ئۆگه‌ست 22, 2007
ئه‌فسه‌ری ڕاگه‌یاندنی هاتوچۆی سلێمانی
کێ له‌ئێمه ڕۆژانه له‌سه‌ر شه‌قام و له کوچه‌و کۆڵانه‌کاندا شێوازی ناشایسته‌ی به‌دی نه‌کردبێت له شۆفێری .. شێوازێک که ڕوخسارێکی شه‌ڕه‌نگێزی و توندوتیژی و لاساری له لێخوڕیندا تیا به‌دی ده‌کرێت . زۆربه‌ی جاریش ئه‌م هه‌ڵوێسته بۆته مایه‌ی ڕووداوه جۆراوجۆره‌کانی هاتوچۆ . جگه له‌مه‌سه‌له‌ی سزادان و ڕێوشوێنی یاسایی ، هه‌ق وایه ئه‌م دیارده‌یه زیاتر تیشکی بخرێته سه‌ر و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکرێت . له‌تێکڕای وڵاتانی پێشکه‌وتوودا ئه‌رکی قه‌ڵاچۆکردنی دیارده دزێو و مه‌ترسیداره‌کانی بواری هاتوچۆ ته‌نها ناخرێته سه‌ر ( ده‌زگاکانی هاتوچۆ ) ، به‌ڵکو چه‌ندین خه‌ڵک و لایه‌نی پسپۆر لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه ده‌که‌ن به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی گرفته‌کان و هاوکاری کردنی هاتوچۆ .به‌پێی توێژه‌ینه‌وه‌کانی کارگێڕی نیشتمانی بۆ سه‌لامه‌تی ترافیک له‌سه‌ر ڕێگاو بانه‌کان له ئه‌مه‌ریکا شۆفێری ی شه‌ڕه‌نگێزی بۆته هۆی( 66 % ) له‌کۆی ئه‌و ڕووداوه هاتوچۆییانه‌ی که مه‌رگی لێکه‌وتۆته‌وه . هه‌روه‌ها توێژینه‌وه ئه‌مه‌ریکیه‌کان سه‌لماندویانه که ڕێژه‌ی( 20 % ) له‌و شۆفێرانه‌ی که گه‌وره و کامڵن ، باشتر و زیاتر ئاماده‌ییان تیایه له دروستکردنی مه‌ترسی ته‌ندروستی به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه . وه ئه‌م دیارده‌یه له زیادبووندا بووه به‌ڕێژه‌ی (7%) ، هه‌روه‌ها له‌ساڵی 1990 زیادبوونی ئه‌م ڕێژه‌یه به‌ئاشکرا ده‌رکه‌وت که‌گه‌یشته (51%) له‌چاو ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی که پێش 7 تا 8 ساڵ هه‌بووه . ئه‌م دیارده‌یه له‌سه‌ر‌جه‌م وڵاتانی جیهاندا له زیادبووندایه . به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکی ئه‌م دیارده‌یه مه‌ترسیدارتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر هاتوو له‌ژێر کاریگه‌ری مه‌ی و ماده‌هۆشبه‌ره‌کاندا بێت . بۆیه پێویستی دانانی پرۆگرامێکی تایبه‌ت بۆ سنووردارکردنی ئه‌م دیارده‌یه هاته ئاراوه .
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت باس له شه‌ڕنگێزی له‌بازنه‌ی شۆفێریدا بکه‌ین ، ده‌کرێت به‌م شێوه‌یه باسی بکه‌ین : کردارێکه ده‌رئه‌نجامی تووڕه‌بوون یان نه‌مانی ئارامی و هێوری ڕووئه‌دات له‌لایه‌ن شۆفێرێکه‌وه تیایدا هه‌وڵ ئه‌دات تۆڵه بسێنێ له شۆفێرێک یان که‌سێکی تر پاش ناکۆکیه‌ک یان ململانێیه‌ک یان ڕێکنه‌که‌وتنێکی په‌یوه‌ست به‌هاتوچۆ ، که‌تیایدا ئۆتۆمبیل وه‌ک چه‌کێک به‌کار ده‌هێنرێت . له‌هه‌ندێک باردا ململانێکه ده‌گاته ئاستی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه و زۆرانبازی له‌نێوان دوو ئۆتۆمبیل‌دا و زۆرجار ئاکامه‌که‌ی به مه‌رگ کۆتایی دێت . ده‌روونناسی ئه‌مه‌ریکی ( ئارنۆلد نرنبرگ ) به‌شێوه‌یه‌کی تر پێناسه‌ی ده‌کات به‌وه‌ی بریتیه له ( کاردانه‌وه‌ی شۆفێرێکی توڕه بۆسه‌ر شۆفێرێکی تر ) . ئه‌م تووڕه بوونه زیادڕه‌وی تیا ده‌کرێت له‌گوزارشکردندا . مه‌ترسی ئه‌م کاره‌ش له‌و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌وه‌یه که‌ده‌رهه‌ق به‌شۆفێرێکی تر ده‌کرێت . زانای ناوبراو ده‌ڵێت که ئه‌م دیارده‌یه په‌یوه‌سته به نه‌ریتی خێزانه‌وه ( ژینگه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی ) ، وه ئه‌و مناڵه له‌لایه‌ن شۆفێرێکی له‌م چه‌شنه‌وه په‌روه‌رده کراوه که‌بێگومان له‌ئایینده‌دا ئه‌و مناڵه ده‌بێته شۆفێرێکی شه‌ڕه‌نگێز ، ئه‌مه جگه له‌کارتێکه‌ری هه‌ندێک جۆری فیلم کارتۆن و فیلمه‌کانی ئه‌کشن و … هتد .
هۆکاره‌کان :
شۆفێر له‌مانگێکدا زیاتر له ( 40 ) کاتژمێر له‌ناو قه‌ره‌باڵغی شه‌قامه‌کاندا به‌سه‌ر ده‌بات ، ئه‌مه وا ده‌کات که شۆفێران ئارامی له‌ده‌ست بده‌ن . زانایانی ده‌روونناسی وای ده‌بینن که‌سه‌رچاوه‌ی ئه‌م گرفته له تووڕه‌بوونه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت . هه‌ر له‌دیدی ( ئارنۆلد نرنبرگ ) ی ده‌روونناسه‌وه چوار دۆخ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ئه‌م گرفته دروست ده‌که‌ن :
1- هه‌ستکردن به مه‌ترسی .
2- قه‌تیس بوون له‌دوای شۆفێرێک که زۆر به‌خاوی شۆفێری ده‌کات .
3- بینینی شۆفێرانی تر کاتێک سه‌رپێچی ده‌که‌ن له یاسا و ڕێنماییه‌کانی هاتوچۆ .
4- هه‌ست کردن به پێویستی تۆڵه سه‌ندن .
نیشانه‌کانی شۆفێری شه‌ڕه‌نگێز ( ئه‌و هێمایانه‌ی ئاماژه بۆ شه‌ڕه‌نگێزی شۆفێر ده‌که‌ن ) :
1- ڕه‌تبوون- تێپه‌ڕاندن – لای ڕاست یان له‌سه‌ر قه‌راغی شه‌قامه‌که به ده‌رچوون له ئاڕاسته‌ی ئاسایی .
2- پاپه‌ند نه‌بوون به‌گڵۆپی سوور ( ترافیکلایت ) یان هێما وهێڵکاری .
3- زۆر نزیک بوونه‌وه له ئۆتۆمبیله‌کانی به‌رده‌می .
4- زیادڕه‌وی له خێرایی و په‌له‌په‌ل و پێشبڕکێکردن .
5- زۆرده‌رچوون له‌ئاڕاسته‌و سایده‌کان و دووباره هاتنه ناوه‌وه و ده‌رچوون له سایده‌کان .
6- هاوار کردن و ئاماژه‌کردن به هێماکانی هه‌ڕه‌شه کردن و سوکایه‌تی و جنێودان .
7- ڕێگه گرتن له شۆفێرانی تر و ده‌رچوون بۆ به‌رده‌م ئۆتۆمبیله‌کانی تر به‌شێوه‌ی کت‌وپڕ .
8- ستۆپ گرتن به‌مه‌به‌ستی سه‌رلێشێواندنی ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌ی پشتی .
9- به‌کارهێنانی ئامێری ووریاکه‌ره‌وه ( هۆرن ) به‌شێوه‌یه‌کی زۆر و ناسروشتی .
10- به‌کارهێنانی فول لایت به‌شێوه‌یه‌کی چه‌ندباره‌و به‌رده‌وام .
11- به‌ره‌نگاری و ململانێکردن .
12- ڕاوه‌دونان و شه‌ڕکردن .
13- ته‌نگ هه‌ڵچنین به ئۆتۆمبیله‌کانی تر به‌شێوه‌یه‌کی مه‌ترسیدار .
14- به‌زاندنی هێڵکاری که به‌ربه‌سته و ناکرێت ببه‌زێنرێت .
15- سوکایه‌تی و بێڕێزی کردن به شۆفێری .
16- شکست هێنان به پێدانی ماف و پێشڕه‌وی بۆ که‌سانی تر .
17- ڕاگرتنی ئۆتۆمبیل له شوێنی قه‌ده‌غه .
18- که‌مکردنه‌وه و خاوکردنه‌وه‌ی خێرایی له‌ئاستی پێویست .
19- ئاسته‌نگ دروست کردن و نه‌هێشتنی ئۆتۆمبیله‌کانی تر به تێپه‌ڕاندن .
20- پێشێل کردنی مافی پیاده‌کان .
چاره‌سه‌ر ( ئارامی و دوورکه‌وتنه‌وه له ململانێ کردن )
پرۆفیسۆر ( لیۆن جیمز ) سه‌باره‌ت به هه‌نگاوه‌کانی چاره‌سه‌ری ئه‌م دیارده‌یه وا ده‌بینێت که یه‌که‌م هه‌نگاو له خۆ ناسینه‌وه ده‌ست پێده‌کات ، که پێویسته له‌سه‌ر شۆفێر که‌می ئارامی و خۆڕاگری و تووڕه‌یی خۆی بزانێت له چ ئاستێکدایه ، پاشان شۆفێر هه‌وڵ بدات چاودێری هه‌ڵسوکه‌وتی خۆی بکات له‌کاتی شۆفێریدا ، وه پێویسته باش بزانێت و تێبگات که ڕووداوه‌کان به‌هۆی شێواز و مامه‌ڵه نه‌شیاوه‌کانی ئه‌وه‌وه ڕوو ده‌ده‌ن ، هه‌ر کاتێک شۆفێر ده‌ستنیشانی خاڵه لاوازه‌کانی هه‌ڵسوکه‌وتی خۆی بۆکرا ئه‌وکات بڕیار بدات هه‌نگاو به‌هه‌نگاو هه‌ڵه و که‌موکوڕیه‌کانی خۆی چاک بکات و زاڵ بێت به‌سه‌ریاندا . ئامانج له‌مه‌ش بره‌ودانه به که‌سایه‌تی و شێوازی شۆفێری و به‌دیهێنانی ئارامی و هێمنی له‌جیاتی شه‌ڕه‌نگێزی .
پێویسته شۆفێر له‌وه تێبگات که توانای کۆنترۆڵ کردنی ڕه‌وشی هاتوچۆی نیه له‌ده‌ره‌وه به‌ڵکو ده‌توانێت کۆنترۆڵی کاردانه‌وه‌ی خۆی بکات به‌رامبه‌ر به‌م ڕه‌وشه . تووڕه‌بوون و په‌ستی و ئاڵۆزی و ناجێگیری ده‌روونی چاره‌سه‌رێکی ترسناکه بۆ کێشه‌کانی هاتوچۆ . پێویسته خۆی ڕابێنێت و بڕوایه‌کی لا دروست بێت که‌سه‌رکێشی و هه‌ڵه‌ی که‌سانی تر ئاڕاسته کراوی ئه‌و نین به‌تایبه‌تی . هه‌روه‌ها جێگای ئاماژه بۆکردنه که شێوازی په‌روه‌رده‌کردنی مناڵان له قۆناغی مناڵیدا ڕۆڵێکی گرنگ ده‌بینێت له‌ئایینده‌ی تاکدا ، هه‌روه‌ها هۆشیاری شۆفێران له‌لایه‌ن ده‌زگای هاتوچۆ و چاودێری کردنی ئه‌و جۆره شۆفێرانه و سزا دانیان له‌کاتی سه‌رپێچیدا به‌پێی یاسا ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه هه‌ست بکه‌ن که ده‌سه‌ڵاتێکی یاسایی هه‌یه هه‌ڵسوکه‌وته‌کانیان سنوور ده‌کات .
لەهاوپۆلی: بابه‌تی تر
« زیره‌کی و وه‌بیرهاتنه‌وه له خوێندندا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | خود و ڕەفتار »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
