نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

پێکه‌نین له‌ کاری هونه‌ریدا

ئاب 17, 2008

43.jpgپێکەنین لەکاری هونەریدا
د . سابیر بۆکانی

پێکەنین، تا ئەندازەیەکی زۆر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، ڕاستە هەریەک لەئێمە لەناخی خۆماندا بیر لەشتێک دەکەینەوە کە پێکەنینی تێدایە، بەڵام زۆر دەگەمەن بەو شتە پێدەکەنین ئەگەر کەسانیتر لەدەوروبەرماندا نەبن، ڕەنگە ئەو کەسانەی لەهەڵوێستەکەشدان ئامادە نەبن لەگەڵماندا پێبکەنن. لەئەزموون و توێژینەوەکان دەرکەوتووە ئەگەرەکانی بەنوکتە پێکەنین، ئەو کاتانە زیاترن کە خەڵکانیتر لەهەڵوێستەکەدا ئامادەن و ئەوانیش وەک ئێمە پێدەکەنن، تەنانەت ئەگەر بەهیچ جۆرێک بەنوکتەکان پێنەکەنیان نەیەت هێشتا هەر بەلامانەوە باشترن لەوەی بەتەنها بین. بۆیە دەکرێت بڵێین پێکەنین ئامرازێکی پەیوەندی و کۆمۆنیکەیشن و دواندنی کۆمەڵایەتییە. ڕەنگە ئەو کەسەی پێدەکەنێت مەبەستی ئەوە بێت بەشێوەیەک لەشێوەکان، نوکتەکە بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش بکات کە لەدەوروبەریدان. لەوانەشە ئاواتەخواز بێت لێی بپرسن: ئەوە بەچی پێدەکەنیت؟ ئەمەیە ئەو بەیەکگەشتنە سازگارو بەچێژەی کەوا لەهەموومان دەکات هەندێکجار ڕێگە بەکەسێک بدەین بەشێوازی تایبەتی خۆی، بێت نوکتە بکات و بیگێڕێتەوە.
گەرچی هەموو کەسێک پێی خۆشە لەئامادە بوونی کەسانیتردا بە نوکتە پێبکەنێت بەڵام مەرج نییە هەمان نوکتە بەبێ دەستکاری و گۆڕانکاریی، لەشوێن و کۆبوونەوەیتردا وەکو خۆی بگێڕینەوە.
خەڵکی زۆر بەچاکی ئەو بڕیارەیان پێدەدرێت: کامە گاڵتەگەپ پێکەنین بەدوای خۆیدا دەهێنێت و کامەش نایان خرۆشێنێت ئەگەر یەکەمجارو بەتەنها و دوور لەخەڵکیش ڕێکەوتیان کردبێت و پێی پێنەکەنیبێتن. لەدیدو بۆچوونی ئەکتەری کۆمیدیاو نووسەری شانۆ کۆمیدییەکانەوە، کارەساتی ناخۆش لەوەدایە؛ بابەتێکی کۆمیدی نماشکراو بۆ کۆمەڵک خەڵک، کەسیان نەهێنێتە پێکەنین و تەنانەت زەردەخەش نەخاتە سەر لێویان. ئەم دیاردەیە پێیدەوترێت: مەرگ لەسەر تەختەی شانۆ Dying on stage، دیاردەیەکی لەو چەشنە هاوتای کۆدەنگییە لەسەر ڕەتکردنەوەو گاڵتە پێکردن. دواتر ئەو خەڵکە بە کارە هونەرییەکە دەڵێن: ئای کە سووک و نەگریس بوو کەسی نەهێنایە پێکەنین.
هەندێک لەبەرهەم هێنەرانی تەلەفزیۆنی، لەدراما کۆمیدییەکانیاندا، لەترسی بێدەگی و خامۆشی بینەری بەرهەمەکانیان، پەنا دەبەنەبەر ئاوێتەکردنی پێکەنینی تۆمارکراو، لەگەڵ بەرهەمەکانیاندا. ڕەنگە ئەم شێوازە تا ڕادەیەکی زۆر پێویست بێت بۆ ئەو کارە نمایشکراوانەی کە لەبنچینەدا پێکەنین ئامێز نین. یەکێک لەتوێژەران لەم بارەیەوە دەڵێت: (کاریگەریی پێکەنینی تۆمارکراو لەوەدایە کەوا لەخەڵکی دەکات لەناو کارە هونەرییەکەدا، سەرنج لەملاو ئەولا بدەن و چاو بگێڕن و گوێ ڕادێرن بن بۆ نوکتەیەک). لەپێناوی فریاکەوتنی جۆرەها کاری تەلەفزیۆنی ئاسایی ئاست ناوەنددا، چەندین کەرەسەو ئامێری هەمەجۆر بۆ پێکەنین داهێنراون(وەک چەپڵەلێدان) هەندێکیان تا ڕادەیەک لەئامێری تایپکردن دەچن بەڵام کلیلدارن و هاوتان لەگەڵ گوزارشتە جۆراوجۆرەکانی شانۆ یان دڵخۆشیدا لەوانە قاقالێدان Giggle و خورتەو بۆڵەبۆڵ guffaw(کە بەهێزترن لەپێکەنین)ن پێکەنینی شاراوەو chuckleپێکەنین بەدەنگی نێرو بەرز roar. بەهەرحاڵ ئەو ئامێرانە کەمجار کاریگەریی و شوێنەوار بەجێ دەهێڵن چونکە جۆری پێکەنینەکە بڕیارو یەکلاکەرەوەیە.
ئەگەر لەسەرەتای هەر کارێکدا، هیستریای پێکەنین بگاتە لوتکە، ئەوا وەک پێکەنینی بەزۆر دروستکراو دێتە بەر چاوو گوێ. خۆ ئەگەر هەمان بەرز بوونەوەو نزم بوونەوەی پێکەنینەکە، چەندبارە بۆوە ئەوا جمهوری بینەر تێدەگەن و ئاگادار دەبن لەوەی میکانیکیەو میکانیزمەکەی بێگیانە. ئەگەر پێکەنینی تۆمارکراوی جمهوری ئامادە، بوونی هەبێت، تاڕادەیەک باشترە لەهیتر گەرچی ئەمیش بێ چێژێکی مردووە، وەک ئەوەی زۆرجار لەنواندی کارێکدا ڕوودەدات کە لەدەرەوەی ستۆدیۆدا ئەنجام دەدرێت. یان کاتێک کارێکی تۆمارکراو بەڤیدیۆ لەستۆدیۆدا بۆ جمهورێک نمایش دەکرێت و پاشان هەموو پێکەنین و قاقایەکی سروشتی، بەپشت بەستن بەخەسڵەتی بنچینەیی کۆمیدیا، دەخرێتەسەر پلەداری دەنگیی Soundtrackو بۆی سەربار دەکرێت، ئەم کارەش چەندجارێک دوبارە دەکرێتەوە تاکو بڕێکی گونجاوی پێکەنین بەسەر کارەکەوە کەڵەکە دەبێت.
شێوازێکیتریش (هەرچەندە دەرکەوتووە زۆر سەرکەوتوو نییە) ئەوەیە چەند ئەکتەرێکی کۆمیدی، قاقاو پێکەنینی تایبەت و گەورەیان تۆمار دەکەن و لەچەند شوێنێکی دیاریکراودا دەیخەنە سەر پلەداری دەنگیی. شایانی باسە دەرهێنەرە ئەمریکییەکان زیاتر لەدەرهێنەرە بەریتانییەکان، پێکەنینی تۆمار کراو بەکار دەهێنن، کار گەیشتە ئەوەی بینەری تەلەفزیۆنە بەریتانیەکان داوا بکەن ئەو پێکەنینانە، بەدیاردەیەکی کوێرانەی ناجۆر هەژمار بکرێن. هەندێکجار دەزگای ڕادیۆی بەریتانیا داوا دەکات ئەو پێکەنینە دەستکردە بێگیانانە (بۆ مەبەستی بازرگانی) لەهەندێک زنجیرەی کۆمیدی ئەمریکی دور بخرێنەوە، وەک ئەوەی لەگەڵ زنجیرەی کۆمیدی ماش Mash ڕوویدا کە ڕوداوەکانی تایبەتن بەنەخۆشخانەیەکی گەڕۆک لەشەڕی کۆریادا و چەندین دیمەنی گاڵتەوگەپ و کۆمیدی نایاب و سەنگینی لەخۆگرتووە. دەزگای ڕادیۆی بەریتانیا پێیوابوو زنجیرەی کۆمیدی ماش؛ بەهۆی ئەو پێکەنینە دەستکردانەوە، کاریگەریی ڕاستەقینەی خۆی لەدەستداوە.
سەرچاوە: جیلین ویلسن(2000): سیکولوجیە فنون الاداب، ترجمە شاکر عبدالحمید، سلسلە عالم المعرفە 258 ، الکویت، ێ 115-117

لەهاوپۆلی: بابه‌تی تر

بۆچوونەکان


« چاو و په‌یوه‌ندی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | دۆزی په‌روه‌رده‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌به‌یانی فه‌لسه‌فه‌دایه‌ »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional