چۆن نامه‌که‌ت داده‌ڕێژیت و نه‌خشه‌ی ژیانت ده‌کێشی – وه‌رگێڕانی به‌ده‌ستکارییه‌وه – عوسمانی حاجی سه‌لام – توێژه‌ری ده‌روونی و ڕۆژنامه‌نووس
چۆن نامەكەت دادەڕێژیت و نەخشەی ژیانت دەكێشی
وەرگێرانی بەدەستكاریەوە : عوسمانی حاجی سەلام
توێژه‌ری ده‌روونی و ڕۆژنامه‌نووس
هیچ كەسێك ناتوانێت نكۆڵی لە گرنگی نەخشەكێشان لە ژیانی مرۆڤدا بكات ، نەخشەكێشان بەیەكەمین هەنگاوی سەركەوتن دادەنرێت بۆئەوەی ئامانجەكانت لەژیاندا بەدی بێن ئەوا بێگومانبە لەوەی پێویستت بە ناسینی ئامنجەكانتە بەڕوونی پاشان دەست نیشان كردنی ئەو ڕێگایەی كە دەتگەیەنێتە ئامانجەكانت ئەمەیە كەپێی دەوترێ نەخشەكێشان ، لەئەنجامی توێژینەوەیەكەوە ئەوە بەدەركەوتووە كە تەنها بەڕێژەی ( %3 )ی خەڵكی نەخشەی ژیانیان دادەرٍِێژن هەرئەمانەشن ئەو كەسانەی كەخاوەنی سامانێكی زۆری مادی و مەعنەوی و مرۆیین و سەرجەمی پۆستە ئیداریەكانیان بۆ خۆیان داگیركردووە ئەوەی دەمێنێتەوە ڕێژەی (%97)ی خەڵكی بەبێ بونی ئامانجێكی ڕوون یاخود نەخشە ڕێی گەیشتن بەئامانجەكانی لە ژیاندا دەژین ، پێویستە لەمەوە تێبینی ئەوە بكەین كەئەوەی نەخشەی بۆ ژیان نەكێشابێ هەرگیز بەرهەمی هەوڵەكانی لەژیاندا بەوجۆرە نابینێتەوە كە نەخشەی بۆیان كێشابێت ، پێویستە سەرەتا ئەوە بزانین كە نامەی ئێمە لەژیاندا چیە وەئەو ئامرازانە چین كە فاكتەری بەئەنجام گەیاندنی نامەكەمانە هەروەها پێویستە دەست بكەین بە بنیاتنانی ئامانجەكانمان لەسەر ڕێڕەوێكی كاتی گونجاو كەبەپێی سروشتی ئامانجەكە بگونجێت .
نامە چیە : مەبەست لەنامە لێرەدا ئەو ڕۆڵانە دەگرێتەوە كە تاك لەژیانیدا دەیگێڕێ نامەش لەژیاندا هاوكاتە لەگەڵ تەمەندا و هەر لەگەڵ تەمەندا كۆتایی پێدێ لەژیانی تاكدا ، نامەی ژیان ئامانجێك نیە بێتەدی و كۆتایە پێبێت ناشبێت نامەی ژیان بەراورد بكرێت بەكڕینی ئۆتۆمبیلێك بۆنمونە چونكە ئەمە نمونە نیە بەڵكو ئەمە ئامانجێكە یارمەتی بەردەوام بوون لەسەر نامە دەدات .
زیاد لەڕێگەیەك هەیە بۆ داڕشتنی نامە لەژیاندا چونكە بەپێی كەسەكان دەگۆڕێت ، چۆن نامەی ژیانت دادەڕێژیت ؟
ئێمە لێرەدا دوو جۆری ئاسان لەو ڕێگایانەتان پێئاشنا دەكەین كە هەموو تاكێك دەتوانن بەپێی تایبەتمەندی خۆیان نامە و نەخشەی ژیانیانی لەسەر دابڕێژن ، یەكەمین ڕێگا ئەوەیە كەتۆ خۆت وادابنێ كەلە كۆتایی تەمەنتدایت و وتارێكی نوسراو دەربارەی ژیانت و بەدەستهاتوەكانت لەژیاندا لەبەر دەستتدایە ئەوە تۆی لەخۆت بپرسە چیت دەوێ بینوسیتەوە لەسەر ئەو نوسراوە ؟ ئەوە لەئێستاوە هەوڵی بۆ بدە بۆئەوەی لە بانەڕۆژدا كاتێك دەگەیتە ئەو تەمەنە ئەو كاغەزە بخوێنیتەوە كەمەبەستت بووە بینوسیتەوە ئەوەش بزانە كە هیچ كاتێك درەنگ نیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانت . ڕێگەی دووەم ئەوەیە كەتۆ دەفتەرێكی تایبەت بە خۆت ئامادەبكەی پاشان لەلاپەڕەی یەكەمی دەفتەرەكەدا بنوسە “نامە” پاشان بڕۆ سەر لاپەڕەی دووەم و دابەشی بكە بۆ چوار بەشی وەكو یەك لەبەشی یەكەمدا سەرجەم ئەو ئارەزوو و ئامانجانە بنوسە كەهەوڵی بەدیهێنانیان دەدەیت لەسەرجەم لایەنەكانی ژیاندا بۆنمونە لەلایەنی كۆمەڵایەتیەوە دەنوسی (ژنهێنان ، بوون بەخاوەنی منداڵ ..هتد) پاشان لەبەشی دووەمی هەمان لاپەڕەدا ئەو پرسیارە بنوسە كەئایا مەبەستی تۆ لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی بەشی یەكەم چیە؟ بۆنمونە لەوەڵامدا دەنوسی پەروەردەكردنی منداڵەكەم بەشێوەیەكی تەندروست ، پاشان ئەم بەشەش بەجێبێلە و بڕۆ سەر بەشی سیێەمی لاپەڕەكەو دیسانەوە پرسیارێكی تر لەخۆت بكە كەئایا مەبەستی تۆ لە بەدیهێنای ئامانجی بەشی دووەم چیە كە پەروەردەكردنی منداڵەكەتە بەشێوەیەكی تەندروست ؟ بۆنمونە لەوەڵامدا دەنوسیت منداڵەكەم دەبێت بە كەسێكی سوود بەخش كە سوود بە كۆمەڵگاو وڵاتەكەی بكات ، “ئەمەیە پێی دەوترێ ئامانجی ستراتیژی ” لەكۆتاییدا لەسەر دوابەشی لاپەڕەكە هەموو ئەو خاڵانە بنووسە كە دوای بەدیهێنانی ئامانج و مەبەستەكان پێشبیت كردووە پێیبگەی .
سەرچاوە : www.aljazeeratalk.net
ئازار 14, 2012
(نۆ) تیۆر بۆ سه‌رکه‌وتن له‌ژیانی هاوسه‌رگیریدا – و. له فارسییه‌وه – عومه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌یی
(نۆ) تیۆر بۆ سەركەوتن له‌ژیانی هاوسه‌رگیریدا
لەفارسیەوە: عومەر هەڵەبجەیی
زۆربەی كوڕان‌و كچان پێش ڕۆیشتنە ناوكەژاوەی هاوسەرگیری، دڵەڕاوكێ‌و ڕاڕایی، تەواوی ناخیان داگیردەكات، چونكە هەستیارترین‌و گرنگترین قۆناغی ژیانی مرۆڤە، لەبەر ئەوە مامەڵەی دەرونی‌و شارەزابوون‌و هەروەها ئەوفاكتەر‌و میكانیزمانەی كە دەبێتە هۆی ڕازاندنەوە‌و سەركەوتنی ژیانی ژن‌ومێرد پێویستە ڕەچاوبكرێت‌و پراكتیزەبكرێت.
لێرەدا هەندێك لەوبیردۆزانە بەئێوە دەناسێنین كە دەتوانێت بەشێكی ئەوكێشە‌و گرفتانە دووربخاتەوە كە لەنێوان هاوسەراندا ڕوودەدات.
1_ تاقەت‌و خۆڕاگری: ئەوكوڕوكچانەی كە گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن پێویستە لەكاتی هەڵچون‌و توڕەبوونی یەكتریدا ئاگاداری ئەم خاڵە بن، چونكە كاتێك یەكێكیان توڕە دەبێت ئەوا ئەوەی دیكەیان دانبەخۆیدا بگرێت تاوەكو ئارام دەبێتەوە، لەپاشدا بەشێوازی گفتوگۆ‌و دانوستان كێشە‌و گرفتەكە چارەسەربكەن، ئەگەر كێشەیەك لەنێوان هاوسەراندا ڕووبدات‌و ڕەچاوی هەڵچونی یەكتری نەكەن‌و پەرچەكردار زیاتر ڕۆڵ ببینێت لەبری خۆڕاگری ئەوا گرفتەكە تەشەنە دەسەنێت‌و گەلێك جار لێكترازان‌و جیابوونەوەی خانەوادەكان كۆتا دەرئەنجامی كێشەكەدەبێت.
2_ ڕاستگۆی: ڕاستگۆی بنچینە‌و بنەڕەتی سەرەكی دروستكردن‌و بنیادنانی خێزانە، ئەگەر ژن‌و پیا‌و لەنێوان یەكتریدا ڕاستگۆبن‌و هیچ لەیەكتری نەشارنەوە، ئەوا دەتوانن زیندەگیەكی سەركەوت‌و تەندروست بسازێن، بەڵام ئەگەر درۆكردن بوویە چەقی ژیانیان ئەوا بەدڵنییایەوە ژیانیان لێكهەڵدەوەشێت‌و دادەڕمێت، بەتایبەت بۆئەم سەردەمە ڕاستگۆی‌و ڕاستبێژی باشترین چەكێكە بۆبەكژاچوونەوەی زۆرێك لەكێشە‌و گرفتەكان كە سەرچاوەی دروستبوونی بێمتمانەییە لەنێوان خێزانەكاندا، هەروەها كلیلی سەركەوتن‌و بەختوەری نێوان هاوسەران ڕاستگۆییە، بۆیە فۆكۆیاما دەڵێت” قەیرانی سەردەمی نوێ قەیرانی بێمتمانەیە.
3_ پاكی: مەبەست لەپاكی، سادەیی‌و خاكی بوونی نێوان ژن‌و پیا‌و واتە” ئەگەر لەخۆبابوون پەلیهاوێشت بۆناوژیانی ژن‌و پیا‌و، ئەوا لەكەمترین ماوەدا ڕەگ‌و ڕیشە دادەكوتێت‌و بەسادەی لەناو ناچێت، هەروەها نابێت هاوسەران بهێڵن لەخۆبایبوون بێتە نێو ژیانی ئاڵتونیانەوە‌و وێرانی بكات، چونكە هەركێشە‌و ناخۆشیەك ڕووبدا لەنێوانیاندا ئەوا ناتوانن چارەسەری بكەن، لەبەرئەوە لەخۆبایی وەك نەشتەر ژیانیان هەنجن هەنجن دەكات‌و ڕۆحییەتی داوای لێبووردن لەیەكتری دەكوژێت، ئەگەر هەرچەندە یەكێكیان بشزانێت هەڵەی كردووە‌و مافی بەرامبەرەكەی پێشێل كردووە، بەڵام سەرئەنجام ناتوانێت هەنگاو بنێت‌و پۆزشی بۆبهێنێتەوە، كەواتە هەرلەسەرەتای هاوسەرگیریەوە پێویستە ژیانێكی پاك‌و بێخەوش‌وخاڵ دروست بكەن‌و شادی‌و شادومانی باڵ بكێشێت بەسەر ژیانیاندا نەوەك لەخۆبایی‌و فیزبەرزی.
4_ میهرەبانی: پێویستە ژن‌و پیا‌و یەكتریان خۆشبوێت‌و سەبارەت بەیەكتری میهرەبان بن، هەروەها لەناخۆشی‌و خەم‌و خەفەتی یەكتریدا هاودەمی یەكبن‌و هەرچی ناڕەحەتی‌و ناسۆرییە كە دێتە ڕێیان دابەشی بكەن بەسەر یەكتریدا، واتە وەك ستونێكی بەهێز وابن بۆیەك، ئەوكات دەبینن چەندە قۆناغی ناخۆشی ژیانیان بڕیوە‌و بێئەوەی كاربكاتە سەر ژیانیان.
5_ لەخۆبوردەیی: ئەگەر لەژیانی ژن‌و مێردایەتیدا لەخۆبوردەیی‌و چاوپۆشین لەهەندێك هەڵەی بچوك نەبێت ئەوا ژیانێكی سەخت‌و دژواردەبێت، لەبەرئەوە پێویستە هاوسەران گیانی لێوردەییان هەبێت‌و یەكتری قبوڵ بكەن، چەنكە هەموو كەسێك شایەنی هەڵەكردنە، نابێت یەكتری بكەن بەقوربانی هەڵەیەكی لاوەكی‌و ژیانی خۆیان تاڵ بكەن.
6_ هاودڵی: یەكدڵی حاڵەتێكە ئەگەر هاوسەران بەرجەستەی بكەن لەژیانیاندا دەتوانن بەسەر زۆرێك لە لەمپەر‌و بەربەستی ژیانیاندا سەربكەون، وەك هاوخەم‌و هاوكێشەی یەكتری بن‌و هەروەها لەم ڕستە جوانانە بەكاربهێنن( پێدەچێت جیاوازیمان هەبێت، بەڵام ئێمە هاوفكر‌و هاوهەڵس‌وكەوت‌و هاوڕحی یەكترین، هەروەها من خۆم لەتۆدا دەبینمەوە‌و تۆش لەخۆمدا) (هەتاوەكو ئەوكاتەی كە زەواجم نەكردبوو واهەستم دەكرد كەسێكی نیوەم، بەڵام بەهاتنی تۆ بۆناوژیانم ئێستا دەبینم چەندە ئاسودە‌و كەسێكی تەواوم، تۆئەو نیوە ونبووە‌و بزر بوویت كە من ساڵانێكە چاوەڕێم دەكردی، سەرئەنجام پەیدام كردی)…هتد
7_ متمانە‌و باوەڕبەیەكتری: یەكێكە لەئامڕازو ئالیەتە گرنگەكانی ژیان، شادی‌و بەختەوەری‌و هەروەها متمانە بەیەكتری كردنە، ئەگەر ژن‌و پیا‌و باوەڕیان بەیەكتری نەبێت ئەوا ژیانیان دەگۆڕێت بۆدڵپیسی‌و خانەگومانی، بەشێكی زۆری كێشە‌و ئاژاوەی ناوخانەوادەكانی ئەمڕۆ بێمتمانەی‌و دڵپیسیە بەرامبەر بەیەكتری، لەڕاستیدا دڵ پیسی ئاكامێكی مەترسیدار‌و دژوارە‌و كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ژیانی هاوسەرێتی، هەروەها سەرچاوەی ئاژاوەیەكی هەمیشەیی‌و بێزاربوونێكی بێسنورە، ئەم دیاردەیە لەژن‌و پیاودا بەدی دەكرێت، بەڵام لەپیاواندا فرەترو مەترسیدار ترە، هەندێكجار خانەگومانی لەئاكامی تێنەگەیشتن‌و ناهۆشیاریەوە لەكەسێكدا پەرە دەگرێت یاخود لەئەنجامی پاپەندبوونێكی زۆر بەداب‌و نەریتەوە دێتە كایەوە، هەروەها گەلێك جاریش كەسانی دەور‌و پشت هاوسەران دڵ پیس دەكەن لەیەكتری، زۆرجاریش لەپاش تێپەڕبوونی(10_12) ساڵ لەژیانی هاوسەرێتی هێشتا پیاوەكە دڵی لەژنەكەی پیسە، ئەمە لەكاتێكدا بەدرێژایی ئەوماوەیە هیچی لەژنەكەی نەبینیوە‌و هیچ بەڵگەشی پێنییە، ئەوجۆرە پیاوانە هیچ كات دڵیان ناسرەوێ‌و ئۆقرە ناگرن، بەڵكو زۆربەی كاتەكانیان بەدڵەڕاوكێ‌و ڕاڕاییەوە دەگوزەرێنن، هیچ تام‌و چێژ نابینن لەژیان بەهەموو لایەنەكەیەوە، هەندێكجاریش توانای بەڕێوەبردنی كاروفرمانی خۆیانیان نییە، بەڵكو تەنها چاودێری ژنەكەیان دەكەن، زۆرجاریش لەشوێنی كاركردنەوە تەلەفۆن بۆماڵەوە دەكەن تاوەكو بزانن ژنەكەی لەماڵەوەیە، جاربەجاریش پیاوەكان كێچەڵ‌و بیانوو بەژنەكانیان دەگرن‌و ڕاستەخۆ دڵپیسی خۆیان ڕاناگەیەنن‌و بەشتێكی دیكە دەری دەبڕن، هەروەها ئەمحاڵەتە بەپێچەوانەشەوە لەلای ژنان هەیە، وەك دەڵێن‌و دەپرسن لەپیاوەكانیان تۆلەكوێ بوویت؟” بۆدرەنگ هاتیتەوە؟” یاخود دەڵێت” بۆئەوەندە خۆت دەڕازێنیتەوە؟” جوان نییە لەفەرمانگە ئەوەندە بەدەم ژن‌و كچانەوە پێدەكەنیت، خۆت سوك مەكە، چەندین بابەتی لەوشێوەیە، یاخودە ژنەكە سەردنی فەرمانگەی پیاوەكەی دەكات ئەگەر موچەخۆربێت بەمەستی زانینی هەرجۆرە پەیوەندیەك، ئەم دڵ پیسی‌و خانەگومانیە، سەرەتایەكە بۆلاوازبوون‌و هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی خێزان‌و جیابوونەوەی ژن‌ومێرد، هەرچەندە هەندێك كەس لەدەست خۆیدا نییە‌و لەسروشت‌و ناخی كەسەكەدا هەیە، بەڵام بابەتی ڕووناكبیری‌و هۆشیاری‌و تێگەیشتن چەند فاكتەرێكی گرنگن لەكەمكردنەوەی ئاگری دڵپیسی.
ئەگەر هاوسەران متمانەیان بەیەكتری هەبێت، هیچ لەوكێشە‌و گرفتانەی كە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا‌و بگرە گەلێك لەوەش فرەتر ماوە كە باس نەكراوە لەنێوانیاندا ڕوونادات‌و زیندەگیەكی ئارام‌و پڕلەڕێزو خۆشەویستی‌و هەروەها سەركەوتوو بۆخۆیان بونیاد دەنێن.
8_ ڕیكخستن‌و ڕیك‌و پێكی: یەكێك لەوهۆكارانەی كە دەبێتە هۆی كێشە‌و گلەیی‌و گازندەو هەروەها ڕەخنەئامێز لەنێوان هاوسەراندا ڕەچاونەكردنی ڕێكخستنی ناوماڵە، لەم سەردەمەدا زۆرێك لەژن‌و پیا‌وان هەردووكیان لەدەرەوەی ماڵ كاردەكەن بەهۆی گوشار‌و فشاری ژیان‌و سەختی گوزەران، لەبەر ئەوە هەردووكیان بەئەندازەی یەك ماندوو شەكەت دەبن، لەبەر ئەوە هەمیشە پێویستە كاتی گەڕانەوە بۆماڵەوە هاوكاری یەكتری بكەن‌و كارەكان پێكەوە ئەنجام بدەن.
9_ هاریكاری: هاوكاری یەكێكە لەخاڵە جەوهەرو ناواخنی سەركەوتنی ژیانی ژن‌و مێر، وەك هاریكاری كردن لەپەروەردەكرنی مناڵ‌دا، هەروەها پێداویستیەكانی ماڵ پێكەوە ئەنجام بدەن‌و لەچارەسەركردنی كێشەكانیاندا هاوفكر‌و هاوبیرو بۆچون بن، ئەگەر بەڕۆحییەتی هاوكاری‌و بەدەمەوە چوونی یەكتری‌و هەروەها د‌رك كردن بەیەكتری ژیان بگوزەرێنن ئەوا دەتوانن كۆنتڕۆڵی زۆرێك لەكێشەكانیان بكەن.
ئازار 14, 2012
سایکۆلۆژیای ڕه‌فتاری به‌رپرسان – ده‌روونناس – سامان سیوه‌یلی
سایکۆلۆژیای ڕه‌فتاری به‌رپرسان
ده‌روونناس
سامان سیوه‌یلی
مه‌به‌ست له وشه‌ی به‌رپرس له‌م وتاره‌دا هه‌موو که‌سێکه که به‌رپرسیارێتییه‌کی له‌ئه‌ستۆدا بێت و که‌سانێک له‌ڕووی ڕاپه‌ڕاندنی کاره‌کانیانه‌وه ڕێنمایی و بڕیار له‌و وه‌ربگرن، ڕێکخه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌زا کارگێڕی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که بێت له دامه‌زراوه‌یه‌کی دیاریکراودا، له‌ڕووی به‌رپرسیارێتیشه‌وه له‌چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌که‌دا به‌به‌راورد به هاوکاره‌کانی به‌شی سه‌ره‌کی به‌ربکه‌وێت.
ڕه‌نگه به‌درێژایی مێژووی کۆمه‌ڵگه‌کان هیچ شتێک هێنده‌ی (کورسی) کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌وتی ژیانی مرۆڤایه‌تی نه‌بووبێت، ئه‌و ئامڕازه بێ گیانه‌ی که له ته‌خته یان کانزا دروست ده‌کرێت، به‌ڵام لای که‌سانێک له‌بواری کارگێڕی یان سیاسی ده‌بێته ئامانجی باڵا و هه‌موو شتێک له‌پێناویدا ده‌کرێته قوربانی و سوته‌مه‌نی.
بۆچوون و خوێندنه‌وه‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه بۆ به‌رپرسیارێتی و له‌ئه‌ستۆ گرتنی به‌پێی ئاستی هۆشیاری تاک و جۆری په‌روه‌رده و پێکهاته‌ی ویژدان و پاڵنه‌ره‌کانی پشت حه‌زی بۆ وه‌رگرتنی به‌رپرسیارێتییه‌که و هه‌ستکردنی به‌بوونی هێزێک یان ده‌سه‌ڵاتێک له پشت که‌سه‌کانه‌وه، ده‌گۆڕێت.
بێگومان ئه‌م تێڕوانینه بۆ چه‌مکی به‌رپرسیارێتی له که‌لتورێکه‌وه بۆ که‌لتورێکی تریش ده‌گۆڕێت. له‌و کۆمه‌ڵگانه‌ی دیموکراسیه‌ت و سه‌روه‌ری یاسا و مافی مرۆڤ و سه‌قامگیری سیاسی و ئابوری تێدا سالار بێت، ئه‌وا به‌رپرسیارێتی پێش هه‌ر شتێک وه‌ک ئه‌رک ته‌ماشا ده‌کرێت، که له‌ڕێیه‌وه تاکی به‌رپرس بتوانێت په‌یامێک بگه‌یه‌نێت به‌و چوارچێوه‌یه‌ی کاری تێدا ده‌کات و له‌وێشه‌وه بۆ کۆمه‌ڵگه‌که‌ی. له‌کۆمه‌ڵگه‌کانی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌شدا به‌رپرسیارێتی پێش هه‌موو شتێک مافه نه‌ک ئه‌رک، گه‌ڕانه به‌دوای ئیمتیازات و خراپ به‌کارهێنانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یه که به‌رپرسیارێتییه‌که بۆی دیاری کردووه.
گرنگترین ڕایه‌ڵه له‌نێوان مرۆڤ و به‌رپرسیارێتیدا بریتییه له هه‌ستکردن به‌به‌رپرسیارێتی، ئه‌م هه‌سته‌ش حاڵه‌تێکه په‌یوه‌ندی به‌پێکهاته‌ی ویژدانی مرۆڤ و به‌ندیواری (الانتماء) ی تاکه‌وه هه‌یه بۆ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ی کاری تێدا ده‌کات و له‌ویشه‌وه به‌ندیواریی بۆ نیشتمان و گه‌له‌که‌ی.
له هه‌رێمی کوردستان و به‌درێژایی ئه‌زموونی حکومڕانی کوردی له‌ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا، زۆرینه‌ی بۆچوونی ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌وڵی وه‌رگرتنی به‌رپرسیارێتیان داوه یان وه‌ریانگرتووه له‌و خانه‌یه‌دا جێیان ده‌بێته‌وه که به‌رپرسیارێتی لای ئه‌و زۆرینه‌یه بریتییه له ماشینه‌وه‌ی زۆرترین ئیمتیاز و خراپ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات و هیچ سه‌ربار نه‌خستنێک بۆ پاشماوه‌ی کاره‌کانی که‌سانی به‌رپرسی پێش خۆیان، ئه‌مه‌ش کتومت ڕۆحی گه‌نده‌ڵییه.
له کوردستان له‌جیاتی زاراوه‌ی به‌رپرسیارێتی، زاراوه‌ی (پۆست) به‌کارده‌هێنرێت، ئه‌م زاراوه‌یه له هزری زۆرینه‌ی تاکه‌کاندا هێنده مانای ماف و ئیمتیازات ده‌گه‌یه‌نێت چاره‌کێکی ئه‌مه مانای ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی ناگه‌یه‌نێت. کاتێک که‌سێک هه‌وڵ بۆ وه‌رگرتنی پۆستێک ده‌دات، واته هه‌وڵ بۆ په‌یداکردنی ده‌ستکه‌وت و ته‌کاندانی خێرا به ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری خودی خۆی ده‌دات، واته هه‌وڵدان بۆ تێرکردنی ئه‌و ئاره‌زوو و خواستانه‌ی که خه‌ونی پێیانه‌وه بینیوه.
بۆیه کاتێک که‌سێک به‌مڕوانینه‌وه پۆستێک وه‌رده‌گرێت ده‌که‌وێته کارکردن له‌سه‌ر هێنانه‌دی خواسته‌کانی به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بۆی بلوێت.
به‌رپرس چ له‌بواری کارگێڕی و ده‌زگا حکومییه‌کاندا بێت، چ له‌بواری حزب و کاری ڕێکخراوه‌ییدا بێت، چ له که‌رتی تایبه‌تدا بێت، به‌رله‌وه‌ی له‌به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی سه‌روو خۆیه‌وه بێت، ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه بزانێت که له‌به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌کی زۆر گه‌وره‌تردایه به‌رامبه‌ر خودا و نه‌ته‌وه‌که‌ی، به‌بێ بوونی ویژدانێکی زیندوو و به‌ندیوارییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی مه‌حاڵه مرۆڤ بتوانێت دڵسۆزی بنوێنێت له جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانیدا.
زۆرێک له تاوانه ئه‌خلاقی و گه‌نده‌ڵییه‌کان له وڵاتی ئێمه‌دا له‌ژێر په‌رده‌ی به‌رپرسیارێتیدا ده‌کرێن، چه‌ند به‌رپرس له وڵاتی ئێمه‌دا که‌ڵکیان وه‌رگرتووه له کورسیه‌کانیان و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی به‌رپرسیارێتییه‌کانیان پێیبه‌خشیون بۆ پڕ کردنی گیرفان و تێرکردنی ئاره‌زووه‌کانیان به ئاره‌زووی سێکسییشه‌وه، له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین زۆر. چه‌ند به‌رپرس له کوردستان به مه‌زاژ کار ده‌کات، کاتێک تاقه‌تی کارکردنی نه‌بوو سکرتێره‌که‌ی ڕاده‌سپێرێت که به‌هاوڵاتیان بڵێت کۆبوونه‌وه‌ی هه‌یه، له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێین زۆر. چه‌ند به‌رپرس له کوردستان به سیاسه‌تی بانێکه و دوو هه‌وا کار ده‌کات، فڵانه کار ڕاده‌په‌ڕێنێت بۆ که‌سێک که نامه‌ی تایبه‌تی پێیه، به‌ڵام بۆ ئه‌وانی دی به‌پێی ڕێنماییه‌کان ئه‌و کاره ناکرێت، له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێین زۆر، چه‌ند به‌رپرس له کوردستان داهێنانێکیان سه‌ربار کردووه له‌چوارچێوه‌ی کاره‌که‌ی خۆیاندا له‌دوای وه‌رگرتنی به‌پرسیارێتییه‌که‌یان، له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێین زۆر که‌م.
به‌رپرسێک ئه‌گه‌ر به چاوی ئه‌رکه‌وه له‌به‌رپرسیارێتی نه‌ڕوانێت، زوو له‌خۆی بایی ده‌بێت و ڕه‌فتار و تێڕوانینی به‌رامبه‌ر ژیان و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌گۆڕێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێجار به‌رامبه‌ر خودی خێزانه‌که‌ی خۆیشی. ئه‌مجۆره به‌رپرسانه تووشی وه‌همێک ده‌بن که فه‌زایه‌کی تایبه‌ت به‌خۆیان لادروست ده‌بێت که هه‌ست ده‌که‌ن نه‌ک پله‌یه‌ک به‌ڵکو چه‌ندین پله له‌سه‌روو هاوڵاتیانه‌وه‌ن. ئه‌م حاڵه‌ته ده‌روونییه‌ش که‌مه‌ندکێشیان ده‌کات بۆ هه‌ڵخلیسکانی گه‌وره‌تر، به‌جۆرێک هه‌ست به ئازاری خه‌ڵکی نه‌که‌ن، خۆپه‌رست و ئاره‌زووباز ده‌رده‌چن، هه‌موو شتێک بۆ خۆیان به حه‌ڵاڵ ده‌بینن، بێباک ده‌بن له ڕه‌خنه و تیروتوانج، ویژدانیان تووشی هه‌ڵاوسان ده‌بێت.
به‌رپرسی نادڵسۆز له وه‌رگرتنی هه‌ر بڕیارێکدا بیر له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی ده‌کاته‌وه، هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی له‌سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه ده‌بینێت.
مه‌ترسیدارترین ڕه‌وش که به‌رپرس تێیبکه‌وێت ئه‌و کاته‌یه که هه‌ستبکات خۆی له‌سه‌روو یاساوه‌یه، ئیدی هیچ هێڵێکی سوور بۆ ڕه‌فتار و حه‌ز و ئاره‌زووه‌کانی نامێنێته‌وه، چونکه ئه‌و پێی وایه ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ئه‌نجامی بدات، ده‌توانێت، ئا له‌م ساته وه‌ختانه‌دا خۆی لێده‌بێت به گورگ و خه‌ڵکانی تریش به مه‌ڕ.
هه‌موو که‌سێک له‌چوارچێوه‌ی کار و پیشه‌ی خۆیدا به‌رپرسه، مامۆستایه‌کی زانکۆ، پزیشکێک، فه‌رمانبه‌رێک، به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌یه‌ک له که‌رتی تایبه‌ت، خاوه‌ن مارکێتێک و … تد، مه‌رج نییه به‌رپرسیارێتی گه‌وره هانده‌ر بێت بۆ ئه‌نجامدانی لاساری و ناپاکیی گه‌وره، چونکه جار هه‌یه به‌رپرسیارێتییه‌کی بچوکیش تاوانی گه‌وره‌ی له‌ژێر سایه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت. که‌سێک له‌چوارچێوه‌ی به‌رپرسیارێتییه‌کی بچوکدا بتوانێت ناپاکیی بکات، کاتێک هه‌مان که‌س به‌رپرسیارێتییه‌کی گه‌وره‌تر وه‌ربگرێت لاساری و ناپاکییه‌کانی گه‌وره‌تر ده‌بن، که‌سێکیش ئاماده نه‌بێت ناپاکی له‌به‌رپرسیارێتییه‌کی بچوکدا بکات ئه‌وا گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتیش وه‌ربگرێت ناپاکیی ناکات.
به‌شێک له خه‌ڵکانی وڵاتی ئێمه هه‌ڵپه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره ده‌که‌ن بۆ وه‌رگرتنی پۆست، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ن بۆ هه‌موو جۆره سازشێک له‌سه‌ر که‌سایه‌تی خۆیان له‌مپێناوه‌دا بکه‌ن، بێئه‌وه‌ی خۆیان بناسن و له‌خۆیان بپرسن، ئه‌رێ من له‌و ئاسته‌دام ئه‌م به‌رپرسیارێتییه وه‌ربگرم؟.
به‌رپرس له وڵاتی ئێمه‌دا هێنده‌ی سه‌رقاڵی خۆ شه‌که‌تدانی به‌رده‌وامه به کورسییه‌که‌یه‌وه، ئه‌وه‌نده بیر له پێشخستن و گه‌سه‌ندنی تواناکانی خۆی ناکاته‌وه، یاخود ئه‌وه‌نده بیر داهێنان و به‌ره‌وپێشبردنی بواره‌که‌ی خۆی ناکاته‌وه.
له‌و وڵاتانه‌ی که تیایدا پۆست به که‌ناڵێک بۆ خزمه‌تی نه‌ته‌وه هه‌ژمار ده‌کرێت و وه‌ک به‌رپرسیارێتی لێی ده‌ڕوانرێت، کاتێک به‌رپرسان خانه‌نشین ده‌بن، یاخود ڕۆڵه‌کانیان له‌و پۆستانه‌دا به‌پێی یاسا ته‌واو ده‌بێت، ئه‌وا کارامه‌یی و تواناکانیان وا له ده‌یان زانکۆ و دامه‌زراوه و کۆمپانیا ده‌کات که هه‌وڵی که‌مه‌ندکێشکردنی ئه‌م به‌رپرسانه بده‌ن به‌مه‌به‌ستی سوود وه‌رگرتن له تواناکانیان، به‌ڵام له وڵاتی ئێمه به‌شێکی به‌رچاو له به‌رپرسان ئه‌گه‌ر پۆسته‌کانیان لێوه‌ربگیرێته‌وه دووچاری نه‌خۆشی خه‌مۆکی ده‌بن چونکه که‌س تواناکانیان به فلسێکی قه‌ڵب ناکڕێت.
ئازار 3, 2012
(پێشبڕکێی ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی) که‌سێتی له‌ڕوانگه‌ی فرۆیده‌وه – عومه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌یی – کۆلیژی ئاداب – به‌شی ده‌روونناسی
كەسێتی لەڕوانگەی فرۆیدەوە
عومەر هەڵەبجەیی
کۆلیژی ئاداب
به‌شی ده‌روونناسی
خانه‌قین
فرۆید بیرۆكەی خۆی سەبارەت بەكەسێتی خستەڕوو لەڕێی مامەڵەكردنی لەگەڵ نەخۆشە دەروونیەكان، پێی وابوو نەست كلیلی تێگەیشتنی كەسایەتیە.
ئەقڵی مرۆڤیشی وەك چیای بەفر ناساند، نۆبەشی لەژێر ئاوەو تەنها یەك بەشی لەبەرچاو دیارە، واتە ئێمە تەنها د‌رك بەبەشێكی بچوكی ئەقڵمان دەكەین و بەشی زۆریشی لێمان شاراوەیە.
كەسێتی مرۆڤی بۆ سێ بەش دابەش كرد كە هەریەك لەو بەشانە خەسڵەت و سیما‌و هەروەها گیروگرفت و داواكاری خۆی هەیە، كە جیاوازە لەگەڵ تایبەتمەندیەكانی بەشەكانی دیكە، زۆرجاریش دژ بەیەكترن و لەململانێدان، بەڵام لەیەكتری جیانابنەوە و كەسێتی مرۆڤ بەهۆی پەیوەستی ئەم سیانەوە كاردەكات:
یەكەم: ئەو id: ڕەگەزی بایۆلۆژییە لەكەسێتیدا و بەردەوام وروژاوە، دوورە لەبەئاگاییەوە، بناغەی كەسێتییە، بەگەورەترین بەشی پێكهاتەی دەروونی لەكەسێتیدا دادەنرێت، سەرچاوەی غەریزەو خواستە سەرەتاییەكانی مرۆڤە و لەسەر بنەمای تێركردنی حەزو ئارەزوو دەڕوات. وزەیەكی دەروونی بەكاردەهێنێت بۆ تێركردنی هەردوو غەریزەی مردن و ژیان، هەروەها پڕە لەغەریزە و پێداویستیە فیسۆلۆژیەكان و كۆنترین پارچە و بەشی كەسێتییە، كاتێك مرۆڤ لەدایك دەبێت تەنیا ئەم بەشەی هەیە و لەگەڵیدا لەدایك دەبێت و بەدرێژایی ژیانیشی هەر لەگەڵیدا دەمێنێتەوە. ئەم بەشە لەگشت بۆماوەو پێداویستی و حەزو ئارەزووە ئاژەڵیەكان پێكهاتووە.
ئەو دوور لەگشت یاسا و پڕەنسیپە لۆژیكییەكانی مرۆڤ كاردەكات و هیچ شتێك دەربارەی دابونەریت و ئاكاری جوان و هەروەها بەهای كۆمەڵایەتی نازانێت و گۆێڕایەڵیان نابێت، بەشێوەیەكی گشتی ئارەزووی چێژ و خۆشی ژیان و دوركەوتنەوە لەدەرد و ئازار دەكات، تەنیا لەكۆششی بەدەستهێنانی چێژ و خۆشیدایە و هەستە دوژمنكاریەكانی بەتاڵ دەكاتەوە، بەجۆرێك كە دەتوانرێت ئەو بەغەریزەی ئاژەڵ لەنێو مرۆڤدا دابنرێت.
بۆ نموونە منداڵی شیرەخۆر ئەگەر برسی بێت یان تینوو لەهەر شوێنێكدا بێت ئەوا دەست دەكات بەگریان، یان میزەڵدانی پڕ بوو خۆی لێ ڕزگار دەكات ئەگەر لەباوەشی گەورەترین مرۆڤدا بێت، چونكە ئەو ساوایە دەیەوێت بەهەر شێوەیەك بێت ئەو پێداویستیانەی تێر بكات.
دووەم: من ego: ڕەگەزی دەروونییە لەكەسێتیدا، لەسەر بنەمای لۆژیك دەڕوات و هەوڵ دەدات گشت یاساكانی مرۆڤ جێبەجێ بكات و پەیوەستە لەگەڵ واقیع، بەپشت بەستن بەزیرەكی و ئەقڵانییەت كۆنترۆڵی سەركێشییەكانی ئەو دەكات.
من بەشی ئەقڵانی و لۆژیكی كەسایەتیە كە ڕێڕەوێكی ئاگایانەی هەیە، لەژێر دەستەڵاتی واقیع دایە، من لەكۆمەڵێك شتی تایبەت پێكهاتووە، كە دەبێتە هۆی پەیوەندی تاك بەدەوروبەر، ئەو كۆمەڵە هۆكارە بریتییە لەقسەكردن، جوڵە.
فرۆید دەڵێت: كار و ئەركی من زۆر گران و دژوارە، لەبەرئەوەی زۆر زەحمەتە مرۆڤ لەژیاندا بتوانێت لەیەك كاتدا خزمەتكارو بەردەستی دوو ئاغا‌و سەرگەورە بێت، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا من لەجیاتی دووان دەبێت گوێڕایەڵی سێ زل هێز بێت لەیەك كاتدا، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار داواكاری ئەو سێ ئاغایە جیاواز‌و دژبەیەكن، دەبێت من ئەوەندە بەهێز بێت كە هاوسەنگی نێوان ئەو سێ زل هێزەو داواكارییەكانیان ڕابگرێت، بەپێچەوانەشەوە تووشی لێك ترازان و چەندەها نەخۆشی دەروونی و جەستەیی دەبێت، ئەو سێ ئاغایەش بریتین لە ئەو، واقع و جیهانی دەرەوە، منی باڵا.
ئەو دەیەوێت وەك ئاژەڵ پێداویستیە فسیۆلۆژیەكانی تێر بكات، هەروەها فشار دەخاتە سەر من لەلایەكی دیكەوە منی باڵا فشاری تایبەتی خۆی دەخاتە سەر من و ناهێڵێت بەشێوەیەكی ئاژەڵی و سەرەتایی و منداڵانە هەڵسوكەوت بكات و تووشی ئازاری ویژدان و هەستكردن بەگوناه و تاوان بێت، هەروەها واقیع و جیهانی دەرەوەش پێداویستی و مەرجی تایبەتی خۆی هەیە و من ناتوانێت لێیان دەربچێت، چونكە بەزاندنی سنووری جیهانی دەرەوەو دابونەریتی كۆمەڵایەتی، كۆمەڵێك ئەندێشە و گرفت بۆ من دروست دەكات.
لەبەرئەوە توانا‌و لێهاتووی من لەوەدا دەردەكەوێت، كە بتوانێت هەندێك لەحەزو ئارەزوو پێداویستیە فسیۆلۆژییە ئاژەڵییەكانی ئەو لەبەرگ و كاڵایەكی كۆمەڵایەتیدا تێر بكات، كە لەڕێگەیەوە بتوانێت دڵی ئەو ڕازی بكات، لەهەمان كاتدا لەسنووری جیهانی دەرەوەو دابونەریت دەرنەچێت و منی باڵا-ش زویر نەبێت، بەڵام ئەم كارە ئەوەندە ئاسان نییە و من-ێكی بەهێزو پتەوی پێویستە، من درێژكراوەی ئەو-ە، بەڵام من بەشێوەیەكی گونجاو و دروست بەمەرجێك نەبێتە هۆی تێك شكاندنی و سوكایەتی پێكردنی، بەردەوام، هەوڵ دەدات بۆ بەرگریكردن لەكەسێتی و گونجاندنی لەگەڵ ژینگە و جیهانی دەرەوەو چارەسەركردنی ململانێكانی نێوان مرۆڤ خود و جیهانی دەرەوە لەلایەك و لەنێوان پێداویستیە دژبەیەكەكانی خودی-دا لەلایەكی دیكەوە.
هەروەها هەموو میكانیزمەكانی پارێزگاری من جاربەجار لەلایەن مرۆڤی تێنەگەیشتووە سوودیان لێوەردەگرێت، بەڵام لەهەلومەرجی كەسێتی نیۆرتیك و سایكۆتیك-دا زیاتر بەكاردەهێنرێت.
سێیەم: منی باڵاsuper ego: ڕەگەزی مۆرالی و كۆمەڵایەتییە لەكەسێتیدا، لەسەر بنەمای بەهای ئاكاری بەرز دەڕوات و گوزارشت لەهەموو ئەو بەها كۆمەڵایەتیانە دەكات، كە لەمنداڵیەوە فێری دەبین و دەبێتە بەشێك لەئاكارمان.
منی باڵا بەرئەنجامی شارەزاییەكانی من-ە، لایەنی نموونەیی لەژیانی مرۆڤدا دەنوێنێت و هەوڵی كەناڵ و باڵابوون دەدات، لایەنی واقیعی لەژیانی مرۆڤدا نانوێنێت، بەڵكو بەها مۆرالی و نموونەییەكانی كۆمەڵگەی مرۆیی دەنوێنێت و كار بۆ سەركوتكردنی من دەكات، تا ئامانجە كۆمەڵایەتییەكانی بەئامانجی مرۆیی بگۆڕێت و بەردەوام هەوڵی كەماڵ دەدات و دەیەوێت من ڕازی بكات كە ڕەفتار بەرەو ژیانی كۆمەڵایەتی ئاڕاستە بكات و ئامانجەكانی بەئامانجی مرۆیی بگۆڕێت.
فرۆید دەڵێت ئەو و منی باڵا بەردەوام لەململانێدان و ڕۆڵی من ڕاگرتنی ئەو باڵانسەیە، كاتێك ئەو باڵانسە تێكدەچێت، مرۆڤ تووشی شڵەژانی دەروونی دەبێت.
منی باڵا بەشی سێیەمی كەسێتی مرۆڤە، كە لەئەنجامی پەروەردەو بەكارهێنانی پاداشت و سزا لەلایەن دایك و باوك و كەسانی چواردەورەوە دروست دەبێت، و منی باڵا نوێنەری بەهاو دابونەریت و ئاكاری كۆمەڵایەتییە لەناو خودی مرۆڤدا، هەروەها وەك دراوێك وایە دوو ڕووی هەیە، ڕووی یەكەمی ناودەبرێت بەمنی نموونەیی كە بریتییە لەلاسایی كردنەوەی گشت بەهاو ڕەوشت و هەروەها ئاكارە جوانەكانی دایك و باوك و مامۆستا و كەسە گرنگ و هەروەها خۆشەویستەكانی ناو كۆمەڵ، كە منداڵ بەنموونەو گەورەی خۆی دادەنێت و هەوڵ دەدات وەك ئەوان وا بێت، هەروەها لەئەنجامی پاداشتكردن و هاندانی منداڵ لەسەر ئەو كردەوەو هەڵسوكەوتانەی ئەم بەشەی بۆ دروست دەبێت.
بەڵام ڕووی دووەمی منی باڵا ناودەبرێت بەویژدان كە ئەمیش بریتییە لەهێزێكی ناوەكی كە ئەگەر تاك كارێكی نابەجێ ناشرین دژ بەدابونەریتی كۆمەڵایەتی بكات، ئەوا سزا‌و سەرزەنشتی من دەكات، منداڵ پێش ئەوەی منی باڵا-ی بۆ دروست ببێت، هێزی دەرەكی كە خۆیان لەدایك وباوك و هەروەها پۆلیس و مامۆستا‌و یاسادا دەبینێتەوە كە سزا‌و سەرزەنشتی منداڵ دەكەن، بەڵام دوای ماوەیەك لەڕێی پەروەردەكردنەوە ئەو هێزە دەرەكیە دەگوێزرێتەوە بۆ ناو خودی مرۆڤ و هێزێكی دەروونی ناوەكی دروست دەبێت، كە ناودەبرێت بەویژدان و جێگەی كار و فرمانەكانی ئەو هێزە دەرەكیە دەگرێتەوە، ئەرك و فرمانەكانی منی باڵا خۆی لەچەند خاڵێكدا دەبینێتەوە، لەوانە چاودێریكردنی كار‌و كردارەكانی من هەروەها هەوڵ دەدات بۆ گۆڕینی ئامانجە واقیعیەكانی من بۆ ئامانجی نموونەیی و گەیشتن بەكەماڵ بەبێ گوێدان بەبارودۆخ و واقیع و توانای گونجاو و لەبار.
هەروەها منی باڵا بڕیاردەری یەكەمە لەسەر باش و خراپی چالاكیەكانی من ئەویش بەپێی دابونەریت و پێوەری كۆمەڵایەتی، هەوڵ دەدات بۆ سەركوتكردنی پاڵنەر و حەزو ئارەزووەكانی ئەو، بەتایبەتی ئەوانەی كە سیمایەكی سێكسی و دوژمنكاریان هەیە، هەروەها منی باڵا هەوڵ دەدات كە جیهانی دەرەوەو ناوەوە سەرلەنوێ بەپێی ئارەزوو و ئاواتە نموونەییەكان دابڕژێتەوە بەو شێوەیەی كە خۆی دەیەوێت، هەروەها منی باڵا وەك ئەو وایە، چونكە ئەمیش هەوڵی زاڵبوون و سەركوتكردنی غەریزە و پاڵنەرە فسیۆلۆژییە ئاژەڵییەكان دەدات.
شایەنی باسە كە من و منی باڵا لەزۆر كەسدا ناتوانن هاوئاهەنگ بن و یەك كەسێتی هاوسەنگ پێك بهێنن، ئەو ناهاوسەنگیە لەهەندێك كەسدا دەبێتە هۆی تووشبوون بەپشێوی دەروونی، چونكە لەو مرۆڤانەدا كە منی باڵا لەگەڵ من-دا لەكێشەدایە من هەوڵ دەدات لەژێر ئەو دەسەڵاتەدا ڕزگاری بێت و سەربەخۆ بێت.
من هەوڵ دەدات ڕێگە لەئەو بگرێت و نەیەڵێت بەخێرایی و بەمەیلی خۆی ئارەزووەكانی بەدی بهێنێت و دەیەوێت بەرەو ژیانی كۆمەڵایەتی ئاڕاستەی بكات و ئارەزووەكانی لەچوارچێوەی سیستم و یاسای كۆمەڵایەتیدا بەدی بهێنێت، ئەگەر تاك ویستی یان هەوڵیدا بەو ئاستە مۆرالییەوە كە بۆ خۆی كێشاوییەتی پابەند بێت، ئەوا بەردەوام منی باڵا لەململانێی هەمیشەییدا دەبێت لەگەڵ هەردووكیان.
هەروەها پێویستە دووبارە ئاماژە بەدەوری دایك و باوكان بكەین لەداڕشتنی منی باڵا-ی منداڵ، منداڵ لەناوی دایك وباوكی بەولاوە ناوی خۆشی نازانێت، منی باڵای خۆشی لەوانەوە وەردەگرێت.
ئەو دەیەوێت دایك وباوك، دایك وباوكێكی نموونەی بن، ئالێرەدا منداڵ تێدەكۆشێت كە كردەوەكانی خۆی هاوشێوەی دایك و باوكی و دەوروبەرەكەی بەكاربهێنێت، ئەگەر دایك و باوكی ئەو كەسانێكی دڕندەو خراپ بن، ئەویش وەك ئەوان گەورە دەبێت و پەروەردە دەبێت، بەڵام ئەگەر دایك و باوك مرۆڤێكی بەڕەوشت و تێگەیشتووبن، هەروەها ئەویش دەیەوێت لەسەرەتای ساڵەكانی ژیانیەوە بەڕێبازی ئەواندا بڕوات و خوڕەوشت لەوانەوە فێر بێت، لەچاوی منداڵدا ڕەوشتی كۆمەڵگە لەهەڵسوكەوتی دایك و باوكدا دەبینێتەوە.
لێرەدا دەبێت بگوترێت گەورەترین كاری پەروەردە لەئەستۆی دایك و باوكدایە، چونكە هەر ئەوان دەتوانن منداڵەكانیان وەك مرۆڤێكی خاوەن ڕەوشت پەروەردە بكەن، یان بەپێچەوانەوە وەك دز و چەتە و پیاوكوژ پەروەردەی بكەن، لەژیانی منداڵدا لەوانەیە منی باڵا تووشی گۆڕانكاری بێت و بكەوێتە سەر ڕێگەی شكست و نائومێدی، یان بەرەو سەركەوتن بڕوات و سەركەوێت.
فرۆید زانای دەروونناس لەو باوەڕدا بوو بەهۆی پەروەردەو فێركردنی دایك و باوكەوە منی باڵا دەتوانێت باڵاتر بێت لەژیانی منداڵدا.
سەرچاوەكان:
1- بنەماكانی دەروونزانی گشتی، عزالدین ئەحمەد عەزیز.
2- سایكۆلۆژیای گشتی، د. كەریم شەریف قەرەچەتانی.
3- ناسینی بیری مرۆڤ، میكانیزمی پارێزگاری دەروونی،
4- بۆچوونەكانی دكتۆر سیگمۆند فرۆید، نووسینی: د. محەمەد عەلی ئەحمەد وەند، وەرگێڕانی: حەمە ڕەشید حەسەن.
ئازار 1, 2012
متمانه به خود – د. ڕێدار محه‌مه‌د ئه‌مین – پسپۆری نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کان
متمانه به خود
د. ڕێدار محه‌مه‌د ئه‌مین
پسپۆری نه‌جۆشییه ده‌روونییه‌کان
متمانە بەخود بریتیە لە هەستكردن بەبەهای خۆت، تاچەند رێزت هەیە و تاچەند گرنگی بۆ كەسانی دەوروبەرت ، متمانە بەخود یارمەتی منداڵان دەدات ، شتی نوێ بدۆزنەوە بەبێ ئەوەی هەست بە ترس و دڵەڕاوكێ بكەن یان ترسی سەرنەكەوتنیان هەبێت ، یارمەتی منداڵان دەدات هاوڕێی نوێ دروست بكەن ، گرفتەكانیان چارەسەر بكەن ، ئەوەی لە ناخیانە دەری بڕن ، متمانە بە خود ژیانێكی تەندروست و دەروون درووستمان پی دەبەخشێت.
ئەوەی جێگای داخە لە كۆمەڵگای ئێمە هەر لە قۆناغەكانی سەرەتای ژیانەوە هیچ گرنگیەك بەم لایەنە نادرێت ، هەمیشە قسەی ناخۆش و ڕوشكێنی جێگەی ستایش و پیا هەڵگوتن دەگرێتەوە ، ئێمە لە مناڵیەوە ئاشنای زاراوە ناخۆشەكانی وەك ترسنۆك ، كەڕولال ، داوەشێی ، عەمرت نەمێنی .. هتد دەبین ، بەڵام كەمتر وایە ڕۆژێك ووشەیەكی ستایش ببیستین. پێشتر بڕوایان وابوو ئەم زاراوە نێگەتیڤانە هانی منداڵا دەدات هەڵە دووبارە نەكاتەووە ، بەڵام ئەوەی لە ڕووی زانستیەوە سەلمێنراوە ئەم جۆرە مامەلە كردنانە لە كەسایەتی منداڵا دەدەن و لەكەداری دەكەن ، ئەگەر مامۆستاش لەسەر هەمان رێچكەی دایباب بڕوات ، ئەوا مندالەكە كەسایەتی یەكی پڕ كەم و كوڕی و گرێی دەروونی لێدەردەچێت ! ئەوەی خوارەوەش هەندێك لەو دەستەواژانەن وا لە منداڵا دەكەن هەست بە كەم و كوڕی و بێ متمانەیی بكات:
- پشت گوێ خستنی منداڵ و گرنگی پێنەدانی ، وەك ئەو باوكانەی رۆژانە كار دەكەن و شەو دەگەڕێنەوە ماڵەوە ماندو و هیلاكن و یەك قسە لەگەڵ منداڵەكانیان ناكەن.
-ئەو زاراوانەی وەك رقم لێتە ، تۆ نا بووتی ، تۆ ناڕێكی ، من تۆم لەسەر گوفەك هەڵگرتۆتەوە … هتد -
-ئەو زاراوانەی لە رێزی كەم دەكەنەوە وەك چڵمن ، شەیتان ، نارحەت ، شەرمن ترسنۆك .. هتد -
- بەراوردكردنی لەگەڵا منداڵانی تری دراوسێ یان خوشك و براكانی ، بۆ نموونە كاتێك ئەو منداڵە میز بە خۆی دادەكات یان زیرەكی خوێندنی نزمە ، بە كەسانی تر ئەو بشكێنیتەوە
- ئەو زاراوانەی وەك (خۆزگە) بۆ نموونە ئەگەر تۆ نەبوای ئێمە سەفەرێكی خۆشمان دەكرد ، گەر تۆ نەخۆش نەبوای ئێمە لە ئێستا لە گەشت دەبووین
روو گرژ كردن و پشت گوێ خستن كاتێك دەیانەوێ پرسیارت لێبكەن –
ئەگەر منداڵەكەت بە شێوەیەكی بەردەوام ئەو دەستەواژانەی بیست ، ئەوا بێگومان لە كەسایەتی رەنگ دەداتەوە و كەمترین متمانەی بەخۆی دەبێت ، وای لێدێت بەسەختی بڕیار بدات ، لای كەس باسی گرفتەكانی نەكات ، خۆی بەكەمتر لە هاوڕێكانی بێتە بەرچاو ، متمانە بە تواناكانی نەكات ، بەرگەی كەمترین كێشە‌و رووداوەكان نەگرێت ، من دڵنیام زۆر لە دایباب و مامۆستاش كاتێك ئەم بابەتە دەخوێننەوە د‌رك بەو راستیە تاڵە دەكەن ، كەوا رۆژانە چەندین جار ئەم دەستەواژە نا زانستیانە بەكار دەهێنن ! خۆشیان دێتەوە یاد كەوا لە منداڵی چەندین جار ئەم وشە ناڕێكانەیان پێ وتراوەو ئازاری جەستەیی و دەرونی داون ، ئێستاكەش كەوا دان بەو واقیعە دادەنێین ، رەنگە لە خۆیان بپرسن ئەی چارەسەر چی یە ؟ئەمانەی خوارەوە چەند رێنماییەكن بۆ هەر یەكە لە دایباب و مامۆستا :
• هەمیشە باوەڕ بە منداڵەكەت بكە ، پێی نیشان بدە كە ئەو نرخ و بەهای هەیە و خۆشت دەوێ
• ستایش و مەدحی بكە ، ئەو لە رێگەی دەستەواژەو پیاهەڵگوتنەكانی تۆ نرخی خۆی دەزانیت ، زۆرباشە ، ئافەرین ، سەخت بوو بەڵام ئەنجامت دا .
• كاتێك هەڵەیەك دەكات دڵی بدەوەو پێی رابگەیەنە هەموومان هەڵەمان كردووە ( سوار تا نەگلێ نابێت بە سوار ئەوەی هەڵە نەكات هیچ فێر نابێت).
• هەمیشە گوێگرێكی باش بەو پێی نیشانبدە ، كەوا تۆ گرنگی بە قسەكانی دەدەیت .
• یارمەتی بدە هەستی راستەقینەی خۆی دەرببڕێ و ستایشی بكە كاتێك ئەم كارە دەكات ، لێ مەگەڕێ شتەكان لە ناخیدا قەتیس بكات .
• هەمیشە فێری بكە وەڵام بداتەوە ، وەڵامدانەوە باشترە لە بێدەنگی ، هەروەها فێری بكە هیچ وەڵامێك تەواو راست نییە‌و هیچ وەڵامێكیش تەواو هەڵە نییە ، هەمیشە رای جیاواز هەیە .
• هانی بدە خاوەن رای تایبەتی خۆی بێت ، هەرچەندە بێ مانا‌و ساویلكە بن ، گاڵتە بە رایەكانی مەكە .
• رەخنە لە رەفتاری نابەجێ بگرە ، بەڵام هەر گیز رەخنە لە منداڵەكە مەگرە ، بۆنموونە كاتێك هەڵەیەك دەكات ، تۆ سەرزەنشتی ئەو مەكە ، بەڵكو بڵێ ئەو كارە نابەجێیە ، بەڵام ئاگادار بە رەخنەگرتنی زۆر ئەو هەستە لای منداڵ دروست دەكات كەوا ئەو كەسێكی خراپەو لە گەمژەیی ئەو ، ئەم رووداوانە دروست دەبن ، ئەمە زیانێكی زۆر دروست دەكات گەر بۆ ماوەیەكی زۆر بەردەوام بێت ، بۆیە ئاگادار بە بە جوانی بۆی رون بكەرەوە كە تۆ رقت لە رەفتارەكەیە نەك خودی ئەو.
• رێز لە حەزو ئارەزووەكانی بگرە تەنانەت ئەگەر بێزاركەریش بوون ، منداڵ حەزدەكات ئەوەی لە قوتابخانە رویداوە بەوردی باسی بكات تۆش گوێگرێكی باش بە !
• هەموو هەستكردن بەترس یان نائارامی منداڵەكەت بەهەند وەربگرە ، ئەگەر بۆنموونە ئەو گوتی :-من زۆر تەمبەڵم لە بیركاری ، زۆر باشە ئەمەلای تۆ قورسە ، من چۆن یارمەتیت بدەم ؟
• یارمەتی بدە خۆی پشت بەخۆی ببەستێ ، گرفتەكانی چارەسەر بكات ، چونكە ئەوە یارمەتی دەدات بیربكاتەوەو چارەسەر بدۆزێتەوە و ئەوە فێردەبێت كە هەڵەكردن بەشێكی سروشتی ژیانە .
• هەمیشە لەگەڵی پێبكەنە نەك پێی پێبكەنیت .
• یارمەتی بدە لەو بوارانەی سەركەوتووە یان بەهرەمەندە تیایاندا وەك وێنە كێشان ، وەرزش ..هتد
هەركەسێك ئەم هەنگاوانەی سەرەوە جێبەجێ بكات ئەوا بەشداری دەكات لە دروستكردنی كە سایەتیەكی بڕوا بە خۆبوو لە منداڵدا ، لەهەمان كاتدا ئەو هەڵەیەش لە منداڵێك راست دەكاتەوە ، كەوا پێشتر بەهەڵە مامەڵەی لەگەڵ كراوە بە ئاراستەیەكی نادروست پەروەردەكراوە ، من ەپێم وایە ئەم بابەتە یەس نییە بۆ ئەوەی ئێمە لە گرنگی متمانە بەخۆبوون و دروستكردنی كەسایەتی منداڵ (پیاوی دواڕۆژ)تێبگەین ، بەڵكو پێویستی بە ویرك شۆپ و وتاری زیاترە ، چونكە دڵنیام زۆر كەس لەوانەی بلیمەت بوونە ، چرۆی بەهرەكانیان بەم جۆرە مامەڵە پوكاوەتەوەو زۆر لە وانەی زیرەكی ئاسایین بەم دەستەواژانە لە خوێندن دواكەوتوونە .
Redar_mah@yahoo.com
سەرچاوەكان
www.handson Scotland.co
www.mird.org.uk –help-diaguosis
www.more-selfestcem.co
شوبات 14, 2012
درۆزنی نه‌خۆش – Pathlogical liar – د. ڕێدار محه‌مه‌د ئه‌مین – پسپۆری نه‌خۆشیه ده‌روونییه‌کان
درۆزنی نەخۆش
Pathological liar
د.رێدار محەمەد ئەمین
پسپۆری نەخۆشیە دەروونیەكان
درۆیەكی گەورە بكە،پاشان سادەی بكەوە،بەردەوام بیكە و لە كۆتاییدا خەڵك باوەری دەكەن(ئەدۆلف هیتلەر)
درۆ نیوەی دونیا دەگەڕێت،هێشتا راستی جلەكانی لەبەر نەكردووە(ونستۆن چەرچل)
لە پێناسەیەكی سادەی درۆدا بریتیە لەو هەوڵەی مرۆڤ بۆ شاردنەوە یان ئاوەژوو كردنەوەی راستیەكان،كەوا مەبەستێكی دیاریكراوەی لە پشتە.
ئەگەر بۆ مێژووش بگەرێینەوە،رەنگە بەر لە قسەكردن مرۆڤ فێری درۆكردن بووبێت! ئەو كاتەی ویستوویەتی نێچیرێك راوبكات وێنەی خۆی وەك پاڵەوان لەسەر دیواری ئەشكەوتەكان نیشانداوە،ئێمەی مرۆڤ دەتوانین رۆژانە چەندین درۆبكەین بەبێ ئەوەی یەك وشەش لە دەممان بێتە دەرەوە! كاتێك بە رووی یەكێك پێدەكەنین لە ناخەوە رقمان لێیەتی،خۆمان وا نیشان دەدەین بۆ یەكێك دڵتەنگین و لە ناخەوە زۆر دلشادین ئەمە جۆرێكە لە درۆ ،ئەگەر وێنەی درۆ لەسەر دەموچاومان بنەخشرابوایە،ئێمەی مرۆڤ چ رووخسارێكمان وەردەگرت؟ هەروەك د.عەلی شەریعەتی دەڵێت:ئەگەر درۆ رەنگی هەبوایە رۆژانە ناو دەممان رەنگاو رەنگ دەبوو!بە تایبەتی لە رۆژگاری ئەمڕۆدا،كەوا درۆكردن بووەتە كارێكی ئاسایی هەروەك پێغەمبەری مەزن(د.خ)دەفەرموێ(رۆژێك دادێت راستگۆ بە درۆزن و درۆزن بە راستگۆ ناو زەد دەكرێن)ئەمەش بێگومان لەبەر زۆری ژمارەی درۆزنەكانە،هەروەها دەفەرموێت( بەندە درۆ دەكات و بەردەوام دەبێت لە درۆ تا لای پەروەردگار بە درۆزن ناونووس دەكرێت)ئەمەش لە زانستی دەروونی ئەمڕۆدا پێی ئەڵێن درۆزنی نەخۆش،كەوا بابەتەكەی ئێمەیە.
سایكۆلۆژیای درۆكردن
درۆكردن یان فێڵ لە خۆكردن،رەفتارێكی رۆژانەی مرۆڤە لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ كەسانیتردا،لە زۆربەی حاڵەتەكانیشدا درۆكردن قازانجی بۆ كەسی درۆگوفت و درۆلێكراو هەیە(سەرنج بدە جیاوازی نێوان درۆزن و درۆگوفت!)
ئێمە رۆژانە درۆی سپی دەكەین،ئەمەش ئەو درۆیانە دەگرێتەوە كەوا زۆر گرنگ نین،یان كاتێك نامانەوێت كەسێك برینداربكەین وئیحراجی بكەین،خۆمان لە هەڵوێستێك رزگاربكەین تا تووشی شەرمەزاری نەبین،یان نامانەوێت كەسێك ئازاربدەین،پێغەمبەری مەزن دەفەرموێت لە سێ شوێندا درۆكردن جائیزە، یەكەم لەگەڵ هاوسەرەكەت بەمەبەستی پیاهەڵگوتن،دووەم بۆ رێگرتن لە فیتنە وسێیەم بۆ چاككردنەوەی پەیوەندی نێوان دووكەس(بەڵام لەوانە بەدەر درۆ بە گوناهێكی گەورە دادەنرێت)
زۆربەی ئەو درۆیانەی رۆژانە دەیكەین لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆمان دایە ومەبەستێك دەپێكێت،لە هەمان كاتدا دەبێتە مایەی نارەحەتی ودڵە راوكێ بۆمان،بە پێچەوانەی درۆزنی نەخۆش،كەوا درۆیەكەی لە ژێر كۆنترۆڵی خۆیدایە وهیچ هەست بە نارەحەتی وشەر مەزاری ناكات و هەر بەزیانی خۆیشی كۆتایی دێت.
كەواتە درۆزنی نەخۆش كێیە؟
درۆزنی نەخۆش بەو كەسە دەوترێت،كەوا بە شێوەیەكی بەردەوام و رێك‌وپێك درۆ دەكات و ئەویش بەهۆی پاڵنەرێكی ناوەكی،ناچاری یان تێكەڵكردنی واقیع و فانتازیایە و ناتوانێت كۆنترۆڵی درۆیەكانی بكات،هەرچەندە ئەزانێت ئاكامی خراپیان هەیە و دواییش هەر ئاشكرا دەبن!
درۆزنی نەخۆش هەمیشە گفتوگۆكانی دەدۆڕێنێت(وەك كورتە تەمسیلی كونەبا)،بەڵام ناتوانێت وازیان لێ بهێنێت،هەر لەبەر ئەوەشە بە درۆزنی نەخۆش ناو زەد دەكرێت.
توێژینەوەكان دەڵێن چی؟
هەر لە مێژەوە هەوڵدراوە بزانرێت بۆچی كەسانێك هەن بەردەوام درۆ دەكەن وخۆشیان دركی پێدەكەن و دەزان كارێكی نەشیاوە،ئەوەش دەزانن لە كۆتاییدا هەر ئەوان دۆڕاون.
توێژینەوە سەرەتاییەكان ئەوەیان دەرخستووە،مرۆڤ لە كاتی درۆكردندا چالاكی بەشی پێشەوەی مێشكی زیاد دەكات،چونكە لە كاتی درۆكردندا دەبێت بیركردنەوەی بەرامبەر بخوێنیتەوە،لە هەمان كاتدا هەستی خۆت كپ بكەیت یان كۆنترۆڵی بكەیت،بە جۆرێك كە هیچ شپرزەییەك و گومانێك لە روخسارتدا دیار نەكەون،ئەمەش كارێكی سەختە بۆ كەسێك كە درۆزن نەبێت و بیەوێت راستیەكان بشارێتەوە!
جگە لەوە،پێشتر بڕوا وابوو درۆزنی نەخۆش رەفتارێكی فێربوونە لە تەمەنی منداڵی،بەڵام توێژینوەی نوێتر شتی زیاتری سەلماندووە.
لە نوێترین توێژینەوە كە لە لایەن دوو زانا ئەنجامدرا(یالینگ یان و ئەدریان رێین)لە كالیفۆرنیای باشوور لە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا،دەركەوت كەوا بەشی پێشەوەی ئەو مرۆڤانەی بەردەوام درۆ دەكەن،رێژەی مادەی سپیان بە بەراورد لەگەڵ مادەی بۆر زیاترە وەك لە مرۆڤی ئاسایی،هەروەها لە هەمان توێژینەوە دەرچوو ئەوانە هەستكردن بە گوناه و پەشیمان بوونەو،دانایی،بیركردنەوەی لۆژیكانە وپابەندبوون بە بەهاكانیشیان كەمترە،بەڵام توێژینەوەكە ئەوەی نەخستە روو ئایا ئەوانە هەر لە سەرەتاوە مێشكیان بەم شێوەیە بووە یاخود لە دەرەنجامی درۆی زۆرەوە ئەم گرفتەیان بۆ درووست بووە.
هۆكارەكانی دۆركردنی بەردەوام
لە راستیدا تا ئێستا دیاردەی درۆزنی نەخۆش وەك نەخۆشیەك لەلایەن نامیلكەی ئەمریكی بۆ نەخۆشیە دەروونیەكان وپۆلینكردنی جیهانی بۆ نەخۆشیە دەروونیەكان نە ناسراوە،بەڵام باس لەوە دەكرێت نەخۆشی درۆزن بە شێكە لە گرفتی دەروونی تر وەك تێكچوونی كەسایەتی(كەسایەتی دژەكۆمەڵ،سنووری،مێژوویی،نێرگزی)یان پەیوەستە بە گرفتەكانی ئالوودە بوون بە قومار،ئەلكهول و مادە هۆشبەرەكان،بیركۆلی وئۆتیزم…هتد.
لەگەڵ ئەوانەشدا هەندێك هۆكار هەن بۆ ئەم دیاردەیە وەك هۆكاری بۆماوەیی،نائارامی سەردەمی منداڵی،گرفتەكانی ژیری،خێزانی پەرتەوازە،زۆر گرنگیدان بە مناڵ(نازپێدانی زیاد)،بەربەرەكانێی نێوان منداڵان.
درۆكردن و هەستكردن بە كەمی
زۆرجاران كەسی درۆزن دەیەوێت بە درۆكانی قەرەبووی هەستكردن بە كەمی بكاتەوە،ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت،ئەمەش هەروەك كاریگەری ئەلكهول و دەرمان وایە،ئەو درۆیەی كە دووبارەو سێبارە دەكرێتەوە ئەو خەیاڵە لای كەسەكە دروست دەكات،كەوا هە ست بە سەركە وتن بكات و متمانەی بە خۆی زیادبێت،و كەموكوڕیەكانی بشارێتەوە،بۆیە ئەو فانتازیایەی ئەو وەك بڵقی ئاوەو دوای ماوەیەك دەبێت بە هەڵم
جۆرەكانی درۆزنی نەخۆش
زۆر جۆر دەگرێتەوە لەوانەش درۆزنی خەیاڵی،درۆزنی هەڵچوون،درۆزنی ناچاری،درۆزنی بەعادەت.
درۆزنی خەیاڵی:ئەمە جۆرە درۆزنە واقیع و فانتازیا تێكەڵ دەكات و درۆیەكان بە شێوەیەك رێكدەخات،تەنانەت لە كۆتاییدا خۆیشی لێی تێك دەچێت و نازانێت كامە راست و كامە درۆیە،بۆیە هیچ هەست بە درۆكانی ناكات و نازانێت ئەمەی دەیكات درۆیە،كاتێكیش رووبەڕووی رەخنەو واقیع دەبێتەوە،هەوڵدەدات بە درۆیەكی تر راستی بكاتەوە و درۆكان بە دوای یەكتریدا دێن،بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو بەزمەش ئەو هەست بە شەرمە و عەیبە ناكات!
درۆزنی ناچاری ئەو كەسەیە كەوا لە ناخەوە ئارەزوویەكی زۆر بۆ درۆكردن دەكات،كاتێك درۆ دەكات زۆر ئارام دەبێتەوە،بەڵام كە راستی دەڵێت زۆر ناڕەحەتە،هەندێك لە زانیان دەڵێن ئەم درۆیە بە شێكە لە نەخۆشی وەسواسی ناچاری(فیلمی درۆزن لایەر لایەری جیم كاری)نموونەیەكی زیندووی ئەمجۆرە درۆزنەیە،درۆزنی هەڵچوونیش هەمان شێوەی درۆزنی ناچاریە بەڵام بە هەندێك جیاوازی لەوانەش ترس لەوەی بەسەری دادەنەوە(ترس لە درۆكردن)،هەست بە كەمكردن.
درۆزنی بە عادەتیش ئەو كەسانە دەگرێَتەوە كە وا خویان بە درۆكردنەوە گرتووە و تام و چیژی لێ وەردەگرن وەك چیڕۆكی مەلەوانە درۆزنەكە،هەروەها ئەمجۆرە كەسانە بەمەبەستی سەرنج راكێشانی خەڵك درۆ درووست دەكەن.
چارەسەری درۆزنی نەخۆشرەنگە ئەم مانشێتە سەرنج راكێشترین مانشێت بێت لەم بابەتە،بەڵام ئەوەی جێگەی داخە چارەسەری درۆزنی نەخۆش زۆر سەختە،بە تایبەتی درۆزنی خەیاڵی كەوا خۆی دان بەوە دانانێت درۆ دەكات،و كەس ئامادە نیە بە درۆزن ناو زەد بكرێت! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە چارەسەری بە پەیبردن و گۆڕینی رەفتار بە سوود بێت بۆیان.
كەواتە چۆن مامەڵە لەگەڵ كەسی درۆزن بكەین؟
لە راستیدا مامەڵەكردن و دانیشتن لەگەڵ كەسێكی درۆزن كارێكی بێزار كەرە،تۆ نازانی بڕوای پێبكەیت یان قسەكانی پشتگوێ بخەیت،ئەگەر تۆ نەتوانیت وا لەكەسێك بكەیت واز لە درۆكردن بهێنێت ئەوا ئەتوانیت وا لە خۆت بكەیت تۆزیك بێزاریت كەم بێتەوە بەم رێنماییانەی خوارەوە
1-وشیاربە:هەمیشە ئاگاداری قسەكانی بە و زۆر بایەخی پێمەدە.
2-كاردانەوەت نەبێت بۆ قسەكانی:ئەگەر وات نیشان دا تۆ سەرنجی قسەكانی دەدەیت و پێی سەرسامیت،ئەوا زیاتر هانی دەدەیت،كارلێك نەكردن لەگەڵی وا دەكات واز لەتۆ بهێنێت و بۆ لای یەكێكی تر بچێت.
3-دووجار دڵنیابە:ئەگەر كەسێك قسەیەكی كرد‌و تۆ زۆر دڵنیا نەبوویت،ئەوا لەكەسێكی تریش بپرسەوە
4-ئەگەر بتوانیت خۆی لێ لابدە،چونكە ئەم جۆرە كەسانە درۆكانیان فشاری دەروونیت بە لەسەر زیادە دەكەن
Redar_moh@yahoo.com
شوبات 4, 2012
(10) ستایلی گرنگی ڕۆژانه‌مان – عه‌لی ئه‌کبه‌ر مه‌جیدی
(10) ستایلی گرنگی ڕۆژانه‌مان
عەلی ئەكبەر مەجیدی
نهێنیی شادومانی، رەزامەندی، سەركەوتنی گەورە و هەست بە بەهێزبوونی و شیاوی تاكەكەسی ئەوەیە خوو بەوەوە بگرین كاتێك هەموو رۆژێك دەست بە كار دەكەین یەكەم، كارە گرنگەكانمان ئەنجام بدەین.
خوشبەختانە ئەمە كارامەییەكە كە بە دەست دێت واتە دەتوانین لە رێگای دووپاتبوونەوە بە دەستی بهێنین. ئنجا كاتێك خوومان بەوە‌و گرت كە پێش هەر كارێكی تر گرنگترین كار و ئەركی خۆمان دەست پێبكەین سەركەوتنمان سەداسەدە.
لەم بەشەدا شیرازەی بیست و یەك بەشی گرنگ بۆ لەناوبردنی تەمەڵی و دواخستنی كار و ئەنجامدانی خێرای كارەكانە. ئەم بنەما و رێسایانە ئەوەندە بە ریزەوە بخوێنینەوە تا بە سەقامگیری لە بیر و كارەكانماندا بچەسپێت و داهاتووشمان گەرنتی بكات.
1- مێزەكە بڕازێننەوە: ئەركی خۆمان روون بكەینەوە كە رێك چیمان دەوێت. روونكردنەوە خاڵی سەرەكیە. ئامانج و مەبەستەكانمان پێَش ئەوەی دەست بە كار بكەین، بیاننووسین.
2- بۆ هەموو رۆژێكمان پێش هاتنی ئەو رۆژە پلان و بەرنامەی بۆ دابنین: بە نووسراوەیی بیر لە كارەكانمان بكەینەوە. ئەگەر هەر خولەكێك تەرخان بكەین بۆ داڕشتنی بەرنامە و پلانەكانمان، لە كاتی جێبەجێكردندا لە نێوان پێنج بۆ دە خولەك كاتمان بۆ دەگەڕێتەوە واتە كات پاشكەوت دەكەین.
3- بیر لە دەرەنجامەكان بكەینەوە: گرنگترین ئەرك و مەسەلە پلە یەكەكانمان ئەوانەن كە گرنگترین دەرەنجام دەدەنە دەستەوە، چ بە شێوەی نێگەتیڤ چ بە شێوەی پۆزەتیڤ، چ لە ژیانماندا چ لە كارەكانماندا. زیاتر لە هەموو شتێك تەركیز لە سەر ئەم خاڵانە بكەینەوە.
4- بەردەوام لە شێوازی أ- ب- ت- پ- ج كەڵك وەربگرین: پێش ئەوەی دەست بە كارەكانمان بكەین گرنگی بە ریزكردنی كارەكان لە بواری گرنگی زوو ئەنجامدانەوە بدەین واتە كامەیان زووتر ئەنجام بدەین و كامەیان درەنگتر ئەنجام بدەین تا دڵنیا بین كە گرنگترین كارەكانمان بە دەستەوەیە.
5- لە بارەی هەموو شتێكەوە رێسای 80/20 بە كار بهێنین: 20% لەو چالاكیەكانمان دەبێتە هۆی بە دەستهێنانی 80%ی كارەكانمان. هەموو هەوڵدانەكانمان تەرخان بكەین بۆ ئەو 20%ی یەكەم.
6- سەرنجمان بخەینە سەر بوارە سەرەكیەكانی دەرەنجامی كارەكانمان: دەست نیشانی بكەین كام یەك لە دەرەنجام و دەسكەوتەكانمان رۆڵێكی سەداسەد دیاریكەری هەیە بۆ ئەنجامدانی گشت كارەكانمان و هەموو رۆژ لە سەر ئەو بوارانە كار بكەین.
7- لە رێسای كارامەیی زیاتر كاركردندا بین: هیچ كات ئەوەندە دەرفەت لە بەر دەستدا نیە هەموو كارەكانمان ئەنجام بدەین، بەڵام ئەوەندە دەرفەت هەیە كە گرنگترین كارەكانمان ئەنجام بدەین. گرنگترینیان كامانەن؟
8- پێش دەسپێكردن بە كار ، پێشەكی تەواوی كارەكانمان دابین بكەین: داڕشتنی پلان پێش پرۆژەكە، پاڵپشتی سەركەوتنە بۆ جێبەجێكردنی كارەكانمان.
9- بەردەوام لە راهێناندا بین: هەرچەند كارامەیی و زانستمان زیاتر ببێتەوە، كار و ئەركە سەرەكیەكانمان خێراتر دەست پێدەكەین و ئەنجامیان دەدەین.
10- توانا تایبەتیەكانمان پێش بخەین: بیدۆزینەوە ئەوە كام كارەیە كە لە ئەنجامدانی دا زۆر بە باشی كاری لە سەر دەكەن یان دەتوانین لە داهاتوودا بە باشی كار بكەین و لە هەموو بوونی خۆمان كەڵك وەربگرین كە ئەو بوارە تایبەتیانە زۆر بە باشی ئەنجامی بدەین.
كانونی دووه‌م 30, 2012
سایکۆلۆژیای پاره‌په‌رست – ده‌روونناس: سامان سیوه‌یلی
سایکۆلۆژیای پاره‌په‌رست
ده‌روونناس
سامان سیوەیلی
كەسانێك هەن لەژیاندا پارەیان كردۆتە ئامانج، بیروباوەڕ، خۆشەویست. ئەم كەسانە بەڕاستی عەشق دەكەن لەگەڵ ئەو كاغەزە بێگیانەی ناوی پارەیە. ئەم كەسانە دەكرێت ڕیز بەند بكرێن لەچەندین پۆلێندا، كەخراپترین ئاست ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە دەبنە كۆیلەی پارە و پارە لەسەروو هەموو شتەكانی دیكەوە دەبینن. ئەم كۆیلانە وەك گەشتیارێكی ڕووت و ڕەجاڵ دێنە ژیانەوە و دەژین و بەجێی دەهێڵن بێئەوەی لەماناكانی ژیان تێبگەن، بەدرێژایی ژیان پارە كۆدەكەنەوە و ڕەنج دەدەن و دەست دەبڕن و درۆ دەكەن و دڵی خەڵكی لەبەر خاتری پارە لەخۆیان زویر دەكەن، دواجاریش پارەكان بەجێ دەهێڵن، پارە هەڵچنراوە سەفتەكراوەكانیش دەكەونە گیرفان و دەستی خەڵكی ترەوە. ئەم جۆرە كەسانە خاوەن سایكۆلۆژییەتێكی تایبەتن، بەجۆرێك بەدرێژایی ژیانیان لەدڵەڕاوكێدا دەژین، هەرگیز هەست بەبەختەوەری ناكەن، ترسێكی زۆر لەپشت بیركردنەوە و ڕەفتار و هەڵسوكەوتیانەوەیە، بەد گومان و ساردن لەهەموو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیاندا، باوەڕیان بەكارێك نییە لەپێناوی بەرژەوەندی گشتیدا بكرێت بەبێ بەرامبەر یاخود كاری خێرخوازی و خۆبەخشی، بەڵكو لەپێناو هەموو شتێك‌دا چاوەڕێی بەرامبەر (پارە) دەكەن. هەموو شتێك دەگۆڕنەوە بەپارە، برا..خزم..دراوسێ..هاوڕێ. لەتەمەنێكی زوودا تووشی نەخۆشییە سایكۆسۆماتییەكان دەبن وەك (شەكرە، فشاری خوێن، زامی گەدە، هەندێ جۆری قەڵەوی)، ئەو گۆڕانكارییە سیاسی و ئابوورییانەی لەوڵاتدا دەگوزەرێت زیاتر دەیانخاتە دڵەڕاوكێ و ترسەوە. بێباكن لەتیروتوانجی خەڵك، سەرزەنشت و لۆمەكردن كارییان تێناكات، ئیرەیی تەنگ بەباری دەروونییان هەڵدەچنێت، هەمیشە چاو دەبڕنە سەر داهات و سامان و سەروەتی كەسانی دەو‌روبەریان، باش ناخۆن، تێكچوونی خەویان زۆرە، لەڕووی سۆزەوە ساردن. سۆزیان تەنها بۆ پارە هەیە، لەڕووی خەرجی ژیانی تایبەتی و خێزانییەوە زۆر وردەكاری دەكەن، لێپرسینەوە لەسەر كەمترین خەرجی دەكەن.
كەسانی پارە پەرست خۆیان بەدوور دەگرن لەزۆربەی هەڵوێستە كۆمەڵایەتییەكان چونكە لایان وایە لەڕووی ئابوورییەوە تێچوونی دەوێت، حەز بەنزیكی و تێكەڵی خەڵكانی هەژار ناكەن هەتا ئەگەر لەكەسانی پلە یەكی خۆیشیان بن، لەترسی ئەوەی نەك داوای هاوكاری لێبكرێت یان بكەوێتە هەڵوێستێكەوە ناچار بكرێت هاوكاری مادی پێشكەش بكات. هەندێ جار پاڵنەری دەروونی هەستنەكردن بەئاساییش لەپشت ئەم حاڵەتەوەیە، بۆیە ئەمجۆرە كەسانە لەڕێی كۆكردنەوەی زیاتر و زیاتری سەرمایەوە دەیانەوێت بەئاساییشی دەروونی بگەن، هەروەك چۆن كەسانێك لەڕێی چوونە ناو گروپێكی چەكدار یان پارتێكی سیاسی ئەم پاڵنەرەیان تێر دەكەن.
پارە هەمیشە زاڵە لەسەر بیركردنەوە و دانیشتن و ئاخاوتنەكانی ئەم جۆرە كەسانە، لەئاخاوتنەكانیاندا هەموو شتێك دەبەنەوە سەر پارە، پارە تەوەری گفتوگۆ و دانیشتنەكانیانە.
لەكۆمەڵگەی ئێمەدا كە ئایین ئامادەیی هەیە، زۆرێك لەم پارە پەرستانە زیاتر خۆیان پەیوەستی خواپەرستی دەكەن بەڵام لەپێناو پارە پەرستیدا، بەو پێودانگەی خودا سەروەتەكانیان بپارێزێت و لێیان نەسێنێتەوە، یاخود لەو چەوتییانەیان خۆشبێت كەلەڕێی كۆكردنەوەی سامانەكانیاندا پەیڕەوی دەكەن. نوێژ دەكەن، هەمیشە لەڕیزەكانی پێشەوەی نوێژی بەكۆمەڵدا ڕادەوەستن، زیادەڕۆیی دەكەن لەبەجێهێنانی ئەركە ئایینیەكاندا، كەچی خۆیان دەدزنەوە لەدەستگیرۆیی كردنی نزیكترین كەسی خۆیان(خوشك یان دایك یان برا) لەكاتێكدا لەڕەوشێكی خراپیشدا بن.
هەڵسەنگاندنی خەڵكی لای كەسانی پارە پەرست لەسەر بنەمای چەندێتی سەرمایەیە نەك لەسەر بنەمای ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتوویی و سوود و خزمەتەكانیان بەدەوروبەر و كۆمەڵگە.
وشەی دەوڵەمەند ئەو وشەیەیە كەڕەنگە زۆرێك لەخەڵكی خوازیاری ئەوەبن ببێتە سیفەتیان و پێی بگەن، بەڵام وردبوونەوە لەڕەوشی زۆرێك لەدەوڵەمەندەكان دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییەی كەئەوان هەڵگری ئەو بارە سایكۆلۆژییە نائاساییەن كەئاماژەمان پێدا. بۆیە كەسانی بەختەوەر لەناو ئەو توێژەدا بەدەگمەن دەبینرێتەوە. چونكە ئەم جۆرە كەسانە بەختەوەری لە شتە مادییەكانی دەوروبەریاندا دەبیننەوە, وەك كڕینی كۆشكێكی زیاتر یان دروستكردنی تەلارێك یان كردنەوەی پرۆژەیەكی نوێ، كاتێك بەمەش دەگەن كەچی دەبینن هەر بەختەوەر نابن، چونكە لەبنەڕەتدا بەختەوەری لەناخیاندا بوونی نییە.
كەسانی پارە پەرست هەرگیز هەست بەئازادی ناكەن چونكە لەناخیاندا دیلی پارەن. سەیرە هەندێ كەس ئاوا لەژیان و لەپارە و لەدەوربەر دەڕوانن. هەتا لەكۆكردنەوە سەروەت و سامانی زیاتر نزیكببنەوە هێندە لەخەسڵەتە كۆمەڵایەتی و بەها جوانەكانی كۆمەڵگە دوور دەكەونەوە.
ئەم جۆرە كەسانە لەناو كۆمەڵگەدا بێزراون، خۆشەویست نین، چونكە نابنە هەڵگری خەمە گشتییەكانی كۆمەڵگە، تەنها لەخەمی پارە و كەڵەكەكردنی پارەدان.
حاڵەتی پارە پەرستی جۆرێكە لەحاڵەتەكانی ئالوودەبوون، چۆن كەسانێك لەسەر مەی یان جگەرە یان مادە هۆشبەرەكان ئالوودە دەبن و كاریگەرییەكانی ئەم مادانە زاڵ دەبێت لەسەر ڕەفتار و بیركردنەوە و گوفتاریاندا، بەمجۆرەش عاشقبوون بۆ پارە تائەندازەی پەرستن تاك ئالوودە دەكات.
كەسانی پارە پەرست لەهەندێ باردا پەنا دەبەنە بەر نواندن بەجۆرێك بۆ ئەوەی چاوپیسی یان ئیرەیی خەڵكی نەوروژێنن لەخۆیاندا، خۆیان لەپۆشینی بەرگ و پۆشاك و ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی نەشیاودا نماییش دەكەن، تەنانەت نا‌وێرن یان ناتوانن فۆرمە ڕاستەقینەكەی خۆیشیان دەربخەن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا تووشی بێزارییەكی زۆریان دەكات كەناتوانن وەك پێویست چێژ لەسەروەت و سامانەكانیان وەربگرن.
كانونی دووه‌م 27, 2012
مرۆڤ له‌نێوان خاڵه لاواز و به‌هێزه‌کانیدا – ده‌روونناس: سامان سیوه‌یلی
مرۆڤ له‌نێوان خاڵه لاواز و به‌هێزه‌کانیدا
ده‌روونناس
سامان سیوه‌یلی
(هه‌موو یه‌کێک له‌ئێمه خاوه‌نی چه‌ند نهێنییه‌کین که‌ته‌نها لای هاوڕێ نزیکه‌کانمان باسیان ده‌که‌ین، هه‌ندێ نهێنی ترمان هه‌یه لای هاوڕێکانیشمان باسیان ناکه‌ین به‌ڵکو ته‌نها له‌گه‌ڵ خۆماندا باسیان ده‌که‌ین، به‌ڵام هه‌ندێ نهێنی ترمان هه‌یه ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ خودی خۆشمان‌دا باسیان ناکه‌ین) دیستۆڤسکی.
سروشتی ژیان و به‌ریه‌ککه‌وتنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و پێکهاته‌ی سایکۆلۆژی مرۆڤ و قۆناغه جیاجیاکانی گه‌شه‌کردنی، وایسه‌پاندووه مرۆڤ به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان، له کاتێک یان چه‌ند کاتێکی ته‌مه‌نیدا دووچاری هه‌ڵه‌کردن و ئه‌نجامدانی کاری نه‌شیاو ببێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌نجامدانی کاری خێر و چاکه. زۆربه‌ی ئه‌و ڕووداو و هه‌ڵوێستانه‌ی له‌ژیاندا دووچاریان دێین و وه‌ڵامدانه‌وه‌کانی ئێمه‌ش بۆ ئه‌و ڕووداو و هه‌ڵوێستانه له‌نه‌ست و یادگه‌ی مرۆڤدا ده‌مێننه‌وه.
هه‌موو که‌سێک خاوه‌نی چه‌ندین خاڵی به‌هێز و لاوازه له‌که‌سێتیدا، که‌س له‌م گه‌ردوونه‌دا نییه که خاوه‌ن که‌ماڵ بێت و بێ که‌مایه‌سی بێت. به‌ڵام گرفت له‌وه‌دایه مرۆڤ هه‌میشه جه‌خت له‌خاڵه لاوازه‌کانی خۆی بکاته‌وه و چاو له‌ئاست خاڵه به‌هێزه‌کانیدا بنوقێنیت. ته‌رکیز خستنه سه‌ر خاڵه لاوازه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام به‌جۆرێک هه‌میشه ئاماده‌یی هه‌بێت له‌بیرکردنه‌وه و دیدی که‌سه‌که بۆ خودی خۆی یه‌کێکه له‌سه‌ره‌کیترین پێکهێنه‌ره‌کانی گرێی که‌مسه‌ری (عقدة النقص) و لاواز کردنی ئیراده و گۆشه‌گیری کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌روه‌ها هۆکارێکی سه‌ره‌کیشه له‌دروستبوونی دڵه‌ڕاوکێیه‌کی به‌رده‌وام و که‌مکردنه‌وه‌ی چێژ له‌خۆشییه‌کانی ژیان.
تۆ کاتێک ده‌چیته به‌ر ئاوێنه‌یه‌ک و له‌خۆت ده‌ڕوانیت، یان کاتێک تێڕامانێک له‌خۆت (ئێستا و ڕابردوو)ت ده‌که‌یته‌وه، نابێت یه‌کسه‌ر به‌خاڵه لاوازه‌کاندا بنیشیته‌وه و له‌به‌ر چاو و دیدگاتدا زه‌قیان بکه‌یته‌وه، به‌جۆرێک خۆت به گوناهبار و ناشیرین بێته به‌رچاو. زۆرترین ناڕازی بوونه‌کانی مرۆڤ له‌ڕابردوویه‌تی، هه‌ڵه‌که له‌وه‌دایه که تۆ به‌بیرکردنه‌وه و دیدی ئێستات بۆ ژیان و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان شرۆڤه‌ی ڕابردووت بکه‌یت و قه‌زاوه‌تگێری له‌باره‌یانه‌وه بکه‌یت. ئه‌وه‌ی تۆ له‌قۆناغی هه‌رزه‌کاریتدا ڕه‌فتارت کردووه، له‌لاوێتیدا ئه‌م ڕه‌فتارانه ده‌بنه مایه‌ی ڕه‌خنه و سه‌رزه‌نشتکردنی خود، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانیت توانای بیرکردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ت بۆ ده‌وروبه‌ر و که‌سه‌کان له قۆناغی هه‌رزه‌کاریتدا هه‌ر ئه‌وه‌نده بووه. دیستۆڤسکی جوانی پێکاوه کاتێک ده‌ڵێت هه‌موومان هه‌ندێ شتمان هه‌یه که‌له‌گه‌ڵ خۆشمان‌دا باسی ناکه‌ین، مه‌به‌ست له‌مه ئه‌و ڕه‌فتارانه‌یه که‌ئه‌نجاممانداون له‌ڕابردوودا و له‌گه‌ڵ دابونه‌ریت و پێکهاته‌ی ویژدانماندا یه‌ک ناگرنه‌وه و بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی دڵه‌ڕاوکێیه‌کی به‌رده‌وام بۆمان، بۆیه له‌ڕێی پرۆسه‌ی چه‌پاندنه‌وه له‌هه‌ستمانه‌وه دوور خراونه‌ته‌وه بۆ نه‌ستمان، به‌ڵام ئه‌مه مانای له‌بیرچوونه‌وه ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵکو زۆر هه‌ڵوێست و ڕه‌وشی تایبه‌تی ده‌بنه کۆدی کردنه‌وه‌ی ئه‌و فایله دۆکۆمێنتکراوانه‌ی له‌نه‌ستماندا هه‌ڵچنراون.
ئێمه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر له‌ڕابردووماندا بژین، ئه‌وه‌نده باشه ئاوڕ له‌ڕابردوومان بده‌ینه‌وه که‌خزمه‌ت به‌ئێستا و ئایینده‌مان بکات، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌که ئه‌نجاممانداوه با دووباره‌ی نه‌که‌ینه‌وه. به‌ڵام ناکاته ئه‌وه‌ی تۆ هه‌میشه له‌گێژاوی هه‌ڵه‌کانی ڕابردووتدا بژیت و ته‌نها جه‌خت له‌م خاڵه لاوازانه‌ت بکه‌یته‌وه. به‌ڵکو ده‌بێت شانازیش به‌خاڵه به‌هێزه‌کانمانه‌وه بکه‌ین. ئه‌و کاره‌ی تۆ ده‌یکه‌یت، ئه‌و کاره خێرخوازیانه‌ی ئه‌نجامتداوه، ئه‌و زه‌رده‌خه‌نانه‌ی خستووته‌ته سه‌ر لێوی منداڵێک، ئه‌و هاوکارییانه‌ی پێشکه‌شی که‌سێکت کردووه، ئه‌و پایه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی هه‌ته، ئه‌و شاره‌زایی و کارامه‌ییه‌ی له‌بوارێکی دیاریکراودا فێریان بوویت، ئه‌و قۆناغانه‌ی خوێندن که بڕیوتن و… تد. تێکڕا ئه‌مانه خاڵی به‌هێزی تۆن، شانازییان پێوه بکه و خۆت به‌که‌م مه‌بینه. هه‌ر تۆ نیت خاڵی لاوازت هه‌بێت له‌ژیانتدا، به‌ڵکو تێکڕا مرۆڤه‌کان وه‌ک تۆن، به‌ڵام ڕه‌نگه جیاوازی له‌جۆر یان زۆر و که‌می هه‌ڵه‌کانماندا هه‌بێت.
که‌واته خۆت ڕابهێنه جه‌خت له‌خاڵه به‌هێزه‌کانی خۆت بکه‌ره‌وه، شانازییان پێوه بکه، زوو بیخه‌ره به‌ر چاو و زه‌ینی خۆت. ئه‌م میکانیزمه واتلێده‌کات شانازی به‌خۆته‌وه بکه‌یت، ئیراده‌ت به‌هێزتر ده‌کات، له‌شه‌رم و گۆشه‌گیری و خۆبه‌که‌مزانین ڕزگارت ده‌کات، زیاتر چێژ له‌ژیان ده‌بینیت و به‌رده‌وام گوڕ و وزه‌ی نوێت پێده‌به‌خشێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌کانی ژیان.
کورد جوانی وتووه(به‌دوی چواندا مه‌چۆ)، ڕابردوو به‌تۆ ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه بزانه که‌ئێستات پاش چه‌ند چرکه‌یه‌کی تر ده‌بێته ڕابردوو، بۆیه به‌وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و پێشهاته‌کاندا بکه، باش تاووتوێی پێشهاته‌کان بکه، به‌هێمنی بڕیار بده و گشت لایه‌نه ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌کان هه‌ڵبسه‌نگێنه. هه‌تا خاڵه به‌هێزه‌کانی ژیانت زیاتر بن هێنده که‌سێتیت به‌هێزتر و ده‌روونت ئاسووده‌تر ده‌بێت.
كانونی دووه‌م 18, 2012
له‌جێی ئه‌وه‌ی نه‌فره‌ت له تاریکی بکه‌یت، چرایه‌ک داگیرسێنه – ده‌روونناس: سامان سیوه‌یلی
لەجێی ئەوەی نەفرەت لە تاریكی بكەیت، چرایەك داگیرسێنە
دەروونناس
سامان سیوەیلی
ئەگەرچی نازانم بێژەری ئەم پەندە كێیە، بەڵام لەناوەرۆكەكەیدا چەند ڕەهەندێكی دەروونی لەخۆدەگرێت، هەربۆیە سەرنجی ڕاكێشام بۆ نووسینی ئه‌م وتارە.
مامەڵەی تاكەكانی كۆمەڵگە لەگەڵ ئەو كۆسپ و بەربەستانەی لەژیانی ڕۆژانەیاندا دێنە پێشیان هەموو وەك یەك نین، بەپێی پێكهاتەی سایكۆلۆژی و دەماری و پەروەردەی سەردەمی منداڵی و ئاستی ڕۆشنبیریی تاكەكان دەگۆڕێت. هەتاكو تاك پشوو درێژتر بێت لەگەڵ ئەو ئاستەنگانەی دێنە پێشی و جۆرێك لە نەرمی بنوێنێت لەگەڵ كۆسپ و تەگەرەكاندا و بەدوای میكانیزمی گونجاو‌دا بگەڕێت بۆ تێپەڕاندن و گرتنەبەری شێوازی گونجاو، هێندە وزەی دەروونی پاشەكەوت دەكات و كەمتر دەكەوێتە ژێر كاریگەری بەفیڕۆچوونی وزەی دەروونی و هەڵچوون و داچوون و داڕمانی دەروونییەوە، بەڵام بێگومان ئەم مامەڵەكردنە لە دەروونێكی هاوسەنگ و دیدێكی ڕوون بۆ ژیان و ڕووداوەكان كە هەڵهێنجراوی بیروباوەڕێكی ڕۆشن و تۆكمه بێت، سەرچاوە دەگرێت.
تێڕوانینێكی هەڵەیە ئەگەر ئێمەی مرۆڤ بخوازین هەموو پێشهاتەكانی ژیانمان بەویستی خۆمان بێت و ئەو ڕێگایانەی دەیانگرینەبەر بۆ گەیشتن بەئامانجەكانمان بێ قۆرت و ئاستەنگ بن، ئەوانەی بەمجۆرە لەژیان و لەپێشهاتەكانی ژیان و گەیشتن بەئامانج و خەونەكانیان، دەڕوانن، لەكاتی بەركەوتنیان لەگەڵ ئاستەنگەكاندا زیاتر و زۆرتر تووشی نائومێدی و ڕەشبینی دەبن، زووتریش تووشی هەڵچوون و شپرزەیی دەبن، ئەگەری تووشبوونیان بەنەخۆشییە دەروونی و سایكۆسۆماتییەكان زیاتر دەبێت. ئەمجۆرە كەسانە هەمیشە بەڕەشبینییەوە لە ژیان و لەدەوروبەر و لە ڕەوشە جۆراوجۆرەكانی ژیانی كۆمەڵگە دەڕوانن، بەبەردەوامی سكاڵا دەكەن، هەرگیز سوپاسگوزار نابن، بەجۆرێك چاویان هیچ جوانییەك نابینێت.
بۆ هەموو تاكێك گرنگە كە لەكاتی تەنگژە و قەیرانەكانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا، خۆی بكاتە بەشێك لە چارەسەر، یاخود هەوڵی بەدیهێنانی چارەسەر بدات، نەك تەنها بەهۆی بەربەستێكەوە یان گرفتێكەوە ئیتر سەری دنیا لەخۆی بهێنێتەوە یەك و بەتێڕوانینی ڕەشبینانە هێندەی تر فشاری دەروونی لەسەر خۆی دروست بكات.
كەواتە نەرمی نواندن لەگەڵ گیروفت و ئاستەنگەكانی ژیانی ڕۆژانەماندا یارمەتیمان دەدات كە نەرمی لەگەڵ باری دەروونی خۆماندا بنوێنین، بەواتایەكی تر، ئەم نەرمی نواندنە وامانلێدەكات لێبوردە بین لەگەڵ خودی خۆماندا و لەگەڵ بەربەست و تەنگژەكانی ژیانی ڕۆژانەماندا، چونكە ڕەنگە لەزۆرینەی حاڵەتەكاندا بە زبری مامەڵە كردن لەگەڵ خودی خۆمان و ئاستەنگە جۆراجۆرەكاندا بمانخاتە ژێر پەستانێكی دەروونی سەختەوە كە دیدگامان بۆ خودی خۆمان و خودی كێشەكانیش ئاڵۆزتر دەكات، دەرئەنجام جگە لە شپرزەیی و نائارامی و بەفیڕۆدانی وزەی دەروونی و جەستەیی هیچمان چنگ ناكەوێت.
هەربۆیە گرنگە لەكاتی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەمان بۆ هەر دیاردە و كەس و هەڵوێست و ڕووداوێك، گشتگیرانە لێیبڕوانین، نەك تەنها لە گۆشە نیگایەكەوە بۆچوونەكانمان بگشتێنین بەسەر كۆی هەڵوێستەكە یان ڕووداوەكە یان كەسێتی كەسەكە.
دەشێ مرۆڤ چێژ لەناخۆشییەكانی ژیانی وەربگرێت، چونكە دەبێت بزانێت كە هەر ناخۆشی و قەیرانەكانە، فێری چێژی خۆشیمان دەكات، دوای ئەوەی ئەو ناخۆشییانە تێدەپەڕێنین. ئەگەر تاریكی نەبووایە ئێمە ڕێزمان لە ڕووناكی نەدەگرت، ئەگەر برسێتی نەبووایە ئێمە ڕێزمان لە خۆراك نەدەگرت، ئەگەر ژێردەستی نەبووایە ئەوا ئازادی نرخی نەدەبوو، كەواتە گرنگە بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ ناخۆشییەكانی ژیانمان بكەین، نەك خۆمان واڕابهێنین نەفرەت لەهەموو ناخۆشییەك بكەین، چونكە هەر تاریكی بووە وای لەمرۆڤ كردووە بەدوای داهێنانی ئامڕازەكانی ڕووناكی‌دا گەڕاوە.
كەواتە لەجێی ئەوەی نەفرەت لەتاریكی بكەیت، تكایە چرایەك داگیرسێنە.
كانونی یه‌كه‌م 4, 2011
داهێنان زاده‌ی ئه‌ندێشه‌ی چاکه – د . فازیل جاف
داهێنان زاده‌ی ئه‌ندێشه‌ی چاكه
نووسینی: د. فازیل جاف
هه‌موو ئه‌ندێشه‌یه‌كی چاك داهێنانی خۆته و ده‌توانیت به موڵكی تایبه‌تی خۆتی دابنێیت، چونكه له‌كرۆكدا له‌ناخی خۆته‌وه چه‌كه‌ره ده‌كات و بۆ خێر و شادی هه‌موو كه‌سێك له‌دایك ده‌بێت. ئه‌مه بیرێكه له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ هه‌بووه وهه‌یه، ملیۆنه‌ها ساڵه به بیری داهێنه‌ران و پێغه‌مبه‌ران و چاكسازان و پیاوچاكاندا گوزه‌ری كردوه و له‌ناخی هه‌ر یه‌كێك له‌ئێمه‌دا نیشتۆته‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی كه له‌سه‌رمانه ئه‌وه‌یه كه‌هه‌وڵ بده‌ین په‌ی پێ به‌رین و بیدۆزینه‌وه، پاشان باوه‌ڕی پێ بێنێن، ئه‌م باوه‌ر پێهێنانه به‌لای جان پۆل سارته‌ره‌وه جۆرێكه له‌هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام كه سه‌رله‌نوێ هه‌ڵیده‌بژێریت و ده‌گه‌یت به‌مه‌به‌ست، واهه‌ست ده‌كه‌یت بۆ یه‌كه‌م جاره چه‌كه‌ره ده‌كات و ده‌بێته داهێنانی خۆت. هه‌ربۆیه داهێنان، هه‌ر داهێنانێك، ئاوێنه‌ی بێ گه‌ردی كه‌سایه‌تی و تاكایه‌تی خۆته، شوناسنامه‌ی ڕۆحی و زه‌ینی وسایكۆلۆژیته، داهێنان كه زاده‌ی ئه‌ندێشه‌ی چاكه باشترین به‌ڵگه‌ی جیاوازیته له‌هه‌موو ئه‌وانی دیكه.
داهێنان په‌نجه مۆرته:
داهێنان وه‌كو په‌نجه مۆری خۆته، ته‌واو جیاوازه له‌هه‌موو په‌نجه مۆرێكی دیكه، به‌هیچ جۆرێك ساخته قبوڵ ناكات، ئه‌گه‌ر ساخته‌ی تێدا بكه‌یت، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر لاسایی داهێنانی كه‌سێكی دیكه بكه‌یته‌وه، یان خۆت بكه‌ی به خاوه‌نی داهێنانی كه‌سێكی دیكه، دره‌نگ یان زوو هه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌وانه‌ی كه‌ڕواڵه‌تێكی ساخته له‌داهێناندا پیشان ده‌ده‌ن، ئه‌وانه كه‌سانێكن هێشتا په‌ییان به‌ئه‌ندێشه‌ی چاك نه‌بردووه. ئه‌وانه‌ی كه‌خۆیان به‌داهێنه‌ر ده‌زانن و هه‌ست به‌ئیره‌یی و حه‌ساده‌ت ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی كه به‌داهێنانی خه‌ڵكی دیكه په‌ست ده‌بن، ئه‌وانه‌ی كه‌كێبڕكی له‌گه‌ڵ داهێنه‌ران ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن ببن به‌كۆسپ و ڕێگر له‌پێشیاندا، ئه‌وانه خاوه‌ن ئه‌ندێشه‌ی خراپن و به‌خۆیان بزانن یان نه‌زانن دژ به‌یاسه‌یه‌كه‌ی بنه‌ڕه‌تی سروشت و گه‌ردوون وه‌ستاون، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه‌هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕێگا له‌گه‌وره‌ترین كه‌ناڵی سروشت بگرن، كه‌ده‌كاته خۆشه‌ویستی، داهێنان جوانترین ئاكار و تایبه‌تمه‌ندی مرۆڤه كه له‌خۆشه‌ویستییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، بوونی مرۆڤ هه‌ر بۆ خۆی مه‌زنترین داهێنانی سه‌ر زه‌وییه.
چۆن په‌ی به ئه‌ندێشه‌ی چاك به‌رین؟
هه‌موو بۆچوون و گوزارشتێكی پۆزه‌تیڤ و گه‌شبینانه ئه‌ندێشه‌ی چاكن، كه به‌خۆت ده‌ڵێی: هه‌ست ده‌كه‌م ژیانم پڕه له‌سه‌ركه‌وتن، یان هه‌ست ده‌كه‌م ڕۆژ دوای ڕۆژ كارێكی باش ئه‌نجام ده‌ده‌م، ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا ئه‌ندێشه‌یه‌كی چاكه و شادیت پێ ده‌به‌خشێت، ڕۆژ دوای ڕۆژ سه‌ركه‌وتن ده‌بێته میوانت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌گه‌ر بڵێی هه‌رچی ده‌كه‌م سه‌ركه‌وتن به ده‌ست ناهێنم، ئه‌مه‌ش ئه‌ندێشه‌یه‌كی خراپ ونێگه‌تیڤه، ئه‌گه‌ر وابیر بكه‌یته‌وه، هه‌ر ئه‌و گوزارشته ده‌بێته چاره‌نووست و نابێت چاوه‌رێی سه‌ركه‌وتن بیت.
باوه‌ڕت به‌چی بێت و چی له‌ناختدا دووپات بكه‌یته‌وه، ئه‌نجامیش واده‌بێت، بۆیه له‌پێناوی شادی و ئاسووده‌یی خۆتدا، تاده‌توانیت ئه‌ندێشه‌ی چاك له‌ناختدا بچه‌سپێنه. چۆن؟
به‌وه‌ی كه‌ئه‌ندێشه‌ی چاك بكه‌ین به‌ڕاهێنان و خۆمانی له‌سه‌ر ڕابهێنین، ڕۆژانه ئه‌و ئه‌ندێشانه له‌شێوه‌ی فه‌رمایشت و گوزارشت دووپات بكه‌ینه‌وه تاكو ته‌واو باوه‌ڕیان پێده‌هێنین. ئه‌مه‌ش وه‌نه‌بێت له‌سه‌ره‌تادا كارێكی زۆر ئاسان بێت، چونكه ئه‌ندێشه‌ی خراپ كاریگه‌رتره، زووتر به‌سه‌ر ئه‌ندێشه‌ی چاكدا زاڵ ده‌بێت، ئه‌ندێشه‌ی خراپ و نێگه‌تیڤ ته‌مه‌ن درێژتره و له‌ڕابردووه‌وه ڕه‌گی له‌ناخماندا داكوتاوه، بۆیه ده‌بێت ئه‌ندێشه‌ی چاك بكه‌یت به وێردی سه‌ر زمان و له‌دڵه‌وه‌و به باوه‌ڕه‌وه دووباره‌یان بكه‌یته‌وه. ئه‌مه‌ش ساده‌ترین میتۆدی كاركردنه له‌سه‌ر خۆت. ساده‌ترین شێوه‌ی كاركردن له‌سه‌ر خود له‌وه‌وه ده‌ست پێده‌كات كه تۆوی ئه‌ندێشه‌ی چاك له‌ناختدا بچێنیت، جاچه‌نده ناخت به‌قووڵی و باوه‌ڕه‌وه جێگا بۆ ئه‌و تۆوه خۆش بكات ئه‌وه‌نده به‌رهه‌می چاك به‌ده‌ست ده‌هێنێت، خاك خۆڵی به‌پیت هه‌میشه به‌رهه‌می چاك لێده‌كه‌وێته‌وه، خاك خۆڵی بێبه‌ره‌كه‌تیش به‌رهه‌می كرچ وكاڵی لێ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت. ئه‌م پرۆسه‌ی پاكژكرنه‌وه‌یه‌ی ناخه ڕاهێنانێكی به‌رده‌وام ده‌خوازێت، واته به‌رده‌وام ئه‌و گوزارشتانه دووباره بكه‌وه كه له‌ئێستادا ژیانێكی شادت بۆ مه‌یسه‌ر ده‌كات.
خۆت له گه‌ڵ كه‌س به‌راوود مه‌كه:
ئه‌ندیشه‌ی چاك له هه‌موو ساتێك‌دا، ئه‌وه‌ت بۆ دووپات ده‌كاته‌وه، كه تۆ خۆتی و كه‌سێكی دیكه نیت، بۆیه پێویستت به‌وه نییه كه‌خۆت له‌گه‌ڵ كه‌سدا به‌راوورد بكه‌یت. تۆ نابێت له‌كه‌سێكی دیكه بچیت، ئه‌مه ساده‌ترین راستیه كه واتلێده‌كات له‌خۆت رازی بیت و له‌گه‌ڵ خۆتدا بگونجێیت. هه‌ماهه‌نگیت له‌گه‌ڵ خودی خۆتدا به‌رهه‌می ئه‌ندێشه‌ی چاكه، بۆیه هه‌وڵ بده به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ خۆتدا پته‌وتر بێت، ئه‌م ڕاهێنانه ئه‌و هه‌سته‌ت له‌لا دروست ده‌كات كه‌تۆ وێنه‌ت نییه و له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ هاتۆته ئه‌م دونیایه‌وه كه‌س وه‌كو تۆ نییه، ئه‌م وێنه‌یه به‌كێبڕكێ و ڕكه‌به‌رایه‌تی و ئیره‌یی و حه‌ساده‌ت و خۆبه‌راوردكردن و خۆبه‌زلزانین و به‌زۆر خۆسه‌پاندن، جێگای خۆی ناكاته‌وه، ته‌نیا به‌داهێنان ده‌توانیت ئه‌م وێنه تایبه‌تییه‌ی خۆت بچه‌سپێنیت. داهێنان، تایبه‌تمه‌ندی و ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆت به‌ده‌ر له‌دۆخێكی سایكۆلۆژی ناپه‌سه‌ندی وه‌كو خۆپه‌رستی و نه‌رجسیه‌ت، ده‌سه‌لمێنێت. كه‌سانێك كه له‌بواری هونه‌ر و ئه‌ده‌بدا كار ده‌كه‌ن، هاوكات هه‌ستی خۆپه‌رستی و نه‌رجسیه‌ت ڕۆژانه له‌ناخه‌وه په‌ست و گومڕایان ده‌كات، ئه‌وانه دوورن له‌داهێنان، به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌ر به‌ڕواڵه‌ت داهێنانه، ئه‌گه‌ر باش لێیان وورد ببیته‌وه بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ده‌هۆڵی ڕاگه‌یاندن و پڕوپاگه‌نده وه‌كو داهێنه‌رێكی ده‌گمه‌ن به‌سه‌ر خه‌ڵكدا سه‌پاندونی. ئه‌و جۆره به‌ناو داهێنه‌رانه خۆیان نازناوی قه‌به له‌خۆیان ده‌نێن، مێژووی داهێنان هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه شرۆڤه‌یان ناكات.
داهێنان … میتودێكی ئینسانیه
داهێنان هه‌رگیز داهێنه‌ر به‌ره‌و په‌ستی وگومڕاهی نابات، بگره داهێنه‌ر له‌داهێنانه‌كانیدا هه‌ست به‌ئاسووده‌یی و ئارامی و هێوربوونه‌یه‌كی فراوان ده‌كات، هه‌ست به‌خۆشه‌ویستی جیهان و گه‌ردوون ده‌كات. هه‌ستده‌كات له‌ڕێگای داهێنانه‌كه‌یه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باوه‌شی سروشت و خۆیشی به‌شێكه له‌سروشت. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، مرۆڤی خۆپه‌رست و نه‌رجسی هه‌ست به‌ته‌نیایه‌كی كوشنده ده‌كات، هیچ سۆزێكی ڕاسته‌قینه به‌مرۆڤایه‌تی و جیهان و سروشت نایبه‌ستێته‌وه. سروشت و گه‌ردوون و كۆمه‌ڵگای مه‌به‌ست نییه، ئه‌گه‌ر باسیشیان لێوه بكات، ته‌نیا بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆی و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی ڕۆژانه‌یه، داهێنه‌ری ڕاسته‌قینه سروشت و گه‌ردوونی مه‌به‌سته، نه‌ك خودی خۆی، به‌ڵام بۆ گه‌یشتن به‌و ئاسته ده‌بێت پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خودی خۆی پته‌و بكات، ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌عیشق وخۆشه‌ویستی دێته ئه‌نجام، بۆیه داهێنه‌ری ڕاسته‌قینه ناكرێت هاوكات خۆپه‌رستیش بێت.
ئه‌م گوزارشته تاڕادیه‌ك له‌قسه‌ی شاعیران ده‌چێ، كه‌چی ئه‌م قسه‌یه قسه‌ی گه‌وره‌ترین زانای فیزیكه، ئه‌لبێرت ئه‌نشتاین. ئه‌ندێشه‌ی چاك كاریگه‌ره و په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ گه‌ردوون و سروشتدا بۆ دروست ده‌كات. هه‌ر بۆیه جان جاك رۆسۆ ده‌ڵێت: جیهانی واقیع سنووری خۆی هه‌یه، به‌ڵام جیهانی ئه‌ندێشه سنووری بۆ نییه.
تشرینی دووه‌م 12, 2011
مرۆڤ دارده‌ستی بیرکردنه‌وه‌کانیه‌تی – دانا سلێمان – خاوه‌نی پرۆژه‌ی ده‌نگ بۆ ڕاگه‌یاندن
مرۆڤ دارده‌ستی بیركردنه‌وه‌كانیه‌تی
*دانا سلێمان
بیروباوه‌ر ئه‌و چه‌مكه‌یه كه له زانستی ده‌رونزانیدا گوزارشته له لێكدانه‌وه‌ی مۆڤ بۆ ده‌وروبه‌ری، ئه‌و شتانه‌ی ده‌بنه هۆی بونی بیركردنه‌وه‌ی كه‌سه‌كه بریتین له هه‌سته‌كان و به‌ریه‌ككه‌وتنی ئه‌م هه‌ستانه له‌گه‌ڵ كرداره‌كانی رۆژانه‌یدا.
به كار و كردار هه‌ندێك داتا له هزری مرۆڤدا دروستده‌بێت، مرۆڤ له‌و ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسی و ئاینیی و ئابوریی و كه‌لتورییه‌ی كه تیایدا په‌روه‌رده ده‌بێت جۆرێك له (بیركردنه‌وه)ی له ناوه‌ڕۆكی دا دروستده‌بێت، چۆن ئاماژه‌كان وه‌رده‌گرێت ئاواش ئاماژه و تێبینی ده‌بێت، ئه‌م كرداره‌ش راسته‌وخۆ له نێوان ئامرازه‌كانی جه‌سته‌دا له رێی هه‌ست و نه‌سته‌وه جێبه‌جێده‌كرێت كه هه‌ندێك جار مرۆڤ ئه‌وه‌نده زوو كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت كه ئاكامی جۆراوجۆری لێده‌كه‌وێته‌وه، لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و راستییه بونییه‌ی كه له خودی بیركردنه‌وه و كاردانه‌وه‌ی مرۆڤدا هه‌یه وه‌كو فیزیك و ده‌رون، ئه‌و راستییه‌شمان بۆ ڕوونده‌بێته‌وه كه ئه‌وه ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئاینیی و ئابوریی و كه‌لتورییه حوكم ده‌كات كه ئێمه‌ی مرۆڤ چۆن بیربكه‌ینه‌وه و له نێوان هه‌ست و نه‌ستدا كامیان گه‌یه‌نه‌رێكی ئاماده‌تر ده‌بن. بنه‌ما زانستییه‌كان ئه‌وه پشتڕاستده‌كه‌نه‌وه كه كرداری مرۆڤ لای ده‌وروبه‌ری ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ بكرێت، به‌شێكی ده‌بێته په‌رچه‌كردار، به‌شێكیش له نه‌ستی ئه‌وانی تر دا ده‌مێنێته‌وه، كه‌واتا لێره‌وه بۆمان رونده‌بێته‌وه كه مرۆڤ ده‌بێته دارده‌ستی بیركردنه‌وه‌كانی، هه‌ر بیر و بۆچونێكی له ئاكامی لێكدانه‌وه‌ی شته‌كاندا هه‌بێت ئه‌وا ئه‌و بۆچونه ده‌بێته پێناسه بۆ ده‌رونی كه‌سه‌كه. بیروباوه‌ڕ به پێی بابه‌ته‌كان له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئاینیی و ئابوریی و كه‌لتورییه‌وه ده‌گۆڕێت، بیروباوه‌ڕ زاده‌ی لێكدانه‌وه‌ی كه‌سه بۆ ئه‌و دۆخه‌ی تیایدایه، هه‌ر له رۆژگاره سه‌ره‌تاییه‌كانی بونی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی كۆمه‌ڵێك بیركردنه‌وه‌ی جۆراوجۆری هه‌بووه، كاتێك هه‌ست به كردارێك ده‌كات ئه‌وا له ئه‌نجامدا كاردانه‌وه‌ی خۆی بۆی ده‌بێت، به شێوه‌یه‌ك وه‌ڵام ده‌داته‌وه كه ئایا ئه‌و كاره په‌سه‌ند ده‌كات یاخود نا، یان له‌به‌ر بونی كردارێكی دیكه ئه‌وا كاردانه‌وه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت، لێره‌وه بۆمان ڕونترده‌بێته‌وه كه مه‌رج نییه ئه‌و وه‌ڵامه‌ی لای ئێمه به‌رامبه‌ر به كردارێك دروستبووه راست بێت و له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه یه‌كبگرێته‌وه، هه‌روه‌كو چۆن به‌هۆی بونی راستی و ناڕاستیی له ده‌رونی كه‌سه‌كاندا گومان دروستده‌بێت له شێوه‌ی راسته‌قینه‌ی كرداره‌كان. رابردووی مرۆڤ ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه زۆر جار مرۆڤه‌كان بیروباوه‌ڕێكیان هه‌ڵبژاردووه و جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌كیان بۆ شته‌كان هه‌بووه به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی كات نه‌وه‌ی هه‌مان مرۆڤ ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ی به هه‌ڵه له‌قه‌ڵه‌م داوه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش گه‌ڕاوه به دوای راستترین بیروباوه‌ر به لێكدانه‌وه‌ی خۆی، هه‌ندێك جار مرۆڤ بۆچونێك ده‌رده‌بڕێت و پاش ماوه‌یه‌ك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچونه ده‌رده‌بڕێت، ئه‌مه‌ش ئاكامی ئه‌و ده‌ربڕینانه‌یه كه له ژێر كاریگه‌ری بۆچونی كه‌سه‌كاندا پێشتر بڕیاری لێده‌درێت. كات حوكمی خۆی ده‌كات له دروستبون و به‌رده‌وامی و كۆتاییپێهێنانی هه‌ر بیروباوه‌ڕێك، بیروباوه‌ڕ به جیاوازی شوێن و ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گۆڕێت، ئێمه‌ی مرۆڤ هه‌ندێك جار له ژێر كاریگه‌ری بۆچونی كه‌سانی دی‌دا بیرده‌كه‌ینه‌وه، كه ئه‌مه‌ش ئاكامی جۆراوجۆرمان پێده‌به‌خشێت، ئه‌و داتایانه‌ی كه مرۆڤ له‌كاتی هه‌ستپێكردندا وه‌ریده‌گرێت ئه‌وا ده‌بێته بنه‌ما بۆ ئاراسته‌كردنی كه‌سه‌كه بۆ دیاریكردنی جۆر و شێوه‌ی كاردانه‌وه‌كه، ڕه‌چاوكردنی (مه‌نتق) و پێودانگی (ڕاستی) له بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤدا یه‌كێكه له‌و فیلته‌رانه‌ی كه له ئامرازی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤدا بونی هه‌یه و كارده‌كاته سه‌ر چۆنییه‌تی بیركردنه‌وه و چۆنیه‌تی ئاڕاسته‌كردنی بیركردنه‌وه‌كه بۆ بڕیاردان. پرۆسه‌ی دروستبونی (بڕیار) له هزری مرۆڤدا یه‌كێكه له بابه‌ته گرنگه‌كان، ئه‌وه بڕیاره وا له مرۆڤ ده‌كات كه لێكدانه‌وه بۆ دۆخی (ئێستا) بكات و دۆخی(داهاتوو) ڕه‌چاو بكات و لێكدانه‌وه بۆ ئه‌و ئاكامانه بكات كه به‌هۆی بڕیاردانه‌وه لێیده‌كه‌وێته‌وه، هه‌روه‌ها رابردوو و بونی كردارێكی له‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا ده‌بێته تێبینییه‌كی باش بۆ هزری كه‌سه‌كه، واتا ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه به قۆناغێكی بیركردنه‌وه‌ی هه‌مان شێوه‌دا ڕۆشتبێت و ئاكامه‌كانی باش بووبێت ئه‌وا له‌كاتی دوباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره بیركردنه‌وه‌یه بڕیاردان سانا ده‌بێت و به ئه‌رێنی بڕیارده‌دات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێشتر ئه‌و بڕیاردانه ئاسه‌وارێكی باشی لێنه‌كه‌وتبووه و نه‌رێنی بووبێت ئه‌وا ئێستا له دوباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی بڕیارداندا بڕیاردان توشی قه‌یران ده‌بێت، قه‌یرانی بیركردنه‌وه بابه‌ته‌كه ئاڵۆزترده‌كات، بۆیه ئه‌م بابه‌ته به بێ ڕه‌چاوكردنی (مه‌نتق) مرۆڤ توشی هه‌ڵه ده‌كات. تێكه‌ڵ نه‌كردنی بابه‌ته‌كان و بیرێكی باش و ده‌رونێكی ئارام ده‌بێته هۆی بڕیاردانێكی گونجاو پاش پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه.
*خاوه‌نی پرۆژه‌ی ده‌نگ بۆ ڕاگه‌یاندن
تشرینی یه‌كه‌م 11, 2011
تاوانه قێزه‌ونه‌که‌ی نێچیر و خوێندنه‌وه‌یه‌ک – ده‌روونناس: سامان سیوه‌یلی
تاوانە قێزەونەكەی نێچیر و خوێندنەوەیەك
دەروونناس
سامان سیوەیلی
(تێبینی: ئه‌م بابه‌ته له ژماره (56) گۆڤاری خێزان بڵاوکراوه‌ته‌وه)
ڕەنگە زۆرینەی تاكەكانی كۆمەڵگەی ئێمە لەسەر ئەوە كۆك بن كە لەنێوان پەروەردە و پرۆسەی گۆشكردنی كۆمەڵایەتی لەلایەك و خێزان لەلایەكی تر، كەلێن و بۆشاییەكی زۆر گەورە هەیە، واتە خێزانی كوردی نەیتوانیوە هەتا ئەم ساتە وەختە خۆی بدات لەقەرەی پەروەردەیەكی دروست، ئەوەی زۆرینەی خێزانەكان پێی هەستاون و پێی هەڵدەستن، لە دوو جەمسەرە نەرێنییەكەی پەروەردە تێنەپەڕیوە، ئەوانیش یان نازدانی زۆر و ئازادی پێبەخشینێكی زیاد لەپێویست بووە كە دەرئەنجامەكەی بەرهەمهێنانی دكتاتۆری بچووكی لێكەوتۆتەوە، یان جەمسەرە نەرێنییەكەی تر بووە كە سەركوتكردن و توندوتیژی بەكارهێنان و تێكشكاندنی كەسێتی تاكەكان، كە ئەمیش خۆی لەخۆیدا تاكی كۆیلە و ملكەچی بەرهەمهێناوە. بەڵام ئەوەی هیچ تاكێكی دەرووندروست و ویژدان زیندوو لەگەڵیدا كۆك نییە و نابێت، پەرچە كرداری تاكەكانی خێزانە لەهەمبەر ئەو شێوازە چەوتانەی پەروەردەی خێزان، بەجۆرێك ئەم پەرچە كردارانە سنووری لۆژیك تێپەڕێنێت. ئەگەر كوڕێكی هەرزەكار بەرامبەر توندوتیژی باوانی لەماڵەوە بتۆرێت و بچێتە ماڵی پورێكی یان خاڵ یان مامێكی، ئەوا ئەم ڕەفتارە بەئاسایی دەبینرێت، چونكە ئەم ڕەفتارە لەگەڵ وروژێنەرەكەدا كە توندوتیژی خێزانه، كۆكە و ناتەبا نییە، بەڵام پەنابردن بۆ پەرچەكردارێكی تاوانكاری وەك ئەوەی نێچیری هەرزەكار پێی هەستا و دایك و باوك و خوشكەكەی كردە قوربانی، هەڵگری هیچ پەیامێك نییە جگە لە دەربڕینی نائاسایی بوونی كەسێتی نێچیر و بارە دەروونییەكەی. مرۆڤی دەرووندروستیش وەك هەموو تاكێكی تر ئەگەری هەڵچوون و داچوونی دەبێت، بەڵام هەمیشە پەرچەكردارەكانی لە ئاستی وروژێنەرەكانیدان، ئەگەر هەڵچوونێكی نائاساییش ناچاری بكات كە زێدەڕۆیی لەپەرچە كردارەكانیدا بكات، ئەوا تەنها لەدوای هێوربوونەوەی هەست بەپەشیمانی دەكات، نێچیر پێمان دەڵێت لەنێوان كوشتنی دایك و خوشكەكەی و گەڕانەوەی باوكی و كوشتنی ئەودا ماوەیەكی زەمەنی هەبووە، ماوەكە كەمیش نەبووە، بەڵام ئەو هەر سوور بووە لەسەر زیاتر سووركردنی دەستەكانی بە خوێنی باوكی. وەك ئەنجامی توێژینەوە دەروونییەكان دەریانخستووە ئەوانەی دووچاری داڕمانی دەروونی دەبن و پەنا بۆ كوشتنی ئەندامانی خێزان دەبەن، دواجار لەگەڵ كوشتنی ئەواندا خۆشیان دەكوژن، بەڵام كەسێكی وەكو نێچیر دوای كوشتنی ئەندامانی خێزانەكەی هەوڵی دەربازبوون و هەڵهاتنی داوە، كەواتە جگە لەوەی نێچیر وەك خاوەن كەسێتییەكی سایكۆباسی (دژە كۆمەڵایەتی) بناسێنرێت، هیچ پێناسەیەكی تر هەڵناگرێت.
ئەم تاوانەی نێچیر ئەو ڕاستییەی زیاتر لەلامان بەرجەستەتر كردەوە كە ئەمڕۆ لە كوردستان نەوەیەك بەڕێوەن، بەشێك لەم نەوەیە هەست بە هیچ لێپرسراوێتییەك ناكەن بەرامبەر بە خودی خۆیان و خێزان و كۆمەڵگەش، ئەگەرچی هەریەكە لە خێزان و حكومەت و ئامێرە تەكنۆلۆژییەكان هەریەكەیان پشكی خۆی بەردەكەوێت لە خوڵقاندنی ئەو ڕەوشەی ئەو نەوەیە تێیكەوتوون، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی كە هەموو ناشیرینی و هۆكارەكان بخەینە ئەستۆی ئەو سێ لایەنە، بەڵكو خودی ئەم نەوەیەش خۆیان بەشێكن لە كێشەكان. ڕەنگە ئەوەی بۆ ئەم نەوەیە ڕەخساوە لەئێستادا ئەگەر بۆ نەوەكانی ڕابردوو بڕەخسایە ئەوا حاڵی كورد لەم حاڵەی ئێستایدا نەدەبوو. دواجار دەڵێم نێچیر قێزەونترین دیمەنی پەیوەندییەكانی نێوان كوڕ و باوكێتی و كوڕ و دایكێتی و خوشك و برایەتی پیشان داین، ئەوەندە بەسە كە میدیاكان و دەزگا بەرپرسەكان بە تاوانێك ناساندیان كە لەمێژووی دوور و نزیكی ئەم شارەدا بوونی نەبووە.
تشرینی یه‌كه‌م 2, 2011
ئاشتی له‌گه‌ڵ (خود) دا – Peace with the self – ده‌روونناس – سامان سیوه‌یلی
ئاشتی له‌گه‌ڵ (خود) دا (Peace with the self)
ده‌روونناس
سامان سیوه‌یلی
وشه‌ی ئاشتی گه‌لێک مانا له خۆده‌گرێت، به‌کارهێنانی ئه‌م وشه‌یه له زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا وابه‌سته‌ی وشه‌ی جه‌نگه، واته له‌کاتی به‌رپابوونی جه‌نگ و ململانێی خوێناوی و شه‌ڕوشۆڕه‌کاندا وشه‌ی ئاشتی وه‌ک خواستێک بۆ کۆتایی هێنان به ململانێیه‌کان زیاتر له‌بره‌ودا ده‌بێت و ده‌بێته وێردی سه‌ر زمانی سیاسه‌توانان و میدیاکان و چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه. که ده‌ڵێین ئاشتی واته نه‌بوونی زه‌بروزه‌نگ و به‌کارنه‌هێنانی هێز و بوونی دڵنیایی و ئاساییش و ئارامی، ئه‌م ناسنامه‌یه به ئاشتی زیاتر له‌بواری په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا ده‌به‌خشرێت که به‌واتای نه‌بوونی جه‌نگ و دوژمنکاریی دێت، به واتای بوونی په‌یوه‌ندی دۆستانه و هاوکاری دوولایه‌نه یان چه‌ند لایه‌نه و جێگیری و سه‌قامگیری له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا و نێوان گه‌لاندا دێت.
له بواری کۆمه‌ڵناسیشدا ئاشتی ئاماژه‌یه بۆ بوونی حاڵه‌تێک له گونجاندن و ته‌بایی و هاوسه‌نگی له په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا له‌ناو ڕێکخراوه‌کان یان ده‌زگا و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، به‌م دواییانه‌ش چه‌مکی ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی بره‌وی سه‌ند که ئاماژه‌یه بۆ سه‌قامگیری ئارامی و ئاساییش و ڕێگری کردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی تاوان و توندوتیژی و شه‌ڕه‌نگێزی و لادان و چه‌ته‌گه‌ریی و نه‌هێشتنی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی و دابه‌شکاری نادادپه‌روه‌رانه و …تد.
ئه‌و دوو شرۆڤه‌یه‌ی سه‌ره‌وه بۆ چه‌مکی ئاشتی ته‌نها وه‌ک مافدانێکه به‌و چه‌مکه، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێت له‌و دوو شرۆڤه‌یه‌دا له‌هه‌ردوو باره‌که‌دا مه‌به‌ست له‌و ئاشتییه‌یه که تاک یان گروپ یان نه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ تاکه‌کان و گروپه‌کان و نه‌ته‌وه‌کانی تر به‌رپای ده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خواستراوه لێره‌دا قسه‌ی له‌باره‌وه بکه‌ین ئاشتییه‌که که تاک له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا به‌رپای بکات، واته کوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگ و ململانێ و ناته‌باییانه‌ی له‌ناو خودی تاک خۆیدا به‌رپاکراوه، ئه‌مه‌ش ده‌کرێت به خوێندنه‌وه‌یه‌کی سایکۆلۆژیانه هه‌ژماری بکه‌ین بۆ چه‌مکی (ئاشتی) له‌گه‌ڵ (خود) دا.
زۆر زه‌حمه‌ته ناخی که‌سێکی دیاریکراو شانۆیه‌ک بێت بۆ نائارامی و فشاری ده‌روونی به‌هێز و ململانێی ده‌روونی جۆراوجۆر و گرێی ده‌روونی و گرژی و ناسه‌قامگیری، به‌ڵام ئه‌م مرۆڤه بتوانێت له ئاشتیدا بێت له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریدا. که‌سێک نه‌توانێت له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا ته‌با و گونجا و یه‌کانگیر بێت، ناشتوانێت له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا ته‌با و گونجاو بێت و له‌ئاشتیدا بژێت. به‌درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی مه‌ترسی گه‌وره بۆ کۆمه‌ڵگه‌کان ئه‌وه بووه که که‌سێک له‌و جه‌نگه‌دا بێت له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا و بگاته ده‌سه‌ڵات و ڕابه‌رایه‌تی وڵاتێک یان حزبێک یان بزووتنه‌وه‌یه‌ک یان تاقمێک یان گروپێک بکات، به‌تایبه‌تی له‌کایه سیاسییه‌کاندا. مێژووی ژیانی دیکتاتۆر و سته‌مکارانی مێژووی مرۆڤایه‌تی له کۆمه‌ڵگه جیاجیاکاندا پێمان ده‌ڵێت، هیچ دیکتاتۆر و سته‌مکارێک له ئاشتیدا نه‌ژیاون له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا بۆیه نه‌یانتوانیوه په‌یامی مرۆییان هه‌بێت له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیاندا. ڕه‌نگه نه‌ته‌وه‌یه‌کی چه‌ندین ملیۆنی بووبنه قوربانی نه‌بوونی ئاشتی له‌ناخی سه‌رکرده‌که‌یاندا، ڕه‌نگه تاکه سه‌رکرده‌یه‌کی له‌و جۆره مایه‌ی هه‌ڵگیرساندنی ئاگری شه‌ڕێک بوو بێت که ملیۆنه‌ها که‌س بووبنه سووته‌مه‌نی ئه‌و جه‌نگه، ملیۆنه‌ها بگره ملیارده‌ها دۆلار چووبێته خزمه‌تی باری شه‌ره‌نگێزی سه‌رکرده‌که، به‌ری ڕه‌نجی هاوڵاتیانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ش بووبێته سووته‌مه‌نی حه‌زه شه‌ڕخوازییه‌کانی سه‌رکرده‌که‌یان (دیکتاتۆری پێشووی عێراق، سه‌دام حسێن، نزیکترین نموونه‌ی ئه‌و دیکتاتۆرانه بوو).
له‌سه‌ر ئاستی ئۆرگانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بچوکی وه‌ک خێزانیش هه‌روایه، کاتێک سه‌رۆکی خێزان (یه‌کێک له هاوسه‌ران) له‌و ناته‌بایی ده‌روونییه‌دا بژی و ناخی گۆڕه‌پانی جه‌نگێکی درێژخایه‌ن بێت ئه‌وا بێگومان ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه ده‌بنه سووته‌مه‌نی و قوربانی بۆ ئه‌و باره ده‌روونییه نائاساییه، دیاره جۆری قوربانییه‌کانیش زۆرن، که له‌م ئاسته‌دا ده‌کرێت ئاماژه به‌چه‌ند نموونه‌یه‌کی قوربانیبوونه‌کان بده‌ین، وه‌ک (په‌رته‌وازه‌یی، لادان، تووشبوون به نه‌خۆشی ده‌روونی، تووشبوون به نه‌خۆشییه سایکۆسۆماتییه‌کان، خۆکوشتن، هه‌ڵوه‌شاندندنه‌وه‌ی خێزان، ئاژاوه و توندوتیژی خێزانی، گرفتی ڕه‌فتاری و …تد).
که‌واته با چه‌مکی ئاشتی له‌گه‌ڵ (خود) دا ڕوون بکه‌ینه‌وه و بزانین مه‌به‌ست له‌م چه‌مکه چییه؟ که‌ی ده‌توانین به که‌سێک بڵێین له په‌یوه‌ندییه‌کی ئاشتییانه‌دایه له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا و له بارێکی ته‌با و گونجاندندایه له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا؟
بێگومان کاتێک قسه له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مکه ده‌کرێت واته قسه له‌سه‌ر گونجاندن (التکییف) و سازاندن (التوافق) ده‌که‌ین، هه‌روه‌ها واته قسه کردن له‌سه‌ر بوونی بارێکی باش له دروستیی لایه‌نی ده‌روونی و ژیری تاک، واته ته‌با بوون و هه‌ڵکردن له‌نێوان مرۆڤ و خودی خۆیدا.
به‌ڵام کاتێک قسه دێته سه‌ر گونجاندن یاخود گونجاوی، ئه‌وا ئه‌م چه‌مکه چه‌ند مه‌ودایه‌کی تر وه‌رده‌گرێت، بۆ نموونه (گونجانی ده‌روونی له‌گه‌ڵ – خود – دا، گونجان خێزانی، گونجانی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ جه‌سته‌دا، گونجانی پیشه‌یی له‌گه‌ڵ پیشه و ئیش و کاردا، گونجانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و ژینگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌دا).
ده‌سته‌به‌ربوونی ئه‌م جۆرانه له گونجاندن ئاماژه گه‌لێکن بۆ هه‌ستکردنی تاک به‌دڵنیایی و نه‌بوونی ململانێی ده‌روونی و نه‌بوونی کێشه و گرفتی خێزانی و ڕه‌زامه‌ندی و چێژ وه‌رگرتن له پیشه و کار و ڕاگرتنی بارێکی باش له ته‌ندروستی جه‌سته‌یی و بوونی په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی ئاسایی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا.
به‌ڵام لێره‌دا پرسیارێک خۆی ده‌سه‌پێنێت، ئایا ئه‌م گونجاندنه چ له‌گه‌ڵ خود و چ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا ده‌کرێت بگاته ئاستی ڕه‌هایی (مطلق)؟
گونجاندنی ڕه‌ها واته هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی مرۆڤ له که‌ماڵدا بێت و که‌ماڵانه ئه‌رکه‌کانی خۆیان به‌جێبهێنن، هه‌روه‌ها واته خاڵی بوونی مرۆڤ له‌هه‌موو نه‌خۆشی و ته‌نگژه و گیروگرفت و ناته‌واوییه‌ک، واته تاک هه‌موو پێداویستییه ده‌روونی و بایۆلۆژی و کۆمه‌ڵایه‌تی و مادییه‌کانی پڕ بووبێته‌وه و تێر بووبن. به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌م که‌ماڵ بوونه له گونجاندنی مرۆڤدا له واقعدا بوونی نییه و که‌س ناتوانێت به‌دی بهێنێت له ژیاندا، به‌واتایه‌کی تر ڕه‌هایی له گونجاندا بوونی نییه و هیچ مرۆڤێک نییه خاڵی بێت له هه‌موو جۆره‌کانی نه‌خۆشی و ته‌نگژه و گیروگرفته‌کانی ژیان و هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی له‌وپه‌ڕی که‌ماڵیدا ئه‌رکه‌کانی خۆیان به‌جێبهێنن و هه‌موو پێداویستی و ئامانجه‌کانی تێر ببن و به‌دیبێن. به‌ڵکو ئه‌وه‌ی که هه‌یه له واقعدا گونجاندێکی ڕێژه‌ییه واته گونجاندنێک که له‌ئاستێکی باش‌دا بێت. هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌و که‌سانه‌ی که وا هه‌ست ده‌که‌ن به که‌ماڵ گه‌یشتوون و هیچ که‌موکوڕییه‌کیان نییه ئه‌وا له وه‌همدا ده‌ژین. مرۆڤی ته‌با و گونجاو ئه‌وه‌یه که کار بۆ به‌ختیاریی خودی خۆی و خێزانه‌که‌ی و کۆمه‌ڵگه‌که‌ی ده‌کات، ئه‌مه‌ش ڕۆڵی ئه‌رێنی و ئاکتیڤانه‌ی گه‌ره‌که.
هه‌ندێ جار سه‌باره‌ت به چه‌مکی گونجاندن له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌دا ئیشکالییه‌ت دێته پێش، زۆرجار ئه‌م چه‌مکه به (ملکه‌چ بوون بۆ به‌هاکانی کۆمه‌ڵگه) هه‌ژمار ده‌کرێت، واته تاک ملکه‌چی به‌ها و پێوه‌ر و دابونه‌ریت و سستم و ڕژێم و ڕێسا و فه‌لسه‌فه و بیروڕا باوه‌کانی کۆمه‌ڵگه بێت، به‌ڵام ئه‌م تێڕوانینه به‌مجۆره ناکرێت په‌سه‌ند بکرێت نه له‌ڕووی واقعی و نه له‌ڕووی ده‌روونی و پزیشکییه‌وه. ڕێده‌که‌وێت مرۆڤ ملکه‌چ یان هاو(ڕێ) بێت له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌که‌ی (هه‌روه‌کو ئه‌و په‌نده کوردییه‌ی ده‌ڵێت: چوویته شاری کوێرانه‌وه ده‌ست به چاوه‌کانی خۆته‌وه بگره)، به‌ڵام ڕه‌نگه ئه‌و مرۆڤه له‌ناخی خۆیدا دژ به زۆرێک له پێوه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی بێت و یاخیبوونێک له‌ناوه‌وه‌یدا هه‌بێت که دووچاری جه‌نگێکی گه‌رمی بکات. مه‌رج نییه هه‌ر که‌سێک ملکه‌چی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی بێت به ڕاست دابنرێت، چونکه ئه‌گه‌ری ئه‌وه ده‌بێت کۆمه‌ڵێک که‌س یان کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک هه‌ڵگری فه‌لسه‌فه‌یه‌ک یان بیروباوه‌ڕێک یان په‌یڕه‌وێکی هه‌ڵه بن. بۆ نموونه ئه‌و که‌سانه‌ی که دژایه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی نازییه‌تیان ده‌کرد له‌سه‌رده‌می هیتله‌ردا به که‌سانێک داده‌نران که نه‌گونجاوون، له‌کاتێکدا نازییه‌ت وه‌ک په‌یڕه‌و پێی وابوو نه‌ژادی ئه‌ڵمانی باڵاتره له‌سه‌ر هه‌موو نه‌ژاده‌کانی تری جیهان، له‌هه‌موو نه‌ژاده‌کانی تر زیاتر شایسته‌ی ئه‌وه‌ن که ده‌سه‌ڵاتی هه‌موو جیهان بگرنه ده‌ست. دواتر توێژینه‌وه زانستییه‌کان له‌بواری ده‌روونناسیدا ده‌ریانخست که هیچ نه‌ژادێک به کۆی تاکه‌کانییه‌وه باڵاتر نین له‌سه‌ر هه‌موو نه‌ژاده‌کانی تر، چونکه له‌نێوان تاکه‌کانی هه‌ر نه‌ژادێکدا (سپی پێست و ڕه‌ش پێست) که‌سانی زیره‌ک و بلیمه‌ت و بیرکۆڵ هه‌ن، وه ئه‌و جیاوازییانه‌ی له‌نێوان سپی پێسته‌کان خۆیاندا هه‌یه زیاتره له‌چاو ئه‌و جیاوازییانه‌ی له‌نێوان سپی پێست و ڕه‌ش پێست یان زنجییه‌کاندا هه‌یه. له‌لایه‌کی تریشه‌وه تێبینی ئه‌وه کراوه که ئه‌و جیاوازییه‌ی له‌نێوان گه‌لاندا هه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕه‌وشی ڕۆشنبیری و ئابوری و داگیرکاری و توندوتیژی و بێبه‌شبوون له‌ئه‌نجامی داگیرکاری و هه‌ژاری و که‌می هه‌لی ڕه‌خساو بۆ فێربوون (به‌تایبه‌تی لای گه‌لانی جیهانی سێیه‌م). که‌واته له‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی هه‌ندێ جار ڕه‌تکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه‌ک یان بیروباوه‌ڕێکی باوی نێو کۆمه‌ڵگه ناکاته نه‌گوجاندن.
گونجانی ده‌روونی بریتییه له‌وه‌ی تاک له حاڵه‌تێکی (به‌ڕێژه‌یی) جێگیر و هاوسه‌نگدا بێت له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه، واته دوور بێت له هه‌ڵچوون و داچوونی به‌رده‌وام و په‌شێوی و نائارامییه‌وه، له‌هه‌مان کاتدا تاک وه‌ڵامدانه‌وه هه‌ڵچوونییه‌کانی میانه‌ڕه‌وانه بێت، مه‌به‌ست له میانه‌ڕه‌وی ئه‌وه‌یه تاک وه‌ڵامدانه‌وه‌ی توندوتیژ و توندڕه‌وانه‌ی نه‌بێت به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا سارد و سڕیش نه‌بێت له‌ڕووی هه‌ڵچوونییه‌وه. چونکه هه‌موو مرۆڤێکی ئاسایی هه‌ڵده‌چێت به‌ڵام له‌ئاستی خۆیدا، واته ده‌بێت وه‌ڵامدانه‌وه هه‌ڵچوونییه‌که (ده‌روونییه‌که) له‌ڕووی چه‌ندێتی و چۆنێتییه‌وه بگونجێت له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه وروژێنه‌ره‌که‌دا. گونجانی ده‌روونی تاک دوور ده‌خاته‌وه له زێده‌ڕۆیی کردن له وه‌ڵامدانه‌وه هه‌ڵچوونییه‌کاندا. مرۆڤی گونجاو له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا بۆ وروژێنه‌رێکی ساده و ساکار وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵچوونی توندی نابێت، هه‌روه‌ها ناخێکی به‌به‌ردبووویشی نییه له ئاست هه‌ڵوێستی وروژێنه‌ردا و سارد و سڕ و بێ وه‌ڵام نابێت، چونکه ئه‌م حاڵه‌ته نیشانه‌ی نائاسایی بوون یان نه‌خۆشی و نه‌گونجانی ده‌روونییه، هه‌روه‌ک چۆن هه‌ڵچوونی به‌هێز بۆ هۆکارێکی ساده به‌ڵگه‌ی نائاسایی بوونه.
که‌سانی گونجاو له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا نه‌رمن و دوورن له زبری، ته‌بان له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا، ڕه‌زامه‌ندن له خودی خۆیان.
لێره‌دا ده‌پرسین ئایا ئه‌م ته‌باییه چۆن دروست ده‌بێت؟
قوتابخانه‌ی ده‌روونشیکاری پێی وایه که کۆئه‌ندامی ده‌روونی مرۆڤ له سێ به‌ش پێکهاتووه (خۆمه‌کی نزم id – خۆمه‌ک ego – خۆمه‌کی باڵا super ego)، زۆرجار مرۆڤ ده‌که‌وێته ململانێی ناوخۆییه‌وه له‌نێوان ئه‌م پێکهاتانه‌ی ده‌رووندا به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ریه‌ککه‌وتن هه‌بێت له‌نێوان مرۆڤ و ژینگه‌که‌یدا. خۆمه‌کی نزم id)) تایبه‌ته به هه‌موو ئاره‌زوو و پاڵنه‌ره شه‌هوانی و ئاژه‌ڵیی و سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤ، ئه‌م به‌شه له ده‌روون به‌پێی پره‌نسیپی وه‌رگرتنی چێژ و دوورکه‌وتنه‌وه له ئازار به‌ڕێوه ده‌چێت. به‌ڵام خۆمه‌ک (ego) به‌پێی پره‌نسپی لۆژیک و واقع به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌م به‌شه له ده‌روون ڕه‌چاوی داواکارییه‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌کات، هه‌وڵی ته‌بایی ده‌دات له‌نێوان داواکارییه‌کانی (خۆمه‌کی نزم) و (خۆمه‌کی باڵا) دا. خۆمه‌کی باڵا (super ego)ش بریتییه له گه‌نجینه‌ی به‌ها و به‌ها نموونه‌ییه‌کان و پێوه‌ر و پره‌نسیپه ئه‌خلاوقی و ڕۆحییه‌کان که ده‌کرێت هاوواتای (ویژدانی ئه‌خلاقی) دایبنێین له مرۆڤدا.
ئاشتی و ته‌بایی ده‌روونی یاخود ئاشتی له‌گه‌ڵ (خود)دا پێویستی به جۆرێک له هاوسه‌نگی ده‌بێت له په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئه‌م پێکهاتانه‌دا، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه بوونی ململانێ له‌نێوان ئه‌م پێکهاتانه‌دا ئاوابوونی ئاشتی و ته‌باییه له ده‌روونی تاکدا.
بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی له ده‌رووندا به‌رقه‌رار بێت ده‌بێت چه‌مکی خود (Self – concept) له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌زامه‌ندی و میانه‌ڕه‌وی بنیاتنرابێت، واته نابێت مرۆڤ له‌خۆبایی بێت و زێده‌ڕۆیی بکات له ڕێزگرتن له خودی خۆی، له‌هه‌مان کاتیش‌دا نابێت به که‌م ته‌ماشای خۆی بکات و به‌رده‌وام له هه‌ڵوێستی ناڕه‌زایی و لۆمه‌کردن و دژایه‌تی کردندا بێت به‌رامبه‌ر خودی خۆی. به‌ڵکو ده‌بێت مرۆڤ خۆی لاپه‌سه‌ند بێت (Self – acceptance)، هه‌ست به به‌ها و نرخی خۆی بکات و ڕێز له خودی خۆی بگرێت.
بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی له ده‌رووندا به‌رقه‌رار بێت ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌کانی تاک له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا په‌یوه‌ندییه‌کی گه‌رم و ئه‌رێنی بێت، ئه‌گه‌رچی مرۆڤ پێویستی به‌وه هه‌یه که خاوه‌ن که‌سێتییه‌کی سه‌ربه‌خۆ بێت و چێژ له تاکێتی (خودێتی) خۆی وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌مه ناکاته ئه‌وه‌ی له دابڕان و گۆشه‌گیریدا بژی، به‌ڵکو ده‌بێت له کرانه‌وه به‌ڕووی تاکه‌کانی تر و کارلێککردن له‌گه‌ڵیاندا به‌دوور نه‌بێت.
هه‌روه‌کو چۆن مرۆڤ ئه‌گه‌ری دووچاربوونی هه‌یه به نامۆبوون له دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی یاخود کۆمه‌ڵگه‌که‌ی، ئا به‌وجۆره‌ش ئه‌گه‌ری تووشبوونی هه‌یه به نامۆبوون له خودی خۆی (Self – alienation)، که تیایدا مرۆڤ هه‌ستده‌کات خودی خۆی بوونی نییه یان خاوه‌نی خودی خۆی نییه، هه‌ربۆیه ئاشتی له‌گه‌ڵ (خود)دا پێویستی به جێگیری و جووڵه‌یه‌کی خودی مرۆڤ خۆی هه‌یه، به‌جۆرێک تیایدا تاک توانای کۆنترۆڵ کردنی خودی خۆی هه‌بێت، به‌و مانایه‌ی توانای هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌ستهه‌ڵگرتن له ڕه‌فتارێک یان هه‌ڵچوونێک له‌کاتی پێویستدا و خۆی به‌دوور بگرێت له خۆ خه‌ڵه‌تاندن، هه‌روه‌ها توانای ده‌ربڕینی هه‌بێت له خودی خۆی، واته له ڕازه‌کانی خۆی، له سۆز و هه‌ڵچوونه‌کانی، له بۆچوون و حه‌زه‌کانی.
دوا شت که ده‌بێت ئاماژه‌ی پێبدرێت ئه‌وه‌یه که بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی به‌رقه‌رار بێت له ده‌روونی مرۆڤدا، ده‌بێت پێداویستییه‌کانی مرۆڤ تێر بکرێن، نه‌ک هه‌ر ته‌نها پێداویستییه سه‌ره‌کییه فه‌سله‌جییه‌کانی، به‌ڵکو پێداویستییه ده‌روونییه‌کانیشی وه‌ک: ئینتیما کردن بۆ کۆمه‌ڵێک یان نیشتمان یان خێزان، پێویستییه‌کانی به ستایش کردن و ڕێز لێگرتن، په‌سه‌ندبوون له‌لایه‌ن ده‌وروبه‌ره‌وه، پێویستی به سه‌رکه‌وتن، پێویستی به ده‌ستبه‌ربوونی پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ….تد
ئاب 2, 2011
ڕه‌وشتی سایکۆباسی – ڕه‌وه‌ز جه‌وهه‌ر حه‌وێزی – توێژه‌ری ده‌روونی – زانکۆی کۆیه – به‌شی په‌روه‌رده و ده‌روونزانی
ڕه‌وشتی سایکۆباسی
رەوەز جوهر حوێزى
توێژەرى دەروونى
زانکۆى کۆیە – بەشى پەروەردەو دەروونزانى
سایکۆباسى وەک زاراوەیەکى دەروونى بەکاردەهێنرێت بۆ دەست نیشان کردنى ئەوکەسانەى،کەسایەتى یان هەڵسوکەوت و رەوشتیان دژ بەکۆمەڵ و داب و نەریت و بەهاکانیەتى، لە واقیعدا زۆر کەس هەن کە کەسایەتیەکى نائاساییان هەیە و ناتوانن وەک مرۆڤێکى ئاسایى لەتەک دیاردەکانى ژیانیاندا خۆیان بسازێنن لەبەر ئەوەى زۆر توند‌و تیژ‌و دڕندەن و بەردەوام سەرقاڵى ئازاردانى کەسانى ترن.(قەرەچەتانى،1997،لا 105)هەر لەسەرەتاى سەدەى نۆزدەهەمەوەکاتێک کە زانایەکى فەرەنسى بەناوى “بینیە” بوو، سەرنجى زانایانى راکێشا، بۆ رەوشتى سایکۆباسى و ناوى نا رەوشتى “شێتانە”، تاوەکو ئێستا کە لەسەدەى بیستەم داین،کەس نەیتوانیوە ئەو هۆیانە ئاشکرا بکات کە مرۆڤ تووشى نەخۆشى سایکۆباسى دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا زانایان چەندەها لێکۆڵینەوەیان نوسیوە، چەندەها تیۆر‌و رایان دەربڕیوە بۆ دۆزینەوەو روونکردنەوەى ئەو هۆیانە.(ژاڵەیى،2005،لا166)،کە لەپاشان ئاماژەى پێ دەکەین.پێناسەى ئەم نەخۆشیەسایکۆباسى پەشێوەیەکى دەروونى بەردەوامە، یان چاڵاکى مرۆڤ وەستانە،دەبێتە هۆى رەوشتێکى چەوتى ئەوتۆئەگەر بێت و لێى نەپرسرێتەوە، بەجۆرێک ئەو کەسە دەشێوێنێت، دەیکاتە هۆى گیر‌و گرفت و ناخۆشى، بۆ کەسانى دەوروبەریشى و کۆمەڵیش، لەبەر ئەوەى زۆر تورە دبێت و هەڵدەچێت و پەلامارى ئەم و ئەو دەدات هیچ هەست بەگوناه و پەشیمانى ناکات، ناتوانێ هیچ پەیوەندیەکى خۆشەویستى لەگەڵ کەسانى دیکەدا ببەستێت، چونکە ئەوەندە خۆپەرستە خۆشى نازانێت هۆکەى چی یە. (ژاڵەیى،2005،لا161)جۆرەکانى کەسێتى سایکۆباسىکەسێتى سایکۆباسى چەند جۆرێکى هەیە کە ئەمانەن:
1. دەست درێژیە سایکۆباسى: ئەو کەسە سایکۆباسیەیە کە لەپر پەلامارى کەسانى تر ئەدات، جارى واهەیە ئەوکەسە دەگەرێتەوە لە خۆشى دەدات ئازارى خۆشى دەدات. لەهەردوو شێوەکەدا نەهەست بەپەشیمانى دەکات ، نە تەمێش دەبێت نەبەدەربەستیشیەوە دێت!
2. سایکۆباسى سەپێنراو: بریتیە لەو کەسە سایکۆباسى یەى، کە نەخۆشیەکەى چەند کردارێکى ناهەموارى بەسەردا دەسەپێنێت، بەبێ ئەوەى هیچ قازانج و سودێکى لێ وەربگرێت.بۆنموونە”ئاگر لەماڵان یان لەدارستان بەردەدات، بەبێ هیچ پێویستیەک دزى دەکات.
3. سایکۆباسى سۆز نەگەییو: بریتیە لەو کەسە سایکۆباسی یەى کە سۆزى نەگەیشتووە و گەشەى دواکەوتووە، لەبەر ئەوە دەبینین پەیوەندى سۆزى و کۆمەڵایەتى توخمى لەگەڵ کەسانێکدا دەبەستێت کە لەخۆى منداڵترن ، ئەم جۆرە پەیوەندیە خوارانەش زۆر جار دەبێتە هۆى ئارەزووکردنى لادانى توخمى.
4. رەوشتە سایکۆباسى: ئەم جۆرە سایکۆباسیانە وا دەردەکەون کە بەهیچ جۆرێک ئامادە نەکراون و پەروەردەیەکى کۆمەڵایەتى باش نەکراون ، لەبەر ئەوە دەبینین دەست دەکەن بەدرۆ و دەلەسەکردن و فروفێڵ و دزى کردن لەم و لەو ، بەبێ ئەوەى شەرم بیانگرێت و تەریق ببنەوە لە خۆیان و کردەوەکانیان.
5. داهێنەرە سایکۆباسى: هەندێک لەبلیمەت و داهێنەرەکان، رەوشتەکانیان لە چاو رەوشتى مرۆڤى ئاسایی‌دا بەنەگونجا دادەنرێت، کەسانى دیکە بەسەیرو گاڵتەجارى دادەنێن.ئەمجا دەڵێن گوایە هەر رەوشتێک کەئاسایى نەبێت ، چ باش بێت و چ خراپ بێت ، خاوەنەکەى بەدەروون نەخۆش دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵ رەوشتى بلیمەت و داهێنەرەکان و کردەوە نایابەکانیان بە دڵێکى فراوانەوە وەردەگیرێت.(ژاڵەیى،2005،لا168-169)نیشانەکانە گشتیەکانى ئەم نەخۆشیە:زوو هەڵدەچن ، هەست بەگەناه و پەشیمانى و ئازار ناکەن. پەندوو عیبرەت لەهەڵەکانى رابردوویان وەرناگرن، بێ ویژدانن و بەزەییان بەکەسدا نایەتەوە بەئازاردانى کەسانى تر بەختەوەر دەبن، هەموو داب و نەریت و بەهایەکى کۆمەڵایەتى پێشێل دەکەن. هەندێک نیشانەى تایبەتى ئەم نەخۆشیە:ناتوانن هاورێیەتى و دۆستایەتى لەگەڵ کەس بکەن، بەردەوام هەوڵى فریودان و هەڵخەڵەتاندنى کەسانى چواردەوریان دەدەن ،لەکاروو بارى خوێندن و خێزانی‌دا سەرنەکەوتوون و بەردەوام خۆیان لەوکارانە دەدزنەوە و تەمبەڵى دەکەن و بەپەرت و بڵاوى بە ئاکامیان دەگەیەنن، شەرم ناکەن و نازانن عەیبە چی یە، لەلایەنى ژیرى و هەڵچونیەوە پێ نەگەییون ونەکامڵن، خۆپەرستن و بەردەوام بەدواى چێژ‌و خۆشى خۆیاندا دەگەرێن، لەکاتى سەرکەوتندا پەنا بۆ خواردنەوەو داوو دەرمانى سەرخۆشکەر دەبەن و تووشى بەد رەوشتى و لادانى سێکسى دەبن.بەڵام مەرج نیە هەموو ئەو نیشانانەى سەرەوە لەیەک کەسدا دەربکەوێ، لەوانەیە هەندێکیان یان نیوەیان دەرکەوێت، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى ئەو سیفات و رەوشتانەى سەرەوە نیشانەى مرۆڤى سایکۆباسیە و هەر لەسەردەمى منداڵیەوە پێش قۆناغى هەرزەکارى تیایدا دەردەکەوێت و دەتوانرێت لەمیانەى ئەو نیشانانەوە پێشبینى ئەوە بکرێت کە ئەو منداڵە لە داهاتوودا کەسێکى سایکۆ باسى لێ دەردەچێت. هۆکارەکانبێگومان تاکو ئێستا ئەو هۆکارانە بەتەواوى نەزانراوە کە دەبێتە هۆى خوڵقاندنى کەسایەتى و رەوشتى سایکۆباسى بێجگە لە چەند بۆچوون و لێکدانەوەیەک کە هەندێکیان دەیگەرێننەوە بۆ بۆماوە هەندێکى تریان بۆ ژینگەى خێزان و…هتد، دەگەرێننەوە.1. بۆماوە (الوراپە):- هەندێک لە دەروونزانەکان لەو بروایەدان کە بۆماوە هۆکارێکى تایبەتە بۆ درووست بوونى کەسایەتى سایکۆباسى و بەڵگەشیان ئەوەیەکە ئەم رەوشتە هەر لەمنداڵیەوە هەیەو دەتوانین دەست نیشانى بکەین، زۆربەى ئەندامانى هەمان خێزان تووشى دەبن، چوونیەکى و پەیوەندیەکى پتەو هەیە لەنێوان رەوشتى کەسایەتى دووبراو، جمک “دوانە”، بوونى کەم و کورتى و نارێکى لە خانەکانى مێشکیاندا، بوونى کرۆمۆسۆمى زیاد “47″ کرۆمۆسۆم لە جیاتى “46″ وە زیادەکەش لە جۆرى کرۆمۆسۆمى نێرایەتییە “xyy”، بوونى بنەماى جەستەیى بەهێز لەجۆرى لەش وەرزشەوانەکان و یارمەتى دەر بۆ توند‌و تیژى.2. ژینگە:- هەندێک لە دەروونزان و کۆمەڵناسەکان لەو بروایە دان کە ژینگەى کۆمەڵاتى و خێزانى نالەبار و دژوار هۆکارێکى گرینگە بۆ رەوشتى سایکۆباسى، ئەگەر خێزان لەئەنجامى (هەژار، لێک جیابوونەوە، ئاژاوەى بەردەوامى ناو خێزان) تووشى لێک ترازان بووبێت، هەروەها باوکى سەرخۆش و توندۆتیژو سەرەڕۆ، دایکى توڕەو دەمارگیر و نەزان نمونەى خراپن بۆ منداڵکانیان و ئەو منداڵانە ویژدانیان نابێت لەبەر نەبوونى نمونەى راست و زیندوو لە ژینگەکەیاندا،ئەو بارودۆخەى سەرەوە ژینگەیەکى لەبارە بۆ لاسارى و سەرەرۆیى، هەروەها ژینگەى کۆمەڵایەتى و پر لەناهەقى و ستەم وز ژیان لە شوێنى قەرەبالغى پر لە بەربەست و کۆسپ تێرنەکردنى پێداویستیەکانى تاک و تێکچوون و نەمانى پێوەرەکانى هەڵسەنگاندنى بەهاو رەوشتى راست و زاڵبوونى بەهاو بۆچوونى ماددى بەسەر بەهاو بۆچوونى گیانى و مەعنەویەکاندا هۆکارى یارمەتى دەرن بۆ رەوشتى سایکۆباسى.(قەرەچەتانى،1997،لا 105-107) ئەم نەخۆشیە چەند دابەشکردنێکى بۆ کراوە لەوانە:-”داڤید کلارک” لادانى سایکۆباسى کردووە بە دوو بەشى سەرەکیەوە:یەکەم:کۆمەڵى دەست درێژکەران: ئەم کۆمەڵە بریتیە لەم کەسێتیانە ” سەرەڕێ گرەکان، شەرانیەکان، رێگرە سەرخۆشەکان، هەوەنتەچیەکان(ساختەچی)، سادیزمەکان، ئەوانەى کە بەپارە پیا‌و دەکوژن.دووەم:کۆمەڵى یاخی یە نەگونجاوەکان: ئەم کۆمەڵە برییتیە لەم کەسێتیانە “ئەو کەسانەى کە گوناه و هەڵەى بچوکیان زۆرە، ئەو مرۆڤە یاخی بووانەى کە زیان لە خێزانەکانیان و لە کۆمەڵ دەدەن، ئەو مرۆڤە یاخى بووانەى کە بەزۆر بەسەر دایک و باوکیانەوە، یان بەسەر کەس و کاریانەوە دەژین و دەلەوەڕێن. چەند دابەشکردنێکى دیکە هەیە بۆ نەخۆشى سایکۆباسى وەکو:سایکۆباسی یە تووڕەکان، ماندووە دڵەراوکێکان، گوناهبارە بێ ئاگاکان، تەقینەوەییەکان، خاوەن رەوشتە کورتەکان، کەسێتى نەخۆشیە درۆزنە، سایکۆباسى یە جێگۆرکێکان. بەڵام تەنها دوابەشیان لەسەرى دەدوێیین.سایکۆباسى یە جێگۆرکێکان، ئەم جۆرە کەسێتیە زوو زوو شوێنەکانیان دەگۆرن، شارەو شاروو گونداو گوند‌و، گەرەک و گەرەک دەسوورێنەوە، بەبێ ئەوەى کە قاچاخ بن و یان راکردوو بن و هیچ گوناهێکیان هەبێت، بەڵام جارى وا هەیە ئەوەندە جێگۆرکێ دەکەن، کەسانى تروو پیاوانى یاساش لە خۆیان دەخەنە شکەوە، دەیان خرۆشێنن، ئەوکاتە شوێنیان دەکەون و راویان دەنێنن.سایکۆباسیە خەمۆکیەکان: ئەو کەسانەن کە هەمیشە دەڵێى: ترش و خوێیان بەسەردا ڕژاوە هەمیشە خەمباروو خەفەت بارن و کۆست کەوتوون، و هەمیشە بیر لەخۆکوشتن و خۆخنکاندن دەکەنەوە.(ژاڵەیى،2005،لا169-170) چارەسەرى ئەم نەخۆشیەلەگەڵ ئەوەى کە هەورێکى رەشى تاریک لەئاسۆى چارەسەرکردنى نەخۆشى سایکۆباسیدا بە دى دەکرێت،بەڵام داڤید کلارک هیواى نەبڕیوەو ورەى بەر نەداوە، هەر سورە لەسەر ئەوەى کە مرۆڤى سایکۆباسى نەخۆشیەکەى چارەسەر دەکرێت، و دەگەڕێتەوە ژیانێکى ئاسایى و ئاسودەیى، ئەو کاتە هەست بە خۆشەویستى ئەو کەسانە دەکات، کە لە دەوروبەرى دەژین.لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو زانایانەى کە دەڵێن: هۆى ئەم نەخۆشیە (بۆ ماوەیی) یە ، هیوایان بڕیوە لە راست بونەوەى رەوشتە چەوت و چێڵەکانى مرۆڤى سایکۆ باسى، بەڵام داڤید کلارک و ئەو زانایانەى، رایان وایە هۆى توش بونەکەى دەوروبەرە، هیوایان وایە کە بەم هەنگاوانەى باسیان دەکەین چارەسەر دەکرێت?
.1. رەوشت گۆڕین: پێویستە لەسەر ئەو خێزانانەى کە تێبینى رەوشتى سایکۆ باسى دەکەن، لە یەکێک لە منداڵە نەوجەوانیەکانیاندا، چاو بخشێننەوە بەو رژێمەى کە ئەندامەکانى خێزانەکانیان لەسەرى دەڕۆن ، رێکیان بخەنەوە، کردەوەیەکى جوان و راست لەگەڵیان بکەن.2. ئەگەر ئەو هەلەیان لە کیس چوو هەلى دوەمیان لە پێشەوەیە ئەویش ئەوەیە کە یاسا‌و رژێمى کۆمەڵ زۆر تیژە بۆ راست کردەنەوەى ئەو کردەوە ناهەموارانەیان، بە مەرجێک ئەو یاسا‌و رژێمەى لە کۆمەڵەکەدا هەیە، هیچ کەلێنێکى تێدا نەبێت، کە ئەو بکات بە بەڵگەیەک بە دەستیەوە، بۆ بەردەوام بون لەسەر کردەوەکانى. 3. هەلى سێیەم قوتابخانەیە، قوتابخانە دەتوانێت کردەوەکانى قەتابیەکانى بپاڵێوێت، باشەکان بچەسپێت و نا قوڵاکانیشى لە رەگ و ریشە هەڵکەنێت و توند‌و تیژ بێت بەرامبەر هەموو کردەوەیەکى ناشیرین و زیان بەخش. ئا بەم قوتابخانە دەتوانێت چارەسەرى رەوشتى سایکۆباسى بکات، هەر چەندە ئەو ڕێڕەوە، یەکێک لە ئامانجەکانى قوتابخانە، بەبێ ئەوەى بیر بکاتەوە لە رەوشتى سایکۆ باسى.4. ئەگەر (هەل)ى سێیەم لە کیس چوو، ئەوە (هەل)ى چوارەم دێتە پێشەوە، ئەویش رژێمى سەربازیە، بەڕاستى رژێمى سەربازى راستەقینە لە وڵاتێک‌دا، بە رێک وپێکیەوە، بە رێز‌و چالاکێَکەیەوە، رەوشتە سایکۆ باسەکانى مرۆڤ چارەسەر دەکات. 5. پزیشکەکانى دەروونى دەڵێن: چارەسەرى پزیشکى لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانەدا هیچ سودێکى نیە، چونکە هەموو پزیشکێک باوەڕى وایە کە نەخۆشەکەى دەبێت ئازاد بێت و سەربەست بێت،سەربەستى و ئازادیش شایەنى ئەو جۆرە نەخۆشانە نیە، بەڵکو هەندە جارێک سەربەستیان بدرێتێ، بۆ ئەوەى تامەکەى بچێژن، هەندێ جاریش بگێڕدرێنەوە کردەوەى توندوو تیژیان لەگەڵ بکرێت، بۆ ئەوەى سڵ بکەن و بترسێن و لە کردەوەکانیان بگەڕێنەوە.6. هەندێک لە زاناکانیش دەڵێن: باشتر وایە رێگە (چارەسەرى کۆمەڵى) بۆ بەکار بهێندرێت. ئەم رێگەیەش بریتیە لەوەى کە کۆمەڵێکى بچوک لەم کەسانە دروست بکرێت و لە نەخۆشخانەیەکدا، یان لە شوێنێک کۆ بکرێنەوە لە شێوەى بەندیخانە دابێت، بە جۆرێک سەربەستیان نەدرێتێ زیاتریش ئاگاداری ووریایى و خزمەت بکرێن، بۆ ئەوەى بۆیان دەرکەوێت کە مرۆڤەکانى دەور‌و بەریان بەزەییان پێیان دا دێتەوە خۆشەویستن لایان.بە کورتى دەڵێن: دوو کردارى زۆر گرنگ هەن، بەشدارى راست کردنەوەى مرۆڤى سایکۆباسى دەکەن، یەکەمیان توند‌و تیژیە، دووەمیان دەربڕینى خۆشەویستی و بەزەییە، بۆ ئەوەى بڕی ئەو رێز‌و خۆشەویستیانەیان بکرێتەوە کە لە کیسیان چووە لە تەمەنى منداڵی و نەوجەوانی دا هەستیان پێ نەکردوەو نەیان چەشت وە ئەمەش بە لاى ئەو زانایانەوە کە دەڵێن: دەوروبەر توشى نەخۆشى کردوون، بەڵام ئەو زانایانەى کە ڕایان وایە هۆکەى (بۆ ماوە) یە، ئەوە ئەوانە زۆر ڕەش بینن. (ژاڵەیى،2005،لا175-177)
ته‌مموز 13, 2011

دوا سەرنجەکان: