(پێشبڕکێی ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی) سه‌رمایه وه‌ک کێشه‌یه‌ک له‌به‌رده‌م هاوسه‌رگیری – توێژه‌ری ده‌روونی – هۆشدار اسماعیل منصور
سەرمایە وەک کێشەیەک لەبەردەم هاوسەرگیرى
توێژەرى دەروونى: هۆشدار اسماعیل منصور
سەرمایە پێویستیەکى گرنگى ژیانە, ئەگەر هاتوو سەرمایەى نەبێت ناتوانین زۆرێک لە پێویستیەکانى ژیانمان دابین بکەیت, بەڵام ماناى ئەوەش نیە سەرمایەو پارەو پوول دەتوانێت هەموو شتێک بەدەست بێنێت.
زۆرێک لە گەنجانمان ئەبینین کاتێک بالغ ئەبن و ئەیانەوێت هاوسەرگیرى بکەن کێشەى سەرمایەیان هەیە, چونکە لە ڕۆژگارى ئەمڕۆمان هاوسەرگیرى بۆتە کارێکى زەحمەت و زۆرێک لە گەنجان ئەبوایە چەندین ساڵ بەر لە ئێستا هاوسەرگیریان بکردایەو خاوەنى ماڵ و مناڵى خۆیان بوونایە بەڵام ئێستاش هەر کوڕن و سەڵتن, بەهەمان شێوە کچانیش بەهۆى زۆرى داواکاریەکانیانەوە کوڕان نا‌وێرن بچنە داوایان و کاتێک بەخۆیان ئەزانن قەیرە بوون و ئیتر کەس نایەتە داوایان.
غەرزەى سێکسى غەریزەیەکى زگماکە, کاتێک مرۆڤ بالغ ئەبێت حەزى ئەجووڵێت بۆ ڕەگەزى بەرامبەر و ئەیەوێت پێى بگات, لەوە ناپرسێت باوکت کێیەو دەوڵەمەندە یان هەژار, ئەوخەریکە لەناوەوە کارى خۆى ئەکات, نازانێ تۆ کوردى یان تورک, ئیسلامى یان مەسیحى.
بەداخەوە لە کۆمەڵگەى ئێمە ئاڵتوون بووەتە پێوەر بۆ کەسایەتى ئافرەت کە خۆى لە ڕاستیا نرخى ئەو کەسەى مروڤ هەڵیدەبژێرێت لە هەزاران مسقاڵ زێر زیاترە و هەرگیز ئەمە نابێتە پێوەر بۆ مرۆڤ چونکە ئاڵتوون بێ گیانەو تەنها کارى ئاڵ و گۆڕەو بەدەست هەر کەسێکەوە بێت ئەو خاوەنیەتى,
بەڵام ئافرەت تەنها هى یەک کەسەو خاوەنەکەى دیارە کێیەو گیاندارە دەتوانێت هەناسە بدات و میهرەبان بێت و ڕێزت بگرێت و خۆشى بوێى.
زۆر کەسمان بینى شووى بە زێڕ و ماڵ و سامان کرد بەڵام دواى ماوەیەک جیابوونەوەو ژیانى تێکچوو پەشیمان بووەوە لەو بیرکردنەوەى پێشتر هەیبوو, زۆرانیش هەن سەرمایە کێشەى بۆ درووست نەکردوون و هەموو کات بە قەناعەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ یەک کردووەو ئێستاش خۆشترین ژیان بەسەر دەبەن بەیەکەوە,
زۆر بوونى پێویستیەکانى ژیان و هاتنەکایەى ئامێرە تەکنەلۆجیەکان کاریگەریەکى زۆرى درووست کردووە لە کۆمەڵگادا, بەڕادەیەک زۆرێک لە گەنجان زیاتر هەوڵى بەسەربردنى کات دەدات لەگەڵ ڕەگەزى بەرامبەر نەوەک خۆشەویستى پاک و ئەنجامدانى هاوسەرگیرى ئەمیش هەندێک هۆکارى لە پشتەوەیە
1) نەبوونى سەرمایەى پێویست بۆ خواستنى ئافرەت و زۆرى مارەیى لە ڕۆژگارى ئەمڕۆ
2) نەبوونى شوێنى نیشتەجێبوون و گرانى کرێى خانوو, چونکە زۆرێک لە کچان داواى ماڵى سەربەخۆ دەکەن هەرچەندە گەنج لە سەرەتایى کارکردنى مووچەیەکى وا وەرناگرێت تاوەک و بتوانێت کرێى خانوو ى لێبدات و خەرجى ماڵەوە بکات.
3) زۆربوونى پەیوەندى خۆشەویستى بە درۆ و ئەنجامدانى کارى سێکسى لە پەنایى ئەم خۆشەویستیەو بەتاڵکردنەوەى حەزە سێکسیەکان.
4) بەکارهێنانى ئامێرە تەکنەلۆجیەکان بە شێوەیەکى خراپ کە زۆرجار رێکخەرى ئەم پەیوەندیە خۆشەویستیە درۆینانەیە.
5) نەمانى متمانە لە نێوان زۆرێک لە کوڕان و کچان بەهۆى پەیوەندى خۆشەویستى لە ڕادەبەدەر یاخود گوێ بیستبوونى چیرۆکە تراژیدیەکان کە لە ئەنجامى خۆشەویستیە درۆینەکان.
6) نەبوونى قەناعەتى تەواو بەو سەرمایەى کە مانگانە یان ڕۆژانە بەدەست دەهێنرێت بۆ خەرجى ماڵ و پێویستى ڕۆژانە بەهۆى زۆر بوونى داواکانى ژیان و زیادە مەسرەفى, کە ئەمە گاریگەریەکى خراپى هەیە لەسەر بژێوى ژیان و نەمانى قەناعەت,
پەندێکى کوردى هەیە ئەڵێ ( پێ بەقەد بەڕى خۆت ڕاکێشە ) وتەیەکى جوان و زۆر بەجێیە, پێویستە مرۆڤ ئەو قەناعەتەى لا دروست بێت ئەو سەرمایەى هەیەتى بەگوێرەى پێویستى خۆى سەرفى بکات, بۆ نموونە ئەو کەسەى پانتۆڵێک ئەکڕێ بە مەبلەغێکى زۆر لەگەڵ کەسێک کى پانتۆڵێک ئەکڕێ بە مەبلەغێکى کەم هەردووکیان جلیان لەبەرایە و بێ جل نین, یاخود ئەو کەسەى ئۆتۆمبیلى هەیە و ئەوەى نیەتى هەردووکیان ئەگەنە شوێنى کارەکەیان و ئەتوانن ئیش و کارەکانیان ڕاپەڕێنن, کەواتە ئەگەر قەناعەت هەبوو ئەوا جیاوازى نیە لە بەینى مرۆڤەکان و ژن و مێرد پێویستە هاوکارى یەکترى بکەن, چنکە لیباسى یەکترین پێویستە عەیبەکانى یەکترى داپۆشن, وەک بیستوومانە ( لەپشت هەموو پیاوێکى گەورە ژنێکى گەورەتر هەیە)
بەهیواین دایک و باوکان بیر لە دامەزراندنى کوڕ و کچە گەنجەکانیان بکەنەوە و بە دووریان بگرن لە کێشە کۆمەڵایەتیەکان, ماڵ و سامان نەکەنە ڕێگر لەبەردەم بەیەکگەیشتنى دوو گەنج چونکە کێشەى گەورەتر و خراپتر چاوەڕیانە, هەروەک چۆن لە سەرەتاوە باسمان کرد غەیزەى سێکسى تا ڕادەیەک دەتوانى دەستى بەسەردا بگرى ئەگەر لە ڕادەى خۆى زیاتر بوو کاریگەرى دەبێت لەسەر ئیش و کارەکان و ڕەوشتى مرؤڤ و زۆر جار تووشى هەڵەى دەکات
.
شوبات 27, 2012
(پێشبڕکێی ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی) ئالووده‌بوون به ئینته‌رنێته‌وه – ئا: عوسمانی حاجی سه‌لام – توێژه‌ری ده‌روونی و ڕۆژنامه‌نووس
ئالودەبوون بە ئینتەرنێـتەوە
(پێناسە ، جۆرەكانی ، نیشانەكانی ، هۆكارەكان ، كاریگەریەكانی ، چارەسەرەكان)
ئامادەكردنی: عوسمانی حاجی سەلام .
توێژەری دەروونی و ڕۆژنامەنووس .
ئالوودەبوون چیەو بەچی دەوترێت ؟ كێ یەكەمجار وشەی ئالوودەبوونی بۆ ئینتەرنێت بەكارهێنا ؟ ئەی ئالوودەبوون بەئینتەرنێت چیە و جۆرەكانی چین ؟ چۆن بزانم ئالوودەی بەكارهێنانی ئینتەرنێت بووم یان نا ؟ هۆكارەكانی ئالوودەبوون بە ئینتەرنێت چیە ؟ نیشانەكانی چین ؟ كاریگەریە خراپەكانی ئەم دیاردەیە چیە ؟ چیبكەم تا بتوانم خۆم لەم جۆرە ئالوودەبوونە ڕزگاربكەم ؟ وەڵامی سەرجەم ئەم پرسیارانە لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا دەخوێنیتەوە :
یەكەم كەس كە زاراوەی ئالوودەبوون بەئینتەرنێتی بەكارهێنا زانایەكی ئافرەتی ئەمریكی بواری زانستی دەروونناسی بوو بەناوی ( كیمبرلی یونگ ) كەیەَكێكە لەو یەكەمین كەسانەی كەلەسەر ئەم دیاردەیە توێژینەوەیان ئەنجامداوە . زانایان لە پێناسەكردنیان بۆ وشەو دیاردەی ئالوودەبوون ڕاوبۆچوونی جیاوازیان هەیە ، هەندێك لە زانایان دەڵێن ئالوودەبوون یان خووگرتن تەنیا بۆ ئەو كەسانە دەگونجێ بەكار بهێنرێ كە مادە هۆشبەرەكان بەكاردەهێنن دواتر ناتوانن دەستبەرداری بەكارهێنانی ئەو مادەیەببن و دووبارە بەكاری نەهێننەوە ، یاخود ئەگەریش ویستی واز لەبەكارهێنانی بێنێت ئەوا توشی زۆركێشەو گرفتی دەروونی و جەستەیی دەبێت . لەلایەكی ترەوە هەندێكی تر لەزانایان ڕایان وایە كە ئالوودەبوون و خووگرتن كارێكە مرۆڤ ناتوانێ دەستبەرداری ببێت ، هەندێكی تریش لەزانایان ئالوودەبوون بەئینتەرنێتەوە دەگەڕێننەوە بۆ حاڵەتێكی تیۆری لە بەكارهێناندا كەئەمەش دەبێتە هۆی دروستبونی لادان لەڕەفتار و هەڵسوكەوتدا ، دیاردەی ئالوودەبوون بەئینتەرنێتەوە دیاردەیەكی بەربڵاوی جیهانیە و لەزۆربەی زۆری كۆمەڵگاكاندا ئەم دیاردەیە بەدی دەكرێ ئەویش بەهۆی پێشكەوتنی ئەو كۆمەڵگایە لەڕووی تەكنەلۆجیای زانیاری و زۆربوون و هەرزانی ئامێری كۆمپیوتەر و تۆڕی ئینتەرنێت لە ماڵ و فەرمانگەو شوێنەكاندا . بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین كە ئالوودەبوون بەئینتەرنێتەوە واتا بایەخدانی تاك بەبەكارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێت بەڕادەیەك زۆر زیاد لەئاستی سر‌وشتی و نەتوانینی زاڵبوون بەسەر خوددا بۆ وازهێنان لێی و بەسەربردنی زۆرترین كات بەو هێڵەوە .
بۆزانینی ئەوەی ئایا تۆ گیرۆدەی ئالوودەبوون بوویتە بە ئینتەرنێتەوە ئەوا ئەم چەند پرسیارە بخوێنەرەوە و پاشان وەڵامیان بدەرەوە ئەوكات دەزانی تۆ گیرۆدەی یان نا :
1- ئایا لە كاتی خۆتت بەفیڕۆداوە بەهۆی ئینتەرنێتەوە ؟
2- ئایا ئینتەرنێت زیاد لەو كاتەی لێت گرتووە كەلەگەڵ ماڵ و منداڵ و خێزانتدا بەسەری دەبەی ؟
3- ئایا ئینتەرنێت بووەتە هۆی ئەوەی گرفتێك یان ناكۆكیەك لەنێوان تۆ‌و خێزانەكەت دروست بكات ؟
4- ئایا توشی درۆكردن بووی بەرامبەر هاورێ یان خێزان و خاوەن كارەكەت بەهۆی زۆر بەكارهێنانی ئینتەرنێتەوە ؟
5- ئایا ئەو كاتانەی لەسەر ئینتەرنێتی گرانی دەبینی لە وازهێنان لێی تەنانەت ئەگەر خەوتیش بێت یان ماندوو بیت ؟
6- ئایا ئەو كاتانەی واز لەئینتەرنێت دێنیت و كۆمپیوتەرەكەت دەكوژێنیتەوە زۆرحەز بەگەڕانەوە دەكەی بۆی ؟
7- ئایا بیر‌و هۆشت لای ئینتەرنێتە ئەو كاتانەی كەخەریكی خوێندنی یان كاركردن یان لەگەڵ كەسانی خێزان و هاوڕێكانتدای ؟
8- ئایا هەست دەكەی كە تۆ لەئینتەرنێتەوە زیاتر لەدەوروبەرەكەت ڕێزت لێدەگیرێ ؟
9- ئایا ئینتەرنێت كاریگەری هەبووە لەسەر خەوتن و خواردنت ؟
10- ئایا ئینتەرنێت یەكەم شتە پەنای بۆ دەبەی لەكاتی لەخەو هەستان یان گەڕانەوەت بۆ ماڵ ؟
11- ئایا ئینتەرنێت بوەتە هۆی لاوازكردنی ئاستی بەدەستهێنانت لە خوێندن و كاركردندا ؟
12- ئایا هەست بەپەشیمانی دەكەی دوای ئەوەی كاتێكی زۆر بەبەكارهێنانی ئینتەنێتەوە بەسەردەبەی ؟
13- ئایا باسی خۆت بۆ كەسانی دەوروبەرت دەكەی لەزۆر بەكارهێنانی ئینتەرنێت لەوەی گوایە ئینتەرنێت شوێنی چالاكی و بۆنە كۆمەڵایەتیەكانە .
ئەگەر زۆربەی ئەم پرسیارانەت بەبەڵێ وەڵام دایەوە ئەوا تۆ گیرۆدەی ئەم ئالوودەبوونەی .
كاریگەری نێگەتیڤی ئالوودەبون بەئینتەرنێتەوە لەسەر تاكی ئالوودەبوو :
كاریگەری لەسەر تەندروستی : ئالوودەبوون بەئینتەرنێتەوە دەبێتە هۆی لەدەستدانی هاوسەنگی لەكاتەكانی خەوتن و پشوداندا چونكە تاكی توشبوو زۆربەی كاتەكانی شەوی بەبەكارهێنانی ئینتەرنێتەوە بەسەردەبات ئەمەش كاردەكاتە سەر بەرگری مرۆڤ و لاوازبونی چالاكی كۆئەندامی بەرگری ، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوتاكە ئەگەری توشبونی بەنەخۆشی زیاتر بێت ، وە زۆردانیشتن بەدیار كۆمپیوتەرو ئینتەرنێتەوە دەبێتە هۆی ئازارگەیاندن بەپشت و ماندووبوونی چاوەكان ، هەروەها نوێترین توێژینەوە ئەوەشی سەڵماندووە كە یەكێك لەهۆكارەكانی توشبوونی تاك بە نەخۆشیەكانی شەكرەو بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زۆربەكارهێنانی كۆمپیوتەرو ئینتەرنێتە چونكە سوڕی خوێن بەباشی بەكاری خۆی هەڵناستێ .
كاریگەری لەسەر پەیوەندیە خێزانیەكان :
زۆرجار زۆربەكارهێنانی ئینتەرنێت وادەكات تاك زیاد لەپێویست بەخۆیەوە سەرقاڵ بكات و بایەخی تەواوی ئەو تاكە بۆلای خۆی ڕابكێشێ لەكاتێكدا ئەو تاكە ئەركی خێزانی لەئەستۆدایە بەڵام بەپێی پێویست هەڵناستێ بە جێبەجێكردنی ئەركە خێزانیەكانی ، زۆرجاریش ئینتەرنێت بووەتە هۆی دروستبونی ناكۆكی نێوان ژن و مێرد و شەڕوئاژاوەی خێزانی و خیانەتكردن لەیەكتری و تەنانەت جیابوونەوەش (تەڵاق) .
كاریگەری لەسەر كاركردن :
بوونی هێڵی ئینتەرنێت لەشوێنی كاركردندا وەك فەرمانگەو شوێنەكانی تری كاركردن دەبێتەهۆی ئەوەی هەندێ فەرمانبەران و كارمەندان هەندێ لەكاتی كاركردنیان بەبەكارهێنانی ئینتەرنێتەوە بەسەربەرن ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی ئەوكەسانە هەڵنەسن بەڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان بەپێی پێویست ، هەروەها زۆربەكرهێنانی ئینتەرنێت لەشەواندا دەبێتەهۆی ئەوەی كەسانی ئالوودەبوو لەكاتی كارەكانیان وابكەون و هەمیشەش لەكاتی كاركردندا ماندوو دەردەكەون چونكە شەوان پشوی پێویست بەخۆیان نادەن و هەمیشەش بریان لای ئینتەرنێتە لەكاتی كاركردندا .
كارگەری لەسەر زیرەكی ئەكادیمی :
لەڕاپرسیەكدا كە لەساڵی 1997 لەلایەن (أ . بربر) ئەنجامدراو لە گۆڤاری ( Us Today ) ئەنجامەكەی بڵاوكرایەوە ئەوەی دەرخست كە لە %86 مامۆستایان پێیان وابوو بەكارهێنانی ئینتەرنێت لەلایەن منداڵانەوە نابێتە هۆی گەشەسەندنی تواناكانیان و زیرەكی ئەكادیمیان بەهۆی نەبوونی یاسایەكی ڕێكخراو لەبەكارهێنانیدا ، هەروەها لەتوێژینەوەكەی (كیمبرلی یۆنگ)یش ئەوە دەركەوت كە لە %58 خوێندكاران دانیان نا بەوەی بەهۆی بەكارهێنانی ئینتەرنێتەوە ئاستی زیرەكیان دابەزیوە ئەمەلەكاتێكدا ئینتەرنێت بەسەرچاوەیەكی هەرەگرنگی خێرا دادەنرێت لەگەڕان بەدوای زانیاریەكاندا بەڵام گرفت لەوەدایە خوێندكاران بۆزۆر مەبەستی تر بەكاری دەهێنن نەك مەبەستی گەڕان بەدوای زانیاریە پێویستەكاندا .
جۆرەكانی ئالوودەبوون بە ئینتەرنێتەوە
ئالوودەبوون بەشێوەیەكی گشتی واتای نەتوانینی وازهێنانە لەبەكارهێنانی ئینتەرنێت بەڵام بابزانین تاكەكان بەچەند جۆر و بەچیەوە خوو بەم تۆڕەوە دەگرن ، لێرەدا چوار جۆری سەرەكی لە جۆرەكانی خووگرتن بەئینتەرنێتەوە باس دەكەین كەبریتین لە :
یەكەم – ئالوودەبوون بەناسینی كەسانی ترەوە :
ئالوودەبووان لەم جۆرەدا هەوڵی ناسینی كەسانی تر دەدەن و زیاتر سەردانی ئەو یانەو ماڵپەڕو وێبسایتانە دەكەن كە زیاتر بایەخ بە لێك نزیك كردنەوەی تاكەكان و ئەندامەكانی دەدات نمونە وەك وەك تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ، زۆربەی ئەو كەسانەی زیاتر بەم جۆرەوە ئالوودە دەبن بەپێی توێژینەوەكان ئەوكەسانەن كە شەرمنن یاخود كەسانی گۆشەگیر و دوورەپەرێزن لەژیانی واقیعی كۆمەڵایەتی و لەپێكهێنان و پەرەپێدانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی لاوازن لەبەرامبەردا بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە پەنا دەبەنە بەر ناسین و پەرەپێدانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە .
دووەم – ئالوودەبوون بەیاری و قوماركردن لەرێگەی ئینتەرنێتەوە :
یەكێكی تر لەو جۆرە ئالوودەبوونە كەسانێكە كەبە یاری و قوماركردن ئینتەرنێت بەكاردێنن ئەمەش وادەكات ئەوتاكە هەموو بایەخێك بەوكارە بدات بۆ بەسەربردنی كاتەكانی بە یاری و قوماركردنەوە بۆ بردنەوەی پارەو سامان بەڵام هەموو ئەو ڕاستیە دەزانین كە قوماركردن خۆی لەخۆیدا كارێكی قبوڵنەكراوە لەلایەن كۆمەڵگای ئێمەوە چونكە نە ئاین و نە دابونەریتیشمان خۆشی بەم رٍەفتارەدا نایەت بۆیە زیاتر تاكەكان لەڕێگەی ئەم تۆڕەوە ئەو كارە دەكەن چونكە بەشێوەیەكی شاراوەیی ئەم نهێنیە دەمێنێتەوەو نابێتە تاكێكی نەفرەت لێكراو لەلایەن دەوروبەرەوە هەروەها لەبەر كەمی یان نەبونی شوێن و یانەی تایبەت بە قوماركردن زیاتر پەنا دەبرێتە بەر ئەم ئەم كارە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە ، لەلایەكی ترەوە زۆری یاریە ئەلیكترۆنیەكان بە بەرزترین كوالێت و دەستكەوتنی بەئاسانی وادەكات بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت بەخۆیەوە سەرقاڵ بكات تاوەكو وادەكات ئەو تاكە نەتوانێت وازیان لێبێنێت و بەكاریان نەهێنێ لەئەنجامدا ئەمەش كاردانەوەی ئالوودەبونی لێدەكەوێتەوە .
سێیەم – ئالوودەبوون بەسەیركردنی وێنەو فیلمە ڕووت و سێكسیەكانەوە :
زۆری ماڵپەڕە سێكسیەكان لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت و ناتەندروستی لە پەروەردەكردنی منداڵ و نەبونی چاودێری لەچۆنیەتی بەكارهێنانی ئینتەرنێت و نەبونی زانیاری لای منداڵان دەربارەی كۆئەندامی زاوزێ و تێنەگەیشتنیان لە چەمكە تایبەتەكان بەم بوارە بەتایبەت لە قۆناغی هەرزەكاری و بالغبوون و پێگەیشتندا كەتاك لەو پەڕی گەشەی سێكسیدایە وادەكات بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكان و پەیداكردنی زانیاری پەنا بەرێتە بەر ئەم كارە ، هەروەها كەسانی تریش هەن كەبەم كارەوە خوو دەگرن ، ئەمەش كاریگەری زۆرخراپ دەكاتە سەر پەیوەندی نێوان هاوسەران و دروستبونی لادان لە ڕەفتاری ئالوودەبووان بەگشتی .
چوارەم – خووگرتن یان ئالوودەبوون بە گەڕان بەدوای زانیاری دا :
جۆرێكی تر لەخووگرتن كەسانێك دەگرێتەوە كەشەیدای بەدەستهێنانی زانیارین لەبوارە جیاواز‌و تایبەتیەكاندا ئەمەش كارێكی باشە بۆ دەوڵەمەندكردنی خود بەزانیاری بەڵام خراپی ئەم كارە لەوەدایە كەئەو تاكە بەهۆی زۆری بەسەربردنی كاتەكانی بەم بوارەوە كاتێك دەزانێ گرفتاری ئالوودەبوون بووە بەئینتەرنێتەوە هۆكاری ئەم كارەش زۆری زانیاریە جۆربەجۆرەكانەو بەئاسانی دەستكەوتنی ئەو زانیاریانەیە لەئینتەرنێتدا .
نیشانەكانی توشبوون بەئالوودەبوونی ئینتەرنێتی :
چەند نیشانەیەك هەن كە ئاماژە دەكەن بەوەی ئەو تاكە ئالوودە بووە یان نا بەئینتەرنێتەوە ، كەسی توشبوو هەست بە دڵەڕاوكێ و بێتاقەتی دەكات كاتێك لەكۆمپیوتەرەكەی دادەبڕێت و دووردەكەوێتەوە وەكاتێكیش دەگەڕێتەوە سەر كۆمپیوتەرو بەكارهێنانی ئینتەرنێت هەست بە ئارامی و خۆشیەكی زۆر دەكات ، هەروەها كەسی توشبوو بۆماوەیەكی زۆر لەسەر بەكارهێنانی ئینتەرنێت بەردەوام دەبێت و بیری لای ئەو كاتە نیە كەچەند دانیشتووە و زۆربەی كاتەكانی بەوكارەوە بەسەر دەبات ، ئەگەر زۆربەسەربردنی كاتەكان لەسەر ئینتەرنێت بووە هۆی دروستكردنی كێشەو گرفتی كۆمەڵایەتی و خێزانی و پیشەیی بۆ ئەو تاكە ئەوا واتای توشبوونی ئەو تاكەیە بە ئالوودەبوونی ئینتەرنێتی ، تاكی توشبوو حەزدەكات كاتی خەوو نانخواردن بەزوویی تێپەڕن بۆئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە سەر بەكارهێنانی ئینتەرنێت .
بۆچی ئینتەرنێت دەبێتە هۆی ئالوودەبوون پێیەوە ؟
ڕەنگە بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكانی وەك : مەی ، تریاك ، كۆكایین ، دەرزی ، جگەرە و هتد . وەڵامەكانیان ئاشكرابێت بۆ ئەو پرسیارەی سەرەوە كە هەموو كەسێك دەزانێت بەكارهێنانی ئەو مادانە پیسكردنی خوێنە بەمادەی نیكۆتین كەدواتر خوێن پێویستی پێیان دەبێت و لەكاتی لێبڕانیدا داوایان دەكات ، بەڵام خۆ ئینتەرنێت مادەیەكی كیمیایی نیە تێكەڵ بەخوێن بێت ئەی بۆچی توشی ئالوودەبوونمان دەكات ؟ لەتوێژینەوەیەكی ئەمریكیدا ئەوە سەلمێنرا كە لە (%7.5) بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت توشی نەخۆشی ئالوودەبوون دەبن پێیەوە ، ئالوودەبوون بەم ئامێر‌و تۆڕەوە سێ هۆكاری سەرەكی و گشتی هەیە كەبریتین لە :
یەكەم – نهێنی پارێزی :
ئەو توانا بەرز و خێراییە لەڕادەبەدەرەی كە ئینتەرنێت هەیەتی لە دابینكردنی زانیاریەكان و پێداویستی و ئارەزووەكاندا بۆتاك بەبێئەوەی پێویست بكات تاك خۆی بناسێنێ یان ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی ئاشكرا بكات بەمەش مرۆڤ هەست بەئازادی و سەربەخۆیی دەكات لە هەڵبژاردنی هاوڕێ و پرسیاركردن و یاری و قوماركردن و هەرچی ئەو شتانەی ئەو كەسە بیەوێ .
دووەم – ئاسانكاری :
هۆكارێكی دیاری تری توشبوون بەم دیاردەیە ئاسانكاری ئەم تۆڕەیە چونكە گەڕان بەدوای پێویستیەك یان زانیاریەك و هەواڵێكدا پێویست بە بڕینی ڕێگاوبان و كڕین و تێچوونی مادی زۆری ناوێ بەڵكو بەزووترین كات و لەجێگاكەی خۆتەوە هەرچیەكت بوێ دەستت دەكەوێ بەبێئەوەی پێوەی ماندوبی ، ئەمەش وادەكات تاك ساتێ زیاتر بەدیار ئەم ئامێرەوە دا‌نیشێت و هەواڵێكی زیاتر بخوێنێتەوەو كەسێكی زیاتر بناسێت تا ئەوەندە دەزانێت كات لە نیوەی شەو لایداوەو بەرەبەرە كاتی زیاتری بۆ تەرخان دەكات تا دواتر دەكەوێتە ناو نەخۆشی ئالوودەبوونەوە ، سەرەڕای ئەم ئاسانكاریەش بونی زۆری ئەم ئامێرەیە لەماڵەكان و فەرمانگەكاندا .
سێیەم – هەڵهاتنی تاك :
هەر بەپێی ئەو توێژینەوە ئەمریكیە هۆكارێكی تری ئالوودەبوون بەئینتەرنێتەوە ئەوەیە كە ئینتەرنێتیش وەكو هەریەكە لە كتێب و فیلم و شتەكانی تر ڕێگە خۆشكەرە بۆ سەرقاڵ كردنی خود و هەڵاتن لەواقیع بۆ واقیعێكی تری جێگرەوە ، زۆرجار خەم و خەفەت یان بێكاری و شەرمنی لەتێكەڵ بوونی كۆمەڵگا وادەكات تاك لەو واقیعە هەڵبێت و خۆی لە واقیعێكی تردا جێگیر بكات لەنێو ئینتەرنێتدا .
چەند ڕێنمایی و ئامۆژگارییەك بۆ چۆنیەتی كەمكردنەوەو وازهێنان لەبەكارهێنانی ئینتەرنێت و ڕزگاربوون لەو ئالوودەبوونە ی كە توشبووی :
یەكەم – كاری پێچەوانە :
ئەگەر تاكی توشبوو ڕۆژەكانی هەفتەی هەموو بەئینتەرنێتەوە بەسەر برد ئەوا داوای لێدەكرێ ئەوكارە هەڵگرێ بۆ ڕۆژەكانی پشوو ، وەئەگەر هەرلەگەڵ داگیرسانی كۆمپیوتەرەكەی یەكسەر ئیمەیڵەكەی دەكاتەوە با جارێك كەمێك ئەم كارە دوا بخات تا وەرزشی بەیانیان دەكات و نانی بەیانی دەخوات پاشان گوێ لەهەواڵەكانی بەیانی دەگرێت ئنجا ئەو كارەبكات ، هەروەها ئەگەریش كۆمپیوتەرەكەت لە ژووری نوستنەكەت داناوە ئەوا هەستە بەگواستنەوەی كۆمپیوتەرەكەت لە ژووری نوستنەوە بۆ شوێنێكی تری ماڵەكەتان بۆ ئەوەی كەمێك لەبەردەست و بەرچاوت دووربكەوێتەوە .
دووەم – دیاریكردنی كاتەكانی بەكارهێنان :
داوا لە ئالوودەبووان دەكرێت كە كاتی چوونە سەر ئینتەرنێت و كاتی وازهێنان دیاری بكەن بۆنموونە ئەگەر لەهەفتەیەكدا ماوەی 40 كاتژمێر لەسەر ئینتەرنێت بەسەردەبات ئەوا با هەوڵبدات ئەوكاتە بەشێوەی زنجیرەیی كەم بكاتەوە تا دەیگەیەنێتە 20 كاتژمێر ، هەروەها ئەگەر ڕۆژانە ئەوتاكەی ئینتەرنێت بەكاردێنێ پێویستە كاتی چوونە سەر كۆمپیوتەر دیاری بكات بۆنمونە ئەگەر ڕۆژانە 5 یان 6 كاتژمێر ئەوكارە دەكات ئەوا پێویستە بزانێ چەندێك لەوكاتە تێپەڕبووە بۆئەوەی ئاگای لەكاتی وازهێنان بێت ، هەروەها واباشترە كە هەموو ئەو كاتە بەیەكجار بەسەر نەبات بەڵكو دابەشی سەر كاتە بەتاڵەكانی بكات بۆئەوەی كارنەكاتە سەر كاروبارەكانی ڕۆژانەی .
سێیەم – قەدەغەكردنی بەشێك لەئینتەرنێت :
ئەگەر تاكێك ئالوودەی بەشێكی تایبەت بووە لەئینتەرنێت بۆنموونە بەكارهێنانی فەیسبووك كەئێستا زۆرترین كاتی تاكەكانی بۆخۆی بردوە ئەوا پێویستە ئەو بەشە (فەیسبووك) لەوتاكە توشبووە قەدەغەبكرێ لەلایەن خۆی و ئەو كەسانەی یارمەتی دەدەن لەڕزگاركردنی لەم نەخۆشیە وە سەرپشك بكرێ لەوەی هەربەشێكی تر لەئینتەرنێت بەكار دەهێنێ .
چوارەم – ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك بۆخود :
مەبەست لەم كارە ئەوەیە داوا لەكەسی ئالوودەبوو دەكرێ كە هەستێ بەئامادەكردنی ڕاپۆرتێك لەسەر ئەوەی پێنج یان زیاتر لەو زیان و كێشانە لەسەر لاپەڕەیەك بنوسێت كەبەهۆی زۆربەكارهێنانی ئینتەرنێتەوە توشی بووە وەك (كێشەی كۆمەڵایەتی ، كێشە لەبەڕێوەبردنی كاروباردا ، كێشەی تەندروستی و…..هتد) . پاشان پێنج لەو قازانج و دەستكەوتانە بنوسێ كە بەهۆی وازهێنانی لەو كارە دێنەڕێی ، ئەم كارە تەنیا بۆئەوە نیە بنوسرێت و سەیری نەكرێ بەڵكو پێویستە ئەم كاغەزە هەمیشە لەگیرفانی ئەو تاكە توشبووەدا بێت بۆئەوەی لەكاتی چوونی بۆسەر بەكارهێنانی ئینتەرنێت ئەم كاغەزە دەربكات و بیخوێنێتەوە و كاری پێبكات .
پێنجەم – دووركەوتنەوە لەكێشە خێزانیەكان :
زۆرجار كێشەو گرفتی ناوخێزان دەبێتەهۆی توشبوونی تاك بەم نەخۆشیە پێویستە خێزانەكان بۆڕزگاركردنی تاكە توشبووەكانیان دووربكەونەوە لە مشت‌ومڕ و شەڕوناكۆكی نێوانیان بۆئەوەی تاك بگەڕێتەوە نێو خێزانەكەی و چیتر پەنا نەباتە بەر ئینتەرنێت بۆ بەدەستهێنانی سۆز و دڵسۆزی كەسانی تر .
شەشەم – گەڕانەوە بۆ كاری ڕۆژانە :
لێرەدا داوا لەوتاكە توشبووە دەكرێ كە هەوڵبدات هەندێ كاروچالاكی ڕۆژانە هەیە پەرەیان پێبدات وەك ( وەرزش كردن لەگەڵ تیمەكاندا ، سەردانیكردنی خزمان و هاوڕێیان ، دەرچوون بۆ بازاڕ و شوێنە گەشتیارییەكان لەگەڵ هاوڕێیاندا ، كتێب و ڕۆژنامە خوێندنەوەو …. هتد ) .
ئـەو سـەرچاوانەی سوودیان لێوەرگیراوە :
1- البوابە العربیە للاخبار التقنیە
2- منتدیات الشامل .
3- ویكیبیدیا الموسوعە الحرە .
4- المدرسە العربیە الالكترونیە .
شوبات 26, 2012
له‌گه‌ڵ ئه‌و به بۆ ئه‌وه‌ی هیچ کات ته‌نها نه‌بیت – له‌نیا جه‌مال – خوێندکاری کۆلیژی ده‌روونناسی – ئه‌مه‌ریکا
لەگەڵ ئەو بە بۆ ئەوەی هیچ کات تەنها نەبیت
لەنیا جەمال
خوێندکاری کۆلێژی دەرونناسی – ئەمەریکا
تۆ هەر کەسێک و لەهەر شوێنێک بیت ئەوەی ئاواتی بۆ دەخوازیت ،لەشادمانی وخۆش گوزەرانی و سامان و توانا‌و تەندروستی باش و جوانی و کاری باش .پێشتر لەبەر دەستت دایە ،تەنیا پێویستە خۆت بەکەم نەگریت و ،بەراستی بتەوێت بەدەستی بێنیت و تامەزرۆی وەرگرتنی بیت .بنەما گشتییەکانی ژیان پێمان دەڵێت : بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانت دەبێت لەدەرونی خۆتاندا شوێنی کەون .
راستە دنیا پرە لەبەهرەو توانا‌و شتی جوان و بەسودو زۆر ،بەلام ئێمە هەر ئەوەندەمان پێدەبرێت کە بروامان پێیەتی و خۆمان بە شایستەی پێگەیشتنی دەزانین . بۆیە زۆر گرنگە ئێمە وەک مرۆڤ ئەوە بزانین کە بەشێوەیەکی سر‌وشتی لە روی مادی و مەعنەوی دەولەمەندترین دروست کراوی سەرزەوین . کەواتە پێویستە لە ئاوێنەی دلماندا بەو شێوەیە بروانینە خۆمان کە حەز دەکەین وا بین . وە باوەش بکەینەوە بۆ نیعمەت و شتە خولقاوەکانی خوداوەند و پەیوەست بین پێیانەوە . چونکە راستییەکی گەورە هەیە ئەویش ئەوەیە کە بروا بون بە مەزهەب و ئاین ،ئارامی و خۆراگری بە مرۆڤ ئەبەخشێت ،ئەمەش هەنگاوی یەکەمە بۆ زال بون و سەرکەوتن بەسەر نیگەرانی دا .
بیروباوەری پتەو بە پەروەردگار هێزێکی لەرادەبەدەری دەرونی بە مرۆڤ دەبەخشێت ،لەکاتە سەخت و ناخۆشەکانی ژیان یارمەتیدەرو رزگارکەرە لە نەخۆشی و بێزاری و بێتاقەتییانەی کەدەوری دەدات و ،کاریگەرترین دەرمانە بۆ هۆشدار کردنەوەی مرۆڤ لە کاتی شکست و نائومێدی و کێشە و بێزارییەکانمان .
بۆیە کاتێک هەست بە لاوازی و تەنهای و نەخۆشی و هەژاری و بێهیوای دەکەیت ، کاتێک دەخوازیت بکەویتە سەر رێگای راست و کاری چاکە و ئاسودە و بەختەوەر بیت و لە ئیشوکارەکانتدا سەرکەوتو بیت ، کاتێک ژیانی هاوسەریت پێک نەهێناوەو دەتەوێت هەنگاو بنێیت بەرەو مال و ژیانی خۆت و داوای هاوسەرو هاوژیانی خۆت دەکەیت و ، ئەو کەسانەی منالیان نییەو دەخوازن چاوەکانیان ئۆقرە بگرێت بە بینینی کۆرپەلەیەکی خۆتان ، ئەو دایک و باوکانەی هیوا خوازن منالەکانیان سەرکەوت و رێز لێنراو دیندارو بەختەوەر بن لە ژیان …. دەستی نزا‌و پارانەوەتان بەرز بکەنەوەو ، داوا لە پەروەردگار بکەن تاکو دل و دەرونێکی ئارام و دور لەغەم و ژیانێکی بەختەوەری شایستەتان پێ ببەخشێت .
چونکە دوعا‌و پارانەوە / کۆششێکی نەبراوەی مرۆڤە بۆ دروست کردنی پەیوەندییەکی رۆحی لە نێوان دروستکراو خالق دا ، وە بە هاناوە هاتنێکی سروشتیەو ،بەخەبەر هێنانەوەی بونیەت و فکرە .نزاکردن دەلیلێکی زۆر رون و ئاشکرایە کە ئارامی دەرونی بەهەست و ناخی مرۆڤ دەبەخشێت .
لەگەل ناردنی یەکەم پێغەمبەر (ئادەم ) بۆسەر روی زەوی و دەست پێکردنی ژیانی مرۆڤایەتی دا ، لاوازی مرۆڤ و بێ دەستەلاتی لە ئاست گرفت و ئاستەنگەکان دا دیاری دا‌و ، بۆ چارەسەر کردنی ئەم حالەتانەو بەهێزکردنی مرۆڤ و پابەند کردنی بە پەروەردگارەکەیەوە (دوعا ) وەک وزەیەک دانراو هەریەک لە پێغەمبەران درودو رەزای خوایان لەسەر بێت . بون بە پێشەنگی نەتەوەکانیان و لە گشت ساتەکاندا لاوازی خۆیان لەبەردەم پەروەردگاردا دەخستە روو ، خوای گەورەش بەدەم هاناو داواکانیانەوە هات و لە ناسکترین بارودۆخدا فریایان کەوت .
هەر لەبەر گرنگی و رۆلی نزا‌و پارانەوەو کاریگەرییەکانیەتی لەسەر دەرونی تاک ،کە دەرونناسی بەناوبانگی ئەمەریکی دیل کارنگی دەڵێت
پشت بەستن و پارانەوە لە خودا چەند بنەمایەکی گرنگی دەرونناسی هەیە کە پێویستە باوەردارو بێ باوەر لێی تێبگەن و کاری پێ بکەن .
گرنگی نزا‌و پارانەوە لەروی سایکۆلۆژییەوە
١- نزا‌و پارانەوە ئەبنە هۆی ئەوەی کە هەرچی گرفت و نارەحەتییەکانە بێتە سەر زارمان ، هاتنە سەر زمانیش ئەبێتە هۆی ناسینی گرفتەکە . ئەمەش گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە زۆربەی کێشەکانمان لە روی ناشارەزای و نەزانین و نەناسینەوەیە ،کەواتە هاتنە سەر زمانیش وەک خستنە روی گرفتەکەیە .
٢- لە ئەنجامی نزا‌و پارانەوە هەست ئەکەین کەهاوبەشێکمان بۆ خەم هەیەو بەتەنها نین . زۆر کەم مرۆڤ هەیە کەبەتەنها بتوانن بەرگەی گیروگرفت بگرن ،هەندێ جار نیگەرانی لەبابەت شتێکەوەیە کە خزم و کەسو دۆستانیشمان لە توانایاندا نییە چارەسەری بۆ بدۆزنەوە . بەلام کە ئەیبەین بەرەو لای پەروەردگار ئەو نزیکترین کەس ودلسۆزترین گوێگرمانە لە کاتێکدا کەسێکمان دەست ناکەوێت و نییە کەدەردە دلی بۆ هەلبرێژین ، بۆیە لەم بارەدا گوێگری هەمیشەی خوای گەورەیە کە ئامادەی بیستنی راز‌و نیاز‌و داواکارییەکانمانە .
٣- نزا‌و پارانەوە مرۆڤ ئەخاتە هەول و کۆششەوە .چونکە یەکەم هەنگاو ئەوەیە کاتێک ئامانجەکە ئەدەینە دەست خودا . دکتۆر (الکیسس ) دەلێت : نزا‌و پارانەوە گەورەترین دەسەلاتێکە کە مرۆڤ توانای بەدیهێنانی هەیە ،ئیتر بۆچی لەم دەسەلاتە بەهرەمەند نەبین ؟
کەواتە خوێنەرانی ئازیز لێرە بەدواوە هەرچیت خواست و ،هەر گرفت و بێزاری و هەژاری و کێشیەک روی تێکردی بگەرێرەوە بۆ کلیلی هەمو چارەسەرەکان و دەستی پارانەوەو نزا بەرز بکەرەوە و لە پەروەدگار و ، راز‌و نیازی دلی خۆتی بۆ بدرکێنە چونکە ئەو دلسۆزترین و نزیکترینە . لەهەموو شوێن و لە هەموو کاتێکدا گوێمان بۆ دەگرێت و بەهانامانەوە دێت . بەبێ ترس دەتوانین هەموو رازێکی نهێنی لەبەردەم دا بدرکێنین و هیچ کات ئاشکرامان ناکات و ، سرمان هەلنامالێت و بەمەش دەبینە خاوەنی دەرونێکی ئاسودەو باری سەرشانمان سوک دەبێت . دلنیا بن خوداوەند لەبەرامبەری کۆمەکدا داوای هیچ شتێکمان لێ ناکاتەوە دادپەروەر و بەبەزەیو سۆزەو ، نیعمەتێکە هەموو کەس گەر بخوازێت دەتوانێت هەیبێت و بەهرەوەربێت لە بەخششەکانی .
شوبات 16, 2012
منداڵیمان … له‌نێوان جاران و ئێستادا – کامه‌ران چروستانی
منداڵیمان … له‌نێوان جاران و ئێستادا
کامەران چروستانی
بەبیرم دێت کاتێک منداڵ بووم، لە کۆڵانە تەسکەکانی شاردا لەگەڵ کوڕەکانی گەڕەکدا هەمیشە لە جوڵە و بیرۆکەی سەیر سەیردا بووین. ئەو کات جیهان سادە بوو، ئێمەش دەبووایە لەگەڵ جیهانە سادەکەی ئەو کاتەدا خۆمان خەریک بکەین و هەر بەپێی ئەو سادەییەی ئەو کاتەش بیر بکەینەوە. بەڵام وەستایی و بەهرەمەندیی و دەستڕەنگینی خۆمان هەرچۆنێک بێت هەر دەردەخست: جا لە لایەک دەستڕاستیمان پێشان دەدا لە هەڵماتێن و بەردبەردێن، وردبینیمان لە هەلوکێن، دەنگی مزراحەکانیش ڕوویەکی دیکەی وەستایەتیمانی دەردەخست. بۆ دروستکردنی عەرەبانەیەکیش چەندەها ڕۆژ خۆمان پێوە خەریک دەکرد و شەوانیش هەر بەو خەیاڵەوە دەنووستین. جاروباریش ئەگەر کیژۆڵەکانی گەڕەک ڕازی بوونایە ئەوا هەڵماقۆ و خەتخەتێنمان لەگەڵ دەکردن، هەرچەندە شانازی هەندێک لە کوڕانی گەڕەک بە (پیاوەتییانەوە) وای دەکرد، گاڵتەمان پێ بکەن کە گوایە ئەم یارییانە کچانەن و شیاو نییە بۆ کوڕان.
هەموو ئەمانە ڕوویەکی جیهانی منداڵی ئەو کاتە دەردەخات، کە منداڵ لەگەڵ ئەو جیهانە سادەی ئەو کاتەدا خۆی دەگونجاند و لە هەمان کاتدا توانا جەستەییەکان و هزرییەکانی خۆی گەشە پێ دەدا لە میانی تێکەڵاوبوونی لەگەڵ ژینگە و سروشت و هەموو ئەو کەرەستە سادانەی کە لەو کاتەدا هەبوون. ئەو خاڵەی، کە لێرەدا گرنگییەکی زۆری پێ دەبەخشم بریتییە لە تێکەڵاوبوونی منداڵ بە سروشت و ژینگەوە، کە بە هۆیەوە منداڵ لەناو منداڵێتی خۆیدا دەژیا و توانا هزریی و هەستییەکانی خۆی گەشە پێ دەدات.
بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، کە جیهانی منداڵی ئەو کاتە جیهانێکی بێ کێشە بووبێت. بەر لە هەموو شتێک توانا ماددیەکان و ئاستی ئابووری کۆمەڵگا وەک ئێستا بەرز نەبوون، بەڵکو تەنها ئاوڕدانەوەیەک لە کۆڵانەکان و شەقامە کەم ئۆتۆمبیلەکان بەس بوو بۆ ئەوەی ئەوە دەربخات، کە توانای دارایی تاک و خێزان لەو کاتەدا نزم بوو، هەرچەندە داواکارییەکانی ژیانیش هێندەی هەنوکە زۆر نەبوون، بەڵام ئەمەش کێشەیەکی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا بۆ ئەو خێزانانەی بێ دەرامەتن و هەروەها توانای تێرکردنی ویست و ئارەزووەکانی منداڵ سنووردار بوو. ئەمەش وای دەکرد منداڵ بیر لە ڕێگەچارەیەکی دیکە بکاتەوە بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی: ژینگە و سروشت. بە بیرم دێت جاری وا هەبووە، کە بە دوو سێ منداڵ چەند کاژێرێکمان پێکەوە بەسەر بردووە بە تەنها گەڵابەیەکی بچوکەوە، کە لەملا گڵمان بۆ ئەولا بردووە و لەولاوە لممان گوێزاوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە. جگە لەوە کێشەیەکی دیکە بریتی بوو لە ئاسایش و کێشە سیاسییەکان، کە پێکدادانی هەمیشەیی گەلی کورد لەگەڵ حکومەتە یەک بەدواکانی ناو عێراقدا پشێوییەکی هەمیشەیی لە ژیانی کۆمەڵگادا دروست کردبوو، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر بارە دەروونییەکەی منداڵی ئەو کاتە.
بێگومان ئاستی ڕۆشنبیری خەڵک و شارەزاییمان لەبارەی جیهانەکەی ڕۆژئاوا کێشەیەکی دیکە بوو، کە کۆمەڵگا زۆر بە هێواشی هەندێک پرسیاری منداڵی دەوروژاند و هەندێکی دیکەی لەناو قاڵبە نەریتییەکەدا قەتیس مابوو. جا زۆر ئاسایی بوو، مامۆستایەک دارێکی لە ژووری بەڕێوەبەرەوە بهێنایەتە پۆلەوە و دەستی بکردایە بە لێدانی منداڵەکان. نە بەڕێوبەر، نە مامۆستا و نە پەروەردە لە خۆیان نەدەپرسی ئایا پێویستە منداڵ بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و پەروەردە بکرێت. ئێستا زانیارییەکان زۆرتر بوون، جیهان بچوک بووەتەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، کە زانیاریی و تێگەشتنمان بۆ جیهانی منداڵ هێندەی گۆڕانکارییەکانی دیکە بەرفراوانتر بووبێت.
ڕاستە هەرێم لە هەندێک لایەنی ژیاندا لە دۆخێکی باشتردا دەژی و ئاسایشیش تیایدا هەتا ڕادەیەک بەرقەرارە و باری ئابووریش گۆڕانکارییەکی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، توانای کڕین بەرزتر بووە، داواکارییەکانی تاک و خێزان زۆرتر بوون، جیهانگیری و بچووکبوونەوەی جیهان کاریگەری خۆی لە سەرتاپای کۆمەڵگاکەدا کردووە، ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر و مۆبایلیش بوو بە بەشێک لە ژیانی تاکی کورد، بەڵام لەسەر هەموو ئەم گۆڕانکارییانەوە بارێکی وا نەخوڵقاوە بۆ ئەوەی تێڕوانین و ئاستی تێگەشتنمان بۆ منداڵ لەگەڵ ئاستی گۆڕانکارییەکانی دیکەدا هاوتا بڕوات، بەڵکو دەتوانم بڵێم هاوردەکردنی کەرەستەی تازە و بەرزبوونەوەی ئاستی دارایی لە هەندێک بواردا بە نێگەتیڤی شکاوەتەوە بەسەر ژیانی منداڵدا.
بە ماددەکردن و بە ئامێرکردنی ژیانی منداڵ خەسڵەتێکی سەرەکی ژیانی ئێستای منداڵن، بە شێوەیەک بەشێکی زۆری منداڵان زۆربەی کاتی خۆیان لەبەردەم کۆمپیوتەر و تەلەفزیۆن و یارییە ئەلەکترۆنییەکان و پێکهاتەکانی ناو مۆبایلەکانیان بەسەر دەبەن. ئەمەش لە لایەک ئەو منداڵە لە سروشت و ژینگەی دەوروبەری دوور دەخاتەوە، لە لایەکی دیکەش جیهانی منداڵەکە هێندەی بێت زیاتر تەسکتر دەبێتەوە، هەرچەندە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا وا پێویست دەکات، کە سنووری جوڵە و فراوانبوونی منداڵەکە هەمیشە زیاتر بێت. تێکەڵاونەبوونی منداڵ لەگەڵ سروشتدا کاریگەری دەبێت لەسەر تێنەگەشتنی منداڵەکە بۆ بەها ژینگەیی و مرۆڤایەتییەکان. هەروەها لەدەستدانی بوارێکی بەرفراوان بۆ گەشەی جەستەیی و هزری منداڵ. ڕێژەیەکی زۆر لە مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتی و پاش ئەوەش سکاڵای ئەوە دەکەن، کە منداڵانی ئێستا توانای وردبینی و خوێندنیان نییە. بەڵام گومانم لەوە هەیە، کە ئەم پرسیارانە لە کۆبوونەوەی باوکودایکاندا بخرێتە بەر توێژینەوە و باسکردن. ئەوەی کە سەرنجی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا ڕابکێشێت بریتییە لە زۆربوونی کەرەستەی یاری و ئامێرەکانی دیکەیە و لەگەڵیدا زۆربوونی داواکارییەکانی منداڵ، کە لە هەندێک خێزاندا بەبێ پلان و سنوور بەرجەستە دەکرێت. ئەمەش منداڵ هان دەدات بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ویست و داواکارییەکانی دانەنێت، کە ئەمەش بە درێژایی ژیان خەسڵەتێکی نێگەتیڤ دەبێت لە کەسایەتیدا، ئەگەر چارەسەر نەکرێت.
بە واتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین، کە تەسککردنەوەی بواری ژینگەی قۆناغی منداڵێتی لە سنووری بەشە ماددییەکەی ژیان زەرەرێکی زۆر دەبەخشێت بە گەشە و کەسایەتی منداڵ. بێگومان ئاستی ڕۆشنبیری خێزان و تێگەشتنێکی زانستییانە بۆ پەروەردە و گەشەی منداڵ کاریگەرێکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ئەو ئاراستەیەی کە خێزان دەیگرێتە بەر. ئەمەش نەک تەنها لەو تەوەرانەی، کە ئاماژەمان پێ کردووە، بەڵکو لە سیستمی خواردنیشیان. جا شتێکی نامۆ نییە، کە ببینین منداڵێک ئاڵوودەیە بە خواردنێک یان خواردنەوەیەک، کە تەندروست نییە یاخود ماددەی کیمیایی زەرەربەخشیان تێدایە وەک کۆکاکۆلا.
ئەم هەڵەی پەروەردییەش ناتوانین بیدەینە پاڵ تەنها دایک و باوکەکان، بەڵکو سیستمی پەروەردە و مێدیاکان و دەسەڵاتیش بەشداریکەرن، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانیوە ڕۆڵێکی گەورە ببینن نە لە بەرفراوانکردنی بنەما زانستییەکانی پەروەردەی منداڵ و نە ڕێگرتن لە هەندێک یاری و پرۆگرام، کە لە سەر ئاستی جیهانی بە مەرجی تایبەتی دەخرێنە بازاڕەوە یاخود پشکنینی هەموو ئەو خواردەمەنییانەی، کە لە لای زۆربەی منداڵان ویستراون.
chrostani@hotmail.com
كانونی یه‌كه‌م 31, 2011
جه‌نگی ده‌روونی – به‌شی سێیه‌م – جه‌نگی ده‌روونی له‌گه‌ڵ زیندانی – له‌نیا جه‌مال – خوێندکاری کۆلیژی ده‌روونناسی – ئه‌مه‌ریکا
جه‌نگی ده‌روونی
به‌شی سێیه‌م
جه‌نگی ده‌روونی له‌گه‌ڵ زیندانی
له‌نیا جه‌مال
خوێندکاری کۆلیژی ده‌روونناسی
ئه‌مه‌ریکا
زیندانی: به‌مانای کۆنترۆل کردنی جه‌ست و ده‌رونی که‌سێک له چالاکی و جموجۆڵ ، رێگرتن و سنور دانان بۆ ئه‌و کاروبارو بیرکردنه‌وانه‌ی به پێی یاسای گشتی له رێ ده‌رچون و تاوانه . ئامانج له زیندانی کردن هه‌ندێ جار (سزادانه به پله‌ی یه‌که‌م ، دواتر بیر کردنه‌وه‌و به‌خۆداچونه‌وه‌و په‌شیمان بونه‌وه له‌و کارانه‌ی به تاوان هه‌ژمار کراون ، وه دواتر پاراستنی هێمنی و ئاسایشی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ده‌ورو به‌ری تاوانبارن ). ه
که‌سی زیندانی مه‌رج نییه ته‌نها له بینایه‌ک به‌ناوی (زیندان ) ده‌ست به‌سه‌ر بکرێت زۆر ده‌شێت تاکێک له‌ناو خێزان و خانه‌واده‌که‌ی خۆیدا هه‌ست به‌وه بکات که زیندانه . به‌لام ده‌شێت له‌م باره‌دا تاک ته‌نها له روی ده‌رون وفکره‌وه کۆنترۆل کرابێت و ده‌ستگیرابێت به‌سه‌ر ئاره‌زو خواست و بۆچون و هه‌لسو که‌وته‌کانیدا.بۆ ووێنه زۆر جار باوک وه‌ک زیندان مامه‌له له‌گه‌ل هاوسه‌رو مناله‌کانیدا ده‌کات ،به‌جۆرێک جل‌و به‌رگ پۆشین و چونه‌ده‌ره‌وه‌و قسه‌کردن و په‌یوه‌ندی کردن به که‌سانی ده‌وروبه‌ره‌وه هه‌مووی ده‌بێت به‌خواستی گه‌وره‌ی مال بێت ، که ده‌گونجێت زۆر جار خواستی ئه‌و بیرکردنه‌وه‌کانی دروستیش نه‌بن .
به‌لام له‌م ته‌وه‌ره‌دا من ده‌مه‌وێت راسته‌وخۆ باس له‌و زیندانییه بکه‌م که کۆمه‌لێک به‌ر پرس و چاو‌دێر و پاسه‌وان به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن ،که تیایدا چه‌ندین که‌سی به‌ناوی زیندانی لێ ده‌ستبه‌سه‌ر کراوه ، هه‌ر که‌سه‌و به تاوانێک و چیرۆکێک و به روداوێک و دۆسییه‌یه‌ک ، که ده‌گونجێت هه‌ندێکیان به دروستی تاوانبار بن و کارێکی ناشیاو نه‌گونجاویان ئه‌نجام دابێت ، وه له نێوه‌ندیشیاندا ده‌شێت کۆمه‌لێکی تیا بێت بێ تاوان و به دروست کردنی چیرۆکێک و تاوانێکی هه‌لبه‌ستراو راپێچی ئه‌م شوێن و جێگای به‌ناو زیندانه کرابن ، وه‌ک نمونه‌یه‌کی ئاشکراو دیاری مرۆڤایه‌تی (پێغه‌مبه‌ر یوسف)ره‌زاو ره‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بێت 7 سال زیندان بوو له‌سه‌ر تاوانێکی هه‌لبه‌ستراو .
وه هه‌ندێکیشیان ده‌شێت ئه‌و کارانه‌ی که ئه‌نجامیان داوه مافی ره‌وای خۆیان و جولانه‌وه‌یه‌کی ئاسای بو بێت ، به‌لام زیندانی کردنیان ته‌نها بۆ رێ لێگرتن و چاوترساندنیان و راگرتنیان بێت له جم‌وجۆل و چالاکی .
لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و راستییه‌ی که سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ی له زیندانن که‌سی ئاسای ناو کۆمه‌لگان و ده‌شێت ئه‌ندامی خێزانێک بن وه‌ک هه‌موان ، که‌وایه به مامه‌له‌ی دروست ده‌توانین هه‌لسوکه‌وت و بۆچون و رێره‌وی تاوانکاری ئه‌وان بگۆرین و جارێکی تر تێکه‌ل به ژیانی کۆمه‌لگه‌یان بکه‌ینه‌وه .
که‌سی زیندانی به‌رێژه‌یه‌کی گشتی له‌سه‌ر تاوانی (سیاسی ،،یان کۆمه‌لایه‌تی ،یاسای ) به‌ند ده‌کرێن . به پێویستی ده‌زانم دوای شیکردنه‌وه‌یه‌کی کورت و ناساندنی (زیندان و زیندانی ) و جۆره‌کانی و هۆکاره‌کانی راسته‌وخۆ بچمه لای ئه‌و خاله‌ی که مه‌به‌ست و مه‌هامی ئه‌م ووتاره‌یه ئه‌ویش جه‌نگی ده‌رونی له‌گه‌ل زیندانی یه‌کان له ناو به‌ندینخانه‌دا که چۆن و به چ شێوازێک ئازاری ده‌رونی به‌ند کراوه‌کان ده‌ده‌ن له کاتی لێکۆلینه‌وه‌دا یان له ناو زیندان دا ،بۆ ناچار کردنیان به دانپیانان به هه‌له‌و تاوانه‌کانیان یا خود شتنه‌وه‌ی مێشکیان و گۆرینی ئاراسته‌ی فکره‌و بۆچونیان ، تاکو له دوای ئازاد بونیان رێره‌وی کار‌و کرده‌وه‌کانیان بگۆرن .
رێگاکانی ناچار کردنی زیندانی به دانپیادانان له ریگه‌ی جه‌نگی ده‌روونییه‌وه:
1- ئازاری ده‌رونی و فکری به‌جۆرێک توشی بارێکی نا ئارام و ناجێگیری بکات و ناچاری بکات به دانپیانان
2- زۆر جار دژ به زیندانییه سیاسییه‌کان ئه‌وه به‌کار دێنن که له ژورێکی ته‌نهادا دایان ده‌نێن ، چونکه ئه‌م ته‌نیا کردن و جیاکردنه‌وه‌یه له هه‌ستی ده‌ورو به‌رو، دور خستنه‌وه‌یان له په‌یوه‌ندی کۆمه‌لایه‌تییه‌کان و جالاکییه‌کان ، ئه‌بێته هۆکارێک بۆ مل که‌چکردنی بۆ یاساکانی ئه‌وان و گۆرینی ئاراسته‌و فکره‌ی زیندانی
3- به پێی بیردۆزی (پاڤلۆڤ ) بۆ ئه‌وه‌ی زیندانی سیاسی بیر له چالاکی و ئازادی فکری و کۆمه‌ل نه‌که‌نه‌وه ، ئه‌وا ده‌خرێنه ئه‌و ژورانه‌ی که پیاو خراپ و لاسار‌و لاده‌ریان لی یه بۆ کارتێکردن و گۆرینه‌وه‌ی ره‌وشتی وه‌رگیراوی کاتی وه سرینه‌وه‌ی فکره‌ی سیاسی
4- هه‌ست نه کردن به‌شوێن / به چاوی به‌ستراوه‌وه ده‌یگوازنه‌وه بۆ شوێنه‌کان ئه‌مه بارێکی ده‌رونی ئالۆز بۆ زیندانی دروست ده‌کات له‌گه‌ل ترس کاتێک نازانێت له کوێ ده‌ست به‌سه‌ر کراوه
5- هه‌ست نه‌کردن به‌کات / یان هه‌میشه شوێنه‌که‌ی تاریکه یان هه‌میشه روناک ، به‌هۆی بونی روناکی و گلۆپ … نازانێت کاته‌کان چۆن ده‌گۆرێن کاته‌کانی رۆژ ، یان رۆژه‌کانی هه‌فته ، به‌گشتی له به‌روار و کات بێ ئاگا ده‌بێت ، به‌تایبه‌ت زیندانی تاکه که‌سی
6- هه‌ست نه‌کردن به چاره‌نوس / نازانێت و دلنیا نییه چ کاتێک ئازاد ده‌کرێت ، سزاکه‌ی حکوم دان کوشتن و له‌ناو بردن بێ سه‌رو شوێن کردن … چی ده‌بێت چاره‌نوسی
7- بێ به‌ش کردنی له خه‌و به‌هۆی بونی روناکی بێت یان ده‌نگی بێزارکه‌ر بۆ خه‌و زراندنیان ، چونکه خه‌وتن زۆر گرنگه بۆ تازه بونه‌وه‌ی چالاکی له‌ش و فکرو ده‌رون
8- شکاندنی گروپ و تاقم ئه‌و که‌سانه‌ی به‌شێوه‌ی گروپ ده‌ستگیر ده‌کرێن ، جیا ده‌کرێنه‌وه له یه‌کتر . چونکه ئه‌گه‌ر به یه‌که‌وه بن ووره‌یان به‌رزه و ئیراده‌یان زۆره کاتێک له‌گه‌ل هاو گروپ و هاورێکانی دایه
9- سزادان و پاداشت دانه‌وه ، سزای سه‌رپێچی کار ده‌درێت زۆر جار له‌به‌ر چاوی زیندانییه‌کانی تردا و پاداشتی چاکه‌کار ،
10- دروست کردنی زیندانی ساخته له ناویان دا یان دروست کردنی جاسوس له ناو زیندانی یه‌کان خۆیان دا ، چونکه کاتێک گومان له ناو زیندانییه‌کان دا دروست بوو که یه‌کێک له نێوانیان دا قسه‌و باس و زانیارییه‌کان ده‌گوازێته‌وه ئیتر هه‌میشه له‌بارێکی ده‌رونی ناجێگیردا ده‌بن له‌وه‌ی له ناکاو زانیاری یه‌ک یان قسه‌یه‌ک نه‌ده‌ن به ده‌سته‌وه که بۆ دۆسییه‌که‌یان زیان به‌خش بێت
11- یه‌ک ره‌نگی جل‌و به‌رگ یان شته‌کانی ده‌ورو به‌ر زۆر جار هه‌مو شته‌کان سپی ده‌بێت یان ره‌نگێکی دیاری کراوی بێزارکه‌ر که ده‌بێته هۆی نائارامی ده‌رونی بۆ زیندانی
12- به‌کار هێنانی که‌سانی تر بۆ نمونه ده‌نگی تۆمار کراوی که‌سێک ده‌به‌ن بۆ زیندانی بۆ ئه‌وه‌ی بترسێت یان ناچاری بکه‌ن به‌داننان به هه‌له‌و تاوان
13- ئیهانه‌کردن و سوکایه‌تی پیکردن ، له‌لایه‌ن کارمه‌ندان و لێکۆله‌ره‌وان ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌گه‌ل زیندانی یه‌کانی ئه‌بو غرێب دا کرا . مرۆڤ عیزه‌ت نه‌فسی هه‌یه ، کاتێک ئیهانه بکرێت توشی بارێکی ده‌رونی ئالۆز و هه‌ست به که‌می لا دروست ده‌بێت
14- هه‌ره‌شه کردن له خێزان و خزم‌و که‌سو کاری وه‌ک کارتێکی فشار
15- به‌ڵێنی درۆ ئه‌وانه‌ی لێکۆلینه‌وه ده‌که‌ن زۆر جار به‌لێنی درۆ‌و ناراست ده‌ده‌ن به زیندانی که ئه‌گه‌ر قسه بکه‌ن و لێکۆلینه‌وه‌که به دلی ئه‌وان وه‌لام بده‌نه‌وه ، ئه‌وا ئازاد ده‌کرێن و ئاسانکاری و هاوکاری ده‌کرێن بۆ ئازاد بون . به‌لام ئه‌مه ته‌نها له کاتی لێکۆلینه‌وه‌دایه .بگره دواتر ده‌بنه بارگرانی بۆ دۆسییه‌ی زیندانی .
له‌کۆتایدا کورته‌یه‌ک ده‌رباره‌ی زیندانییه‌کی خۆراگر‌و خاوه‌ن ئیراده که 27 سال له ته‌مه‌نی گه‌نجایه‌تی و بیروهۆشو چالاکی خۆی کرده یادگاری له‌سه‌ر دیواره‌کانی به‌ندینخانه ، له پێناو نه‌مانی جیاوازی له نێوان مرۆڤه‌کان بوو به سمبولی تێکۆشان کاتێک ده‌سه‌لاته ره‌گه‌ز په‌رسته‌کان هه‌ستیان به مه‌ترسی ئه‌م لاوه روناکبیرو ئازادی خوازه کرد به تۆمه‌تی رێکخه‌ری مانگرتن و توندوتیژی و پلان دانان بۆ کرده‌وه‌ی چه‌کداری ده‌ستگیریان کرد و حوکم درا به درێژای هه‌موو ژیانی به‌لام له سالی 1990 له ته‌مه‌نی 72 سالی دا له ژێر فشارێکی نێوده‌وله‌تی ئازاد کراو دواتر بوو به سه‌رۆک کۆماری ئه‌و وولاته‌و خه‌لاتی نۆبلی ئاشتی پێ به‌خشرا ئه‌ویش (نێلسۆن ماندێلا ) بوو
كانونی یه‌كه‌م 28, 2011
قوتابییه‌ک دایکان و باوکانی خسته گریان
قوتابییەك دایكان و باوكانی خستە گریان
ئەم وتارە لە كۆبوونەوەی دایباب لە قوتابخانەی گوڵانی بنەڕەتی لە پایتەخت لەلایەن قوتابی بەهرەمەند [عمرنجم ا‌لدین] پۆلی شەشەمی بنەڕەتی خوێندرایەوە كە بووە جێگای خۆشحاڵی ئامادەبوان پاشان لە گۆڤاری ژیاری پەروەردەیی بڵاوكرایەوە.
دایكان باوكان، خۆشەویستانی دڵە پڕلە ئومێدەكانمان ،ئێمەی منداڵ باش ئەو ڕاستیە دەزانین ،كە ئێوەی ئازیز بەقەد گلێنەی چاوەكانتان ئێمەی جگەر سۆزتان خۆش دەوێ،ئێمە دەزانین ئەگەر ئێوە حەز نەكەن كەس لەخۆتان بەرز تر بێت بەڵام شانازی دەكەن ئێمەی جگەرتان لەئێوە باڵاتر بین لەژیان ،هەربۆیە جوامێرانە شانتان داوەتە بەر ئەو هەموو ئازار‌و زەحمەتیانە،گیانمان قوربانی فیداكاریتان ،ئەودەمەی ئاوات و خۆزگە كەسیەكانتان لە پێناوی ئێمە فەرامۆش دەكەن ،زۆرن ئەو ساتانەی پێداویستیەكانی ڕۆژانەتان لەبیر خۆتان دەبەنەوە و تا ئێمەی پێ پۆشتە بكەن ،دایەو بابەكەم قوربانی هەموو ئەو فرمێسكانەتان بم كە لە تاریكی شەوا بەدیار لاشەی پڕلە ئازاری ئێمەدا لە چاوەگەشەكانتان تك تك دەتكاو دەستی پڕلە نزاتان بۆ ئاسمان هەڵدەبڕی و دەتان ووت خوایە گیان ئەم دیاریە رازاوەمان زوو بۆ چاك بكەوە …..ئەی خوایە گیان ، ئێستا شوكر بۆ خوا ئێمە گەورەبوین و هاتوین بۆ قوتابخانە ،ئێمە ئێستا زۆر گرنگین ،جێی بایەخین ،چونكە نەوەی دواڕۆژین .ببینن ئەو باڵە خانە بەرزانە كە قوتابخانەی لانەی فێربونە بۆ ئێمە دروست كراون ،ئەها ئەو هەموو فەرمانبەرە بەڕێزو مامۆستا دڵسۆزانە هاتون لە پێناوی پێگەیاندنی ئێمەدا بەهاری ڕازاوەی تەمەنیان وەك مۆم دەتوێننەوە ،ئێمە گرنگین ئەوەتا هەمووتان ئەمڕۆ بۆ قسەكردن لەسەر ژیان و دواڕۆژی ئێمە كۆبوونەتەوە ،ئێمە شەرمەندەی ئەو هەم و پاكی و دڵسۆزیەتانین .هەمیشە لە خوا دەپاڕێینەوە لە نیعمەتی ووشەی پڕلەچێژی دایەو بابە بێبەش نەبین ،مامۆستاكانیشمان وەك ئێوە بەخشندەن زۆر جار بێ نازی و ناپۆشتەیی یەكێك لە ئێمە یان یەتیمیمان دەبێتە تەوقی میهرەبانی گریان و گەروی زوڵاڵیان دەگرێ،گەرچی هەوڵ دەدەن نەگریەن تا عەزمی ئێمە نەڕوخێ بەڵام كانی چاوەكانیان میهر بارانمان دەكەن ،گریانی تۆمامۆستاكەم نمەی بارانی بەهارەو لەسەر ڕۆحمان خۆشەویستی و دڵسۆزی دەڕوێنێ.هۆ دایە گیان ،بابەگیان ڕێم پێبدەن لەم دەرفەتەدا هەندێك لە ئازارەكانی ناخمان بۆ ئێوەی بەڕێز دەربڕین .تائێوەو هەموو خەڵكیش بە مەینەتیەكانمان بزانن .
-مامۆستا لەوانەی مافی مرۆڤدا پێی وتین زانایەك دەڵێت :گەورەترین كار كەپێویستە باوك بۆ مناڵەكانی بكات ،ئەوەیە كە دایكیانی خۆش بوێت و رێزی لێبگرێت .بەڵام بەداخەوە زۆر جار هەست دەكەین بەهۆی زاڵ بوونی كەلتوری سەقەتی كۆمەڵگاوە بێڕێزی بە دایكانمانەوە دەكەن ،باوكە گیان چۆن دەبێ وتەی ناشایستە بەو كەسە بڵێی كە نۆمانگ ئێمەی بەمیهرەبانی خۆی لە هەناویا هەڵگرتوە؟!! من نازانم چۆن ڕێگە بەخۆتان دەدەن ووتەی سوك بەیەكێك بڵێن كە پێغەمبەر [د.خ ] لەسەر بێت لە دەرهەقیا دەفەرموێت [بەهەشت لە ژێر پێی دایكانە].
-بابە گیان زۆربەتان هەمیشە توڕەن ،كاتی پیرۆزی خۆتان بە شتی لاوەكی بەسەردەبەن ، زۆر بەئاسانی دەبنە برادەری خەڵك ،بەڵام نایەن ببنە هاوسۆزو برادەری ئێمە باوەشی ئەوینمان بۆ بكەنەوە تالە ئازارەكانی ژیان ڕزگارمان بێت و لە وێدا ئۆقرە بگرین ،بۆ دەتانەوێ هەمیشە ماڵەكانمان لێبكەن بەسەربازگە و تەنها نەغمەی [بكە و مەكە ]ی لێ بێت !!؟بەشێكیشتان كە دێنەوە ماڵ دوای كار‌و كاسبی باشترین دیاری دەستان دوكەڵی جگەرەیە!!ئێوە گەر خۆتان خۆش ناوێ منی مناڵ تاوانم چیە بەدوكەڵی ئارەزوی ناتەندروستی ئێوە بخنكێم !!؟من لەگەڵ هەرجگەرەیەكی تۆدا هەست كردن بە وجودی خۆم لە لاكاڵتر دەبێتەوە .
ئیمە ناسكین وەك شۆڕەبی كاتێك بای ئارەزوو دەمان جوڵێنێ و دەمانخات ،ئێوە نایەن بە ئارامی ڕاستمان بكەنەوە ،ئای بابەو دایە چەند ڕقم لەو وشانەیەكە هەمووجار دەڵێن [تۆ نابی بەهیچ ]یان [تۆ فاشیلی ]یان [داری كفر هەر لەسەر زەوی دەبێت و نابێت بە كاریتە ] بەڵام ئازیزانم بزانن ئێستا سەردەمی زانست و تەكنە لۆ ژیایەو داری كفر زۆر بە ئاسانی دەبێت بەكاریتەو ئێمەش بە پشتیوانی خوا، پاشان هەوڵی ئازیزان دەبین بە خەمخۆری وڵات ،دەبین بەوەزیر،دەبین بە سەرۆك،دەبین بە مامۆستا ….
دواجار دەمەوێ بەئێوەی ئازیز ڕابگەیەنم ڕاستە ئێمە مناڵین بەڵام هەست و نەستمان زۆر گەورەیە، زۆر بەئاسانی هەست بە هەڵەو كەم و كوڕیەكانتان دەكەین ،بەڵام كەقسە ناكەین [ناوێرین!؟] بۆیە وا مەزانن بێدەنگیمان نیشانەی تێنەگەیشتنمانە .بەڵكو وا فێرتان كردوین ئێمە بۆمان نییە قسە بكەین! ئیدی ئەو بێدەنگیە بۆ زۆربەمان دەبێت بە دێوەزمەو تامردن بەرۆكمان بەرنادات !؟؟ ئێمە ئەمڕۆ بەكامێرای چاوەگەشەكانمان وێنەی كردەوەكانتان جوان جوان بە چاك و خراپەوە دەگرین ،ئەگەر ئێستاش نەتوانین بچینە تاقیگە،ئەوا دڵنیابن سبەی لەتەمەنی [20]ساڵی لە تاقیگەی ژیاندا هەموو وێنەی كردار‌و هەڵوێستەكانتان دەشۆینەوە و بە عەقڵی گەورەییمان هەڵی دەسەنگێنین،ئیتر ئەوسا وێنە جوانەكان دەبن بە وانەی پراكتیكی و هەڵیاندەواسین لە سەر دیواری ژین ، وێنەكانی تریش دەبنە ئازاری ویژدان و ڕۆحی شكۆمان لاواز دەكەن .دایە گیان ئازیزەكەم دەتۆش لە پێناوی گەورە بوونی مەردانەی ئێمەدا زیاتر ئارام بگرەو مەیەڵە لەسەر هەندێ داواكاری تایبەت ماڵەكەی باغی بەهەشتمان لێ ببێت بە دۆزەخی ئەبەدی ،چونكە ئەوسا ئێمە دەسوتێین بە گوناهێك كە ئەنجاممان نەداوە،باوكە گیان تۆش ئارام گربە لەگەڵ ئێمەو لەگەڵ داواكاریەكانی ژیان ،چونكە جوامێری و شكۆ‌و هێزی مرۆڤ لە ئارامگریەكەیدایە نەك پێچەوانەكەی . ڕاستە دیاری و یاریە پلاستیكیەكان تا ئەندازەیەك دڵخۆشمان دەكات ،بەڵام ئەوە بزانن ئەوان بێ سۆز‌و بێگیانن ،هەرگیزاو هەرگیز جێگای چركەیەك لە سۆزوخۆشەویستی ئێوە ناگرنەوە،بۆیە پڕ بەدڵ تامەزرۆی سۆز‌و میهرەبانی و باوەشی گەرم و خەندەی لێوو قسەی پڕ لەسۆزو شیرینتانین ،توخوا دایەو بابە تا بچوكین وجێگەمان دەبێتەوە لە باوەشتان تێر لە باوەشمان بگرن ،تا ئێمەش خۆزگە گەورەكانی ئێوەو نەتەوە ئازادیخوازەكەمان بەشكۆوە لەباوەش بگرین .
كانونی یه‌كه‌م 28, 2011
چوار کلیلی ئاڵتونی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوکێ – وه‌رگێڕانی: عومه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌یی
چوار كلیلی ئاڵتونی بۆبەرەنگاربوونەوەی دڵەڕاوكێ
نوسینی فاتیمە بری نعمەتی
لەفارسیەوە: عومەر هەڵەبجەیی
لەم سەردەمە پڕلەكێشەو گرفت‌و جەنجاڵیەدا، مرۆڤ لەدۆخێكی ناهاوسەنگی دەروونی‌و شەكەتی ڕۆحی‌دا دەژی، هەرچەندە هەموو هەوڵ‌و كۆششی خۆی بەخەرج دەدات بۆئەوەی بتوانێت بەكامەرانی‌و ئاسودەی بگات. ژیانكردن لەم دونیایەدا بۆئێمە تێكەڵەیەكە لەدەرد‌و خۆشی، ڕەنج‌و ئاسودەیی، تۆقین‌و ئاسایش، مرۆ بەپێی زات‌و سر‌وشتی خۆی هەمیشە بەدوایی خۆشبەخیتدا دەگەڕێت‌و لەبەدبەختی‌و راڕایی هەڵدێت‌و یاخی دەبێت، بەڵام لەهەمانكاتدا بەشێكی زۆری كاتەكانی ئینسان، لەنیگەرانی‌و دڵەڕاوكێدا بەسەر دەبات، نیگەرانی ڕیشەی گەلێك لەنەخۆشیە دەروونی‌و جەستەییەكانە، لەبەر ئەوە هەمیشە پێویستە ئێمە بەدوایی چارەسەردا بگەڕێین، هەروەها لەدڵەڕاوكێ‌و راڕایی مەودا وەربگرین‌و دوور بكەوینەوە، لەبەر ئەوە ڕێڕەوەی جیاواز هەیە بۆئەوەی سەربكەوین بەسەر نیگەرانیدا‌و لەدونیای خۆشبەختی‌و شادومانیدا هەنگاو بنێین.
یەكەم: ئیمانت بەخودا هەبێت. كاریگەریترین دەرمانی شفابەخشی دڵەڕاوكێ‌و راڕایی ئیمان‌و ڕێبازی دینیە، چونكە مرۆڤی دیندار كەمتر دووچاری شڵەژان‌و پەشۆكان دەبێت، لەبەرئەوە بۆهەموو حاڵەتە ناسۆرەكان‌و ڕووداوە تاڵەكان كە لەژیانیدا بۆی دێتە پێشەوە پشت بەخودا دەبەستێت‌و دەزانێت هەموو زیندەگی‌و چارەنووسی لەدەستی خودادایە، لەبەر ئەوە هەرگیز نیگەران‌و راڕا نابێت، هەروەها لەوڕەهەندەوە بۆمان دەردەكەوێت ئێمە دەتوانین بەنزاكردن‌و پاڕانەوە‌و نوێژكردن ئاوپرژێنی دڵ‌و ڕۆح‌و جەستەی خۆمان بكەین، ئەوكات دەگەینە ئەودەرئەنجامەی كە دین چ كاریگەرییەكی پۆزەتیڤی هەیە لەژیانماندا.
دووەم: تەنها ئەمڕ بەڕۆژی خۆت بزانە. یەكێك لەفاكتەر‌و میكانیزمە ئازاردەرەكان كە لەسروشتی مرۆڤدا بوونی هەیە ناڕازی بوون لەئێستاو بیركردنەوە لەئایندەی نادیارە، لەتەواوی قۆناغەكانی ژیاندا پەردەیەكی پۆڵای بكێشە بەسەر ئایندەدا، ئێمە ناڵێین” بیر لەئایندە مەكەرەوە، بۆئایندە بەرنامەڕێژیت هەبێت خەونی گەورەت هەبێت‌و هەنگاوی جیدی بنێ بۆبەدیهاتنیان، بەڵام مەبەستمانە بڵێین” ئایندە نەبێتە سەرچاوەیەكی سەرەكی بیركردنەوە بۆئەوەی ئێستای پێ تاڵ بكەیت، بەڵكو لەئێستا چێژ وەربگرەو كاتەكانت بەخۆشی‌و ئاسودەییەوە بگوزەرێنە، واهەست بكە لەم ساتە وەختەی كە تیایدا دەژی پێویستە لەترۆپكی خۆشحاڵی‌و كامەرانیدا بیت، نەوەك بیر لەئایندە بكەیتەوە‌و پەیكەرێكی دژواری خەیاڵی دوور لەڕاستی لەمێشكدا بكێشت‌و ئێستایی پێ ناخۆش بكەیت، هەروەها پێدەچێت هەموو تاكێك تاڕادەیەك كاری سەخت‌و دژواربێت، بەڵام كەسی خۆشبەخت ئەوكەسەیە كە تەتوانێت بەئیرادەی بەرز‌و متمانەبەخۆ كارەكەی بۆخۆی خۆشبكات‌و چێژی لێوەربگرێت.
((هوراس)) شاعیری ناوداری ڕۆمی لەیەكێك لەهۆنراوەكانیدا دەڵێت” بەختەوەر ئەوكەسەیە كە ئەمڕۆ بەڕۆژی خۆی دەزانێت‌و بەبەیانی بڵێت” هەرچیت لەدەست هات درێخی مەكە، چونكە ئەمڕۆم بەخۆشترین ڕۆژ تێپەڕاند.
سێیە: تێڕوانینی ئەرێنی دەربارەی ژیان. ژیانی تاك، بەرهەمی ئەفكاری ڕۆژانەیەتی، ئەگەر ئێمە ئەفكاری خۆش‌و شاد بخەینە مێشكمانەوە ئەوا بەشێوەی یەقین خۆشبەخت دەبین، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر خۆمان بدەین بەدەستەوە بۆئەفكاری نێگەتیڤ، بەدڵنیایەوە دووچاری راڕایی‌و پەرێشانی دەبین، هەروەها ئەگەر وابیربكەینەوە كە كەسایەتیەكی سەرنەكەوتوومان هەیە، ئەوا بەبەردەوامی لەڕەوشێكی ئاڵۆزی‌و گرژی دەرونیدا دەبین، بەڵام ئەگەر وابیربكەینەوە كە ئێمە كەسایەتیەكی سەركەوتوومان هەیە، بەدڵنیاییەوە هەمیشە لەدۆخێكی هێوری‌و ئاسودەیی دەروونیدا ژیان دەگوزەرێنین.
هەڵبەتە مرۆڤ نابێت دەربارەی تەواوی ژیان بێ باك‌و خەمساردبێت، چونكە ژیان سادە‌و سانا نییە، پێویستی بەهەوڵ‌و كۆشش‌و ماندووبوون هەیە، لەبەرئەوە هەمیشە بەولۆژیكەوە ڕێڕەوی ژیان بگرین كە دەتوانین بەسەر تەواوی كێشەو گرفتەكانماندا زاڵبین، نەوەك دەستەوەستان بین بەرامبەر لەمپەر‌و ئەوئەستەمانەی كە دێتە ڕێگەمان لەژیاندا، هەروەها زۆربەی كاتەكانمان لەدڵەڕاوكێدابین.
((مونتین)) فەیلەسوفی ناوداری فەرەنسی دەڵێت” (( مرۆڤ ئەوەندە لەڕوودانی ڕووداوە ناخۆشەكان دەترسێت، ئەوەندە لەخودی ڕووداوەكە هێدمەی بەرناكەوێت))
چوارەم: لەخۆبوردەبین‌و قینەبەرایەتی لەخۆمان دووربخەرەوە. كاتێك ئێمە لەنەیارانی خۆمان كینە بەدڵ دەبین، نەفرین‌و كینەی ئێمە هیچ ئازارێك بەئەوان ناگەیەنێت، بەڵكو ژیانی ئاڵتونی خۆمانمان گۆڕیوە بۆدۆزەخێك، بەپێچەوانەوە ئەگەر دوژمنانمان بزانن چەندە كینە بەدڵین بەرامبەریان لەخۆشیدا سەمادەكەن، لەبەرئەوە لەخۆبوردەی‌و بەخشین هەمیشە بەسودی مرۆڤە، باشتروایە لەبەرخاتری سەلامەتی‌و خۆشی خۆشمان بووە لەخۆبووردەبین، هەروەها ئەوفكرە لەمێشكماندا بڕوێنین كە هەموو كەسێك سزای كاری نەشیاوی خۆی وەردەگرێت، لەبەرئەوە ئامانجی گەورەمان هەبێت هەوڵ بدەین بەكردار‌و گوفتار گۆڕاكاری بكەین لەكەسانی دەوروبەرمان، نەوەك لەیادی تۆڵەسەندنەوەدابین، كاتێك كەسێك هەڵەیەك بەرامبەرت دەكات چێژلەوەدایە بیبوری نەوەك تۆڵەی لێبسێنیتەوە ئەم ووتەیە ئەگەر بۆجارێكیش بووە لەژیاندا ئەزموونی بكە.
چەند خاڵێكی دیكە.
چالاكی‌و كاركردن باشترین دەرمانی دڵەڕاوكێ‌و فشاری دەروونیە، چونكە كاتێك سەرقاڵی كاردەبیت باوەڕبەخۆبوونت زۆردەبیت‌و هەست بەئارامشی ڕۆحی‌و دەرونی دەكەیت، هەروەها ناسنی خۆت باشترین چەكە بۆبەرەنگاربوونەوەی دڵەراوكێ، لەبەرئەوە نابیتە پاشكۆی هیچ كەسێك‌و لاسایی هیچ كەسێكی دیكە ناكەیتەوە، واتە خۆت بەهەموو بوونتەوە وونناكەیت لەكەسێكی تردا، هەمیشە هەوڵ بدە كەسێكی پشتبەستوو مەبە، بەڵكو بڕیاری ژیان‌و كاركردنت بالەەست خۆتدابێت، پشودان‌و سەفرەت لەبیرنەچێت، كات تەرخان بكە بۆپشودان‌و سەفرە‌و سەیران، هەروەها خەتن‌و گوێ لەموزیك فەرامۆش مەكە، چونكە سەرچاوەیەكی باشە بۆچارەسەری نیگەرانی، گاڵتەو گەپ وازلێمەهێنە، بەڵام بەڕەچاوكردنی هەست‌و كەسایەتی بەرامبەرەكەت.
Omer.halabjay@yahoo.com
كانونی یه‌كه‌م 2, 2011
ڕاکردن له ڕابردوو – کامه‌ران چروستانی
ڕاکردن لە ڕابردوو
کامەران چروستانی
هەر کاتێک باس لە “ڕاکردن لە . . .” دەکرێت، چەمکی ترسمان بەبیر دێتەوە. هەر کاتێک باس لە ترس دەکەین ئەوەمان بەبیردا دێت، ئایا لە دیاردەیەکی دیاریکراو و ناسراو دەترسین یاخود لە شتێکی نەناسراو: لە یەکەمدا ترس لە مار، مشک، کەسێکی دیاریکراو، بەرزی. بەڵام لە دووەمدا ترس لە تەنهابوون، ترس لە تاریکیدا بەبێ ئەوەی بزانین لەو تاریکییەدا یان لە تەنهابوونماندا چی ڕوو دەدات. بۆ هەر یەکێکیش لەم ترسانە جۆرە میکانیزمێکی تایبەت هەیە بۆ خۆپاراستن و پارێزگاریکردن.
بە شێوەیەکی گشتی هەستی ترسیش یان بە ئەزموونێکی نێگەتیڤی پێشووی ژیانمانەوە بەستراوە یاخود لە نەبوونی ئەزموون و ئەگەرەکانی داهاتووەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام هەرچۆنێک بێت ترس میکانیزمێکی خودە پاراستن لە ژیانماندا دەخولقێنێت. لە هەمان کاتدا ترس بنچینەیەکی زۆر بەهێزە بۆ ڕەگداکوتانی بوێری کە لە قۆناغی کۆرپەێتیەوە دەست پێ دەکات و پاڵنەرێکی بەهێز بێت بۆ ئەوەی مرۆڤ توانای هەنگاونانی بەرەو تاقیکردنەوەی پرۆسە نەزانراوەکانی ژیانی هەبێت. واتە هەرچەندە ترس لایەنێکی نێگەتیڤی هەیە، بەڵام لایەنێکی پۆزەتیڤیشی هەیە.
هەندێکجار ئەزموونێکی سەرنەکەوتوو، نێگەتیڤ، شکستێک یاخود هەڕەشەیەکی ڕابردوومان جۆرە ترسێک لە ناخماندا دەخوڵقێنێت و هەروەها نەک تەنها لە ژیانەکەی ئێستاماندا ئاسەوارەکەی دەردەکەوێت، بەڵکو بە بەردەوامی لێی ڕادەکەین و تیایدا دەژین.
کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە ڕابردوو هەڕەشەیەکی بەردەوامە لە ژیاندا و وێنەی ڕابردوو بکات بە نموونەیەک بۆ هەموو هەنگاوێک و پلانێکی ژیان، کاتێک (ڕابردوو) لە سنووری (وانە)یەک دەردەچێت و دەبێت بە پێوەر بۆ (داهاتوو)، کاتێک ڕابردوو دەهێنرێتە بەردەم ڕەوتی ژیان و لە (هەنووکە) و (داهاتوو)دا تەماشای دەکەین، ئەو کاتە هەمان گۆشەی ڕابردووی ژیانمان دەبێت بە بەشێک لە هەڕەشە و ترس لەبەردەم گۆڕانکاری و چالاکیی ژیانماندا: نامەوێت هەرگیزاو هەرگیز جارێکی دیکە هاوڕێیەتی خەڵکی ئەو دەڤەرە بکەم، کە ئەم ڕووداوە ڕووی دا، جارێکی تر بیر لە خۆشەویستی ناکەمەوە، هەرگیز تێکەڵی ئەو بازرگانییە نابمەوە، خۆ لەم هاوسەرگیرییەدا سەرکەوتوو نەبووم، ئیتر بیر لە هاوسەرگیری ناکەمەوە.
ئەم جۆرە وشە و هەڵوێستانە لامان نامۆ نین و گەر لە خودی خۆشمان‌دا بەدیمان نەکردبێت، ئەوا دەوروبەر ئەزموونێکی زۆری پێ بەخشیوین. هەرچۆنێک بێت ئەمە لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە، کە مرۆڤ لەو کاتەدا جگە لەوەی، کە لە بەندیخانەی ڕابردووی خۆیدا دەژی، لە هەمان کاتدا ڕابردووی خۆی داهاتوویەتی، کە ناتوانێت سەربەستی بدات بە هەنگاوەکانی، پلانەکانی، جەستەی، دەروون و هەستەکانی لە ژیانێکی ئاسایی واقیعیدا بژین، بەڵکو هەرچەند پرسی ئەو بابەتە دێتە بەردەمی، سەر لە نوێ دەگەڕێتەوە ناو چوارچێوە تەسکەکەی کارەساتەکەی ڕابردووی، ئەگەر ئەو ڕووداوە بە کارەسات لە ڕوانگەی ئەوەوە ناو بەرین. واتە لە لایەکەوە لە ڕابردوو ڕادەکات و لە لایەکی دیکە بە بەردەوامی لەناویدا دەژی.
بەڵام ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە ئاوڕێک لە ڕابردوومانەوە بدەین هەزارەها سەرکەوتن و بە ئامانج گەشتن بەدی دەکەین. لە هەمان کاتدا هەزارەها شکست و سەرنەکەوتن لە ژیانماندا ڕووی داوە، هەرچەندە ئەوەی کە زیاتر لە هزر و بیرەوەریماندا دەمێنێتەوە تەنها ئەوانەن، کە ڕۆڵێکی گەورەی هەیە یان هەبووە لە ڕەوتی ژیانماندا. بەڵام ئەم ئاوات و خەوانە ڕۆڵەکانیان گەورە بن یان بچوک، سەرکەوتوو بن یان نا، کاریگەرییان هەتا ئێستا هەبێت یان نا لە بناغەدا یەک خاڵ کۆیان دەکاتەوە کە ئەویش هەوڵ و زۆرانبازی ژیانە، کە ئەو هێزەیە کە بەردەوامی دەدات بە ژیان و لەناو ئەم ژیانەدا وەک (ئەندامێکی زیندوو) دەمانهێڵێتەوە. شکستێکیش قەوارەکەی هەرچەندە گەورە بێت لە ژیانماندا ئەوە ناگەێنێت، کە ئێمە بیکەین بە بەهانە و وێنە نموونەییەکەی ژیان بۆ ئەوەی لە (هەنووکە)دا بە بەردەوامی تیایدا بژین. چونکە ئەمە مانای کوشتنی بەشێکە لە بەشە چالاکییەکانی ژیانی مرۆڤ وەک (ئەندامێکی زیندوو). هۆکارێکی سەرەکیش هەیە بۆ ئەوەی هەر مرۆڤێک نەتوانێت خۆی لە دەرئەنجامی هەوڵێکی ژیان دەرباز بکات بریتییە لە بەکارەساتکردنی ئەو ڕووداو و شکستییەی ژیانمان، چونکە گەر هەر یەکێک لە ئێمە بتوانێت لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە تەماشای هەنگاوەکانی ژیان بکات، تەماشای ڕەوت و هۆکارەکانی شکستەکە بکات، ئەوا بێگومان جۆرە تێگەشتنێکی دیکەی دەست دەکەوێت. تێگەشتنیشمان بۆ وردەکارییەکانی ژیان ڕەوتمان لە ژیاندا دەگۆڕیت. کەواتە ڕێگەچارە تەنها گۆڕینی گۆشەنیگاکانمانە لە ژیان بۆ ئەوەی لە مێردەزمەی ڕابردوو ڕزگارمان ببێت: ئەگەر مێردەزمە بێت.
تشرینی دووه‌م 26, 2011
قه‌ناعه‌ت – و: د . ڕێدار محه‌مه‌د ئه‌مین – پسپۆری نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کان
قەناعەت
و: د . ڕێدار محه‌مه‌د ئه‌مین
لەژورێكی بچوك لەسەربانی ماڵێكدا بێوەژنێك لە گەڵ مناڵە بچوكەكەی ژیانێكی هەژارانە دەژیان ، كەچی ئەم خێزانە بچوكە لەلایەن خوای گەورەوە نیعمەتی رازیبوون بەبەش و قەناعەتیان پێ بەخشرابوو ، تەنننها ئەوەی زۆر ئەم دایكە رەزامەندەی نیگەران كردبوو ، باران بارینی وەرزی زستان بوو ، چونكە ژوورەكە لە چواردیواروو دەرگایەكی تەختە پێكهاتبوو ، بەڵام بنمیچی نەبوو ! چوار ساڵیش بەسەر تەمەنی مناڵەكە تێپەڕیبوو ، تەنها هەندێك نەرمەباران لێرەو لەوێ لەشاردا باریبوو ، كەچی رۆژێك هەر لە ئاسمان كۆبویەوەو سەراپای ئاسماتی شار رەش بوو … لەگەڵا ساتە زووەكانی شەویش بارانێكی زۆر باری ، خەڵاك هەموو چوونەوە ماڵەوە ، بەڵام ئەم دایك و مناڵە لەژێر رەحمەتی ئەم بارانە بوون ، منداڵەكە بەسەرسامیەكی پڕ لە ترس سەیری دایكی كردوو خۆی خستە باوەشیەوە ، بەڵام دایكەكە هەموو جەستەی بەباران تەڕببوو ، دایكەكە بەرەو رووی دەرگاكە رۆیشت و لێیكردەوەو خستیەسەر لێوی یەكێك لە دیوارەكان ، تلكو كەپرێك بۆخۆیان دروست بكەن و بیانپارێزێ لە باران ، لەم ساتەشدا مناڵەكە بە دڵخۆشیەكی پڕ لە بەرائەتەوە سەیری دایكی كردوو لە روخساری نیشانەی رەزامەندی و شادومانی بە دیدەكرا …
پاشان بە دایكی گووت : دایەگیان دەبێ ئێستا هەژارەكان چی بكەن ؟ كاتێك لەم شەوە باراناویەدا دەرگایەكیان نییە خۆیان لەژێریدا بپارێزن !! مناڵەكە لەو ساتەدا وای هەست دەكرد ، ئەو لەچینی دەوڵەمەندانە چونكە دەرگایەكیان هەیە..!!
قەناعەت چەند جوانە .. چونكە سەرچاوەی بەختەوەری و ئارامی دەروونە
وتەی ناوداران
_هەموو خەڵك بیر لەگۆڕینی جیهان دەكەنەوە بەڵام كەس بیر لەگۆڕینی خودی خۆی ناكاتەوە . (تۆلستۆی )
_سێ رستە بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتن :زانیاری زیاتر لەوانی تر ، ئیشی زیاتر لەوانی تر چاوەڕوانی كەمتر لەوانی تر ( ولیام شكسپیر )
_ بڕوابكە ، هەموو كەسێك مەترسیدارە بەڵام باوەڕیش بكە هیچ كەسێك زۆر مەترسیدار نییە ( ئەبرەهام لنكۆڵن )
- ئەگەر سەركوتیت پێویست ناكات روونی بكەیتەوە ، ئەگەر دۆراشیت پێویست ناكات لێرەبیتتاروونی بكەیتەوە (هیتلەر )
كەمێك زانیاری مەترسیدارە (جۆن دراید)
تشرینی دووه‌م 20, 2011
بۆ سلێمانی … چه‌ند بیره‌وه‌رییه‌ک – به‌شی دووه‌م – ده‌روونناس: سامان سیوه‌یلی
بۆ سلێمانی … چه‌ند بیره‌وه‌رییه‌ک
به‌شی دووه‌م
ده‌روونناس
سامان سیوه‌یلی
له شاری مه‌ریوانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش ساڵێک ماینه‌وه و له‌وێ نیشته‌جێ بووین، به‌ڵام شاری مه‌ریوان تایبه‌تمه‌ندتر بوو بۆ من له‌و ته‌مه‌نه‌دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی شارێکی گه‌وره‌تر بوو، شوێنی نیشته‌جێبوونمان باشتر بوو، باوکم هه‌ر زوو خانووه‌یه‌کی به کرێ گرت و دوکانێکیشی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانمان دانا له‌ناو بازاڕی مه‌ریوان. له‌هه‌مووی تایبه‌مه‌ندتر بۆ من ئه‌وه بوو، که ڕێژه‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵکی سلێمانی ئاواره بووبوون و هاتبوونه مه‌ریوان، ژماره‌مان ئه‌وه‌نده زۆر بوو حکومه‌تی (شا)ی ئێران قوتابخانه‌یه‌کی بۆ منداڵی ئاواره‌کان کرده‌وه که تایبه‌ت بوو به ئاواره‌کانی سلێمانی. مامۆستاکانیشمان به‌هه‌مان شێوه هه‌موویان خه‌ڵکی سلێمانی بوون و وه‌ک ئێمه ئاواره بوون. ته‌نها ناوی یه‌ک مامۆستا‌م له یاده که ناوی (عبدالرحمن) بوو. ئه‌وه‌ی نوێ بوو بۆ ئێمه‌ی قوتابی له‌و کاته‌دا دابه‌شکردنی (مۆز و سێ‌و و پرته‌قاڵ و شه‌ربه‌ت و کێک) بوو، که ڕۆژانه له‌وانه‌ی سێیه‌مدا هه‌ر ڕۆژه و چه‌ند جۆر میوه و خۆراکێکیان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌کردین، به سندوق میوه‌کانیان ده‌هێنایه ناو پۆله‌وه، بۆنی سێ‌و و پرته‌قاڵه‌که هێنده خۆش بوو، هه‌تا ئێستاش ئه‌گه‌ر بۆنی ئه‌و دوو میوه‌یه بکه‌م، ئه‌و ڕه‌وشه‌ی ئه‌و کاته‌م دێته‌وه یاد. ئه‌و خه‌ڵکه‌ی سلێمانی که ئاواره بووبووین تێکڕا له نائومێدییه‌کی زۆردا ده‌ژیان، هه‌ندێجار له‌ماڵی خۆمان ئاگام له‌وتووێژه‌کانی باوکم و میوانه‌کانی بوو که هه‌ندێجار نائومێدی گه‌یشتبووه ئه‌و ڕاده‌یه‌ی، ئایا جارێکی تر سلێمانی ده‌بینینه‌وه؟.
ورده ورده له‌گه‌ڵ منداڵانی گه‌ڕه‌ک و منداڵانی مه‌ریوان تێکه‌ڵیمان په‌یداکرد و هه‌ندێ ڕۆژ به‌ناو بازاڕدا ده‌گه‌ڕاین. سه‌یرترین دیمه‌ن بۆ من له‌و کاته‌دا دیمه‌نی یادی (عاشورا)ی شیعه‌کان بوو، له گۆڕه‌پانێکی شاری مه‌ریواندا خه‌ڵکانێکی زۆر (دیاره لایه‌نگرانی ڕژێم و سوپا بوون) به زنجیر له‌خۆیان ده‌دا، هه‌ندێکیان جه‌سته‌یان خه‌ڵتانی خوێن ده‌بوو، دیمه‌نه‌کان بۆ ئێمه زۆر سامناک بوو، به‌ڵام هه‌ر دووریش نه‌ده‌که‌وتینه‌وه و سه‌یرمان ده‌کردن.
هێنده‌ی نه‌برد من و برایه‌کی له خۆم گه‌وره‌ترم تووشی نه‌خۆشی (گرانه‌تا) بووین، له نه‌خۆشخانه خه‌وێندراین، ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنج بوو له‌ناو نه‌خۆشخانه‌که‌دا، کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه‌ی برینداری شه‌ڕه‌کانی شۆڕشی کورد و حکومه‌تی به‌عس بوو، که له‌ناویاندا، پێشمه‌رگه‌ی بریندار (حامد حه‌مه به‌گ)مان ده‌ناسی که خزمایه‌تیمان هه‌بوو. چه‌ند شه‌وێک له‌وێ ماینه‌وه بۆ چاره‌سه‌ر و پاشان بردینیانه ماڵه‌وه.
له‌و ده‌مه‌دا شه‌هیدی سه‌رکرده (فه‌تاح ئاغا)ش له شاری مه‌ریوان بوو، له‌بیرمه له‌و به‌ر ده‌رگای ماڵه‌که‌یانه‌وه کابینه‌یه‌کی سپی لێ‌بوو.
پۆلی سێی سه‌ره‌تاییم له مه‌ریوان ته‌واو کرد و ده‌رچووم بۆ پۆلی چوار، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد به‌هۆی لێبوردنی گشتییه‌وه ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵکی سلێمانی گه‌ڕانه‌وه سلێمانی، خێزانه‌که‌ی ئێمه‌ش یه‌کێک بووین له‌و خێزانانه. باوکم دوو برام و منی له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو (شێخ عه‌زیز بۆسکانی)دا نارده‌وه بۆ سلێمانی له‌مه‌رزه‌که‌وه، شه‌و گه‌یشتینه سلێمانی، له‌ڕێوه چووینه ماڵی باپیرم له گه‌ڕه‌کی (پیرمه‌سوور) که ئه‌و کات ماڵیان چه‌ند بینایه‌ک سه‌روو (گه‌راجی پاسه‌کانی ڕزگاری ئێستا) بوو، ئامێزی گه‌رمی باپیر و نه‌نک و پوره‌کانم ناسۆر و ده‌ربه‌ده‌ریان له‌بیر ئێمه برده‌وه، دایکم و باوکم و خوشکه‌که‌م پاش دوو ڕۆژ گه‌یشتنه‌وه سلێمانی.
ماڵی باپیرم و ئه‌و چه‌ند ماڵه‌ی ده‌وروبه‌ری هه‌مووی خانووی زۆر گه‌وره بوون، ڕووبه‌ره‌کانیان یه‌کجار گه‌وره بوو، حه‌وشه‌ی گه‌وره‌ی تێدا بوو، ژووریان زۆر بوو، به‌مهۆیه‌وه گه‌ڕه‌کێکی قه‌ره‌باڵغ نه‌بوو، چونکه هه‌ر خانوویه‌ک له‌و خانووه گه‌ورانه ته‌نها یه‌ک ماڵی تێدا نیشته‌جێ بوو، زۆربه‌یان له چینه ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی سلێمانی بوون. هێنده‌ی نه‌برد له‌و گه‌ڕه‌که‌ش له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک هاوڕێدا په‌یوه‌ندی باشمان دروستکرد و یاری کردن و جار جار دانیشتنی شه‌وانی گه‌ڕه‌کیشمان هه‌بوو، چه‌ند جارێک له‌وێوه به‌پێ سه‌ردانی گه‌ڕه‌که کۆنه‌که‌ی خۆمانم ده‌کرده‌وه که پێش ئاواره بوونه‌که لێی نیشته‌جێ بووین، هه‌موو جارێک دایکم هه‌واڵی دراوسێ کۆنه‌کانی لێده‌پرسیم، دیارترین دیمه‌نی ئه‌و کۆڵانه که له‌یادم ناچێت، ئه‌و ڕێڕۆیشتنه بوو که له‌لایه‌ن قوتابیانی چه‌ند خوێندنگه‌یه‌کی ئاماده‌یی و ناوه‌ندی کچانه‌وه به‌ڕێوه چوو، به‌به‌رده‌می ماڵی باپیرمدا هاتنه خواره‌وه و به‌ره‌و سه‌را به‌ڕێکه‌وتن، چه‌ندین لافیته‌ی ڕه‌شیان به‌ده‌سته‌وه بوو که به‌بۆنه‌ی شه‌هیدبوونی پۆلێک هونه‌رمه‌ندی چاوگه‌ش و به‌ته‌مه‌ن بچووک (شه‌هید کارزان و شه‌هید فه‌رمانی برای کارزان، ناوی ئه‌وانی دیکه‌م له‌یاد نه‌ماوه)، چه‌ندین دروشمیان به‌رزکردبووه‌وه، ئه‌و پۆله شه‌هیده بۆ به‌شداری کردن له ڤیستڤاڵێک له سلێمانییه‌وه به‌ره‌و هه‌ولێر به‌ڕێکه‌وتبوون، به‌ڵام له‌ڕێگا دووچاری کاره‌ساتی ئۆتۆمبێل هاتبوون و پێنج گوڵی تازه پشکوتووی سلێمانی له‌م ڕووداوه‌دا هه‌ڵوه‌رین، ئه‌م ڕووداوه له‌و ڕۆژگاره‌دا هه‌موو شاری سلێمانی خرۆشاندبوو. که ساڵی نوێێ خوێندن ده‌ستی پێکرده‌وه جارێکی‌تر چوومه قوتابخانه، ئه‌مجاره‌یان قوتابخانه‌ی (بێخود) نزیکترین قوتابخانه بوو بۆ من، له کۆتایی سه‌ره‌وه‌ی گه‌ره‌کی پیرمه‌سوور بوو، سه‌ره‌تا له پۆلی چوار ده‌ستم کرده‌وه به‌خوێندن، به‌ڵام پاش چه‌ند ڕۆژێک ڕژێم فه‌رمانێکی ناڕه‌وای ده‌رکرد و هه‌موو ئاواره گه‌ڕاوه‌کانی ناولێنابوو (العائدون)، ئه‌و ساڵه‌ی له‌شاری مه‌ریوان خوێندبوومان بۆمان هه‌ژمار نه‌کرا و جارێکی‌تر سه‌ر له‌نوێ خستمیانه‌وه پۆلی سێ و بۆ قوتابخانه‌که‌ی جارانی خۆم (تطبیقات) گواستمیانه‌وه به‌ڵام ناوه‌که‌یان گۆڕیبوو به (پێشکه‌وتن). مامۆستا که‌ریم زه‌ند له‌وێ نه‌مابوو، مامۆستا (حه‌مه عه‌لی) که ئێستا سه‌رپه‌رشتیاری خانه‌نشینه و له‌ژیاندا ماوه، ئه‌و به‌ڕێوبه‌رمان بوو، به‌شێک له‌مامۆستاکانی پێشووتری لێ‌بوو.
له پۆلی پێنج بووم، ڕژێم که‌وته ته‌عریب کردنی پرۆگرامه‌کانی خوێندن، بۆ ئێمه زۆر قورس و ناخۆش بوو، مامۆستایه‌کی عه‌ره‌بیان بۆ قوتابخانه‌که‌مان گواسته‌وه که ئێمه زۆری لێده‌ترساین چونکه ده‌یانگوت به‌کرێگیراوی ڕژێمی به‌عسه.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا مامۆستای کۆمه‌ڵایه‌تی مامۆستا (نه‌وزاد هه‌ورامی) که خه‌ڵکی ته‌وێڵه بوو، له‌لایه‌ن ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕژێمه‌وه ده‌ستگیرکرا، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گوتبووی من وانه به عه‌ره‌بی ناڵێمه‌وه، چه‌ند مانگێک بێ مامۆستای کۆمه‌ڵایه‌تی بووین. له‌پڕێکدا مامۆستا نه‌وزاد ئازاد کرا و له‌ناو قوتابیاندا بوو به هه‌ڵا، مامۆستا نه‌وزاد ئازاد کراوه، زۆرمان پێخۆش بوو، کاتێک یه‌که‌م ڕۆژ مامۆستا نه‌وزاد هاته پۆله‌وه، زۆر به‌زه‌حمه‌ت هه‌نگاوی بۆ ده‌نرا، پشتی بۆ نه‌ده‌چه‌مایه‌وه، هه‌واڵ بۆ ناو ئێمه‌ی قوتابی دزه‌ی کردبوو که گوایه له ئه‌منی سلێمانی ئه‌شکه‌نجه‌ی زۆر دراوه و (ئوتو) به‌پشتیدا هێنراوه.
له پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایی خۆشترین وانه له‌لام وانه‌ی زمانی کوردی بوو، که مامۆستا (فازیل) پێی ده‌گوتین، چونکه زۆربه‌ی هۆنراوه‌کانی شاعیره مه‌زنه‌کانی وه‌ک (بێکه‌س و نالی و مه‌حوی و پیره‌مێرد و هێمن)ی پێ له‌به‌ر ده‌کردین که له‌ناو کتێب‌دا نه‌بوو، ئه‌م مامۆستایه و ئه‌م وانه‌یه عه‌شقێکی لای من دروستکرد بۆ دنیای ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌تی شیعر، له‌م ساڵانه‌ی دووایدا که له ئه‌ڵمانیا بووم به‌ڕێکه‌وت له بۆنه‌یه‌کدا له‌شاری شتوتگارت مامۆستا (فازیل)م بینی، تێر ماچم کرد و سوپاسی ئه‌و دڵسۆزییه‌یم کرد که له‌و ڕۆژگاره‌دا ئێمه‌ی پێ گۆش ده‌کرد. مامۆستا فازیل له ئه‌ڵمانیا ئه‌و ده‌مه ئه‌ندامی مه‌ڵبه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی (ی.ن.ک) بوو.
هێشتا پۆلی شه‌شم ته‌واو نه‌کردبوو ماڵمان چووه گه‌ڕه‌کی تووی مه‌لیک و له کۆتایی حه‌فتاکانه‌وه هه‌تا ئێستاش ماڵی باوکم هه‌ر له‌وێ نیشته‌جێن. گه‌ڕه‌کی تووی مه‌لیک له‌و کاته‌دا وه‌ک گه‌ڕه‌کێکی یاخی له ڕژێم ده‌ناسرا، به‌شێکی زۆر له هه‌رزه‌کاران و گه‌نجان له ڕێکخستنه‌کاندا کاریان ده‌کرد، ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ی ئێمه‌ی لێنیشته‌جێبووین زۆرجار کێشه له‌نێوان لایه‌نگران و ڕێکخستنه‌کانی (پارتی و یه‌کێتی)دا دروست ده‌بوو، ته‌نانه‌ت له‌ناو یه‌ک خێزانیشدا هه‌ندێجار ئه‌و کێشه‌یه هه‌بوو. ئه‌و کاته ده‌ستپێکی دابه‌شبوون و دووکه‌رتبوونی کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بوو له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا.
وێڕای سه‌رقاڵبوونی هه‌رزه‌کاران و گه‌نجان به سیاسه‌ته‌وه، پێکهێنانی تیپی دوو گۆڵی و یاری کردن له‌گه‌ڵ گه‌ڕه‌که‌کانی دراوسێێ تووی مه‌لیک و هه‌ندێجار شه‌ڕه‌به‌ردی گه‌ڕاکاوگه‌ڕه‌ک، دیارترین سه‌رقاڵییه‌کانی هه‌رزه‌کاران و گه‌نجان بوو.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا پێشنیوه‌ڕۆیه‌ک ده‌نگی ته‌قه‌ی زۆر نزیک له‌ئێمه‌وه بیسترا، هێنده‌ی نه‌برد هه‌واڵ گه‌یشت که (صدیق ئه‌فه‌ندی) شه‌هیدکرا، شه‌هید صدیق ئه‌فه‌ندی پێش نسکۆی (75) ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی (پ.د.ک) بوو وه‌ک ئه‌و کاته باسیان ده‌کرد.
ماڵی هونه‌رمه‌ند (مامۆستا ئه‌حمه‌د سالار) به‌رامبه‌ر ماڵی ئێمه بوو، کاتێک له‌ساڵی (1982) ژیانی هاوسه‌رگیری پێکهێنا له‌گه‌ڵ (نه‌جیبه خان)ی هاوسه‌ریدا، ژنانی گه‌ڕه‌ک چوون دیاری (پاش هێلانه)یان بۆ بردن، به‌ڵام هه‌موو دیارییه‌کانیان به ژنی گه‌ڕه‌کدا نارده‌وه و بۆ ئه‌و کاته نه‌ریتێکی نوێ بوو که خه‌ڵک له‌لای سه‌یر بوو، به‌ڵام دیار بوو مامۆستای هونه‌رمه‌ند به‌هۆی سه‌رقاڵی زۆرییه‌وه به کاری هونه‌رییه‌وه نه‌یده‌ویست بچێته ژێر ئیلتیزاماتی کۆمه‌ڵایه‌تی زۆره‌وه.
کاتێک له سێی ناوه‌ندی بووم، حه‌زم له شانۆ ده‌کرد، چه‌ند شه‌وێک سه‌ردانی ماڵی مامۆستا (ئه‌حمه‌د سالار)م کرد، پێی سه‌رسام بووم، قسه کردنی ئاساییانه‌یشی بۆ من وه‌ک هونه‌ری نواندن بوو. بیرمه شه‌وێکیان هونه‌رمه‌ند (عبدالله حه‌مه صالح) میوانی بوو، قسه‌ی ئه‌وانیش هه‌ر باس باسی سیاسه‌ت و لایه‌نه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی بوو.
سیاسه‌ت کردن و کوردایه‌تی فه‌زایه‌کی زه‌ق بوو له‌ژیانی ڕۆژانه‌ی سلێمانیدا، زۆربه‌ی شه‌و چالاکی پێشمه‌رگه شاری ده‌خرۆشاند، به‌وپێیه‌ی تووی مه‌لیک ئه‌و کاته به شه‌وان وه‌ک ناوچه‌یه‌کی ئازادکراو ته‌ماشا ده‌کرا، زۆربه‌ی کات پێشمه‌رگه له‌و گه‌ڕه‌که‌وه هه‌ڵمه‌ته‌کانیان ده‌کرده سه‌ر بنکه و باره‌گاکانی ڕژێم که نزیکترین باره‌گای به‌عس له تووی مه‌لیکه‌وه (منظمه شهید عثمان) بوو که خه‌ڵکی سلێمانی به (تۆپیو عوسمان) ناویان ده‌برد و نزیک فولکه‌ی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر بوو.
کاتێک له قۆناغی سێی ناوه‌ندی بووم، کۆتایی ساڵ تاقیکردنه‌وه‌ی (به‌کالۆری) بوو، ئه‌م تاقیکردنه‌وه‌یه بۆ کۆتایی قۆناغی ناوه‌ندی دێوه‌زمه‌یه‌کی ترسناک بوو، بۆ نموونه وانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی سێ کتێب بوو (مێژوو و جوگرافیا و په‌روه‌رده‌ی نیشتمانی) هه‌رسێ ماده‌که له‌سه‌ر (100) بوو، پرسیاری تاقیکردنه‌وه‌ی به‌کالۆری زۆر قورس بوو بۆ ئه‌و کاته، له‌یه‌کێک له‌ڕۆژه‌کانی تاقیکردنه‌وه‌کاندا، پاش تاقیکردنه‌وه چه‌ند ئه‌ندامێکی ڕێکخستنی (ی.ن.ک) وێنه‌ی سه‌دامیان له پۆله‌کاندا هێنایه خواره‌وه و شوشه‌کانیان شکاند، یه‌کێکیان (زه‌رده‌شت کوڕی مامۆستا حسێن) بوو، ماڵیان له‌سه‌ر شه‌قامی ئیبراهیم پاشا بوو، پاشتر له (مه‌نع ته‌جه‌ول)ه‌که‌ی ساڵی (1985) خۆی و باوکی له‌لایه‌ن ڕژێمه‌وه ده‌ستگیر کران و هه‌ردووکیان شه‌هید کران. سێیه‌م ڕۆژی تاقیکردنه‌وه‌ی به‌کالۆری پۆلی سێی ناوه‌ندیمان خۆمان ئاماده کردبوو بڕۆین به‌ره‌و ناوه‌ندی گۆیژه‌ی کوڕان، به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی (عه‌لی که‌مال)ی ئێستا و شوێنی ئاماده‌یی (ئاگری دا‌غ)ی ئێستا، کاتێک بینیمان قوتابخانه‌که‌مان سووتاوه و ئاگر و دوکه‌ڵی لێبه‌رز ده‌بێته‌وه و به‌رده‌می قوتباخانه‌که‌مان پڕ بوو بوو له جه‌لاده‌کانی ڕژێم، دیمه‌نی ئه‌و جه‌لادانه هێنده ترسناک بوو، به‌شێکمان گه‌ڕاینه‌وه بۆ ماڵه‌وه و ئه‌و ڕۆژه تاقیکردنه‌وه‌مان ئه‌نجامنه‌دا. باوکم له‌ڕێی هاوڕێیه‌کی خۆیه‌وه ئه‌و ڕۆژه سۆراخی بۆ کردم که له قوتابخانه‌یه‌کی گه‌ڕه‌کی کانێسکان درێژه به تاقیکردنه‌وه‌کان ده‌درێت، تاقیکردنه‌وه‌کانمان ئه‌نجامدا به‌ڵام تاقیکردنه‌وه‌یه‌کمان که‌وته خولی دووه‌م.
به‌درێژایی قۆناغی ناوه‌ندیم زوو زوو سه‌ردانی دوکانی باوکم ده‌کرد که له‌بازاڕی (زێوه‌ر) دوکانی دانابوو، دیمه‌نه دووباره‌بووه‌وه‌کانی ناو بازاڕی ئه‌و کاته‌ی سلێمانی بریتی بوو له هاتنی مه‌فره‌زه‌ی (گومرگ) بۆ گرتنی ئه‌و کاسبکارانه‌ی کاڵای ئێرانیان ده‌فرۆشت، ئه‌و بازاڕه ناونرابوو بازاڕی (خومه‌ینی) چونکه کاڵای ئێرانی جۆراوجۆر به‌قاچاغ ده‌هێنرایه سلێمانی و لای بازاڕی (سیروانی نوێ) و (زێوه‌ر)ه‌وه هه‌تا نزیک (ئه‌سحابه‌سپی) مه‌ڵبه‌ندی فرۆشتنی ئه‌و کاڵا ئێرانییانه بوو، زۆربه‌ی کاڵاکانیش بریتی بوو له (ئه‌نگۆره، بلوز، خه‌نه، فستق، سه‌ماوه‌ر، ئامێری ته‌له‌فۆن و … تد)، کاتێک به‌نێو بازاڕی سلێمانیدا ده‌سوڕایته‌وه ئه‌وه‌نده گوێت له گۆرانی فارسی ده‌بوو ده‌تگوت شه‌قامه‌کانی تارانه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕژێم تازه که‌وتبووه جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران‌دا، دوکانداره‌کان وه‌ک ته‌حاده‌یه‌ک بۆ ڕژێم زۆر گۆرانی فارسیان به‌ده‌نگی به‌رز لێده‌دا له بازاڕ، جگه له‌وه‌ی به‌هۆی ئه‌و ئاواره بوونه‌ی خه‌ڵکه‌وه به‌ره‌و شار و ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌دوای نسکۆی (1975)، جۆرێک له ئاشنابوون له‌گه‌ڵ گۆرانی و موزیکی فارسی‌دا په‌یدا بووبوو. کاتێک ئه‌و مه‌فره‌زانه‌ی گومرک خۆیان ده‌دا به‌سه‌ر ناو بازاڕی سلێماندا ئیتر ده‌بوو به فڕکان فڕکان، کوڕ ئه‌و کوڕه بوو کاڵای خۆی له‌سه‌ر کارتۆنه‌که‌ی به‌رده‌می هه‌ڵبگرێ و کۆڵانه و کۆڵان و گوزه‌راوگوزه‌ر هه‌ڵبێت. زۆربه‌ی پۆلیسه‌کانی گومرگی ئه‌و کاته کورد بوون، دیارترینیان کابرایه‌کی باڵابه‌رزی ئه‌سمه‌ر بوو ناوی (ڕه‌فیق) بوو.
هه‌ر له‌و قۆناغه‌دا جه‌لاده گه‌وره‌که‌ی سلێمانی (مولازم موحسین)، ناوبه‌ناو خۆی ده‌کرد به‌بازاڕدا، ئه‌و چه‌ند جاره‌ی من ده‌مبینی پانتۆڵ و تی‌شێرتی له‌به‌ردابوو، له‌بیرمه جارێکیان له‌به‌ر ده‌رکی سه‌رادا به (چه‌رخ) ڕیشی گه‌نجێکی ده‌سووتاند، من چه‌ند مه‌ترێکی له‌ولاتره‌وه سه‌یری دڕنده‌یی ئه‌و جه‌لاده‌م ده‌کرد، کاتێک گه‌یشتمه دوکانی باوکم یه‌کسه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌م بۆ گێڕایه‌وه.
به‌رامبه‌ر دوکانی باوکم دوکاندارێک بوو ناوی (کاک سه‌ربه‌ست) بوو، ئێستاش له‌ژیاندایه، شه‌هید (مامۆستا ئه‌حمه‌دی صناعه) له‌و سه‌رده‌مه‌دا لای کاک سه‌ربه‌ست کاری ده‌کرد، مامۆستا ئه‌حمه‌دی صناعه زۆربه‌ی کات که دوکانه‌که‌یان کڕیاری لێنه‌بوایه یان دوکانی ئێمه کڕیاری لێنه‌بووایه و ته‌نها منی لێبوومایه قسه‌ی بۆ ده‌کردم، باسی کوردایه‌تی و پێشمه‌رگه و خوێندن و خوێندنه‌وه، بۆ نموونه جارێکیان وتارێکی بۆ نووسیم له‌سه‌ر (مامۆستا) ده‌یگوت بیخوێنه‌ره‌وه و تۆش سبه‌ینێ بابه‌تێکم له‌سه‌ر (خوێندن) بۆ بنووسه، منیش ده‌مگوت مامۆستا من ته‌نها داڕشتن ده‌زانم، وتار نازانم، هه‌موو جارێک پێده‌که‌نی و ده‌یگوت قه‌یناکه داڕشتنم بۆ بنووسه، چه‌ند ساڵێک شه‌هید مامۆستا ئه‌حمه‌د به‌رده‌وام به وته و په‌ند و به‌سه‌رهاتی کوردانه قسه‌ی بۆ ده‌کردم، پاشتر فێری یاری (تاوڵه) ی کردم چونکه زۆر حه‌زی له یاری (تاوڵه) بوو، دواتر مامۆستا ئه‌حمه‌د له‌کاتێکدا پله‌که‌ی له‌ڕێکخستنه نهێنییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجه‌ده‌راندا گه‌یشتبووه (به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی کۆمه‌ڵه له‌ناو شاری سلێمانی)، له‌لایه‌ن خۆفرۆشێکه‌وه به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر ده‌درێت به‌ڕژێم، له‌کۆتایی ساڵانی هه‌شتاکاندا ده‌ستگیرکرا و له‌ماڵه‌که‌یدا له‌ژێر زه‌وی و له‌ناو به‌رمیلدا ئامێری (چاپ و ڕۆنیۆ و چه‌ند به‌ڵگه نامه‌یه‌کی تر)یان گرت و پاش ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی زۆر له سێداره‌درا، مامۆستا ئه‌حمه‌د پیاوێکی قسه خۆش و زۆری حه‌ز به گاڵته و گه‌پ ده‌کرد، له‌هه‌مان کاتدا پیاوێکی خۆنه‌ویست بوو، ده‌ستکورت و هه‌ژار بوو، به‌یانیان وه‌ک فه‌رمانبه‌ر له ئاماده‌یی پیشه‌سازی ده‌وامی ده‌کرد و پاش ده‌وام له‌دوکانی کاک سه‌ربه‌ست بوو. له‌بیرمه ڕۆژی (22/9/1980) که جه‌نگی عێراق – ئێران هه‌ڵگیرسا، ئه‌و سه‌رده‌مه (ڕادیۆ) تاکه سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتنی هه‌واڵ بوو، کاتێک جاڕی ده‌ستپێکردنی شه‌ڕ ڕاگه‌یه‌ندرا مامۆستا ئه‌حمه‌د له‌خۆشییاندا ئارامی لێبڕا بوو، بیرمه دراوسێ دوکانێکی ترمان پیاوێکی پێنجوێنی بوو، پێی‌گوت، مامۆستا بۆ هه‌ڵگیرسانی ئه‌و جه‌نگه دڵخۆشی ئیتر گرانی و قاتوقڕی ڕووده‌دات، مامۆستا ئه‌حمه‌د وه‌ڵامی دایه‌وه خاڵه گیان ئه‌وانه هیچ نین، له‌مه‌ودا ڕژێم سه‌رناپه‌رژێته سه‌ر کورد، تووشی به‌ڵای خۆی بوو تازه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌له‌فزیۆن ته‌نها دوو که‌ناڵی تێدا بوو، عه‌ره‌بییه‌ک له‌به‌غدا و کوردیه‌ک له که‌رکوک که هه‌ردووکیان سه‌ر به‌ڕژێم بوون و ته‌نها هه‌واڵی سه‌دام و به‌عسیان بڵاوده‌کرده‌وه.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئافره‌تان زیاتر عه‌بایان ده‌پۆشی، له‌نیوه‌ی دووه‌می حه‌فتاکاندا ئیدی مۆدێلی پانتۆڵی ژنان داهات، که‌پێیان ده‌گوت (شارستۆن)، هه‌ردوو قاچی پانتۆڵه‌که تاسه‌ر ڕان که‌مێک ته‌سک بوو، له‌ئه‌ژنۆ به‌ره‌وخوار ئیدی به‌رین به‌رین بوو.
ئه‌وه‌ی حه‌زم پێده‌کرد له بازاڕ کاتێک له‌قۆناغی ناوه‌ندی بووم، سه‌ردانکردنی کتێبخانه‌که‌ی خوالێخۆشبوو (شێخ ئه‌نوه‌ر) بوو، ته‌نیشت ده‌رگای بازاڕی عه‌سری بوو، لای ته‌لاری (کاوه)ی ئێستا، شێخ ئه‌نوه‌ر جگه له‌وه‌ی خۆی شاعیرێکی به‌رز بوو، قسه‌خۆش بوو، هه‌موو جارێک ده‌چووم سه‌یری کتێبه‌کانی به‌ردوکانه‌که‌یم ده‌کرد، حه‌زم بۆ شیعر وایکردبوو چاوم بۆ دیوان و کتێبی شیعری ده‌گێڕا.
تشرینی دووه‌م 15, 2011
بۆ سلێمانی … چه‌ند یاده‌وه‌رییه‌ک .. ده‌روونناس: سامان سیوه‌یلی
بۆ سلێمانی
به‌شی یه‌که‌م
ده‌روونناس
سامان سیوه‌یلی
به‌بۆنه‌ی یادی (227) دامه‌زراندنی شاری سلێمانییه‌وه، چه‌ند یاده‌وه‌رییه‌کی خۆم ده‌نووسمه‌وه، دواتر هه‌ندێ بیر و سه‌رنجی خۆم ده‌رباره‌ی شاره‌که‌م ده‌خه‌مه ڕوو. بۆ ئه‌وه‌ی چاوی هاوڕێیانی ئازیزم ماندوو نه‌که‌م، پێم باش بوو، ئه‌م وتاره بکه‌م به چه‌ند به‌شێک.
ئه‌م به‌هاره بێته‌وه، چل و چوار به‌هاری ته‌مه‌نم به‌ڕێده‌که‌م، من له ئامێزی گه‌ڕه‌کێکی دێرینی شاری سلێمانیدا چاوم هه‌ڵهێنا، ئه‌ویش گه‌ڕه‌کی مه‌ڵکه‌ندییه. له‌ماوه‌ی چل و چوار ساڵی ته‌مه‌نمدا، چوارده ساڵی ته‌مه‌نم له سلێمانی دووربووم، به‌هۆی به‌شداری باوکم له شۆڕشی ئه‌یلول دوو ساڵ به‌ماڵه‌وه چووینه شارۆچکه‌ی ته‌وێڵه و پاش نسکۆی شۆڕش ساڵێکیش چووینه شاری مه‌ریوانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، کاتێک قۆناغی شه‌شی ئاماده‌ییم ته‌واو کرد، چوار ساڵ له زانکۆی موسته‌نسریه ده‌مخوێند، دواتریش له ساڵی (2000) چوومه وڵاتی ئه‌ڵمانیا و له‌وێش حه‌وت ساڵ ژیانم به‌سه‌ر برد، جگه له‌م چوارده ساڵه‌ی ته‌مه‌نم ڕۆژگاره‌کانی ته‌مه‌نم هه‌مووی له سلێمانیدا به‌سه‌ر بردووه.
ئه‌وه‌نده‌ی یادگه (ذاکرة)م بڕ بکات بۆ یاده‌وه‌رییه‌کانی منداڵیم، چه‌ندین یاده‌وه‌ری نیوه‌ی یه‌که‌می حه‌فتاکانی ئه‌م شاره‌م دێته‌وه یاد، گه‌ڕه‌کی مه‌ڵکه‌ندی ئه‌و کاته زۆربه‌ی خانووه‌کانی گڵین بوون، هه‌ندێکیان باڵاخانه بوون و دوو نهۆم بوون، زۆربه‌ی خانووه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه چه‌ند خێزانێکی فره ئه‌ندامی تێدا ده‌ژیا، به‌جۆرێک هه‌ر ژوور و هه‌یوانێک خێزانێکی تێدا ده‌ژیا، خانوو هه‌بوو شه‌ش یان حه‌وت خێزانی تێدا ده‌ژیا، زۆربه‌ی خانووه‌کانی ئه‌وه سه‌رده‌مه گه‌رماویان تێدا نه‌بوو، نزیکترین گه‌رماوی گشتی له ئێمه‌وه گه‌رماوی (به‌رخی) بوو که ده‌که‌وته خوار مزگه‌وتی (حاجی حان)ه‌وه. ئێمه‌ی منداڵ له‌و ده‌مه‌دا هه‌میشه له‌گه‌ڵ دایکماندا ده‌چووینه گه‌رماوی ژنان. خۆشترین یاده‌وه‌ری گه‌رماوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه خواردنی (ته‌ڕه ساز) و خواردنه‌وه‌ی (شیر) بوو.
له‌نێوان ماڵی ئێمه و مزگه‌وتی (حاجی مه‌لا شه‌ریف)دا چه‌ند خانوویه‌ک هه‌بوو، له‌بیرمه کاتێک باوکم باسی (مه‌نع ته‌جه‌ول)ه‌که‌ی ساڵی (1963)ی ده‌گێڕایه‌وه که (زه‌عیم صدیق) چه‌ندین گه‌نج و ڕۆڵه‌ی سلێمانی شه‌هید و ده‌ستگیر کرد، باوکم ده‌یگێڕایه‌وه له‌و ڕۆژه‌دا له‌ناو ئاوه‌ڕۆی مزگه‌وتی حاجی مه‌لا شه‌ریفدا خۆی شاردۆته‌وه له‌ترسی شاڵاوی گرتنی ئه‌و ڕۆژه، بۆیه ئه‌م قسه‌یه‌ی باوکم له‌مێشکمدا چه‌سپیبوو، هه‌رچه‌نده ئه‌و مزگه‌وته‌م ده‌دی وێنه‌ی خۆ شاردنه‌وه‌ی باوکم له‌ناو ئاوه‌ڕۆی پێشاوه‌کانی ئه‌و مزگه‌وته‌دا ده‌هاته به‌رچاو.
له‌به‌ر قه‌ره‌باڵغی ماڵه‌کان و ته‌سکی ژووره‌کانی ئه‌و خانووانه‌ی ئه‌و کاته و نه‌بوونی ئامێر و که‌ره‌سه‌ی یاری کردنی منداڵ له‌ناو ماڵه‌کاندا، منداڵی ئه‌و سه‌رده‌مه زۆرینه‌ی کاته‌کانیان له ڕۆژ و له شه‌ودا له کۆڵانه گڵینه‌کاندا به‌سه‌ر ده‌برد، (سه‌ره صۆده و صۆنده‌ی لاستیک بۆ دروستکردنی تایه و میزراح و هه‌ڵمات و به‌رد بۆ یاری پێنج به‌ردی) گرنگترین که‌ره‌سه‌کانی یاری کردنی ئێمه‌ی منداڵ بوو، منداڵ له‌و سه‌رده‌مه‌دا جووڵه‌ی زۆر و چالاک بوو، چونکه به‌رده‌وام له جووڵه‌دا بوو، سر‌وشتی یارییه‌کان جوڵه و چالاکی زۆری ده‌ویست، پاشان منداڵی ئه‌و سه‌رده‌مه زیاتر کۆمه‌ڵایه‌تی بوو له‌چاو منداڵی ئێستادا، چونکه به‌رده‌وام له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و خێزاندا و له‌ناو منداڵانی تردا یاری ده‌کرد.
کاتێکیش نۆره‌ی چوونه قوتابخانه‌مان هات، دایکم له‌گه‌ڵمدا هات بۆ قوتابخانه‌ی (تطبیقات – دواتر ناوی گۆڕدرا بۆ قوتابخانه‌ی پێشکه‌وتن)، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌که‌مان مامۆستای پایه‌به‌رز، گه‌ڕیده (که‌ریم زه‌ند) بوو. ئه‌و مامۆستایانه‌ی ناویانم له‌یاده که هه‌ندێکیان ئێستاش له‌ژیاندا ماون و هه‌ندێکیشیان کۆچی دواییان کردووه، (شێرکۆ ئه‌حمه‌د شه‌وقی، نه‌وزاد هه‌ورامی، علی، فایه‌ق)، ئه‌م قوتابخانه‌یه‌مان ده‌که‌وته پشتی پارکی (دایک)ی ئێستا که ئه‌و کاته به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی گرتن و گواستنه‌وه بوو، قوتابخانه‌که‌مان ده‌که‌وته پشتی گرتووخانه‌که‌وه، بۆ ئه‌و کاته و ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی من شوێنی قوتابخانه‌که‌مان له‌و ده‌مه‌دا که‌مێک دووربوو له‌ماڵه‌وه، ئافره‌تێک هه‌بوو له‌و ده‌مه‌دا ناوی (شه‌مسه) بوو و نه‌خۆشی ژیری هه‌بوو خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک به (شه‌مه شێت) ناویان ده‌برد، گه‌وره‌ترین ترسی من له ڕێگای هاتووچۆمدا بۆ قوتابخانه بینینی ئه‌و ئافره‌ته بوو.
کاتێک له قۆناغی دووی سه‌ره‌تایی بووم، ڕۆژێک برا گه‌وره‌که‌م خۆی کرد به‌پۆلدا و داوای له مامۆستاکه‌م کرد که من له‌گه‌ڵیدا بڕۆم، من چوومه ده‌ره‌وه نه‌مده‌زانی مه‌سه‌له چییه، بردمی بۆ ژووری به‌ڕێوه‌به‌ر و هه‌ندێ قسه‌ی له‌گه‌ڵ (مامۆستا که‌ریم زه‌ند)دا کرد و مامۆستا که‌ریم زه‌ند ده‌ستێکی به‌سه‌رمدا هێنا و چووینه‌وه به‌ره‌و ماڵه‌وه، له‌ڕێگا له براکه‌م پرسی بۆچی ده‌مبه‌یته‌وه بۆ ماڵه‌وه، له‌وه‌ڵامدا گوتی ده‌بێت بڕۆین، ئیتر ئه‌م قوتابخانه‌یه ته‌واو ناچیته‌وه، زۆرم له‌لا گران بوو ئه‌م قسه‌یه به‌ڵام خۆ هیچ ده‌سه‌ڵاتێکم نه‌بوو، هێنده‌ی نه‌برد هه‌ر هه‌مان ڕۆژ ماڵمان بارکرا بۆ ته‌وێڵه و ژیانێکی نوێ و قۆناغێکی نوێ و ژینگه‌یه‌کی نوێ له ژیانمدا ده‌ستیپێکرد.
پاش چه‌ند ڕۆژێک له‌گه‌یشتنمان بۆ ته‌وێڵه له‌وێش خرامه‌وه به‌ر خوێندن و له‌قوتابخانه‌ی ته‌وێڵه درێژه‌م به‌خوێندندا، به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌مان خوالێخۆشبوو مامۆستا (ئیسماعیل) بوو، مامۆستا (تایه‌ر)یش مامۆستای زمانی کوردیمان بوو پیاوێکی زۆر میهره‌بان بوو، ته‌نها ناوی ئه‌و دوو مامۆستایه‌م له‌یاده. به‌مجۆره له‌گه‌ڵ ژیانی نوێمدا ڕاهاتم و دیمه‌نه قه‌شه‌نگه‌کانی ته‌وێڵه و باخچه میران و مزگه‌وته‌که‌ی ناوبازاڕ و سه‌رکه‌وتن به‌چیادا بۆ گه‌یشتن به‌ماڵه‌وه و ئه‌و ئاوه‌ی به‌ناو ته‌وێڵه‌دا گوزه‌ری ده‌کرد، دیمه‌نه ڕۆژانه‌ییه‌کانی ژیانم بوون، به‌و پێودانگه‌ی باوکم په‌یوه‌ندی تۆکمه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌هیدی سه‌رکرده (فه‌تاح ئاغا) هه‌بوو، ئه‌وه‌نده‌ی له‌یادم بێت ئه‌و کاته (کاک فه‌تاح) فه‌رمانده‌ی هێزی خه‌بات بوو، پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌و هێزه به‌رده‌وام له‌سه‌ردانی ماڵی ئێمه‌دا بوون، باوکم پیاوێکی دڵ و ده‌ست کراوه و زۆریش کۆمه‌ڵایه‌تی بوو، ماڵه‌که‌مان ده‌تگوت باره‌گایه. بۆ یه‌که‌م جار له‌وێ به‌خزمه‌تی شه‌هیدی سه‌رکرده (کاک فه‌تاح) گه‌یشتم.
ڕۆژگار هات و چوو، شه‌ڕ له‌نێوان شۆڕشی کورد و حکومه‌تی به‌عسدا ده‌ستی پێکرده‌وه، زۆرجار فڕۆکه‌ی عێراق به‌ئاسمانی ناوچه‌که‌دا ده‌سوڕایه‌وه، له‌بیرم دێت کاتی تاقیکردنه‌وه‌کانی کۆتایی ساڵ هات، له‌ترسی بۆردوومانی فڕۆکه‌ی عێراق، ئێمه‌ی قوتابیانی قوتابخانه‌ی ته‌وێڵه‌یان برده ناو باخچه میران و له‌ژێر دارگوێزه‌کاندا تاقیکردنه‌وه‌ی کۆتایی ساڵماندا.
ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد به‌هۆی شه‌ڕه‌وه ژماره‌یه‌کی زۆر له دانیشتووانی سلێمانی شاره‌که‌یان چۆڵکردبوو، ماڵی سێ پورم و مامێکم ڕوویان له‌ئێمه کرد و هاتنه ته‌وێڵه.
زۆری نه‌برد به‌هۆی نسکۆی شۆڕشه‌وه ناچاربووین ته‌وێڵه‌ش به‌جێبهێڵین و ڕوومان کرده ئۆردوگای نه‌وه‌سوود له‌خاکی ئێران‌دا، ژماره‌یه‌کی زۆر په‌ناهه‌نده‌ی سلێمانی به‌چیایه‌که‌وه نیشته‌جێبووین، هه‌ر خێزانه خێمه‌یه‌کیان دابووینێ، ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی سوپای ئێرانی سه‌رده‌می شا (نان و خواردن و خواردنه‌وه‌یان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌کردین)، هه‌فته‌ی جارێک به‌و چیایه‌وه ئاهه‌نگێکی گۆرانیان بۆ ئه‌و په‌ناهه‌ندانه سازده‌کرد، که زیاتر به ڕیکۆرده‌ر گۆرانیان لێده‌دا، دیارترین ئه‌و گۆرانییانه‌ی لێده‌درا گۆرانییه‌کانی (هایده) و گۆرانییه‌کی تر بوو به‌ناوی (شیرینه و شیرین)، هه‌موو ڕۆژانی هه‌ینییه‌کیش به ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی ده‌یانبردین بۆ گه‌رماو بۆ خۆشتن له‌ناو شارۆچکه‌ی نه‌وه‌سووددا.
(ئێستگه‌ی ده‌نگی کوردستانی عێراق) که ئه‌و کاته ده‌نگی شۆڕش بوو، کاتی ئێواران له‌زۆربه‌ی خێمه‌کاندا به‌ده‌نگی به‌رز گوێی لێده‌گیرا، بیرم دێت باوکم و زۆرێک له پیاوه‌کانی تر هه‌ندێجار ده‌گریان. هێنده‌ی نه‌برد له‌وێوه به‌ره‌و شاری (مه‌ریوان) بار‌مان کرد و بۆ ماوه‌ی ساڵێک له‌وێ نیشته‌جێ بووین.
تشرینی دووه‌م 13, 2011
سایکۆلۆژیای گریان – ده‌روونناس: سامان سیوه‌یلی
سایکۆلۆژیای گریان
ده‌روونناس
سامان سیوه‌یلی
شاعیری گه‌وره‌ی کورد مامۆستا (هێمن) ده‌فه‌رموێ:
(ئه‌وه‌نده دڵ پڕم پێم خۆشه بگریم
که‌فرمێسک و هه‌ناسه‌ش مه‌رهه‌مێکه)
به‌ڕاستی ئه‌م شاعیره مه‌زنه جوانی پێکاوه، وه‌ک ده‌روونناسێک شرۆڤه‌ی ئه‌و باره هه‌ڵچوونییه‌ی کردووه که‌مرۆڤ تیایدا نائارام و خه‌مناک ده‌بێت یان له‌ته‌نگژه‌یه‌کی ده‌روونیدا ده‌بێت، له‌و ساتانه‌دا مرۆڤ هاوسه‌نگی ده‌روونی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات و به‌ده‌ست قورساییه‌کی سه‌ربار به‌سه‌ر ده‌روون و مێشکییه‌وه، جه‌نجاڵ و گیرۆده ده‌بێت. بۆیه بۆ گێڕانه‌وه‌ی هێوری و ئارامی و حه‌وانه‌وه بۆ ده‌روون و مێشکی پێویستی به‌گرتنه‌به‌ری چه‌ند میکانیزمێک هه‌یه که‌گریان یه‌کێکیانه.
له‌ئه‌ده‌بی کوردی‌دا، زۆرێک له‌شاعیران ئاماژه‌یان به‌فرمێسک و گریان داوه له‌کاتی وێناکردنی ئه‌و ساتانه‌ی لێوانلێون له‌حوزن و ماته‌م و فیراق.
وه‌ک زانراوه ڕه‌گه‌زی مێینه زیاتر په‌نا ده‌به‌ن بۆ گریان له‌چاو نێرینه‌دا. له‌که‌لتوری ئێمه‌دا نه‌گریان بۆ پیاو خاڵێکی به‌هێزه، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه، ئه‌گه‌ر پیاوێک بگری ناووناتۆره‌ی لێده‌نێن یان به‌بێ هێز لێیده‌ڕوانرێت، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌کی تره.
کێ له‌ئێمه‌ی مرۆڤ نه‌گریاوه؟ نه‌ک هه‌ر له‌منداڵیدا، به‌ڵکو له‌قۆناغه‌کانی دواتری ته‌مه‌نیشماندا، جاری واهه‌یه بینینی دیمه‌نێکی خه‌مناک به‌س بووه بۆ ڕشتنی فرمێسکه‌کانمان، که‌سانی هه‌ست ناسک و به‌سۆز زیاتر په‌نا ده‌به‌ن بۆ گریان، ئه‌وانه‌ی که‌هه‌ر ناگرین له‌ناو کۆمه‌ڵدا به دڵ ڕه‌ق و بێ سۆز و بێبه‌زه‌یی ناسراون. ڕشتنی فرمێسک ته‌نها بۆ حاڵه‌ته خه‌مهێنه‌ره‌کان نییه، به‌ڵکو جۆرێکی تر له‌فرمێسکمان هه‌یه که به‌فرمێسکی شادی ناسراوه، که‌مرۆڤ له‌حاڵه‌تی بینینه‌وه‌ی که‌سێکی دووره وڵاتی ده‌یڕێژێت، یان له‌کاتی بیستنی هه‌واڵێکی خۆشدا یان بردنه‌وه‌ی له‌پێشبڕکێیه‌کدا. هه‌ردوو جۆره‌که‌ی گریان له‌یه‌ک حاڵه‌تدا هاوبه‌شن که‌هه‌ردووکیان له‌حاڵه‌تی هه‌ڵچووندا ده‌ڕژێن.
ڕشتنی فرمێسک ده‌کرێت سروشتێکی فیزیایی یان کیمیایی هه‌بێت، یاخود پاڵنه‌ری ده‌روونی له‌پشت بێت. سه‌باره‌ت به‌سروشته فیزیایی یان کیمیاییه‌که‌ی: به‌هۆی چوونه ناوه‌وه‌ی ته‌نێکی نامۆ بۆ ناو چاو فرمێسک ده‌رژێت و چاو ئاو ده‌کات به‌مه‌به‌ستی ڕزگاربوون له‌و ته‌نه نامۆیه، یان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ری ماده‌یه‌کی نامۆ له‌سه‌ر چاو هه‌روه‌ک له‌کاتی پاککردنی پیازدا ڕووده‌دات، پیاز ئه‌نزیمێکی تێدایه که‌له‌کاتی پاککردندا گازێک ده‌رده‌دات که‌وروژێنه‌ره بۆ گلێنه‌ی چاو. هه‌روه‌ها له‌کاتی سه‌رمادا، پله‌ی گه‌رمای نزم ڕووکار‌ی ده‌ره‌وه‌ی گلێنه‌ی چاو ده‌وروژێنێت، له‌م کاته‌دا فرمێسک ده‌ڕژێت به‌مه‌به‌ستی گه‌رمکردنه‌وه‌ی گلێنه‌ی چاو و پله‌ی گه‌رمییه‌که‌ی له‌پله‌ی گه‌رمی له‌ش نزیک ده‌کاته‌وه، یاخود له‌کاتی (تا) لێهاتن و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌شدا چاو ئاو ده‌کات به‌مه‌به‌ستی ته‌ڕکردنی وشکی چاو. هه‌روه‌ها هه‌ندێ جار مرۆڤ له‌کاتی بوونی ئازاری زۆردا په‌نا بۆ گریان ده‌بات.
له‌نوێترین توێژینه‌وه‌دا که له‌تاقیگه‌کانی توێژینه‌وه ده‌روونییه‌کانی ویلایه‌تی (نیسوتا)ی ئه‌مه‌ریکا ئه‌نجامدراوه، ده‌رکه‌وتووه که ڕشتنی فرمێسک نیشانه‌ی لاوازی و نه‌گه‌یین نییه، به‌ڵکو باشترین ڕێگه‌یه بۆ باشکردنی باری ته‌ندروستی و ڕزگاربوون له‌و ماده کیمیاییانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌شڵه‌ژان و کرژبوونه‌وه هه‌یه له‌جه‌سته‌دا، هه‌روه‌ها گریان یاریده‌ی خاوکردنه‌وه‌ی ماسولکه‌کانمان ده‌دات و شێوازێکی سروشتیشه بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی ماده زیانبه‌خشه‌کانی ناو له‌ش هه‌روه‌کو چۆن عاره‌ق ڕشتن ئه‌م کاره ده‌کات.
زانایانی پسپۆر له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا ده‌ڵێن: گریان لێدانی دڵ زیاد ده‌کات و بۆ برۆ و برژانگ و ماسولکه‌کانی شان و سنگ وه‌ک مه‌شقێکی به‌که‌ڵک وایه، له‌دوای ته‌واوبوونی گریانه‌که لێدانی دڵ ئاسایی ده‌بێته‌وه و ماسولکه‌کان خاو ده‌بنه‌وه و که‌سه‌که هه‌ست به‌ئارامی ده‌کات.
ئه‌وانه‌ی ناگرین و په‌نگ به‌فرمێسکه‌کانیان ده‌خۆنه‌وه هه‌ست به‌بوونی فشار و گرژی ده‌که‌ن و ئه‌گه‌ری تووشبوونیان به‌هه‌ندێ نه‌خۆشی وه‌ک سه‌رئێشه ده‌بێت.
یه‌کێک له‌پزیشکه ناسراوه‌کانی جیهان له‌ڕێی شیکردنه‌وه‌ی فرمێسکه‌وه بۆی ده‌رکه‌وتووه که فرمێسکی مرۆڤ ماده‌یه‌کی کیمیایی تێدایه که‌ئازار شکێنه و مێشک له‌پاش گریان ده‌ری ده‌دات.
که‌واته له‌کاتی پێویستدا گریان پێداویستییه‌کی ده‌روونی گرنگه، ئێمه له‌هه‌ر قۆناغێکی ته‌مه‌ندا بین، هه‌ر ڕه‌گه‌زێک بین، له‌هه‌ر پله و پایه‌یه‌کدا بین، که‌کاتی گریانمان هات، با شه‌رم نه‌که‌ین و بگرین، با حه‌وانه‌وه و خاوبوونه‌وه و ئارامی بگێڕینه‌وه بۆ ده‌روونمان له‌ڕێی گریانه‌وه. به‌ڵام به‌مه‌رجێک گریان نه‌که‌ینه میکانیزمێک بۆ خۆدزینه‌وه له‌واقیع و گرفته‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌مان، یان وه‌ک نماییش بۆ سه‌رنج ڕاکێشانی ده‌وروبه‌ر په‌نای بۆ به‌رین.
له‌چه‌ند وتارێکی ترمدا ئاماژه‌م به‌وته‌یه‌کی ده‌روونناسی ئه‌مه‌ریکی به‌ناوبانگ (هنری مودزلی) کردووه، لێره‌شدا گونجاوه ئاماژه‌ی پێ بده‌مه‌وه، ئه‌م زانایه ده‌ڵێت: (ئه‌و فرمێسکانه‌ی که‌ڕێچکه‌ی هاتنه ده‌ره‌وه ناگرنه به‌ر له‌چاوانماندا، وا له‌ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته‌مان ده‌کات بگری). مه‌به‌ست له‌گریانی ئه‌ندامانی جه‌سته‌مان ئه‌و نه‌خۆشییه سایکۆسۆماتیانه‌یه که‌تووشی جه‌سته‌مان دێت وه‌ک (زامی گه‌ده، هه‌ناسه ته‌نگی، هه‌ندێ نه‌خۆشی پێست، کۆڵۆن، سه‌رئێشه و …تد).
تشرینی دووه‌م 12, 2011
خه‌نده و پێکه‌نین – د . سابیر بۆکانی – زانکۆی سلێمانی
خەندەو پێکەنین
نووسینی : د . سابیر بۆکانی
زانکۆی سلێمانی
پێکەنین یەکێکە لەپاکژترین خەسڵەتەکانی ڕەفتاری مرۆڤایەتی کە لەتەواوی گیانلەبەرانی جیادەکاتەوەو هاوکات ئاماژەیەکیشە بۆ دروستی دەروون. سەرنجدان لەدیمەنی پێکەنیناوی ژیانی ڕۆژانەو پاشان وەڵامدانەوەی ئەو هەڵوێستانە بەپێکەنین، مانای تێپەڕاندنی ڕەوشی نائومێد‌و فشارەکانی کۆمەڵگاو ڕاگەیاندنی ئازادی تاک دەگەیەنێت. ئەو هەڵوێستەی کە گریان یان توڕەبوونی دەوێت، دەبێت بەگریان و توڕەبوون وەڵام بدرێتەوە، تەنها مرۆڤی شێتە کە پێکەنینی پێیان دێت. ژیانی تاکەکەسی ئاسایی لەسەر خاڵەکانی ئەو ڕاستەهێڵە دێت و دەچێت کە جەمسەرەکانی غەم وشادین، لەو نێوەدا غەمەکانی بەگریان و شادیش بەپێکەنین، بەرجەستە دەکات و دەیخاتە چوارچێوەی ڕەفتارەوەو دەریاندەبڕێت. لەمێژووی تەمەنی مرۆڤدا، گریان لەپێش خەندەو پێکەنیندا دەردەکەوێت ولەدەنگ و ڕوخساری منداڵدا، لەلایەن کەسانی دەوروبەرەوە بەئاسانی دەبینرێت و تێبینی دەکرێت. ئەم دەرکەوتنە پێوەختەی هاوارو گریان، بەبەراورد لەگەڵ خەندەو پێکەنیندا، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەپێداویستییە هەنوکەییەکانی مانەوەوەو یەکێکە لە زمان و ئاماژەکانی پەیوەندیکردن بۆ تێرکردنی ئەو پێداویستییانەی کە درێژە بەژیان دەدەن. بەڵام خەندە بەهێندەی گریان پەیوەست نییە بە مانەوەی مرۆڤەوە، ئەم هەڵچوونە زیاتر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵ بەگەورەکانەوە بەهێزتر دەکات و وایان لێدەکات خۆبەخشانە بایەخی زیاتری پێبدەن، نەک بەناچاریی و لەزەرورەتدا بێن بەلایەوە. سەرەتای خەندەی منداڵ لە مانگی دووەمی دوای لەدایک بوونەوە دەستپێدەکات و پاش ئەوە بەمانگێک، پێکەنین سەرهەڵدەدات و لەڕێیەوە سەرنجی دەوروبەرەکەی ڕادەکێشێت ئەویش لەبەشداری گەورەکاندا کە گۆرانی بۆ دەڵێن یاخود یاری لەگەڵدا دەکەن.
خەندە یەکێکە لەڕواڵەتەکانی هەست کردن بەئاسوودەیی و بوژانەوەو خۆشی. ئەم هەستە پۆزەتیڤەی مرۆڤ لەو ماسولکانەی ڕوخساردا گوزارشت لەخۆی دەکات کە بەئاسانی دەجوڵێن و کشان وگرژ بوونەوەیان زەحمەتێکی ئەوتۆی ناوێت، یان ئەو ماسولکانەی بەشە قورسەکانی جەستە ناجوڵێنن و بەهاوکاری و بەشێوەیەکی سر‌وشتی کاری خۆیان دەکەن. خەندە لەپڕۆسەی فێربوون ولاسایی کردنەوەدا، چەندین شێوەو مانای جیاواز لەخۆی دەگرێت ومەرج نییە هەموو جۆرەکانی پۆزەتیڤ بێت، جۆرەکان زۆرن لەوانە: زەردەخەنە، خەندەی سوکایەتی پێکردن یان بەکەمزانینی کەسانیتر، خەندەی دووڕویی، خەندەی فیزو خۆبەگەورەزانین، خەندەی دۆستی وقبوڵکردن. بەڵام پێکەنین لەڕووی فسیۆلۆژییەوە لەخەندە ئاڵۆزترەو بەتوندی ماسولکەکان گرژ دەکاتەوەو بەتایبەتی ئەوانەیان کە لەنێوان پەراسووەکاندان. هۆکاری ئەو ئاڵۆزییەش دەگەڕێتەوە بۆ دەمەی کە لەحاڵەتی چاودێری کردنی هەڵوێستێکی پێکەنیناویدان یان چاوەڕوان و گوێڕایەڵین بۆ نوکتەیەک یان بۆ چیرۆکێکی کۆمیدی، کاتێکیش هەڵوێستەکە کت‌وپڕ بەکۆتایی دەگات یان لەناکاو چاوەڕوانییەکە بەو شێوەیەی پێشبینی دەکەین و دەمانەوێت، تەواو دەبێت، ئیدی جەستەمان بەگرژ بوونەی ماسولکەکانی، لەو نائارامییە ڕزگاری دەبێت کە بەهۆی هەڵوێستە پێکەنیناویەکەوە وروژاوەو دەگەڕێتەوە بارە ئاساییەکەی جارانی. کەواتە پێکەنین سیمایە بۆ خۆشی و ئاسوودەیی دەروون، ئەو کاتەی کەسێک دەتوانێت لەهەڵوێستە مەترسیدارەکاندا پێبکەنێت، مانای وایە کەسێکی ئازادەو فشاری قەدەرو باروڕەوشی نالەبار کۆتوبەندی نەکردووە. پێکەنین تاموچێژ بە ژیان دەبەخشێت و مانای جوانیی دەداتێ و ڕۆتین و بێزاریی لێ دور دەخاتەوە.
پێکەنین ڕاستە هەڵچوونێکەو سایکۆلۆژیانە لێکدەدرێتەوە، هاوکات دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیشەو لەئامادەبوونی کەسانیتردا زیاتر دەخرێنەڕوو. وەک چۆن منداڵ کاتێک دەوروبەری قەرەباڵغ بێت، زۆرتر دەگری و کە چۆڵیش دەبێت، ژیر دەبێتەوە. بەهەمان شێوە گەورەکانیش خەندەو پێکەنینیان لەبەردەمی کەسانیتردا، گەرمترەو کاتێکی زیاتر دەخایەنێت. هەر لەو کاتانەشدا کە ئاسودەو بەختەوەرین، یادەوەرییان بەهێزتر دەبن و یادگارە شیرین و خۆشەکانی ڕابردوومان بەسانایی دێتەوە یاد. بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا ئیتر حەوسەڵەو میزاجی مرۆڤ، تەخت و جێگیر دەبێت و چیتر وەک منداڵان لەهەڵبەزو دابەزدا نییەو قاقالێدان وردە وردە خاوترو هێواشتر دەبێتەوەو پێکەنینەکان کەمتر دەخایەنن وکورت دەبنەوە. ناوبەناویش بۆ ڕاگرتنی سەلامەتی وهاوسەنگی عەقڵیی، پیرەکان: بە بێباری و بێمانایی ڕۆژگارو بەهیچ وپوچی ژیان پێکەنینیان دێت.
تشرینی دووه‌م 12, 2011
ئاگاداری ئاوێنه‌که‌ت به …. – زانست زانا
ئاگاداری ئاوێنەكەت بە…!
زانست زانا
هەزاران ساڵە ژیان دروستبووەو مرۆڤ لەسەری دەژی، مرۆڤ بەژیانەوە مرۆڤەو ژیانیش بەبێ مرۆڤ سەرەتایترین واتاش هەڵناگرێت، بەجۆرێك مرۆڤ و ژیان دوانەو پێكەوە لكاون كەدەكرێت بڵێین دوو نوقتەی ژێر پیتێكن…!
بەدرێژایی ئەو هەزاران ساڵەی كەژیان دروستبووەو مرۆڤ لەسەر زەوی ژیاوە ملیارەها جۆر لەمرۆڤ لەڕەنگ و تەبیعەت و هیواو ڕەگەزو كاركردن‌و حەزو… هتد، تێپەڕاندووەو مرۆڤ هەر مرۆڤەو ژیان هەر ژیانە، ئەوەی لەمێژوی ئەو هەموو مرۆڤ و ساڵە زۆرە ماوەتەوەو ئەتوانین سەیری ڕابردوی پێ بكەین تەنها كردەوەكانیانەو هیچی تر، بێگومان كردەوەی هەر مرۆڤێك ئاوێنەیەكەو لەڕێگەیەوە ئەتوانین وێنەی تەواوی ئەوی پێ دروست بكەینەوەو بزانین ئاخۆ ئەو مرۆڤە چی لەهەگبەی دابووە، بنیادنەر بووە یان ڕوخێنەر، بەهیوا بووە یان هیوا بڕاو، خۆشەویست بووە یان ڕق لێ هەڵگیراو، خۆفرۆش بووە یان راستگۆ‌و دروست…
هەموومان لەوڕۆژەوەی دێینە ژیانەوە خەریكین‌و زۆرشت ئەنجام ئەدەین، بەشێك لەوشتانەی كەئەنجامی ئەدەین بۆئەوە نابن كەسی تر بیان زانێت‌و بیان بینێت، هەربۆیە بەپەرۆش‌و نهێنی‌و بەدزیەوە جێبەجێی ئەكەین‌و ئەمانەوێـت لەوكارەی ئەیكەین كەس پێمان نەزانێت‌و ئاشكرانەبین، تەنانەت لەكاتی ئەنجامدانی كارە نەشیاوەكاندا شڵەژاوو نیگەران‌و پەرێشانین لەترسی ئاشكرابونی‌و دوای چەندین ساڵیش ئەگەر بەئەو شوێنەی كردەوەكەمان تیا ئەنجامداوە گوزەربكەین تەنگەتاو ئەبین‌و گۆشەی چاومان تێك ئەچێت، چونكە ئەترسین شوێنكارێكمان بەجێ هێشتبێ‌و ئاشكراببین!
هەر مرۆڤێك كەلەژیاندایە قەڵەمێكی پێ یەو وێنە ئەكێشێت، ئەگەرچی مرۆڤ گەلێكی زۆرمان بڕوامان وایە ئەو وێنانەی ئێمە ئەیكێشین‌و دروستی ئەكەین كەسی تر نایبینێت، بەڵام لەڕاستیدا وانییەو هەرچەندە هەوڵیش بدەین كەوێنەكان بەساختە دروست بكەین، بەڵام دواجار وێنەی ڕاستەقینە هەر دەرئەكەوێ‌و بەوێنەی مانگ لەئاسمانی ژیانی هەر یەكێكماندا خۆی نمایش دەكات.
ئێستا تۆ فڵچەی وێنەكێشانت پێ یەو هەركردەوەیەك ئەنجامی ئەدەیت وێنەیەكەو لەژیاندا كێشاوتە، لەوەش دڵنیابە هەرگیز نەك تۆ، بەڵكو هیچ كەسێك ناتوانێت بۆهەتاهەتایە لەژێر پەردەوە بەردەوامی بەكارەكانی بدات‌و وێنەی ناڕاست ڕۆژێك هەردێت پەردەی لەڕوو هەڵماڵرێت‌و ئەو كردەوە نەرێ‌و خراپانەی كەئەنجامی ئەدەیت‌و زۆر سوری لەسەر ئەوەی هیچ كەسێك پێی نەزانێت، دیسان ئەویش وێنەیەكە لەژیانداو بتەوێ‌و نەتەوێ كێشاوتەو هەرچۆن پارێزگاری لێ بكەیت‌و بیشاریتەوە هەزار ساڵی تریش بێت لەسوچێكدا ئەدۆزرێتەوەو ئەوكاتە ڕاستەقینە ئاشكرادەبێت! چارەسەر ئەوە نییە وێنە خراپەكانت بپارێزیت‌و لەخەمی ئاشكرانەبویاندا بیت، بەڵكو چارەسەری ڕاستەقینە ئەوەیە واز لەدروستكردنی وێنەی نەشیاوو زەرەرمەند بهێنیت‌و وێنەی جوان بكێشیت هەتا دڵنیای دڵنیابیت‌و خەریكی ڕازاندنەوەی گەردون‌و ژیانبیت.
هەموومان وێنەكێشین! بەشێكمان بەبێ هیچ ترسێك وێنە دەكێشین‌و باكمان نی یە هەركەس بیبینێت، چونكە كردەوەكانمان ڕاستن‌و وێنەكەشمان ڕاستە، بەشێكی تریشمان خەریكی شاردنەوەی حەقیقەت‌و تەزویركردن‌و ڕوپۆشكردنی كردەوە ناشرینیەكانمانین بەو مەرام‌و مەبەستەی وێنەی جوان پیشانی خەڵك بدەین‌و بەنیازین چاوبەست لەخەڵك بكەین‌و فریویان بدەین، بەشەكەی تریشمان كردەوكانمان خراپەو بەهیچ جۆرێك وێنەی جوانمان بۆ پێكنایەت بۆیە هەمیشە لەهەوڵی ئەوەداین كەوێنەكانی ژیانمان بشارینەوە!
جۆری یەكەم لەو هاوكێشەی سەرەوە مرۆڤە بەختەوەرەكانن‌و هەموو شەوێك بەئاسودەیی سەر ئەنێنە سەر سەرین‌و ئەخەون، چونكە شتێك نییە لێی بترسن‌و مێژوو ڕابردویان خاوێنەو ترسیا ن نییە لەئایندەدا فایلی كار‌و كردەوەكانیان دەربكەوێت.
هەرچی دووجۆرەكەی ترە هەمیشە دڵیان وەكو تەنوری ئاگر وایەو بۆساتێكیش ئاسودەو دڵنیانین، چونكە هەمیشە ترسیان هەیە كەكردەوەكانیان پێی بزانرێت‌و ڕوی ڕاستەقینەیان دەربكەوێت، بێگومان ئەم جۆرە مرۆڤانە هەرگیز بەخۆشی سەرناخەنە سەرسەرین‌و لەخەوەكانیشیاندا وەڕس‌و ماندوو شەكەتن! چونكە خۆشیان دڵنیان كە دەتوانن بۆماوەیەك خەڵك بخەڵەتێنن، بەڵام ناتوانن بۆهەتاهەتایە هەموو خەڵك بخەڵەتێنن‌و ڕۆژێكیش هەردێت بارانێك ببارێت‌و ڕووی وێنە تەزویرەكان بشواتەوەو وێنە شاراوە ناشرینەكانیش لە كونجی نهێنیەكاندا دەربهێنێت‌و كورد وتەنی ( ئەوەی ژێر خاك بخاتە سەر خاك)
ئێستا سەیری وێنەكانی ڕابردوت بكەو مەهێڵە پێنوسەكەی دەستت هێڵی خوار بكێشێت، سەیری فڵچەی وێنەكێشانی ڕۆژگارت بكەو ڕزگاری بكە لەوەی وێنەی دژوار بنەخشێنێت، ئێستا بیر لەخۆت بكەرەوەو ڕێگە بەنەفست مەدە لەبەر هەر هۆیەكەو بۆهەر مەرامێكە سوكایەتی‌و ئیهانە بەناخ‌و ویژدان‌و كەسایەتیت بكات، دڵنیابە لەوەی تەنها ڕاستەقینە ئەمێنێتەوەو ئەویتر وەكو بەفر ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەبەردەم تیشكی ڕاستەقینەدا ئەتوێتەوەو چەوتی‌و پۆخڵیەكان ئاشكرادەبن!
ڕێگەمەدە كەلەئایندەدا سەیری ئاوێنەی ژیان دەكەن وێنەی تۆ بەهۆی كردەوەكانتەوە ناشرین‌و شێواوبێت، هیچ شتێك هێندە پیرۆز نییە كەسوكایەتی بەخۆت بكەیت لەپێناویداو هیچ شتێكی پیرۆزیش وەها كارێكی لێت ناوێت
تۆ هەموو شتەكانت بۆخۆت دەوێـت، بەڵام ئەگەر ئەوشتانە لەقازانجی خۆت نەبێت چی سودێكی هەیە؟ هەرگیز باڵەخانە لەسەر لم بینا ناكرێ‌و خۆشت زۆر لەوە مەزنتری لەپێناوی ڕەفتارێكی بەددا خۆت ونكەیت.
بیربكەرەوەو خۆتت خۆشبوێت، مەهێڵە هەرگیز وێنەكەت لەئاوێنەی ڕۆژگاردا بێزراوبێ، هیچ شتێك نرخی نییە كاتێك نرخی تۆ نەهێڵێت! هیچ شتێك پێویست نییە كاتێك تۆ ون‌و بەدناوكا! هیچ دراو‌و مامەڵەیەك نرخی كڕینی تۆ‌و مێژوەكەتی نییە، باش ئاگاداری خۆت بە، چونكە لەمێژە فەرمویانە( بێ بایەخە مرۆڤ هەموو ژیان بەرێتەوەو خۆی بدۆڕێنێت)، سەرنجی تێكڕای ڕەفتارەكانت بدەو هەمیشە ئاگاداری ئاوێنەی ڕۆژگاربەو وریایانە لەخەمیدابە نەبادا لێڵ‌و وێڵی بكەیت.
nweben@yahoo.com
تشرینی یه‌كه‌م 4, 2011
مرۆڤ له‌نێوان ئیمانداران و ده‌سه‌ڵاتداراندا – کامه‌ران چروستانی
مرۆڤ له‌نێوان ئیمانداران و ده‌سه‌ڵاتداراندا
کامه‌ران چروستانی
chrostani@hotmail.com
وێنه‌ی یه‌که‌م: سه‌ر له به‌یانی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕێکه‌وتی 2011/9/8 به کارێکی تایبه‌ت به‌ره‌و فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی به‌ڕێ که‌وتم. ڕێکه‌وت وای کرد، هاوکات سه‌ده‌ها ژن و پیاو له سعودییه‌وه ده‌گه‌ڕانه‌وه پاش ئه‌نجامدانی عه‌مره له مه‌ککه و مه‌دینه. ئه‌م وێنه‌یه ڕایکێشام به‌ره‌و هه‌ندێک وێنه‌ی دیکه و گه‌لێ پرسیار، سه‌باره‌ت به …
وێنه‌ی دووهه‌م: وێنه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره ماددییه‌کانه، له یه‌کێک له خوانه‌کاندا له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سانێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی شاردا، بێجگه له خۆم، هه‌رچی باس ده‌کرا باس باسی دفته‌ر و بلۆک و دۆنم و خان‌و و ئۆتۆمۆبیله چه‌ند ده‌فته‌ریی و پارچه زه‌وی بوو. جاروباریش ناوکێشێکی “ملیۆنیی”یان پیا ده‌کێشا، که به ده‌سته‌واژه نوێکه‌ی کوردستان مانای سه‌د ده‌فته‌ر ده‌به‌خشێت.
وێنه‌ی سێهه‌م: وێنه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره سیاسییه‌کانه، هه‌موو که‌سێکی تێگه‌شتوو لەم هەرێمەدا درک به‌وه ده‌کات، که له‌ناو هه‌رێمدا ده‌گوزه‌رێت، ئه‌گه‌ر بێتوو چاوی خۆی له ئاستی شته‌کاندا نه‌نوقێنێت. ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت که ئابووری و سەرمایەی هه‌رێم له‌ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمدایه. ئه‌مه شتێکه، که پێویست به نکوڵی لێکردن ناکات. ته‌لار و هۆتێل و مۆتێل و باخچه‌ی چه‌ند دۆنمیی و کارگه و کۆشکه‌کان و مۆبایل و هێڵه ئاسمانییه‌کان و شاری “خه‌ون و خه‌یاڵ و جوانیی و و و “ه‌کانیان هه‌مووی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌مانه. بەڵام لەم بابەتەمدا کێشەی من ئەوە نییە، بەڵکو
چه‌ند وێنه‌یه‌کی غه‌مناک: منداڵێکی ته‌مه‌ن ده ساڵانه، دایک‌وباوک که‌م ده‌رامه‌ت، منداڵه‌که دووچاری نه‌خۆشییه‌کی ئاڵۆز بووه، که چاره‌سه‌ری له ناو وڵات‌دا ئاسته‌مه. ئه‌م نه‌خۆشییه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی منداڵه‌که له هه‌موو جوڵه‌یه‌ک بکه‌وێت و ده‌ست و قاچه‌کانی به ئاسته‌م بتوانێت بجوڵێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دڵخۆشکه‌ره‌یه ئه‌وه‌یه، که ئه‌و منداڵه هیوای به پاشه‌ڕۆژێک و ئاسۆیه‌کی بۆ ژیانی له ده‌ست نه‌داوه. لەسەر هەموو کێشە دەروونی و جەستەییەکانییەوە لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی ئاسایی‌دا لەم شارەدا بەردەوامە لە خوێندنەکەی لەسەر عەرەبانە چوار تایە کۆنەکەی و ئێستا له پۆلی چوارهه‌می بنه‌ڕه‌تییه. ئافره‌تێک، هاوسه‌ره‌که‌ی بێکاره، دووچاوری نه‌خۆشییه‌ک بووه، که هه‌ردوو قاچی له کار که‌وتوون: ئه‌گه‌ر بتوانرایه به‌ر له دوو یان سێ ساڵ چاره‌سه‌ر بکرایه ئه‌وا ئێستا وه‌ک مامۆستایه‌ک خزمه‌تی منداڵه چاوگه‌شه‌کانی کوردستانی ده‌کرد. پیاوێک، خاوه‌ن سێ منداڵ، هاوسه‌ره‌که‌ی ژنی ماڵه‌وه‌یه، پاش ڕووداوێک و له ده‌ستدانی ده‌ستێکی خۆی، ڕووبه‌ڕووی گه‌لێک کێشه‌ی ته‌ندروستی بووه. ئه‌م پیاوه دووڕایه له‌وه‌ی، ئایا به‌ر له هه‌موو شتێک فریای خۆی بکه‌وێت یان منداڵه‌کانی، هه‌رچه‌نده بۆ هیچ لایه‌کیان هیچی بۆ ناکرێت.
پرسیارێک بۆ هه‌مووان: هه‌موو ئه‌و وێنانه ئه‌م پرسیارانه‌ی خسته به‌ر ده‌مم: ئایا چی ڕوو ده‌دات، گه‌ر هه‌موو که‌سێکی ئیماندار، که چووه به‌ره‌و ماڵی خوا له مه‌ککه و مه‌دینه ته‌نها په‌نجا دۆلاری پێشکه‌ش بکردایه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م که‌سانه و سه‌ده‌ها که‌سی دیکه‌ی له‌م شێوه‌یه؟ ئایا ئه‌وه‌ش حه‌جێک یان عه‌مره‌یه‌کی مرۆییانه نه‌ده‌بوو؟ گه‌ر پێم بڵێن، که ئه‌مه په‌یوه‌ندی به ئاینه‌وه نییه، ئه‌ی من ئاینێکم بۆ چییه گه‌ر نه‌توانێت پاش 1400 ساڵ چه‌که‌ری مرۆڤایه‌تی له ڕۆحماندا بڕوێنێت؟ ئایا ده‌بێت ئێمه هه‌ر له‌ناو سنووری په‌ڕه پیرۆزه‌کاندا کوێرانه بێین و بڕۆین؟ ئایا چی ده‌بێت گه‌ر ئه‌م ملیۆنێرانه‌ی وڵاته‌که‌م که‌مێک ئاوڕێک له ڕابردوویان بده‌نه‌وه و کاته قورسه‌کانی خۆیان به‌بیر بێته‌وه؟ چی ده‌بێت گه‌ر که‌مێک له خۆشی و گه‌شت و ئاره‌زووه گرانه‌کانی خۆیان خۆش ببن و بیانبه‌خشن به‌و که‌سانه‌ی که یارمه‌تیان پێویسته؟ چی ده‌بێت گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدار و سیاسه‌تمه‌داره‌کانمان ده یه‌کی هێنده‌ی قسه ده‌که‌ن و ڕیکڵامه‌ی سیاسی بۆ خۆیان ده‌که‌ن و له هه‌زارا یه‌کی ئه‌و سامانه‌ی، که له‌م وڵاته ده‌ستیان ده‌که‌وێت ببه‌خشن به هه‌ژاران یاخود به لایه‌نی که‌مه‌وه ئه‌گه‌ر ناشیانه‌وێت ئه‌و سامانه له‌ده‌ست بده‌ن ئه‌وا به لایه‌نی که‌مه‌وه بایه‌خ و ئاوڕدانه‌وه ببه‌خشن به‌م هه‌ژار و بێده‌ره‌تانانه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌مان؟ گه‌ر باسیش له ئه‌رکی ده‌سه‌ڵات بکه‌ن، ئه‌وا من ده‌سه‌ڵاتێکم بۆ چییه که نه‌توانێت ئاوڕێکی مرۆییانه له کۆمه‌ڵگاکه‌ی بداته‌وه؟ چی ڕوو ده‌دات گه‌ر پاره‌ی بنیاتنانی ئه‌م هه‌موو مزگه‌وتانه‌ی که هه‌موو کوچه و کۆڵانێکی شاره‌کانی پڕ کردۆته‌وه، بدرێن بۆ به‌خشینی ژیانێکی نوێ به که‌سێک. ئه‌م مرۆڤانه هه‌میشه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌که‌ن ڕۆژێک له ڕۆژان بگه‌ن به ئیماندارێکی ڕاسته‌قینه، ده‌وڵه‌مه‌ندێکی خاوه‌ن هه‌ست و ده‌سه‌ڵاتدارێکی خۆنه‌ویستی نیشتمانپه‌روه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی گوێ له سکاڵاکانیان بگرن.
ئه‌یلول 30, 2011

دوا سەرنجەکان: