نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

سایکۆلۆژیای ڕه‌نگ

ئۆگه‌ست 13, 2007

sabir_bokanyرەنگ یەکێکە لە کۆڵەکەکانی کاری هونەری، هەر ڕەنگێک ڕۆڵ و کاریگەریی تایبەتی خۆی هەیەو کە تێکەڵیش دەکرێن بایەخیان زیاتر دەبێ و کارە هونەرییەکان کامڵ و تەواوتر دەکەن. یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی ڕەنگ، بەخشینی خەسڵەتی واقعییانەیە بە وێنەو دیمەنەکان هەروەها لێکچوون و جیاوازییەکان لەنێوانیاندا ڕوونتر دەکاتەوە، جگە وروژاندنی سەرنجی بینەرو خوڵقاندنی باری دەروونی جۆاروجۆر و وەڵامدانەوەی سۆزاویانە، سەرەڕای ئەو کاریگەرییانەی لەسەر چاوی مرۆڤ بەجێی دەهێڵن. هەروەک ئاشکرایە هەندێک لەڕەنگەکان گەرمن وەک سورو زەردو پرتەقاڵی و وەرگیراوەکانیان، هەندێکیتریش ساردن وەک وەنەوشەیی و سەوز و شین و وەرگیراوەکانیان، جگە لە ڕەنگە بێلایەنەکانی وەک ڕەش و سپی. هەندێک ڕەنگیش هەیە گونجاون و چێژو کاریگەری پۆزەتیڤ دەکەنە سەر چاوی مرۆڤ وەک ڕەنگە کراوەکان و کە لە سپییەوە نزیکن یاخود ئەو ڕەنگانەی گەرمن و نزیکن لەڕەشەوە.
رەنگ یەکێکە لەو بنچینانەی لەلێکدانەوەی وێنەو دیمەنەکاندا پەنای بۆ دەبرێت، لەبەر ئەوەی گەورەترین کەرەسەی کۆنترۆڵ کردنی هەنوکەییانەی میزاج و حەوسەڵەی مرۆڤە بەمەرجێک ڕێکخراو و گونجاو بێت و هەماهەنگی تێدا بێت و هەست ونەستی مرۆڤ بە ڕاست دروستی بگوێزێتەوە ئینجا وەک ڕوناکی سودی لێبینرا بێت یاخود لەدیمەن یان جلوبەرگدا بەکارهێنرا بێت. بۆیە وا پێویست دەکات لەسەرجەم بوارەکاندا دیزاینەر ئاگای لەکاریگەری هەڵچوونیی ڕەنگە جۆراو جۆرەکان بێت. لەدیکۆرسازیدا باشتر وایە ڕەنگە ڕوون و گەشەکان بۆ بوارو ڕوبەرە تەسک و بچوکەکان بەکاربهێنرێن بەڵام سێبەرو ڕەنگە کاڵەکان بۆ بوارو ڕوبەرە فراوانەکان باشترن.
پڕۆسەی پەسەند کردنی ڕەنگ ڕێژەیی و ئەگەرایەتییەو تایبەتە بەهەڵوێستەوەو پشت بەسروشتی ئەو وروژێنەرە جوانە دەبەستێت کە تاکەکەس ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها پەیوەندیشی بەئەزموونی مرۆڤ و ئەو ئەندێشەو هەستونەستەوە هەیە کە کەسەکە دەیخاتە سەر کۆمەڵێک ڕەنگی زاڵ لەکارێکی هونەریدا، پەسەندکردن و خۆشویستنی ڕەنگ لای هەندێک کەسیتر پەیوەستە بەسروشتیی بوونی ڕەنگەکە واتا ئەو کاتەی خودی ڕەنگەکە لەسروشتدا بوونی هەیە. لەزۆربەی حاڵەتەکاندا ماناو کاریگەریی گۆڕاوی هێمایی ڕەنگ، لەمانای فیزیایی ڕەنگەکە گرنگترە.
لە دیکۆرو پرۆسەی نواندنی لەشانۆییدا، بەکارهێنانی ڕەنگ کاریگەریی و ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لەبەرجەستەکردنی هەست و هەڵچوون و ئەندێشەکاریدا. توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە ڕەنگی سور ئەم هەست و کاریگەرییانە بەدوای خۆیدا دەهێنێت: گەرمی، مەترسی، خوێن، توڕیی یان وەڵامدانەوەی توند، وروژاندن و هەڵچوونی بەهێز، چالاکی، ڕەنگی جەژنی لەدایک بوون و مەیخانەی شەوان و خانەی لەشفرۆشی، لەوانەشە گوزارشت لەخۆشەویستی و دۆستایەتیش بکات. بەڵام ڕەنگی زەرد هێمایە بۆ: خۆر، هاوین، خۆشی و شادی، بەزم و تریقانەوە، تەندروستی، رۆژو ڕۆژگار. زۆرجاریش ناکۆکی و ململانێی ویژدانی بەرجەستە دەکات، واتا لەیەک کاتدا بوونی خۆشەویستی و ڕق لەناخی کەسێکدا. ئەوەی ڕەنگی شین پێمان دەبەخشێت: هەڵچوونی جێگیرو هێمن، ساردی و سەرما، تەڕیی، دڵتەنگی، پایەو ڕێز، ترس، مانگەشەو، زستان. بەڵام ڕەنگی سەوز هێمایە بۆ: بێلایەنی، هەوای کراوەو دەشتودەر، گەشانەوە، ئاسایش و دڵنیایی، زەردباوی وەک ڕووی خواردن و مردووان، پەیوەندیشی بە گەشەو بەهارەوە هەیە. بەڵام ئەرخەوانی: شاهانەیەو ئاماژەیە بۆ هەڵچوونی ناوەکی بەهێز، حەزو ئارەزووبازی، خواستی کۆنترۆڵ کردن، گوناه، قووڵایی، هەستکردن بە پەژارە. هەرچی ڕەنگی قاوەییشە هێمایە بۆ هەست کردن بەئاسایش، جەخت کردن لەسەر حەزێکی دیاریکراو وەک حەزی سێکسیی، توندی و دەمارگیریی، هەستکردن بەگوناهباری، تێکۆشان دژ بەهێزە تێکدەرە ڕوخێنەرەکان.
ڕەنگی سپیش: هێمایە بۆ: بۆشایی و لەدەستدانی پەیوەندی بەواقیعەوە، بەفر، پاکی، پاراوی، ڕاشکاوی، پەسەندی و پاکیزەیی. هەروەها ئارەزووی دورخستنەوەو وەلانانی هەستونەست. بەڵام ڕەنگی ڕەش ئاوێنەیە بۆ: غەم، مەرگ، شەو، تاریکی، شوومی، شەرانگێزیی. کەڵەکەبوونی هەستونەست، هەستکردنی تاک بەنەگونجان، خۆ بەکەم زانین. بەکارهێنانی ڕەنگی ڕەش وەکو سێبەر هێمایە بۆ خستنەپاڵ یان خستنەسەری ترس و بیرۆکەی ڕەش بەسەر کەسانیتردا. ڕەنگی خۆڵەمێشییش کە لەناوەڕاستی ڕەش و سپیدایە هێمایە بۆ چەپاندن و نکولی کردن، یەکسانی هەڵچوونی.
هەروەها توێژینەوەکان دەریانخستووە کچان ڕەنگە سوک و کاڵەکانیان پێ پەسەندترە بەبەراورد لەگەڵ کوڕاندا کە حەزیان لە ڕەنگە چڕو تۆخەکانە. ئەم پەسەند کردنەی کچانیش زیاتر پشت بەڕەنگی شتەکە دەبەستێ نەک شێوەکەی، بەڵام پەسەند کردنەکەی کوڕان دەگەڕێتەوە بۆ شێوە نەک بۆ ڕەنگ.
گریڤیس لەدەرئەنجامی چەندین توێژینەوەدا کە بەسەر هەزاران کەسدا ئەنجامدراون گەشتۆتە ئەو ڕایەی کە بڵێت: ڕەنگە گەرمەکانی (زەرد، پرتەقاڵی، سور) پۆزەتیڤن و شەڕانگێزین و ئاماژەن بۆ نائارامی و ناجێگیری بەبەراورد لەگەڵ ڕەنگە ساردەکانی وەک شین و سەوزو وەنەوشەیی کە نیگەتیڤ و گۆشەگیرو پارێزگار و هێورو هێمنکەرەوەن. زنجیرەی ڕەنگە پەسەندکراوەکان لای خەڵکی بەگشتی بەم جۆرەیە: سور، شین، وەنەوشەیی، سەوز، پرتەقاڵی، زەرد. بەڵام لای ئەوروپییەکان زنجیرەکە جێگیرەو بەم شێوەیەیە: شین، سور، سەوز، ئەرخەوانی، پرتەقاڵی، زەرد.
ئایزنگ و چەند توێژەرێکیتر پێیانوایە کەسە کراوەو ڕووخۆشەکان تابلۆ گەش و ڕەنگ پاراوەکانیان پێپەسەندە بەڵام کەسە گۆشەگیرو دورەپەرێزەکان ئەو تابلۆیانەیان بەدڵەو کە ڕەگەزی سێبەریان پێوەیە. پەسەندکردنی مرۆڤە کراوەو ڕووخۆشەکان بەندە بە ڕەنگە بنەڕەتی و سەرەکییەکانەوە. بەڵام پەسەند کردنی کەسە گۆشەگیرو دورەپەرێزەکان بەندە بە ڕەنگەکانی خاکەوە وەک ڕەنگی قاوەیی و زەیتونی و بێجی. پۆرتیۆس دەڵێت لەکۆمەڵگەی سەرمایەداری پیشەسازیدا، ڕەنگەکانی شین و ئەرخەوانی پەسەندترن لەڕەنگی زەرد.
هەندێک لە ڕەنگەکان جەخت لەسەر تیشک و ڕوناکی ناو تابلۆ دەکەنەوە وەک ڕەنگی پرتەقاڵی و سور و زەرد ئەمانە ئەو ڕەنگانەن کە چالاک و بەهێز و گەرمن. بەڵام هەندێک ڕەنگ تیشک و ڕوناکی هەڵدەمژن وەک شین و وەنەوشەیی کە ئەمانە ڕەنگی سارد و نێگەتیڤن. ڕەنگی سەوزیش بەدوو ئاراستەدا کار دەکات لەیەک کاتدا ساردو گەرمە، هاوکات هێمایە بۆ ژیان و کۆتاییەکانی ژیان، تیشک هەڵدەمژێ و دەشیداتەوە. هەردوو ڕەنگی ڕەش و سپی وەک ڕەنگی سەوز وان و لەیەک کاتدا نێگەتیڤ و پۆزەتیڤن و ئاماژەن بۆ مەرگ و ژیان.

لەهاوپۆلی: بابه‌تی تر

بۆچوونەکان


« ئه‌لکهول | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئاشوبه‌نانه‌وه‌ی گه‌نجانی شاری یۆتۆبۆری ڕێکه‌وتی ٩/٩/٢٠٠٦ »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional