نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

گۆڕان و گۆرانی

ئه‌یلول 18, 2008

گۆڕان و گۆرانی

نووسینی : د . سابیر بۆکانی
لەمێژووی دێرینی مرۆڤایەتیدا، هەموو کەسێک بەدەنگسازو ناسازەوە، بۆ خاڵی کردنەوەی دەروون و بۆ گوزارشت کردن لەخەم و هیواکان، گۆرانی وتوە. پاشان ئەو دەنگانە بەخۆش دانراون کە توانیویانە لەناخی گوێگردا چێژو خۆشى بوروژێنن  و ئاسوودەیى پێببەخشن و هاوکات سەرسامی بکەنء بەرەو بیرکردنەوە بیخرۆشێنن. ئاشکرایە ئەم بەخۆشزانینەی دەنگ بەپێی ژینگەو کولتورەکان، ڕیتمەکانیان دیاریکراوەو نەخشێنراوە. ڕەنگە ئەو چێژو خۆشىء ئاسودەییە لەدەنگی باڵندەو گیانلەبەرو سروشتیشەوە هەستی پێکرابێت و دواجار لەکەرەسەو ئامرازی دەستکردەوە وەرگیرابێتن و ئەوانیش بەدەنگی موزیکییان هەمان کاریگەرییان بەجێ هێشتبێت. بەتێپەڕبوونی ڕۆژگار دەیان ئامێری موزیک دروست کران و پەرەیان پێدراو توانییان مرۆڤ سەرسام بکەن ء بەرەو بیرکردنەوەی بەرن. ئەم هەژموونەی موزیک بەسەر هەموو دەنگە سروشتییەکاندا کە چێژو و ئاسوودەگی و خرۆشان و تەنانەت داهێنانیش دەخولقێنێت، مەرج نییە لەلای هەموو کەسێک هاتبێتەبوون یاخود بێتەبوون، ئەزموونێکەو بیستنی تایبەت و هۆشی ئامادەو ڕۆشن و ئاستێکی بیرکردنەوەی پێویستە کە هەموو کەسێک پێی نەگەشتووەو پێی ناگات.
پێناچێت ئێمە قۆناغی گوێگرتن لەدەنگی مرۆڤمان تێپەڕاندبێ و بووبین بەگوێگری ڕاستەقینەی موزیک. بەداخەوە ئەوەندەی لەگەڵ گۆرانیدا نێوانمان بەهێزە، ئەوەندە لەگەڵ موزیکدا بەهێز نییە. مەگەر لەگۆرانیدا گوێ لەموزیک بگرین، لەویشدا زیاتر بایەخ بە دەنگ و ریتم و ئاوازی گۆرانییەکە دەدەین و چێژی لێوەردەگرین، زۆر لەوە کەمتر گرنگی بەو موزیکە دەدەین کە لەگەڵیدایە، لەوانەشە موزیکەکە زۆرکەس بێزار بکات و خوازیاربن زوو ببڕێتەوەو بگەنەوە بەدەنگی گۆرانبێژەکە.
جاران چەند گۆرانیبێژیکی کەم؛ لەلای هەموو کەس (بەجیاوازی تەمەن و ڕەگەز و پێگەی کۆمەڵایەتی…تاد) تاسەردەمێکی نیمچەدرێژ پەسەندکراوی تاقانەی گۆڕاپانەکە بوون، نەک لەبەر ئەوەی دەنگیان خۆش بووەو ئاوازی و هۆنراوەی گونجاویان هەڵبژرادووە. لەوەش زیاتر: لەبەر ئەوەی تەنها لەڕێی هەستی بیستنتەوە، دەنگیان بەگوێگر گەیشتووە. ئەمڕۆ بەهۆی پێشکەوتنی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە چیتر گوێ بەتەنها کۆنترۆڵی پڕۆسەی چێژوەرگرتنی پێناکرێ، لەو بوارەدا چاو وەک گۆڕاوێکی باڵادەست، ڕۆڵی نێگەیتڤی هەیەو ئەو سەردەمەی تێپەڕاند کە دەنگ بەتەنها بتوانێت هونەرمەندی کاریزمی لەناو دەنگخۆشەکاندا، هەڵتۆقێنێت. ئەمڕۆ دەنگیخۆش لەگۆرانیدا لەلای هەموو کەسێک، هەموو شتێک نییە. تەکنۆلۆژیای بیستن و بینین و توانای ووتن و تەکنیکی تۆمارکردن و کلیپ، چانسی کەمتریان بۆ هێشتۆتەوە. 
هیچ گورانیبێژێک نەبووەو نییە، مەزن و بێ وێنە بێت و دوور خەڵک، قوتابخانەی داهێنان بووبێت یان ببێت، ئەوە خەڵکییە ئەو ناونیشان و ناوبانگە دەبەخشن. ئەوەی کە جاران گۆرانبێژی گەورەو بێهاوتا بوو، ئەگەر لەم سەردەمەدا دەرکەوێت، وەک هەر یەکێ لەو لەشکرە گۆرانیبێژەی ئێستا، ڕەنگە ئەویش بچوک و ئاسایی بێت. هیچ دەنگێک ئەو ڕەوش و ئەو جۆرە گوێگرتنەی نەماوە کە بەهۆی ڕیکۆردەرێک یان ڕادیۆیەکەوە تێکڕای هەست و ئەندامی جەستە بکا بەگوێ. ئێستا خەڵکی وەها دوورن لەیەکترو بەشێوەیەک دابەش بوون بەسەر گروپی هەمەجۆرو تەمەن و ڕەگەزی جیاوازو حەزو ئارەزووی سەیروسەمەرەو خولیاو بیرکردنەوەی لێکنەچوودا، ئاستەمە یەک دەنگ ببێتە مایەی مشتومڕو دوای مشتومڕیش، ڕێکەوتن و هاوبڕیاڕی بێنێتە ئاراوە. ئەو دەنگەی بەلای پیرێکەوە بەجۆشەو کاریگەرە، گەنج نەک گوێی لێناگرێت بەڵکو بێزاریش دەبێت پێی. هەمان دەنگ کە پانتاییەکی لەیادەوەری پیرێکدا داگیرکردووە، ئێستا کە لەگەڵ بیستنیدا، دەموچاوو جوڵەکانی خاوەنەکەی دەبینێت، ڕەنگە ئەو کاریگەرییەی جارانی لەسەر بەجێ نەهێڵێت و کاڵ بووبێتەوە.
ئێستا گۆرانی، کەمیان وەکو جاران دەوترێن، زۆربەیان دەوترێنەوە. جاران گۆرانییەکان ژینگەی گوێیان پاک دەکردەوەو زاخاوی مێشکیان دەدا، ئێستا زۆربەیان ژینگەی گوێ پیس دەکەن و دڵ تێکەڵ دێَنن. جاران گۆرانییەکان گوزارشت بوون لەناخی دەروون و ئەوەی تیایدا شارابوەوە، ئێستا زۆربەیان دەربڕی جەستەو نمایشی ئەو ئەندامانەن کەجاران دەشارانەوە. جاران لەدۆخی ڕاوەستان یان دانیشتندا گۆرانی دەوترا، ئێستا لەدۆخی دۆڕان و پشت لەزەویداندا دەوترێت. ئێستا گۆرانی بۆ چاو دەوترێ نەک بۆ گوێ!.

لەهاوپۆلی: بابه‌تی تر

بۆچوونەکان


« زه‌بری ده‌روونی Psychological Trauma | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئاگاداری ئاگاداری »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional