ڕاستترین ڕاستی – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی: عه‌بدوڵا تۆفیق – سوید

ڕاستترین ڕاستی
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی
سوید

مردن، ئەو وشەیەی کەزۆر ئەیبیستین و نامانەوێ خۆمانی تێبگەیەنین لەبەر ئەوەی لە لای زۆربەمان بە واتای کۆتایی دێت و ڕکمان لێی دەبێتەوە. چ شتێك هەیە ئەوەندەی مردن مرۆڤەکان بترسێنێت؟ زۆربەمان ئەڵێین: ئەگەر مردن نەبوایە لەهیچ شتێك سڵمان نەئەکردەوە و چیمان ئارەزوو بکردایە ئەنجاممان ئەدا. ئەگەر پرسیارێكت ئاراستە بکرێت کە ئەتەوێ مردنەکەت چۆن بێت بەبێ هیچ گومانێك وەڵامەکەت ئەوەیە کە دەڵێیت ئەمەوێ دەست بەجێ بێت. بەڵام ئەگەر پێیان ووتی ئەی مردنی کەسە نزیکەکانت چۆن بێت، ئەوکات ئەڵێیت لەسەر خۆبێت. ئەمەش خۆپەرستی ئیمە دەردەخات کە نامانەوێت بە ئازارەوە بمرین، بەڵام با خۆشەویستەکانمان هەر لەلامان بمێننەوە ئەگەر چی بە ئازارێکی درێژخایەنیشەوە ڕۆحیان لێبسەنرێتەوە.
کاتێك کەسێك دەمرێت تەنها خۆی نامرێت بەڵکو ئەو لە چوار جیهاندا دەمرێت کە بریتین لە لایەنی( جیهانی فیزیکی، کۆمەڵایەتی، کەسایەتی، ڕۆحانی). هەندێ جار مرۆڤ یەکێك یان چەندێك لەم جیهانانەی ئەمرێت ئەگەر کەسەکە هاتوو دووچاری تەنهایی یان جۆرە نەخۆشیەك بوو کە بووە هۆی دابڕانی لەو جیهانانە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە مردن ١٠٠% ڕاستیە و هەمیشە نزیکمانەو زۆر بەکەمی پەیوەندی بە نەخۆشی و لەش ساغیەوە هەیە، کەچی کەمترین بابەتە لە کاتی کۆبوونەوەی هاوڕێیاندا، لە ماڵەوە لەگەڵ دایك و باوکدا، تەنانەت لە نەخۆشخانەکانیشدا باسی مردن نابێت بکرێت نەکا نەخۆشەکان گوییان لێبێت و بترسن. ئەبێت ئەوە ڕوونبێت لەلامان کە ئەگەرچی لەش ساغیش بین هەر ئەمرین.
وەك زۆرێك لە لێکۆڵینەوەکان باسی لێدەکەن ئەڵێن کە زۆر پیر هەیە ئەیەوێت باسی مردن بکات بەڵام ژنەکەی یان مناڵەکانی باز ئەدەن بەسەر ئەو باسەداو ئەیپەڕێنن. ئەوان بیر ناکەنەوە لە هەست و بۆچوونەکانی ئەو پیرە کە ڕەنگە بۆ ئەو زۆر گرنگ بێت. کەم قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە گرنگەی ژیانە ترسەکە لەمردن زیاتر ئەکات، ئەگینا ئەوانەی کە ڕۆژانە کە لەخەو هەڵدەستن و سوپاسی خودا دەکەن کە ئەوان لەو مردنە کاتیە بەخەبەر بوونەتەوە بۆ ئەوان ترس لە مردن شێوەیەکی ترە.
ئایا بیرت لەوە کردوەتەوە کە خەولێکەوتن وەك دەرچوونی ڕۆحە لە لەش، بەڵام هەر کە بەخەبەر بوویتەوە ئەو ڕۆحە دێتەوە ناو لەشت. ئەتوانی ئەمە تاقی بکەیتەوە: ئەمجارەیان کە خۆتت بۆ خەوتن ئامادەکرد تەرکیزت بخەرە سەر ئەوەی کە کەی تۆ وا خەریکە ئیتر دوونیای بە ئاگای جێدەهێڵیت و بەرەو دوونیای کپ و تاریکی و ئارامی دەڕۆیت. پێویست ناکات لەخۆتی تێكبدەیت، تۆ تەنها ئاگاداربە هەتا بۆ ماوەیەك ژیان بەجێدێڵیت، وە کە جاویشت کردەوە بەهەمان شێوە ئاگابوونت ئاگاداربکەرەوە کە تۆ ئێستا ئەژیت و وجودت هەیە. پاشان بیر بکەرەوە لەو ماوەیەی کە خەوتبوویت، ئەو جیهانە بۆ تۆ چی بوو جگە لە مردنێکی کاتی. ئایا ئەمە بەلگەیەکی روون نیە بۆ ئەوەی کە ئیمە زیاتر خۆمان ڕابهێنین کە هەمیشە دەمرین و زیندوو دەبینەوە. ئینجا بزانە کە ئێمە ئەگەر ٨ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا بخەوین تەنها ١٦ کاتژمێری ئێمە لە ژیانداین ئەگەر چی ئێمە لەو بارەیەوە زیاتر قوڵ ببینەوە ئەزانین کە خەونی ڕۆژانەمان ( بیرکردنەوەکانمان) ڕۆژانە ١٢ کاتژمێری تر ئەبات کا ئەویش دیسانەوە لە نائاگایدایە، کەواتە ئیمە تەنها ٤ تا ٦ کاتژمێرمان لە ناو ئاگایدا بەسەر ئەبەین لە ڕۆژیکی تەواودا.
ئەوەی ماوە بیڵێم ئەوەیە کە ئەم مردن و ژیانەوەیە لە خۆیەوە نیە، ئەبێت هێزێك لەپشت ئەم گەردونەوە، ئەو هەموو شتانەوە هەبێت کە شایانی پەرستن و خۆشویستنە. چیان بەسەرهات ئەوانەی کە بەدەورمانەوە بوون، باو باپیرانمان، ئەوانەی پێشتر و پێشتر. ئێمە باسی هەزاران ساڵ لەمەو بەر ئەکەین، کوان ئەوان ئەگەر تەنها میژوویەك نەبن. ئەی ئێمەش وەك ئەوان ناژین کە ئەوان ژیان، ئەی وەك ئەوان تەواو نابین. باسکردنی مردن بەشێوە دروستیەکەی هێمنیەك بەدڵ ئەدات، پاکیەك دروست ئەکات، بڕوا بەهێز ئەکات، تێدەگەیت کە ژیان هەرچەندە درێژبێت هەر کورتە و تەنها مرۆڤە ڕۆح پاکەکان براوەی هەر دوو دونیان، دەتگەیەنێتە ئەو بروایەی کە مردن نیە بەلکو ژیانەوەیەکی ترە لە دونیایەکیتر وە بۆ ئەم مەبەستەس تۆ هەول ئەدەیت کە یارمەتی مرۆڤەکان بدەیت، تۆوی خۆشەویستی و بەیەکەوە ژیان بچینیت، تۆ دڵی خودا لەخۆت ناڕەنجێنیت و رەفتارەکانت جوان ئەکەیت، هەمیشە ستایش و سوپاسی خودا ئەکەیت، ناترسیت کە بمریت و زیندوببیتەوە لەلای دروست کەرەکەت. زۆر کەس سەبارەت بەمردن بیرو بۆچونی خۆیان هەیە و ئەیانەوێت ئەرێنی بۆ مردن بچن، بەڵام وەك دەرکەوتووە بڕوایەکی جێگیر لەو بۆچوونەیاندا نیە، هەر بۆیە دودڵ ئەژین و هەست ئەکەن خۆیان ئەخەڵەتێنن. ئەوانەش کە ڕاستیەکانیان بۆ دەرکەوتووە سەبارەت بە مردن هەوڵ ئەدەن ئەو کارانە بکەن کە خودا پێی خۆشە. ئاکامی ئاکار و رەفتار باشیش هێمنیەکی دەروونیە و تەنانەت وشەی مردن بۆ ئەوان هێمنیە، لەبەر ئەوەی ئەوان دڵنیان لەوەی بەرەو کوێ و بۆ لای کێ ئەڕۆن، جا زووبیت یان درەنگ، وە زۆربەی ئیمانداران تامەزرۆی دیداری یەزدانیان. خودا لەهەموو لایەکمان ببورێت.

كانونی دووه‌م 21, 2012

ته‌نها پێنج خوله‌ک له‌ هه‌فته‌یه‌کدا – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی: عه‌بدوڵا تۆفیق – سوید

تەنها پێنج خولە‌ك لە هەفتەیەکدا
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی
سوید

کات زوو ئەڕوات. زۆربەمان بەو دەستەواژەیە خۆمان ئەپەڕێنینەوە و ئەڵێین کاتی بەتاڵیشمان نیە هەتا فریای شتەکانی ژیان بکەوین. ئایا هەرگیز دانیشتویت لەگەڵ خۆتدا هەتا بزانیت کاتەکانی ژیانت چۆن دابەشکردووە؟ ڕەنگە هەموومان بزانین کە زۆر شت هەیە کە پێویستە ئەنجامی بدەین، بەڵام نایکەین. وە زۆر كاریش ئەنجام ئەدەین کە هیچ پێویست نین. پرسیارەکەم لێرەدایە: ئایا تۆ ئاگاداریت لە گرنگی ئەو شتانەی کە ئەنجامی ئەدەیت؟ زۆر جار کەباس لە تەندروستی، بەهێزبوونی دەروون، بەهێزبوونی پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکان، تواناداری، خۆ ناسی و خوا ناسی ئەکەم لەگەڵ زۆرێك خەڵکدا ئەوەی کە گوێم لێ ئەبێت زۆربەی جار هەمان شتە کە ئەوان ئەیڵینەوە. ئەوان ئەڵێن کێ کاتی ئەوەی هەیە بەشوین ئەوشتانەدا بگەڕێ. لەگەڵ ئەوەشدا کەسێكیان نیە کە بڵێ ڕۆشنبیری تەندروستی و دەروونی، یان پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان یان خۆ ناسی و خودا ناسی گرنگ نین بۆ ئەوان. کەوا بوو قەیرانەکە لە کە کوێدایە، ئایا خودی کەسەکە خۆیەتی یان بەڕاستی ئەوان کاتەکان بەشیان ناکەن؟.
کۆمەڵگەی کوردی بەدەر لەوەی کە کۆمەڵگەیەکە کە شێوازی مۆدیلێکی کۆن پەیڕەو ئەکات، کەم لە تاکەکانیش تیایدا هەوڵ ئەدەن بیرێك لەوە بکەنەوە کە گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانیاندا بکەن بەشێوەیەکی دروست. ژیان ناتوانێت ئێمە پڕۆگرام بکات کە بەو شێوەیە بگوزەرێنین، بەڵکو هەریەکەمان ئەتوانین خۆمان پرۆگرام بکەین کە بەو شێوەیە ژیان بگوزەرێنین. کەم لە ئێمە هەیە دوای لە لەخەو هەستانی بەدوای کارو کاسپی ڕۆژانەی یان خوێندن و هەرسەرقاڵبوونیەکیتردا لەماڵ نەیەتە دەرەوە. کەمیش لە ئێمەهەیە نەیەوێت دوای هاتنەوەی بۆ ماڵەوە نان نەخوات و پشو نەدات، پاشان چەند کاتژمێرێك سەیری تەلەفزیۆن کردن و دواتر میوانداری و قسەکردنی بەسود و بێ سود لەگەڵ یەکدا و ئەوەندە ئەزانین کاتی خەوتن هاتەوە. بێجگە لەمانەش زۆرمان کاتێکی زۆرمان بۆ جگەرە کێشان و خواردنەوە و گازینۆ و هەندێ شتی پرو پوچەوە خەریك ئەکەین. ئەم جۆرە کردەوانەیە کە ئێمەی وا لیکردووە نەك تەنها خۆمان لەبیر چووەتەوە بەڵکو پەیوەندییە گرنگەکانی خێزانی و بیرکردنەوە لە تەندرستی و دەروونێکی دروست و تەنانەت خوداشمان لەبیر ئەباتەوە.
بۆ ئەوەی بەخۆماندا بچینەوە هەموومان ئەتوانین کەمێك لەو چالاکیانەی ڕۆژانەمان کەمبکەینەوە هەتا کار لەگەڵ ئەو شتانەدا بکەین کە گرنگترن بۆ ئێستاو داهاتوومان. ئەوەی زۆر جێی سەرنجە ئەوەیە کە کاتێك نەخۆش ئەبین زۆرترین بیر لەوە ئەکەینەوە کە چی بکەین بۆ ئەوەی بەخێرای باشببین و ڕێنمایەکان وەرئەگرین و هەمە جۆرە دەرمان بەکار ئەهێنین. کاتێك کە پەیوەندیمان لەگەڵ کەسانی دەورووبەرماندا تێك ئەچێت زۆرترین وزە بەکار ئەهێنین بۆ ئەوەی پیشانی خەڵکی بدەین کە ئێمە هۆکار نەبووین لە درزبردنی ئەو پەیوەندیەدا و خەومان ناخۆش و دڵتەنگ ئەبین. کاتیك کە کەسێکی نزیکمان لێ دەمرێت ئەوکاتە زۆر ترسی خودا دامان ئەگرێت و دەمانەویت خودا لێمان خۆشببێت و دیسانەوە دەست بکەینەوە بە یادی خودا.
تەنها هەفتەی پێنج خولەك لەوانەیە سەرەتایەك بێت بۆ تۆی بەڕێز کە بتەوێت بەخۆتا بچیتەوە و گۆڕانکاری دەست پێبکەیت. ئەتوانی هەر لەسەرەتای هەفتەوە تۆ پلانێك دابنێیت بۆ ئەوەی کە ئەو چەند ڕۆژەی هەفتە تۆ چیت ئەنجام دابێت بۆ خۆت. بۆ نمونە سەر لەبەیانی ڕۆژانی شەممان هەوڵبدە کە کەمێك زووتر لە ڕۆژانی تر لەخەو هەستە، هەر لەسەر جێگاکەت قەڵەم و کاغەزت بەدەستەوە بێت. لەماوەی پێنج خولەکدا ئەو شتانە بنوسە کە دەبێت ڕۆژانە ئەنجامی بدەیت کە بەدەر لەو کارە ڕۆتینانەبیت کە کردووتن، بەڵکو ئەوانەن کە بە پەرۆشەوەی کە تاقیان بکەیتەوە یان فریای نەکەوتوویت. ئەمانە لە دوایدا ئەبنە کۆمەڵە ئامانجێكی کورت خایەن بۆت کە بەگەیشتنی هەر یەکێکیان تۆ هەست بە بەهێزی و وزەی نوێ و دڵخۆشی بکەیت. لەبیرت نەچێ کە ئامانجێك بێت بۆ باشترکردنی پەیوەندی خۆت بە خودی خۆتەوە، باشترکردنی پەیوەندیت بە خودای تاك و تەنها، یارمەتی هەژان، باشترکردنی پەیوەندی خێزانی، پاکی لەکارکردنتا، لە ڕەوشتا، بەهێزبوونی دەروونی و زۆر شتیتر کە ڕەنگە بەخۆتانەوە تایبەتتر بێت. پاشان ئەوەمان لەبیر نەچێت ئەوەی کە زۆرترین بیری لێدەکەینەوە ئەوە ئەکەین، هەر بۆیە با زۆرترین بیرکردنەوەت لەسەر ئەوشتانەبیت کە بەرەو رەوشت بەرزی و کاری باش ئەتبات. بۆ کۆتای هەر هەفتەیەکیش واتە ئێوارانی ڕۆژی هەینی پێویستە بەسەر هەفتەکەدا بچیتەوە هەتا بزانیت هەتا چەند توانیوتە ئەو بەرپرسیاریەتیە جێبەجێ بکەیت. ئەگەر توانیت ئەوا تۆ هەتا بێت کارەکانت بەرەو باشتر ئەڕوات و توانای کۆنتڕۆڵت هەیە بەسەر ڕۆتیناتەکان و ژیانی خۆتدا. ئەگەر پێت نەکرا کە تەنها پێنج خولەك لە هەفتەیەکی ١٦٨ کاتژمێریدا تەرخان بکەیت بۆ ژیانێکی باشتر، ئەوا تۆ پێویستت بەوە هەیە کە زۆرتر خۆت ڕابهێنیت کە کۆنتڕۆڵی تەمەڵیت بکەیت. ژیان ئاوا خۆڕایی نیە!
سەرکەوتوبن
www.warzshidaruni.com

كانونی دووه‌م 7, 2012

بۆ خۆناسین و خودا ناسین پێویستت به‌ته‌نهایی هه‌یه‌ – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی: عه‌بدوڵا تۆفیق – سوید

بۆ خۆناسین و خودا ناسین پێویستت بە تەنهایی هەیە
عەبدوڵا تۆفیق
ڕاهێنەری دەروونی
سوید

ئەو دەنگە دەنگ و هەرایەی کە ڕۆژانە بەدەوربەرمانەوە هەیە هەتا کاتی خەوتن ماوەمان نادات بۆ کەمێك پشو یان دووبارە هێنانەوەی وزەی نوێ. هەر لە مێژەوە میللەتی کورد وا ڕاهاتووە کە ئەو هۆسەیە بە دەوروبەریەوە هەبێت، ئەگینا هەر کە لە ماڵەکەیاندا هەستیان بە تەنهای کرد ئەوا خێرا بۆچوونێکی بۆ دروست ئەبێت کە خەڵك و دۆستانیان ئەوانیان لەبیر کردووە. لەباتی ئەوەی خێرا سودێك لەو ساتە تەنهاییەیان وەربگرن و بەخۆیاندا بچنەوە کە ئایا ئەوان هیچیان لەبیر کردووە. ئایا ئەوان خۆیان، مناڵیان یان خوایان لەبیر ماوە؟
مرۆڤ هەتا لەو قەرەباڵغیە نەیەتە دەرەوە هەستەکانی بەباشی ناکرێنەوە، بیرکردنەوەکانی بەئاگای ناکەنەوە و ناتوانێت بەباشی لەگەڵ خودی خۆیدا دابنیشیت وەڵامی خۆی بداتەوە. مرۆڤ هەتا لەتەنهایدا نەژی درك نە بە خۆی و نە بە سروشت و نە بە دەوروبەرو نە بە دروستکەرەکەشی ناکات. ئەوە لە تەنهایدایە تۆ بە بێ بڕین و هیچ ڕیگرێك هیچ سنوردارکردنێك خۆت و خودای زەوی و ئاسمانەکان ئەدۆزیتەوە.
ئێمە دەروروبەر و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان زۆرترین وزەمان لێ ئەبات، هەتا ئەوەندە هیلاکمان ئەکات کە ئەو ساتانەی کە بەبێ ئەوانین لەبەر کەمی حەوسەڵەمان لە هەموو شت تووڕەین و نامانەوێ ئەو پشووە کەمەمان لێ تێك بچێت. بەمەش دیسانەوە ئێمە کاتمان لەخۆمان بڕیووە بۆ گەشەکردنی تەندرستی و دەروونی. ئەوەی کە لەو کۆمەڵگە قەرەباڵغەدا کاتی بۆ تەرخان نەکرێت خۆ ناسین و خودا ناسینە. ڕاستە خۆناسین ڕۆشنبیریەکی زیاتری ئەوێت لەبەر ئەوەی دەبێت کات بدەیت بەخۆت و بزانی داخوازیەکانت چۆنن، بیرکردنەوەکانت سەبارەت بەخۆت و ژیان چۆنن، ڕەفتارەکانت ج کاریگەریەکی ئەرێنی یان نەرێنیان هەیە لەسەر خۆت و دەوروبەرت، چەند هەستەکانت و بیرکردنەوەکانت زاڵن بەسەرتا، و هتد. وە ڕاستیشە سەبارەت بە خوا ناسی ئەوەتا خەڵك کاتەکانی خۆیان ئەدەن بە نوێژکردن. بەڵام ئایا ئەو نوێژکردنە خێرایە دروستە کە لەکاتی نوێژدا خەیاڵەکانت لە شوێنێکیترن و تۆ تەنها لەشت لەوێدا بێت و ڕۆحت کە گرنگترینیانە لەکاتێکدا لەگەڵ خودادا قسە ئەکەیت، بەڵام ئەو لە شوێنێکیتربێت.
لەتەنهایدا تۆ تەرکیزت باشتر ئەبێت کە بە وورد تر هەست بە بوونی خۆت و خودا بکەیت، هەست بە ڕۆحی خۆت بکەیت کە تۆ ڕۆحێکیت و بەبەر لاشەتدا کراوە و تەواوکەری تۆن. ڕەنگە تۆ بتوانیت هەست بەمە بکەیت کاتیك کە تۆ بڕیارێك بدەیت کە تۆ ( لاشە و ڕۆحت) بۆ ماوەیەك بەتەنها بێت لە شوێنێکی دیاریکراودا. شوێنەکە با ئەوەبێت کە ئێمە لە ڕاهێنانە دەروونیەکاندا بە ژوورەکەی دەروون ناوی ئەبەین، یان ژورێك بێت لە ماڵەوەی خۆتاندا. یان لە دەشتێكدا دابنیشیت یان پیاسەبکەی، یان لەسەر چیایەکەوە سەیری ئەو هێزەبکەیت کە ئەم زەوی و ئاسمان و ئەستێرانەی ڕاگرتووە بە شێوەیەکی ماتماتیکی و جوانترین شێوە. تۆ هەر لە تەنهایدایە ئەتوانی خۆت پاك بکەیتەوە سەبارەت بەو کاتانەی کە تۆ زوڵمت لە خودی خۆت یان کەسانیکیتر کردووە. هەر لەتەنهایدایە تۆ دەتوانی باشتر بیربکەیتەوە و بنوسی، هەر لەتەنهایدایە تۆ داهێنان ئەکەیت، هەر لە تەنهایدایە تۆ ئەتوانی بڕیار بدەیت و ئامانجەکانت دابنێیت، هەر لەتەنهایدایە تۆ دەتوانی باشتر بگریت و خۆت ڕاوەشێنیت هەتا دەبیتەوە بە مرۆڤێکی نوێ، هەر لەتەنهایدایە تۆ باشتر ئەتوانی بەراورد بکەیت لەنێوان بیرکردنەوەیەکی باش و خراپدا، جیاوازی بکەیت لەنێوان ئەو هەستانەی کە بەهۆی ڕەفتاریکی باشەوە یان خراپەوە بۆت هاتوون، هتد.
هەموومان ئەتوانین ڕۆژانە کاتێك تەرخان بکەین بۆ بە تەنهای بوونمان هەتا خۆمان و خودا لەبیر نەکەین و بەباشترین شێوەیش یادیان بکەین، لەبەر ئەوەی ژیان مانایەکی ترت ئەداتی کاتێك هەموو شت بۆ خودا بکەیت. تۆش هیچ دوودڵ مەبە و هەنگاوبنێ بەرەو کردنەوەی دەرگایەك بۆ ئەوەی تەنها بیت. کە دەرگای تەنهایت کردەوە تۆ (لەش و ڕۆحت) لەگەڵ خوا دا پیکەوە ئەبن کە دەروازەیەك ئەبیت بۆ ڕۆشناییەکی هەتا هەتایی.
سەرکەوتوبن
wwww.warzshidaruni.com

كانونی یه‌كه‌م 17, 2011

ئایا ژیان خۆی ناڕه‌حه‌ته‌ یان بیرکردنه‌وه‌کانمان ناڕه‌حه‌تی ئه‌بینن؟ – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی: عه‌بدوڵا تۆفیق – سوید

ئایا ژیان خۆی ناڕەحەتە یان بیرکردنەوەکانمان ناڕەحەتی ئەبینن؟
عەبدوڵا تۆفیق
ڕاهێنەری دەروونی
سوید

لەوانەیە ئەم پرسیارە بیرکردنەوەیەکی زیاتری پێویست بێت لەوەی کە ئێمە تەنها هەڵبژاردنێکی سادەی بۆ بکەین. هەڵبژاردنی هەریەکێکیان بۆ هەر تاکێکمان پەیوەندی بەزۆر فاکتەرەوە هەیە، بۆ نمونە: ئایا ئێمە دەروون دروستین؟، کەسێکی ئەرێنین؟، بۆ ئەم دونیا دەژین یان ئەوی دوای مردن؟، زۆر بیر لە ژیان و مردن ئەکەینەوە؟، دووچاری زۆر ناڕەحەتی و نەهامەتی بووین؟، لە دەوورووبەرماندا چی باسە؟، ئایا بە ئاگاین لە خودی خۆمان و ژیان؟، ئایا کەسێکین کە ڕووداوەکان ئاسان کار ئەکەنە سەر ژیانمان؟ ئەمانەو زۆر بیرو سەرنجی تری ئێمە وا دەکات کە هەڵبژاردنەکە ئاسان نەبێت.
زۆرجار مرۆڤ هەرچەندە خۆی بە بەهێزیش بزانێت، لەبەردەم هەندێ شکستی ڕۆژانەدا بێزارو دڵگران ئەبێت و خۆی دەداتە بەردەست واقیع. لەم کاتانەشدا ئەوەی بەرۆکی کەسەکە بەرنادات هەستەکانیەتی کە لەگەڵ بیرکردنەوە تیکەڵ و ئالۆزەکانیدا یەك بەدوای یەك دێن و دەڕۆن. هەندێکمان هەر زوو ژیان تاوانبار ئەکەین و لاواز ئەبین، وە هەندێکیترمان پاش ماوەیەك دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بیرکردنەوەکانی بکات و ژیانەکەی بۆ ئاسای ببێتەوە. ئەو ژیانەی کە زۆر پیرە ئێمە تەنها ئەوەندە هەستی پێدەکەین کە بەئاگاین لێی و هەست دەکەین ئێمەش بەشێکین لە ژیان، بەبێ بوونمان ژیانیش بوونی نیە بۆمان، بەڵام هەر کە بێ ئاگابووین لێی و خۆمان لەبیرچوویەوە ئەوکاتە هەست بە ژیانیش ناکەیت. ئێمە ڕەنگە بەهۆی بەئاگا بوونمانەوە لە بیرکردنەوەکانمان بتوانین باشتر هەست بکەین کە ئەژین و ئەتوانین هەستەکانی ( بینین، بیستن، بەریەککەوتن، بۆنکردن، تامکردن، خۆشەویستی، سەربەستی و هتد) هەست پێبکەین.
لەبەر ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەماندا هەستەکانمان بەردەوام سەرقاڵمان ئەکات، بەداخەوە زۆرجار ئێمە خۆشمان لەبیر ئەکەین لەناو بیرکردنەوەکانی خۆشماندا، کە بەمەش ئەوە لەدەست ئەدەین کە ئێستایەو ڕاستیەو ڕوو ئەدات لەبەردەمماندا. بیرکردنەوەکانمان زۆربەی جار سەبارەت بەو ڕووداوانەن کە ڕابردوون یان دەیخەینە بەرچاومان کەبە بۆچوونی خۆمان لە داهاتوودا ڕودەدەن. ئەزانی ئەمە چەند وزەمان لێ ئەبات!.
کەوابوو ئێمە هەمیشە لە نێوان ڕەخنەیەکی بەردەوامدا بە تاوانبارکردنی ژیان یان خودی خۆمان بە بیرکردنەوەکانمان ئەم سەرو ئەو سەر ئەکەین. ئەو کاتانەی کە بەسەرهاتەکان خۆشن و لەوێدا هەست ئەکەین شادومانین تەنانەت ژیان و بوونی خۆشمان لە بیر ئەکەین. وە بە پێچەوانەشەوە ئەو کاتانەی ناڕەحەتیەکمان بۆ یەتە پێشەوە دیسانەوە لەناو بیرکرنەوە لە خۆمان و ژیاندا دەخنکێین.
ئاسان نیە کە مرۆڤ بیت، مرۆڤ بەواتاکەی خۆی. ئەویش لەبەر ئەوەی کە خوا ئاگایی و نائاگای بەخشیووە بە مرۆڤ بۆ ئەوەی کە هاوسەنگی لە نێوانیاندا بکات و بتوانێت لەکاتە پێویستەکاندا بە ئاگابێت و بۆ زۆر پێویستی تریش نائاگایی خۆی بخاتە گەڕ. ئەگەر چی هەندێ پێیان وایە کە ئەو دوو جۆرە لەئاگایی و نائاگایی خۆیان ئۆتۆماتیکی کار ئەکەن پێکەوە، بەڵام بۆ ئەوەی دروست کار بکەن پێویستیان بە کارتێکردن و کۆنترۆڵکردن هەیە. کە ژیان پڕیەتی لە یاسا و ڕێسا و ئاین و داب و نەریت و کولتور و ڕۆتینات وە خوێندن و زانست، ئیتر چۆن ئەبێ مرۆڤ بوون ئاسان بێت و هەست بە سەربەستی بکات. نەزانین لە بەکارهێنانی ئەو دوو ئاگاییەدا زۆرجار کۆسپ دروست ئەکات بۆ مرۆڤەکان وەك تێکچونی باری دەروونی، تەمەڵی، دواکەوتنی مێشك بەگشتی، دوودڵی، سەرهەڵدانی نەخۆشی جەستەی و کێشەی کۆمەڵایەتی و بەریەککەوتن ئاستەمتر ئەکات.
هەروەك هەر کارو خۆڕاهێنانێك لەسەر هەر شتێکی نوێ پێویستی بە کات هەیە هەتا پڕۆگرام ببێت لە زهن و مێشکماندا، هەر بەو شێوەیەش دەتوانین ڕاهێنان بکەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی دروست بکەین لەنێوان ژیان و بیرکردنەوەکانماندا بۆئەوەی ژیان بکەین و خۆشمان بە بیرکردنەوەی ئەرێنی ڕابهێنین.
بۆ ئەم مەبەستەش ئەتوانم بڵێم ڕاهێنانی دەروونی یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە ئێمە دەبات بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا و ڕاستمان ئەکاتەوە. کردنی ڕاهێنانی دەروونی کۆمەڵێ کاریگەری ئەرێنی ئەبێت تەنانەت لەسەر جەستەشمان کە دیارترینیان پەستانی خوێن و شەکرە دێنێتە خوارەوە، سترێس کەمتر ئەکاتەوە و بیرکردنەوەی ئەرێنی زیاتر ئەکات، ڕێگای ڕاست بۆ ژیانی خۆت ئەدۆزیتەوە، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانت باشتر ئەبێت و ڕیگایەکە بۆ باشتر ناسینی خۆت و مرۆڤەکان و خودای تاك و تەنها و باشتر لەژیان تێگەیشتن.
سەرکەوتوبن
www.warzshidaruni.com

تشرینی دووه‌م 28, 2011

بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌رێنی چیه‌؟ – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی: عه‌بدوڵا تۆفیق – سوید

بیرکردنەوەی ئەرێنی چیە؟
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

لەبەر ئەوەی مەبەست لە ڕاهێنانی دەروونی بردنی کەسێکە بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا پێویستیش ئەکات لەکاتی ئەنجامدانیدا بیرو وێنە خەیال و هەستەکانمان گەشبین و ئەرێنی بکەین. وشەی بیرکردنەوەی ئەرێنی زۆر کات بەهەڵە بەکاردێت و بووەتە دەربڕینێك کە زۆرکەس هەستێکی نەرێنیان هەبێ بەرامبەری. تەنانەت وای لێهاتووە کە بەشێوەیەك بەکاردەهێنرێ کەوا دەزانرێت ئێمە وایان پیشان ئەدەین کە درۆ ئەکەین بەرامبەر بە ئەوان و خودی خۆمان. ئەوان وا دەزانن کە ئیتر ئەبێ ئێمە هەمیشە و بەردەوام وەك تیشکی ڕۆژ لەسەرەوە بین و خۆشحاڵ و ڕووخۆشبین ئەمە تەنها لەبەر ئەوەی ئێمە جەخت لە بیرکردنەوەی ئەرێنی ئەکەینەوە.
ئەگەر بکۆڵینەوە لە ناوەڕۆکی وشەکە بۆمان ئاسانتر ئەبێت کە تێبگەین. وشەی (پۆسیتیڤ) کە وشەیەکی ئینگلیزی بەمانی(دڵنیای) ئەگرێتەوە کە ئێمە بە کوردی لەدەمی دەرووناس و زمانەوانەکانمانەوە بە (ئەرێنی) ناوی دەبەین، مەبەستەکەش هەر ئەوەیە لە بیرکردنەوەی ئەرێنی. تۆ بیر ئەکەیتەوەو تەواوی چەقی قورسایت ئەخەیتە سەر ئەوشتەی کە تۆ خوازیاریتی و ئەتەوێ ڕووبدات. تۆ لەو کاتەدا بیر ناکەیتەوە کە خراپترین شت ڕووبدات. بیرکردنەوەی ئەرێنی تەنها ئەوەنیە کە تۆ وا بزانیت تەنها ئەگەر تۆ وا بیر بکەیتەوە ئیتر ئەوە ڕوو ئەدات. بەڵکو ئەبێت بیر لەو شتە باشانە بکەیتەوە کە تۆ بە تامەزرۆوە بتەوێ ڕووبدات.
بیرکردنەوەی ئەرێنی ئەوەیە کە تۆ خۆت بۆ ئەو شتە باشە ئامادەبکەیت کە ڕووبدات، وە بیرکردنەوەی خراپ ئەوەیە کە تۆ بیر بکەیتەوە لەو شتانەی کە تۆ نەتەوێ ڕووبدات. ئەمە پرسیارێك نیە کە تۆ پیچەوانەی واقیع ببیتەوە، دان بەوەشدا بنێ کە ژیان کێشە و سنوری خۆی تیایە بەڵام بڕۆ بەرەو چارەسەرەکان، ئەگەرەکانیتر ببینە.
هەمیشە مرۆڤ توانای هەبوو کە ڕاهێنان بە باشتر کردنی تواناکانی خۆی بکات، بۆیە خۆشبەختانە ئێمە ئەتوانین ڕاهێنان بکەین بۆ ئەوەی بیرکردنەوەکانمان باشتر بکەین، هەروەك چۆن بمانەوێ ڕاهینان بۆ ئامادەکردنی خۆمان بکەین لە هەر بوارێکیتری ژیاندا. ئێمە ڕۆژانە هەزاران بیرکردنەوەمان هەیە، خۆ ئەگەر هەندێ لەو بیرکردنەوانەمان نەرێنی و خراپ بن بێگومان کار ئەکاتە سەر چۆنیەتی تەندروستی و گەشەکردنمان. ئێمە خۆمان بیرکردنەوەکانمان هەڵدەبژێرین و وە هەمیشە خۆمان ئەتوانین بڕیار بدەین کە چۆن لە حاڵەتێك بنواڕین و لێکدانەوەمان بۆی هەبێ جا بە ئەرێنی بێ یان بە نەرێنی. ئێمە تەنها خۆمانین واقیع بۆ خۆمان دروست ئەکەین لە ڕێگەی ئەو بۆچون و شیکردنەوانەمان کە دەیکەین سەبارەت بەو ڕووداوانەی دەوروبەرمان.
ئەوەی کە مرۆڤێکی ئەرێنی پێ ئەناسرێتەوە ئەوەیە کە ئەو هەمیشە بەشوێن چارەسەرەکاندا ئەگەڕێت و هەوڵ ئەدات کە کێشەو ڕێگر وەك ئەگەرێك و کێبڕکێیەك لەگەڵ خۆیدا سەیر ئەکات. ئەگەر بتەوێ کەسێکی ئەرێنی بیت با چەقی قورسایت/ سەرنجت لەسەر چارەسەری نوێ و ئەگەرەکان بێت، نەك کێشە کۆنەکان. یاسایەکی باش بۆ کەسێکی ئەرێنی ئەوەیە کە هەمیشە کەمترین کات لە ڕۆژێکدا دادەنیت بۆ سەرقاڵبوونی بە کیشەکانەوە و زۆرترین کاتی بۆ چارەسەر دۆزینەوە تەرخان ئەکات.
کە بۆچوونی خۆت بگۆڕی بێگومان کاتێکی زۆرتری ئەوێت لەوەی وابزانی کە بەشەو ڕۆژێك ئەگۆڕێیت، ئەمەش هەروەك ئەوە وایە کە تۆ بتەوێ ڕاهێنانی ماسولکە بکەیت کە دەست بەجێ هەست بەگۆڕانکاری لە ماسولکەکانتا ناکەیت. بەڵام کاتێك کە گۆڕانکاریت کرد لەسەر سەرنجەکانت، بیرکردنەوەکانت و هەسەتەکانت تەنها بۆ کاتێکی کەمیش بێت، تۆ لەماوەیەکی دیاری کراودا لە ئایندەدا هەست بەگۆڕانکاریەکان ئەکەیت.
سەرکەوتوبن

تشرینی یه‌كه‌م 11, 2011

ڕاهێنانێک بۆ به‌هێزکردنی ته‌رکیز – چۆپی مه‌جید – خوێندکاری خوێندنی باڵای سکاندینافیا بۆ ڕاهێنانه‌ ده‌روونییه‌کان – سوید

ڕاهێنانێك بۆ بەهێزکردنی تەرکیز
چۆپی مەجید
خوێندکاری خوێندنی باڵای سکاندینافیا بۆ ڕاهێنانە دەروونیەکان

تەرکیزکردن و خۆ خاوکردنەوە دوو بناغەی گرنگن بۆ کردنی ڕاهێنانێکی دەروونی دروست و کاریگەر. تەرکیزکردن (سەرنجدان ) واتە دابڕان لە دەوروبەر و تەنها سەرنج خستنە سەر شتێك یان باسێك. بۆیە گرنگە کەتەرکیزمان لە سەر شتێکی ڕاست بێت لە کاتێکی ڕاست دا . هەندێ جار مرۆڤ دوچاری ئەوە دەبێت کاتێك کە لەگەڵ کەسێکی تردا گفتووگۆ دەکات بەجەستە لای کەسەکەیە بەڵام تەرکیزی لەسەر باسەکە نیەو خەیاڵی لە شوێنێکی ترە. بەمەش بارێکی زۆر ناخۆش رووبەڕووی دەبێتەوە بەوەی کە لەوانەیە پرسیارێکی ئاڕاستە بکرێت بەڵام نەتوانیت وەڵام بداتەوە چونکە ئاگای لە کردنی پرسیارەکە نەبووە یان خەیاڵی لەوێ نەبووە. ئەمەش بۆ کەسی بەرامبەر ئەوە پیشاندەدات کە ئەو هیچ ئارەزوویەکی نەبووە بۆ گوێگرتن بۆ باسەکەی بۆیە هەست بە بێ ڕێزی دەکات کە بەرامبەری دەکرێت. یان زۆرجار خوێندکارەکانمان بێزاری دەردەبرن بەرامبەر هەندێ وانەو دەلێن قورسەو هیچ تێناگەین کاتێ مامۆستا بۆمان ڕوون دەکاتەوە، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە ئەگەرێتەوە سەر کەمی تەرکیزکردن بۆ تێگەشتن لەکاتی ڕوونکردنەوەی وانەکەدا. ئەمەش لە دەسەڵاتی خوێندکارەکەدا نیە کە بیرکردنەوەکانی زاڵ دەبن بەسەریداو نا‌هێڵێت تەرکیزی تەواوی هەبێت لەسەر وانەکەو لە ( ئێستا ) دادەبڕێت.
بۆئەوەی کە لەئێستادا بژیت پێوستە بە توانا بیت لە تەرکیز کردندا و بتوانی هەموو هەستەکانت لەو کاتەدا بەکاربهێنیت. بۆ ئەم مەبەستەش کردنی ڕاهێنانی بەهێزکردنی تەرکیز بەهۆی تەکنیکێکی ڕاهێنانی دەروونیەوە ئەتوانیت کۆنترۆڵت هەبێت بەسەر خۆتداو تەرکیزت باشتر بێت.
یەکێك لە تەکنیکە کاریگەرەکانی ئەم ڕاهێنانە بەم شێوەیە دەبێت:
لە شوێنێکی ئارام و بێ دەنگ مۆمێك داگیرسێنە و لە دووری مەترێك یان زیاتر لە مۆمەکەوە دانیشە، هەستەکانت بکەرەوە و بۆ ماوەی پێنج خولەك سەیری مۆمەکە بکە. هەموو نیگاو سەرنجەکانت بخەرە سەر مۆمەکەو هەست بە گەرمی مۆمەکەو جوانی ڕەنگی ئاگری مۆمەکە بکە، با هەموو بیرکردنەوەکانت لەسەر مۆمەکە بێت و مەهێڵە هیچ بیرکردنەوەیەك هەستەکانت بەرێت. بێگومان لەسەرەتای کردنی ئەم ڕاهێنانە بیرکردنەوەت بۆ دێت بەڵام هیچ بێزار مەبەو کۆڵ مەدە ، دەستبەجێ ئەو بیرکردنەوە لاوەکیانە ببڕەو تەرکیز بخەرەوە سەر مۆمەکە. بەم شێوەیە تۆ خۆت فێر ئەکەیت کە کۆنتڕڵت هەبێت بەسەر خۆتداو ئاسانتر ئەتوانیت زاڵ بیت بەسەر ئەو بیرکردنەوانەدا کە لەویستی خۆتدا نیەو باشتر تەرکیز بخەیتە سەر ئەو شتەی کە خۆت مەبەستتە.
هەفتەی یەکەم ڕۆژانە لە کاتێکی دیاری کراودا بۆ ماوەی پێنج خولەك ئەم ڕاهێنانە بکە. هەفتەی دووەم ماوەی ڕاهێنانەکە ڕۆژانە چەند خولەکێ زیاد دەکەیت تا ماوەکەی دەگاتە بیست خولەك.
ئەتوانیت بۆ ماوەی دوو هەفتە یان زیاتر ئەم ڕاهێنانە بکەیت خۆت بڕیار بدە چەندت پێویستە و کەی هەست دەکەیت توانای تەرکیزکردنت بەهێزتر بووە.
مەبەست لەم تەکنیکە لە ڕاهێنانە دەروونیەکاندا تەنها ئەوە نیە کە تۆ هەمیشە پیویستت بە مۆمێك هەبێت بۆ سەرنجدان، بەڵکو تۆ ئەتوانیت ئەم تەکنیکە بگونجێنیت لە زۆربەی بارەکانی ژیاندا کە تۆ لەوێدا زیاترین تەرکیزت پیویستە بۆ نمونە لە کاتی ( خویندنەوەدا، گویگرتن لەکەسێك، سەیرکردنی فیلمێك، نوێژکردن، مێدیتاشون…هتد).
دەروون بەهێز و ئاسودەبن

ئه‌یلول 23, 2011

شوێن هه‌سته‌کانت ده‌که‌ویت یان پرسیار ده‌که‌یت؟ – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی: عه‌بدوڵا تۆفیق – سوید

شوێن هەستەکانت دەکەویت یان پرسیار دەکەیت؟
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهینەری دەروونی

ئەوە زۆر سروشتیە کەوا کاتە ئاساییەکان کە لەوێدا هاوڕێکەت یان دراوسێ یان یەکێ لە ئەندامەکانی ماڵەوەتان مەزاجی باشەو بەدەم خەندەوە قسەت لەگەڵ ئەکات و هەسەتەکان لەوێدا تەنها ئەرێنین. بەڵام ئەوەش ڕوو ئەدات کە بەیانیەك لەسەر کارەکەت یان لە شەقامێکدا هاوڕێیەکت ئەبینی و تۆ بە هەمان شێوە سروشتیەکەی جارانەوە سڵاوی لێدەکەیت، کەچی سڵاوەکەی ئەو ساردیەکی تیا بەدی ئەکرێت. هەر لەو کاتەدا مێشکمان خێرا دەکەویتە خۆکۆکردنەوەو هەمەجۆرە بیرو بۆچوون و هەستی جۆراو جۆر لەلامان دروست ئەکات، کە هیچیان واقیعی نین. بەڵام مێشك لەهەوڵدا ئەبێت بۆ خەلقکردنی واقیعێك کە لە ڕابردوودا ڕەنگدانەوەی هەبووبێ لە ئێمەدا . لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە کە ئێمە زۆربەمان هەستەکانمان نەرێنی ئەبن وەك ( ئەبێ چیم کردبێ بەرامبەری، بۆ وا گۆراوە، نایەوێ ئیتر هاورێیەتیم بکات، ئارەزووی خۆیەتی منیش ئیتر سەلامی لێناکەم ..هتد).
ئەی تۆ لەم بارەدا چی ئەکەیت؟
سەرچاوەی ئەم بابەتەم ئەگەرێنمەوە بۆ ماوەیەك لەمەوپێش کە یەکێ لە هاوڕێیانی سەرکارەکەم کە دەمێك بوو نەمبینی بوو، کاتێك کە بینیم من هەروەك جاران بەگەرمی هەواڵم پرسی. هاوڕێکەم زۆر ساردبوو لە وەڵامدانەوەیدا هەر وەك ئەوەی شتێکم لێبشارێتەوە. من ئیتر لەبەر سەرقاڵیم زۆر قسەم لەگەڵ نەکرد بەڵام زۆر کەوتمە بیرکردنەوە کە بۆچی وا ساردبوو. بیرێکم بۆ هات کە لەباتی ئەو هەموو بیرکردنەوەیە باشترە بڕۆم بەشێوەیەکی باش پرسیاری لێبکەم هەتا بزانم هەموو شت باشە. ئەوەبوو ئەو زۆر بەبێ هەوەسیەوە باسی ئەوەی بۆکردم کە نادادپەروەریەکیان لەگەڵدا کردووە و زۆر پێیەوە ئەتلیتەوە. لە قسەکانیشیدا دەرکەوت کە پێی خۆشە من بتوانم هەندێ لەکاتی خۆمی بدەمێ و هاوکاری بکەم. ئەوەبوو پاش ماوەیەك لە هاوکاریەکی زۆر کەمم هاوڕیکەم وەك جاران گەرموو گوڕ بوویەوە.
ئەم بەسەرهاتە فێری کردم کە هەستەکانمان زۆرجار فریوومان دەدات و لەوانەیە ببێتە تێکدانی پەیوەندیەکانمان بە هاوڕێ و خۆسەویستەکانمانەوە، بۆیە باشترین شت ئەوەیە زۆر چاوەڕێ نەکەیت و یاری بە مێشکی خۆت نەکەیت بۆ دۆزینەوەی هۆکارێك کە ئاستەمە واقیعی بێت. بۆیە ئەگەر ماوەیەکی باشت بۆ ڕەخسا پێی بڵێ کە تۆ ئەوت بەلاوە مەبەستە. پرسیار بکە.
سەرکەوتوبن
www.warzshidaruni.com

ئه‌یلول 20, 2011

ڕۆژوو هێزێکی ده‌روونی له‌پشته‌وه‌یه‌

ڕۆژوو هێزێکی ده‌روونی له‌پشته‌وه‌یه‌
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهینەری دەروونی- سوید
١٠/٨/٢٠١١

من کە چەند ساڵێکە چوومەتە ناو ژیانی وەرزشە دەروونیەکان و ڕاهێنانە دەروونیە جۆراو جۆرەکان ئەنجام ئەدەم، هەر لە سەرەتاوە زانیوومە کە لەو ڕاهینانەدا بەشێکی زۆر گرنگ هەیە کە ئەویش پڕۆگرامکردن/ خەزنکردنی ئەو زانیاریانەن کە مرۆڤ لەکاتی ڕاهێنانەکەدا بەخۆی ئەڵێت. مرۆڤ کۆدی هەموو ئەو شتانە دەکات لە مێشکیدا کە دەیانبینێت و دەیان بیستێت وە توانای وەرگرتنی میلیۆنەها زانیاری هەیە لە ساتێکی زۆر کەمدا، بەڵام تەکنیك و فێربوونی دەوێت بۆ ئەوەی کە وەرتگرتووە بەکاری بهێنی یان بەبیرت بێتەوە.
ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا گرنگی پڕۆگرامکردنی ئەو دەستەواژانەن کە ئێمە بەخۆمانی ئەڵێین، کە لەوانەیە گەورەترین سەرچاوەبن بۆ ئەوەی کە ئێمە بتوانین سودی لێوەربگرین بۆ بوار و بارە جیاجیاکانی ژیان. ئێمە ئەبێ دەمێك بێت لەوە تێپەڕیبین و درکمان بەوە کردبێ کە ئەو دەستەواژەی کە بەخۆمانی دەڵێین ئیتر لەشمان خۆی ئامادە دەکات و بە پێی گرنگی و ڕاستەقینەی ئەوەی بەخۆمانی ئەڵێین ئەوە ڕووئەدات کە داخوازیمان لەسەری بووە.
ئێمە هەر لەسەرەتای ژیانمانەوە وا خۆمان ڕاهێناوە یان وایان ڕاهێناوین (پڕۆگرامکراوین) کە بەیانیان لە خەو هەڵساین دەبێت نانی بەیانی بخۆین و نیوەرۆ و ئێوارە لە کاتە دیاریکراوەکەی خۆی ئەگەر بێت و کەمێك بترازێ و دوابکەوێ ئیتر ئێمە زۆر هەست بە هیلاکی و برسیەتی بکەین. ئەوەی لەم باسەمدا مەبەستمە پڕۆگرامکردنە کە وجودێکی ڕاستەقینەو بەرچاوی هەیە، کە دەکرێت دەستکاری بکرێت و زۆر لە مرۆڤەکانی جیهان بەهەر هۆکارێکەوە بێت ئەوان ئەو ڕۆتین و پرۆگرامکردنانەیان گۆڕیوە بەو شێوەی کە بۆ ئەوان لەبارتر بووە.
چۆن ئەوە ڕوو ئەدات کە مانگی ڕەمەزان دێت یان کەسانیتر لە ئاینە جیا جیاکانی تردا کە ئەیانەوێ چەند ڕۆژێك یان مانگێك یان زیاتر بەڕۆژوو بن ئەو پڕۆگرامە دەگۆڕن و سەرکەوتوانە نیەتەکەی خۆیان بەئەنجام ئەگەیەنن. بۆ ڕاستی ئەم باسەشم حەزدەکەم تیشك بخەمە سەر ئەوەش کە ڕاهێنانکردن کاتی دەوێت و هەتا ئامانجەکەمان پڕۆگرام ئەبێت کاتێك ئەبات هەروەك هەر شتێکیتر. کەسێك کە بە نیازە سبەینێ بەڕۆژووبێت شەوەکەی بە قەناعەتەوە بە خۆی دەڵێت کە ئەو سبەینێ نە نان و نە ئاو ناخوات هەتا کاتژمێر ( )ی ئێوارە. ئەمەش دیسانەوە ئامانجدانانەو هەموو ئامانجێکیش ئەبێت بەو شێوە ڕاستەقینەییە پڕۆگرام ببێت و پاشان لە تۆدا ئاوێتە ببێت هەتا گەیشتنت بە ئامانجەکە. کەسی ڕۆژووان لەوانەیە لە ڕۆژانی سەرەتای ڕۆژووگرتنیدا هەروەك ڕۆژانی ئاسایتر کە پڕۆگرامکراوە ئەو بەیانیانیان و نیوەڕوان و ئیواران لە کاتی خۆیدا نانبخوات، لەشی داوای خواردن بکات لەو کاتانەدا کە ئەمەش بەشە سروستیەکەیە کە ئێمە وا خۆمان ڕاهێناوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ڕۆژووان پاش چەند ڕۆژێك ئیتر هەست بەوە ئەکات کە چۆن پڕۆگرامکردنەکەیان کۆماندۆیان ئەکات و هەست بە بەهێزبوونێك لە توانا دەروونیەکانیاندا ئەکەن. بێگوومان هیچ شتێك نیە ئەوەندەی ئەوە خۆشبێت کە مرۆڤ بگاتە ئامانجەکانی چ کورتە ئامانج بێت یان ئامانجی درێژ خایەن.
هیوادارم مرۆڤی بەڕۆژووان کە درکی بەو هیزە کرد کە ئەوان هەیانە کە هێزی ئارامی و پڕۆگرامکردنی دەروونە و کە خودا بە هەموو مرۆڤێکیشی بەخشیووە، ئیتر ئەوان بتوان ئەو هێزە دەروونیە بۆ زۆر بواریتر بەکار بهێنن کە سود و بەرژەوەندی بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا بێت. وە بتوانن داهێنانی پێبکەن هەتا کۆمەڵگەی کوردیش چەند کەسایەتیەکی تیا هەڵکەوێت کە لەبواری زانست و ئەدەب و هونەرو بوارەکانی تردا جێی خۆیان بکەنەوە بۆئەوەی جێی شانازی میللەتەکەمانبێت لە دەرەوەو ناوەوەی کوردستاندا.
سەرکەوتوبن
www.warzshidaruni.com

ئاب 14, 2011

گرنگی به‌ خه‌وت بده‌ – عه‌بدوڵا تۆفیق – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی – سوید

گرنگی به‌خه‌وت بده !
عه‌بدوڵا تۆفیق / ڕاهێنانی دەروونی
سوید

هه‌ر وه‌ك ده‌زانین که‌ژیانی مرۆڤ له‌ به‌ئاگایی و نائاگایی پێکهاتووه، خه‌ویش به‌هه‌موو پێویستیه‌کیه‌وه ‌بۆ ژیانی مرۆڤ له %25-35 ساڵ له‌ته‌مه‌نمان ده‌بات.
ئاریستۆتلیس ده‌ڵیت: خه‌و له‌ئه‌نجامی که‌مبوونی به‌ئاگاییه‌وه‌یه. خه‌و بۆ مێشکك مانای سه‌ر له‌نوێ خۆڕێکخستنه‌وه‌یه، فڕه‌دانی زانیاری خراپه، خۆ هێنانه‌وه‌یه، دروستبوونه‌وه‌ و پێکهاتنه‌وه‌یه. هه‌روه‌ها بۆ هۆرمۆنه‌کان و به‌رگری له‌شمان و هه‌ڵسوڕانی ماده‌ به‌هه‌مان شێوه‌ مانای سه‌رله نوێ کردنەوه‌و دروستبونه‌وه‌و گه‌شه‌کردنی هۆرمۆنه‌کان و ئینسولینه.
پێویستبوونی خه‌و له‌که‌سێکه‌وه ‌بۆ یه‌کێکیتر جیاوازی زۆری هه‌یه، ئه‌گه‌رچی بۆ هه‌مومان گرنگیه‌کی سروشتی هه‌یه. به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌کانی دکتۆر ( لێنا لیسنێر)- ئۆرێبرو، باس له‌وه‌ ده‌کات ‌ئه‌وانه‌ی کە 9 کاتژمێر یان زیاتر ده‌خه‌ون له‌ڕۆژێکدا، ئه‌گه‌ری زۆرتر ژیانیان زیاتره له‌وانه‌ی که‌که‌متر ده‌خه‌ون. مرۆڤی ژێر 25 ساڵ به‌شێوه‌یه‌کی گشتی خه‌ویان باشتره‌ و که‌متر به‌خه‌به‌ر ده‌بنه‌وه‌ له‌ شه‌ودا. وه له25 ‌ساڵیه‌وه ‌به‌ره‌و سه‌ر هه‌تا ته‌مه‌نی 80 ساڵی هێدی هێدی کڤالیتێی خه‌و به‌ره‌و خراپبوون ده‌چێت و زیاتر به‌خه‌به‌ریان ده‌بێته‌وه بە شەودا. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌موو مرۆڤێك 5 جار زیاتر له‌خه‌ودا ده‌جوڵێ،
‌هۆکه‌یشی زۆر سروشتیه‌که‌ ئه‌ویش له‌ش خۆی داوای ده‌کات به‌هۆی سڕبوونی له‌ش و سوڕی خوێنه‌وه.
مرۆڤی به‌ته‌مه‌ن به‌گشتی زووتر ده‌چێته ‌ناو پێخه‌فی نوستنه‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ش یه‌کێکه ‌له‌و هۆکارانه‌ی که‌وا ده‌کات زیاتر له‌خه‌ودا بجوڵێ و به‌خه‌به‌ر ببێته‌وه. له‌م باره‌دا زۆر که‌س په‌نا ده‌باته‌به‌ر ده‌رمانی خه‌و. ئه‌وه‌ی شایانی باسه ‌به‌هۆی ئامێری (ئێ ئێ گێ) وه‌توانراوه‌ خه‌و بپێورێت، واته ‌ئه‌گه‌ر که‌سه‌که ‌له‌خه‌وێکی قوڵدا بێت یان خه‌وببین (خه‌وی ڕیم). زۆر هۆکاریتر هەیه ‌‌که ‌ده‌بنه‌ هۆی باش یان خراپ خه‌وتنمان.
له‌مێشکماندا کاتژمێرێكی سروشتی هه یه‌ ‌که‌ پڕۆگرام کراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بخه‌وین (میلاتۆنی) کە هۆرمۆنێکه‌ له‌مێشکماندا درووست ده‌بێت و پێمان ده‌ڵێ ئیتر ‌کاتی خه‌و هاتووه. میلاتۆنی به‌هۆی ڕۆشنای و تاریکییه‌وه‌ کاری ده‌که‌وێته ‌سه‌ر، به‌تایبه‌تی که ‌تاریکی دادێت مێشکمان و میلاتۆنی هێدی هێدی خۆی ئاماده‌ ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی زه‌نگی خه‌ومان بۆ لێبدات به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی. وه‌ زۆر گرنگه‌که‌ ئاگاداری ئه‌و زه‌نگه‌بین به‌تایبه‌تی ده‌بێت ئه‌وه‌ زۆر گرنگ بێت به‌لامانه‌وه‌ که ‌له‌نێوان کاتژمێر 1ی شه‌و بۆ 5ی به‌یانی ئێمه‌ له‌ناو پێخه‌فی نوستندابین و خه‌وتبین.
ئەوەی شایانی باسە ده‌رمانی خه‌و ده‌بێته‌ هۆی بێخه‌وی، ئه‌گه‌ر چی ئێمه‌زۆر جار په‌نا ده‌به‌ینه‌ به‌ر ئه‌م شێوازه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ومان لێنکه‌وێت. هه‌ندێ له‌و ده‌رمانانه‌ی وه‌ك- ده‌رمانی گۆشه‌گیری، ده‌رمانی ئازار، ده‌رمانی خه‌و، ده‌رمانی په‌ستانی خوێن، ده‌رمانی هه‌ستیاری، ده‌رمانی پارکینسۆن و زۆر دەرمانیتر ‌هۆکارێك ئەبن بۆخراپ خه‌وتن. ئه‌گه‌رچی بە خواردنی ئەم دەرمانانە چه‌ند کاتژمێرێك ده‌خه‌وین به‌ڵام کڤالیتێی خه‌ومان باش نابێت. له‌وڵاتی سویدا شه‌وانه‌نزیکه‌ی 1 ملێۆن ده‌رمانی خه‌و به‌کارده‌هێنرێت، که‌ئه‌مەش ڕاده‌یه‌کی زۆره ‌بۆ وڵاتێکی 10 ملێۆنی.
هۆکاری تر زۆرن بۆ خه‌و زڕان و ‌که‌م خه‌وی بۆ نمونە خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهول و ماده‌ی کۆفاین. ئه‌وانه‌ی که‌به‌شه‌ودا ده‌خۆنه‌وه‌ و خۆیان بێئاگا ده‌که‌ن له‌دونیا ده‌توانن خێراتر بخه‌ون به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ کاتێکدا که‌نه‌خۆنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان خه‌ویان زۆر پچڕ پچڕ ده‌بێت و زۆرجاریش خه‌وی ناخۆش ده‌بینن. ئه‌وانەی کە بەشەودا ئەلکهول بەکاردەهێنن به‌شێوه‌یه‌کی گشتی 1-2 کاتژمێر له‌که‌سانێك که‌ ناخۆنه‌وه‌ که‌متر ده‌خه‌ون، به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌کان. هه‌ندێ که‌س به‌شه‌ودا قاوه‌ یان چا ده‌خۆنه‌وه‌ به‌چه‌ند کاتژمێرێك یان خوله‌کێك پێش ئه‌وه‌ی بچنه‌ ناو پێخه‌فی خه‌وتنیانه‌وه، ئه‌مه‌ش هۆیه‌کی تره‌ بۆ خراپ خه‌وتن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماده‌ی کۆفاین نزیکه‌ی 6 کاتژمێری ده‌وێت بۆئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی له‌له‌شدا نه‌مێنێت. کۆفاین هه‌روه‌ك ده‌زانین ماده‌یه‌کی چالاککه‌ره‌وه‌یه، هه‌ر به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی دکتۆر (لێنا لیسنێر) چا نیوه‌ی قاوه کۆفاینی تیایه‌و کۆکا کۆلایش نیوه‌ی چا، به‌ڵام خواردنی هیچ له‌مانه ‌باشنین بۆ خه‌و یان به‌شەودا.
گرنگیدان به‌خه‌و گرنگیدانه ‌به‌ پشوی جه‌سته‌و ڕۆح، که‌می خه‌و ده‌بێته ‌هۆی ماندوبونمان، به‌تایبه‌ت له‌کاتی شۆفێریدا که‌له‌وانه‌یه ‌دووچاری ڕوداوێك یان کاره‌ساتێكمان بکات. وه‌ئێسکی له‌شمان دوچاری لاوازی ده‌بێت، شتمان له‌بیرده‌چێته‌وه، تووشی سه‌ر ئێشه‌و ئازاری ماسولکه‌ده‌بین، به‌رگری له‌شمان لاواز ده‌بێت ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وامبین و چاره‌یه‌ك نه‌دۆزینه‌وه له‌وانه‌یه‌تووشی نه‌خۆشیه‌ سیندرۆمیه‌کان ببین، نه‌خۆشی بێ خه‌وی، بێزاربوون له‌ خۆمان و ژیان، گرژبوونی ده‌روونی و چه‌ندین نه‌خۆشی تر. ڕێگه‌ی باش بۆ خه‌وی باش خۆ دورخستنه‌وه‌یه‌ له‌و هۆکارانه‌ی که‌ده‌بنه ‌هۆی شێواندنی خه‌و .
بۆ خەوکی باش و بە کڤالیتێ ئەتوانی:
– گوێ له‌مۆسیقایه‌کی هیمن بگریت
– خۆت ڕابهێنیت که‌هه‌میشه‌ له‌یه‌ك کاتدا بچیته ‌ناو پێخه‌فی نوستنته‌وه
– له‌یه‌ك کاتی دیاریکراودا له‌خه‌وهه‌سته.
‌- شه‌وانه‌ که‌ ده‌ته‌وێت بخه‌ویت به‌خۆت بڵێ که‌ئه‌مشه‌و زۆر باش ده‌خه‌ویت
– هه‌وڵبده‌که‌ بیرکردنه‌وه‌ی باشت هه‌بێ بۆ سبەینێ.
ئه‌مانه‌بکه ‌به‌ڕۆتینێك بۆخه‌وتنێکی باش وته‌ندروستیه‌کی باشتر

سه‌رکه‌وتوبن
www.warzshidaruni.com

ئاب 11, 2011

ئه‌م ڕاهێنانه‌ ده‌رووونییه‌ ئه‌نجام بده‌

ئه‌م ڕاهێنانه‌ ده‌روونییه‌ ئه‌نجام بده‌

به‌ڕێز عه‌بدوڵا تۆفیق، پسپۆری ڕاهێنانه‌ ده‌روونییه‌کان، ئه‌م ڕاهێنانه‌ی ده‌روونییه‌ی به‌ناوی (به‌هێزبوونی ده‌روونی) کردۆته‌ دیاری بۆ خوێنه‌رانی ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی به‌مه‌به‌ستی گوێبیستن و ئه‌نجامدانی ڕاهێنانه‌که‌، وێڕای سوپاس و ده‌ستخۆشیمان بۆ برا و هاوڕێ و هاوکار، کاک عه‌بدوڵا تۆفیق، ئاگاداری خوێنه‌رانی به‌ڕێز ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ده‌توانن له‌ڕێی ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ گوێبیستی ڕاهێنانی (به‌هێزبوونی ده‌روونی) ببن.

http://www.warzshidaruni.com/abdullah%20tawfik%20relax.htm

ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی

ته‌مموز 19, 2011

واز له‌ لوت به‌رزی بهێنه‌ – عه‌بدوڵا تۆفیق – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی – سوید

واز لە لوت بەرزی بهێنە
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی
سوید

کە وا بڕوا بکەیت کە تۆ زیاتر دەسەڵاتت هەیە لە ژیاندا لەوەی کە هەیت، یان بگەڕێیت بەدوای دەسەڵاتی زیاتردا بۆ ئەوەی بەسەر خەڵکدا زیاتر خۆت بسەپێنی و بەگرنگ سەیربکرێیت. لووت بەرزی بڕوایەکی درووستکراوە لە لای کەسەکە خۆی کە زۆرجار کرداری زۆر بێ مانای لێ ئەبێتەوە کە ئەبێتە مایەی دروستبوونی ڕق لە لایەن دەوروبەرەوە. لووت بەرزی مانای خۆ بەشتێکی یەکجار گرنگ زانینە کە لەسەروی هیزەکانیترەوە بێت کە لەوانەیە تایبەتمەندیەك لە کەسەکەدا هەبێت و لەلایەن کەسانێکەوە دڵنیا کرابنەوە کە ئەوان ئەو شتەیان زۆر تایبەتە. زۆر جاریش تەنها لە خەیاڵی خۆیدا ئەو ڕەنگدانەوەیە هەیە و خۆشیەك وەرئەگرێت لەوەی کەوا سەیربکرێت، بەلام وەك ئەوترێت لووت بەرزەکان زۆرجار کەمییەك لە بڕوابەخۆبوونیاندا هەیە. هەروەها زۆربەی کات لووت بەرزی ئەبێتە هۆی زیاترکردنی هەڵەی ڕەوشتی هەر بۆیە لە زۆربەی ئاینەکاندا لووت بەرز بە ناشرینی باس ئەکرێت.
کەس لێم زوێر نەبێت کە ئەم بابەتە ئەنوسم و چەقی قورسای نوسینەکەشم بۆ مرۆڤی کورد ئەگەڕێنمەوە. لەکاتێکدا ئەبینم کە زۆرێك لەوانەی وەك لووت بەرز ئەبینرێن خاوەن بەڵگەنامەی بەرزن و لە زۆربەی بارەکانی ژیاندا ئەبێت ڕۆڵێکی زۆر گەورەیان هەبێت بۆ ئەوەی تاکەکانی تری کۆمەڵگە ئەوان بکەن بە نمونەی نەرموو نیانی و لەوانەوە فێری زۆرشت ببن. بەداخەوە ئەو چینەش بە ناو ڕۆشنیر و خاوەن زانست و هونەر یان سیاسەتمەدار یان خاوەن کارێکن کە خەڵك ڕۆژانە پێویستیان پێیانە. نزیکتر بڵێم لەوانە هەرلە پزیشك، توێژەر، دەروونناس، کۆمەڵناس، دادوەر، ئەندازیار، ڕۆژنامەوان و هونەرمەند، وەرزشەوان هەتا ئەگاتە قوتابی زانکۆ و بە دوکاندارەکانیشەوە زۆرێکیان ئەم رەوشتەیان هەڵگرتووە و وادەزانن ئیتر تەنها ئەوانن گەورە و ئەوانیتر بچوك. ئەوەی زۆر جێگای سەرنجە ئەوەیە کە هەر ئەو لووتبەرزانەش کە پێویستیان بە کەسێکی تر ئەبێت خێرا بچوك ئەبنەوە.
پێم باش بوو هەندێ لە تایبەتمەندیەکانی لووت بەرز بنوسم هەتا خۆیان بناسنەوە و کارێك بکەن کە ئەو ڕەوشتە لە خۆیاندا پاك بکەنەوە:
١. کەسی لووت بەرز زۆر کەم سەلام ئەکات و کەچاوی بەکەسێک ئەکەوێت خۆی گێل ئەکات، کاتی تەوقەکردن دەستی ناهێنیتە پیشەوە.
٢. زۆر وەڵامی نامە یان تەلەفون نادەنەوە.
٣. کەسێك نادوێنێت ئەگەر باش نەیناسێت واتە ئەگەر هاوڕێی خۆی نەبێت.
٤. کەم پێئەکەنن.
٥. نایانەوێ پێویستیان بەکەس هەبێت چونکە لەوکاتەدا خۆیان بە بچوك ئەبینن.
٦. خۆیان بەقورس ئەزانن و وا دەزانن هەموو کەس کەسایەتی ئەوانی پێ جوانە.
٧. لەکاتی قسەکردندا خەڵك بچوك ئەکەنەوە.
٨. زۆر بیر ئەکەنەوە کە ڕۆشتنیان بەسەر زەویدا شیوازێکی تایبەت لەخۆ بگرێت بۆئەوەی هەمیشە سەیر بکرێن.
٩. هەیانە ئۆتۆمبیل بە خێرای لیدەخوڕی و هەندێکیشیان بە هێواشی، لە خەیاڵی خۆیدا هەموو کەس ئەو ئەناسێت.
١٠. یان بەشداری کۆبونەوە کان ناکەن یان هەمیشە درەنگ ئامادە ئەبن.
١١. ناچنە شوێنە سادەکانەوە بۆ نمونە کافتریاو ڕێستۆرانەکان ئەبێت خەڵك بزانێت کە ئەوان لەکەسە سادەکان گرنگترن.
١٢. ئەبێت خەڵك سوپاسیان بکات، ئەوان زۆر بەکەمی سوپاسی خەڵك ئەکەن.
١٣. زۆربەیان لە دڵەوە ئاسودەنین، لەبەر ئەوەی هەمیشە بیر ئەکەنەوە کە ڕۆژێك بچوك نەبنەوە.
١٤. زۆربەیان جگەرە کێش و مەشرب خۆرن بۆ ئەوەی دەسەڵات بەو شێوەیە پیشان بدەن. وە ڕەنگە ئەمەس هێمایەك بێت بۆ ئەوەی بەهۆی خواردەنەوە زۆرەکانیانەوە چەند خولەکێك لە ژیانی بە ئاگای بچنە دەرەوە.
١٥. زۆرجار توشی سەر ئێشە ئەبن، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە ڕۆژانە زۆر فشار ئەخەنە سەرخۆیان و سترێس ئەبن هەتا ئەو وینەیەی کە خۆیان هەیانە لەسەر خۆیان پیشانی خەڵکی بدەن.
تێبینی/ هەرکەس لەم تایبەتمەندیانەی سەرەوەدا کە ناوم هێنا تەنها ٤ خاسیەتی لە خۆیدا بینیەوە ئەوا ئەویش لەو مرۆڤانەیە. ئەگەر کەسەکە پێی خۆشە هەتا ئیستا بەردەوامی بەو ڕەفتارانەی بدات ئەوا خۆی بریاردەرەو بەرپرسە لە ژیانی خۆی. بۆ ئەو بەریزانەش کە هەتا ئێستا درکیان بەوە نەکردووە ئەوا فەرموو لە خەیاڵی خۆتدا مرۆڤیك ببینە کە تۆ بەرامبەری دانیشتوویت و ئەم ڕەفتارانەی تیایە. چۆنی ئەیبینیت؟ پێت خۆشە کە بچوك بکرێیتەوە و پۆزت بەسەردا لیبدەن؟
هەوڵبدە بۆ تەنها ڕۆژێك وەك کەسێکی سادە بژی، هەست بە تێکەڵ بوونی دەوروبەرت بکە، سوپاسیان بکە کە بەسەرت ئەکەنەوە، ڕێزیان بگرە، لەگەڵیاندا پێکەنە. ئەوە خۆشیە بچوکەکانی ڕۆژانەن کە وا دەکات ئێمە هەست بە ئاسودی بکەین، نەك هەمیشە چاوەڕێی خۆشیەکی گەورەبین بۆ ئەوەی هەست بە خۆشی و ئاسودەی بکەین. ئەوە سەرکەوتنە بچوکەکانی رۆژانەیە کە ئێمە بەکەسێکی سەرکەوتو ئەناسێنیت نەك چاوەڕێی سەرکەوتنە گەورەکان بین کە تەنها بۆ خۆ دەرخستن بێت لەبەر چاوی خەڵك. هەست بە سەربەرزی بکە نەك بە لووت بەرزی و خۆ گەورە پیشاندان، چونکە لە کۆتایدا ئەزانین کە تەنها خودا گەورە و بەرزە. زۆر لە ئێمە لەبەر خۆشەویستیمان بۆ کارە پیرۆزەکانی کەسیك کە خزمەت بە کۆمەڵگا ئەکات بە باشترین شێوە، لەبەرچاوماندا گەورە سەیری ئەکەین و ڕێزێکی زۆر لە پێویستی ئەگرین، بەلام هیچ پێویست نیە گۆڕانکاریەك لە ڕەوشتیدا ڕووبدات و ئەو مرۆڤانەی کە لەو کەمتر توانیویانە خزمەت بکەن یان سەرقاڵی ژیانی خۆیانن کەمتر سەیر بکات.
بۆیە من لەو بوارەدا ئەوروپا زۆر باش ئەبینم لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان هەموو وەك یەك سەیر ئەکرێن. بەڕیوبەری کارێك لەگەڵ کارمەندەکانیدا پێکەوە نان و قاوە ئەخۆن، دکتۆرێك خۆی بانگی کلیانتەکەی ئەکات و تەوقەی لەگەڵ ئەکات و ئەیباتە ژوورەوە بە سادەی قسەی لەگەڵ ئەکات، فرۆشیارێك بەخێرهاتنت ئەکات و سوپاست ئەکات کە لەدوکانەکەی شت ئەکڕیت، دەرووناس و کۆمەڵناس خۆیان کاریان تێکەڵ بوون و ناسینی ناخی مرۆڤەکانە لەهەموو چینەکانیتر سادەتر و زاناترن بۆ کێشە چارەسەرکردن و بروا دروست ئەکەن لە لای خەڵکی، گۆرانیبێژێک، ڕۆژنامەوانێك پێویستیان بەخەڵکە و سادە..تاد. ئەمانەو چەندین چین و توێژیتری کۆمەڵگای ئەوروپی بەوەزیر و سەرۆك پارتەکانیانەوە کە خۆیان خەڵك ئەگرن و قسەیان لەگەڵدا ئەکەن بۆئەوەی دەنگیان پێبدەن. پێچەوانەی خەڵکی ئەوروپی لە سادەیدا من لە کوردستاندا هەموو جارێك لە سەفەرەکانمدا هەستم پێکردووە. لە ناو کوردی خۆمان ( دکتۆی خوایەتیە، لەبەرکردنی قات بەرزی ئاستی رۆشنبیری و جوانیانە، ئۆتۆمبیلی بەرز دەسەڵات و دەوڵەمەندیە، درەنگ کەوتن لە کاتی دیاریکراودا دروستکرنی گەورەییە، حەزکردن لە بەرپرسیاریەتی لە شوێنێکدا بۆئەوەیە کە خەڵك لێیان بپاڕیتەوە. لە گەڵ ڕێزمدا بۆ هەموو ئەوانەی کە وەك مرۆڤێکی سادەن بەڵام بەتوانا سەیری خۆیان ئەکەن، ئەبینم زۆرێك لەو کوردانەش کە لە ئەوروپا بەیەکجاری گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان ئەوانەن کە حەزیان بەو سادەییە نەکردووە لە هاندەران. بۆیە کوردستان بۆ ئەوان شوێنێکە کە زۆرترین سەیر بکرێن، زۆر بە گرنگتر لە پێویست ببینرێن، زۆرترین کەس پیویستی بەوان بێت و خۆیان پیشان بدەن و گەورە سەیربکرێن ..تاد.
هەوڵبدە سادە بژی واز لە لووت بەرزی بهێنە بۆ ئەوەی لە ساتە خۆشەکانی ژیان بیبەش نەبیت و زۆر بژیت. تۆ لەوانەیە رۆژێك پیر ببیت، ڕۆژێك نەخۆش کەویت، کۆسپ بێتە ڕێت، هاوسەنگی دەروونیت تێك بچێت، لەوانەیە هەژار ببیت، دابڕانێکت بەسەردا بێت، کێ ئەزانێ/ خودا ئەزانێ. بەڵام مرۆڤە سادەکان زۆر باشتر ئەتوانن لەو بارە سەختانەدا ئارامگربن و بەسەریاندا تێپەڕێ، بەڵام بە پێچەوانەوە کەسانی لووت بەرز هەمیشە توشی زۆرترین خەم ئەبن کە کۆسپێکیان دێتە ڕێ وە زۆرجار ناتوانن ڕووبەڕوی ببنەوە.
سەرکەوتوبن
www.warzshidaruni.com
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهینەری دەروونی- سوید

ته‌مموز 1, 2011

توندوتیژی و به‌رگری له‌خۆکردن – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی: عه‌بدوڵا تۆفیق – سوید

توندوتیژی و بەرگری لەخۆکردن
عەبدوڵا تۆفیق
ڕاهێنەری دەروونی- سوید

بۆ بەرگری لەخۆکردنت پێویستە کە تۆ زانیاریەکی باشت هەبێ لەسەر خۆت، کە تۆ چۆن کار ئەکەیت. ئێمە تەنها یەك بەشی زۆر کەم لە شەڕەنگێزی لە ناوماندا هەیە کە کە جیاوازبێ لە کەسێکیتر، ئەگینا هەموو باشەکانیترمان لەگەڵ کەسەکانیتردا بەتەواوی لەیەك ئەچێ، بۆ نمونە: دڵخۆشی، ترس، توڕەیی، کاردانەوە، خو بەزلزانی، ئیرەیی، سوڕی خوێن، کۆ ئەندامی دەمار، جوڵە و تاد. کەوابوو کە خۆتت ناسی- هەموو خەڵکی تر ئەناسی.
لەکاتێکدا ئاژەڵەکان لەگەڵ یەکتردا لە جەنگدان ئێمە زۆرجار ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە هێز هیچ پەیوەندیەکی بەگەورەو بچوکیەوە نیە. لەوانەیە ئاژەڵێکی بچوك زۆرخێراتر و ئاسانتر لە ئاژەڵێکیتر بدات کە زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەترە. لەم بارەدا ئەوەشمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە ئاژەڵە بچوکەکان زوتر ئەتوانن کە خۆیان دەربازبکەن.
ئەی باشە مەبەست لەوە چیە کە ئێمە ئەڵێین ئەتوانین بیر بکەینەوە؟ ئێمە هەر کە هەستمان بە هەڕەشەیەکی فیزیکی کرد دەست بەجێ بیر ئەکەینەوە کە ئەو بەشە شەڕەنگێزیەی کە لە مێشکماندا هەیە بەکاری بهێنین، ئەویش تەوژمێکە بۆ دەست و قاچمان بۆ ئەوەی کە لێدانیکمان بەرکەوت خێرا بەرگری بکەین. بەڵێ ڕاتیەك هەیە کە ئەویش ئەو کاردانەوەیە بێ ئاگایانەیە کە ڕوو ئەدات، ئەگەرچی کەسەکە زیانی زۆر یان کەممان پیبگەیەنێت.
کەس نیە کە بەبێ هۆکار توڕە ببێت، وە لەلای کەسە ساغەکان هۆکارەکانی پشت توڕەبوون ئاسانتر ئەدۆزریتەوە. بۆ نمونە کەسەکە ( خەڵەتێنراوە، سوکایەتی پێکراوە، لێیدراوە، دزی لیکراوە ، تاد). لەم بارانەدا ئاسانتر هۆکارەکەی ئەزانرێت. ئەوەی کە ئێمە لێی تێئەگەین کەمجار لێی ئەترسین. لەبەر ئەوەی هەوڵ ئەدەین کە کاردانەوەی خراپمان نەبێت، هەر بۆیە زۆرجار خۆی چارەسەر ئەبێت. وە ئەگەر بەخێرای هۆکارەکەیمان نەدۆزیەوە ئەوکاتە بەهیچ جۆرێ نابێ وا خۆمان پیشان بدەین کە ئێمە گاردمان بەستووە و ئامادەین بۆ بەرگری لەخۆکردن. کاتێک کەوا خۆتت پیشاندا ئەوکاتە تۆ پەلاماردانێك لەلای بەرامبەرەکات دروست ئەکەیت.
مرۆڤ بیرکردنەوەی هەیەو ئەو بیرکردنەوەیەشە کە لە ئاژەڵەکانیترمان جیا ئەکاتەوە، هەر بۆەیە نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە ئێمەش بونەوەرێکین وەك ئاژەڵەکانیتر. بەداخەوە کە ئێمە هەر کە لەدایك ئەبین بەزانیاری ئامادەکراوەوە کار ئەکەین کە پێمان ئەڵێ کە چۆن بتوانین ئەو میشکەی کە ١،٣ کیلۆ گرام قورسە و کامڵە و هەڵی ئەگرین بەکاری بهێنین. کە هەتا ئیستاش بەپێی لیکۆڵینەوەکان هیچ مرۆڤێك نەیتوانیوە تەنانەت لە ١٠% ی بەکاربهێنیت. ئەو مێشکەیە کە بوارمان ئەدات کە تەواو کامڵ و هۆرمۆنیمان هەبێت و بوونەوەرێکی دڵخۆشبین. بەلام ئایا ئێمە ئەوەین؟ نەخێر، بەداخەوە. ئێمە زۆرجار ئەو زانیاریانە بەهەڵە بەکار ئەهێنین و تەنها مرۆڤیشە کە خۆشی وەردەگرێ کاتێك کە هاوتوخمی خۆی ئازاری پێئەگات و ئەیکوژێ. مێشك ماوەمان ئەداتێ کە خەوببینین و فەنتاسیامان هەبێ. ئێمە ئەتوانین وێنەی داهاتووی خۆمان بخولقێنین و شتەکان لە میشکدا وێنە بکێشین، ئەتوانین خۆمان ڕازی بکەین کە ئەوەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە و نەخشەمان کردووە ئەوەیە ڕاستی. هەربۆیە پێویستە کە مێشکمان لە بوارە جیا جیاکاندا بە ئاگایانە بخەینە کار بۆ ئەوەی لە هەر بارێکدا ئێمە ژیرانە بەرەو ڕووی ببینەوە.
کێ لەجەنگ و ئاژەوەدا براوە بووە؟ ئەی چی بکرایە بۆ ئەوەی ئەو توندوتیژیە ڕووینەدایە؟
زۆرجار وشەی بەرگری لەخۆکردن زۆر سودی لیوەردەگیرێت و بەهەڵە کاری پێ یەکرێت. بەرگری کردن ئەوە نیە کە تۆ خۆت ئامادەبکەیت بۆ لیدانەوەی کەسەکە، تەنانەت بەخراپتر. لەبەر ئەوەی تۆ لە بارەدا باشترین سەرجاوەی خۆت و زانیاریەکی بەسودت لەدەست ئەچێ کە ئەڵێ: ئێمە ئاوێنەی یەکترین. كەوابوو تۆ چۆن ئەتوانی ئاوێنەیەك بیت بۆ بەرامبەرەکەت کە ئەو هەست بکات تۆ شەڕەنگێزنیت و هەمیشە ئاشتی و پاکی و دڵسۆزی لە دەموچاوتا دیاربێت. ئەوەمان لەبیر نەچێ کە شەڕ بەشەڕ کۆتای نایەت.
بۆ ئەوەی توندوتیژی کەم بکرێتەوە پێویستە خەڵکی هۆشیاربکرێنەوە و زانیاری زیاتریان هەبی سەبارەت بە جارەسەرکردنی کیشەو بەریەککەوتن. بەپێی دواترین هەواڵ لە وڵاتی سوید ئەوانەی کە زۆرتر دووچاری توندوتیژی ئەبنەوە کارمەندانی تەندروستی و مامۆستایان و توێژەرە کۆمەڵایەتیەکانن.
کاتیك کە ئێمە ئکەوینە ناو باریکەوە کە لەویدا ئەگەری توندوتیژی هەبێ، ئەگەر باش بیر بکەینەوە هەست ئەکەین کە ئێمە چەند ئەگەرێکمان لەبەردەمدایە کە هەڵیبژیرین. من خۆم لە کۆرسەکانمدا کە بۆ کارمەندانی تەندروستیم کردوەتەوە ئەم ئەگەرانە باس ئەکەم کە خوێنەر ئەتوانی باش سودیان لیوەربگرێ. تۆ ئەتوانی ئەم ئەگەرەکانە هەڵبژێریت: بەرەنگاربوونەوە، چاوەڕێکردن، خەڵەتاندن، قسەکردن، دوورکەوتنەوە لەو شوێنەدا.
بەپێی لیکۆڵینەوەکانی بواری بەرگری لەخۆکردن و ئەزموونی مرۆڤەکان لە کۆنەوە هەتا ئێستا ئەوە ڕوونبوەتەوە کە لیدانەوەو بەرەنگاریکردن زۆرجار کیشەی زۆری تری لەگەڵ خۆیدا هێناوە. وە ئەگەر بێتو ئەگەرەکانیترت هەڵبژارد ئەوا لە زۆر باردا سودێکی زۆری ئەبێت و بەشێوەیەك لە شێوەکان چارەسەر ئەبێت.
ئەوەی کە من زۆر مەبەستمە و جەختی لەسەر ئەکەمەوە لەم نوسینەمدا ئەوەیە کە پێویستە ئێمە لەباتی بەکارهێنانی ماسولکەو بازومان هێزی دەروونی بەکاربهێنین، کە من بە گەورەترین سامانی مرۆڤی دادەنێم لە زۆربەی بارەکاندا. فێربوونی هەندێ تەکنیکی یابانی کە بەکارهێنانیان زۆر ئاسانە، کەتەنها چەند جاریك ڕاهێنان کردنی ئەوێت بە شێوەیەکی پڕاکتیکی تۆ بەهیزتر ئەکات لە زانیاری . لەکاتێکدا کە تۆ ئەزانیت وا خەریکە دەکەویتە ناو توندوتیژیەکەوە بەم شێوەیە بکە:
١. هەمیشە ماسولکەکانی دەمووچاو، دەست و شانت، قاچت خاو رابگرە.
٢.دەستەکانت دامەخە و لە پشتەوە مەیانشارەوە، بەڵکو بەلای هەردوو ڕانتا با بەشلی بێنە خوارەوە.
٣. نزیکەی ١-٢ مەتر لە کەسەکەوە دووربە.
٤. ووشەی زبر بەکار مەهێنە، ڕەخنە مەگرەو بێدەنگ بە.
٥. بەنەرمی سەیری چاوی بکەو ترس پیشان مەدە و مەشی ترسێنە.
٦. ئاگادربە کە دەرگای چوونە دەرەوە لەکوێوەیە و بەخەیاڵ پلانت هەبێ کە ئەگەر بارەکە خراپتربوو بڕۆیتە دەرەوە.
٧. بزانە کەسەکە هیچ جۆرێ مادەی هۆشبەر یان ئەلکهولی خواردووە، یان نەخۆشیەکی دەروونی هەیە. ئەگەر ئا، ئەوا دەبێت زۆر ئاگادارتر بیت کە نابێت بەهیچ جۆرێ لەو کەسانە بدرێتەوە، لەبەر ئەوەی یاسا بەرامبەرت تونگتر ئەبێت.
٨. ئەگەر لێت هاتە پیش ئەوا تۆ ئەتوانی بزانی هیچ شتێك هەیە کە بەرگری خۆتی پێبکەیت بۆ نمونە هەڵگرتنی کورسیەك ، پشتیەك، پێڵاوێك یان هەر کاڵایەکیتر کە دووربێت لە توندوتیژی، بۆئەوەی خۆتی پێ بپارێزی هەتا ئەڕۆیتە دەرەوە یان لەو ناوەدا نامێنی. کەس لەهەڵهاتندا نە زیان ئەگەیەنێت و نە زیانی پێئەگات.
٩. ئەگەر کەسەکە دەستی گرتیت، هەوڵبدە هەمیشە دەستەکانت شڵ ڕابگریت، ئەگەرچی ئەو توندیش دەستی گرتبووی. لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە سروشتیدا هەیە کە زیاتر بۆی خۆش و سەرنجراکێشتر ئەبێت کە بزانێت بەرامبەرەکەی هەمان کاردانەوی هەیە، بۆ ئەوەی شەڕەکە دروست ببێ. بەلام کەزانی کەسەکە هیچ کاردانەوەیەکی نیە زۆرجار خۆی بەری ئەدات و تاقەتی لەو جۆرە بارە نابێ. ئەم تەکنیکە بۆ دەمەقاڵێش بەکار دێت. کە وەڵامی نەدەیتەوە خۆی دادەمرکێتەوە.
١٠. ئەم خالەیان زیاتر پێویستە بە پراکتیکی بکرێت، کە ئەویش تەرکیز لەسەر شێەی گرتنە. کاتێك کەیەکیك دەستی یان ملی بەتوندی گرتیت و تۆ هەموو ئەگەرەکانیترت تاقی کردبوویەوە بەڵام ئەو هەر بەرینەدا، ئەوکاتە تۆ ئەبێت بزانی پەنجە گەورەی دەستەکانی چۆن گرتووە، ئەوکاتە بۆ هەرجوڵەیەکت بۆ خۆ دەربازبوون ئەبێت بە ئاڕاستەی پەنچە گەورەکەیدا بێت، پەنجە گەورە زوو خۆی شل ئەکاتەوە، بۆیە باشتر دەرباز ئەبیت لە ژیر دەستیدا.
١١. هەرگیز بەرەوڕووی لێدانێك مەڕۆ.
ئەمانەو زۆر خاڵیتر کە زۆر ئاسانتر لەژێر دەستی کەسێکدا ڕزگارت ئەکات و تۆ هەست ئەکەیت کە ترس لەلات کەمتر ئەبێت بۆ ئەوەی نەکەویتە ناو ئەو جۆرە بارانەوە. تۆ بەم شێوەیە سەرچاوەیەکیتری شارەوەی گرنگی ناو خۆت ئەدۆزیتەوەو بەکاری ئەهێنیت، وە لەم ڕێگایەوە تۆ زیاتر هەست بە بەرپرسی ژیانی خۆت و کەسانیتر ئەکەیت و خۆت بە کەسیکی ئاشتی خواز و پاك و دڵسۆزی مرۆڤایەتی ئەزانیت.
زۆریك لەم تەکنیکانە لە وەرزشی ئایکیدۆ وە وەرگیراوە کە زۆر زانستی و مرۆیانەو دەروونیانەیە و منیش مامۆستام لەم بوارەدا و پرۆژەی بەردەوامم هەیە بۆ کارمەندی نەخۆشخانەکانی کۆمپانیای (ئەتێندۆ کاری) لە ستۆکهۆڵم. تۆش بێبەش مەبە لەم زانیاریانە.
سەرکەوتوبن
www.warzshidaruni.com

حوزه‌یران 6, 2011

تۆ به‌رپرسیت له‌ ژیانی خۆت

تۆ بەرپرسیت لە ژیانی خۆت
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

ژیان پڕۆژەیەکە کە خۆت دروستی ئەکەیت، تام و چێژێکی تایبەتیتری ئەبێت ئەگەر لەو گەشتەدا تۆ خۆت شۆفێربیت و خۆت بڕیار بدەیت کە بەرەو کوێ لێبخوری و کەی لابدەیت بۆ پشو. ئەمەش ئەوە ئەگرێتەوە کە تۆ خۆت بەرپرسی لەوەی کە لە ژیانتا ڕوو ئەدات. کە بەرپرسبیت لە ژیانی خۆت و بڕیارت دابێت کە سەرئەنجامی هەر ڕووداوێك لە ژێر دەسەڵاتی خۆتدابێت. کە چیتر تۆ خەتا نەخەیتە سەر کەسێکیتر کاتیك کە شتەکان بەدڵی تۆ ناڕۆن لەبەر ئەوەی تۆ ناچار ئەبیت کە وابزانیت کە خۆشت بە بەشێك لەو ڕوداوە بزانیت. بەڵام کە بەرپرسیاربیت مانای وایە کە تۆ بوارێکی گەورەت لەبەردەمدایە بۆ گەشەکردن و هەڵبژاردنی کوالیتێکی باشتر بۆ ژیانت.
کاتیك کە ئەڵێم تۆ شۆفێری گەشتەکەی خۆتی مەبەستم لەوەیە کە تۆ بەئاگایانەتر هەڵبژاردن ئەکەیت و کار ئەکەیت لەگەڵ بیرکردنەوەکانتا بۆ ئەوەی داهاتووت ببینی. وەك شۆفێرێکی باش تۆ هەوڵ ئەدەیت کە پلانت هەبێ لە گەشتەکەتدا بۆ ئەوەی دووربیت لە هەرشتێکی ناپێویست کە ببێتە هۆی دڵتەگیت. تۆ هەوڵ ئەدەیت کە ئاگاداری خێراییەکەت بیت و خۆت لەگەڵ ڕێگاکاندا ئەگونجێنی، وە ئۆتۆمبیلەکەت بە باشی و پاکو خاوێنی ئەپارێزیت هەروەها لەهەموویشی گرنگتر ئەوەیە کە تۆ وەك شۆفێرێکی باش ڕێز لە شێوەی لێخوڕینی شۆفێرەکانیتر ئەگریت.
کەواتە تۆ چی هەڵئەبژێریت؟ کاتیك کەتۆ هەستت کرد کە بەخۆت ئەڵێی (من ژیانی خۆم هەڵئەبژێرم) ئەو کاتە تۆ کۆنتڕۆڵت زیاتر ئەبێت بەسەر گەشتەکەتدا و زۆر خۆشتریش ئەبێت. کە ببیتە شۆفێری ژیانی خۆت کارێکی بەردەوام و هەمیشەییە بە شەو ڕۆژ. ئەتوانم بڵێم کە ئەمە ئەرکێکی ژیانیشە. شۆفێرێکی باشی ژیان بە ئاگایانە بەرپرسە لە ژیانی خۆی، بیرکردنەوەکانی و کاردانەوەکانی، تەندروستی و پەیوەندیەکانی وە هەوڵئەدات کە تێبگات کە چۆن هەموو ئەمانە کارئەکەنە سەر ئیستاو داهاتوو.
بەڵام ئەگەر تۆ وەك نەفەرێك لە ئۆتۆمبیلێکدابیت ئەم بەرپرسیەت لەدەست ئەدەیت. تۆ کۆنتڕۆڵت نابێت و ناشتوانی کاربکەیتە سەر ئەو شتەی کە لە ژیانتا ڕوو ئەدات. وە لەو بارەشدا هەمیشە کەسانیك ئەبن کە ژیانی تۆ خەتابار ئەکەن لەبەر ئەوەی کە وانەبووە وەك تۆ خۆت بیرت لێکردبوویەوە، ئەوانەش کەسانێکن کە تۆ خۆت سوکانی ئۆتۆمبیلەکت یاونەتێ. بەداخەوە کە کەسانێکی زۆر هەن لە سەر زەوی کە تەنها نەفەری ئەکەن لە باتی ئەوەی کە خۆیان شۆفێری ژیانی خۆیانبن. زۆرێك لەو کەسانە خۆیان بە ئاگایانە نەفەرییان هەڵبژاردووە، بەڵام زۆرێکیتریش ئەڵێن کە ئەوان هیچ جۆرە مۆڵەتنامەیەکی شۆفێریان وەرنەگرتووە و هەندێکیش وا ئەزانن کە ئەوە مەحاڵە کە بتوانی شۆفێری ژیانی خۆت بیت.
هەوڵبدە کە بەزووترین کات مۆڵەتنامەی شۆفێری و دەسەڵاتی ژیانی خۆت بەدەست بهێنی هەتا باشتر لە خۆت و ژیان تێبگەیت و بگەیتە لووتکەی کۆنترۆڵی خۆیی. باشترین شێواز بۆ بەدەستهێنانی ئەو شۆفێریە تۆ بەهۆی ڕاهینانە دەروونیەکانەوە سودیکی زۆر وەردەگریت و ڕۆژانە زیاتر درك بە خۆت و بەپرسیاریەتیت ئەکەیت لە ژیانی خۆتداو هەوڵ ئەدەیت کە بە ئاسانترین شێوە هاوکارێك بێت بۆ ژیانێکی باشتر بۆ دەوروبەر و تەواوی مرۆڤایەتی.
سەرکەوتوبن
www.warzshidaruni.com

ئایار 21, 2011

ئایا که‌س ده‌توانێت هه‌سته‌کانمان بگۆڕێت؟

ئایا کەس ده‌توانێت هەستەکانمان بگۆڕێت؟
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی
سوید

ئەو وێنەیەی کە خۆت هەتە بەرامبەر بەخۆت کاریگەری هەیە لەسەر ڕاگرتنی هەسەتەکانت، وە هەستەکانت کار ئەکەنە سەر ئەو وێنەیەی کە خۆت هەتە سەبارەت بە خۆت. چی ڕوو ئەدات لە ژیانتا ئەگەر تۆ بتوانیت کۆنترۆڵت هەبێت بەسەر مەزاجی خۆتا و بە ئاگایانە دەست بکەیت بە هەڵبژاردنی ئەو هەستانەی کە تۆ ئەتەوێن؟
ئێمە هەموومان لایەنێکی لاوازیمان تیایە و کەم تا زۆر ئەتوانین هەست بە نا دڵنیای بکەین، کە ئەمەش هەر وەك بڵێی کەسێکی ترە کە هەستەکانی ئێمەی بەدەستە، کە کەسێکی تر ئەتوانێت وا بکات کە ئێمە هەستمان بەو شێوە بێت. لەوانەیە ئێمە خەتاکە بخەینە سەر کەسێکیتر وە وابزانین کە ئەوە ڕەفتاری کەسێکی بێ هەستە کە ئێمە ناخۆشحاڵ و بێزار و خەمبار ئەکات. بەو شێوەیە ئێمە چاوەڕوان ئەبین هەتا کەسەکانیتر ڕەفتارەکانیان بگۆڕن هەتا بەو شێەوەیە ئێمە خۆشحاڵ بکەنەوە.
بەڵام ئەبێ ئێستا ئەوە بزانین کە کەسێکیتر نیە کە بتوانێ ئێمە زویر بکات، بەڵکو ئەوە تەنها ئێمە خۆمانین کە بە هۆی شیکردنەوەکانمانە کە ئێمە ئەیکەین بەهۆی ئەو زانیاریانەوە کە ئێمە دەستمان ئەکەوێت لە دەوروبەرمانەوە و کاردانەوەکانمان هەڵدەبژێرین. بێگومان کەسانی دەوروبەرمان بەشێك ئەبن لەو شتەی کە ڕووئەدات لە ئێمەدا، بەڵام ئەوە تەنها خۆمانین کە ماوەئەدەین بەخۆمان کە لەو ڕووداوەدا بمێنینەوە.
بێگومان ئێمە ناتوانین کە کەسێك یان ڕووداوێک بگۆڕین بۆ ئەو شتەی کە لەگەڵ ئێمەدا باشتر ئەگونجێت، بەڵام ئەتوانین شێوەی کاردانەوەی خۆمان بگۆڕین بەرامبەری. ئەمەش ئازادیەك دروست ئەکات، خۆشیەکەی لەوێدایە کە کاتێك دەستمان کرد بەگۆڕانکاری لەخۆماندا ئەوکاتە هەست بەوەش ئەکەین کە ژیان بەدەوروبەریشمانەوە گۆڕاوە. ئێمە ئەوە ئەگەڕێنینەوە بۆ خۆمان کە یاومانە، هەربۆیە هەوڵ بدە کە ئەوە ببەخشیت کە خۆت ئەتەوێ هەتبێت.
ئایا تۆ شتێکت هەیە ئەمڕۆ کە هەر لە ئێستاوە بتەوێ بیگۆڕی هەتا تەندروستیت باش بکات؟ وە چ مەزاجێك هەڵ ئەبژێریت کە بە درێژای ڕۆژەکە لە ناوتا بمێنێتەوە؟
ئەمە بکە بە ڕاهێنانێك لە ئەمڕۆوە، بزانە چەند بۆت ئاسانتر ئەبێت کە بارەکان جیا بکەیتەوەو ئەوەی خۆت خوازیاریتی ببێتە تەنها ڕاستیەك بۆ ژیانی خۆت. تاقی بکەرەوە!
سەرکەوتوبن

ئایار 9, 2011

کێ یۆگیه‌؟


كێ یۆگیە؟
نوسینی: سوامی نیرانجاناندا
وەرگێرانی: دكتۆر عادل محمد سعید

بەو كەسە دەگوترێت یۆگی كە گەشتبێت بە هاوسەنگی. ئەم هاوسەنگیە چەند لایەنێك دەگرێتەبەر، ئەم هاوسەنگیە لە چوارچێوەی ڕەوشت، پەیوەندی بەرامبەرانە، ئیحساسات، بیركردنەوە و ئارەزووەكان خۆی نابینێتەوە، بەڵكوو هاوسەنگیەكی قووڵە كە تەواوی تایبەتمەندیەكانی لەش و زهن و ڕۆح دەگرێتەخۆ، هەرچەندە كە لەش و زهن و ڕۆح جیاواز دەنوێنن بەڵام لەڕاستیدا هەرسێكیان هەر یەك شتن. ئایا كەسێك دەتوانێت لەش لە زهن جیابكاتەوە؟ ئایا دەتوانین شوێنی زهن لەلەشدا دیاری بكەین؟ ئایا دەتوانین ڕۆح بەشتێكی جیا لەجەستە بزانین؟ ئێمە چۆن دەتوانین شوێنی ڕۆح لەلەشدا دیاری بكەین؟ نا ئێمە ناتوانین. ئەگەر ئێمە هەوڵ بدەین درێژە

نیسان 6, 2011

پەڕەی داهاتوو »