ئامێره‌ ته‌کنۆلۆژییه‌کان و خراپ به‌کارهێنانیان … چه‌ند ڕێنماییه‌کی پێویست – ده‌روونناس – سامان سیوه‌یلی

ئامێرە تەكنۆلۆژییەكان و خراپ بەكارهێنانیان … چەند ڕێنماییەكی پێویست
ده‌روونناس
سامان سیوه‌یلی

ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەر ژیانی كۆمەڵگەكەماندا هاتوون لەم ساڵانەی دواییدا لەڕووی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و تەكنۆلۆژییه‌وه‌، كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر هەموومان دروستكردووە كەجۆرێك لەجەنجاڵی و نائارامی پێبەخشیوین، دەرئەنجام بەجۆرێك لەجۆرەكان و هەریەك بەئەندازەیەك كەوتووینەتە ژێر كاریگەری فشارە دەروونییەكان، ئەم ڕەوشە ڕەنگە جۆرێك لە كەمتەرخەمی و بێكاتی لەهەموواندا خوڵقاندبێت كە وەك پێویست خێزان فریای سەرپەرشتییەكی ڕاستەقینەی ڕۆڵەكانیان نەكەون، یاخود لەڕووی دڵسۆزی و خەمخۆریانەوە بۆ ڕۆڵەكانیان هەندێ شێوازی نادروست بگرنە بەر.
به‌بڕوای ئێمه‌ له‌مڕۆژگاره‌دا به‌کارهێنانی ئامێره‌ ته‌کنۆلۆژییه‌کان پانتاییه‌کی زۆر به‌رینی له‌ژیانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا گرتووه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی خراپ به‌کارهێنانیانه‌وه‌ به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان به‌یه‌کێک له‌ سه‌رچاوه‌کانی دروستبوونی زۆرێک له‌ کێشه‌ و گرفته‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونییه‌کان داده‌نرێن.
ئەوەی مەبەستە لێرەدا بەرچاوڕوونكردنی هاوڵاتیانه‌ له‌ مامەڵەكردن‌ لەگەڵ ئەو بەرهەمە تەكنۆلۆژییانەی هاتوونەتە ناو ماڵ و گیرفان و جانتا و ئۆتۆمبێلەكانمان، چۆنێتی هەڵسوكەوتی هاوڵاتیان له‌هه‌موو ئاسته‌کانی ته‌مه‌ندا‌ لەگەڵ ئامێرە ئەلكترۆنییەكانی وەك (مۆبایل ، تەلەفیزیۆن ، كۆمپیوتەر ، پلەی ستەیشن ، ….. هتد).
بەپێیوستی دەزانم لێرەدا چەند ڕێنماییەكی زانستی دروست بخەمە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز تاكو زیاتر ئاشنابن بەكاریگەرییە نێگەتیڤەكانی خراپ بەكارهێنانی ئەم بەرهەم و ئامێرانە.
تەلەفزیۆن
بەداخەوە بەشێكی زۆر لەخێزانەكان لەكۆمەڵگەی ئێمەدا زیاد لەتەلەفزیۆنێك لەماڵەكانیاندا هەیە، بەجۆرێك وایلێهاتووە هەر ژوورە و تەنانەت ڕاڕەوەكانیش تیڤی لێدادەنرێت. بۆیە ئەندامانی خێزان هەریەك بەكەناڵێك سەرقاڵ دەبێت، دەرئەنجام پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و سۆزدارییەكانی نێو ئەندامانی خێزان كەمبۆتەوە، كاڵبوونەوەی ئەم پەیوەندییانە حاڵەتێكی دەروونی لای ئه‌ندامانی خێزان خوڵقاندووە كه لە‌زانستی سایكۆلۆژیادا ناودەبرێت بەنامۆبوون (الاغتراب).
ئاشکرایه‌ یەكێك لەپێداویستییە دەروونییەكانی مرۆڤ، سۆز و خۆشەویستی وەرگرتن و بەخشینە، كاتێك دایك و باوك خۆیان سەرقاڵی تەماشاكردنی كەناڵەكانی تیڤی بن بۆ ماوەی درێژ بەتایبەتی لەشەودا (بەتایبەتی چاودێریكردنی زنجیرە دۆبلاژكراوەكان كەخێزانی واهەیە لەشەوێكدا لەسێ یان چوار كەناڵ چاودێری دەكات و تەواوی كاتەكانی بەبینینی تیڤی دەباتە سەر)، ئیدی چۆن كاتیان دەبێت بۆ تێكەڵبوون لەگەڵ جگەرگۆشەكانیاندا و سۆز و خۆشەویستییان وەك پێویست پێدەبەخشن؟. (ڕەسوڵی هەمزەتۆف)ی نووسه‌ر دەڵێت: (ئەو كەسانەی لەناو ماڵەكانیاندا خۆشەویستییان دەستناكەوێت، لەسەرشەقام و دەرەوەی خێزان بەدوای خۆشەویستیدا دەگەڕێن). بۆیە دەبینین زۆرجار بەهۆی ئەم حاڵەتەوە هەرزەكارانمان لەم قۆناغەدا دەكەونە كێشە و گرفت لەمبوارەدا و پەنا بۆ لەبریخستن دەبەن و لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوە ئیستیغلال دەكرێن، كەدواجار هەرزەكاران دەبنە قوربانی كەمتەرخەمی خێزان و لەڕووی دەروونی و كۆمەڵایەتیشەوە خێزان بارگران دەبێت. بەداخەوە بەشێك لەخێزانەكان بەناوی ئازادی خوازی و ڕێزگرتن لەجگەرگۆشەكانیان دەچن تیڤی تایبەت (تەنانەت سەتەلایتیش) بۆ جگەرگۆشە هەرزەكارەكانیان دادەنێن لەژووری تایبەتی خۆیان، ئەم ڕەفتارە بەتەواوی پێچەوانەی پرەنسیپە پەروەردەییەكانە چونكە نابێت تیڤی لەژووری تایبەتی منداڵ و هەرزەكاراندا دابنرێت، دەبێت منداڵان و هەرزەكاران لەژێر چاودێری خێزاندا تەماشای تیڤی بكەن و كاتیان بۆ دابنرێت و ئازاد نەكرێن لەبینینی هەر كەناڵێك ئەوان دەیخوازن.
یەكێك لەتوێژینەوە ئاكادیمییە نوێیەكان لەمبوارەدا، بریتییە لەو توێژینەوەیەی كۆمەڵێك پسپۆر و توێژەر لەزانكۆ (میسیسیپی) لەوڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەنجامیانداوە، دەركەوتووە كە ئەو منداڵانه‌ی لەتەمەنی سێ ساڵیدا ڕۆژانە بۆ ماوەی دوو كاژێر سەیری تیڤی ده‌که‌ن ئەوا زیاتر دووچاری مەترسی تووشبوون بە تێكچوونەكانی تەركیز و ئاگایی (التركیز و الانتباه) دەبن كاتێك دەگەنە تەمەنی حەوت ساڵان بەڕێژەی ( 20% ) زیاتر لەچاو ئەو منداڵانەی تەماشای تیڤی ناكەن. ئەم پسپۆرانە لەو توێژینەوەیەدا بۆیان دەركەوتووه‌ بۆ هەر كاژێرێك زیاتر تەماشاكردنی تیڤی ڕێژەكە (10%) زیاد دەكات، واتە ئەو منداڵانەی پێنج كاژێر بەدیار تیڤییەوە دادەنیشن (50%) زیاتر تووشی گرفتەكانی تەركیز و ئاگایی دەبن لەچاو منداڵانی تردا. بۆیە كاتێك منداڵ پێدەنێتە قوتابخانە ڕوبەڕوی ئەم گرفتانە دەبنەوە لەخوێندندا، ئەوجا قوتابخانە و خێزان گیردەخۆن به‌م گرفتەی منداڵه‌وه‌.
توێژینەوەكانی تر سەلماندوویانە كەئەو منداڵ و هەرزەكارانەی زۆر تەماشای تیڤی دەكەن شەڕەنگێز ترن لەچاو هاوەڵەكانیاندا، هەروەها منداڵان گەشەی فیكریان دوادەكەوێت. وێڕای ئەوەی زۆر دانیشتن بەدیار تیڤییەوە دەبێتە هۆی قەڵەوی منداڵ و هەرزەكار چونكە كەم دەجوڵێت و زۆر جار بەدیار تیڤییەوە بڕه‌ خواردنێکی زۆر دەخوات و كەمتر وزە خەرج دەكات. بێگومان نابێت ئەوەش لەیاد بكەین ئەو شەپۆلە كارۆموگناتیسییانەی تیڤی ئەیداتەوە كاریگەری نێگەتیڤی هەیە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ ماوه‌ی نێوان مرۆڤ و شاشه‌ی تیڤی له‌ نێوان (3 – 4) که‌متر نه‌بێت.
ڕێنماییه‌کان له‌مبواره‌دا:
1- هەوڵ بدەن لەماڵاندا یەك تیڤی هەبێت كەلەژووری دانیشتنی خێزاندا بێت، چونكە بەمجۆرە هەمووان پێكەوە دادەنیشن كەلەڕووی كۆمەڵایەتی و سۆزداری و دەروونییەوە بەكەڵكترە و ئارامی و ئاساییش زیاتر دەبەخشێت بە ئەندامانی خێزان تائەوەی هەریەك بەتەنیا لەژوورێكدا دابنیشێت.
2- نابێت تیڤی تایبەت بە كچ یان كوڕی‌ هەرزەكار بوونی هەبێت لەماڵدا یان لەژووری تایبەتی منداڵدا، بەڵكو دەبێت لەژێر چاودێری خێزاندا بن.
3- دەبێت دایك و باوك خۆیان پێشەنگێكی دروست و جوان بن بۆ جگەرگۆشە‌كانیان، كەئەوان‌ شەوانە لەبەر تەماشاكردنی تیڤی كاتیان بۆ هیچ شتێك نەهێشتبێتەوە ئیدی بۆشایی دروست دەبێت بۆ ڕۆڵەكانیان، ئەوان ڕەنگە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە (بەتایبەتی سۆزداری) ئەگەری ئەوە دەبێت پەنا بۆ ڕێگەی تر ببەن بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە كۆمەڵایەتی و سۆزدارییە. یان هەرنەبێت ئەوانیش وەك ئێوە كاتێكی زۆر بەفیڕۆ ئەدەن لەتەماشاكردنی تیڤیدا و لەخوێندن و بەجێهێنانی ئەركەكانیان دوادەكەون.
4- هەرزەكار ئەگەر بۆی دەركەوت دایك و باوكی زیاتر گرنگی بە زنجیرەیەكی تیڤی دەدات تا خودی خۆی ئەوا ڕۆحی یاخبوون چەكەرە دەكات لەناخیدا، كەمتر پەیوەست دەبێت بە دیسپلین و فەرمانەكانی دایك و باوكەوە، چونكە هەست دەكات پەراوێز خراوە.
5- نابێت منداڵ ڕابهێنرێت هەر لەتەمەنێكی زووەوە بەدیار تەماشاكردنی تیڤییەوە، زیاتر سەرقاڵی بكە یاری و تێكەڵبوون وخوێندنەوەی گۆڤار و نامیلكەی منداڵانەوە، با دایك و باوك لەگەڵ منداڵدا دابنیشن‌ بۆ تەماشاكردنی تیڤی، ئاخاوتنی لەگەڵ بكەن‌ و ڕوونكردنەوەی بدەنێ لەسەر بابەته بینراوەكان نەك لێبگەڕێن بەتەنیا تەماشای تیڤی بكەن.
6- كات دیاری بكرێت بۆ هەرزەكاران بۆ تەماشاكردنی تیڤی، لێمەگەڕێن بەئارەزووی خۆیان و بۆ ماوەی درێژ دابنیشن بەدیار تیڤییەوە، هەوڵبدەن سیستمێك دابنێن بۆ خوێندن و كۆشش كردنیان، دوای تەواوبوونی ئەركەكانیان با بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، تەماشای تیڤی بكەن.
مۆبایل
هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین كە مۆبایل و ئامێرەكانی تر بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بەرهەمهێنراون و ئاسانكارییەكی زۆریان بۆ كردووین لەژیاندا. بەڵام كاتێك هەر هەمان ئامێر بەخراپ بەكاربهێنین بێگومان نەك هەر سوودی نابێت بەڵكو زیانی زۆریشمان لێدەدات.
ئەمڕۆ مۆبایل بەئەندازەیەك بڵاوە كە زۆر جار بەدەست منداڵانیشەوە دەبینرێت یاخود تاكی واهەیە دوو یان سێ یان زیاتر مۆبایلی هەیە، بەشێكی زۆر لەهەرزەكاران و گەنجانمان بەداخەوە زۆر بەخراپی بەكاری دەهێنن تەنانەت تووشی حاڵەتی خووگیری (الادمان) بوون لەسەر بەكارهێنانی، بێئەوەی لەزیانەكانی بزانن.
دەخوازم لێرەدا بەكورتی قسە لەسەر چەند زیانێكی مۆبایل بكەم كە لەحاڵەتی خراپ بەكارهێنانیدا دووچاری چەندین مەترسی ده‌بین:
1- ئەو كەسانەی زۆر مۆبایل بەكاردەهێنن یان بەكراوەیی لەتەنیشت سەری خۆیانەوە دایدەنێن لەكاتی نووستندا ئەگەر تووشبوونیان بەوەرەمی شێرپەنجەیی زیاتر دەبێت لەخانەكانی مێشكدا، خانەكانی مێشكیان زیانی پێدەكەوێت، بەتایبەتی لەمنداڵان و هەرزەكاراندا زیاتر.
2- زۆربەكارهێنانی مۆبایل دەبێتە هۆی خەوزڕان، دیارە قوتابیان و خوێندكاران دەبێت كاتێكی تەواو بخەون بۆ ئەوەی مێشكیان بحەوێتەوە توانای وەرگرتن و تەركیز كردنیان هەبێت بۆ خوێندن، بەپێچەوانەوە بێخەوی گرفتی جەستەیی و دەروونی بۆ مرۆڤ دروست دەكات.
3- زۆر بەكارهێنانی مۆبایل دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی تەركیز و ئاگایی، بۆیە دەبینین بەشێك لە قوتابیان و خوێندكارانی ئەم ڕۆژگارە گرفتی ئەوەیان هەیە و دەڵێن سەیری مامۆستا و تەختەی پۆل دەكەین بەمەبەستی گوێگرتن و تێگەیشتن بەڵام خەیاڵمان دەڕوات، یان دەڵێن لەماڵەوە كاتێك دەمانەوێت كۆشش بكەین زوو ئاگامان لەسەر كتێبەكە نامێنێت. ئەمەش لەڕاستیدا گرفتێكی زۆر دروست دەكات لەبواری خوێندندا.
4- ئەو كەسانەی زۆر مۆبایل بەكار دەهێنن بەبەردەوامی تووشی جۆرێك لەخووگیری دەبن بەجۆرێك كاتێكی زۆریان بەفیڕۆ دەبەن كەهیچ سوودێكیان پێنابەخشێت جگە لەزیان.
5- بەداخەوە هەندێ جار دەبیسترێت كەبەهۆی وێنەی فۆتۆ و ڤیدیۆییەوە چەندین گرفتی كۆمەڵایەتی و توندوتیژی و ناوبانگ زڕاندن ڕوویانداوە كەتێكڕا ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر دەروونی تاكەكان.
6- زۆربەكارهێنانی مۆبایل فشارێكی ئابوری دروست دەكات لەسەر تاك و خێزان، هەندێ جار ئەندامێكی خێزان بەتایبەتی هەرزەكاران پەنا دەبەن بۆ بردنی بڕێك لەیەكەی پەیوەندی لەمۆبایلی خوشك و برا و دایك و باوكانەوە بێ ڕەزامەندی و ئاگاداری خۆیان، كەئەمەش بەلادانێكی ڕەفتاری هەژمار دەكرێت.
ڕێنماییه‌کان له‌مبواره‌دا:
1- منداڵان نابێت مۆبایلیان بۆ بكڕدرێت.
2- هەتا بكرێت هەرزەكاران مۆبایلیان نەبێت باشترە، خۆ ئەگەر لەبەر پێویستی بۆی دەستەبەر كرا، دەبێت ڕێنمایی و چاودێری بكرێن، تەنها بۆ كار و كاتی پێویست بەكاری بهێنن نەك هەمیشە بەدەستیانەوە بێت و كاتی پێ بكوژن و خۆیانی پێوە سەرقاڵ بكەن، دەبێت تێبگەیەنرێن كە ئەم ئامێرە بۆ پەیوەندی دروست و كاری پێویست بەكاردێت.
3- نابێت مۆبایل لەژووری نووستندا بەكراوەیی دابنرێت، یان لەتەنیشت سەرەوە دابنرێت بەبیانووی بەئاگاهێنانەوە بۆ بەیانی ڕۆژی دوایی، چونكە شەپۆلە كارۆموگناتیسییەكانی مۆبایل مەترسی زۆری هەیە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ بەتایبەتی منداڵان و هەرزەكاران. دەبێت مۆبایل بكوژێتەوە و بۆمەبەستی بەئاگابوونەوە كاتژمێری ئاسایی بەكاربێت كە بە پیلی قەڵەمی كار دەكات و بێ مەترسییە.
4- مۆبایل ده‌بێت چەپ قسەی پێبكرێت باشترە تا گوێی ڕاست.
5- ئەو كەسانەی چاویلكە لەچاو دەكەن و چوارچێوەی چاویلكەكانیان كانزاییە باشتر وایە لەكاتی قسەكردندا چاویلكەكانیان دابنێن چونكە ئەو كانزایەی چوارچێوەی چاویلكەكە شەپۆلە كارۆموگناتیسیەكانی مۆبایلەكە وەردەگرێت و دەیداتەوە، لەبەرئەوەی چاو نزیكترین ئەندامە بەچاویلكەكە و ناسك و هەستیارە بۆیە ئەم شەپۆلانە بەر چاو دەكەون و چاو كزتر دەكەن.
6- باشتر وایە كاتێك زەنگی مۆبایل لێئەدات، لێبگەڕێن سێ جار زەنگ لێبدات ئەوجا وەڵام بدرێتەوە، چونكە زۆرترین شەپۆلە كارۆموگناتیسییەكان لەزەنگەكانی سەرەتاوە دەردەچن.
7- ئەگەر خێزان مۆبایلی بۆ كچ و كوڕە هەرزەكارەكەی نەكڕیوە، پێویستە ناوبەناو بەبێئاگایی خۆی كەلوپەل و جانتاكەی بپشكنرێت‌، چونكە هەندێ جار دەكەوێتە ژێر كاریگەری هاوڕێ و كۆمەڵی هاوڕێ و دووچاری لادانی دەكەن، چه‌ندین حاڵه‌تمان بینیوه‌ که‌ به‌بێ ئاگاداری خێزان له‌لایه‌ن که‌سێکی ده‌ره‌وه‌ی خێزان مۆبایل بۆ کچان کڕدراوه‌ له‌لایه‌ن کوڕانه‌وه‌.
8- هەوڵ بدرێت پەیوەندی كۆمەڵایەتی و سۆزداری ناوخێزان تۆكمە بكرێت تا جگەرگۆشەكانیان دووچاری نامۆبوون نەبن و ناچار نەبن لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە ئەم بۆشاییە پڕبكەنەوە.
9- ئەو خەرجییەی دابینی دەكەیت بۆ جگەرگۆشەكەت لێپرسینەوەت هەبێت لەسەری تاكو خۆی ڕانەهێنێت لەسەر كڕینی كارتی تەلەفۆن و زیادڕەوی تێدا بكات، چونكە ئەگەر ڕاهات لەسەر ئەم ڕەفتارە ئەوسا بەهەر شێوەیەك بێت پەیدای دەكات.
پلەی ستەیشن
پلەی ستەیشن یەكێكە لەو یارییە ئەلەكترۆنیانەی لەم ڕۆژگارەدا منداڵان و هەرزەكارانی تووشی جۆرێك لەخووگیری (الادمان) كردووە چونكە زۆر سەرنج ڕاكێشە بۆ دنیای ئەوان، بەجۆرێك منداڵ یان هەرزەكار ئەگەر چەندین كاژێر خەریكی ئەم یارییە ئەلەكترۆنییە بن لەلای ئەوان تەنها خولەكێكە. ئێوە بڕوانن تەنانەت منداڵ و هەرزەكار گوێ بەڕەوشی دانیشتن و پاڵكەوتنیشیان نادەن كاتێك ئەم یارییانە دەكەن كە ئایا دانیشتنێكی تەندروستە یان نا، بەداخەوە زۆر جار كاریگەری خراپی دەبێت بۆ كۆئەندامەكانی لەش بەتایبەتی پشت، هەروەها زۆر دانیشتن بەدیار پلەی ستەیشنەوە كاریگەری بۆ چاو دەبێت و چاو لاواز دەكات، هەروەها منداڵ و هەرزەكار تووشی گۆشەگیری دەكات و دایدەبڕێت لەژینگە كۆمەڵایەتییەكەی. جگە لەوەی ئەو سی دییانەی زۆرترین بەكارهێنەری هەیە لەوانەن كە توندوتیژییان تێدا نمایش دەكرێت، ئەم فیلمە توندوتیژییانە كاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر شەڕەنگێزبوونی منداڵان و هەرزەكاران.
بەداخەوە زۆر جار دەبینین خێزان خۆیان هانی منداڵەكانیان دەدەن بۆ ئەوەی دابنیشن بەدیار پلەی ستەیشنەوە و گیرۆدەیان دەكەن بەبیانووی ئەوەی بامنداڵ یان هەرزەكار نەچێتە دەرەوە و تێكەڵی منداڵ و هاوڕێكانی نەبێت و ئارام بێت لەماڵەوە، یاخود بۆئەوەی دایك و باوك دانەبڕن لە تەماشاكردنی تیڤی كە خۆیان حەز بەتەماشاكردنی دەكەن، بۆیە گەورەكان دێن تیڤییەكی بچووك و پلەی ستەیشنێك دەكڕن بۆ منداڵ و هەرزەكارەكانیان و ژوورێكیان بۆ جیادەكەنەوە، منداڵ یان هەرزەكارەكە هەتا شەكەت دەبن و خەو دەچێتە چاویان بەتەنیایی و گۆشەگیر یاری دەكەن ئەوجا دەخەون، بێئەوەی خێزان ئەم ڕەوشە نادروستە بەهەند وەربگرن.
دەبینرێت منداڵان و هەرزەكاران لەكاتی خوێندنیشدا هەر سەرگەرمی ئەم یارییانەن لەماڵەوە، ڕەنگە یەك كاژێر كۆشش بكات و بخوێنێت بەڵام چوار یان پێنج كاژێر بەدیار پلەی ستەیشنەوە دادەنیشێت، ئەمەش لەڕووی پەروەردەیی و خوێندن و لایەنی كۆمەڵایەتی و دەروونییەوە مەترسی زۆری دەبێت.
هەندێ جار هەرزەكاران پارە و پولێكی زۆر خەرج دەكەن بەمەبەستی كڕینی سی دی بۆ پلەی ستەیشنەكانیان و دەبنە فشارێكی ئابوری بۆ سەر خێزانەكانیان، بەڵام سەیر لەوەدایە خێزان بێ ئاگا بێت لەجۆر و ناوەرۆكی سی دییەكان.
( توێژەرێك ئەزمونێكی ئەنجامدا لەسەر كاریگەری فیلمی توندوتیژی لەسەر ڕەفتاری منداڵان، ئەم توێژەرە دوو گروپ منداڵی هاو تەمەنی ئامادەكرد، هەر گروپە لەهۆڵێكی هاوشێوەدا دانران، هەر گرووپەش كۆمەڵێك بوكەڵە كەرەسەی یاری كردنیان بۆ دانرابوو، گروپێكیان فیلمێكی توندوتیژیان بۆ نمایشكرا و گرووپەكەی تر فیلمێكی زانستی، دوای تەواوبوونی نمایشی فیلمەكان، توێژەر لەڕێی كامێرای چاودێرییەوە كە لە هەردوو هۆڵەكەدا دانرابوو بینی ئەو گروپەی فیلمە توندیژییەكەیان بۆ نمایشكرابوو كەوتوونەتە لێدانی یەكتر و توندتیژی نواندن بەرامبەر بووكەڵە و كەرەسەی یارییەكانیان، بەڵام گروپەكەی تر زۆر بەهێمنانە مامەڵەیان لەگەڵ یەكتر و یارییەكانیاندا دەكرد). لەمەوە كاریگەری ئەو سی دی و فیلمانەی شەڕەنگێزی بەرهەمدەهێنن دەردەكەوێت لەسەر ڕەفتاری منداڵان و هەرزەكاران. هەروەها ئەم ئامێرەش كاریگەری خراپ هەیە بۆ كەمكردنەوەی تەركیز و ئاگایی منداڵان و هەرزەكاران، هەروەها ئەو منداڵانەی زۆر دادەنیشن بەدیار پلەی ستەیشنەوە و كەمتر دەجوڵێن ئەگەری قەڵەو بوونیان زیاتر دەبێت. هه‌روه‌ها به‌هۆی که‌می یان نه‌بوونی په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مجۆره‌ منداڵانه‌ له‌ڕووی توانای ئاخاوتن و زمانه‌وانییه‌وه‌ لاواز ده‌بن، هه‌روه‌ها که‌متر توانای گونجاندنی کۆمه‌ڵایه‌تییان ده‌بێت.
خێزان نابێت تەسلیمی خواستەكانی جگەر گۆشە منداڵ و هەرزەكارەكانی ببێت كە چەندین كاژێر دەخوازن بەدیار پلەی ستەیشنەوە دابنیشن و كات بەفیڕۆ بدەن و لەخوێندن دوا بكەون. بۆیە پێویستە خێزان ڕه‌فتاری دروست بگرنه‌ به‌ر.
ڕێنماییه‌کان له‌مبواره‌دا:
1- كات دیاری بكەن‌ بۆ منداڵ و هەرزەكار بۆ یاری كردن بەپلەی ستەیشن كە ڕۆژانە لەیەك كاژێر تێنەپەڕێت بەتایبەتی بۆ خوار تەمەنی شەش ساڵ.
2- چادێری ئەو سی دییانە بكە كە منداڵەكەت یان هەرزەكارەكەت یاریان پێدەكات و هەوڵبدە فیلمی سوودبەخش و زانستی و تەرفیهی دەستەبەر بكەیت و تا دەكرێت لەفیلمی توندتیژی دووری بخرێنە‌وە.
3- دەبێت منداڵ و هەرزەكار تێبگەیەنرێت كە دوای بەجێهێنانی ئەركی خوێندن و قوتابخانە بۆی دەبێت یاری بكات، نەك ئەركەكانی فەرامۆش بكات لەبەر یاری كردن بەپلەی ستەیشن.
4- ده‌بێت منداڵان هان بدرێن‌ بۆ ئەو یارییانەی جووڵەی جەستەیی تێدایە و كۆمەڵایەتییە بەتایبەتی لەگەڵ هاوڕێكانیدا یاری بكات زۆر باشترە، چونكە لەلایەك فێری ڕێسا كۆمەڵا‌یەتییەكان دەبێت، لەلایەك فێری بەخشین و وەرگرتن و ڕێزگرتن لەمافی بەرامبەر و زۆر بەهای جوانی دیكە دەبێت، وێڕای ئەمانە لەیاریە جووڵەییەكاندا كارامەییەكانی منداڵ و هەرزەكار گەشە دەكات و بۆ ماسوولكەكانی سوودی زیاتر دەبێت و ئەو ووزە زۆرەی منداڵ و هەرزەكار هەیەتی خەرج دەبێت.
5- دەكرێت لەپرۆسەی ڕاستکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاردا و له‌ڕێی په‌یڕه‌وکردنی ڕێسای پاداشت و سزاوه‌ سوود لەم ئامێرە وەربگیرێت، بۆنموونە كاتێك منداڵ یان هەرزەكار سەرپێچی دەكات و ڕەفتارێكی چەوت ئەنجامدەدات ئەم ئامێرەی لێهەڵبگیرێت وەك سزایەك، یان بەپێچەوانەوە كاتێك ئیشێك یان ڕەفتارێكی پەسەند ئەنجام ئەدات ڕێگە بدرێت نیو كاژێر زیاتر یاری بكات و بۆی ڕوون بكرێتەوە كە لەبەر ئەو ڕەفتارە باشە پاداشت كراویت.
6- لەكاتی پشووی هاویناندا، هەر‌زەكاران بەچالاكی بەسوود سەر‌قاڵ بكرێن نەك بەتەنها لەماڵەوە كاتەكانیان بەدیار پلەی ستەیشنەوە بەسەر بەرن.
كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت
ئاشكرایە لای هەمووان كۆمپیوتەریش هاوشێوەی پلەی ستەیشن و ئامێرەكانی دیكە ئەگەر بەباشی بەكارنەیەت هەمان كاریگەری خراپی ئامێرەكانی دیكەی دەبێت. ئەمڕۆ لەدنیادا هێڵی ئینتەرنێت بۆتە خێراترین و باشترین سەرچاوەی زانیاری و پەیوەندی لەنێوان مرۆڤ و كۆمەڵگەكاندا. بەڵام لەهەمان كاتدا ئەگەر بەخراپ سوودی لێوەربگیرێت گەورەترین مەترسی دەبێت بۆ سەر ڕەفتار و بیركردنەوە تاك بەتایبەتی هەرزەكاران و گه‌نجان، هەروەها زیانێكی زۆریشی دەبێت بۆ سەر دەرووندروستی و تەندروستی تاكەكان.
لەم ڕۆژگارەدا لەڕێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە هەموو كەسێك دەتوانێت بێ سانسۆر هەرچی دەخوازێت لە بابەت، وێنە، فیلم، دەستی بكەوێت. بۆیە دەبێت خێزان خۆی ڕۆڵی ئەو سانسۆرە ببینێت لەم بوارەدا.
هەرزەكاران و گەنجان ئەگەری تووشبوونیان بە گیرۆدەبوون زۆرە بەتایبەتی گیرۆدەبوون بەئینتەرنێتەوە چونكە بێئەندازە سەرنج ڕاكێشە و وەڵامی بۆ خولیا و خەونەكانی ئەوان پێیە.
ئەمڕۆ لەبازاڕەكانی كوردستان چەندین سەنتەر كراونەتەوە كە گەنجان و هەرزەكاران ڕووی تێدەكەن بۆ ئەوەی بچنە ئەو دنیایەی وەڵامی خواستەكانی ئەوانی پێیە، بۆ هەر كاژێرێك دوو هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت، واتە ئەگەر خێزان كۆمپیوتەر و هێڵی ئینتەرنێتیشیان بۆ دابین نەكەن ئەوا لەدەرەوە بەسانایی دەستیان دەكەوێت. هەرزەكاران و گەنجان بەشێكی زۆر لەكاتەكانیان بەدیار (چات) كردنەوە بەسەر دەبەن كە كەناڵێكی پەیوەندییە، هەروەها دەگەڕێن بەناو سایتە سێكسییەكان، كەبێئەوەی بەخۆیان بزانن چەندین كاژێر لەكاتیان بەفیڕۆ دەچێت لەمبوارەدا.
زۆر به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ ڕه‌فتاری ئالووده‌بوون دروستده‌کات، له‌هه‌مان کاتدا ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ په‌شێوی ده‌روونی زیاد ده‌کات و ده‌بێته‌ هۆی که‌مبوونه‌وه‌ی کاژێره‌کانی نووستن و دواکه‌وتن له‌ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانی سه‌رشانی تاک.
هەندێ جار خێزان لەبێ ئاگایی خۆی كۆمپیوتەر و هێڵی ئینتەرنێتی دابین كردووە بۆ كوڕ یان كچە هەرزەكارەكەی و ژووریشی بۆ جیاكردۆتەوە، ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە كە دایكان و باوكان تێیدەكەون، ڕاستە ئەمڕۆ بۆ مەبەستی زانیاری و خۆ پەروەردەكردن دەكرێت سوودی زۆر ببینرێت لەئینتەرنێت بەڵام نابێت بەو شێوازە هەڵانە مامەڵە بكرێت.
ڕێنماییه‌کان له‌مبواره‌دا:
1- كۆمپیوتەر و هێڵی ئینتەرنێت دەبێت لەشوێنی دانیشتنی گشتی خێزان دابنرێت نەك لەژووری تایبەتی كچ و كوڕە هەرزەكارەكانماندا.
2 دەبێت خێزان چاودێری ئەو سایتانە بكات كە هەرزەكارەكانیان بەرخوردی لەگەڵ دەكەن.
3- دەبێت خێزان چاودێری پەیوەندییە ئەلەكترۆنییەكانی ڕۆڵەكانی بێت چونكە هەندێ جار دەنگ تۆمار دەكرێت و وێنە و زانیارییەكانی ناو كۆمپیوتەر دەدزرێت دواتر وەك چەكێك بەكاردەهێنرێت بۆ سه‌پاندنی خواستی كەسی بەرامبەر.
4- ئەگەری ئەوە دەبێت لەڕێی پەیوەندییە ئەلەكترۆنییەكانەوە كچ و كوڕی هەرزەكار بكەونە ژێر كاریگەری كەسانی بەدڕەوشت و بەلاڕێ و هەڵەیاندا بەرن.
5- دەبێت كات دیاری بكرێت بۆ چوونە سەر كۆمپیوتەر.
6- ئەو كەسانەی بەرامبەر شاشەی كۆمپیوتەر دادەنیشن دەبێت بەچەند خولەكێك بۆ ماوەی چەند چركەیەك چاویان لابەن لەسەر شاشەكە و سەیری خاڵێكی دوور بكەن لە ژوورەكەیاندا.
7- هەرزەكاران تووشی نامۆبوون و گۆشەگیری دەبن بەهۆی زۆر بەكارهێنانی ئینتەرنێتەوە، بۆیە دەبێت خێزان هانیان بدات بۆ تێكەڵبوون و سەرقاڵبكەن بە چالاكی بەرهەمدارەوە.
8- دەبێت خێزان زوو زوو هۆشیاری بداتە ڕۆڵەكانی خۆی لەخراپ بەكارهێنانی ئەم ئامێرە و جەخت لەلایەنە باشەكانی بكاتەوە.

نیسان 6, 2012

سه‌یرانکردن و باری ده‌روونی – ده‌روونناس – سامان سیوه‌یلی

سەیرانكردن و باری دەروونی
ده‌روونناس
سامان سیوەیلی

لەم وەرزەدا دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەگشتی، لەڕۆژانی پشوو و هەینییه‌کاندا ڕوو لەسەیرانگەكان دەكەن، بەتایبەتی ئەمساڵ كەساڵێكی پڕ باران بوو و دەشت و دەر و سەیرانگەكان زۆر ئاڵوواڵا خۆیان نمایش دەكەن.
یەكێك لەگرنگترین ئەو ڕێوشوێنانەی مرۆڤ دەبێت بیگرێتە بەر بۆ دابەزاندنی باڵانسی فشارە دەروونییەكان و كەمكردنەوە و ڕەواندنەوە خەم و مەینەتییەكانی ژیانی ڕۆژانەی، سەیرانكردنە. بەتایبەتی لەم ڕۆژگارە پڕ جەنجاڵی و سەرقاڵییەدا كەدانیشتووانی شارە گەورە و قەرەباڵغەكان ڕۆژانە بەهۆی كەمی كات و سەوداكردن لەگەڵ ئامێرە تەكنۆلۆژییەكان و زیاد كاركردن و قەرەباڵغی ڕێگاوبانەكان و پیسبوونی ژینگەوه‌ زیاتر دەناڵێنن لەدەست نائارامی دەروونی و زیادبوونی دڵەڕاوكێ و كەمبوونەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان. بۆیە بەبەراورد بەناوچە كەم قەرەباڵغەكانی وەك شارۆچكە و شارەدێ و گوندەكان خەڵكی شارە گەورەكان زیاتر لەژێر كاریگەری فشاری دەروونیدان هەربۆیە زیاتر پێویستییان بەئەنجامدانی گەشت و كەشوهەوا گۆڕینە.
بەڵام ئەوەی مایەی تێڕامانە زۆربەی هاوڵاتیان سەیرانكردن لایان وەك ئەنجامدانی سوننەتێكی كۆمەڵایەتی وایە یاخود وەك چاولێكەری دوای قەرەباڵغی دەكەون و هەمان جەنجاڵی ژیانی ڕۆژانەیان لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە سەیرانگەكان. لەسەیرانگە دانیشتوون و بەمۆبایل مامەڵە و سەودا و كڕین و فرۆشی كاڵا دەكەن، بڕێكی زۆر ئەلكهول دەخۆنەوە و خەم و مەینەتییەكانیان دەكەنەوە هاوەڵی خۆیان، لەقەراغ شەقامەكان دادەنیشن و زیاتر لەناو شار دوكەڵی ئۆتۆمبێل و تەپوتۆز بەگەروویاندا دەكەن، لەناوچەیەكی تەسك و تەنگەبەردا كۆمەڵێكی زۆر لەتەنیشت یەكەوە دادەنیشن و ماوەی خێزانێك لەگەڵ خێزانێكی تردا لەهەندێ سەیرانگەدا لە دوو یان سێ مەتر تێناپەڕیت بەجۆرێك هیچ كام لەخێزانەكان ئازادانە هەڵسوكەوت ناكەن، یاخود كۆمەڵێك بەهاتوهاوار و گۆرانی گوتن و دەنگ هەڵبڕین هاوسێكانی خۆیان بێزار دەكەن. بۆیە وێڕای ئەو ڕۆڵە گرنگەی ئەنجامدانی گەشت بەتایبەتی سەیرانكردن هەیەتی لەگێڕانەوەی ئارامی بۆ دەروون و كەمكردنەوەی فشارە دەروونییەكان كەچی لەگەڵ ئەمەشدا هەندێ جار پێچەوانەوەی ئەم ئەنجامە بەدەستەوە ده‌دات.
‌ئەگەر چوون بۆ سەیران وەك چاولێكەری و تەنها بۆ ئەوەی بگوترێت سەیران كرا ئەنجام بدرێت، ئەوا لەمبارەدا دەبێتە هۆی زیادبوونی فشارە دەروونییەكان، ئەگەر وا لێكبدرێتەوە كەسەیرانكردن دەبێتە هۆی لەكار دابڕان و لەدەستچوونی دەستكەوتی ڕۆژێك، ئەوا فشارە دەروونییەكان زیاد دەكات. ئەگەر تۆ حەزت لەجێگەیەك نییە بەڵام لەبەر قەرەباڵغی ڕووتكردۆتە ئەو سەیرانگەیە ئەوا فشارە دەروونییەكانت زیاد دەكات.
كەواتە دەبێت بەڕاستی لەڕۆڵی سەیرانكردن تێبگەین كەچەندە گرنگە بۆ باری دەروونیمان و ئاسوودەیی و ئارامی بەخشین بەدەروونمان، بەڵام سەیرانكردنیش وەك هەر شتێكی تر مەرجی دروستیی خۆی هەیە كە لادان لێی ئەنجامی مەبەست نادات بەدەستەوە، ئەویش بەمجۆرە:
1- بڕیار بدە بچیت بۆ سەیران بۆ وەرگرتنی پشوو و حەوانەی جەستەیی و دەروونی و دوور كەوتنەوە لەجەنجاڵی و ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەت (نەك لەبەر قسەی خەڵكی و چاولێكەری).
2- بەدرێژایی ئەو ماوەیەی لەسەیرانیت تەركیز بكەرە سەر سروشت و وەرگرتنی هەوای پاك و چێژ وەرگرتن لەسروشت و كەشوهەوا.
3- كێشە تایبەتییەكانی ژیانی ڕۆژانەت تاووتوێ مەكە لەكاتی سەیرانكردندا، مۆبایلەكەت دابخە و هیچ ژوانێك دامەنێ بۆ ڕۆژی سەیرانكردن كەبڕیار و هەڵوێستت تۆی بوێت یان بەمەبەستی گەیشتنی هەواڵێك بێت.
4- ڕوو لەو شوێنە بكە كەئاسوودەت دەكات نەك شوێنێك لەبەرئەوەی قەرەباڵغی ڕووی تێدەكات، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ جێیه‌ک هه‌ڵده‌بژێریت که‌ زۆر قه‌ره‌باڵغه‌، ئه‌وا ئه‌م ڕه‌فتاره‌ت جگه‌ له‌ گۆڕینی جه‌نجاڵییه‌ک به‌ جه‌نجاڵییه‌کی تر هیچی تر نییه‌.
5- لەكاتی سەیرانكردندا هەوڵ بدە كەشێك بخوڵقێنیت كەپێكەنین و خەندە بەخش بێت. جلێك لەبەر بكە بۆ سەیران كە بحەوێیتەوە بەهۆیەوە نەك جلوبه‌رگه‌که‌ت ئازادیت لێ زەوت بكات یان هەڵسوكەوتت سنووردار بكات.
6- والێكیبدەرەوە كەگۆڕینی كەشوهەوا و پشوودانی جەستەیی و دەروونی بەخۆت بۆ ماوەی تەنها یەك ڕۆژ زۆر گرنگترە بۆ تۆ لەدەستكەوتی مادیانەی ئەو ڕۆژەت.
له‌میانی چاوپێکه‌وتنی که‌ناڵه‌کانی تیڤی له‌گه‌ڵ گه‌شتیاراندا هه‌ندێ شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ ده‌بیستین که‌ به‌ڕاستی به‌وجۆره‌ مرۆڤ نه‌ک هه‌ر ناحه‌وێته‌وه‌ و ئارامی به‌ده‌ست ناهێنێت، به‌ڵکو دووچاری نائارامی و فشاری ده‌روونیش ده‌بێت، بۆ نموونه‌: ده‌گوترێت له‌ کاتژمێر چواری به‌یانییه‌وه‌ به‌ڕێکه‌وتووین تاکو جێگامان ده‌ستبکه‌وێت، که‌واته‌ ئه‌م که‌سه‌ ده‌بێت له‌ کاتژمێر دووی به‌یانییه‌وه‌ هه‌ستا بێت به‌مه‌به‌ستی خۆکۆکردنه‌وه‌ و خۆئاماده‌کردن، که‌واته‌ به‌مجۆره‌ لانیکه‌م خۆی بێبه‌ری کردووه‌ لانیکه‌م له‌ نیوه‌ی کاته‌کانی خه‌وتنی، هه‌ربۆیه‌ له‌کاتی سه‌یرانکردنه‌که‌دا ئه‌م که‌سه‌ هێنده‌ ماندووی بێخه‌وی ده‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ چێژ له‌ سه‌یرانکردنه‌که‌ی وه‌رناگرێت.
نموونه‌یه‌کی تر: ڕێگه‌ هێنده‌ قه‌ره‌باڵغ بوو له‌مسه‌ره‌وه‌ به‌ سێ کاژێر گه‌یشتینه‌ جێی خۆمان و له‌و سه‌ریشه‌وه‌ زیاترمان پێچوو، ده‌بێت ئه‌مه‌ چ گه‌شت کردنێک بێت که‌ خێزانێک لانیکه‌م شه‌ش کاژێر له‌ناو ئۆتۆمبێل و چاوه‌ڕوانیدا بێت ته‌نها بۆ چوون و هاتنه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌ک که‌ ڕه‌نگه‌ له‌ ڕۆژانی ئاساییدا به‌ هه‌ردوو سه‌ر ته‌نها یه‌ک کاژێری کات بوێت.
هه‌ربۆیه‌ زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئێمه‌ کاتێک ده‌چن بۆ سه‌یران کردن ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ست به‌ماندووبوون ده‌که‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ست به‌ نائارامی ده‌که‌ن، نیو هێنده‌ چێژ وه‌رناگرن له‌ سروشت و ئارامی ده‌روونی و جه‌سته‌ییان پێنابڕێت.
له‌هه‌موو سه‌یروسه‌مه‌ره‌ تر له‌ سه‌یرانگه‌کانی کوردستاندا ڕه‌فتاری په‌یامنێرانی که‌ناڵه‌کانی تیڤییه‌، له‌کاتی هه‌ڵپه‌ڕین و هه‌ناسه‌سواری هاوڵاتیاندا مایک ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌می هاوڵاتیان و پرسیاری مێژوویی و جوگرافی و که‌لتوریان لێده‌که‌ن و نایه‌ڵن ئه‌و خه‌ڵکه‌ داماوه‌ به‌ دڵی خۆیان هه‌ڵپه‌ڕن. خۆزگه‌ ئه‌م دیارده‌ ناشیرینه‌ نه‌ده‌ما.

ئازار 23, 2012

ئیمۆکان چین و کێن … بۆ ده‌یانکوژن؟ – خوێندنه‌وه‌یه‌کی سۆسیۆلۆژیی – کۆمه‌ڵناس – حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ

ئیمۆكان چین و كێن…. بۆ دەیانكوژن؟؟
( خوێندنەوەیه‌کی سۆسیۆلۆژیی)
كۆمەڵناس: حەمەی ئەحمەد رەسوڵ

هەر دیاردەیەك لە كۆمەڵگادا، پێشتر وەكو حاڵەت و دۆخی دەگمەن و دووبارە دەردەكەوێت، بەڵام دواجار بەهۆی فاكتەری لاساییكردنەوەو هەوادار پەیداكردنی لە لایەنی تاكەكانی كۆمەڵگاوە، برەو و تەشەنە دەسەنێت، دەبێتە دیاردە. زۆرێك لەو دیاردانەش گەنجان پێی هەڵدەستن چونكە ئەوان، زوو مۆدێل و ستایڵ وەردەگرن و دەیقۆزنەوە، ئەوان سەرسامن بە شتی رووكەش، رووخساری دەرەوەی شتەكان سەرنجی گەنجان پێش پیران رادەكێشێت.. بۆیە سەیر نییە كە مۆدێلی نوێی جلوبەرگ، قژو زوڵفی كوڕان و هەروەها پرچ و ئەگریجەی كچان، برۆ و چاو و رووخسار ماكیاژ كردن، هەموویان بەپێی دوا مۆدێلی رۆژگار دەڕازێننەوە.
دیاردەی ئیمۆ، كە لە بەغداو شارەكانی باشوری عێراق برەوی هەیەو گەنجانی ئیمۆ تەشەنەیان پێسەندووە، بریتییە لەوەی گەنجانێك پەیدا بوون كە سەرو رووخسارو جلوبەرگ و رەفتارو گوزەرانی رۆژانەیان لەگەڵ گەنجانی دیكەی ئەمڕۆدا و گەنجانی چەند ساڵێك لەمەوبەر جیاوازەو ئیمۆكان، زیاتر هەڵسوكەوتیان لە كچان نزیكترە وەك لە كوڕان، نەرم و ناسك خۆیان پیشان دەدەن، دەستكاری مووی دەموچاوی خۆیان دەكەن، برۆ و چاویان هەڵدەگرن، جلوبەرگیان تەسك و تروسك دەكەنەوەو لەش و لاریان وەكو كچان بە نەرم و شلی و بە لەنجەوە هەنگاوی نەرم و خاو دەنێن.. بلوزی تەسك و بریق و باق لەبەر دەكەن، پانتۆڵی تەسكی شۆڕ بۆ خوار كەمەریان بە قایشێكی بریقەدارەوە دەپۆشن..
ملیان پڕ دەكەن لە ملوانكەی زیوی یان ئاڵتوونی و نقێمی گەورە گەورەی شووشەیی پێوە دەكەن.. قسەكردن و ئاخاوتنیان ناسك و زیق دەكەنەوە، وەكو كچ یان نێرمووك رەفتار دەكەن، هەندێك دەڵێن نینۆك و پەنجەكانیشیان لە نینۆك و پەنجەی كچان ناسكترن و مەرهەم و نیڤیای تایبەتی بۆ بەكار دێنن.. رۆژانەش لە شوێنی تایبەت بە خۆیان لەنێو شاردا، لە سەنتەر و كافیتریا و قاوەخانەكاندا، جگەرە دەكێشن، حەب و شرینقە و شروبیش بەكاردێنن بۆ ئەوەی تۆزێك سەریان گەرم بێت و بچنە نێو خەیاڵاتەوە.. نێرگەلەش دەكێشن و زۆرینەیان لاپتۆپ و ئینتەرنێتی وایەرلێسیان ( لەشێوەی رێبەر و تیشك نێت) پێیەو هەر خەریكی كردنەوەی سایت و فەیسبووكن.
شتێكی بەڵگەنەویستە كە ئیمۆكانی عێراق، كاریگەری رەفتاری دەرەوەی وڵاتەكەی خۆیان بەسەرەوەیە. بەو واتایەی ئەگەر لە سەدا سەد لاسایی هەندەرانی رۆژاواش نەكەنەوە، ئەوا لاسایی گەنجانی سوریا و لوبنان و كوەیت و خەلیجی عەرەبی دەكەنەوە.. چونكە ئەوان دەمێكە، كراونەتەوە بەسەر رۆژاوا و تەكنۆلۆژیادا، زۆرینەیان سەفەری ئەمەریكا و هەندەرانیان كردووە، لە وڵاتەكانی خۆشیاندا ئازادییەكی زیاتریان چنگ كەوتووە، لەوەی ئەم وڵاتەی ئێمە بۆی فەراهەم كردوون..
راستە ئەم دیاردەیە جوان و ئاسایی و نەریتی نییە و بەدڵی باوان و باپیران و نەوەی كۆن نییە، بەدڵی زۆرێك لە پیاوە راستگۆ و ئیشكەرو داهێنەرەكانیش نییە.. چونكە ئیمۆكان كار ناكەن و تەمەڵن، مشەخۆر و بەڕەڵان.. شێوازی ژیانیان بریتیە لە لاسایی كردنەوەی كەلتوورێك كە دوورە لە كەلتووری لۆكاڵی و نەریتی باو، بۆیە دەبنە جێگەی رەخنە و توانج و تەشەری زۆرینەی خەڵك.
راستە ئەوان رێچكە شكێنن، ئاگایان لە دوا مۆدێلی قژ و پۆشاكی جیهانییە بەڵام ئاگایان لە كێشە و گرفت و گوزەرانی خەڵكی ناو خێزان و كۆمەڵگاكەی خۆیان نین.. ئەوان چونكە كار ناكەن و مشەخۆر و بەكاربەرن، دەبنە گرفت و قورسایی بۆ سەر خەمی كەڵەكەبووی كۆمەڵگاكەیان. ئاگایان لە خوێندن و وەرگرتنی بڕوانامەكانیان نییە، ئاگایان لە پەیداكردنی بژێو و پارووە نانی خۆیان و خێزانەكانیان نییە.. ئەوان مرۆڤی سەرنەكەوتوون، نە لە خوێندن و نە لە كاركردندیاندا، سەركەوتوو نین. هەرگیز ناشبنە جێگەی بڕوا و متمانە و پشت پێبەستنی كەسوكاریان.
رەنگە لە ڕووی پەیوەندیی كۆمەڵایەتیشەوە، تەنیا پەیوەندی بە كەسانی لەشێوەی خۆیانەوە بكەن، رەنگە پەیوەندیی سێكسی لاڕێ و لادەریش ساز بدەن كە ئەوەش مەترسیدارە.. بۆ كۆمەڵگا و بۆ تەندروستی تاكەكانیش.
بەڵام هەموو ئەو تێڕوانین و قسە و بۆچوونانەمان رێگەی ئەوەمان پێنادەن، بڵێین نابێت و ناكرێت و ناشێت ئەم دیاردانە لە كۆمەڵگاكەماندا روو بدەن، لەبەرئەوەی ئێمە رزگارمان بووە لە دیكتاتۆرییەت، لە قۆناغی وەرچەرخانداین، بەرەو كرانەوە دەچین، بەرەو سیاسەتێكی ئابووریی سەرمایەدارییانە دەچین، كەواتە لەمجۆرە دیاردانەش ئاسایی دەردەكەون و هەر ئەمەش باجی كرانەوە و ئازادییە، رێگە لەمجۆرە دیاردانە ئاسان نییە و بە كوشتنیش چارەسەر ناكرێت. بە پێچەوانەوە یاساغ دەبێتە خوازراو (ممنوع مرغوب).. پێشتر لەم عێراقەدا هەموو شتێك، هزرێك ، چالاكییەك، قەدەغە و یاساغ بوون، رەنگەكان و دەنگەكان، هەموو دەبوایە وەك یەك بن ئەگینا باجەكەی و سزاكەی مەرگ بوون..!
بەڵام ئەمڕۆ وەكو بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی ئەم دیاردەیە، دەكرێت ئەو گەنجانە بخرێنە ژێر چاودێرییەوە و لە یانە و شوێنە وەرزشی و كۆمەڵایەتیەكاندا، كۆ بكرێنەوە، هان بدرێن زیاتر حەز لە خوێندن بكەن و خواست و خولیاكانیان لە بواری وەرزش و ئەدەب و هونەردا بەهێند وەربگیرێن.

ئازار 18, 2012

قاوداخستن (الاشاعة – rumor) – ڕێناس صالح – به‌شی ده‌روونناسی – زانکۆی کۆیه‌

قاوداخستن ( الاشاعە – rumor )
ڕێناس صالح
به‌شی ده‌روونناسی
زانکۆی کۆیه‌

قاوداخستن دیاردەیەكی كۆمەڵایەتییە بەوە دەناسرێت كە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە واتای ئەو رووداوە گرنگە دەگمەنانە دەبەخشێت كە شاراوەیی و نادیاریان تێدایە. هەروەها قاوداخستن بریتیە لە ووتەو هەواڵ و گێڕانەوەكان كە خەڵك دەیگوێزنەوە بەبێ دڵنیا بوون لە راستیەكەی وە هەندێك ووردەكاری نوێ ی بۆ زیاد دەكەن و بە پەرۆشەوە دەیگێرنەوە و بەرگری لێ دەكەن بەشێوەك ناهێڵن گوێگر گومان لە راستی قسەكانیان بكات.
قاوداخستن هەواڵێكی نادڵنیا و نا درۆیە زۆربەی جار بە شێوەیەكی زارەكی دەگوازرێتەوە لە هەڵوێستێك كە دڵەڕاوكێ و شپرزەیی دەوری داوە، وە قاوداخستنەكان كاتێك بڵاودەبنەوە كە هەڵوێستەكان نادیار بن و پێویستی بە زانیاری دەربارەیان هەبیًت، وە خەڵك كاتی ئەوەیان نابێت بۆ ئەوەی لە سەرچاوە دڵنیا و باوەڕ پێكراوەكان وەری بگرن.
قاوداخستن بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی دەروونی تاكەكان دەردەكەوێت واتا: بەشێوەیەكی راستەقینە دەردەكەوێت بەمەبەستی چارەسەركردنی رارایی ژیان، هەروەها رووداوە دیاریكراوەكان دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی قاوداخستنە جیاوازەكان لە كۆمەڵگەیەكی تایبەتیدا، نەك كۆمەڵگەیەكی دیكە ، ئەمەش بە گوێرەی سروشتی بارودۆخە كۆمەڵایەتیەكان و ئەو نەریتانەی كە كۆمەڵگە لەسەری راهاتووە دەگۆرێت.
ئەو كەسەی كە قاوداخستن بڵاودەكاتەوە ئامانجی بڵاوكردنەوەی دڵەڕاوكێ و ترسە لە ناخی تاكەكانی كۆمەڵگە یاخود هۆی بڵاوكردنەوەی ئارەزووی پێكەنین و خۆشیە یاخود ئارەزووی بەدیهێنانی ئامانج و خەونەكانیەتی.
قاوداخستن و مێژوو:
رۆمانیە كۆنەكان بە پەتای قاوداخستنەوە دەیانناڵاند تا رادەیەك كە پاسەوانی قاوداخستنیان دامەزراندبوو ، ئەم پاسەوانانە كارەكەیان بریتی بوو لە تێكەڵاو بوون بە خەڵك و گواستنەوەی ئەو ووتانەی كە گوێیان لێ دەبوو بۆ كۆشكی ئیمپراتۆری. هەروەها لەسەر پاسەوانانی قاوداخستن ئەوەبوو كاتێك كارەكە لە سنووری خۆی لای دەدا لەلایەن خۆیانەوە هەڵمەتێكی دژ بە قاوداخستنیان دەست پێ دەكرد.
قاوداخستن لەلایەن پادشای ئاشوریەكانیش لە وڵاتی میسۆپۆتامیا بەكارهاتووە بۆ بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقین و دووركەوتنەوەی دوژمن هەروەها ترساندنی دوژمن بەو زانست و زانیاری و چەك و هێزە گەورانەی كە هەیانە چونكە بابل ئەوكات سەنتەری زانست و بڵاوكردنەوەی زانیاری بووە .
وە ناپلیۆن پۆناپرت سەركردەی فەرەنسی بەناوبانگ دەڵێت: ” دوو هێز هەیە لە مرۆَڤدا، هێزی چەك و هێزی عەقڵ، لەوانەیە هێزی چەك لەناوبچێ بەڵام هێزی عەقڵ هەرگیز لەناو ناچێ “.
پۆلێن كردنی قاوداخستن :1-
1- قاوداخستنی ترس: ئەم جۆرە چەق دەگرێ لەسەر دروستكردنی دڵەراوكێ و ترس و تۆقین لەناخی تاكەكانی كۆمەڵگە، ئەم جۆرە پشت دەبەستێ بە بوونی تایبەتمەندی ترس و دڵەراوكێ لە ناخی تاكەكان چونكە لەم دوو حاڵەتە تاكەكان ئامادەن بۆ وێناكردنی زۆر شت كە هیچ بناغەیەكی راستی نیە و زۆریش لە راستیەوە دوورە.ئەم جۆرە زیاتر لەكاتی جەنگ و قەیرانە ئابووریەكان بڵاودەبێتەوە لەنێو خەڵكی.
2- قاوداخستنی رق و كینە: ئەمەیان مەترسی ترین جۆری قاوداخستنە چونكە هەوڵی كاركردن دەدات لەسەر چاندنی رق و كینە لەنێوان تاكەكان، ئەم جۆرە لە قاوداخستن سەرهەڵدەدات بۆ بە مەبەستی دەربڕینی هەستی رق و توورەیی وە پاڵنەرە شەرانگێزیەكان كە لەناخی تاكەكاندا هەیە.
3- قاوداخستنی هیوا: ئەمەش جۆرێكە كە دەربڕینێكە لە هیواو خەونی گێرەرەوەكەی بەو هیوایەوە باسی دەكات كە ببێتە راستی، ئەم جۆرە لەكاتی جەنگ و قەیرانەكان بە شێوەیەكی خێرا بڵاودەبێتەوە چونكە وا لە خەڵك دەكات هەست بە جۆرێك لە رازی بوون و خۆشی بكەن و وایان لێدەكات هەست بە پڕكردنەوەی هەندێك لە ئارەزوو و هیواو ئاواتەكانیان بكەن.
بڵاوكراوەكان و قاوداخستن :
سەرەڕای ئەوەی قاوداخستن بە رێگای قسەكردنی ئاسایی بڵاودەبێتەوە بەڵام ناتوانین رۆڵی قسەی چاپكراویش بەكەم بزانین لەم بابەتە، وە لەو وڵاتانەی كە بڵاوكراوەكان لەژێر چاودێری دەزگا حكومیەكاندان ئەوە قسە چاپكراوەكان بۆی هەیە ببێتە سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ سەرهەڵدانی قاوداخستن، هەروەها لەو وڵاتانەی كە بڵاوكراوەكان سەربەخۆشن ئەوا بۆی هەیە بە ناهۆشیارانە و بەبێ ئاگایی قاوداخستن تیایاندا بڵاوببێتەوە ئەمەش لەوانەیە بەهۆی ئەو هەڵەیەوە بێت كە سەرچاوەو تەندروستی هەواڵەكە نەزانراوبێت، خەڵكانێكی زۆر كەم ئاگاداری ئەوە دەبن كە هەر ناونیشانێك بڵاوبكرێتەوە لەوانەیە قاوداخستن بێت هەربۆیەش هەر چیرۆكێكی چاپكراو ناتوانرێت هەمووی بوترێت و بە ووردی و بە روونی.
هەروەها پەیامنێری رۆژنامەكانیش خۆیان لە بارێكی دەروونی زۆر ئالۆزدا دەبیننەوە چونكە هەرچەند نیەتیان پاك بێت ئوا گێرانەوەكانیان مەحاڵە بەلای قاوداخستندا نەڕوات وە لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا پەیامنێر دەبێتە ( شایەدحاڵ – شاهد عیان ) بۆ ئەو رووداوانەی كە دەیانگێرێتەوە بەڵام پەیامنێرەكا كاتێك دەچنە شوێنی رووداوەكان كە رووداوەكان كۆتاییان پێ هاتووە هەر بۆیە ئەگەری قاوداخستن لە باسكردنەكانیاندا هەیە.
قاوداخستن و هەندێك لە گۆرانە كۆمەڵایەتیەكان :
1. قاوداخستن و هۆكارەكانی بڵاوكردنەوە: بڵاوكراوەكان رۆڵێكی بینراویان هەیە لە بڵاوكردنەوەی قاوداخستن لەرێگای چەند وشە و رستەیەكی بەرچاو وەك : ” لەناوەندە زانستیەكاندا ئەوە وترا ، ناوەندە سیاسیەكان وا پێشبینی دەكەن ، فڵان كۆمپانیا چاوەروانی هەڵسانن بە……هتد.” وە زۆرێك لە بابەتی هاوشێوە كە رۆژانە بەر گوێ و چاوەكانمان دەكەوێت لە دەزگا هەمەجۆرەكانی راگەیاندندا.
2. قاوداخستن و ماددە هۆشبەرەكان: هەندێك قاوداخستن لەلایەن تاكەكانی كۆمەڵ بڵاودەبێتەوە كە تیایدا روو لە گەنجەكان دەكات و دەڵێت : ماددە هۆشبەرەكان لەش بەهێز دەكات و هەروەها رزگارت دەكات لە كێشە دەروونیەكان و مێشك ئارام دەكاتەوە و هەڵچوونەكان دادەمركێنێتەوە و یارمەتی بیركردنەوەی باش و لەبیركردنی خەمەكان دەدات .
هەموو ئەو قاوداخستنانە مەبەستی بێ هێزكردن و دەست بەسەرداگرتنی كۆمەڵگەیە و روو لە گەنجەكان و هەرزەكارەكان دەكەن چونكە ئەوان كۆڵەگەی كۆمەڵگەن و بەوان كۆمەڵگە چاك كاری تێدا دەكرێت و پێش دەكەوێت هەربۆیە ئەوانەی قاوداخستن بڵاو دەكەنەوە مەبەستیان تێكدان و شپرزە كردنی كۆمەڵگەیە.
هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی قاوداخستن و پاڵنەرەكانی :1.
1- گەشەكردنی تاك لە ژینگەیەك كە خەڵكەكەی لەسەر بڵاوكردنەوەی هەواڵی بێ سەرچاوە و نادڵنیا لێڕاهاتوون و جوانكردنی هەواڵەكەیان بە وشەكانی ( گوێم لێبوو كە….؟ وایان ووت …؟…..هتد ).
2. هەوڵدانی تاك بۆ شیكردنەوەی راستیەكان بە تەفسیرێكی لۆژیكی هەتا ئەگەر كرۆكی تەفسیرەكەشی لانەبوو.
3. پەرۆَشی و حەزكردن بە زانین و لێكۆڵینەوە لەراستیەكان بەبێ گرنگی دان بە زانینی سەرچاوەكانی و دڵنیابوون لێی.
4. بوونی رق و كینە بۆ بەرامبەر لەدەرەنجامی كێبركێ كردن وا لەتاكەكان دەكات كە قاوداخستن بۆ بەرامبەرەكەیان دروست بكەن و زیادەرەوی بكەن لە بڵاوكردنەوەی قاوداخستنی درۆ و ناراست دەربارەیان.
5. پاڵنەری سۆزداری و دەروونی جیاواز وەك: ( خۆشەویستی بۆ تاك یان كۆمەڵ یان رق لێبوونەوە ، هیوا ، ترس ، پەرۆشی لە زانینی شتەكان ، كپ كردن ) ئەو كەسەی كە توانای رووبەروو بوونەوەی كەسێكی دیاریكراوی نیە وا دەكات كە قاوداخستن دەربارەی بڵاوبكاتەوە بۆ بەتاڵ كردنەوەی ئەو هێزە دەروونیەی كە لەناخیدایە.
6. بێ توانایی زاكیرە لە قاراستنی زانیاریەكان بۆ ماوەیەكی دوورو درێژ وا دەكات كە چوارچێوەی بابەتەكە بگۆردرێت، هەندێك قاوداخستن هەیە راستیە بەڵام بە تێپەڕبوونی كات و بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە راستیەكان بە خەیاڵ تیكەڵ دەبن و بە تێپەربونی كات دەبنە قاوداخستن، سەرژمێری كراوە لەهەندێك كۆمەڵگە كە دەركەوتووە %70 ی هەواَلەكان دەبنە قاوداخستن دوای گواستنەوەیان لەنێوان پێنج تا شەشە كەس.
7. رازی كردنی دەروون، بۆ نموونە كەسێك لە كارەكەی فەشەلی هێناوە ئەمە وای لێدەكات قاوداخستن بڵاوبكاتەوە دەربارەی بازرگانەكانی تر و ناوهێنانیان بە ژێركەوتوو و یاخود كاركردن بە دزی ئەمەش بەهۆی نەبوونی توانا لە رووبەرووبونەوە لەگەڵ ناخی خۆیدا و دان نان بە فەشەلە هێنانەكەی.
سەركەوتنی قاوداخستن :1.
1- بابەتی قاوداخستن بەسترابێتەوە بە لایەنی هەستدار یاخود رووداوێكی گرنگ یاخود كارێك لە كارە كۆمەڵایەتیەكان یان ئابووریەكان یاخود سیاسیەكان.
2. هەبوونی بۆشاییەكی دەروونی كۆمەڵایەتی وا لە كۆمەڵەكان دەكات كە بە خێرایی هەر گووتە و ووتراوێك بێت وەری بگرن بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە كە بەهۆی نەبوونی هەواڵی راستی كە پەیوەندی بە رووداوێكی گرنگەوە هەبێت هەروەها بێ هێزی پەیوەندی كردنی ناوەكیەوە دروست بووە.
3. نادیاری قاوداخستن و نەبوونی روونی تەواو بۆ ووردەكاریەكانی ئەمەش وا لە تاكەكانی كۆمەڵ دەكات كە پرسیاری زیاتر لەلایان دروست بێت بۆ روونكردنەوەی بابەتەكان ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گومان و قسەو قسەڵۆك كە ئەمەش یەكێكە لە ئامانجەكانی قاوداخستن.
4. هەبوونی پێكهاتەی ترس و دڵەراوكێ لەلای تاكەكانی كۆمەڵگە.
5. قاوداخستن جەخت لەسەر رووداوێك یاخود پێكهاتەیەكی راستگۆ بكاتەوە.
شیكردنەوەی دەروونی بۆ قاوداخستن :
هەندێك لە زاناكانی دەروونزانی وای دەبینن كە قاوداخستن دەربڕین لە هەست و سۆزی كپ كراو دەكات لە دەروون ئەمەش وەك زیندە خەون وایە ، ووتنەوەی هەست و سۆزە كپ كراوەكان دەردەخات و پاڵنەرەكان ئازاد دەكات، هەروەها پەستانێكی بیریش هەیە پێویستی بە شیكردنەوەی هەڵوێستە ئاڵۆزەكان هەیە بەپێی هیواو داواكاریەكان هەربۆیەش گواستنەوەی قاوداخستن لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر گۆرانكاری بەسەردا دێت واتا هەریەكە و بە گوێرەی ئارەزووەكانی خۆی دەیگۆرێت.

ئازار 14, 2012

چیرۆکێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ – ئه‌و ڕۆژه‌ی خیانه‌ت وه‌ک نه‌شته‌ر ژیانمی هه‌نجن هه‌نجن کرد – نووسینی – عومه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌یی

چیرۆكێکی كۆمەڵایەتی ڕاستەقینە
ئەوڕۆژەی خیانەت وەك نەشتەر ژیانمی هەنجن هەنجن كرد…!!!
نوسینی: عومەر هەڵەبجەیی.

میهرەبان، ناوی ژنێكی باڵا مام ناوەندی ڕوخسار سپی چاو شینە. لەخانەقینەوە بۆسلێمانی دەگەڕامەوە بەرامبەرم دانیشتبوو، زۆر پەشێو حاڵ بوو، هەموو جەستەی دەلەرزی بەشێوەیەك كە سەرنشینەكانی پاسەكە بەتەواوەتی هەستیان پێ‌ دەكرد، لەپاش یەكتر ناسین‌و خەڵكی كوێیت‌و پیشەت چییە؟” چیرۆكی ناپاكی هاوسەرەكەی بەم شێوەیە لەسەر زاری خۆیەوە گێڕایەوە.
ماوەی (10) ساڵ زیاترە لەگەڵ ئەرسەلاندا دەژیم، ئەوهیچ كات باوكێكی باش نەبووە بۆمنداڵەكانم،هەروەها هاوسەرێكی باشیش نەبووە بۆخۆم، هەمیشە بەهەژاری‌و كولەمەرگی ژیانمان گوزەراندووە. بەڵام ئەفسوس بۆعەقڵ ساویلكەی من كە بەدۆر‌و فێڵەكانی باوەڕم كردوو ژیانم لەگەڵدا پێكهێنا، چونكە چەند كەسی كرد بەتكاكار‌و دەپاڕانەوە، تاوەكو زەواجی لەگەڵدا بكەم، بەڵام وەك ئەوەی شتێك لەناو مێشكمدا هۆشداریم پێ‌ بدات‌و بڵێ‌ میهرەبان ئاگاداربەو هاوسەرگیری لەگەڵدا نەكەیت، تاوەكو سەرئەنجام كۆتا ڕێگەی هەڵبژارد، دەهات لەبەردەم دەرگاكەماندا خۆی دەدا بەزەویدا‌و دەیگوت” یان دەمكوژن یان میهرەبانم دەدەنێ‌، دواجار براكانم پێیان ووتم” ئێمە دوو ڕێگەمان لەبەر دەستایە، یاخود بیكوژین، كە ئەوەش قەتلەو شەڕو شەڕخوازی لێدەبێتەوە، یان بالەوە زیاتر ئابڕوومان نەچێت لەنێو خەڵك‌و كۆڵاندا، تۆڕازیت میهرەبان هاوسەرگیری لەگەڵدا بكەیت؟ ئێمەی ئافرەتان خاڵی لاوازمان ئەوەیە هەركوڕێك فرەتر سۆزو هەستمان بداتێ‌ زیاتر شەیدا‌و عاشقی ئەودەبین، ئەگەریش سۆز‌و هەستی سر‌وشتی نەبێت، بەڵكو دەست كرت بێت‌و ووشەی ناواقعیش لەزاری بێتە دەرەوە، ئێستە زۆرێك لەكوڕان ئەوقولاپە بەكاردەهێنن بۆڕاوكردنی كچان، دەڵێن” سۆز چییە؟ خۆسەنتمان لێ‌ ناڕوات گرنگ ئەوەیە ئەوكچەی كە دەتەوێت بەدەستی بهێنە، پاش هاوسەرگیری‌و هاتنە ناوەوەی منداڵ ئیدی ژن مەجبورە قوڕقوشم بتوێنەرەوە بەسەریدا قبوڵی بكات، بەڵام ئافەرینی ئەوكچانە دەكەم كە ناكەونە ناوتۆڕی درۆی دەربڕینی سۆزی ساختەی كوڕانەوە، لەبری ئەوەی لەڕێگەی ووشەی زڕق‌و بڕقەوە تەلاری ژیانیان بونیان بنێت، كە سەرئەنجامەكەی هەرداڕمان‌و ئاژاوە‌و لێكجیابوونەوەیە، یان ناپاكی هاوسەری تیادا ئەنجام دەدرێت، وەكە من‌و چەندەهای دیكە، چونكە هەڵچوونی سۆز وەك شەپۆلی دەریا وایە، لەكەمترین ماوەدا دەنیشێتەوە‌و بەرەو پووكانەوە دەچێت، بەڵام عەقڵ‌و لۆژیك ئەوبناغە پۆڵاینەیە مەگەر مەرگ كۆتایی بهێنێت بەژیانی ئەودووكەسە.
ئێمە بۆماوەی چوارساڵ لەخانەقین دەژیاین، پیاوەكەم پۆلیسی حكومەت بوو، هەرچەندە خەڵكی خانەقین نەبووین، بەڵام بەهۆی پیشەی پیاوەكەمەوە خانوویەكمان لەوێ‌ بەكرێ‌ گرتبوو، لەناچاریدا تیایدا دەژیان، لەبەر ئەوەی ژیان كردن بۆئێمە لەوێ‌ گەلێك سەخت‌و دژوار بوو، چونكە ئێمە خەڵكی كوێستان‌و ئەوێش گەرمیان بوو، ئاوهەوایەكی ئێجگار گەرمی هەبوو، پاش چوارساڵ من بەتەواوەتی بێزاربووم لەخانەقین، هەربۆیە بڕیارماندا بگەڕێینەوە بۆ ناوچەی خۆمان، بەڵام پیاوەكەم دەوامی هەرلەوێ‌ بوو، ژیانمان زۆر بەناڕەحەتی دەگوزەراند بەتایبەت لەڕووی ماددەوە زۆر كەم دەرامەت بوویت، ڕاستە پیاوەكەم موچەخۆربوو، هەرچی موچەكەی هەبوو خەرجی مەشروب‌و سەفرەو خۆش گوزەرانی خۆی دەكرد، كاتێك بەئێرە گەیشت ئەسرین چاوەكانی پڕ كرد، لەترسی عەیبەی خەڵك‌و ئابڕووی براو كەس‌و كارەكەم، نەم دەتوانی جیاببمەوە لەئەرسەلان، چونكە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە لەترسی منداڵەكانم‌و ئەوهەمووە خۆشەویستیەی كە هەمبوو بۆیان نەمدەتوانی دەستبەرداریان ببم، چونكە زۆربەی ئەودایكانە كە لەلایەن مێردی نائینسانەوە دەیانچەوسێننەوە تەنها لەبەرخاتری زاڕۆڵەكانیانە قبوڵی ئەو ژیانە دەكەن، هەروەها نەشم دەوێرا شكاتی بكەم لەلای خێزانەكەم نەبادا بەبۆنەی منەوە شەڕ‌و ئاژاوە هەڵبگیرسێت‌و خوێن بڕژێت، لەبەر ئەوە بەنان كردن بۆماڵان ژیانی خۆم‌و منداڵەكانم‌و كرێی خانوەكەم دەردەهێنا، ماڵی دەرو دراوسێش ئاوابێت هاریكاریان دەكردین، چونكە چیرۆكی ژیانم بۆژنی دراوسێكانم دەگێڕایەوە ئەوانەی كە هاتوو چووم هەبوو لەگەڵیاندا، هەرچی داماوی‌و ڕووداوی كەمەر شكێنەر هەیە بەسەرمدا هات‌و قبوڵیشم كرد تەنها لەبەر ئەوەی خودا بكات‌و ڕۆژێك لەڕۆژان ئەم پیاوە ویژدانی بجوڵێت‌و ئاوڕێكمان لێ‌ بداتەوە، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕۆیشت، تاوەكو ڕۆژێك هەوری ڕەشی ژەهراوی باڵی كێشا بەسەر ژیانمدا‌و شتێك كە هەرگیز بیرم لێ‌ نەدەكردەوە زیندەگیمان لەوە زیاتر بەرەو خراپ بوون بڕوات ئەوە بوو، یەكێك لەهاوڕێ نزیكەكانی ئەەرسەلان تەلەفۆنی بۆكردم‌و پێی ووتم” میهرەبان خانم ئەرسەلانی هاوسەرت ماوەیەك دەبێت ژنی هێناوە‌و تۆ بێ‌ ئاگای لێی، ناونیشان‌و ماڵی ژنەكەی دا پێم‌و منیش دەستبەجێ‌ كەوتمە لێكۆڵینەوە‌و بەدواداچوون، بەڵام سەرئەنجام بەوشێوەیە بوو، ژنی هێنابوو، كاتێك لەلای من بەبۆنەی دەوامەوە دوەڕۆیشت بۆخانەقین، لەوێ‌ دەوامی دەكرد‌و لەپاش كۆتایی هاتنی دەوامەكەی دەچوو بۆماڵی ژنی دووەمی، تەنها شتێك كە زۆر ئازارم دەدات ئەوەیە لەگەڵ كەسێكدا هاوسەرگیری كردووە ئەوكاتەی ماڵمان لەخانەقین بوو، ئەوانیش دراوسێمان بوو، ژنە حەشای كردووە لەمێردەكەی‌و شوی بەپیاوەكەی من كردووە، هەروەها ئێستاش پیاوەكەی من حەشای كردووە لەمن‌و دەڵێت” منداڵەكانیش بۆخۆت، ئاخر خودایە من چۆن دەتوانم ئەومنداڵانە بەخێو بكەم، خێزانەكەم دەڵێن ئەومنداڵانە، منداڵی ئەوناپیاوەن پێویستە بیدەیتەوە بەسەریدا منیش پێم خۆشە گیانم دەربهێنن‌و منداڵەكانم لێ‌ جودا نەكەنەوە، چونكە هیچ كات ناتوانم بەبێ‌ ئەوان بژیم، هەروەها خانەوادە‌و كەس‌و كارم دەڵێن” یاخود ئێمە نایەینە ناوكێشەو گرفتەكەت‌و خۆمان دوورەپەرێز ڕادەگرین، یان ئەومنداڵانە بدەرەوە بەباوكی، منیش زۆر دڵنیام ئەوچوار منداڵەم ئاوارەی سەر شەقامەكان دەبن‌و بەهەموو ڕێگەیەكی لادەردا دەڕۆن، چونكە باوكیان هیچ سۆزیكی پێوەیانەوە نییە، تەنانەت ئەوژنەی كە هێناویەتی قبوڵی ئەوە ناكات لەگەڵ منداڵەكانی مندا بژیەت‌و خزمەتیان بكات، تەنها دووعا‌و پاڕانەوەم ئەوەیە لەخودا ئەو ژوورە خۆڵەی كەتیایدا دەژین‌و یەكێك لەخزمەكانی خۆمان داویانە پێمان لەبەرخاتری خودا بڕوخێت بەسەر من‌و منداڵەكانمدا، چیتر بەرگەی ئەم بارەقورسەی ژیان ناگرین…!!!

ئازار 14, 2012

(پێشبڕکێی ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی) له‌ منداڵانی سه‌رشه‌قامه‌وه‌ بۆ گه‌نجانی سه‌رشه‌قام – په‌پوله‌ عه‌بدوڵا – به‌شی کۆمه‌ڵناسی – زانکۆی سلێمانی

له‌ منداڵانی سه‌رشه‌قامه‌وه‌ بۆ گه‌نجانی سه‌رشه‌قام
په‌پوله‌ عه‌بدوڵا
به‌شی کۆمه‌ڵناسی
زانکۆی سلێمانی

هیچ چاوێک نیگه‌رانی داهاتووی لێڵ و نادیاری ئه‌وان نیه‌، هیچ دڵێک بۆیان ته‌نگ نابێت، نه‌ ئه‌و کاتانه‌ی له‌ کۆڵان و سه‌رشه‌قامه‌کان پڕن له‌ ماندووبوون و بێ هیوایی، نه‌ ئه‌و کاتانه‌ی شه‌و به‌خه‌یاڵی ماڵێک دوور له‌ شه‌قام ڕۆژ ده‌که‌نه‌وه‌.
هه‌موومان ڕۆژانه‌ له‌ شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌کانی شار ئه‌و منداڵانه‌ ده‌بینین که‌ به‌ سیمایه‌کی ئاڵۆز و تۆزاوییه‌وه‌ نیگه‌ران و غه‌مبار سه‌رقاڵی کار و شت فرۆشتنن، خه‌ونی ساوایان تێکه‌ڵ به‌ ماندووبوونه‌کانی سه‌ر شه‌قام ده‌که‌ن، به‌ سیمایه‌کی غه‌مباره‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ژیان، ئه‌م سیمایه‌ش هه‌ستی هه‌موو مرۆڤێک ده‌بزوێنێت.
دیارده‌ی منداڵانی سه‌رشه‌قام هه‌ر له‌ کوردستان نیه‌، ته‌نیا له‌م هه‌رێمه‌دا خۆی به‌رجه‌سته‌ ناکات، هه‌ر له‌م هه‌رێمه‌شدا خۆی کۆتایی نایه‌ت. له‌ کۆڵانه‌ تۆزاوییه‌کانی ئه‌فغانستانه‌وه‌ بگره‌ تا شه‌قامه‌ ڕازاوه‌ و بریقه‌داره‌کانی نیویۆرک بوونی هه‌یه‌ و ده‌بنیرێت، حه‌قیقه‌تی تاڵ و ناخۆش که‌ له‌ کوردستانیشدا هه‌یه‌ و تائه‌مڕۆ که‌متر سه‌رنجی پێدراوه‌ (کێشه‌ی منداڵانی شه‌قام)ه‌، منداڵانێک که‌ له‌ڕابردوویه‌کی نزیکدا که‌متر به‌رچاو ده‌که‌وتن یان به‌دینه‌ده‌کران، به‌ڵام ئه‌مڕۆ که‌ له‌سایه‌ی ئازادیدا به‌پانتایی شاره‌کان و شه‌قامه‌کان بوونیان هه‌یه‌ و ده‌بینرێن.
حه‌قیقه‌تی ناخۆش که‌ بوونی هه‌یه‌ کێشه‌ی منداڵانێکه‌ که‌ که‌متر سه‌رنجیان پێده‌درێت، به‌ڵام له‌ حه‌قیقه‌تدا ئاوێنه‌یه‌کن بۆ که‌سانی تری کۆمه‌ڵگه‌، تا هه‌ژاری وێنا بکه‌ن و نادادپه‌روه‌ری هه‌ڵاواردن له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا بخه‌نه‌ ڕوو. بۆیه‌ ده‌بینین ئیمڕۆ کۆمه‌ڵگه‌ ئاوێنه‌یه‌کی هه‌یه‌ که‌ هه‌ژاری و ته‌نگده‌ستی به‌باشی ده‌خاته‌ ڕوو. له‌و ئاوێنه‌یه‌دا هه‌ژاری له‌سه‌ر هه‌ر چوار ڕێیه‌ک و له‌پشت هه‌ر ترافیکێک نیشان ده‌درێت و ده‌بینرێت، ساده‌ترین پێناسه‌ بۆ ئه‌و منداڵانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ناویان بنێین قوربانیانی داهاتوو، قوربانیانێک که‌ ئێستا شاراوه‌ن، به‌ڵام له‌ داهاتوودا خۆیان وێنا ده‌که‌ن و به‌رجه‌سته‌ ده‌بنه‌وه‌. قوربانیانێک که‌ جه‌نگ و شه‌ڕه‌ یه‌کبه‌دوای یه‌که‌کان خوڵقێنه‌ری نییه‌، به‌ڵکو کۆڵان و شه‌قامه‌کانی شاره‌کان پێمان ده‌ناسێنن، هه‌ر ئه‌وانیش په‌روه‌رده‌ی ده‌که‌ن، له‌ په‌یماننامه‌ی جیهانی مافی منداڵاندا ئیشکردنی منداڵی خوار ته‌مه‌ن پانزه‌ ساڵ هه‌روه‌ها سوود وه‌رگرتن له‌ منداڵان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت چ له‌ڕووی ئابوری یان له‌باری سیاسی قه‌ده‌غه‌ کراوه‌. ئه‌وه‌ی گرنگی پێدراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ منداڵان ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ئیشانه‌دا بپارێزرێن که‌ گه‌شه‌کردنی ته‌ندروستیان بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ چاره‌نووس و بوونیان ده‌که‌ن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ نزیکه‌ی (150) ملیۆن منداڵ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به‌ کوردستانیشه‌وه‌ ڕۆژه‌کانی خۆیان به‌ ئیشی سه‌رشه‌قامه‌کانی ناو شاره‌کان و کاری تاقه‌ت پڕوکێن به‌سه‌رده‌به‌ن و خۆیان له‌گه‌ڵ تۆز و ماندوبوونه‌کانیان و چه‌رمه‌سه‌رییه‌کانیان ڕادێنن، بۆئه‌وه‌ی بتوانن که‌لێنێک له‌ درزی هه‌ژاری خێزانه‌کانیان بگرن.
دیارده‌ی منداڵانی سه‌رشه‌قام به‌شێوه‌ی ئیمڕۆی دیارده‌یه‌کی شارییه‌، واته‌ شار و ئاڵۆزییه‌کانییه‌تی که‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، هه‌ر شار و شه‌قامنشینه‌کانیه‌تی که‌ قوربانیانی داهاتوومان پێده‌ناسێنێت، لادانه‌کانی دواڕۆژمان له‌ ئێستادا بۆ وێنا ده‌کات. له‌به‌ر ڕووناکی ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ هۆشیاری کۆمه‌ڵگه‌ و تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ سه‌باره‌ت به‌ منداڵانی سه‌ر شه‌قام، منداڵانی ئیشکه‌ر، کارێکی پێویسته‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵانی سه‌رشه‌قام له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا له‌ قۆناغ و حاڵه‌تی منداڵی ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌بنه‌ گه‌نجێکی سه‌رشه‌قام. ئه‌گه‌ر تێڕامانێکمان هه‌بێت ده‌بینین که‌ پرسی ئیشی منداڵان به‌گشتی په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ژاری خێزانه‌کانیانه‌وه‌ هه‌یه‌، منداڵانی خێزانه‌ که‌م داهات و هه‌ژاره‌کان ناچارن له‌ زیادکردنی داهاتی خێزانه‌کانیاندا به‌شداری بکه‌ن و کاریگه‌رییان هه‌بێت، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین هه‌ژاری خێزانه‌کان یه‌کێک له‌ ڕه‌هه‌نده‌کانی دواکه‌وتووی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و کلتورییه‌، که‌ ئه‌مڕۆ زۆرێک له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی گرتۆته‌وه‌.
قۆناغی منداڵی گرنگی و بایه‌خێکی زۆری له‌ گه‌شه‌کردن و ته‌ندروستی وه‌رگرتنی که‌سایه‌تییان هه‌یه‌، سه‌رنجدان له‌ پێویستییه‌کان و مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کان له‌و ساڵه‌ هه‌ستیارانه‌دا ڕۆڵێکی گرنگ له‌ په‌روه‌رده‌کردنی منداڵانی به‌توانا و داهاتوودا ده‌گێڕێت، بوونی لادانه‌کان، کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، له‌هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا منداڵان زیاتر له‌گروپه‌کانی تر ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و زیان به‌ گه‌شه‌ و ته‌ندروستییان ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ کوردستانیش به‌هۆکاری جۆراوجۆر (ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، کلتوری) له‌گه‌ڵ لادان و کێشه‌ی جۆراوجۆر به‌ره‌وڕوون که‌ پێویسته‌ هه‌نگاوه‌کان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و لادانانه‌ بگیرێنه‌ به‌ر.

ئازار 4, 2012

(پێشبڕکێی ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی) کێشه‌ی نێوان بووک و خه‌سوو وه‌ک دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی – توێژه‌ری ده‌روونی – هۆشدار اسماعیل منصور

کێشەى نێوان بووک و خەسوو وەک دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى
توێژەرى دەروونى : هۆشدار اسماعیل منصور

دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى باو هەیە لە کۆمەڵگەى ڕۆژهەڵاتى بەگشتى و کۆمەڵگەى کوردەوارى بەتایبەتى ئەویش کێشەى نێوان بووک و خەسوو و خەزورە, کە زۆر جار کارەکە دەگاتە ڕادەیەک چارەسەرى نامێنێت و دەبێتە هۆى لەناوبردنى ڕێز و خۆشەویستى خێزانەکە و بە جیابوونەوە کۆتایى دێت.
ئەم کێشەیەش لە ئەنجامى لێک تێنەگەیشتنى هەردوولایەن واتە ماڵى خەزوران و بووک دروست دەبێت چونکە هەر لەو کاتەى کچەکە مارەى ئەبڕێت لە کوڕى خەسوو خۆى ئامادە دەکات بۆ شەڕى خەسوو و پرتەو بۆڵەى ئەوان, لە ڕاستیدا ئەگەر کەسێکیش خۆى ئامادەکردبێت بۆ شەڕ ئەوا بە سەیر کردنێکى لار کوتەک ئەوەشێنێ و دەیکات بەو شەڕەى کە خۆى ئەیەوێت ئەمەش لە ئەنجامى ئەو هەستیاریەوە دروست دەبێت کە هەر لە تەمەنى هەرزەکاریەوە ئەوە لە مێشکى چەسپاوە کە خەسوو باشیان تیانیە, کە خۆى لە ڕاستیا وا نیە, چونکە هەڵس و کەوتى ئەو کەسەى کە هاتۆتە ئەم ماڵە نوێیە دەتوانێت بڕیار بدات کە ئایا ماڵى خەزورانى لەگەڵى باش بن یان نا,
چونکە زۆرێک لە بووکان ئەبینین کە خەسوویان لە شوێنى دایکیان داناوەو زیاتر لە دایکیان خۆشیان ئەوێت چونکە ئەزانن خەسوەکەیان بۆ ئەو دڵسۆزترە لە دایکیان.
وە بە پێچەوانەشەوە لە ڕوانگەى زۆرێک لە خەسووەکان بووک چاکیان تیا نیە, ئەمەشیان لە ڕستیدا وانیە, ئەى ئەگەر وایە چۆن ئەو خەڵکە ژیان دەگوزەرێنێت و بەڕێوە ئەچێت؟ چۆن زۆرێک لە خێزانەکان بەهۆى کەم دەرامەتیانەوە ناتوانن ماڵى سەربەخۆ بکەن و بێ کێشە لەماڵى خەزورانیان ژیان بەسەر دەبەن و خاوەنى مناڵن؟ ئەى زۆرێک لەو خەسوانەتان نەدیوە بوکەکانیان لە شوێنى کچەکانیان داناوەو بێى ئەوان ئاویش ناچێتە خوارەوە لە گەرویان؟
بۆیە پێویستە دایک و باوکان یارمەتى دەرو ڕێ نیشاندەرى نەوەکانیان بن چونکە ئەوان خاوەن ئەزموونى ژیانن هەوڵى چارەسەر کردنى کێشەکانى نێوان ئەم دوو گەنجە بدەن بەشێوەیەکى دروست و بەپێى ئەزموونى ژیانیان نەوەک کێشەیان بۆ زیاد بکەن, لەبەر ئەوەى بە گەورەکردنى کێشەکان ئاسودەیى دەروونى لەماڵەکەیان لادەدەن و وا دەکەن کوڕەکەى خۆشیان لە ژیانێکى نا ئارامدا بژى ئەگەر هاتوو دایک و باوک (خەسوو خەزور) بەشێوەیەکى ژیرانە مامەڵیان نەکرد و چارەسەرى کێشەکانیان نەکرد ئەوا با بزانن یەکەم دوژمنى کوڕەکانیان ئەوانن.
هەموو کێشەیەک چارەسەرى هەیە. ئەگەر هاتوو کێشە بەشێوەیەکى بابەتى مامەڵەى لەگەڵ کرا و بەشێوەى پرسیار وەڵام درایەوە دڵنیابە ئەگەیتە چارەسەرى کێشەکە و بە ئاسانى ئەتوانى چارەسەرى کەى بۆ نموونە کاتێک تۆ ئەڵێى من ڕقم لەم بووکە یان خەسووم ئەبێتەوە, پرسیار لەخۆت بکە ڕقت لەچى ئەو ئەبێتەوە؟ بێگومان هەموو مرۆڤێک ڕەوشتى باشى هەیە تۆ ناتوانى بڕیار بدەى کە هەموو شتێکى هەڵەیەو بە دڵى تۆ نیە.
کاتێ دۆزیتەوە رقت لە کام هەڵس و کەوتەیەتى ئەوکات ئەتوانى پێى تەرک بەى بەشێوەیەک کە خۆشى هەست نەکات, یاخوت ڕاستەخۆ پێى بڵێ بە شێوەیەکى جوان.. ئەم هەڵس و کەوتەى تۆ ئەزیەتم ئەدات تاوەکو بتوانى دووبارەى نەکاتەوە.
یاخود کاتێک کارێکى باش ئەنجام دەدات دەسخۆشى لێبکەو سوپاسى بکە بۆ ئەوەى بەردەوام بێت لەو کارانەى تۆ پێت خۆشە وزیاتر ڕێزت بگرێت, چونکە تۆ بەو سوپاس و دەسخۆشیە پاداشتێکى دەکەى کە هیچى تێناچێت و ماندووبوونى لەبیرئەبەیتەوە.
کاتێک هەڵەیەکى بچوک لە نێوانتان ڕوودەدات چاوپۆشى لێبکەن و لێک ببورن تاوەکو نەبێتە هەستیارى لە نێوانتان و کێشە دروست نەبێت و گەورە نەبێت.
ئەگەر هاتوو بووکەکەت نەیزانى چێشت لێنێت پێویستە فێرى بکەى, ئەگەر نەیزانى ماڵ پاک کاتەوە هەوڵبدە لەبەرچاوى پاکى کەیەوە تاوەکو ئەویش چاو لەتۆ بکات و فێربێت چۆن ئیشەکانى ماڵەوە بکات, ئەگەر هاتوو بەگوێرەى پێویست نەیتوانى بایەخ بە مێردەکەى بدات پێویست یارمەتى بدەى و فێرى بکەى چونکە تۆ دایکی مێردەکەى ئەوى و خاوەن ئەزموونى. بە فێرکردنى خێزانى کوڕەکەت ژیانێکى ئاسودەى بۆ ئامادە دەکەى.
هەروەها سەبارەت بە بووکیش بەهەمان شێوە پێویستە لەسەر بووک ڕێزى خەسووى بگرێت وەک ژنێکى بە تەمەن و دایکى مێردەکەى, ئەگەر لێت ناڕازى بوو چێشتى بۆ لێنێ قاپەکان کۆکەرەوەو بیانشۆ, تا شانازیت پێبکات بووکێکى چاکى, ئەگەر هەر بەمەش ڕازى نەبوو جلەکانى بۆ بشۆ و بۆى ئوتووکە, یارمەتى بدە لە ئیش و کارى ناوماڵ, ڕاستیەک هەیە پێویستە بیزانیت کە مرۆڤ کەوتە تەمەنەوە خانەکانى مێشکى لاواز دەبن و زۆر جار وەک مناڵ پێویستە نازى بکێشرێت هەروەک چۆن مناڵ دایم ئەگرى و زۆر شت هەیە داواى ئەکات مرۆڤى بە تەمەنیش بە هەمان شێوە بە پرتەو بۆڵە دەرى ئەبڕێت و داواى ئەکات,
پێویستە تۆى بووک و خاوەنى هێزو و توانا گوێ لە داواکاریەکانى ئەو پیرە کەمتوانایەنە بگریت کە دایک و باوکى مێردەکەتن و دایک و باوکى دووەمى تۆن داواکاریەکانیان جێ بەجێ بکە هەروەک چۆن کاتێک دایک و باوکى خۆت پێویستیان پێت بێت ئەچى بە دەمیانەوە و داواکاریەکانیان جێبەجێ ئەکەى وەک کارێکى مرۆڤانەو ئەرکى سەرشانت,
جا بۆ بنەبڕ کردنى کێشەو زیادبوونى ڕێزو و خۆشەویستى لاى مێردەکەت پێویستە وا نەکەى مێردەکەت خەجاڵەت بێت لەبەردەمى دایک و باوکى و جێگاى شانازى بیت بۆ ئەو تاوەکو مێردەکەشت رێز لە باوک و دایکى تۆ بگرێت و ژیانێکى ئاسوودە بەسەر بەرن بەیەکەوە, بەهیواین هەموولایەک بێکێشە بن و ئارامى جێگاى ڕق و کینەو ئاژاوە بگرێتەوە.

شوبات 27, 2012

(پێشبڕکێی ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی)، دووڕه‌گه‌زی له‌ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و بایۆلۆجی و سایکۆلۆجییه‌وه‌ – د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان – ئوسترالیا – سیدنی

دووڕه‌گه‌زی له‌ ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و بایۆلۆجی و سایکۆلۆجییه‌وه‌
د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان
ئوسترالیا – سیدنی

ئه‌وه‌ی لامان دیار و باوه‌ که‌ مرۆڤ ڕه‌گه‌زی نێر و مێ پێکهاتووه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا له‌ مرۆڤدا ڕه‌گه‌زێکی سییه‌میش هه‌یه‌ که‌ تا ڕاده‌یه‌ک ئاوڕی لێ نه‌درا‌وه‌ته‌وه‌ و زۆربه‌مان‌ پێی نامۆین و لامان نائاساییه‌ ئه‌وه‌یش (دووڕه‌گه‌زی)یه‌. لێره‌دا تیشک ئه‌خه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ چه‌ند لایه‌نێکه‌وه‌.
دووڕه‌گه‌زی دوو جۆره‌: یه‌که‌میان دووڕه‌گه‌زی ڕاسته‌قینه‌یه‌ که‌ زۆر ده‌گمه‌نه‌ و تایبه‌تمه‌ندییه‌که‌ی له‌وه‌دایه‌ کاتێک که‌سێک دێته‌ دونیاوه‌ به‌ ئه‌ندامی زاوزێ و سێکسییه‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ پێناسه‌ی باوی نێرینه‌ یان مێینه‌ نایاته‌وه‌؛ واتا ئه‌و که‌سه‌ نه‌ نێره‌ و ‌نه‌ مێیه‌ یانیش هه‌ردووکیانه‌، واتا دوو گون و دوو هێلکه‌دان له‌ جه‌سته‌یدا هه‌یه‌ و هه‌ردوو جۆری کرۆمۆسۆمی نێرینه‌ و مێینه‌ش هه‌ڵده‌گرێت. له‌ ئینگلیزیدا پێده‌وترێت‌ intersexual. وه‌ک نمونه‌ی که‌سێک که‌ به‌ ڕ‌واڵه‌ت و دێمه‌نی به‌رچاووی وه‌ک کوڕه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌ندامی ڕه‌گه‌زی خۆیدا ئه‌ندامی مێینه‌شی هه‌یه‌. جۆری دووه‌مییان دووڕه‌گه‌زی ناڕاسته‌قینه‌یه‌ که‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵچوونی گلاند و ئه‌نزیمه‌کانی جه‌سته‌دا ڕووئه‌دات و ئه‌و که‌سه‌ش‌ کرۆمۆسۆمی ڕه‌گه‌زێک هه‌ڵئه‌گرێت و ئه‌ندامی سێکسی ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌ی هه‌یه‌ به‌ڵام وه‌کتر دیمه‌ن و ڕوخساری ڕه‌گه‌زه‌که‌ی تر پیشانئه‌دات.له‌ زمانی ئینگلیزیدا به‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕه‌گه‌زی خۆیان هه‌ڵسوکه‌وت ئه‌که‌ن یان خۆیان ده‌نوێنن ده‌وترێت Transgender یان Transsexual.
سێ جۆره‌ ده‌سته‌واژه‌ له‌ کۆمه‌ڵی کورده‌واریدا به‌کارئه‌هێنرێت بۆ ناولێنانی ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ی
که‌ جه‌سته‌یان ئه‌ندامانی زاوزێ و سێکسی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز (نێرینه‌ و مێینه‌) کۆده‌کاته‌وه‌ ده‌وترێت (نێره‌مووک) که‌ پێموایه‌ له‌ وشه‌ی نیره‌بووکه‌وه‌‌ هاتووه‌. به‌ڵام بۆ که‌سانێک که‌ ئه‌ندامی نێرینه‌یان هه‌یه‌ و به‌ دیمه‌نیش نێر دیارن به‌ڵام هه‌ڵسوکه‌وتی مێینه‌ ده‌نوێنن و لاسایی ژنان ده‌که‌نه‌وه‌ له‌ کرده‌وه‌ و پۆشینی جلوبه‌رگ و جوانکارییدا، به‌وانه‌ ده‌وترێت (کچانی). به‌پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ که‌سانێک که‌ دیمه‌نی جه‌سته‌ مێن و ئه‌ندامی سێکسی مێینه‌ش هه‌ڵئه‌گرن به‌ڵام کرده‌وه‌ی نێرێنه‌ ده‌نوێنن ولاسایی پیاوان ده‌که‌نه‌وه‌، به‌وانه‌ ده‌وترێت (نێره‌ی بێ ک …) یان نازناوی (کوڕانی) ده‌خرێته‌ پاڵ ناوه‌کانیانه‌وه‌ وه‌ک (شه‌مه‌ کوڕانی) یان (فاته‌ نێره‌).

‌دووڕه‌گه‌زی به‌ هه‌ردوو جۆریه‌‌وه‌ له‌سه‌ره‌تای مێژووی مرۆڤه‌وه‌ و له‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌کاندا بوونی هه‌بووه‌، به‌ڵام زۆرجار به‌ شێوه‌یه‌کی شاراوه‌ و نهێنی ماوه‌ته‌وه‌ چونکه‌ که‌سی دووڕه‌گه‌ز جێگای گاڵته‌جاری و تانه‌وته‌شه‌ره‌ی خه‌ڵکبووه‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دووڕه‌گه‌زی په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌ندامی سێکس و توانای سێکسییه‌وه‌ هه‌یه‌ و سێکسیش له‌ ناو کۆمه‌ڵگه‌دا تابو بووه‌ وباسکردنی جێگای شه‌رم و سه‌رزه‌نشت بووه‌ له‌لایه‌که‌وه‌، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ به‌ هۆی زاڵبوونی کولتوری پیاوسالاری و نایه‌کسانی نێوان ژن و پیاو، پیاوێتی ناسنامه‌یه‌کی په‌سه‌نکراوی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ ته‌نانه‌ت سیفه‌تی پیاوێتی بۆ ڕه‌گه‌زی مێینه‌ مایه‌ی شانازییه‌ بۆ که‌سوکاری. بۆیه‌ که‌سیک که‌ به‌ ڕوخسار و دیمه‌نی ده‌ره‌وه‌ی نێرینه‌یه‌ به‌ڵام که‌ توانا و ئه‌ندامی سێکسی پیاوی نه‌بێت و سیفه‌تی مێینه‌ی‌ زاڵبێت و به‌ ژنانی ناوببرێت، ئه‌وا جێگای تانوتلێدان و ڕیزلێنه‌گرتنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌. هه‌ر ئه‌وانه‌ش هۆکارن بۆ ئه‌وه‌ی که‌سی دووڕه‌گه‌ز پێی شه‌رم بێت خۆی ئاشکرا بکات.

بۆ ده‌یان ساڵ له‌ هه‌موو ولاتانی جیهاندا دووڕه‌گه‌زی نه‌ک هه‌ر له‌لایه‌ن خه‌ڵکی عه‌وامه‌وه‌ بگره‌ له‌لایه‌ن ده‌روونناسان و ده‌روونپزیشکان و پیاوانی ئایینیه‌وه‌ وه‌ک حاڵه‌تی شێواندن و تێکچونی ده‌روونی و عه‌یبوعار دائه‌نرا و داوای چاره‌سه‌رکردنی بۆ ئه‌کرا، له‌ ساڵانی حه‌فتادا بۆ یه‌که‌مجار چه‌مکی Transgender به‌فراوانی خرایه‌ به‌رباس ولێکۆلینه‌وه‌. به‌ڵام له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا نه‌ک هه‌ر که‌سانی دووڕه‌گه‌ز به‌ چاوی خراپ ته‌ماشائه‌کرێن به‌ڵکو له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ده‌ژێین ئه‌ندامه‌کانی به‌ میکرۆسکۆپ ده‌ڕواننه‌ یه‌کتری بۆ ئه‌وه‌ی که‌موکوڕییه‌کانی هه‌ڵماڵێت و به‌که‌متر له‌ خۆی بیبینێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ که‌مبوونی به‌رامبه‌ره‌که‌ی خۆی گه‌وره‌تر ده‌رکه‌وێت. بۆنمونه‌ که‌سێک که‌ چاوی کزبێت یان خێل بێت یه‌کسه‌ر به‌ کوێر ناوی ئه‌برێت و که‌سێک تۆزێک ده‌ستی عه‌یبداربێت یان که‌مێک بله‌نگێت، به‌ گۆج و شه‌ل و سه‌قه‌ت ناوئه‌برێت. ئه‌وه‌ش جێی داخه‌ که‌ له‌‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌و شێوه‌یه‌ کار له‌سه‌ر شکاندنی یه‌کتری ده‌کرێت. دیاره‌ له‌زۆر له‌ کۆمه‌ڵگه‌کاندا که‌م تا زۆر ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ به‌دی ئه‌کرێت، به‌ڵام له‌ وڵاتانی پێشکه‌وتوودا، مافی ئه‌و که‌سانه‌ به‌پێی یاسا پارێزراوه‌ و ئازادن له‌ ده‌ربڕینی ناسنامه‌ و ڕه‌گه‌زی ڕاسته‌قینه‌ی ‌خۆیان، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ که‌سانی واهه‌ن شانازی به‌ ناسنامه‌ی دووڕه‌گه‌زی خۆیانه‌وه‌ ئه‌که‌ن و له‌ ئه‌مریکای باکوردا بۆ نمونه‌، ئێستا ڕێکخراوه‌ی تایبه‌تیان به‌خۆیانه‌وه‌ دامه‌زرا‌ندووه‌.شایه‌نی ئاماژه‌پێدانه‌ که‌ له‌ مانگی شوباتی2010 فه‌ره‌نسا وه‌ک یه‌که‌م ده‌وڵه‌ت له‌ جیهاندا دووڕه‌گه‌زی شێوه‌ی (Transgender)ی له‌ لیستی نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌کاندا ده‌رکرد.

سه‌باره‌ت به‌ باری ده‌روونییه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی به‌هۆی شه‌رم و ترس له‌ ڕه‌خنه‌ و تانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌وه‌ دووڕه‌گه‌زی خۆیان به‌ نهێنی ده‌هێڵنه‌وه‌، دووچاری کۆمه‌ڵێک گرفت و نه‌خۆشی ده‌روونی ئه‌بنه‌وه‌ وه‌ک (خۆبه‌که‌مزانی، دووره‌په‌رێزی، دڵه‌ڕاوکێ و خه‌مۆکی) تا ئه‌گاته‌ خۆکوژی. بۆیه‌ ئاشکراکردنی ئه‌و نهێنییه‌،ئارامییه‌کی ده‌روونی ئه‌به‌خشێت. گومانی ناوێت خه‌ڵکی ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ به‌ ئاگائه‌بنه‌وه‌ له‌وه‌ی که‌سانی دووڕه‌گه‌ز مرۆڤی ئاسایین و حاڵه‌تێکی سروشتییه‌ نه‌ک هه‌ڵبژارده‌ی مرۆڤ خۆیه‌تی.

تائێستا له‌ سیسته‌می یاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ته‌نیا (نێر و مێ) وه‌ک ڕه‌گه‌ز ناسراون و له‌و سیسته‌مه‌دا ڕه‌گه‌زی سێیه‌م بوونی نییه‌. ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ که‌ که‌سی دووڕه‌گه‌ز واتا نێره‌مووک ئه‌گه‌ر پێ بکرێت و توانای دارایی یارمه‌تی بدات، ڕه‌گه‌زی خۆی به‌ ڕێی نه‌شته‌رگه‌ری و وه‌رگرتنی هۆرمۆنی ئه‌سترۆجینه‌وه‌ یه‌کلابکاته‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌شتوانێت ئه‌و کاره‌ ئه‌نجامبدات به‌هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بێت، ئه‌وا توشی گرفتی ده‌روونی جۆراوجۆر ئه‌بێت به‌هۆی نه‌بوونی ناسنامه‌ی ڕه‌گه‌زه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌بیته‌ بایزی نه‌بوونی باوه‌ڕبوون‌ به‌ خۆ و خۆبه‌که‌مزانی و دووره‌په‌رێزی له‌ کۆمه‌ڵ. زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ش باری ده‌روونیان خراپه‌ و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری ده‌روونی هه‌یه‌، زیاتر به‌ هۆی گیرۆده‌بوونییان به‌ نه‌خۆشی خه‌مۆکییه‌وه‌.

پێویسته‌ بڵێم هه‌ر به‌هۆی پیاوسالای کۆمه‌ڵگه‌وه‌ که‌ پایه‌ی ژن تیایدا که‌متر ئه‌بینرێت و ژن وه‌ک ئامرازێکی سێکس چاوی لێده‌کرێت، ئه‌وانه‌ی دووڕه‌گه‌زن زیاتر وه‌ک نێرینه‌ خۆیان پێشانده‌ده‌ن. هه‌رچه‌نده‌ ئێستا له‌ زۆربه‌ی وڵاتاندا به‌هۆی پێشکه‌وتنی بواری پزیشکییه‌وه‌، نه‌شته‌رگه‌ری ئه‌نجامده‌درێت که‌ زۆربه‌ی زۆریان به‌مه‌به‌ستی گۆڕینه‌ بۆ ڕه‌گه‌زی مێینه‌. ئه‌وه‌ش زیاتر هه‌ل ده‌ڕه‌خسینێت بۆ که‌سی دووڕه‌گه‌ز تا ڕزگاری بێت له‌وه‌ی به‌ ناچاری وه‌ک نێرینه‌ خۆی ده‌رخات و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ یارمه‌تیده‌ری له‌ گه‌ڕاندا به‌ دوای که‌سێتی و ناسنامه‌ی خۆیدا.

لێره‌دا به‌ گرنگی ئه‌زانم جه‌خت له‌سه‌ر ڕؤڵی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار وه‌ک په‌رله‌مان وه‌ک لایه‌نی به‌رپرس له‌ یاسادانان و لایه‌نه‌کای تر وه‌ک په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی و میدیا و ڕۆشنبیران، بۆ داڕشتنی یاسا تایبه‌ت بۆ پاراستنی مافی که‌سانی دووڕه‌گه‌ز و هه‌وڵدان بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ل و ئه‌ندامانی خێزانی ئه‌و که‌سانه‌ به‌ڕیی سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده‌ و میدیا و بڵاوکردنه‌وه‌ی پۆسته‌ر و زانیاری ته‌ندوستییه‌وه‌ بۆ ڕێزگرتن لێیان وه‌ک هه‌ر تاکێکی ئاسایی ناوکۆمه‌ڵ.
ڕێزگرتن له‌و که‌سانه‌ وه‌ک مرۆڤێکی ئاسایی له‌هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا نیشانه‌ی پێشکه‌وتنی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌یه‌. ئه‌و که‌سانه‌ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵن و پێویسته‌ کۆمه‌ڵیش ڕێز له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیان بگرێت و له‌ ڕیزی خۆیدا قه‌بووڵیان بکات به‌بێ جیاوازی، هه‌رئه‌وه‌شه‌ ئه‌بێته‌ هانده‌رێک بۆ خۆیان و خیزانه‌کانیان که‌ خۆنه‌پارێزن له‌ ئاشکراکردنی سروشتی ڕه‌گه‌زیان و له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابن به‌بێ شه‌رم و دڵه‌ڕاوکێ به‌دوای چاره‌سه‌ری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ بگه‌ڕێن گه‌ر بیانه‌وێت باری ده‌روونیان ئاسوده‌ و ئارامتر بێت دوور له‌ هه‌ستکردن به‌ که‌می و په‌راوێزبوون.

Selah.germiyan@yahoo.com.au

شوبات 26, 2012

خه‌ته‌نه‌کردنی مێینه‌ – ده‌روونناس: سامان سیوه‌یلی

خەتەنەكردنی مێینە
دەروونناس
سامان سیوەیلی

چەند ستەمێكی گەورەیە نزیكترین كەسی منداڵ كە دایك و باوكە ئەو بوێرییەیان هەبێت، ئەو دڵڕەقییە پیادە بكەن، لەسەر نەخشەی جەستەی جگەر گۆشە مێینەكانیان ئەندامێك بسڕنەوە كە بەیەكێك لەئەندامە سەرەكییەكانی جەستەی مێینە دادەنرێت، بەجۆرێك دەتوانین بڵێین ئەندامی سێكسیی سەرەكی مێینەیه و بەرامبەر (چووك)ی ڕەگەزی نێرە. خەتەنەكردنی مێینە بریتییە لەبڕینی بەشێك لەو ئەندامەی جەستەی مێینە كە به(‌قیتكه)‌ ناسراوە لەگەڵ هەردوو لێوی بچوكدا. لەشەش هەفتەی یەكەمی گەشەی كۆرپە لەناو مناڵدانی دایكدا ئەندامە سێكسیەكانی نێر و مێ وەك یەكن و لەشێوەیەكدان كەناودەبرێت بەبارستەی سێكسی، پاشان ئەم بارستەیە گەشە دەكات و دەگۆڕێت بۆ چووك لە نێر و قیتكە لەمێدا.
هەتا ئێستا تێگەیشتنێكی هەڵە لای بەشێك لەدایك و باوكان هەیە بەوەی (زێ)ی كچان بەئەندامی سێكسیی سەرەكی دادەنێن، لەكاتێكدا (زێ) جگە لەفەرمانە سێكسییەكەی لەهەمان كاتدا ڕێڕوەی میز و خوێنی سوڕی مانگانە و منداڵبوونە، بەڵام (قیتكە) تاكە فەرمان و ئەو ڕۆڵەی دەینبینێت تەنها ڕۆڵی سێكسییە و كاریگەرترین ئەندامە لەپرۆسەی ئامادەكردن ووروژاندنی سێكسییدا، زۆرترین ژمارەی دەمارەكانی تایبەت بەچێژ و وروژاندنی سێكسیی تێدایە بەجۆرێك دوو هێندەی ئەو دەماره سێكسییانەیە كە لە (زێ)دا هەن‌. مەترسی ئەم ستەمە ناڕەوایە تەنها لەبواری سێكسییدا نییە، بەڵكو شۆكێكی دەروونیی گەورەشە بۆ كچان و شێواندنێكیشە بۆ جەستەی.
ئەم ستەمە گەورەیە لەزۆرێك لەكەلتور و كۆمەڵگە دواكەوتووەكاندا پیادە كراوە لەمێژووی دوور و نزیكدا، (پاكیزەیی فیرعەونی) ئەو ناوەیە لەقێزەونترین و دڕندەترین ڕەفتاری كۆمەڵگەی میسری ناونراوە كەبریتییە لەبڕینی هەموو ئەو ئەندامانەی دەوری زێ (قیتكە، هەردوو لێوی بچووك و لێوی گەورەی دەوری زێ)، بەجۆرێك نابێت هیچ ئەندامێك لەسەر ڕووی (زێ)وە سەربكەوێت و بمێنێتەوە لەسەر ڕووی دەوری زێ، لەگەڵ دروونەوەی زێ بەجۆرێك تەنها دەرچەیەك (كونێك) دەهێڵرێتەوە بۆ میز و خوێنی سوڕی مانگانە‌، ئەم ڕەفتارە دڕندە نامرۆییانەیە لەهەندێ كۆمەڵگەی وەك سودان و سۆماڵ و هەندێ ناوچەی ئەفەریقاشدا پیادە كراوە.
چەند ساڵێك بەر لەئێستا وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا مافی پەناهەندەیی بەخشییە ئافرەتێكی سۆماڵی لەبەرئەوەی ئامادەنەبووە ملكەچ بكات بۆ ئەو كەلتورە ناڕەسەنەی كچە منداڵەكەی هەتك دەكرد، واتە ئامادەنەبوو كچە منداڵەكەی خەتەنە بكات، بۆیە لەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی كۆمەڵگەكەی سۆماڵی جێهێشت و وڵاتە یەكگرتووەكان گرتییە خۆی، لەپاش ئەم ڕووداوە، هەریەكە لە وڵاتی كەنەدا و فەرەنسا شوێن پێی ئەمەریكایان هەڵگرت و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ پێدانی مافی پەناهەندەیی بەو مێینانەی لەدەست ئەم جۆرە لەتوندوتیژی وڵاتەكانیان جێدەهێڵن.
بەشێك لەكۆمەڵگەی كوردیش بەهۆی ناهۆشیاری و دواكەوتوویی و شوێنكەوتنێكی كوێرانەی كەلتوری عەرەبییەوە ئەم ڕەفتارە قێزەون و دڕندانەیەیان ئەنجامداوە، تاكە بیانووی بێ مانای پیادەكردنی ئەم دڕندەییە بریتی بووە لەكەمكردنەوەی ئارەزووی سێكسییانەی كچ تاكو دووچاری لادان نەبێت. بەو پێودانگەی ئەم ئەندامەی دەبڕدرێت لەپرۆسەی خەتەنەكردندا تایبەتە بەئارەزووی سێكسیی مێینە. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە، هەموو ئەو كەسانەی، ئەو دایك و باوكانەی، ناحاڵیانە ئەو بڕیارەیان داوە كچەكانیان خەتەنە بكەن، ئایا لەخۆیان نەپرسیوە‌ ئەو ئەندامەی جەستەی كچەكانیان كەدەكەوێتە بەر ڕەحمەتی چەقۆی كول و گوێزانی خوێناوی پیرێژنە هەتككەرەكانەوە كە ئەو ڕۆڵ و فەرمانە سێكسییەی گرنگەی هەبێت كە ئەوانی ترساندووە، ئەی كاتێك ئەو كچە گەورە دەبێت و دەگاتە قۆناغی هاوسەرگیریی ئەوان دەتوانن ئەو ئەندامەی بۆ بگێڕنەوە؟ چونكە ئیدی ترسی لادانی نابێت و دەبێتە حەڵاڵی هاوسەرەكەی. واتە ئەگەر بەبۆچوونە نالۆژیكانەكەی ئەوان بێت، ئەگەر ئەم ئەندامە بۆ كاتی كچێنی و هەرزەكاریی و پێش چوونە هاوسەرگیریی مەترسی بێت، خۆ بۆ ژیانی هاوسەرگیریی پێویستییەكی جەستەیی و دەروونییە، ئەی چۆن ئەو ئەندامە بڕدراوەی بۆ دەگێڕنەوە؟ یان بێگوێدانە هیچ نرخدانێكی مرۆییانە بۆ ڕەگەزی مێینە ئەو كارە دەكەن و بەلایەنەوە گرنگ نییە لەئاییندەدا چی دەگوزەرێت لەژیانی ئەودا.
زیانەكانی خەتەنەكردن هێندە زۆرن‌ كەدەكرێت بەكوشتنی لەسەرخۆی ڕۆح بیچوێنین، خەتەنەكردنی مێینە ژانكۆیەكی جەستەیی و دەروونی و سێكسیی بەردەوام و درێژخایەنە لەژیانی مێینەدا، ناشیرینكردنی ناسنامەی ڕەگەزیی مێینەیە، ئەو عەقڵەی بڕیاری ئەنجامدانی ئەم ڕەفتارە قێزەونە دەدات عەقڵێكی ژەنگ گرتووە و كۆنەپەرستانەیە، هیچ پاساوێك پەسەند نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە لەژێر پەردەی هیچ پرەنسیپێكدا بەئایینیشەوە.
ئەو كچانەی دووچاری ئەم ستەمە دەبنەوە، لەژیانی هاوسەرگیرییاندا ڕووبەڕووی گرفتی سێكسیی و دەروونی و كۆمەڵایەتی وەها دەبنەوە كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەواوی ژیانیان جێدەهێلیت، دووچاری ساردی سێكسیی دەبن و ناتوانن وەڵامدەرەوەی پێداویستییە سێكسییەكانی ژیانی هاوسەریی بن وەك پێویست، درەنگ دەوروژێن، درەنگ دەگەنە ئۆرگازم، ئارەزووی سێكسییان كەمدەبێتەوە. ئەمانەش تێكڕا كاریگەریی نەرێنی بۆ سەر پەیوەندییەكانی نێوان هاوسەران دروست دەكات، ئەم ژنانە بەردەوام لەدڵەڕاوكێدا دەژین چونكە ئەو هەستەیان لا دروست دەبێت كە ژانكۆی هاوسەرە پیاوەكانیان لەبواری سێكسییدا دەیانگەیەنێتە ئەو قۆناغەی كە ئیدی ئەم وەك هاوسەر هەتاسەر ناتوانێت سەرنجی هاوسەرەكەی بۆ لای خۆی ڕابكێشێت، دەترسێت لەوەی هاوسەرەكەی بیر لەجیابوونەوە بكاتەوە یان لەدەرەوەی ژیانی هاوسەریی ناپاكیی هاوسەریی ئەنجام بدات، یان فشاری بخاتە سەر بۆ هێنانی ژنی دووەم، هەربۆیە دەكرێت خەتەنە كردن بەیەكێك لەهەڕەشە ڕاستەقینەكانی سەر ژیانی هاوسەریی هەژمار بكەین و بەیەكێك لە قێزەونترین فۆرمەكانی توندوتیژی بیناسێنین بەرامبەر ڕەگەزی مێینە.

شوبات 21, 2012

داخوازیکردن له‌نێوان هاوسه‌رگیریی و مامه‌ڵه‌یه‌کی بازرگانیدا – کامه‌ران چروستانی

داخوازیکردن لەنێوان هاوسەرگیریی و مامەڵەیەکی بازرگانیدا
کامەران چروستانی

مەبەستم لەم نووسراوە هەموو ئافرەتێکە و هیچ ئافرەتێکیش نییە.
ڕۆژانە لە مێدیای بینراو و بیستراو و نووسراودا چەندەها بابەت لەسەر قەیرەیی و کەمیی هاوسەرگیریی لە هەرێمدا تاووتوێ دەکرێن. مانشێتە گەورەکانیش باس لەم کێشەیە دەکەن و هەر یەکە بە پێی بۆچوون و تێڕوانینی خۆی شی دەکاتەوە و هەوڵیش دەدرێت بۆ ڕێگەچارەیەک.
من لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم تەنها لایەکی کێشەکە بخەمە بەردەم خوێنەران.
گەر ئاوڕێک بدەینەوە لەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر کوردستاندا هاتوون لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، دەبینین کۆمەڵگا لە زۆر لایەنەوە هەنگاوی زۆری ناوە: پارەیەکی بێشوومار ڕژاوەتە ناوچەکەوە، بێکاری هەرچەندە دەتوانرێت کەمتر بکرێتەوە، بەڵام ژمارەی کاربەدەستان زۆرن و لەمانیش ڕەگەزی مێینە بەشێکی چالاکن لەم ڕێژەیەدا بە شێوەیەک زۆربەی ئافرەتان و بەتایبەتی لە نەوە نوێکە کار دەکەن. ئازادی و سنووری جوڵەی تاک بەرفراوانتر بووە و هەلی پەیوەندییەکانیش بەهۆی شۆڕشە نوێکەی مۆبایل و ئینتەرنێتەوە زۆرتر و ئاسانتر بووە. خۆ ئەگەر چاوێکیش بخشێنین بەسەر شەقام و کۆڵانەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، سەرنجی ئەوە دەدەین کە ڕووکەش و بەرگی کۆمەڵگاکەش ئاوێنەی ئەو بارە هێور و تێرەی ناوچەکە نمایش دەکات. بە شێوەیەک کاڵایەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو بە تایبەتی لە نەوە تازەکەدا بەدی دەکەین.
کەواتە هۆکاری کەمیی ڕادەی هاوسەرگیریی دەبێت چی بێت؟
خاڵی سفر لە پرۆسەی هاوسەرگییەکەیاندا ئەو کاتە نییە، کە کیژۆڵەیەک و کوڕێک بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن جا ئەو بڕیارە لە بنەمای پەیوەدنییەکی خۆشەویستییەوە بێت یاخود بە ناساندنیان بە یەکتر لە لایەن کەسانێکەوە بێت یاخود بە هاندانی باوکودایکی هەردوولاوە بێت، بەڵکو خاڵی سفر لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کاتێک ماڵی کوڕە بە شێوەیەکی فەرمی دەچنە پێشەوە بۆ داخوازیکردنی کیژۆڵەکە. هەر لەو کاتەشەوە کێشەکان دەست پێ دەکەن لەبری شادی و بەختەوەری بۆ دڵی کوڕ و کچەکە.
زۆرینەی خێزانەکانی ئەم کۆمەڵگایە لەم قۆناغەدا دەکەونە مامەڵەیەکی بازرگانییانە سەبارەت بەوەی دەیانەوێت و چۆن هەنگاوەکانی هاوسەرگیرییەکە بەرەو پێشەوە بەرن. گەر لە شارە گەورەکاندا کەمێک ئەم دیاردەیە بەشێوەیەک لە شێوەکان لاواز بووبێت، بەڵام گفتوگۆ و ڕێککەوتن و لێدوانێکی دورودرێژ دەکرێت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
- ئایا شەکراو چۆن بێت، لە کوێ بکرێت: لە هۆڵی تایبەت یان لە ماڵەوە؟
- ئایا ئاهەنگی مارەکردن و نیشانە بکرێت یان نا، ئەگەر بکرێت لە ماڵەوە یان لە هۆڵ؟
- ئایا ئاهەنگی کۆتایی لە کوێ و بوکێ چۆنی دەوێت؟
- ئایا بڕی ئەو ئاڵتونەی کە کیژۆڵەکە داوای دەکات چەندە و ئایا ئەو بڕە بە دڵی دایکی کچەیە یان نا؟
- ماڵ بنیاتنان: ئایا ئافرەتەکە ماڵی جیای دەوێت یان ئامادەیی تێدایە لەگەڵ ماڵی باوکی کوڕەکەدا بژی؟ ئەگەر ماڵی جیای بوێت ئایا ماڵەکە دەبێت چۆن بێت؟ داوای چی دەکات؟
سەرنجی خوێنەر بۆ دوو خاڵی گرنگ ڕادەکێشم، کە یەکەمیان بریتییە لەو خەسڵەتە هاوبەشەی، کە لە سەرتاپای هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوەدا بەدی دەکەین، کە ئەویش خەسڵەتێکی ماددییە و هیچ پەیوەندییەکی بە بەستنەوەی ڕۆح و دڵ و ئایندەی دوو کەسەوە نییە. خەسڵەتی دووهەمیش بریتییە لەو هەموو قورساییەی، کە کوڕێکی لاو لە سەرەتای تەمەنیدا بەرەو ڕووی دەبێتەوە، ئەگەر بێتو دایکوباوکی یان کەسانی دیکە هاریکاری نەبن.
لەم پرۆسەیەدا، کە پێی دەوترێت (هاوسەرگیریی) بەرامبەر هەموو ئەم داواکارییانەی کچەکە و خێزانەکەی ئایا چی پێشکەش بە کوڕەکە دەکرێت؟ یاخود بە شێوەیەکی دیکە: بەرامبەر هەموو ئەم داواکارییە ماددییانە کوڕەکە چی وەردەگرێت؟ هاوسەرگیرییەک؟ کیژۆڵەیەک؟ خۆ ئەگەر باس لە هاوسەرگیرییەک بکەین ئەوا تەنها پێشگری (هاو) بەسە بۆ ئەوەی کە هەردوولا ئەوەیان لا ئاشکرا بێت، کە پێکهێنانی خێزان لە لایەن هەردوولاوە بە هاوبەشی دەبێت، بەڵام لە واقیعدا ئەو پێشگرەی (هاو)ە لەم بارەدا کاری پێ ناکرێت.
ئەی ئەگەر لە توانای کوڕەکەدا نەبوو بەشێک لەم داواکارییانە جێبەجێ بکات؟ ئەگەرێکی زۆر هەیە کە سەرتاپای پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبێت. کەواتە بە جێبەجێکردنی سەرتاپا داواکارییە ماددییەکان دەستکەوتی کوڕەکە لەم پرۆسەیەدا بریتییە لەو ئافرەتەی، کە خوازیاری هاوسەرگیری لەگەڵدا دەکات. واتە لە پرۆسەی هاوسەرگیرییەکەدا کچەکە تەنها داواکەرە و کوڕەکەش ئەو کەسەیە کە تەنها داوای لێ دەکرێت.
خۆ ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە تەماشای سەرتاپای پرۆسەکە بکەین دەبینین ئەم شێوازە مامەڵەیە زیاتر خەسڵەتێکی بازرگانی پێوە دیارە و نە خودی کچ خۆی و نە خێزانەکان هەتا ئێستاش لە بەندوکۆتی دابونەریتە کۆنەکە دەرنەچوون و لە گۆڕینەوە و موڵکایەتی وەرگرتن و پێدانی ئافرەتەکان ڕزگاریان نەبووە. هەرچەندە بە ڕووکەش ئافرەتی کۆمەڵگاکەمان شان لە شانی وڵاتە پێشکەوتووەکان دەدەن و بەڵکو بایەخیان بە ڕووکەشیان لە ئافرەتێکی ڕۆژئاوایی بێگومان زۆرترە و لەوانەشە نمایشی پێشکەوتن و بەرزیی تێگەشتن و ڕۆشنبیریی بکەن، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر باسی هاوسەرگیری دەگەڕێنەوە بۆ سەدەکانی پێشوو و بە هەمان پرۆسەدا خۆی و کوڕی داواکەر تێدەپەڕێنێت، لەگەڵ داواکاردنی هەندێک شتی مۆدێرینی کۆمەڵگاکەمان وەک ئاهەنگە بەهابەرزەکانی هۆڵەکانی شارەکان. واتە تێڕوانینمان بۆ پرۆسەی هاوسەرگیریی ئێستاش هەر لە قاڵبە کۆنەکەدا ماوەتەوە و بەڵکو بەهۆی ئەو کێبڕکێ ماددییەی کە کۆمەڵگای کوردی داگیرکردووە دەتوانم بڵێم، کە پێدانی خەسڵەتێکی ماددی بە پرۆسەی هاوسەرگیری لە هەندێک ناوچەدا خراپتر بووە.
ئەم برنجە ئاو زۆر دەکێشێت، چونکە دیاردە دژبەیەکەکانی ئەم کۆمەڵگایە سەبارەت بەوەی بە ڕووکەش نمایشی دەکەین و ئەوەی لە ڕاستیدا لە ناخماندایە هێندە زۆرن، کە کۆتاییان نایەت، بەڵام ئاواتەخوازم ئافرەت بەر لەوەی هەنگاو بەرەو هاوسەرگیری بنێت بواری چەند پرسیارێک بە خۆی بدات: ئایا پرۆسەی هاوسەرگیری زۆرانبازییەکە لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا و کوڕەکە دەبێت “پیاوەتی” خۆی لە میانی جێبەجێکردنی داواکارییە ماددییەکاندا بسەلمێنێت؟ ئایا منی ئافرەت چ مانایەک دەبەخشم لەناو هەموو ئەم مامەڵە ماددییانەدا؟ کاڵایەک؟ ئایا چ شتێک بەها دەدات بە خودی منی ئافرەت و پەیوەندییە هاوسەرگیرییەکە؟ ئایا داواکارییەکان ئاوێنەی دڵنیاکردن و جێگیرکردنی پەیوەندییەکەیە؟
بێگومان بە، کە بە وەڵامی ئەو جۆرە پرسیارانە تۆی ئافرەت پێناسەی خۆت لە ژیان و پرۆسەی هاوسەرگیریدا دەدۆزیتەوە.

شوبات 11, 2012

له‌شفرۆشی وه‌ک دیارده‌یه‌کی ترسناک له‌ هه‌رێمی کوردستاندا … هۆی ته‌شه‌نه‌کردنی و چۆنێتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی – د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان – ئوسترالیا – سیدنی

له‌شفرۆشی وەک دیاردەیەکی ترسناک لە هەرێمی کوردستاندا… هۆی تەشەنەکردنی و چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی*¬
د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان
ئوسترالیا – سیدنی

وەک ئەرک و پیشەی ڕۆژنامەوانی، ڕۆژنامەنووس بەشوێن ڕوداو و هەواڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و هونەری و وەرزشی و ڕوداوی جۆراوجۆری تری ناو کۆمەڵدایە و هەرواش لە بابەتی جوراوجۆر ئەکۆڵێتەوە و بەڕێگای میدیاوە ئەیانخاتە بەر گوێ و چاوی خوێنەران. پێوانەی هەڵسەنگاندن ونرخاندنی هەر بابەتێکی ڕۆژنامەوانی لە هەر یەکێک لەو بوارانەدا، لە بایخدان و بەداواداچونەوە و باسکردنی لەناو کۆڕوکۆمەڵی خەڵکدا و نووسین و شیکردنەوەی نووسەران و ڕۆشنبیراندا دەرئەکەوێت. بەوەش ئەکرێت تا ڕادەیەک ئەو بابەتە پۆلین بکرێت؛ یان ئەوەتا وەک حاڵەت چاوی لێبکرت یان وەک دیاردە پێناسەبکرێت.

لێرەوە ئەکرێت باس لە بابەتی لەشفرۆشی بکەین کە لەمدواییانەدا ڕۆژنامەی ئاوینە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ بەڕیوبەری ئاسایشی سلێمانیدا وروژاندی و بەدوای ئەوەشدا چەندین بابەتیش بڵاوبوونەوە لە سایت و ڕۆژنامەکاندا و هەڵمەتی ئیمزاکۆکردنەوە بۆ داخستنی خانەکانی لەشفرۆشی و بەیاسایی نەکردنی کاری لەشفرۆشی بەرپاکرا. ئەوە لە کاتێکدا چەند جارێک لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا باسی لێوەکراوە وهەوڵی دەرکردنی یاسای تایبەت بە قەدەغەکردنییەوە دراوە. بۆیە ئەتوانین بڵێین لەشفرۆشی بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو لە کوردستاندا، کە دیاردەیەکە لە ڕاستیدا چ لە ئاستی تاک و چ لە ئاستی کۆمەڵدا جگە لە کاردانەوەی نەرێنی چیتر ناداتەدەستەوە. چگە لە نەخۆشی کوشندەی فیزیکی، نەخۆشی دەروونی و کۆمەڵایەتی ئێجگار زۆری لێئەکەوێتەوە بەتایبەتی لەسەر ئاستی کەسێتی تاک و پەیوەندی نیوان ئەندامانی خێزاندا.
دیارە لەشفرۆشی هەر لەسەرەتای بوونی مرۆڤەوە تا ئەمڕۆ هەبووە. تا لەشکڕ هەبێت و ئامادەبێت پاداشت بدات، لەشفرۆشیش بوونی ئەبێت. هەڵپەی سێکس لای پیاوان، بەهێزترین هۆکاری لەشفرۆشییە، کێشەی سەرەکی ئەوەیە زۆرینەی پیاوان بەردەوام لە هەڵپەی سێکسدان، تەنانەت دوای هاوسەرگیریش ڕوئەکەنە ئەو شوینە تایبەتانەی کە لەشفرۆشی تیادا ئەکرێت وەک خانەی تایبەت و یانەی شەوانە و شوێنی مەساج. لەشفرۆشی لە شارەکانی کوردستان هەروەک هەموو شوێنێکی تری جیهان، هەبووە. بەڵام وەک حاڵەتێکی نەفرەت لێکراو لەناو کۆمەڵدا و تاڕادەیەک گەر لەشفرۆشێک لەگەڕەکێدا هەبوایە، دانیشتوانی ئەو گەڕەکە گشت ڕێگایەکیان ئەگرتەبەر بۆ دەرکردنی. بەڵام ئێستا وەک بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی درکاندی؛ زیاتر لە چوارسەد شوێن هەیە لەشفرۆشییان تیادا ئەکرێت، ڕاستە بەشێکیان ماڵە عارەبن لە ناوەڕاست و خواروی عێراقەوە هاتوون، بەڵام حەفتا لەوانە ماڵی کوردن و ئەوانی تر ماڵە قەرەجن و بێجگە لە چەندین یانەی شەوانە و شوێنی مەساجکردن کە بە ئاشکرا لەشفرۆشی تیادا ئەکرێت لە شارەکەدا.
دیارە ئەو لەشفرۆشە عەرەبانەی ڕوویانکردوەتە کوردستان بەشێکی کەمی دەیان هەزار لەشفرۆشە کە بەرەوە سوریا و ئوردن و وڵاتانی کەنداو چوون پاش ئەو هەموو نەهامەتیانەی بەسەر خێزانە عیراقیەکاندا هات بەهۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی سەددام و گەمارۆی ئابوری لەسەر عێراق و برسێتی و هەژاری وبێکاری وزیادبوونی ڕێژەی بێوەژنان بەهۆی کۆشتنی ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان، چ بەهۆی شەڕی وێرانکارانەوەو چ لە کاری تیرۆریستیدا، یان بەهۆی ململانێی چەکدارانەی نێوان گروپە سیاسیەکانی عێراقی دوای سەددامەوە، هەروەها بە هۆی نائارامی و بارودۆخ و سەختی ژیان لە شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراقدا و ڕاونانی لەشفرۆشان و داخستنی یانەی شەوان و چٶڵکردنی شوینە تایبەتەکانی لەشفرۆشی کێوەلییەکانی ناوچەکانی کەمالیە لە خواروی بەغدا و کەنعان لە دیالە وعەفەچ و فەجر لە خواروی عێراق و سەحاجیە لە ناوچەی موسڵ.
لەهەمان کاتیشدا لە کوردستاندا، بەبەراورد لەگەڵ شارەکانی عێراقدا، ئاسایش و ئارامی و بۆژانەوەی ئابوری و گەشەکردنی بازرگانی و کرانەوە بەڕووی وڵاتانی جیهاندا، هاندەرێک بوو بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکانی عێراق و ولاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ڕووی تێبکەن بۆ هەلی کار.
ئەوەی جەنابی بەرێوەبەری ئاسایش باسی ئەکات، زەنگی خەتەرە و ئەوە ئەگەیەنێت شار بێخاوەن بێت، یان خاوەنەکەی کۆمەڵە کەسێکی مافیایی لە سەرووی یاساوە بن. ئەگەرنا چۆن دیاردەیەکی وا خەتەرناک دوور لە پشکنین و چاودێری ئاسایش و لایەنی پەیوەندیداری تەندروستی و پزیشکی وا خیرا تەشەنە ئەکات. لە کاتێکدا بەرپرسان چاک ئەزانن هەر ئەو شوێنانەن ئەبنە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و ئەنجامدانی تاوان. هەر ئەو شوێنانە و ئەوانەی کاری تیایدا ئەکەن و پەیوەندییان پێوە هەیە، باشترین کەرەستەن بۆ تۆڕی جاسوسی دەزگا هەواڵگرییەکان، بۆئەوەی بۆ مەبەست و مەرامی تایبەتی خۆیان بەکاریان بێنن. بۆیە ئەکرێت بڵێین، ئەمە لە بێ باکی بەرپرسە باڵادەستەکانی دەسەڵات و گوێنەدان بە ژیان و تەندروستی خەڵکی و ئاسایشی کوردستان زیاتر هیچیتر ناگەیەنێت.
هەروەها ئەگەر ئەو بێسەروبەرییە لە کوردستاندا وابڕوات و ئەو دیاردەیە کۆنترۆڵ نەکرێت لەلایەن دەسەڵاتەوە بەپێی یاسایەکی تایبەت، ئەگەری ئەوە لەبارە کە تۆڕی بازرگانی مافیایی تایبەت بە لەشفرۆشی یەوە سەرهەڵبدات و تێوەگلێن بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە Trafficking Human لەگەڵ تۆڕە جیهانییەکاندا کە لە چەندین وڵاتی جیهاندا چالاکن بە تایبەت وڵاتانی: تایلاند، چین، هیندستان، نایجیریا، مۆلداڤیا، بولگاریا، بیلاروس، ئوکرانیا و چەندین وڵاتی تر، هەزاران ئەکەنە قوربانی ئەو بازرگانییەی ناسراوە بە بازرگانی کٶیلەی سپی (White Slave Trade) کە بەبێ گومان نەک هەر ژنان بە ڵکو بەسەدان کچی منداڵ لە کوردستاندا ئەکەونە داوی ئەو جۆرە بازرگانییە گڵاوەی کە دوورە لە هەموو بەها و مۆراڵێکی مرۆڤەوە و هەڕەشەیەکی ترسناکە بۆ سەر تاک و کۆمەڵی کوردەواری و ئاسایشی نەتەوەیی.
هەرچەندە بنبڕکردنی لەشفرۆشی کارێکی وا ئاسان نییە و بگرە لە توانای هیچ دەسەڵاتێکدا نییە. نموونەی یاساکانی ئێران و عەربستانی سعودی و سودان کە بەوپەڕی توندوتیژی بەرەنگاری لەشفرۆشی ئەبنەوە، نەتوانراوە بنبڕبکرێت بەڵکو لە هەموو شارەکانی ئەو وڵاتانەدا شوێنی لەشفرۆشی بە نهێنی هەیە تەنانەت لە شاری مەکەدا کە پیرۆزترین شوینی موسڵمانانە، دەیان تۆڕی لەشفرۆشی بازرگانی بە ژنانی لەشفرۆشەوە هەیە. بەڵام بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک لە بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەیە و دەرئەنجامەکانی لە توشبوون بە نەخۆشی کوشندە و ماڵویرانی ئالودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و ڕێگرتن لە دروستبوونی مافیا و بازرگانی بە مرۆڤەوە، بەر لە هەموو شتێک گرنگە لایەنی بەرپرسیار هەبێت بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی ئەو دیاردەیە و لەپاڵ دانانی یاسایەکی تایبەت بەڕێکخستن و چاودێری ئەم بوارە، وەک کارێکی دەستبەجێ و گرنگی پەرلەمانی کوردستان و ئەرکێکی مێژوویی ئەم قۆناغە، پێویستە بەزووترین کات بیخاتە ئەجیندای خۆیەوە و یاسای بۆ دانێت. ئەوجا بە پێی یاسا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەتوانن دەستبەکاربن و ئەوەی سەرپێچی یاسای کرد پێویستە سزابدرێت. لە پاڵئەوەشدا زۆر پێویستە ئەو بازرگان و مافیانەی کە بازرگانی بە مرۆڤەوە ئەکەن و دوورنییە بەرپرسی پلەبەرزیش هاوکاریان بێت، بناسرێن و ڕووبەڕوی یاسا ببنەوە و ڕێگەنەدرێن شێوەی ناشیاو و نایاسایی بگرنەبەر بۆ مەرامی گەندەڵ و نامرۆڤانەی خۆیان.
سەبارەت چارەسەرکرنی ئەو دیاردەیە بە دەرکردنی ئەوانەی لە دەرەوەی کوردستان هاتوون بۆ لەشفرۆشی. دیارە تەنیا بەشێک لە لەشفرۆشەکان لە دەرەوەی کوردستانەوە ڕوویان کردووەتە شارەکانی کوردستان، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەشێکی زۆریان کوردن و ئەوانەشی ڕێخۆشکەریان بۆئەکەن و شوێنی حەوانەوەیان بۆ خۆشئەکەن و بازرگانیان پێوە دەکەن، دانیشتووی شارەکانی کوردستانن و بە بەرچاو و ئاگاداری ودووریش نییە بەهاوکاری بەرپرسەکانیشەوە بەڕێوە بچێت. کەواتا دەرکردن و گەڕانەوەی ئەو لەشفرۆشانەی لەدەرەوەی کوردستان هاتوون، دیاردەکە بنبڕ ناکات، بگرە تا یاسا و سزادان ناتوانیت ئەو دیاردەیە بنبڕبکات، هەروەکو پێشتر ئاماژەمدا بە نموونەی ئێران وعەرەبستانی سعودی و سودان.
ئەوەی گرنگە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی کوردستان لە بڵاوبونەوە ی لەشفرۆشی و ڕێگرتن لە تێوەگلانی کچان و ژنانی کورد و یارمەتیدانی ئەوانەی توشبوون بۆ گەڕانەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی ناو کۆمەڵ، دابینکردنی هەلی کار بۆ بێکاران و دابینکردنی بیمەی بێکاری ئەوانەی توانای کاریان نییە و لەپێش هەموویانەوە ئەوانەی سەرپەرشتی خێزانیان لە ئەستۆدایە بەتایبەتی بێوەژنان. هەروەها زۆر گرنگە کە خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و دەروونی و یارمەتیدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاوسەرگیری و نەهێشتی توندوتیژی خێزان و یارمەتیدانی لاوان بە پێشینەی هاوسەرگیری و دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمکردنەوەی گوشاری بژێوی ژیان. لەلایەکی ترەوە بایەخدان بە هۆشیارکردنەوەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی لە ڕێی کەناڵەکانی میدیا و پەروەردە وفیرکردنەوە ڕٶڵیکی گرنگی هەیە لەو بوارەدا.
واپێویستئەکات، خەمخۆران و لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسانی ڕۆشنبیر و کۆمەڵناس و دەرونناس و سەنتەری لیکۆڵینەوە و زانکۆکان و دەزگاکانی تەندروستی و بەرپرسانی بواری پەروەردە بەو پەڕی بایەخەوە و هەر لایەنێک لەبواری خۆیدا، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لەسەربکەن و بەرنامەی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داڕێژن و لەسەر ئاستێکی فراواندا هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و کۆڕ و سیمیناری بۆ بکرێت. لەسەروی ئاوانیشەوە پێویستە بەرنامەی چاکسازی هەبێت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لە هەموو جمگەکانی دەزگا حکومەتییەکاندا و بە گوێرەی یاسا سزای توندی ئەو بەرپرسانە بدرێت کە کەمتەرخەمی ئەکەن، یان کارئاسانی و چاوپۆشی ئەکەن لەوانەی بە بازرگانی لەشفرۆشییەوە تێوەگلاون.
*¬¬_ له‌ ژماره‌ی (8) ی گۆڤاری 4 ستار له‌ رۆژی 15/1/2012 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.
selah.germian@yahoo.com.au

شوبات 6, 2012

ناپاکیی هاوسه‌ریی له‌زاری ئه‌نجامده‌رانییه‌وه‌ – به‌سه‌رهاتێکی ڕاسته‌قینه‌ که‌ تیایدا ڕه‌وشی خێزانی نادروست و ئه‌زموونه‌ نادروسته‌کانی تاک ده‌بنه‌ هۆی تووشبوون به‌ ناپاکی هاوسه‌ریی – (ته‌واوی به‌سه‌رهاته‌که‌) – ده‌روونناس: سامان سیوه‌یلی

ناپاکی هاوسه‌ریی له‌ زاری ئه‌نجامده‌رانییه‌وه‌
به‌سه‌رهاتێکی ڕاسته‌قینه‌ که‌ تیایدا ڕه‌وشی خێزانی نادروست و ئه‌زموونه‌ نادروسته‌کانی تاک ده‌بنه‌ هۆی تووشبوون به‌ ناپاکیی هاوسه‌ریی
(ته‌واوی به‌سه‌رهاته‌که‌)
ده‌روونناس
سامان سیوه‌یلی

هێشتا زوو بوو بۆ دروستکردنی په‌یوه‌ندی سۆزداری بۆ من، به‌وپێیه‌ی ته‌مه‌نم ته‌نها 13 ساڵ بوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی کچه‌ شۆخێکی باڵا به‌رز و جه‌سته‌ پڕ و سه‌رنجڕاکێش بووم له‌و ته‌مه‌نه‌ ناسکه‌دا، زۆرێک له‌ کوڕان هه‌میشه‌ هه‌وڵیان بۆ ده‌دام تاکو سه‌رنجم بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، ته‌نانه‌ت که‌ ده‌چوومه‌ بازاڕ له‌گه‌ڵ دایکم و خوشکه‌کانمدا زۆرێک له‌ پیاوان و دوکانداره‌کانیش چاوه‌ بزه‌یان بوو له‌گه‌ڵمدا، له‌ناو بازاڕ زۆرجار دووچاری ته‌علیق لێدانی گه‌نجان ده‌بوومه‌وه‌، هه‌ندێکیان خۆیان ده‌کرد به‌قوربانم.. هه‌ندێکی تر که‌ به‌لامدا ده‌ڕۆیشتن ئاخ و ئۆفیان هه‌ڵده‌کێشا و به‌مجۆره‌. ئه‌م ڕه‌وشه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌وه‌ی خۆمان بۆم خوڵقابوو که‌ تیایدا هه‌ستم به‌بوونی خۆم ده‌کرد و هه‌ستم ده‌کرد جێی بایه‌خ و سه‌رنجڕاکێشانی چوارده‌ورم، ته‌واو ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وشی ناو خێزانه‌که‌مان بوو، که‌ به‌رده‌وام له‌ده‌ست ئاژاوه‌ و شه‌ڕی نێوان دایکم و باوکم و نه‌بوونی ئارامی و ئاسووده‌یی و په‌راوێز خستن ده‌مانناڵاند. باوکم زۆر سه‌ری کردبووه‌ سه‌ر مه‌ی خواردنه‌وه‌ و تاقه‌تی کارکردنی نه‌مابوو، به‌مهۆیه‌وه‌ باری ئابوریمان خراپ بوو. زۆرجار له‌ترسی ئه‌و توندوتیژییه‌ خێزانییه‌ی ژیانمی تاڵ کردبوو خۆم گۆشه‌گیر ده‌کرد تاکو پریشکی ئه‌و شه‌ڕ و هه‌را به‌رده‌وامه‌م به‌رنه‌که‌وێت، ده‌بوو به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ دوو خوشکه‌که‌ی ترمدا خۆمان له‌چاوی باوکم وون بکردایه‌ چونکه‌ بێ لێدان یان قسه‌ی سووک ده‌رباز نه‌ده‌بووین له‌به‌رده‌میدا، ‌ئه‌م ڕه‌وشه‌ وایلێکردبووم که‌ به‌رده‌وام هه‌ست به‌ته‌نهایی بکه‌م، ئااای خودایه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خێزان ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ به‌قوربان و به‌ساقه‌م ده‌بن که‌چی له‌ناو خێزانه‌که‌مدا ئاوا بێناز و بێ خۆشه‌ویستی و بێ گرنگیپێدانم، ئه‌م هه‌ست و بیرکردنه‌وانه‌م له‌ خۆم منی خستبووه‌ کێشمه‌کێشێکی سه‌یره‌وه‌، له‌ماڵه‌وه‌ هه‌ستم به‌بوونی خۆم نه‌ده‌کرد، له‌ده‌ره‌وه‌ وه‌ها خۆم ده‌هاته‌ پێش چاو که‌ کوڕانی دنیا مه‌منوونم ده‌بن ته‌نها نیگایه‌کیان بۆ بکه‌م، ئه‌مه‌ش وایلێکردبووم هه‌میشه‌ خواخوای ئه‌وه‌م بوو ده‌وامی قوتابخانه‌ ببێت به‌ بیست و چوار کاژێر بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ناو ئه‌و دۆزه‌خه‌ی ماڵه‌وه‌.
ڕۆژبه‌ڕۆژ هه‌ستم ده‌کرد به‌رهه‌ڵستیم بۆ هه‌ڵسوکه‌وت و داواکارییه‌کانی ئه‌و کوڕانه‌ی هه‌وڵیان بۆ ده‌دام، که‌متر ده‌بووه‌وه‌، کاتێک گه‌یشتمه‌ قۆناغی نۆی بنه‌ڕه‌تی (سێی ناوه‌ندی) دواجار وه‌ڵامم بۆ یه‌کێک له‌و کوڕانه‌ هه‌بوو، به‌ڵام به‌ربه‌ستی به‌ڕێوه‌چوونی په‌یوه‌ندییه‌که‌مان ئه‌وه‌ بوو که‌ من مۆبایلم نه‌بوو، له‌لایه‌ک نه‌مده‌وێرا داوای کڕینی بکه‌م له‌ماڵه‌وه‌، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ده‌مزانی توانای ئابوری خێزانه‌که‌م لاوازه‌، به‌ڵام کوڕه‌که‌ی هاوڕێم هه‌ر زوو مۆبایل و سیم کارتێکی بۆ کڕیم و هه‌فته‌ی دوو یان سێ کارتی بۆ ده‌ناردم. ئه‌م هه‌نگاوه‌م ده‌ستپێکی شکاندنی ئه‌و ترسه‌م بوو که‌ هه‌مبوو له‌ خێزانه‌که‌م، به‌ڵام له‌و کاته‌وه‌ ئیتر زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ مامه‌ڵه‌م ده‌کرد چونکه‌ خه‌می ئاشکرابوونی مۆبایله‌که‌م بوو، له‌ترساندا زوو زوو شوێنی شاردنه‌وه‌ی مۆبایله‌که‌م له‌ماڵه‌وه‌ ده‌گۆڕی، ئه‌گه‌رچی بردنی مۆبایل بۆ قوتابخانه‌ ڕێگه‌پێنه‌دراو بوو به‌ڵام له‌لایه‌ک له‌ترساندا نه‌مده‌وێرا له‌ماڵه‌وه‌ جێیبهێڵم، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ده‌رفه‌تێکم بۆ بڕه‌خسایه‌ په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ که‌پڵه‌که‌مدا بکردایه‌ که‌ ناوی (ڕێباز) بوو، به‌ڵام دووباره‌ له‌ قوتابخانه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ترسه‌وه‌ مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ مۆبایله‌که‌م ده‌کرد چونکه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌مان زۆر توندبوو به‌رامبه‌ر ئه‌م سه‌رپێچییه‌. ڕۆژێک زۆر حه‌زم ده‌کرد قسه‌ له‌گه‌ڵ ڕێبازدا بکه‌م، له‌سه‌ره‌تای وانه‌یه‌کدا ده‌ستم گرت به‌ سکمه‌وه‌ و به‌مامۆستام گوت سکم زۆر دێشێت، مامۆستا ڕێگه‌ی پێدام بچمه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌هه‌لم زانی چوومه‌ ناو یه‌کێک له‌ پێشاوه‌کان ((w.cی قوتابخانه‌که‌مان، ده‌ستبه‌جێ له‌ناو پێشاوه‌که‌دا مۆبایله‌که‌م ده‌رهێنا و ده‌ستمکرد به‌ قسه‌کردن له‌گه‌ڵ ڕێبازدا، زۆرم پێچوو، له‌ناکاو توێژه‌ری قوتابخانه‌که‌مان له‌ ده‌رگای پێشاوه‌که‌یدا، منیش له‌ترساندا خێرا مۆبایله‌که‌م کوژانده‌وه‌ و هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌کاتی هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌مدا ده‌ستم به‌ سکمه‌وه‌ گرتبوو، به‌ڵام توێژه‌ره‌که‌مان ئاگای له‌وه‌ بووبوو که‌ من قسه‌م کردووه‌ بۆیه‌ باوه‌ڕی پێنه‌ده‌کردم، یه‌کسه‌ر داوای مۆبایله‌که‌می کرد، مۆبایله‌که‌م له‌ گیرفانم ده‌رهێنا و دامه‌ ده‌ستی، تکام لێکرد که‌ لای به‌ڕێوه‌به‌ر قسه‌ نه‌کات، به‌ڵام یه‌کسه‌ر بردییه‌ ژووری به‌ڕێوه‌به‌ر و هه‌ر له‌و ساته‌دا بانگکرام، به‌ڕێوه‌به‌ر زۆر لێم تووڕه‌ بوو، گوتی:
- ئێستا ته‌له‌فۆن بۆ ماڵه‌وه‌تان ده‌که‌م، چۆن مۆبایلت ده‌ده‌نه‌ ده‌ست بیهێنیت بۆ قوتابخانه‌، من چه‌ند جارم پێگوتون مۆبایل قه‌ده‌غه‌یه‌ بۆ قوتابخانه‌، سێوه‌ تۆ پۆلت به‌جێهێشتووه‌ له‌به‌رخاتری قسه‌کردن به‌ مۆبایل؟ ئه‌ی وانه‌کانت؟ ئه‌ی ڕێنماییه‌کانی قوتابخانه‌؟ ….
- (ده‌ستمکرد به‌ گریان) به‌خوا مامۆستا جارێکیتر دووباره‌ی ناکه‌مه‌وه‌، به‌ڵام تکایه‌ به‌ ماڵه‌وه‌مان مه‌ڵێ، تووشی کێشه‌ی گه‌وره‌ی ده‌بم (به‌رده‌وام بووم له‌ گریان).
- چۆن پێیان ناڵێم، خوا ده‌زانێ چه‌ند جاری تر ئه‌مه‌ت کردووه‌، دیاره‌ ئه‌مه‌ ئیشی یه‌که‌م جارت نییه‌، هه‌ر ئێستا ته‌له‌فۆن ده‌که‌م (ده‌ستی دایه‌ ته‌له‌فۆنی سه‌ر مێزه‌که‌ی).
- (به‌گریانه‌وه‌ هاوارم کرد) توخوا مامۆستا نه‌که‌ی.
- (ده‌ستی گێڕایه‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌له‌فۆنه‌که‌) تۆ جارێ بچۆره‌وه‌ پۆل، کۆتایی ده‌وام وه‌ره‌وه‌ بۆ لام.
له‌گه‌ڵ توێژه‌ره‌که‌دا هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ره‌و پۆل ده‌چووین، له‌و کاته‌دا پێمگوت که‌ ده‌مه‌وێت که‌مێک قسه‌ت له‌گه‌ڵ بکه‌م له‌ ژووره‌که‌ی خۆتدا، ئه‌ویش ئاماده‌یی ده‌ربڕی و له‌جیاتی چوونه‌وه‌ پۆل، چووینه‌ ژووره‌که‌ی ئه‌و و ده‌رگاکه‌م داخست.
- دانیشه‌ سێوه‌، قسه‌ بکه‌ بزانم ده‌ته‌وێت چی بڵێیت؟
- ڕاستییه‌ک هه‌یه‌ حه‌ز ده‌که‌م به‌ تۆی بڵێم به‌ڵام توخوا فریام بکه‌وه‌ (ده‌ستمکرده‌وه‌ به‌ گریان).
ده‌سڕێکی دایه‌ ده‌ستم تاکو فرمێسکه‌کانمی پێ بسڕم، گوتی:
- چیت هه‌یه‌ بیڵێ، نه‌ شه‌رم بکه‌ و نه‌ بترسه، من ده‌مه‌وێت هاوکاریت بکه‌م و کێشه‌کانت بۆ چاره‌سه‌ر بکه‌م‌.
- ئه‌و مۆبایله‌ی پێمه‌ ماڵه‌وه‌ بۆیان نه‌کڕیوم، ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ر ته‌له‌فۆن بۆ ماڵه‌وه‌مان بکات تووشی به‌زمێکی گه‌وره‌ ده‌بم، تکایه‌ فریام بکه‌وه‌ و مه‌هێڵه‌ به‌ڕێوه‌به‌ر ته‌له‌فۆن بۆ ماڵه‌وه‌مان بکات.
- ئه‌ی کێ بۆی کڕیویت؟
- (نه‌مده‌زانی چۆن درۆیه‌ک ڕێکبخه‌م، بیرم ده‌کرده‌وه، بۆیه‌ زنجیره‌ی بیرکردنه‌وه‌که‌می پچڕاند و گوتی:‌)
- ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت هاوکارت بم ده‌بێت درۆم له‌گه‌ڵدا نه‌که‌یت، ڕاست پێم بڵێ، کێ بۆی کڕیویت؟ ئه‌ی ئه‌وسا قسه‌ت له‌گه‌ڵ کێ ده‌کرد له‌ناو پێشاوه‌که‌دا؟
- ڕاستییه‌که‌ی کوڕێک وازی لێنه‌ده‌هێنام هه‌موو ڕۆژێک ده‌هاته‌ سه‌ر ڕێگه‌م، منیش دواجار ڕازی بووم و په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هه‌یه‌، به‌ڵام چونکه‌ مۆبایلم نه‌بوو، ئه‌و کوڕه‌ ئه‌م مۆبایله‌ی بۆ کڕیم و ئه‌وساش له‌گه‌ڵ ئه‌ودا قسه‌م ده‌کرد، ماڵه‌وه‌شمان به‌ بوونی ئه‌م مۆبایله‌ی من نازانن، خۆ ئه‌گه‌ر پێیان بگوترێت ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ خوا ده‌زانێت چیم به‌سه‌ر ده‌هێنن، توخوا مه‌هێڵه‌ ته‌له‌فۆن بکات، توخوا خێرا به‌ به‌ڕێوه‌به‌ر بڵێ.
- تۆ لێره‌ دانیشه‌ ئێستا ده‌چمه‌ لای به‌ڕێوه‌به‌ر و دێمه‌وه‌.
- (که‌ ئه‌و چووه‌ ده‌ره‌وه‌، دڵم زۆر به‌په‌له‌ لێیده‌دا، هه‌ر دوو قاچم ده‌له‌رزی، زۆر شڵه‌ژام، وه‌کئه‌وه‌ی تاوانبار بم و چاوه‌ڕوانی بڕیاری دادگا بم، هێنده‌ی نه‌برد گه‌ڕایه‌وه‌ ژووره‌که‌ی و گوتی:)
- من قسه‌م له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ردا کرد، ئه‌و تێگه‌یشتنی هه‌یه‌ بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ و ته‌له‌فۆن ناکات بۆ ماڵه‌وه‌تان، به‌ڵام ڕێکه‌وتین که‌ ده‌بێت چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م کێشه‌یه‌ت بکه‌ین، ئه‌و مۆبایله‌ت بۆ ناگه‌ڕێته‌وه‌، جارێ لای ئێمه‌ داده‌نرێت هه‌تا چاره‌سه‌رێک ده‌دۆزینه‌وه‌.
- ئاخر خۆ مۆبایلی خۆم نییه‌، ئه‌و کوڕه‌ قبوڵی ناکات به‌مجۆره‌، ئینجا ده‌ترسم له‌گه‌ڵ کوڕه‌که‌دا تووشی کێشه‌ بم.
- باشه‌ بۆ خۆت خسته‌ ئه‌م گێژاوه‌وه‌، بۆ ڕێگه‌تدا کوڕێک مۆبایلت بۆ بکڕێت، تۆ له‌م ته‌مه‌نه‌ ناسکه‌دایت و ده‌خوێنیت، چیتداوه‌ به‌سه‌ر ئه‌م کێشانه‌وه‌؟ به‌هه‌رحاڵ هه‌سته‌ بچۆره‌وه‌ پۆل و دوایی قسه‌ی لێده‌که‌ین.
- (به‌دڵه‌ڕاوکێیه‌کی زۆره‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ناو پۆل و ئه‌وه‌نده‌ ئه‌گه‌ری ناخۆش به‌مێشکمدا ده‌هات و ده‌چوو هیچ ئاگام له‌ مامۆستا و ناو پۆل نه‌بوو).
ئه‌م ڕووداوه‌ی به‌سه‌رم هات سه‌رئێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ ڕێبازدا بۆ دروستکردم، کاتێک ئاگادارم کرده‌وه‌ که‌ مۆبایله‌که‌م له‌ قوتابخانه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ باوه‌ڕی پێنه‌ده‌کردم، ئه‌و به‌وجۆره‌ لێکیده‌دایه‌وه‌ که‌ من ده‌مه‌وێت وازی لێبهێنم و دڵم دابێت به‌ کوڕێکی تر، ڕۆژانه‌ ده‌هاته‌ سه‌ر ڕێگه‌م، کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌کردم به‌وه‌ی ماڵه‌وه‌مان ئاگادار ده‌کاته‌وه‌ تاکو ئه‌و مۆبایله‌ی بۆ بکڕنه‌وه‌، ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ ته‌واو ته‌واو شپرزه‌ی کردبووم، ئیدی ئه‌وه‌ی ناوی خۆشه‌ویستی بوو له‌نێواماندا نه‌ما و ڕێباز وه‌ک دوژمنێک ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ ده‌کردم، ده‌مویست ڕزگارم بێت له‌ده‌ستی به‌ڵام نه‌مده‌زانی چیبکه‌م، ڕۆژێک چوومه‌ لای توێژه‌ره‌که‌مان و له‌م قسه‌ و باس و ڕه‌فتارانه‌ی ڕێباز ئاگادارم کرده‌وه‌، توێژه‌ره‌که‌ پاش ڕاوێژ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ردا بڕیاریدا ته‌له‌فۆن بۆ کوڕه‌که‌ بکات تاکو سه‌ردانی قوتابخانه‌ بکات و له‌نزیکه‌وه‌ قسه‌ بکات له‌سه‌ر کێشه‌ی مۆبایله‌که و ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و ڕه‌فتارانه‌ی ده‌یکات، بۆ ڕۆژی پاشتر ڕێباز هاته‌ قوتابخانه‌که‌مان و له‌گه‌ڵ توێژه‌ره‌که‌ماندا دانیشتبوو، دوای ڕۆیشتنی ڕێباز، توێژه‌ره‌که‌مان بانگی کردم بۆ ژووره‌که‌ی خۆی و گوتی:
- سێوه‌ باش گوێم لێبگره‌، ئێمه‌ مۆبایله‌که‌ و سیم کارته‌که‌مان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ڕێباز، پێمان ڕاگه‌یاند که‌ واز له‌ تۆ بێنێت و ته‌نگت پێهه‌ڵنه‌چنێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌ڵوێستی ترمان ده‌بێت به‌رامبه‌ری، به‌ڵام ئیتر تۆش خۆت مه‌خه‌ره‌ کێشه‌ی تره‌وه‌، خه‌ریکی خوێندنی خۆتبه‌، ئه‌م ماوه‌یه‌ت له‌بیر نه‌چێت له‌ چ گێژاوێکدا بوویت.
- زۆر سوپاسی تۆ ده‌که‌م، به‌ڕاستی ڕزگارت کردم له‌م کێشه‌یه‌ و ئیتر ته‌واو، خوای کرد من ڕزگارم بوو له‌ ڕێباز، جارێکیتر هه‌ڵه‌ی وه‌ها دووباره‌ ناکه‌مه‌وه‌.
به‌مجۆره‌ له‌و ته‌مه‌نه‌ ناسکه‌دا بوومه‌ خاوه‌نی ئه‌زموونێکی شکستخواردوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ ڕێباز پاشه‌کشه‌ی له‌ په‌یوه‌ندییه‌که‌مان کرد، به‌ڵام چه‌ندین کوڕی تر هه‌ر له‌ هه‌وڵدا بوون تاکو نزیک ببنه‌وه‌ لێم و په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ ببه‌ستن. ئه‌م ڕه‌وشه‌ وایلێکردبووم که‌ مێشکم له‌سه‌ر خوێندن نه‌ما بوو، ئاستم له‌ خوێندندا ڕوو له‌ دابه‌زین بوون، له‌ تاقیکردنه‌وه‌ی مانگانه‌دا له‌ دوو وانه‌ ده‌رنه‌چووم، ڕۆژێک له‌ قوتابخانه‌ ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌کیان دایه‌ ده‌ستم تاکو به‌خێوکارم (باوک یان دایک) ئاماده‌بن له‌ قوتابخانه‌، هه‌رچۆنێک بێت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌م له‌ باوکم شارده‌وه‌ چونکه‌ ده‌مزانی تووشی به‌ڵای گه‌وره‌م ده‌کات، هه‌ربۆیه‌ به‌ دایکم گوت که‌ سه‌ردانی قوتابخانه‌ بکات و پێشمگوت که‌ ئه‌نجامی تاقیکردنه‌وه‌کانم له‌ دوو وانه‌دا باش نییه‌ و به‌ڵێنم پێدا که‌ سفره‌کانم پڕ بکه‌مه‌وه‌ به‌مه‌رجێ لای باوکم قسه‌ نه‌کات.
هێشتا زۆر به‌سه‌ر ئه‌و جیابوونه‌وه‌ی من و ڕێبازدا تێنه‌په‌ڕیبوو، کوڕێکی تر که‌ به‌ ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل به‌رزه‌وه‌ ده‌هاته‌ نزیک قوتابخانه‌ و سه‌ر ڕێگه‌م سه‌رنجی ڕاکێشام، ئه‌گه‌رچی به‌ستنی هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کی تر جۆرێک بوو له‌ سه‌رکێشی و ده‌رچوون له‌و به‌ڵێنه‌ی به‌ خۆم و به‌ توێژه‌ری قوتابخانه‌که‌مانم دابوو، به‌ڵام هه‌ستم ده‌کرد ئه‌م بڕیاره‌ له‌ده‌ست خۆمدا نه‌بێت و هێزێک په‌لکێشی ده‌کردم بۆ لای ئه‌و کوڕه‌.
ئه‌م کوڕه‌ که‌ ناوی (هونه‌ر) بوو، زۆر کراوه‌تر بوو له‌چاو ڕێبازدا، زیاتر گرنگی به‌ ڕوخسار و جلوبه‌رگی ده‌دا، به‌تێپه‌ڕبوونی ڕۆژگار خۆشم نه‌مزانی چۆن که‌وتمه‌ داوی ئه‌ویشه‌وه‌ و په‌یوه‌ندیمان دروستکرد و ئه‌میش به‌هه‌مان شێوه‌ مۆبایل و سیم کارتی بۆ کڕیم و به‌رده‌وام کارتی بۆ ده‌ناردم له‌ڕێی نامه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ نه‌مده‌وێرا له‌ناو قوتابخانه‌ش به‌کاریبهێنم، به‌ڵام هه‌میشه‌ پێمبوو بۆ قوتابخانه‌، هونه‌ر داوای ئه‌وه‌ی لێده‌کردم ناوبه‌ناو له‌گه‌ڵیدا به‌ئۆتۆمبێله‌که‌ی بڕۆم و پیاسه‌م پێبکات، ڕۆژێک زووتر نێردراینه‌‌ ماڵه‌وه‌ به‌هۆی ئاماده‌نه‌بوونی مامۆستایه‌کمانه‌وه‌ به‌هه‌لم زانی ئاگاداری بکه‌م تاکو ئه‌و کاته‌ زیاده‌ی هه‌مه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌ر بم و به‌ئۆتۆمبێله‌که‌ی پیاسه‌یه‌ک بکه‌ین، هونه‌رم ئاگادار کرد و ئه‌ویش له‌خۆشیدا له‌زووترین کاتدا ئاماده‌بوو، له‌ دوو کۆڵان پشت قوتابخانه‌که‌مانه‌وه‌ ژووانمان دانا و بۆ یه‌که‌مجار له‌گه‌ڵ هونه‌ردا به‌ ئۆتۆمبێل ڕۆیشتم، هه‌رچه‌نده‌ دڵه‌ڕاوکێم هه‌بوو له‌وه‌ی که‌سێک بمبینێت به‌ڵام هونه‌ر زوو زوو ده‌ستێکی ده‌دا به‌ ڕانمدا و ده‌یگوت خه‌می هیچت نه‌بێت، کوشنه‌کان نزمه‌ و له‌ شه‌قامه‌ گشتییه‌کانه‌وه‌ ناڕۆم. ڕێباز ده‌ستی گرتم و ده‌ستمی توند ده‌گوشی، ته‌زوویه‌ک به‌ سه‌رتاپای گیانمدا هات، منیش بێئاگایانه‌ که‌وتمه‌ گوشینی ده‌ستی هونه‌ر. هونه‌ر هه‌ر خۆی ده‌کرد به‌ساقه‌ و ‌ قوربانم، قسه‌کانی نوقمی هه‌ستێکی سه‌یری ده‌کردم، کۆڵان و کۆڵانی زۆرمان کرد، له‌هه‌ر شوێنێک گومانی ماڵه‌ خزمێکم بکردایه‌ نه‌مده‌هێشت له‌وێوه‌ بڕوات. ئینجا به‌ره‌و قه‌راغ شار ڕۆیشت تاکو له‌ قه‌ره‌باڵغی و له‌چاوی خه‌ڵکی دوور بکه‌وینه‌وه‌، گه‌یشتینه‌ شوێنێکی چۆڵه‌وانی له‌وێ داوای کرد ماچێکم بکات، نازانم بۆ واملێهاتبوو له‌جیاتی ڕوومه‌تم لێوه‌کانم برده‌ پێشه‌وه‌ و هه‌ردووکمان تێر که‌وتینه‌ مژینی لێوی یه‌کتر، به‌ڵام ئه‌و به‌ته‌نها لێوه‌کانی نه‌خستبووه‌ کار به‌ڵکو له‌هه‌مان کاتیشدا ده‌ستی خستبووه‌ ناو ڕانه‌کانم و توند ده‌یگوشین، له‌پڕێکدا ترسێکم لێنیشت و پێمگوت کات بۆ من دره‌نگه‌ و خێرا بمبه‌ره‌وه‌ نزیک ماڵه‌وه‌، قسه‌ی نه‌شکاندم و گه‌یاندمییه‌وه‌ نزیک ماڵه‌وه‌ و بێ کێشه‌ خۆم کرده‌وه‌ به‌ماڵه‌وه‌دا.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی قسه‌ کردنم به‌ مۆبایل زۆر که‌م بوو، بۆیه‌ ناچاربووم شه‌وانه‌ دره‌نگ له‌ناو جێگادا و له‌ژێر نوێنه‌وه‌ به‌ نامه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتردا بکه‌ین، به‌مجۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌که‌مان به‌رده‌وام بوو، له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا دوو جاری تریش له‌گه‌ڵ هونه‌ردا و به‌ ئۆتۆمبێله‌که‌ی چووینه‌ ده‌ره‌وه‌.
ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌م وایلێکردبووم زیاتر حه‌زم به‌ ته‌نهایی ده‌کرد، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ زیاتر داده‌بڕام ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌ندامه‌کانی خێزانه‌که‌شم، ئاگام له‌ خوێندن و قوتابخانه‌ هه‌ر نه‌مابوو، له‌دوای نیوه‌ی ساڵ نمره‌کانم زۆر به‌ره‌و خراپی چوون، ژماره‌ی وانه‌ ده‌رنه‌چووه‌کانم زیاتر بوون، شه‌وێک باوکم هه‌ڕه‌شه‌ی لێکردم ئه‌گه‌ر ده‌رنه‌چم ناهێڵێت بچمه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌.
چه‌ند هاوڕێیه‌کی نزیکم له‌قوتابخانه‌ درکیان به‌م په‌یوه‌ندییه‌م کردبوو، من حاشام لێده‌کرد، ته‌نها لای یه‌کێکیان نه‌بێت که‌ هه‌موو شتێکم باس ده‌کرد، ئه‌ویش وه‌ک من که‌پڵی هه‌بوو و ئیتر وامان لێهاتبوو ڕۆژانه‌ شته‌کانی یه‌کترمان ده‌گێڕایه‌وه‌. به‌هۆی کچێکی خزمی ڕێبازه‌وه‌ هه‌واڵ گه‌یشتبووه‌ ئه‌و که‌ من په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هونه‌ردا هه‌یه‌، ئیتر له‌و کاته‌وه‌ کێشه‌کانم زیاتر بوو، چونکه‌ دووجار هاته‌ سه‌ر ڕێگه‌م و هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌کردم ئه‌گه‌ر واز له‌ هونه‌ر نه‌هێنم ئه‌وا ئاگاداری ماڵه‌وه‌مان ده‌کات، ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ ته‌واو ژیانمی تاڵ کردبوو، نه‌مده‌زانی چیبکه‌م و ڕوو له‌کوێ بکه‌م، له‌ترساندا جارێکیان پێمگوت ده‌ته‌وێت په‌یوه‌ندی ببه‌ستینه‌وه‌؟ ئه‌ویش به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ گوتی زۆر، به‌ڵام ئه‌و مه‌رجی ئه‌وه‌ بوو که‌ من په‌یوه‌ندییه‌که‌م له‌گه‌ڵ هونه‌ردا ببڕم، منیش له‌لایه‌ک هۆگری هونه‌ر بووبووم و له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ بۆ خۆ ده‌ربازکردن له‌م کێشه‌ گه‌وره‌یه‌ی تێیکه‌وتبووم، په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ ڕێبازدا به‌سته‌وه‌ و لای ئه‌ویش وه‌ها خۆم پیشان ده‌دا که‌ په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هونه‌ردا بڕیوه‌، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی وانه‌بوو و له‌گه‌ڵ هه‌ردووکیاندا له‌یه‌ک کاتدا په‌یوه‌ندیم هه‌بوو.
له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی ئه‌وه‌بووم که‌ نه‌هێڵم (ڕێباز) و (هونه‌ر) هیچ کامیان به‌ویتر بزانێت، چونکه‌ ده‌مزانی ئاشکرابوونی ئه‌م جووت په‌یوه‌ندییه‌ لای هه‌ر کامێکیان بێت تووشی سه‌رئێشه‌ی گه‌وره‌م ده‌کات، ئه‌گه‌ر جاران خه‌مم ته‌نها شاردنه‌ئێوه‌ی مۆبایلێک بوو، له‌و کاته‌دا خه‌می شاردنه‌وه‌ و ئاشکرانه‌بوونی دوو مۆبایل بوو، له‌قوتابخانه‌ و له‌ ماڵه‌وه‌ش، ئه‌م ڕه‌وشه‌ بێئاگای کردبووم له‌ خوێندن و ماڵه‌وه‌ و زۆر په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی و هاورێیه‌تی، ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌کم بۆ دروست بووبوو زۆرجار له‌ماڵه‌وه‌ له‌کاتی خه‌ودا تووشی بینینی خه‌ونی ناخۆش ده‌بووم، به‌ده‌م خه‌ونه‌وه‌ به‌گریان و زریکه‌ بێدار ده‌بوومه‌وه‌، شه‌وێکیان له‌ خه‌ونمدا باوکم هه‌ردوو مۆبایله‌که‌ی دۆزیبووه‌وه‌ و به‌ده‌ستییه‌وه‌ بوو، ده‌هات لێمبدات، ئه‌وه‌نده‌ ترسام له‌خه‌ونه‌که‌مدا به‌ده‌م هاوار و گریانێکی زۆره‌وه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌م بێداربوونه‌وه‌ و ک لام، دایکم ده‌یگوت ئه‌م چه‌تیوه‌مان شێت بووه‌ بابیبه‌ین بۆ لای شێخێک یان مه‌لایه‌ک، به‌خوا جنۆکه‌ی له‌گه‌ڵدایه‌.
ئه‌و ساڵه‌ی خوێندن ده‌رنه‌چووم، ئیتر گرفته‌کانم زۆر زیادیان کرد، جگه‌ له‌وه‌ی لێدانێکی زۆرم خوارد به‌ده‌ستی باوکم، دایکیشم هه‌ر لۆمه‌ و سه‌رزه‌نشتی ده‌کردم، زوو هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌کردم که‌ ده‌مدات به‌ شوو، باوکم نه‌یهێشت بچمه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌، ئیتر وه‌ختبوو شێت ده‌بووم له‌ ماڵه‌وه‌، سه‌ره‌تای ساڵی نوێی خوێندن توێژه‌که‌مان دووجار ته‌له‌فۆنی کرد بۆ ماڵه‌وه‌مان و قسه‌ی له‌گه‌ڵ دایکمدا کرد تاکو بمنێرنه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌، به‌ڵام دایکم ده‌یگوت له‌ده‌سه‌ڵاتی مندا نییه‌ و باوکی ڕێگره‌ و زۆر توڕه‌یه‌ لێی. هه‌تا ڕۆژێک توێژه‌ره‌که‌مان سه‌ردانی ماڵه‌وه‌مانی کرد تاکو قسه‌ له‌گه‌ڵ باوکمدا بکات، باوکم زۆری قسه‌ به‌ من گوت و زۆر منی شکاندوه‌ له‌به‌رچاوی ئه‌ودا، دوای هه‌وڵێکی زۆر ده‌رئه‌نجام باوکم گوتی سوێندم خواردووه‌ ئه‌مساڵ نابێت بڕواته‌وه‌ قوتابخانه‌، هه‌روه‌ها گوتی ئه‌مساڵ بۆتان عاقڵ ده‌که‌م و ساڵێکیتر بۆتان ده‌نێرمه‌وه‌.
ئه‌و ساڵه‌ خۆم چه‌نده‌ دڵته‌نگ بووم، ڕێباز و هونه‌ر خراپتر بوون، هه‌فته‌ی جارێک یان دووجار به‌دزییه‌وه‌ نامه‌م ده‌گۆڕییه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا، حه‌زم ده‌کرد هه‌ر جارێک دایکم یان پورێکم بچوونایه‌ بۆ بازاڕ له‌گه‌ڵیان بچوومایه‌، هه‌ر جاره‌ به‌ نامه‌ ئاگاداری یه‌کێکیانم ده‌کرده‌وه‌ که‌ بێنه‌ فڵانه‌ بازاڕ یان شه‌قام تاکو له‌نزیکه‌وه‌ یه‌کتری ببینین.
ساڵی داهاتوو چومه‌وه‌ قوتابخانه‌ به‌ڵام به‌مه‌رجی ده‌رچوون، باوکم هه‌ڕه‌شه‌کانی هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌سه‌رم، ده‌مویست تۆڵه‌ی ئه‌و داخه‌ بکه‌مه‌وه‌ له‌دڵمدا بوو له‌ساڵی پێشووتردا که‌ له‌ماڵه‌وه‌ بووم، هه‌ر ده‌رفه‌تێکم بۆ بڕه‌خسایه‌ له‌گه‌ڵ ڕێبازدا به‌ ئۆتۆمبێله‌که‌ی ده‌ڕۆیشتم، به‌ڵام جار دوای جار زیاتر ده‌کرامه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا، هه‌ر سه‌رده‌که‌وتم له‌ ئۆتۆمبێله‌که‌یدا ده‌ستی نه‌ده‌سره‌وت، واملێهاتبوو دڵم نه‌ده‌هات بێ دڵی ئه‌و بکه‌م، ده‌ستی ده‌خسته‌ ناو سنگمه‌وه‌ توند مه‌مکه‌کانمی ده‌گوشی، ئه‌و هه‌میشه‌ گله‌یی ئه‌وه‌ی لێده‌کردم که‌ من هیچ بۆ ئه‌و ناکه‌م، هه‌ر تێنه‌ده‌گه‌یشتم له‌و گله‌ییه‌ی، هه‌تا جارێکیان گرته‌یه‌کی سێکسیی له‌مۆبایله‌که‌ی خۆیدا پیشاندام گوتی ئه‌وه‌م ده‌وێت، که‌ سه‌یرم کرد، زۆر قورس بوو بۆ من هه‌ستم ده‌کرد بێز ده‌که‌مه‌وه‌ له‌و داوایه‌ی ئه‌و، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر داواکه‌ی. هونه‌ر ته‌نها پشتی به‌ مۆبایل ده‌به‌ست له‌په‌یوه‌ندی کردنه‌کانیدا، زووزووش ده‌هاته‌ سه‌ر ڕێم، به‌ڵام من له‌ترسی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڕێبازدا له‌یه‌کتری ئاشکرا نه‌بن، به‌رده‌وام ده‌مترساند به‌وه‌ی باوکم چاودێریم ده‌کات و دره‌نگ دره‌نگ وه‌ره‌ سه‌ر ڕێگام.
ئه‌وه‌ی هه‌ستم پێده‌کرد له‌و دوو ساڵه‌دا هونه‌ر ڕاستگۆیانه‌تر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کردم و داوای هیچ شتێکی لێنه‌ده‌کردم، ناوبه‌ناویش باسوخواستی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ده‌کردم که‌ به‌رنامه‌ داده‌نێت دوای ته‌واوکردنی قۆناغی شه‌شی ئاماده‌یی بێته‌ داوام، به‌ڵام ڕێباز خۆپه‌رست بوو هه‌ر خه‌ریکی تێرکردنی ئاره‌زووه‌کانی خۆی بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ لێزانانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کردم زیاتر و زۆرتر سه‌رنجی منی ڕاکێشابوو.
هه‌رچۆنێک بێت ئه‌و ساڵه‌م بڕی به‌نزمترین نمره‌وه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌م هه‌ر به‌رده‌وامبوو، کاتێک گه‌یشتمه‌ پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی ئیتر به‌ته‌واوی له‌ڕووی جه‌سته‌وه‌ کچێکی ته‌واو به‌ژنوباڵا هه‌ڵچوو و جه‌سته‌م پڕ و ڕوخسارم تابڵێی سه‌رنجڕاکێش بوو، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا چه‌ند داواکارێک هاتنه‌ داوام، هه‌میشه‌ وه‌ڵامی ماڵی ئێمه‌ بوو که‌ سێوه‌ جارێ خوێندنی ماوه‌ و کاتی شووکردنی نییه‌.
ڕێباز ڕۆژێکیان ئاگاداری کردم که‌ خوشکه‌که‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌یدا ده‌چنه‌ وڵاتێکی دراوسێ بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری و ماڵه‌که‌یان چۆڵه‌ و کلیلی خانووه‌که‌یان لای ئه‌وان داناوه‌، ڕێباز ئه‌مه‌ی به‌ هه‌ل ده‌زانی تاکو بچینه‌ ماڵی خوشکه‌که‌ی و له‌وێ به‌ کامی دڵ کاتێک له‌گه‌ڵ یه‌کتردا به‌سه‌ربه‌رین، ئه‌و ده‌یزانی من له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێمدا مامۆستای تایبه‌تیمان بۆ گیرابوو هه‌فته‌ی دوو ڕۆژ له‌کاتی عه‌سراندا له‌ماڵی هاوڕێیه‌کمان وانه‌ی تایبه‌تیمان ده‌خوێند، هه‌موو جارێ بۆ هاتووچۆی ماڵی هاوڕێکه‌م دایکی هاوڕێکه‌ی ترم به‌ئۆتۆمبێل ده‌هات به‌شوێنمدا و ده‌یبردم و ده‌یهێنامه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، ڕێباز واده‌یه‌ک و پلانێکی بۆ دانام چۆن له‌و ڕۆژه‌ی ئه‌و داینابوو بتوانم به‌ناوی وانه‌ تایبه‌ته‌که‌وه‌ بێمه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ماڵه‌وه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ دایکی هاوڕێکه‌مدا سه‌رنه‌که‌وم، پلانه‌که‌ش به‌مجۆره‌ بوو، دایکم وه‌ک هه‌موو جارێک دڵنیابوو که‌ من له‌گه‌ڵ دایکی هاوڕێکه‌مدا ده‌ڕۆم، بۆیه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ وه‌ک جاران خۆم گۆڕی و له‌و کاته‌دا که‌ دایکی هاوڕێکه‌م گه‌یشته‌ به‌رده‌رگا چوومه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام پێمڕاگه‌یاند که‌ پورێکم نه‌خۆشه‌ و له‌گه‌ڵ دایکمدا ده‌چین بۆ ماڵی پورم، هاوڕێکه‌م و دایکی ڕۆیشتن، به‌ڵام من نه‌گه‌ڕامه‌وه‌ ژووره‌وه‌ و به‌پێ چوومه‌ سه‌ر شه‌قامه‌که‌ی لای ماڵی خۆمان و ڕێباز له‌وێ به‌ ئۆتۆبێله‌که‌یه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ده‌کردم. له‌گه‌ڵ ڕێباز چووینه‌ ماڵی خوشکه‌که‌ی.
ڕێباز زۆر هه‌وڵیدا هه‌موو شتێکم له‌گه‌ڵدا بکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یویست من نه‌مهێشت به‌ڵام ڕووتی کردمه‌وه‌ و که‌وته‌ ماچ کردن و مژینی هه‌موو جه‌سته‌م، ئه‌وه‌نده‌ وروژام خه‌ریکبوو بێهۆش ده‌بووم، منیش خه‌ریکی جه‌سته‌ی ئه‌و بووم، له‌ناکاو ڕێباز به‌مۆبایله‌که‌ی وێنه‌یه‌کی منی گرت به‌ ڕووتی، که‌ ته‌واو بووین زۆر هه‌وڵمدا وێنه‌کان بسڕێته‌وه‌ به‌ڵام بێ سوود بوو، به‌ڵێنی پێدام ده‌یپارێزێت و مه‌ترسی دروست نه‌کات له‌سه‌ر من. له‌ واده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسایی خۆم له‌وانه‌ تایبه‌ته‌که‌دا گه‌یاندمییه‌وه‌ نزیک ماڵه‌وه‌ و خۆم کرده‌وه‌ به‌ ماڵه‌وه‌دا بێئه‌وه‌ی که‌س بزانێت که‌ نه‌چووم بۆ ماڵی هاوڕێکه‌م.
کاتێک شه‌و داهات مێشکم زۆر ماندووبوو به‌و وێنه‌ ڕووتانه‌م له‌ناو مۆبایله‌که‌ی ڕێبازدا، ئه‌وه‌نده‌ له‌مێشکی خۆمدا ده‌مهێنا و ده‌مبرد به‌هیچ جۆرێک خه‌وم لێنه‌که‌وت. بۆ ڕۆژی دوایی نامه‌یه‌کم بۆ نارد و نووسیم:
- تکایه‌ ئه‌و وێنانه‌م بسڕه‌وه‌.
- که‌واته‌ تۆ بڕوا به‌ من ناکه‌یت، ئه‌ی چۆن منت خۆش ده‌وێت که‌ ئاوا متمانه‌ت پێم نییه‌؟
- مه‌سه‌له‌ متمانه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر که‌سێک ئه‌و مۆبایله‌تی بینی؟ ئه‌گه‌ر لێتبکه‌وێت؟ ژیانم ده‌فه‌وتێت.
- تۆ هه‌ر بۆ خۆم ده‌بیت له‌ کۆتاییدا، خه‌می هیچت نه‌بێت گیانه‌.
هه‌ستمده‌کرد تازه‌ که‌وتومه‌ته‌ ژێر ڕه‌حمه‌تی ڕێبازه‌وه‌ و ئیتر له‌مه‌ودوا ده‌توانێت به‌ئاره‌زووی خۆی یاریم پێبکات، له‌و ساته‌وه‌ هیچ هه‌ستێکم بۆی نه‌ما، بگره‌ لێی ده‌ترسام، به‌ڵام ئه‌و هیچ مامه‌ڵه‌ی خۆی له‌گه‌ڵمدا نه‌گۆڕی و وه‌کو جاران ئاسایی خۆی پیشان ده‌دا.
ئه‌م ڕووداوه‌ وایلێکردم زیاتر خۆم له‌ هونه‌ر نزیک بکه‌مه‌وه‌ و قه‌دری ڕاستگۆیی ئه‌و زیاتر بزانم، به‌ڵام ڕێباز له‌به‌رامبه‌ر نیگه‌رانییه‌کانی مندا هه‌میشه‌ دڵی ده‌دامه‌وه‌.
دایکم به‌درێژایی پۆلی شه‌شی ئاماده‌ییم زوو زوو قسه‌یه‌کی ده‌دا به‌گوێمدا و ده‌یگوت: کچێ باش بخوێنه‌ با شوێنێک وه‌رتبگرێت به‌خوا باوکت ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ده‌رنه‌چیت یان نمره‌ی باش نه‌هێنیت ئه‌وا یه‌کسه‌ر ده‌بێت شوو بکه‌یت.
ڕۆژێک به‌ مۆبایل له‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ قوتابخانه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ هونه‌ردا ده‌کرد، ئه‌وه‌نده‌ بێتاقه‌ت بووم به‌مه‌سه‌له‌ی وێنه‌کانم له‌ناو مۆبایله‌که‌ی ڕێبازدا خه‌ریکبوو ئاگاداری بکه‌م له‌م مه‌سه‌له‌یه‌، دوایی دانم به‌خۆمدا گرت و هیچم نه‌گوت، هونه‌ر هه‌ر لێی ده‌پرسیم بۆ ئاوا بێتاقه‌تیت، منیش ده‌مگوت که‌مێک سه‌رم دێشێت و ناساغم. پاشتر که‌ بیرم لێکرده‌وه‌، له‌دڵی خۆمدا ده‌مگوت باشه‌ ئه‌گه‌ر من ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ هونه‌ر بڵێم ئیتر ئه‌و منی ناوێت و ناشیه‌ته‌ داوام و ئه‌م نهێنییه‌ ناشیرینه‌شم ده‌که‌وێته‌ لای ئه‌ویش.
هه‌موو سێ هه‌فته‌ی به‌سه‌ردا نه‌چوو له‌گه‌رمه‌ی تاقیکردنه‌وه‌ی مانگانه‌دا بووین، ڕێباز داوای ده‌کرد له‌گه‌ڵیدا بچمه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌مگوت تاقیکردنه‌وه‌م هه‌یه‌ و سه‌رقاڵم، به‌ڵام ئه‌و ده‌یگوت:
- پێت ده‌ڵێم وه‌ره‌ له‌گه‌ڵمدا، هه‌تا ماڵی خوشکه‌که‌م نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، خۆت کاتێک ڕێکبخه‌ و ئاگادارم بکه‌ره‌وه‌.
له‌م جۆره‌ قسه‌کردنه‌یدا هه‌ستم به‌ هه‌ڕه‌شه‌ کردن کرد، ناچار ڕازی بووم و جارێکی تریش بردمییه‌وه‌ ماڵی خوشکه‌که‌ی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ پێش هه‌موو شتێک ده‌ستم به‌گریان کرد که‌ مۆبایله‌کانی بکوژێنێته‌وه‌، به‌قسه‌ی کردم، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ناچاری کردم به‌ زۆر و به‌ هه‌ڕه‌شه‌ که‌ جگه‌ سێکسی پێشه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو شتێکی له‌گه‌ڵدا بکه‌م، له‌ترسی وێنه‌کانی ناو مۆبایله‌که‌م زۆر هه‌ستم به‌ لاوازی ده‌کرد له‌به‌ر ده‌میدا، هه‌موو خواسته‌کانیم به‌جێگه‌یاند، به‌ڵام له‌کۆتاییدا داواملێکرد، لێیپاڕامه‌وه‌ به‌گریانه‌وه‌ که‌ ئه‌و وێنانه‌م بسڕێته‌وه‌، هه‌روه‌ک جاران ده‌یویست دڵنیام بکاته‌وه‌ که‌ هیچی خراپ ڕوونادات.
کاتێک گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ له‌تاو ئازاری دواوه‌م و هه‌ستکردنم به‌ سوکایه‌تی و شه‌رمه‌زاریم خه‌ریکبوو دڵم ده‌ته‌قی، نه‌مده‌زانی چیبکه‌م، تووشی بارێکی ده‌روونی ناجێگیر بووم، هه‌تا چه‌ند ڕۆژێک نانم بۆ نه‌ده‌خورا، دایکم ده‌یویست بمبات بۆ لای پزیشک، به‌رده‌وام ده‌مگوت پێویست ناکات خۆم باش ده‌بم.
چه‌ند ڕۆژێک خۆم توڕه‌ کرد له‌ ڕێباز و قسه‌م له‌گه‌ڵدا نه‌کرد، به‌ڵام ئه‌و خۆی وه‌ک جاران پیشان ده‌دا و هه‌ر ده‌یگوت دڵت باش ده‌بێت هیچ نییه‌ ئه‌مه‌ نازه‌ ده‌یکه‌یت به‌سه‌رمدا.
تاقیکردنه‌وه‌ی کۆتایی ساڵ نزیک بووه‌وه‌، ئاگاداری هه‌ردووکیانم کرده‌وه‌ که‌ من ئه‌م ماوه‌یه‌ هه‌موو کاته‌کانم ته‌رخان ده‌که‌م بۆ خوێندن چونکه‌ پاشه‌ڕۆژم له‌سه‌ر ئه‌م ماوه‌یه‌ به‌نده‌. هه‌ردووکیان ڕازی بوون هه‌تا دوای تاقیکردنه‌وه‌کان قسه‌ نه‌که‌ین.
به‌هۆی ئه‌و گێژاوه‌ی تێیکه‌وتبووم هه‌رچه‌ندم ده‌کرد نه‌مده‌توانی به‌باشی خۆم ئاماده‌ بکه‌م بۆ تاقیکردنه‌وه‌کان وه‌ک پێویست، هه‌رچه‌ند کتێبم ده‌گرت به‌ده‌سته‌وه‌ مێشکم ده‌چووه‌ لای په‌یوه‌ندییه‌کانم و ئه‌و وێنانه‌ی لای ڕێباز بوون.
له‌تاقیکردنه‌وه‌کاندا باش نه‌بووم، چاوه‌ڕوانیشم ده‌کرد له‌ وانه‌یه‌کدا ده‌رنه‌چم، یه‌ک ڕۆژمان مابوو بۆ دوا تاقیکردنه‌وه‌ نامه‌یه‌کم نارد بۆ ڕێباز، لێم پرسی ئاخۆ ماڵی خوشکه‌که‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، وه‌ڵامی به‌ به‌ڵێ دامه‌وه‌، ئاره‌زوویه‌کم لادروستبووبوو که‌ له‌دوا ڕۆژی تاقیکردنه‌وه‌کاندا له‌گه‌ڵیدا بچمه‌ ده‌ره‌وه‌، چونکه‌ ده‌مزانی پشووی هاوین ڕه‌نگه‌ هه‌ر ده‌رفه‌ت نه‌ڕه‌خسێت بۆمان، تێلێکم بۆ ڕێباز کرد:
- حه‌ز ده‌که‌م دوا ڕۆژی تاقیکردنه‌وه‌کان که‌ سبه‌ینێ ده‌کات، به‌یه‌که‌وه‌ بچینه‌ ده‌ره‌وه‌.
- ئه‌وه‌ چۆن بێت وا دڵت نه‌رم بووه‌؟ هه‌زار جار گیانی من، خۆ من خه‌ریکه‌ شێت ده‌بم بۆت.
- ئه‌مجاره‌ خۆم پلان داده‌نێم بۆ ده‌رچوونه‌که‌مان.
- ئاده‌ی هه‌ناسه‌، پێم بڵێ بزانم پلانێکی سه‌رکه‌وتووه‌.
- له‌ تۆوه‌ فێری زۆرزانی بووم، به‌دایکم ده‌ڵێم به‌بۆنه‌ی کۆتایی تاقیکردنه‌وه‌کانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێکانم ده‌چین بۆ ڕیستۆرانت و پیاسه‌ کردن، چونکه‌ پار ساڵیش دوا ڕۆژی تاقیکردنه‌وه‌کان به‌ڕاستی وامان کرد، باوه‌ڕم پێده‌کات.
- به‌ساقه‌ی پلانه‌کانیشت بم، هه‌ر زۆۆر زۆۆر باشه‌.
- هه‌روه‌ک جاران سبه‌ینێ دوای ته‌واوبوونی تاقیکردنه‌وه‌ له‌ جێژوانه‌که‌ی خۆمان بوه‌سته‌ من دێمه‌ لات.
- ئۆکه‌ی باوانم.
ئه‌و ڕۆژه‌ش به‌یه‌که‌وه‌ ده‌رچووین به‌ڵام هه‌ستم ده‌کرد زیاتر له‌ جاران به‌تاسه‌وه‌ حه‌زم له‌ باوه‌ش و ماچی ڕێباز ده‌کرد. خه‌ریکبوو مه‌سه‌له‌ی وێنه‌کان لام ده‌بووه‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاسایی و گرنگیم پێنه‌ده‌دا.
که‌وتینه‌ پشووی هاوین و له‌ چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌ی ئه‌نجامی تاقیکردنه‌وه‌کاندا بووم، ناوبه‌ناو سه‌ردانی ماڵی پورم ده‌کرد له‌وێ به‌هه‌لم ده‌زانی قسه‌ بکه‌م له‌گه‌ڵ هونه‌ر و ڕێبازدا، هونه‌ر به‌ڕاستی خه‌ریکی خۆ ئاماده‌کردن بوو تاکو بێته‌ داوام، به‌ڵام من پێمده‌گوت په‌له‌ مه‌که‌ بزانم ئه‌نجامه‌کانم چۆن ده‌بێت و له‌کوێ وه‌رده‌گیرێم.
ئه‌نجامه‌کان ده‌رچوون، ڕاسته‌ ده‌رچووم به‌ڵام نمره‌کانم ئه‌وه‌نده‌ نزم بوون چاوه‌ڕوان نه‌ده‌کرا نه‌ک هه‌ر له‌ زانکۆ به‌ڵکو له‌ په‌یمانگه‌کانیش وه‌ربگیرێم.
ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌نجامه‌کان ده‌رچوون، باوکم شه‌وه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ی خواردبووه‌وه‌ به‌ته‌واوی مه‌ست بووبوو، به‌ هاواره‌وه‌ بانگی کردم، زۆر ترسام، دایکم هات له‌گه‌ڵمدا، باوکم داوای نمره‌کانمی لێکردم، لێی پرسیم کوا نمره‌کانت، چووم بۆم هێنا، دوای ئه‌وه‌ی که‌مێک سه‌یری کرد، به‌هاواره‌وه‌ گوتی:
- به‌ڕه‌ڵای بێشه‌ره‌ف، ئه‌ی تۆ ساڵێک خه‌ریکی چی بوویت؟ ئه‌و‌ نمره‌ جوانانه‌ت بۆ من هێناوه‌ته‌وه‌؟ مامۆستای تایبه‌تیت به‌ من گرت بۆ ئه‌م نمرانه‌؟ هه‌ستا بۆم لێمبدات، به‌ قیژه‌ و هاواره‌وه‌ ڕامکرد له‌به‌رده‌ستیدا، دایکم باوکمی گرت، من چوومه‌ قاتی سه‌ره‌وه‌، گوێم لێبوو باوکم هه‌ر هاواری ده‌کرد، سه‌گی سه‌گباب شه‌رت بێت نه‌یه‌ڵم بکه‌ویته‌ سێ مانگی تر، بتده‌م به‌ قه‌حبه‌بابێکی وه‌ک خۆت و ڕزگارم بێت له‌ده‌ستت. به‌ دایکمی گوت: ئافره‌ت ئه‌مجاره‌ هه‌ر سه‌گبابێک هاته‌ داوای ئه‌م چه‌تیوه‌ی‌ بده‌نێ، دۆم بێت.. قه‌ره‌ج بێت، بیده‌نێ بابڕوات.
ڕۆژگار تێپه‌ڕی و ناوی وه‌رگیراوه‌کان له‌ کۆلیژ و په‌یمانگه‌کان ده‌رچوو، ناوی من نه‌هاتبووه‌وه‌، هاوشێوه‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌رچووانه‌ی پۆلی شه‌ش که‌ نمره‌کانمان زۆر که‌مبوو. ئیتر که‌وتمه‌ به‌رده‌می قۆناغێکی تر که‌ چاره‌نووسێکی نادیار چاوه‌ڕێی ده‌کردم.
بیرم له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ ڕێباز ڕازی بکه‌م بێته‌ داوام، چونکه‌ هه‌ستمده‌کرد به‌مه‌ له‌مه‌ترسی ئه‌و وێنانه‌ ڕزگارم ده‌بێت که‌ له‌لای بوو، کاتێک ئه‌و پێشنیاره‌م به‌ ڕێباز ڕاگه‌یاند، پاش قاقایه‌کی زۆری پێکه‌نین، گوتی:
- ده‌ترسم تێکچووبیت، ژنهێنانی چی و شووکردنی چی؟ من 10 ساڵی تریش بیر له‌ ژنهێنان ناکه‌مه‌وه‌، له‌کوێ تاقه‌تی نه‌وت کڕین و غاز کڕین و شیر کڕینم هه‌یه‌ بۆ منداڵ، باجارێ تۆزێ دنیا ببینین، ناشێ حه‌ز بکه‌ی شوو بکه‌یت؟ ئه‌وه‌ نییه‌ منت هه‌م؟ ئیتر په‌له‌ی چیته‌؟ ئه‌وه‌ی مێرد له‌گه‌ڵتدا ده‌یکات منیش ده‌یکه‌م، ئیتر شووکردنت بۆچییه‌؟
- ڕێباز من له‌ ڕه‌وشێکی خێزانی ناخۆشدام، خواخوامه‌ له‌ده‌ست باوکم و شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی ماڵه‌وه‌ ڕزگارم بێت، باوکم هه‌ڕه‌شه‌ی به‌شوودانم لێده‌کات، ناوم نه‌هاتۆته‌وه‌ له‌ هیچ زانکۆ و په‌یمانگه‌یه‌ک، به‌خوا ئه‌و شه‌وه‌ به‌دایکمی ده‌گوت، هه‌ر که‌سێک هاته‌ داوای بیده‌نێ، خۆشت ده‌زانی من داواکارم زۆره‌ …
- ئینجا ئه‌وه‌ که‌ی کێشه‌یه‌ سێوه‌ گیان، تۆ سه‌ر له‌خۆت تێکمه‌ده‌، شوو بکه‌، من و تۆ هه‌ر ئه‌بێت په‌یوه‌ندیمان بمێنێت، دڵنیابه‌ من هه‌زار ژنم هه‌بێت هه‌ر دڵم لای تۆ ده‌بێت، تۆش هه‌روا ده‌بیت.
- ڕێباز گیان، ئه‌و وێنانه‌م؟
- ئاخ له‌ده‌ست تۆ، بڕوام پێبکه‌ هه‌موو شه‌وێک له‌باوه‌شی خۆمدا ده‌تخه‌وێنم، به‌ده‌م سه‌یرکردنی وێنه‌کانته‌وه‌ خه‌و ده‌چێته‌ چاوم، وه‌ک چاوه‌کانی خۆم ئه‌و وێنانه‌ت ده‌پارێزم.
هه‌رچیم کرد له‌گه‌ڵیدا سوودی نه‌بوو، دیاربوو ئه‌و هه‌ر بۆ تێرکردنی ئاره‌زووه‌کانی خۆی منی ده‌ویست، ناچار قسه‌م له‌گه‌ڵ هونه‌ردا کرد، ئه‌و زۆر به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی، به‌ڵام کێشه‌که‌ له‌وه‌دا بوو که‌ باری ئابوری خێزانه‌که‌یان ته‌واو نه‌بوو، هه‌رچه‌نده‌ من ئه‌و شتانه‌ کێشه‌ نه‌بوو له‌لام، به‌ڵام ده‌مزانی دایکم به‌و جۆره‌ خێزانانه‌ ڕازی نه‌ده‌بوو.
زۆری پێنه‌چوو ڕۆژێک دایکی و هونه‌ر و دوو خوشکی هاتن بۆ ماڵی ئێمه‌، دایکم پێشوازی لێکردن و به‌ڵام دوای چه‌ندین پرسیار له‌لایه‌ن دایکمه‌وه‌، کۆتاییه‌که‌ی به‌وه‌ هێنا که‌ گوایه‌ دانراوم بۆ خوشکه‌زایه‌کی باوکم، دایک و خوشکه‌کانی هونه‌ر هه‌ستان و به‌نائومێدی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌.
به‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی دایک و خوشکه‌کانی هونه‌ر، دایکم که‌وته‌ بۆڵه‌ بۆڵ به‌سه‌ر مندا، هه‌رده‌یگوت:
- ئه‌م سواڵکه‌رانه‌ چین؟ کێن؟ ده‌ترسم ده‌ستی خۆتی تێدابێت؟ تۆ ده‌زانی له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند ماڵی ده‌وڵه‌مه‌ند و خانه‌دان هاتنه‌ داوات، به‌ڵام به‌هۆی خوێندنه‌که‌ته‌وه‌ وه‌ڵامی که‌سمان نه‌داوه‌ته‌وه‌.
- دایکه‌ ئه‌وه‌ تۆ ده‌ڵێی چی؟ من له‌کوێ ئه‌مانه‌ ده‌ناسم؟ (ویستم دایکم توڕه‌ بکه‌م) ئیتر کچ که‌ مه‌لیکه‌ جه‌مال بوو هه‌موو جۆره‌ که‌سێک دێنه‌ داوای (ههههه).
- ده‌ک خوا هه‌زار مه‌لیکه‌ جه‌مالی ئاوا ببڕێت، له‌ خوێندندا مه‌لیکه‌ جه‌مال بوویتایه‌، نه‌ک له‌ خۆ بادان و خۆ ڕازاندنه‌وه‌دا.
هه‌رچۆنێک بێت توانیم په‌یوه‌ندییه‌ک به‌ هونه‌ره‌وه‌ بکه‌م، زۆر نیگه‌ران بوو هه‌ڵوێستی دایکم که‌ به‌وجۆره‌ وه‌ڵامی دایکی و خوشکه‌کانی داوه‌ته‌وه‌، منیش هه‌وڵمدا دڵنیای بکه‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ی دایکم گوتویه‌تی ڕاست نییه‌ و ماڵی ئێمه‌ گفتیان به‌ که‌س نه‌داوه‌. هونه‌ر پێشنیاری کرد که‌ شه‌وێک باوکی بنێرێت بۆ لای باوکم تاکو قسه‌ له‌باره‌ی خوازبێنی کردنی منه‌وه‌ بکه‌ن.
چه‌ند شه‌وێک تێپه‌ڕی و شه‌وێک باوکی هونه‌ر و دوو پیاوی خزمیان هاتنه‌ لای باوکم، له‌ترساندا نه‌مده‌زانی له‌ کوێ خۆم بشارمه‌وه‌، له‌دڵی خۆمدا ده‌مگوت بڵێی باسی باوکی هونه‌ر باسی په‌یوه‌ندی من و کوڕه‌که‌ی خۆی بکات؟.
ئه‌وان ڕۆیشتن و باوکم بانگی دایکمی کرد و که‌وتنه‌ قسه‌ کردن پێکه‌وه‌، ته‌نها گوێم له‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌نگی دایکم بوو که‌ ده‌یگوت:
- ئه‌م ماڵه‌ سواڵکه‌ره‌ چین وازمان لێناهێنن.
- خۆت سواڵکه‌ری، ماڵێکی باش و ڕێکوپێک دیارن، ئێمه‌ ده‌توانین پرسیار له‌سه‌ر کوڕه‌که‌ی و ماڵه‌وه‌یان بکه‌ین، هه‌ر له‌خۆته‌وه‌ تفه‌نگ به‌ تاریکییه‌وه‌ مه‌نێ.
دایکم هه‌رچه‌ند ده‌یویست ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ دابخرێت و قسه‌ی له‌باره‌وه‌ نه‌کرێت به‌ڵام باوکم خه‌ریکی پرسیارکردن بوو له‌سه‌ر ئه‌و ماڵی هونه‌ر.
دواجار و دوای کێشمه‌کێشێکی زۆر له‌ناو خێزانه‌که‌مدا و چه‌ندین شه‌ڕ و ئاژاوه‌ له‌نێوان دایکم و باوکمدا کۆتایی به‌ مه‌سه‌له‌ هات و نه‌یاندام به‌ هونه‌ر.
له‌و داواکارانه‌ی پێشتر هاتبوونه‌ داوام، دایکم به‌ دزی من و باوکمه‌وه‌ وه‌ڵامی بۆ ماڵێکیان ناردبوو که‌ ده‌توانن ئێستا بێنه‌ داوام.
نه‌مزانی چۆن ئاوا به‌خێرایی هه‌موو شتێکیان بڕانده‌وه‌، ئه‌وه‌ی منی نیگه‌ران کردبوو ده‌مویست ئه‌و مۆبایلانه‌ بگه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ هونه‌ر و ڕێباز و له‌ده‌ست ئه‌و کێشانه‌ ڕزگارم بێت، هه‌روه‌ها وێنه‌کانی لای ڕێباز که‌ بووبوو به‌ دێوه‌زمه‌یه‌ک له‌لام و شه‌و و ڕۆژ لێم نه‌ده‌بووه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێجار یاده‌وه‌رییه‌کانم له‌گه‌ڵ ڕێبازدا چێژێکی بێمانایان پێده‌به‌خشیم.
ماره‌یان بڕیم و ئیتر له‌گه‌ڵ (هاوژین)ی ده‌ستگیرانمدا ده‌چووینه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ ترسی ئه‌وه‌م هه‌بوو ڕێباز یان هونه‌ر بمبینن و کێشه‌یه‌کم بۆ دروست بکه‌ن.
هاوژین کوڕێکی باشبوو، حه‌وت ساڵ له‌خۆم گه‌وره‌تر بوو، خه‌ریکی خانوو دروستکردن بوو، ده‌یگوت دوو مانگی تر ته‌واو ده‌بێت، ناوبه‌ناو ده‌یبردمه‌ خانووه‌که‌ و بۆی باس ده‌کردم که‌ ته‌واو بوو چۆن که‌لوپه‌له‌کان دابنێن و ناوبه‌ناویش ڕای منی وه‌رده‌گرت.
دایکم زۆر ئاسووده‌بوو به‌م هاوسه‌رگیرییه‌م، باوکیشم ئه‌وه‌نده‌ی له‌خه‌می دوورکه‌وتنه‌وه‌ی مندابوو له‌ماڵه‌که‌، ئه‌وه‌نده‌ خه‌می نه‌بوو له‌گه‌ڵ کێ هاوسه‌رگیریی ده‌که‌م.
ویستم ئه‌و ماوه‌ی ده‌ستگیرانییه‌ بکه‌م به‌ هه‌لێک بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانم له‌گه‌ڵ هونه‌ر و ڕێبازدا و پێدانه‌وه‌ی مۆبایل و سیم کارته‌کانیان به‌خۆیان، بۆئه‌وه‌ی هیچ شتێک له‌نێوانماندا نه‌مێنێت، سه‌ره‌تا تێلم بۆ (هونه‌ر) کرد و درۆیه‌کم ڕێکخست.
- هونه‌ر خۆت ده‌زانی من زۆر هه‌وڵمدا بۆ تۆ بم، به‌ڵام خۆت ده‌زانی هیچ شتێک به‌ده‌ستی من نییه‌، باوکم و دایکم به‌دزی منه‌وه‌ به‌ڵێنیان به‌ ماڵی پورێکم دابوو که‌ بمده‌ن که‌ پورزاکه‌م، زۆر هه‌وڵمدا سه‌رنه‌گرێت، زۆۆر لێدانم خوارد له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، به‌ڵام دواجار دایکم و باوکم قسه‌که‌ی خۆیان برده‌ سه‌ر و له‌ کوڕی پوره‌که‌م ماره‌یان کردم.
- ده‌زانم، دایکه‌ پاره‌ په‌رسته‌که‌ت به‌قسه‌کانیدا دیاربووه‌ که‌ ده‌یه‌وێت بتفرۆشێت به‌ که‌سێکی ده‌وڵه‌مه‌ند، ئێستا ماره‌ کراویت؟
- به‌ڵێ.
- ئاااخ، زۆرم پێناخۆشه‌، به‌ڵام من هیچ ده‌سه‌ڵاتێکم نیه‌.\
- هونه‌ر، ده‌مه‌وێت ئه‌و مۆبایله‌ت بۆ بگێڕمه‌وه‌، حه‌ز ناکه‌م خه‌فه‌ت بخۆیت، چونکه‌ گوناهی که‌سمانی تێدانیه‌. که‌ی و له‌کوێ لێم وه‌رده‌گریت.
- تکایه‌ واز له‌ مۆبایل بێنه‌، بیشکێنه‌، چۆن دڵم دێت لێتوه‌ربگرمه‌وه‌، زۆۆر به‌داخه‌وه‌ زۆر دڵم به‌ تۆ خۆش بوو، برا گه‌وره‌که‌م له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا هه‌میشه‌ پێیده‌گوتم که‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ هیچ ئه‌نجامێکی نابێت چونکه‌ کوڕ له‌زۆر ڕووه‌وه‌ ئاماده‌یی نییه‌ بۆ هاوسه‌رگیریی به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ئابوریه‌وه‌، دووه‌میش زۆربه‌ی کچان بڕیار له‌ده‌ستی خۆیان نییه‌، یان په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌، من هه‌ر گوێم به‌ قسه‌ی ئه‌و برا گه‌وره‌یه‌م نه‌دا، به‌ڵام قسه‌کانی هه‌مووی ڕاست ده‌رچوون. به‌هه‌رحاڵ ئێستا ده‌زانم بڕیار له‌ده‌ست خۆتدا نییه‌، هیوای ژیانێکی خۆشت بۆ ده‌خوازم (به‌گریانه‌وه‌) ئاگات له‌خۆت بێت توخوا …
- (به‌گریانه‌وه‌) سوپاس به‌قوربان، منیش هیوای ژیانێکی خۆش بۆ تۆ ده‌خوازم.
زۆرم به‌زه‌یی به‌ هونه‌ردا هاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی بێ کێشه‌ له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌رچوومم کامێک ئاهم هاته‌وه‌ به‌ر، ئینجا نۆره‌ی ڕێباز بوو، بڕیارمدا تێلیش بۆ ئه‌و بکه‌م، هه‌رچه‌نده‌ ده‌مزانی جۆری په‌یوه‌ندییه‌که‌ و جۆری که‌سێتی ڕێباز جیاوازتر بوون له‌ هونه‌ر و په‌یوه‌ندییه‌که‌م له‌گه‌ڵیدا. به‌ڵام هه‌ستمکرد شه‌ڕێکه‌ و هه‌رده‌بێت بیکه‌م، تێلم بۆ کرد:
- ڕێباز، ده‌مه‌وێت ئاگادارت بکه‌م، که‌ من هاوسه‌رگیریم له‌گه‌ڵ کوڕێکی پوری خۆمدا کردووه‌، زۆر دڵی پیسه‌، زۆر توڕه‌ و شه‌ڕانییه‌، تکایه‌ با کۆتایی به‌و په‌یوه‌ندییه‌مان بێت، با هیچمان تووشی گێچه‌ڵی گه‌وره‌ نه‌بین، ده‌مه‌وێت مۆبایله‌که‌ت بده‌مه‌وه‌ و تۆش وێنه‌کانم بسڕیته‌وه‌.
- وه‌ی گیان ئینجا په‌یوه‌ندی له‌مه‌ودوا خۆشه‌ ، ده‌زانی بۆ؟
- بۆۆۆ؟
- له‌مه‌ودوا ئیتر پێشه‌وه‌ت بۆ من ته‌خت ده‌بێت و به‌ دڵی خۆمان ده‌یکه‌ین.
- ڕێباز واز له‌و قسانه‌ بهێنه‌ تکایه‌، من هاوسه‌رگیریم کرد و ته‌واو، ڕابردوو له‌بیر بکه‌ …
- سێوه‌ گیان، من هیچ په‌له‌م نییه‌، من په‌کم له‌سه‌ر تۆ نه‌که‌وتووه‌، به‌خوا ئه‌م به‌یانییه‌ له‌گه‌ڵ کچێکی تردا کردوومه‌، زۆرم هه‌یه‌ زۆر، من یه‌ک تکام هه‌یه‌ له‌ تۆ، ئه‌و مۆبایله‌ی لای تۆیه‌ زۆر خزمه‌تی هه‌ردووکمانی کردووه‌، دڵم نایه‌ت بیفه‌وتێنم، چونکه‌ پیرۆزه‌ له‌لام، له‌فرسه‌تێکدا بۆم بهێنه‌وه‌ وه‌کو یادگاری هه‌ڵیده‌گرم …
- ده‌ته‌وێت بیده‌یت به‌ کچێکی تر و که‌سێکی تری پێ له‌که‌دار بکه‌یت؟
- ئه‌وه‌ عه‌یب نییه‌ بۆ تۆ ئاوا قسه‌ له‌گه‌ڵ مندا ده‌که‌یت؟ من ڕۆژی پاره‌ی دوو مۆبایلی ئاوا ته‌نها له‌ کچاندا خه‌رج ده‌که‌م، به‌ڵام من یه‌ک تکام له‌ تۆ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بێ کێشه‌ بیت له‌مه‌ودوا، مۆبایله‌که‌م بده‌ره‌وه‌، ژماره‌که‌م لای خۆت هه‌ڵبگره‌، دابێت له‌مه‌ودوا مانگی یه‌کجار به‌کورتیش بێت تێلێکم بۆ بکه‌یت.
- ئاخر ناتوانم من مێردم هه‌یه‌ و تووشی کێشه‌ ده‌بم، با کۆتایی به‌هه‌موو شتێک بهێنین باشتره‌.
- به‌وه‌ تووشی کێشه‌ نابیت، به‌وه‌ تووشی کێشه‌ ده‌بیت که‌ من وێنه‌ ڕووته‌کانت له‌ مۆبایل و ئینتێرنێتدا بڵاوبکه‌مه‌وه‌، تێده‌گه‌یت ده‌ڵێم چی؟
- ئه‌وه‌ چییه‌ ڕێباز، کردت به‌ ڕاست؟ هه‌ڕه‌شه‌م لێده‌که‌یت؟
- ئه‌وه‌ دوا وه‌ڵامی منه‌ و جێبه‌جێی بکه‌.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ڕێباز به‌ته‌واوی تووشی په‌ژاره‌ و دڵه‌ڕاوکێی کردم، زۆر بێتاقه‌ت بووم، هه‌رچۆنێک بێت له‌ فرسه‌تێکدا مۆبایله‌که‌یم بۆ گه‌ڕانده‌وه‌ و له‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌کانی ژماره‌که‌یم لای خۆم تۆمار کرد و له‌شوێنێکدا شاردمه‌وه‌ به‌دزییه‌وه‌.
ئه‌و ڕۆژه‌ی مۆبایله‌که‌یم بۆ گه‌ڕانده‌وه‌، ڕێباز پێی گوتم، له‌مڕۆوه‌ حسابی بکه‌، مانگی جارێک تێلم بۆ ده‌که‌یت، ده‌نا خۆت ده‌زانی چی ده‌که‌م.
هاوژین گواستمییه‌وه‌ و چووینه‌ خانووه‌ تازه‌که‌وه‌، ماوه‌یه‌ک سه‌رقاڵی میوان به‌ڕێکردن بووم، له‌ترساندا هه‌ر ئاگام له‌و کاته‌ بوو که‌ ده‌بوو تێل بکه‌م بۆ ڕێباز، ڕۆژێک هاوژین له‌ ده‌وام بوو. تێلێکم بۆ کرد:
- ڕێباز من سێوه‌م، تکایه‌ ئێستا لای مێردی خۆمم و له‌ماڵی خۆمدام، با کۆتایی پێبهێنین، تکایه‌ واز له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ت بهێنه‌…
- سێوه‌ ده‌مه‌وێت ئاوا پابه‌ند بیت پێمه‌وه‌، ده‌مه‌وێت بمکه‌یت به‌میوانی ژووری نووستنه‌که‌ت، له‌بیرته‌ جاران چه‌ند خۆش ده‌مانکرد؟ له‌مه‌ودوا خۆشتر ده‌بێت …
- تکایه‌ واز له‌و قسانه‌ بهێنه‌، من جارێ سه‌رقاڵی ئیشی ماڵم، ده‌مه‌وێت بڕۆم.
- ئێستا بڕۆ، چاوه‌ڕوانی تێلی داهاتووم، له‌بیرت نه‌چێت ها.
که‌وتبوومه‌ گێژاوێکه‌وه‌ بیرم چووبووه‌وه‌ که‌ تازه‌ بوکم، ئه‌و ڕۆژانه‌م بیر ده‌که‌وته‌وه‌ که‌ له‌قوتابخانه‌ ده‌مخوێند و له‌گێژاودا ده‌ژیام.
ڕۆژگار هاتوو و ڕۆژگار چوو، ناوبه‌ناو تێلم بۆ ده‌کرد و ئه‌ویش خه‌ریکی قسه‌ سێکسییه‌کانی خۆی بوو.
په‌یوه‌ندی من و هاوژین به‌گشتی باشبوو، هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕووی ته‌بیعه‌ته‌وه‌ که‌مێک له‌یه‌کتر دووربووین، به‌ڵام هه‌ڵمده‌کرد له‌گه‌ڵیدا، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هه‌میشه‌ پێی ده‌گوتم واز له‌و ناز و مه‌کره‌ی کاتی کچێنیت بهێنه‌، تازه‌ تۆ هاوسه‌ریت و دوو ڕۆژی تر ده‌بیت به‌ دایک، ئه‌م قسه‌یه‌یم زۆر پێناخۆش بوو، چونکه‌ من بیستبووم که‌ پیاوان حه‌ز به‌ ناز و مه‌کری هاوسه‌ره‌کانیان ده‌که‌ن، که‌چی هاوژین وانه‌بوو.
نزیکه‌ی ساڵێک به‌سه‌ر هاوسه‌رگیرمدا چووبوو، جارێک که‌ تێلم بۆ ڕێباز کرد پێی گوتم:
- دوێنێ له‌ بازاڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌عبایه‌ی هاوسه‌رتدا بینیمیت، زۆۆۆر جوان و خڕ و خه‌پان بوویت، ده‌مه‌وێت فرسه‌تێکم بۆ دروست بکه‌یت، بێمه‌ لات، شێتت بوومه‌ته‌وه‌ له‌دوێنێوه‌ …
- نا توخوا ڕێباز واز له‌و قسانه‌ بێنه‌، یه‌کێک پێمان بزانێت هه‌ردووکمان تیاده‌چین.
- ئه‌ی تۆ له‌ماڵی سه‌ربه‌خۆی خۆتدا نیت؟ ئیتر کێ پێمان ده‌زانێت؟
- ڕێباز تکایه‌، من ده‌مه‌وێت ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌شمان نه‌مێنێت چجای ئه‌وه‌ی تۆ داوای ده‌که‌یت.
- سێوه‌ به‌ چاوه‌ جوانه‌کانت، به‌ شه‌ره‌فم، له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا بۆم ڕێکنه‌خه‌یت که‌ بێمه‌ لات، ئه‌وه‌ی بمه‌وێت ده‌یکه‌م. تێده‌گه‌یت؟
- به‌ڵێ تێده‌گه‌م، باشه‌ خۆم ئاگادارت ده‌که‌مه‌وه‌.
نه‌مده‌زانی چیبکه‌م؟ خه‌ریکبوو شێت ده‌بووم به‌ده‌ست ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه‌، بیرم ده‌کرده‌وه‌ به‌کێ بڵێم ئه‌م کێشه‌یه‌م بۆ چاره‌سه‌ر بکات، هه‌رچه‌ند سه‌رم ده‌هێنا و ده‌برد، بوێری ئه‌وه‌م نه‌بوو لای که‌س ئه‌م نهێنییه‌ بدرکێنم، ناچار کاتێکم له‌و هه‌فته‌یه‌دا بۆ دیاریکرد و هاته‌ ماڵه‌وه‌ بۆ لام.
زۆۆر ترسام له‌هاتنه‌که‌ی خه‌می ئه‌وه‌م بوو که‌سێ ئاگای لێبێت، من دڵنیابووم هاوژین نه‌ده‌هاته‌وه‌.
ڕێباز ده‌تگوت گورگی برسییه‌، بردمه‌ ژووری نووستنه‌که‌ی خۆمان و ئیتر به‌پێشه‌وه‌ له‌گه‌ڵمدا خه‌ریکبوو، به‌ڵام من ئه‌وه‌نده‌ ده‌ترسام و دڵه‌ڕاوکێم هه‌بوو ئاگام له‌هیچ نه‌بوو، ته‌واوبوو و پێش ڕۆیشتنه‌که‌ی پێیگوتم:
- ئه‌مجاره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌که‌مجار بوو له‌ماڵی خۆتدا، قسه‌م نه‌کرد، به‌ڵام بۆ جارێکیتر نامه‌وێت ئاوا سارد بیت له‌گه‌ڵمدا، باشه‌ دڵه‌که‌م؟
- توخوا ڕێباز ئیتر ته‌واو، به‌خوا تووشی به‌ڵایه‌کی گه‌وره‌ ده‌بین هه‌ردووکمان، ڕۆژێک دێت ئاشکرا ببین. خێرا بڕۆ ده‌ره‌وه‌.
- چاوه‌ڕێی ته‌له‌فۆنی تۆم، بای.
ڕێباز زۆر چاونه‌ترس بوو، زۆریش حه‌زی له‌ سێکس بوو. به‌ڵام که‌ بیرم له‌مه‌ترسی ئاشکرابوونی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ده‌کرده‌وه‌ زۆر هه‌ستم به‌ترس ده‌کرد.
ماوه‌یه‌کی به‌سه‌رچوو ڕێباز هه‌ر داوای هاتنه‌وه‌ی ده‌کرد بۆ لام، به‌ڵام من هه‌رجاره‌ درۆیه‌کم ڕێکده‌خست بۆئه‌وه‌ی دووباره‌ی نه‌که‌ینه‌وه‌.
پاش دوو ساڵ منداڵێکم بوو، منداڵه‌که‌م سێ مانگ بوو که‌ هاوژین ئیفادی سه‌فه‌رکردنی بۆ ده‌رچوو بۆ بینینی خولێک له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ده‌بوو سێ مانگ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێت. واڕێکه‌وتین من له‌نێوان ماڵی باوکم و ماڵی خه‌زورمدا ئه‌و ماوه‌یه‌ به‌سه‌رمبه‌رم، هاوژین و ڕۆیشت و سه‌فه‌ری کرد، به‌ملی شکاوم له‌ده‌مم ده‌رچوو لای ڕێباز ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌م درکاند، ئیتر ڕێباز شێت و هار بوو، ده‌یگوت به‌ناوی سه‌ردانی ماڵه‌که‌ته‌وه‌ یان پاککردنه‌وه‌ی ماڵه‌که‌ته‌وه‌ هه‌فته‌ی دوو جار وه‌ره‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ به‌ ڕۆژ.
منیش به‌قسه‌م کرد، له‌ماڵ باوکم بووم، منداڵه‌که‌م لای دایکم داده‌نا و به‌ناوی سه‌ردانکردنی ماڵه‌وه‌ و پاککردنه‌وه‌وه‌ ده‌هاتمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ ڕێباز کارێکی ده‌کرد که‌ زۆر سه‌رنجی ڕاکێشامه‌وه‌ به‌لای خۆیدا، ئیتر هه‌ستمده‌کرد بوونی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ بۆ من پێویسته‌.
ماڵی خه‌زورم زۆر ئاگاداریان ده‌کردمه‌وه‌ که‌ نابێت به‌ته‌نها سه‌ر له‌ماڵه‌وه‌ بده‌م یان خوشکێکی خۆم یان خوشکێکی هاوژین ده‌بێت له‌گه‌ڵمدا بێت، به‌ڵام من گوێم به‌م قسانه‌ی ئه‌وان نه‌ده‌دا، ڕۆژێک خه‌سووم هاتبووه‌ ماڵی دایکم که‌ زانیبووی من به‌ته‌نها چوومه‌ته‌وه‌ ماڵی خۆم تووڕه‌ بووبوو، یه‌کسه‌ر تێلی بۆ برایه‌کی هاوژین کردبوو که‌ بێت به‌دوامدا، تاکو بمهێنێته‌وه‌، کاتێک براکه‌ی هاوژین هات، له‌ جه‌ڕه‌سیدا، من و ڕێباز به‌یه‌که‌وه‌ بووین له‌ژووری نووستنه‌که‌، به‌په‌له‌ هه‌ردووکمان خۆمان کۆکرده‌وه‌ و جله‌کانمان له‌به‌رکرد، ڕێباز گوتی ده‌رگا مه‌که‌ره‌وه‌ و خۆت بێده‌نگ بکه‌. من چووزانم نوسخه‌یه‌ک له‌ کلیلی خانووه‌که‌مان له‌ ئۆتۆمبێله‌که‌ی هاوژیندایه‌، ئۆتۆمبێله‌که‌یشی به‌و برایه‌ی بوو، که‌ سه‌فه‌ره‌که‌ی کرد ئۆتۆمبێله‌که‌یدا به‌براکه‌ی هه‌تا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، پاش یه‌ک دوو زه‌نگی ده‌رگا که‌ هه‌ر نه‌مکرده‌وه‌، خۆی ده‌رگاکانی کرده‌وه‌ و خۆی کرد به‌ژووردا، کاتێک ته‌قه‌ی ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ هات که‌ کرایه‌وه‌، به‌په‌له‌ ڕێبازم شارده‌وه‌ له‌ناو کانتۆری جله‌کاندا، به‌ڵام له‌ شڵه‌ژاوی خۆماندا پێڵاوه‌کانی هه‌ر له‌ ڕاڕوه‌که‌دا بوو. (هه‌ردی) برای هاوژین که‌ پێڵاوه‌کانی بینی و منی ئاوا به‌ شڵه‌ژاوی بینی زۆر تێکچوو، پرسی:
- سێوه‌خان خێره‌ له‌ماڵه‌وه‌یت به‌ته‌نها؟ ئه‌ی ئێمه‌ نه‌مانگوت که‌ی ویستت سه‌ردان بکه‌یته‌وه‌ قسه‌ بکه‌ با یه‌کێکمان بێین له‌گه‌ڵتدا؟ ئه‌و پێڵاوانه‌ هی کێیه‌؟
- (زۆر شڵه‌ژام، ده‌مم ده‌له‌رزی، نه‌مزانی چی بڵێم) وه‌ڵا بڵێم چی کاک هێمن هه‌ر ده‌مێکه‌ له‌وێدایه‌ ده‌مێکه‌ ….
- ده‌توانی خۆت کۆ بکه‌یته‌وه‌ و بڕۆین دایکم و دایکت چاوه‌ڕێی تۆن.
- باشه‌، هه‌رئێستا تۆ بڕۆ ناو ئۆتۆمبێله‌که‌ وامنیش هاتم.
هه‌ردی چووه‌ ناو ئۆتۆمبێله‌که‌، منیش به‌په‌له‌ هه‌ندێ جلی منداڵه‌کانم کۆکرده‌وه‌ و خستمه‌ عه‌لاگه‌یه‌که‌وه‌ و به‌دزییه‌وه‌ به‌ له‌به‌رده‌می کانتۆره‌که‌ به‌ ڕێبازم گوت، ده‌رگای ده‌روازه‌که‌ (مدخل) جووت ده‌که‌م به‌ڵام به‌کلیل دایناخه‌م، تۆزێکی تر بڕۆ ده‌ره‌وه‌.
من چوومه‌ ده‌ره‌وه‌ و سواری ئۆتۆمبێله‌که‌ بووم، به‌ڵام ده‌موچاوی هه‌ردی پڕ پڕ بوو له‌ گومان و هێمای پرسیار، ویستی ئۆتۆمبێله‌که‌ ئیش پێبکات، به‌ڵام داوای یارمه‌تی کرد که‌ ده‌یه‌وێت به‌خێرایی ده‌ست به‌ئاو بگه‌یه‌نێت، دابه‌زییه‌وه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌که‌ و چووه‌ ژووه‌ره‌وه‌، ئیتر هه‌موو گیانم وه‌ک شه‌قشه‌قه‌ ده‌له‌رزی هه‌ستمکرد دوا ساته‌کانی ژیانمه‌، له‌و ساتانه‌دا وێنه‌ی هاوژین و منداڵه‌که‌م و باوکم و دایکم ده‌هاتنه‌ به‌رچاو، ده‌یان بیرۆکه‌ به‌خێرایی به‌مێشکمدا ده‌هاتن و ده‌چوون، خه‌ریکبوو هه‌ناسه‌دانم ده‌وه‌ستا، پاش چه‌ند خوله‌کێک هه‌ردی هه‌ر نه‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌، منیش دابه‌زیم و گه‌ڕامه‌وه‌ ژووره‌وه‌، واااااااااای چیم بینی، ڕێباز و هه‌ردی به‌پێوه‌ وه‌ستابوون و قسه‌یان ده‌کرد، یه‌کسه‌ر ڕامکرده‌ خواره‌وه‌ و به‌ڕاکردن دوورکه‌وتمه‌وه‌ له‌ماڵه‌وه‌، وه‌ک شێت له‌و کۆڵانانه‌دا ده‌ڕۆیشتم، خۆشم نه‌مده‌زانی ڕووبکه‌مه‌ کوێ، که‌ ته‌واو دوور که‌وتمه‌وه‌، تاکسییه‌کم گرت و به‌شڵه‌ژاوییه‌وه‌ سه‌رکه‌وتم، شۆفێره‌که‌ گوتی چییه‌ ئه‌وه‌ خوشکی من بۆ وا په‌شۆکاویت؟ بۆ کوێ ده‌چیت؟ هه‌ر له‌ناو تاکسییه‌که‌دا ده‌ستمکرد به‌گریان، گوتم خاڵه‌گیان دایکم خه‌ریکه‌ ده‌مرێت زۆر ناساغه‌، مۆبایله‌که‌م ده‌رهێنا و ته‌له‌فۆنم کرد بۆ (102) داوای ژماره‌ی خانه‌یه‌ک (شێڵته‌رێک)م کرد، ژماره‌که‌یان دامێ و په‌یوه‌ندیم پێوه‌کردن، ناونیشانه‌که‌یان دامێ، ئینجا ناونیشانه‌که‌مدا به‌ شۆفێره‌که، گه‌یاندمییه‌ ئه‌و جێیه‌، به‌په‌له‌ دابه‌زیم و مۆبایله‌که‌م کوژانده‌وه‌ و خۆمکرد به‌ژووردا، ئه‌وه‌ چه‌ند مانگێکه‌ دابڕاوم له‌ منداڵه‌ چاوگه‌شه‌که‌م، له‌ هاوژینی هاوژینم، له‌ دایکم و خوشک و که‌سوکارم نازانم چی ڕوویدا دوای من، زۆۆۆر په‌شیمانم، هه‌موو ژیانم، خوێندنم، ئارامیم، له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بێ مانایانه‌ دانا، ده‌بێت چاره‌نووسم به‌چی بگات؟ ئااااااااااااااخ خۆزگه‌ ئێستا ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ قۆناغه‌کانی خوێندن، هه‌رگیز هه‌ڵنه‌ده‌خه‌ڵه‌تام، تازه‌ ژیانم بوو به‌دۆزه‌خ، من هیچم نییه‌ بیڵێم جگه‌ له‌ فرمێسکی په‌شیمانی به‌ڵام تازه‌ فرمێسکه‌کانیشم دادم ناده‌ن.

كانونی دووه‌م 13, 2012

ناپاکیی هاوسه‌ریی له‌زاری ئه‌نجامده‌رانییه‌وه‌ – به‌سه‌رهاتێکی ڕاسته‌قینه‌ که‌ تیایدا ڕه‌وشی خێزانی نادروست و ئه‌زموونه‌ نادروسته‌کانی تاک ده‌بنه‌ هۆی تووشبوون به‌ ناپاکیی هاوسه‌ریی – به‌شی سێیه‌م و کۆتایی – ده‌روونناس: سامان سیوه‌یلی

ناپاکی هاوسه‌ریی له‌ زاری ئه‌نجامده‌رانییه‌وه‌
به‌سه‌رهاتێکی ڕاسته‌قینه‌ که‌ تیایدا ڕه‌وشی خێزانی نادروست و ئه‌زموونه‌ نادروسته‌کانی تاک ده‌بنه‌ هۆی تووشبوون به‌ ناپاکیی هاوسه‌ریی
به‌شی سێیه‌م و کۆتایی
ده‌روونناس
سامان سیوه‌یلی

به‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی دایک و خوشکه‌کانی هونه‌ر، دایکم که‌وته‌ بۆڵه‌ بۆڵ به‌سه‌ر مندا، هه‌رده‌یگوت:
- ئه‌م سواڵکه‌رانه‌ چین؟ کێن؟ ده‌ترسم ده‌ستی خۆتی تێدابێت؟ تۆ ده‌زانی له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند ماڵی ده‌وڵه‌مه‌ند و خانه‌دان هاتنه‌ داوات، به‌ڵام به‌هۆی خوێندنه‌که‌ته‌وه‌ وه‌ڵامی که‌سمان نه‌داوه‌ته‌وه‌.
- دایکه‌ ئه‌وه‌ تۆ ده‌ڵێی چی؟ من له‌کوێ ئه‌مانه‌ ده‌ناسم؟ (ویستم دایکم توڕه‌ بکه‌م) ئیتر کچ که‌ مه‌لیکه‌ جه‌مال بوو هه‌موو جۆره‌ که‌سێک دێنه‌ داوای (ههههه).
- ده‌ک خوا هه‌زار مه‌لیکه‌ جه‌مالی ئاوا ببڕێت، له‌ خوێندندا مه‌لیکه‌ جه‌مال بوویتایه‌، نه‌ک له‌ خۆ بادان و خۆ ڕازاندنه‌وه‌دا.
هه‌رچۆنێک بێت توانیم په‌یوه‌ندییه‌ک به‌ هونه‌ره‌وه‌ بکه‌م، زۆر نیگه‌ران بوو هه‌ڵوێستی دایکم که‌ به‌وجۆره‌ وه‌ڵامی دایکی و خوشکه‌کانی داوه‌ته‌وه‌، منیش هه‌وڵمدا دڵنیای بکه‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ی دایکم گوتویه‌تی ڕاست نییه‌ و ماڵی ئێمه‌ گفتیان به‌ که‌س نه‌داوه‌. هونه‌ر پێشنیاری کرد که‌ شه‌وێک باوکی بنێرێت بۆ لای باوکم تاکو قسه‌ له‌باره‌ی خوازبێنی کردنی منه‌وه‌ بکه‌ن.
چه‌ند شه‌وێک تێپه‌ڕی و شه‌وێک باوکی هونه‌ر و دوو پیاوی خزمیان هاتنه‌ لای باوکم، له‌ترساندا نه‌مده‌زانی له‌ کوێ خۆم بشارمه‌وه‌، له‌دڵی خۆمدا ده‌مگوت بڵێی باسی باوکی هونه‌ر باسی په‌یوه‌ندی من و کوڕه‌که‌ی خۆی بکات؟.
ئه‌وان ڕۆیشتن و باوکم بانگی دایکمی کرد و که‌وتنه‌ قسه‌ کردن پێکه‌وه‌، ته‌نها گوێم له‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌نگی دایکم بوو که‌ ده‌یگوت:
- ئه‌م ماڵه‌ سواڵکه‌ره‌ چین وازمان لێناهێنن.
- خۆت سواڵکه‌ری، ماڵێکی باش و ڕێکوپێک دیارن، ئێمه‌ ده‌توانین پرسیار له‌سه‌ر کوڕه‌که‌ی و ماڵه‌وه‌یان بکه‌ین، هه‌ر له‌خۆته‌وه‌ تفه‌نگ به‌ تاریکییه‌وه‌ مه‌نێ.
دایکم هه‌رچه‌ند ده‌یویست ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ دابخرێت و قسه‌ی له‌باره‌وه‌ نه‌کرێت به‌ڵام باوکم خه‌ریکی پرسیارکردن بوو له‌سه‌ر ئه‌و ماڵی هونه‌ر.
دواجار و دوای کێشمه‌کێشێکی زۆر له‌ناو خێزانه‌که‌مدا و چه‌ندین شه‌ڕ و ئاژاوه‌ له‌نێوان دایکم و باوکمدا کۆتایی به‌ مه‌سه‌له‌ هات و نه‌یاندام به‌ هونه‌ر.
له‌و داواکارانه‌ی پێشتر هاتبوونه‌ داوام، دایکم به‌ دزی من و باوکمه‌وه‌ وه‌ڵامی بۆ ماڵێکیان ناردبوو که‌ ده‌توانن ئێستا بێنه‌ داوام.
نه‌مزانی چۆن ئاوا به‌خێرایی هه‌موو شتێکیان بڕانده‌وه‌، ئه‌وه‌ی منی نیگه‌ران کردبوو ده‌مویست ئه‌و مۆبایلانه‌ بگه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ هونه‌ر و ڕێباز و له‌ده‌ست ئه‌و کێشانه‌ ڕزگارم بێت، هه‌روه‌ها وێنه‌کانی لای ڕێباز که‌ بووبوو به‌ دێوه‌زمه‌یه‌ک له‌لام و شه‌و و ڕۆژ لێم نه‌ده‌بووه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێجار یاده‌وه‌رییه‌کانم له‌گه‌ڵ ڕێبازدا چێژێکی بێمانایان پێده‌به‌خشیم.
ماره‌یان بڕیم و ئیتر له‌گه‌ڵ (هاوژین)ی ده‌ستگیرانمدا ده‌چووینه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ ترسی ئه‌وه‌م هه‌بوو ڕێباز یان هونه‌ر بمبینن و کێشه‌یه‌کم بۆ دروست بکه‌ن.
هاوژین کوڕێکی باشبوو، حه‌وت ساڵ له‌خۆم گه‌وره‌تر بوو، خه‌ریکی خانوو دروستکردن بوو، ده‌یگوت دوو مانگی تر ته‌واو ده‌بێت، ناوبه‌ناو ده‌یبردمه‌ خانووه‌که‌ و بۆی باس ده‌کردم که‌ ته‌واو بوو چۆن که‌لوپه‌له‌کان دابنێن و ناوبه‌ناویش ڕای منی وه‌رده‌گرت.
دایکم زۆر ئاسووده‌بوو به‌م هاوسه‌رگیرییه‌م، باوکیشم ئه‌وه‌نده‌ی له‌خه‌می دوورکه‌وتنه‌وه‌ی مندابوو له‌ماڵه‌که‌، ئه‌وه‌نده‌ خه‌می نه‌بوو له‌گه‌ڵ کێ هاوسه‌رگیریی ده‌که‌م.
ویستم ئه‌و ماوه‌ی ده‌ستگیرانییه‌ بکه‌م به‌ هه‌لێک بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانم له‌گه‌ڵ هونه‌ر و ڕێبازدا و پێدانه‌وه‌ی مۆبایل و سیم کارته‌کانیان به‌خۆیان، بۆئه‌وه‌ی هیچ شتێک له‌نێوانماندا نه‌مێنێت، سه‌ره‌تا تێلم بۆ (هونه‌ر) کرد و درۆیه‌کم ڕێکخست.
- هونه‌ر خۆت ده‌زانی من زۆر هه‌وڵمدا بۆ تۆ بم، به‌ڵام خۆت ده‌زانی هیچ شتێک به‌ده‌ستی من نییه‌، باوکم و دایکم به‌دزی منه‌وه‌ به‌ڵێنیان به‌ ماڵی پورێکم دابوو که‌ بمده‌ن که‌ پورزاکه‌م، زۆر هه‌وڵمدا سه‌رنه‌گرێت، زۆۆر لێدانم خوارد له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، به‌ڵام دواجار دایکم و باوکم قسه‌که‌ی خۆیان برده‌ سه‌ر و له‌ کوڕی پوره‌که‌م ماره‌یان کردم.
- ده‌زانم، دایکه‌ پاره‌ په‌رسته‌که‌ت به‌قسه‌کانیدا دیاربووه‌ که‌ ده‌یه‌وێت بتفرۆشێت به‌ که‌سێکی ده‌وڵه‌مه‌ند، ئێستا ماره‌ کراویت؟
- به‌ڵێ.
- ئاااخ، زۆرم پێناخۆشه‌، به‌ڵام من هیچ ده‌سه‌ڵاتێکم نیه‌.
- هونه‌ر، ده‌مه‌وێت ئه‌و مۆبایله‌ت بۆ بگێڕمه‌وه‌، حه‌ز ناکه‌م خه‌فه‌ت بخۆیت، چونکه‌ گوناهی که‌سمانی تێدانیه‌. که‌ی و له‌کوێ لێم وه‌رده‌گریت.
- تکایه‌ واز له‌ مۆبایل بێنه‌، بیشکێنه‌، چۆن دڵم دێت لێتوه‌ربگرمه‌وه‌، زۆۆر به‌داخه‌وه‌ زۆر دڵم به‌ تۆ خۆش بوو، برا گه‌وره‌که‌م له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا هه‌میشه‌ پێیده‌گوتم که‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ هیچ ئه‌نجامێکی نابێت چونکه‌ کوڕ له‌زۆر ڕووه‌وه‌ ئاماده‌یی نییه‌ بۆ هاوسه‌رگیریی به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ئابوریه‌وه‌، دووه‌میش زۆربه‌ی کچان بڕیار له‌ده‌ستی خۆیان نییه‌، یان په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌، من هه‌ر گوێم به‌ قسه‌ی ئه‌و برا گه‌وره‌یه‌م نه‌دا، به‌ڵام قسه‌کانی هه‌مووی ڕاست ده‌رچوون. به‌هه‌رحاڵ ئێستا ده‌زانم بڕیار له‌ده‌ست خۆتدا نییه‌، هیوای ژیانێکی خۆشت بۆ ده‌خوازم (به‌گریانه‌وه‌) ئاگات له‌خۆت بێت توخوا …
- (به‌گریانه‌وه‌) سوپاس به‌قوربان، منیش هیوای ژیانێکی خۆش بۆ تۆ ده‌خوازم.
زۆرم به‌زه‌یی به‌ هونه‌ردا هاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی بێ کێشه‌ له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌رچوومم کامێک ئاهم هاته‌وه‌ به‌ر، ئینجا نۆره‌ی ڕێباز بوو، بڕیارمدا تێلیش بۆ ئه‌و بکه‌م، هه‌رچه‌نده‌ ده‌مزانی جۆری په‌یوه‌ندییه‌که‌ و جۆری که‌سێتی ڕێباز جیاوازتر بوون له‌ هونه‌ر و په‌یوه‌ندییه‌که‌م له‌گه‌ڵیدا. به‌ڵام هه‌ستمکرد شه‌ڕێکه‌ و هه‌رده‌بێت بیکه‌م، تێلم بۆ کرد:
- ڕێباز، ده‌مه‌وێت ئاگادارت بکه‌م، که‌ من هاوسه‌رگیریم له‌گه‌ڵ کوڕێکی پوری خۆمدا کردووه‌، زۆر دڵی پیسه‌، زۆر توڕه‌ و شه‌ڕانییه‌، تکایه‌ با کۆتایی به‌و په‌یوه‌ندییه‌مان بێت، با هیچمان تووشی گێچه‌ڵی گه‌وره‌ نه‌بین، ده‌مه‌وێت مۆبایله‌که‌ت بده‌مه‌وه‌ و تۆش وێنه‌کانم بسڕیته‌وه‌.
- وه‌ی گیان ئینجا په‌یوه‌ندی له‌مه‌ودوا خۆشه‌ ، ده‌زانی بۆ؟
- بۆۆۆ؟
- له‌مه‌ودوا ئیتر پێشه‌وه‌ت بۆ من ته‌خت ده‌بێت و به‌ دڵی خۆمان ده‌یکه‌ین.
- ڕێباز واز له‌و قسانه‌ بهێنه‌ تکایه‌، من هاوسه‌رگیریم کرد و ته‌واو، ڕابردوو له‌بیر بکه‌ …
- سێوه‌ گیان، من هیچ په‌له‌م نییه‌، من په‌کم له‌سه‌ر تۆ نه‌که‌وتووه‌، به‌خوا ئه‌م به‌یانییه‌ له‌گه‌ڵ کچێکی تردا کردوومه‌، زۆرم هه‌یه‌ زۆر، من یه‌ک تکام هه‌یه‌ له‌ تۆ، ئه‌و مۆبایله‌ی لای تۆیه‌ زۆر خزمه‌تی هه‌ردووکمانی کردووه‌، دڵم نایه‌ت بیفه‌وتێنم، چونکه‌ پیرۆزه‌ له‌لام، له‌فرسه‌تێکدا بۆم بهێنه‌وه‌ وه‌کو یادگاری هه‌ڵیده‌گرم …
- ده‌ته‌وێت بیده‌یت به‌ کچێکی تر و که‌سێکی تری پێ له‌که‌دار بکه‌یت؟
- ئه‌وه‌ عه‌یب نییه‌ بۆ تۆ ئاوا قسه‌ له‌گه‌ڵ مندا ده‌که‌یت؟ من ڕۆژی پاره‌ی دوو مۆبایلی ئاوا ته‌نها له‌ کچاندا خه‌رج ده‌که‌م، به‌ڵام من یه‌ک تکام له‌ تۆ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بێ کێشه‌ بیت له‌مه‌ودوا، مۆبایله‌که‌م بده‌ره‌وه‌، ژماره‌که‌م لای خۆت هه‌ڵبگره‌، دابێت له‌مه‌ودوا مانگی یه‌کجار به‌کورتیش بێت تێلێکم بۆ بکه‌یت.
- ئاخر ناتوانم من مێردم هه‌یه‌ و تووشی کێشه‌ ده‌بم، با کۆتایی به‌هه‌موو شتێک بهێنین باشتره‌.
- به‌وه‌ تووشی کێشه‌ نابیت، به‌وه‌ تووشی کێشه‌ ده‌بیت که‌ من وێنه‌ ڕووته‌کانت له‌ مۆبایل و ئینتێرنێتدا بڵاوبکه‌مه‌وه‌، تێده‌گه‌یت ده‌ڵێم چی؟
- ئه‌وه‌ چییه‌ ڕێباز، کردت به‌ ڕاست؟ هه‌ڕه‌شه‌م لێده‌که‌یت؟
- ئه‌وه‌ دوا وه‌ڵامی منه‌ و جێبه‌جێی بکه‌.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ڕێباز به‌ته‌واوی تووشی په‌ژاره‌ و دڵه‌ڕاوکێی کردم، زۆر بێتاقه‌ت بووم، هه‌رچۆنێک بێت له‌ فرسه‌تێکدا مۆبایله‌که‌یم بۆ گه‌ڕانده‌وه‌ و له‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌کانی ژماره‌که‌یم لای خۆم تۆمار کرد و له‌شوێنێکدا شاردمه‌وه‌ به‌دزییه‌وه‌.
ئه‌و ڕۆژه‌ی مۆبایله‌که‌یم بۆ گه‌ڕانده‌وه‌، ڕێباز پێی گوتم، له‌مڕۆوه‌ حسابی بکه‌، مانگی جارێک تێلم بۆ ده‌که‌یت، ده‌نا خۆت ده‌زانی چی ده‌که‌م.
هاوژین گواستمییه‌وه‌ و چووینه‌ خانووه‌ تازه‌که‌وه‌، ماوه‌یه‌ک سه‌رقاڵی میوان به‌ڕێکردن بووم، له‌ترساندا هه‌ر ئاگام له‌و کاته‌ بوو که‌ ده‌بوو تێل بکه‌م بۆ ڕێباز، ڕۆژێک هێمن له‌ ده‌وام بوو. تێلێکم بۆ کرد:
- ڕێباز من سێوه‌م، تکایه‌ ئێستا لای مێردی خۆمم و له‌ماڵی خۆمدام، با کۆتایی پێبهێنین، تکایه‌ واز له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ت بهێنه‌…
- سێوه‌ ده‌مه‌وێت ئاوا پابه‌ند بیت پێمه‌وه‌، ده‌مه‌وێت بمکه‌یت به‌میوانی ژووری نووستنه‌که‌ت، له‌بیرته‌ جاران چه‌ند خۆش ده‌مانکرد؟ له‌مه‌ودوا خۆشتر ده‌بێت …
- تکایه‌ واز له‌و قسانه‌ بهێنه‌، من جارێ سه‌رقاڵی ئیشی ماڵم، ده‌مه‌وێت بڕۆم.
- ئێستا بڕۆ، چاوه‌ڕوانی تێلی داهاتووم، له‌بیرت نه‌چێت ها.
که‌وتبوومه‌ گێژاوێکه‌وه‌ بیرم چووبووه‌وه‌ که‌ تازه‌ بوکم، ئه‌و ڕۆژانه‌م بیر ده‌که‌وته‌وه‌ که‌ له‌قوتابخانه‌ ده‌مخوێند و له‌گێژاودا ده‌ژیام.
ڕۆژگار هاتوو و ڕۆژگار چوو، ناوبه‌ناو تێلم بۆ ده‌کرد و ئه‌ویش خه‌ریکی قسه‌ سێکسییه‌کانی خۆی بوو.
په‌یوه‌ندی من و هاوژین به‌گشتی باشبوو، هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕووی ته‌بیعه‌ته‌وه‌ که‌مێک له‌یه‌کتر دووربووین، به‌ڵام هه‌ڵمده‌کرد له‌گه‌ڵیدا، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هه‌میشه‌ پێی ده‌گوتم واز له‌و ناز و مه‌کره‌ی کاتی کچێنیت بهێنه‌، تازه‌ تۆ هاوسه‌ریت و دوو ڕۆژی تر ده‌بیت به‌ دایک، ئه‌م قسه‌یه‌یم زۆر پێناخۆش بوو، چونکه‌ من بیستبووم که‌ پیاوان حه‌ز به‌ ناز و مه‌کری هاوسه‌ره‌کانیان ده‌که‌ن، که‌چی هاوژین وانه‌بوو.
نزیکه‌ی ساڵێک به‌سه‌ر هاوسه‌رگیرمدا چووبوو، جارێک که‌ تێلم بۆ ڕێباز کرد پێی گوتم:
- دوێنێ له‌ بازاڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌عبایه‌ی هاوسه‌رتدا بینیمیت، زۆۆۆر جوان و خڕ و خه‌پان بوویت، ده‌مه‌وێت فرسه‌تێکم بۆ دروست بکه‌یت، بێمه‌ لات، شێتت بوومه‌ته‌وه‌ له‌دوێنێوه‌ …
- نا توخوا ڕێباز واز له‌و قسانه‌ بێنه‌، یه‌کێک پێمان بزانێت هه‌ردووکمان تیاده‌چین.
- ئه‌ی تۆ له‌ماڵی سه‌ربه‌خۆی خۆتدا نیت؟ ئیتر کێ پێمان ده‌زانێت؟
- ڕێباز تکایه‌، من ده‌مه‌وێت ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌شمان نه‌مێنێت چجای ئه‌وه‌ی تۆ داوای ده‌که‌یت.
- سێوه‌ به‌ چاوه‌ جوانه‌کانت، به‌ شه‌ره‌فم، له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا بۆم ڕێکنه‌خه‌یت که‌ بێمه‌ لات، ئه‌وه‌ی بمه‌وێت ده‌یکه‌م. تێده‌گه‌یت؟
- به‌ڵێ تێده‌گه‌م، باشه‌ خۆم ئاگادارت ده‌که‌مه‌وه‌.
نه‌مده‌زانی چیبکه‌م؟ خه‌ریکبوو شێت ده‌بووم به‌ده‌ست ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه‌، بیرم ده‌کرده‌وه‌ به‌کێ بڵێم ئه‌م کێشه‌یه‌م بۆ چاره‌سه‌ر بکات، هه‌رچه‌ند سه‌رم ده‌هێنا و ده‌برد، بوێری ئه‌وه‌م نه‌بوو لای که‌س ئه‌م نهێنییه‌ بدرکێنم، ناچار کاتێکم له‌و هه‌فته‌یه‌دا بۆ دیاریکرد و هاته‌ ماڵه‌وه‌ بۆ لام.
زۆۆر ترسام له‌هاتنه‌که‌ی خه‌می ئه‌وه‌م بوو که‌سێ ئاگای لێبێت، من دڵنیابووم هاوژین نه‌ده‌هاته‌وه‌.
ڕێباز ده‌تگوت گورگی برسییه‌، بردمه‌ ژووری نووستنه‌که‌ی خۆمان و ئیتر به‌پێشه‌وه‌ له‌گه‌ڵمدا خه‌ریکبوو، به‌ڵام من ئه‌وه‌نده‌ ده‌ترسام و دڵه‌ڕاوکێم هه‌بوو ئاگام له‌هیچ نه‌بوو، ته‌واوبوو و پێش ڕۆیشتنه‌که‌ی پێیگوتم:
- ئه‌مجاره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌که‌مجار بوو له‌ماڵی خۆتدا، قسه‌م نه‌کرد، به‌ڵام بۆ جارێکیتر نامه‌وێت ئاوا سارد بیت له‌گه‌ڵمدا، باشه‌ دڵه‌که‌م؟
- توخوا ڕێباز ئیتر ته‌واو، به‌خوا تووشی به‌ڵایه‌کی گه‌وره‌ ده‌بین هه‌ردووکمان، ڕۆژێک دێت ئاشکرا ببین. خێرا بڕۆ ده‌ره‌وه‌.
- چاوه‌ڕێی ته‌له‌فۆنی تۆم، بای.
ڕێباز زۆر چاونه‌ترس بوو، زۆریش حه‌زی له‌ سێکس بوو. به‌ڵام که‌ بیرم له‌مه‌ترسی ئاشکرابوونی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ده‌کرده‌وه‌ زۆر هه‌ستم به‌ترس ده‌کرد.
ماوه‌یه‌کی به‌سه‌رچوو ڕێباز هه‌ر داوای هاتنه‌وه‌ی ده‌کرد بۆ لام، به‌ڵام من هه‌رجاره‌ درۆیه‌کم ڕێکده‌خست بۆئه‌وه‌ی دووباره‌ی نه‌که‌ینه‌وه‌.
پاش دوو ساڵ منداڵێکم بوو، منداڵه‌که‌م سێ مانگ بوو که‌ هاوژین ئیفادی سه‌فه‌رکردنی بۆ ده‌رچوو بۆ بینینی خولێک له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ده‌بوو سێ مانگ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێت. واڕێکه‌وتین من له‌نێوان ماڵی باوکم و ماڵی خه‌زورمدا ئه‌و ماوه‌یه‌ به‌سه‌رمبه‌رم، هاوژین و ڕۆیشت و سه‌فه‌ری کرد، به‌ملی شکاوم له‌ده‌مم ده‌رچوو لای ڕێباز ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌م درکاند، ئیتر ڕێباز شێت و هار بوو، ده‌یگوت به‌ناوی سه‌ردانی ماڵه‌که‌ته‌وه‌ یان پاککردنه‌وه‌ی ماڵه‌که‌ته‌وه‌ هه‌فته‌ی دوو جار وه‌ره‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ به‌ ڕۆژ.
منیش به‌قسه‌م کرد، له‌ماڵ باوکم بووم، منداڵه‌که‌م لای دایکم داده‌نا و به‌ناوی سه‌ردانکردنی ماڵه‌وه‌ و پاککردنه‌وه‌وه‌ ده‌هاتمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ ڕێباز کارێکی ده‌کرد که‌ زۆر سه‌رنجی ڕاکێشامه‌وه‌ به‌لای خۆیدا، ئیتر هه‌ستمده‌کرد بوونی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ بۆ من پێویسته‌.
ماڵی خه‌زورم زۆر ئاگاداریان ده‌کردمه‌وه‌ که‌ نابێت به‌ته‌نها سه‌ر له‌ماڵه‌وه‌ بده‌م یان خوشکێکی خۆم یان خوشکێکی هاوژین ده‌بێت له‌گه‌ڵمدا بێت، به‌ڵام من گوێم به‌م قسانه‌ی ئه‌وان نه‌ده‌دا، ڕۆژێک خه‌سووم هاتبووه‌ ماڵی دایکم که‌ زانیبووی من به‌ته‌نها چوومه‌ته‌وه‌ ماڵی خۆم تووڕه‌ بووبوو، یه‌کسه‌ر تێلی بۆ برایه‌کی هاوژین کردبوو که‌ بێت به‌دوامدا، تاکو بمهێنێته‌وه‌، کاتێک براکه‌ی هاوژین هات، له‌ جه‌ڕه‌سیدا، من و ڕێباز به‌یه‌که‌وه‌ بووین له‌ژووری نووستنه‌که‌، به‌په‌له‌ هه‌ردووکمان خۆمان کۆکرده‌وه‌ و جله‌کانمان له‌به‌رکرد، ڕێباز گوتی ده‌رگا مه‌که‌ره‌وه‌ و خۆت بێده‌نگ بکه‌. من چووزانم نوسخه‌یه‌ک له‌ کلیلی خانووه‌که‌مان له‌ ئۆتۆمبێله‌که‌ی هاوژیندایه‌، ئۆتۆمبێله‌که‌یشی به‌و برایه‌ی بوو، که‌ سه‌فه‌ره‌که‌ی کرد ئۆتۆمبێله‌که‌یدا به‌براکه‌ی هه‌تا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، پاش یه‌ک دوو زه‌نگی ده‌رگا که‌ هه‌ر نه‌مکرده‌وه‌، خۆی ده‌رگاکانی کرده‌وه‌ و خۆی کرد به‌ژووردا، کاتێک ته‌قه‌ی ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ هات که‌ کرایه‌وه‌، به‌په‌له‌ ڕێبازم شارده‌وه‌ له‌ناو کانتۆری جله‌کاندا، به‌ڵام له‌ شڵه‌ژاوی خۆماندا پێڵاوه‌کانی هه‌ر له‌ ڕاڕوه‌که‌دا بوو. (هه‌ردی) برای هاوژین که‌ پێڵاوه‌کانی بینی و منی ئاوا به‌ شڵه‌ژاوی بینی زۆر تێکچوو، پرسی:
- سێوه‌خان خێره‌ له‌ماڵه‌وه‌یت به‌ته‌نها؟ ئه‌ی ئێمه‌ نه‌مانگوت که‌ی ویستت سه‌ردان بکه‌یته‌وه‌ قسه‌ بکه‌ با یه‌کێکمان بێین له‌گه‌ڵتدا؟ ئه‌و پێڵاوانه‌ هی کێیه‌؟
- (زۆر شڵه‌ژام، ده‌مم ده‌له‌رزی، نه‌مزانی چی بڵێم) وه‌ڵا بڵێم چی کاک هێمن هه‌ر ده‌مێکه‌ له‌وێدایه‌ ده‌مێکه‌ ….
- ده‌توانی خۆت کۆ بکه‌یته‌وه‌ و بڕۆین دایکم و دایکت چاوه‌ڕێی تۆن.
- باشه‌، هه‌رئێستا تۆ بڕۆ ناو ئۆتۆمبێله‌که‌ وامنیش هاتم.
هێمن چووه‌ ناو ئۆتۆمبێله‌که‌، منیش به‌په‌له‌ هه‌ندێ جلی منداڵه‌کانم کۆکرده‌وه‌ و خستمه‌ عه‌لاگه‌یه‌که‌وه‌ و به‌دزییه‌وه‌ به‌ له‌به‌رده‌می کانتۆره‌که‌ به‌ ڕێبازم گوت، ده‌رگای ده‌روازه‌که‌ (مدخل) جووت ده‌که‌م به‌ڵام به‌کلیل دایناخه‌م، تۆزێکی تر بڕۆ ده‌ره‌وه‌.
من چوومه‌ ده‌ره‌وه‌ و سواری ئۆتۆمبێله‌که‌ بووم، به‌ڵام ده‌موچاوی هه‌ردی پڕ پڕ بوو له‌ گومان و هێمای پرسیار، ویستی ئۆتۆمبێله‌که‌ ئیش پێبکات، به‌ڵام داوای یارمه‌تی کرد که‌ ده‌یه‌وێت به‌خێرایی ده‌ست به‌ئاو بگه‌یه‌نێت، دابه‌زییه‌وه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌که‌ و چووه‌ ژووه‌ره‌وه‌، ئیتر هه‌موو گیانم وه‌ک شه‌قشه‌قه‌ ده‌له‌رزی هه‌ستمکرد دوا ساته‌کانی ژیانمه‌، له‌و ساتانه‌دا وێنه‌ی هاوژین و منداڵه‌که‌م و باوکم و دایکم ده‌هاتنه‌ به‌رچاو، ده‌یان بیرۆکه‌ به‌خێرایی به‌مێشکمدا ده‌هاتن و ده‌چوون، خه‌ریکبوو هه‌ناسه‌دانم ده‌وه‌ستا، پاش چه‌ند خوله‌کێک هه‌ردی هه‌ر نه‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌، منیش دابه‌زیم و گه‌ڕامه‌وه‌ ژووره‌وه‌، واااااااااای چیم بینی، ڕێباز و هه‌ردی به‌پێوه‌ وه‌ستابوون و قسه‌یان ده‌کرد، یه‌کسه‌ر ڕامکرده‌ خواره‌وه‌ و به‌ڕاکردن دوورکه‌وتمه‌وه‌ له‌ماڵه‌وه‌، وه‌ک شێت له‌و کۆڵانانه‌دا ده‌ڕۆیشتم، خۆشم نه‌مده‌زانی ڕووبکه‌مه‌ کوێ، که‌ ته‌واو دوور که‌وتمه‌وه‌، تاکسییه‌کم گرت و به‌شڵه‌ژاوییه‌وه‌ سه‌رکه‌وتم، شۆفێره‌که‌ گوتی چییه‌ ئه‌وه‌ خوشکی من بۆ وا په‌شۆکاویت؟ بۆ کوێ ده‌چیت؟ هه‌ر له‌ناو تاکسییه‌که‌دا ده‌ستمکرد به‌گریان، گوتم خاڵه‌گیان دایکم خه‌ریکه‌ ده‌مرێت زۆر ناساغه‌، مۆبایله‌که‌م ده‌رهێنا و ته‌له‌فۆنم کرد بۆ (102) داوای ژماره‌ی خانه‌یه‌ک (شێڵته‌رێک)م کرد، ژماره‌که‌یان دامێ و په‌یوه‌ندیم پێوه‌کردن، ناونیشانه‌که‌یان دامێ، ئینجا ناونیشانه‌که‌مدا به‌ شۆفێره‌که، گه‌یاندمییه‌ ئه‌و جێیه‌، به‌په‌له‌ دابه‌زیم و مۆبایله‌که‌م کوژانده‌وه‌ و خۆمکرد به‌ژووردا، ئه‌وه‌ چه‌ند مانگێکه‌ دابڕاوم له‌ منداڵه‌ چاوگه‌شه‌که‌م، له‌ هاوژینی هاوژینم، له‌ دایکم و خوشک و که‌سوکارم نازانم چی ڕوویدا دوای من، زۆۆۆر په‌شیمانم، هه‌موو ژیانم، خوێندنم، ئارامیم، له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بێ مانایانه‌ دانا، ده‌بێت چاره‌نووسم به‌چی بگات؟ ئااااااااااااااخ خۆزگه‌ ئێستا ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ قۆناغه‌کانی خوێندن، هه‌رگیز هه‌ڵنه‌ده‌خه‌ڵه‌تام، تازه‌ ژیانم بوو به‌دۆزه‌خ، من هیچم نییه‌ بیڵێم جگه‌ له‌ فرمێسکی په‌شیمانی به‌ڵام تازه‌ فرمێسکه‌کانیشم دادم ناده‌ن.

كانونی دووه‌م 13, 2012

ناپاکی هاوسه‌ریی له‌ زاری ئه‌نجامده‌رانییه‌وه‌، به‌سه‌رهاتێکی ڕاسته‌قینه‌ که‌ تیایدا ڕه‌وشی خێزانی نادروست و ئه‌زموونه‌ نادروسته‌کانی تاک ده‌بنه‌ هۆی تووشبوون به‌ ناپاکیی هاوسه‌ریی – به‌شی دووه‌م – ده‌روونناس: سامان سیوه‌یلی

ناپاکی هاوسه‌ریی له‌ زاری ئه‌نجامده‌رانییه‌وه‌
به‌سه‌رهاتێکی ڕاسته‌قینه‌ که‌ تیایدا ڕه‌وشی خێزانی نادروست و ئه‌زموونه‌ نادروسته‌کانی تاک ده‌بنه‌ هۆی تووشبوون به‌ ناپاکیی هاوسه‌ریی
به‌شی دووهم
(تێبینی: به‌شی سێیه‌می ماوه‌ که‌ کۆتابه‌شه‌)
ده‌روونناس
سامان سیوه‌یلی

له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی ئه‌وه‌بووم که‌ نه‌هێڵم (ڕێباز) و (هونه‌ر) هیچ کامیان به‌ویتر بزانێت، چونکه‌ ده‌مزانی ئاشکرابوونی ئه‌م جووت په‌یوه‌ندییه‌ لای هه‌ر کامێکیان بێت تووشی سه‌رئێشه‌ی گه‌وره‌م ده‌کات، ئه‌گه‌ر جاران خه‌مم ته‌نها شاردنه‌ئێوه‌ی مۆبایلێک بوو، له‌و کاته‌دا خه‌می شاردنه‌وه‌ و ئاشکرانه‌بوونی دوو مۆبایل بوو، له‌قوتابخانه‌ و له‌ ماڵه‌وه‌ش، ئه‌م ڕه‌وشه‌ بێئاگای کردبووم له‌ خوێندن و ماڵه‌وه‌ و زۆر په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی و هاورێیه‌تی، ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌کم بۆ دروست بووبوو زۆرجار له‌ماڵه‌وه‌ له‌کاتی خه‌ودا تووشی بینینی خه‌ونی ناخۆش ده‌بووم، به‌ده‌م خه‌ونه‌وه‌ به‌گریان و زریکه‌ بێدار ده‌بوومه‌وه‌، شه‌وێکیان له‌ خه‌ونمدا باوکم هه‌ردوو مۆبایله‌که‌ی دۆزیبووه‌وه‌ و به‌ده‌ستییه‌وه‌ بوو، ده‌هات لێمبدات، ئه‌وه‌نده‌ ترسام له‌خه‌ونه‌که‌مدا به‌ده‌م هاوار و گریانێکی زۆره‌وه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌م بێداربوونه‌وه‌ و ک لام، دایکم ده‌یگوت ئه‌م چه‌تیوه‌مان شێت بووه‌ بابیبه‌ین بۆ لای شێخێک یان مه‌لایه‌ک، به‌خوا جنۆکه‌ی له‌گه‌ڵدایه‌.
ئه‌و ساڵه‌ی خوێندن ده‌رنه‌چووم، ئیتر گرفته‌کانم زۆر زیادیان کرد، جگه‌ له‌وه‌ی لێدانێکی زۆرم خوارد به‌ده‌ستی باوکم، دایکیشم هه‌ر لۆمه‌ و سه‌رزه‌نشتی ده‌کردم، زوو هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌کردم که‌ ده‌مدات به‌ شوو، باوکم نه‌یهێشت بچمه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌، ئیتر وه‌ختبوو شێت ده‌بووم له‌ ماڵه‌وه‌، سه‌ره‌تای ساڵی نوێی خوێندن توێژه‌که‌مان دووجار ته‌له‌فۆنی کرد بۆ ماڵه‌وه‌مان و قسه‌ی له‌گه‌ڵ دایکمدا کرد تاکو بمنێرنه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌، به‌ڵام دایکم ده‌یگوت له‌ده‌سه‌ڵاتی مندا نییه‌ و باوکی ڕێگره‌ و زۆر توڕه‌یه‌ لێی. هه‌تا ڕۆژێک توێژه‌ره‌که‌مان سه‌ردانی ماڵه‌وه‌مانی کرد تاکو قسه‌ له‌گه‌ڵ باوکمدا بکات، باوکم زۆری قسه‌ به‌ من گوت و زۆر منی شکاندوه‌ له‌به‌رچاوی ئه‌ودا، دوای هه‌وڵێکی زۆر ده‌رئه‌نجام باوکم گوتی سوێندم خواردووه‌ ئه‌مساڵ نابێت بڕواته‌وه‌ قوتابخانه‌، هه‌روه‌ها گوتی ئه‌مساڵ بۆتان عاقڵ ده‌که‌م و ساڵێکیتر بۆتان ده‌نێرمه‌وه‌.
ئه‌و ساڵه‌ خۆم چه‌نده‌ دڵته‌نگ بووم، ڕێباز و هونه‌ر خراپتر بوون، هه‌فته‌ی جارێک یان دووجار به‌دزییه‌وه‌ نامه‌م ده‌گۆڕییه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا، حه‌زم ده‌کرد هه‌ر جارێک دایکم یان پورێکم بچوونایه‌ بۆ بازاڕ له‌گه‌ڵیان بچوومایه‌، هه‌ر جاره‌ به‌ نامه‌ ئاگاداری یه‌کێکیانم ده‌کرده‌وه‌ که‌ بێنه‌ فڵانه‌ بازاڕ یان شه‌قام تاکو له‌نزیکه‌وه‌ یه‌کتری ببینین.
ساڵی داهاتوو چومه‌وه‌ قوتابخانه‌ به‌ڵام به‌مه‌رجی ده‌رچوون، باوکم هه‌ڕه‌شه‌کانی هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌سه‌رم، ده‌مویست تۆڵه‌ی ئه‌و داخه‌ بکه‌مه‌وه‌ له‌دڵمدا بوو له‌ساڵی پێشووتردا که‌ له‌ماڵه‌وه‌ بووم، هه‌ر ده‌رفه‌تێکم بۆ بڕه‌خسایه‌ له‌گه‌ڵ ڕێبازدا به‌ ئۆتۆمبێله‌که‌ی ده‌ڕۆیشتم، به‌ڵام جار دوای جار زیاتر ده‌کرامه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا، هه‌ر سه‌رده‌که‌وتم له‌ ئۆتۆمبێله‌که‌یدا ده‌ستی نه‌ده‌سره‌وت، واملێهاتبوو دڵم نه‌ده‌هات بێ دڵی ئه‌و بکه‌م، ده‌ستی ده‌خسته‌ ناو سنگمه‌وه‌ توند مه‌مکه‌کانمی ده‌گوشی، ئه‌و هه‌میشه‌ گله‌یی ئه‌وه‌ی لێده‌کردم که‌ من هیچ بۆ ئه‌و ناکه‌م، هه‌ر تێنه‌ده‌گه‌یشتم له‌و گله‌ییه‌ی، هه‌تا جارێکیان گرته‌یه‌کی سێکسیی له‌مۆبایله‌که‌ی خۆیدا پیشاندام گوتی ئه‌وه‌م ده‌وێت، که‌ سه‌یرم کرد، زۆر قورس بوو بۆ من هه‌ستم ده‌کرد بێز ده‌که‌مه‌وه‌ له‌و داوایه‌ی ئه‌و، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر داواکه‌ی. هونه‌ر ته‌نها پشتی به‌ مۆبایل ده‌به‌ست له‌په‌یوه‌ندی کردنه‌کانیدا، زووزووش ده‌هاته‌ سه‌ر ڕێم، به‌ڵام من له‌ترسی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڕێبازدا له‌یه‌کتری ئاشکرا نه‌بن، به‌رده‌وام ده‌مترساند به‌وه‌ی باوکم چاودێریم ده‌کات و دره‌نگ دره‌نگ وه‌ره‌ سه‌ر ڕێگام.
ئه‌وه‌ی هه‌ستم پێده‌کرد له‌و دوو ساڵه‌دا هونه‌ر ڕاستگۆیانه‌تر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کردم و داوای هیچ شتێکی لێنه‌ده‌کردم، ناوبه‌ناویش باسوخواستی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ده‌کردم که‌ به‌رنامه‌ داده‌نێت دوای ته‌واوکردنی قۆناغی شه‌شی ئاماده‌یی بێته‌ داوام، به‌ڵام ڕێباز خۆپه‌رست بوو هه‌ر خه‌ریکی تێرکردنی ئاره‌زووه‌کانی خۆی بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ لێزانانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کردم زیاتر و زۆرتر سه‌رنجی منی ڕاکێشابوو.
هه‌رچۆنێک بێت ئه‌و ساڵه‌م بڕی به‌نزمترین نمره‌وه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌م هه‌ر به‌رده‌وامبوو، کاتێک گه‌یشتمه‌ پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی ئیتر به‌ته‌واوی له‌ڕووی جه‌سته‌وه‌ کچێکی ته‌واو به‌ژنوباڵا هه‌ڵچوو و جه‌سته‌م پڕ و ڕوخسارم تابڵێی سه‌رنجڕاکێش بوو، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا چه‌ند داواکارێک هاتنه‌ داوام، هه‌میشه‌ وه‌ڵامی ماڵی ئێمه‌ بوو که‌ سێوه‌ جارێ خوێندنی ماوه‌ و کاتی شووکردنی نییه‌.
ڕێباز ڕۆژێکیان ئاگاداری کردم که‌ خوشکه‌که‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌یدا ده‌چنه‌ وڵاتێکی دراوسێ بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری و ماڵه‌که‌یان چۆڵه‌ و کلیلی خانووه‌که‌یان لای ئه‌وان داناوه‌، ڕێباز ئه‌مه‌ی به‌ هه‌ل ده‌زانی تاکو بچینه‌ ماڵی خوشکه‌که‌ی و له‌وێ به‌ کامی دڵ کاتێک له‌گه‌ڵ یه‌کتردا به‌سه‌ربه‌رین، ئه‌و ده‌یزانی من له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێمدا مامۆستای تایبه‌تیمان بۆ گیرابوو هه‌فته‌ی دوو ڕۆژ له‌کاتی عه‌سراندا له‌ماڵی هاوڕێیه‌کمان وانه‌ی تایبه‌تیمان ده‌خوێند، هه‌موو جارێ بۆ هاتووچۆی ماڵی هاوڕێکه‌م دایکی هاوڕێکه‌ی ترم به‌ئۆتۆمبێل ده‌هات به‌شوێنمدا و ده‌یبردم و ده‌یهێنامه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، ڕێباز واده‌یه‌ک و پلانێکی بۆ دانام چۆن له‌و ڕۆژه‌ی ئه‌و داینابوو بتوانم به‌ناوی وانه‌ تایبه‌ته‌که‌وه‌ بێمه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ماڵه‌وه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ دایکی هاوڕێکه‌مدا سه‌رنه‌که‌وم، پلانه‌که‌ش به‌مجۆره‌ بوو، دایکم وه‌ک هه‌موو جارێک دڵنیابوو که‌ من له‌گه‌ڵ دایکی هاوڕێکه‌مدا ده‌ڕۆم، بۆیه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ وه‌ک جاران خۆم گۆڕی و له‌و کاته‌دا که‌ دایکی هاوڕێکه‌م گه‌یشته‌ به‌رده‌رگا چوومه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام پێمڕاگه‌یاند که‌ پورێکم نه‌خۆشه‌ و له‌گه‌ڵ دایکمدا ده‌چین بۆ ماڵی پورم، هاوڕێکه‌م و دایکی ڕۆیشتن، به‌ڵام من نه‌گه‌ڕامه‌وه‌ ژووره‌وه‌ و به‌پێ چوومه‌ سه‌ر شه‌قامه‌که‌ی لای ماڵی خۆمان و ڕێباز له‌وێ به‌ ئۆتۆبێله‌که‌یه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ده‌کردم. له‌گه‌ڵ ڕێباز چووینه‌ ماڵی خوشکه‌که‌ی.
ڕێباز زۆر هه‌وڵیدا هه‌موو شتێکم له‌گه‌ڵدا بکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یویست من نه‌مهێشت به‌ڵام ڕووتی کردمه‌وه‌ و که‌وته‌ ماچ کردن و مژینی هه‌موو جه‌سته‌م، ئه‌وه‌نده‌ وروژام خه‌ریکبوو بێهۆش ده‌بووم، منیش خه‌ریکی جه‌سته‌ی ئه‌و بووم، له‌ناکاو ڕێباز به‌مۆبایله‌که‌ی وێنه‌یه‌کی منی گرت به‌ ڕووتی، که‌ ته‌واو بووین زۆر هه‌وڵمدا وێنه‌کان بسڕێته‌وه‌ به‌ڵام بێ سوود بوو، به‌ڵێنی پێدام ده‌یپارێزێت و مه‌ترسی دروست نه‌کات له‌سه‌ر من. له‌ واده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسایی خۆم له‌وانه‌ تایبه‌ته‌که‌دا گه‌یاندمییه‌وه‌ نزیک ماڵه‌وه‌ و خۆم کرده‌وه‌ به‌ ماڵه‌وه‌دا بێئه‌وه‌ی که‌س بزانێت که‌ نه‌چووم بۆ ماڵی هاوڕێکه‌م.
کاتێک شه‌و داهات مێشکم زۆر ماندووبوو به‌و وێنه‌ ڕووتانه‌م له‌ناو مۆبایله‌که‌ی ڕێبازدا، ئه‌وه‌نده‌ له‌مێشکی خۆمدا ده‌مهێنا و ده‌مبرد به‌هیچ جۆرێک خه‌وم لێنه‌که‌وت. بۆ ڕۆژی دوایی نامه‌یه‌کم بۆ نارد و نووسیم:
- تکایه‌ ئه‌و وێنانه‌م بسڕه‌وه‌.
- که‌واته‌ تۆ بڕوا به‌ من ناکه‌یت، ئه‌ی چۆن منت خۆش ده‌وێت که‌ ئاوا متمانه‌ت پێم نییه‌؟
- مه‌سه‌له‌ متمانه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر که‌سێک ئه‌و مۆبایله‌تی بینی؟ ئه‌گه‌ر لێتبکه‌وێت؟ ژیانم ده‌فه‌وتێت.
- تۆ هه‌ر بۆ خۆم ده‌بیت له‌ کۆتاییدا، خه‌می هیچت نه‌بێت گیانه‌.
هه‌ستمده‌کرد تازه‌ که‌وتومه‌ته‌ ژێر ڕه‌حمه‌تی ڕێبازه‌وه‌ و ئیتر له‌مه‌ودوا ده‌توانێت به‌ئاره‌زووی خۆی یاریم پێبکات، له‌و ساته‌وه‌ هیچ هه‌ستێکم بۆی نه‌ما، بگره‌ لێی ده‌ترسام، به‌ڵام ئه‌و هیچ مامه‌ڵه‌ی خۆی له‌گه‌ڵمدا نه‌گۆڕی و وه‌کو جاران ئاسایی خۆی پیشان ده‌دا.
ئه‌م ڕووداوه‌ وایلێکردم زیاتر خۆم له‌ هونه‌ر نزیک بکه‌مه‌وه‌ و قه‌دری ڕاستگۆیی ئه‌و زیاتر بزانم، به‌ڵام ڕێباز له‌به‌رامبه‌ر نیگه‌رانییه‌کانی مندا هه‌میشه‌ دڵی ده‌دامه‌وه‌.
دایکم به‌درێژایی پۆلی شه‌شی ئاماده‌ییم زوو زوو قسه‌یه‌کی ده‌دا به‌گوێمدا و ده‌یگوت: کچێ باش بخوێنه‌ با شوێنێک وه‌رتبگرێت به‌خوا باوکت ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ده‌رنه‌چیت یان نمره‌ی باش نه‌هێنیت ئه‌وا یه‌کسه‌ر ده‌بێت شوو بکه‌یت.
ڕۆژێک به‌ مۆبایل له‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ قوتابخانه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ هونه‌ردا ده‌کرد، ئه‌وه‌نده‌ بێتاقه‌ت بووم به‌مه‌سه‌له‌ی وێنه‌کانم له‌ناو مۆبایله‌که‌ی ڕێبازدا خه‌ریکبوو ئاگاداری بکه‌م له‌م مه‌سه‌له‌یه‌، دوایی دانم به‌خۆمدا گرت و هیچم نه‌گوت، هونه‌ر هه‌ر لێی ده‌پرسیم بۆ ئاوا بێتاقه‌تیت، منیش ده‌مگوت که‌مێک سه‌رم دێشێت و ناساغم. پاشتر که‌ بیرم لێکرده‌وه‌، له‌دڵی خۆمدا ده‌مگوت باشه‌ ئه‌گه‌ر من ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ هونه‌ر بڵێم ئیتر ئه‌و منی ناوێت و ناشیه‌ته‌ داوام و ئه‌م نهێنییه‌ ناشیرینه‌شم ده‌که‌وێته‌ لای ئه‌ویش.
هه‌موو سێ هه‌فته‌ی به‌سه‌ردا نه‌چوو له‌گه‌رمه‌ی تاقیکردنه‌وه‌ی مانگانه‌دا بووین، ڕێباز داوای ده‌کرد له‌گه‌ڵیدا بچمه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌مگوت تاقیکردنه‌وه‌م هه‌یه‌ و سه‌رقاڵم، به‌ڵام ئه‌و ده‌یگوت:
- پێت ده‌ڵێم وه‌ره‌ له‌گه‌ڵمدا، هه‌تا ماڵی خوشکه‌که‌م نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، خۆت کاتێک ڕێکبخه‌ و ئاگادارم بکه‌ره‌وه‌.
له‌م جۆره‌ قسه‌کردنه‌یدا هه‌ستم به‌ هه‌ڕه‌شه‌ کردن کرد، ناچار ڕازی بووم و جارێکی تریش بردمییه‌وه‌ ماڵی خوشکه‌که‌ی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ پێش هه‌موو شتێک ده‌ستم به‌گریان کرد که‌ مۆبایله‌کانی بکوژێنێته‌وه‌، به‌قسه‌ی کردم، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ناچاری کردم به‌ زۆر و به‌ هه‌ڕه‌شه‌ که‌ جگه‌ سێکسی پێشه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو شتێکی له‌گه‌ڵدا بکه‌م، له‌ترسی وێنه‌کانی ناو مۆبایله‌که‌م زۆر هه‌ستم به‌ لاوازی ده‌کرد له‌به‌ر ده‌میدا، هه‌موو خواسته‌کانیم به‌جێگه‌یاند، به‌ڵام له‌کۆتاییدا داواملێکرد، لێیپاڕامه‌وه‌ به‌گریانه‌وه‌ که‌ ئه‌و وێنانه‌م بسڕێته‌وه‌، هه‌روه‌ک جاران ده‌یویست دڵنیام بکاته‌وه‌ که‌ هیچی خراپ ڕوونادات.
کاتێک گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ له‌تاو ئازاری دواوه‌م و هه‌ستکردنم به‌ سوکایه‌تی و شه‌رمه‌زاریم خه‌ریکبوو دڵم ده‌ته‌قی، نه‌مده‌زانی چیبکه‌م، تووشی بارێکی ده‌روونی ناجێگیر بووم، هه‌تا چه‌ند ڕۆژێک نانم بۆ نه‌ده‌خورا، دایکم ده‌یویست بمبات بۆ لای پزیشک، به‌رده‌وام ده‌مگوت پێویست ناکات خۆم باش ده‌بم.
چه‌ند ڕۆژێک خۆم توڕه‌ کرد له‌ ڕێباز و قسه‌م له‌گه‌ڵدا نه‌کرد، به‌ڵام ئه‌و خۆی وه‌ک جاران پیشان ده‌دا و هه‌ر ده‌یگوت دڵت باش ده‌بێت هیچ نییه‌ ئه‌مه‌ نازه‌ ده‌یکه‌یت به‌سه‌رمدا.
تاقیکردنه‌وه‌ی کۆتایی ساڵ نزیک بووه‌وه‌، ئاگاداری هه‌ردووکیانم کرده‌وه‌ که‌ من ئه‌م ماوه‌یه‌ هه‌موو کاته‌کانم ته‌رخان ده‌که‌م بۆ خوێندن چونکه‌ پاشه‌ڕۆژم له‌سه‌ر ئه‌م ماوه‌یه‌ به‌نده‌. هه‌ردووکیان ڕازی بوون هه‌تا دوای تاقیکردنه‌وه‌کان قسه‌ نه‌که‌ین.
به‌هۆی ئه‌و گێژاوه‌ی تێیکه‌وتبووم هه‌رچه‌ندم ده‌کرد نه‌مده‌توانی به‌باشی خۆم ئاماده‌ بکه‌م بۆ تاقیکردنه‌وه‌کان وه‌ک پێویست، هه‌رچه‌ند کتێبم ده‌گرت به‌ده‌سته‌وه‌ مێشکم ده‌چووه‌ لای په‌یوه‌ندییه‌کانم و ئه‌و وێنانه‌ی لای ڕێباز بوون.
له‌تاقیکردنه‌وه‌کاندا باش نه‌بووم، چاوه‌ڕوانیشم ده‌کرد له‌ وانه‌یه‌کدا ده‌رنه‌چم، یه‌ک ڕۆژمان مابوو بۆ دوا تاقیکردنه‌وه‌ نامه‌یه‌کم نارد بۆ ڕێباز، لێم پرسی ئاخۆ ماڵی خوشکه‌که‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، وه‌ڵامی به‌ به‌ڵێ دامه‌وه‌، ئاره‌زوویه‌کم لادروستبووبوو که‌ له‌دوا ڕۆژی تاقیکردنه‌وه‌کاندا له‌گه‌ڵیدا بچمه‌ ده‌ره‌وه‌، چونکه‌ ده‌مزانی پشووی هاوین ڕه‌نگه‌ هه‌ر ده‌رفه‌ت نه‌ڕه‌خسێت بۆمان، تێلێکم بۆ ڕێباز کرد:
- حه‌ز ده‌که‌م دوا ڕۆژی تاقیکردنه‌وه‌کان که‌ سبه‌ینێ ده‌کات، به‌یه‌که‌وه‌ بچینه‌ ده‌ره‌وه‌.
- ئه‌وه‌ چۆن بێت وا دڵت نه‌رم بووه‌؟ هه‌زار جار گیانی من، خۆ من خه‌ریکه‌ شێت ده‌بم بۆت.
- ئه‌مجاره‌ خۆم پلان داده‌نێم بۆ ده‌رچوونه‌که‌مان.
- ئاده‌ی هه‌ناسه‌، پێم بڵێ بزانم پلانێکی سه‌رکه‌وتووه‌.
- له‌ تۆوه‌ فێری زۆرزانی بووم، به‌دایکم ده‌ڵێم به‌بۆنه‌ی کۆتایی تاقیکردنه‌وه‌کانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێکانم ده‌چین بۆ ڕیستۆرانت و پیاسه‌ کردن، چونکه‌ پار ساڵیش دوا ڕۆژی تاقیکردنه‌وه‌کان به‌ڕاستی وامان کرد، باوه‌ڕم پێده‌کات.
- به‌ساقه‌ی پلانه‌کانیشت بم، هه‌ر زۆۆر زۆۆر باشه‌.
- هه‌روه‌ک جاران سبه‌ینێ دوای ته‌واوبوونی تاقیکردنه‌وه‌ له‌ جێژوانه‌که‌ی خۆمان بوه‌سته‌ من دێمه‌ لات.
- ئۆکه‌ی باوانم.
ئه‌و ڕۆژه‌ش به‌یه‌که‌وه‌ ده‌رچووین به‌ڵام هه‌ستم ده‌کرد زیاتر له‌ جاران به‌تاسه‌وه‌ حه‌زم له‌ باوه‌ش و ماچی ڕێباز ده‌کرد. خه‌ریکبوو مه‌سه‌له‌ی وێنه‌کان لام ده‌بووه‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاسایی و گرنگیم پێنه‌ده‌دا.
که‌وتینه‌ پشووی هاوین و له‌ چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌ی ئه‌نجامی تاقیکردنه‌وه‌کاندا بووم، ناوبه‌ناو سه‌ردانی ماڵی پورم ده‌کرد له‌وێ به‌هه‌لم ده‌زانی قسه‌ بکه‌م له‌گه‌ڵ هونه‌ر و ڕێبازدا، هونه‌ر به‌ڕاستی خه‌ریکی خۆ ئاماده‌کردن بوو تاکو بێته‌ داوام، به‌ڵام من پێمده‌گوت په‌له‌ مه‌که‌ بزانم ئه‌نجامه‌کانم چۆن ده‌بێت و له‌کوێ وه‌رده‌گیرێم.
ئه‌نجامه‌کان ده‌رچوون، ڕاسته‌ ده‌رچووم به‌ڵام نمره‌کانم ئه‌وه‌نده‌ نزم بوون چاوه‌ڕوان نه‌ده‌کرا نه‌ک هه‌ر له‌ زانکۆ به‌ڵکو له‌ په‌یمانگه‌کانیش وه‌ربگیرێم.
ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌نجامه‌کان ده‌رچوون، باوکم شه‌وه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ی خواردبووه‌وه‌ به‌ته‌واوی مه‌ست بووبوو، به‌ هاواره‌وه‌ بانگی کردم، زۆر ترسام، دایکم هات له‌گه‌ڵمدا، باوکم داوای نمره‌کانمی لێکردم، لێی پرسیم کوا نمره‌کانت، چووم بۆم هێنا، دوای ئه‌وه‌ی که‌مێک سه‌یری کرد، به‌هاواره‌وه‌ گوتی:
- به‌ڕه‌ڵای بێشه‌ره‌ف، ئه‌ی تۆ ساڵێک خه‌ریکی چی بوویت؟ ئه‌و‌ نمره‌ جوانانه‌ت بۆ من هێناوه‌ته‌وه‌؟ مامۆستای تایبه‌تیت به‌ من گرت بۆ ئه‌م نمرانه‌؟ هه‌ستا بۆم لێمبدات، به‌ قیژه‌ و هاواره‌وه‌ ڕامکرد له‌به‌رده‌ستیدا، دایکم باوکمی گرت، من چوومه‌ قاتی سه‌ره‌وه‌، گوێم لێبوو باوکم هه‌ر هاواری ده‌کرد، سه‌گی سه‌گباب شه‌رت بێت نه‌یه‌ڵم بکه‌ویته‌ سێ مانگی تر، بتده‌م به‌ قه‌حبه‌بابێکی وه‌ک خۆت و ڕزگارم بێت له‌ده‌ستت. به‌ دایکمی گوت: ئافره‌ت ئه‌مجاره‌ هه‌ر سه‌گبابێک هاته‌ داوای ئه‌م چه‌تیوه‌ی‌ بده‌نێ، دۆم بێت.. قه‌ره‌ج بێت، بیده‌نێ بابڕوات.
ڕۆژگار تێپه‌ڕی و ناوی وه‌رگیراوه‌کان له‌ کۆلیژ و په‌یمانگه‌کان ده‌رچوو، ناوی من نه‌هاتبووه‌وه‌، هاوشێوه‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌رچووانه‌ی پۆلی شه‌ش که‌ نمره‌کانمان زۆر که‌مبوو. ئیتر که‌وتمه‌ به‌رده‌می قۆناغێکی تر که‌ چاره‌نووسێکی نادیار چاوه‌ڕێی ده‌کردم.
بیرم له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ ڕێباز ڕازی بکه‌م بێته‌ داوام، چونکه‌ هه‌ستمده‌کرد به‌مه‌ له‌مه‌ترسی ئه‌و وێنانه‌ ڕزگارم ده‌بێت که‌ له‌لای بوو، کاتێک ئه‌و پێشنیاره‌م به‌ ڕێباز ڕاگه‌یاند، پاش قاقایه‌کی زۆری پێکه‌نین، گوتی:
- ده‌ترسم تێکچووبیت، ژنهێنانی چی و شووکردنی چی؟ من 10 ساڵی تریش بیر له‌ ژنهێنان ناکه‌مه‌وه‌، له‌کوێ تاقه‌تی نه‌وت کڕین و غاز کڕین و شیر کڕینم هه‌یه‌ بۆ منداڵ، باجارێ تۆزێ دنیا ببینین، ناشێ حه‌ز بکه‌ی شوو بکه‌یت؟ ئه‌وه‌ نییه‌ منت هه‌م؟ ئیتر په‌له‌ی چیته‌؟ ئه‌وه‌ی مێرد له‌گه‌ڵتدا ده‌یکات منیش ده‌یکه‌م، ئیتر شووکردنت بۆچییه‌؟
- ڕێباز من له‌ ڕه‌وشێکی خێزانی ناخۆشدام، خواخوامه‌ له‌ده‌ست باوکم و شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی ماڵه‌وه‌ ڕزگارم بێت، باوکم هه‌ڕه‌شه‌ی به‌شوودانم لێده‌کات، ناوم نه‌هاتۆته‌وه‌ له‌ هیچ زانکۆ و په‌یمانگه‌یه‌ک، به‌خوا ئه‌و شه‌وه‌ به‌دایکمی ده‌گوت، هه‌ر که‌سێک هاته‌ داوای بیده‌نێ، خۆشت ده‌زانی من داواکارم زۆره‌ …
- ئینجا ئه‌وه‌ که‌ی کێشه‌یه‌ سێوه‌ گیان، تۆ سه‌ر له‌خۆت تێکمه‌ده‌، شوو بکه‌، من و تۆ هه‌ر ئه‌بێت په‌یوه‌ندیمان بمێنێت، دڵنیابه‌ من هه‌زار ژنم هه‌بێت هه‌ر دڵم لای تۆ ده‌بێت، تۆش هه‌روا ده‌بیت.
- ڕێباز گیان، ئه‌و وێنانه‌م؟
- ئاخ له‌ده‌ست تۆ، بڕوام پێبکه‌ هه‌موو شه‌وێک له‌باوه‌شی خۆمدا ده‌تخه‌وێنم، به‌ده‌م سه‌یرکردنی وێنه‌کانته‌وه‌ خه‌و ده‌چێته‌ چاوم، وه‌ک چاوه‌کانی خۆم ئه‌و وێنانه‌ت ده‌پارێزم.
هه‌رچیم کرد له‌گه‌ڵیدا سوودی نه‌بوو، دیاربوو ئه‌و هه‌ر بۆ تێرکردنی ئاره‌زووه‌کانی خۆی منی ده‌ویست، ناچار قسه‌م له‌گه‌ڵ هونه‌ردا کرد، ئه‌و زۆر به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی، به‌ڵام کێشه‌که‌ له‌وه‌دا بوو که‌ باری ئابوری خێزانه‌که‌یان ته‌واو نه‌بوو، هه‌رچه‌نده‌ من ئه‌و شتانه‌ کێشه‌ نه‌بوو له‌لام، به‌ڵام ده‌مزانی دایکم به‌و جۆره‌ خێزانانه‌ ڕازی نه‌ده‌بوو.
زۆری پێنه‌چوو ڕۆژێک دایکی و هونه‌ر و دوو خوشکی هاتن بۆ ماڵی ئێمه‌، دایکم پێشوازی لێکردن و به‌ڵام دوای چه‌ندین پرسیار له‌لایه‌ن دایکمه‌وه‌، کۆتاییه‌که‌ی به‌وه‌ هێنا که‌ گوایه‌ دانراوم بۆ خوشکه‌زایه‌کی باوکم، دایک و خوشکه‌کانی هونه‌ر هه‌ستان و به‌نائومێدی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌.
(ماویه‌تی)

كانونی دووه‌م 12, 2012

جیابوونه‌وه‌ی ڕۆحی – ده‌روونناس: سامان سیوه‌یلی

جیابوونه‌وه‌ی ڕۆحی
ده‌روونناس
سامان سیوه‌یلی

ئەگەر ڕووە ئاشكراكەی پرۆسەی هاوسەرگیری بریتی بێت لەبوونی گرێبەستی یاسایی و شەرعی لەنێوان دوو هاوسەردا، ئەوا ڕووە شاراوەكەی (ناوەكییەكەی) بریتییە لەبوونی گرێبەستێكی ڕۆحی لەنێوان دوو هاوسەرەكەدا.
پێكهێنانی خێزان لەسەر بنەمای هەردوو گرێبەستی یاسایی و شەرعی بەتەنها و بەبێ بوونی گرێبەستە ڕۆحییەكە واتایەك بۆ پێكەوەژیانی هاوسەران ناهێڵێتەوە، بەڵكو لەم حاڵەتانەدا هاوسەران دووچاری ئیزدواجیەتێكی دەروونی و كۆمەڵایەتی دەبن بەجۆرێك لەودیو دیواری ماڵەكانیانەوە واخۆیان دەردەخەن كەئەوان لەژێر ئەو ساباتەی ناوی خێزانە كۆك و تەبا و بەختەوەرن، لەمدیوی دیواری ماڵەكانیشیانەوە وەك دوو بوونەوەری نامۆ بەیەك و خوڵقێنەری ژانكۆی دەروونی بۆیەكتر مامەڵە دەكەن.
مەبەست لەگرێبەستی ڕۆحی نێوان هاوسەران بوونی ئەو ڕایەڵە ڕۆحییەیە كەپێكهاكانی بریتین لە: سۆز و خۆشەویستی، دڵنیایی و ئاساییشی دەروونی، ڕێزگرتن، ڕەچاوكردنی ماف، ڕەزامەندی لەیەكتر، لێبووردەیی، قوربانیدان بەهەموو جۆرەكانییەوە.
گرێبەستی ڕۆحی دەقێك نییە بنوسرێتەوە و بەبەهایەكی مادی بخەمڵێنرێت وەك ئەوەی لەگرێبەستی یاسایی نێوان هاوسەراندا هەیە، پەرەگرافێكی زارەكیش نییە وەك سوننەتێك بەئامادەبوونی چەند شاهیدێك بگوترێت وەك ئەوەی لەگرێبەستی شەرعیدا هەیە. بەڵكو ئیحساسێكی مرۆڤانەیە كەهەڵهێنجراوی پرۆسەی پەروەردە و گۆشكردنی كۆمەڵایەتی تاك و ئەزموونەكانی ژیانی و ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری و ڕادەی باوەڕبوونی تاكە بەمافەكانی یەكتر‌. ڕەنگە كوڕێك كچێكی خۆشبوێت، تەنها بوونی خۆشەویستی بەڵگەی بوونی ئەو ڕایەڵە ڕۆحی نییە، بەڵكو بۆئەوەی ئەو ڕایەڵەیە بەسادەترین كێشە یاخود پێشهات نەپسێت و شیتاڵ نەبێتەوە، دەبێت پێكهێنەرەكانی تری ئەم ڕایەڵەیەش ئامادەییان هەبێت. بۆیە زۆرجار بینیومانە بەشێك لەو هاوسەرانەی كەبەبوونی پەیوەندی خۆشەویستیشەوە پێیان ناوەتە ژیانی هاوسەرییەوە ئاكامێكی تاڵ چاوەڕێی كردوون و جیابوونەوە ڕوویداوە.
جیابوونەوەی نێوان هاوسەران و هەڵوەشاندنەوەی خێزان بریتییە لەهەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە یاسایی و شەرعییەی لەنێوان دوو هاوسەردا هەیە، بەمەش پێكەوەژیانی نێوان ئەو دوو هاوسەرە كۆتایی دێت لەژێر ئەو ساباتەی كۆیكردوونەتەوە. دیارە بەكارهێنانی چەكی جیابوونەوە لەلایەن هەر یەكێكیانەوە بێت (ژن یان پیاو) دوای گەیشتن بەبنبەست و نەمانی خاڵی هاوبەش لەنێوانیاندا مافێكی سروشتییە بەتایبەتی ئەگەر ئەم چەكه (مافە) ‌ وەك دواچارەسەر بەكارهێنرا. بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە بەشێك لەهاوسەران لەم ڕۆژگارەدا پەنایان بۆ جۆرێكی تر لەجیابوونەتەوە بردووە كەئەویش بریتییە لەجیابوونەوەی ڕۆحی، واتە پەیوەندییە یاسایی و شەرعییەكەی نێوان دوو هاوسەرەكە بوونی ماوە و دوو هاوسەرەكە لەژێر یەك ڕەشماڵی خێزانیدا دەژین بەڵام پەیوەندی ڕۆحییان پێكەوە نەماوە، نەمانی پەیوەندی ڕۆحیش دەبێتە هۆی نەمانی پەیوەندی جەستەیی لەنێوانیاندا، لەناو ئەمانەشدا هەیە كەزمانی دیالۆگ و ئاخاوتنیش نەماوە، واتە دوو هاوسەرەكە لەیەك ماڵدا دەژین بەڵام نەبەیەكەوە دەخەون، نەبەیەكەوە قسە دەكەن، نەسۆز و خۆسەویستی ماوە لەنێوانیاندا.
لەڕاستیدا نەمانی پەیوەندی ڕۆحی لەنێوان هاوسەراندا واتە سووتانی ڕۆحەكان بەنهێنی، نزیكبوونەوە و گەیشتن بەسنوورەكانی نەخۆشیی دەروونی، پەنابردن بۆ ناپاكی هاوسەریی، بەفیڕۆچوونی وزەی دەروونی هاوسەران.
پاساوی زۆرێك لەو هاوسەرانەی لەڕووی ڕۆحییە لەیەك جیابوونەتەوە بەڵام هەرپێكەوە دەژین، بریتییە لەوەی یان جیابوونەوەی شەرعی و یاسایی بەعەیبە دەزانن و وادەزانن كۆمەڵگە بەكەم لێیان دەڕوانێت، یان لەبەربوونی منداڵ لەنێوانیاندا ئەو دۆزەخە هەڵدەبژێرن، لەكاتێكدا نازانن كەنەمانی پەیوەندی ڕۆحی نێوان هاوسەران پێش خودی هاوسەرەكان ڕۆحی منداڵەكانیان دەسوتێنێت، یان هەندێ جار بەپاساوی بوونی ڕێگری كۆمەڵایەتی و دەوروبەر لەڕوودانی جیابوونەوە، یان هەندێ جار لەبەر نەبوونی پەناگەیەك پاش جیابوونەوە (بەتایبەت بۆ ژنان لەكۆمەڵگەی ئێمەدا).
درێژەپێدانی ژیانی هاوسەریی بێ بوونی پەیوەندی ڕۆحی لەگاڵتەجارییەك زیاتر هیچی تر نییە، بۆیە هەر خێزانێك لەم گێژاوە دەروونی و كۆمەڵایەتییەدا دەژی، دەبێت لەنێوان دوو هەڵبژاردندا خۆیان ساغ بكەنەوە و یەكێكیان هەڵبژێرن، ئەوانیش یان گەڕانەوە بۆ زمانی دیالۆگ و وازهێنان لەكینە و ڕق و تۆڵەكردنەوە و دۆزینەوە خاڵی هابەش لەنێوانیاندا (بۆ ئەنجامدانی ئەم هەنگاوەش زۆرجار هاوسەران پێویستییان بەڕاوێژكارێكی دەروونی یان كۆمەڵایەتی دەبێت تاكو رایدەدەریان بێت لەتێپەڕاندنی تەنگژەكانیاندا)، كەئەم ڕێگەیەیان لۆژیكانەیە. یاخود ڕێگەی دووەم هەڵبژێرن كەهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە یاسایی و شەرعیەكەیە و كۆتایی بەو دۆزەخە بهێنن، لەڕاستیدا ئەمەش دەبێت دوا هەوڵ و دوا چارەسەر بێت نەك بە تاكە چارەسەر لێی بڕوانرێت.

كانونی دووه‌م 3, 2012

پەڕەی داهاتوو »