستاندا هه‌یه، ده‌ڵێم گه‌ر ئه‌م ژماره‌یه به‌م چه‌شنه بێت، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین كه كێشه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان خزاوه‌ته ناو 1500 خێزانی دانیشتوی هه‌رێمی كوردستان .
به قه‌ناعی من گه‌ر پێوه‌رێك دروست بكه‌ین بۆ پێویانه‌ی ئاستی به‌ربڵاوی ئه‌م ماددانه له هه‌رێمی كوردستاندا پێم وایه به‌كار بردنی ئه‌م ماددنه بۆته دیارده ، سه‌ره‌تا ره‌نگه هه‌ر كێشه‌یه‌ك به چه‌ند حاڵه‌تێك ده‌ست پێ بكات، واته له قۆناعی حاڵه‌تدایه‌و مه‌ترسیه‌كی ئه‌و تۆی نییه پاشانتر گه‌ر كێرڤی ئه‌م حاڵه‌تانه به‌ره‌و زیاد بون رۆیشت پێ ده‌نێته قۆناغی دووه‌م كه پێی ده‌ڵێن ” دیارده ” دواتریش ئه‌م دیارده‌یه گه‌ر به‌رده‌وام رووی له زیاد بوونكرد ئه‌وا ده‌بێته ” قه‌یران ” پشت گوێ خستتی چاره سه‌ری قه‌یرانیش وا ده‌گات ئه‌م قه‌یرانه پێ بنێته قۆناغی ” كاره‌سات ” ه‌وه .دوای ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌بواری مادده هۆشبه‌ره‌كاندا كه له هه‌رێمكی كوردستان به گشتی و پارێزگای سلێمانی به تایبه‌ت ئه‌نجامم داوه، ده‌كرێت بڵێن ئاستی ئه‌م كێشه‌یه گه‌یشتۆته قۆناغی ” دیارده ” به تایبه‌ت دوای روخانی رژێمی به‌عس و كرانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و باش بونی ئاستی بژێوی خه‌ڵك .
به كورتی
لوقمان سیوه‌یلی
له ساڵی 1975 له ناحیه‌ی سیوه‌یلی قه‌زای شارباژێر له دایك بووه .
له ساڵی 1999 به پله‌ی یه‌كه‌م به‌شی كۆمه‌ڵناسی كۆلێجی ئادابی زانكۆی صه‌لاحه‌دینی ته‌واو كردوه .
له ساڵی 2007 له به‌شی كۆمه‌ڵناسی كۆلێجی زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كانی زانكۆی سلێمانی وه‌ك خوێندكاری ماسته‌ر وه‌رگیراوه .
ئێستاش له دوا قۆناغه‌كانی نوسینی نامه‌ی ماسته‌ردایه له بواری كۆمه‌ڵناسی مادده هۆشبه‌ره‌كان له هه‌رێمی كوردستان .
لەهاوپۆلی: چاوپێكه‌وتن هیچ بۆچوونێک نییە »
« کێشه ده‌روونییه‌کان و ڕۆشنبیری سێکس لای گه‌نجان و ڕۆڵی سیستمی په‌روه‌رده | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | تێڕوانینێک بۆ په‌روه‌رده‌کردن »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
