نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

ترس و توندوتیژی

ئه‌پریل 15, 2008

images63.jpgترس و توندوتیژی
نووسینی : د . سابیر بۆکانی
زانکۆی سلێمانی

لەپشت هەموو ڕەفتارێکی تێبینی کراوەوە، هزرێکی نادیار، ئامادەگی هەیە. بەدیوەکەی تریشدا هەر هزرێک لەڕەفتارێک یاخود چەند ڕەفتارێکدا بەرجەستە دەبێت. وەک چۆن هیچ شێوەیەک بێ ناوەڕۆک نابێت، ئاوەهاش هەموو ناوەڕۆکێک بۆ گوزارشت کردن لەخۆی، پێویستی بەشێوەیەکە لەدەربڕین. توندوتیژی شێوەڕەفتاری هزری پەڕگیرو توندڕەوە. واتا هەوێنی توندوتیژی لەکردەوەی کەسێکدا، هزرە توندڕەوەکەیەتی. ئەو بیرکردنەوەیەش مەحاڵە ڕۆژێک لەڕۆژان بەئاماژەیەک یان زیاتر لەقسەو گوفتاری ئەو کەسەکەدا هەستی پێنەکرا بێت، یان بەشێوەیەک لەشێوەکان پەی پێنەبرابێت. ئەو هزرانەی توندوتیژی بەرهەم دێنن ئاستەمە بەر لەوەی ببن بەکردەوە، بشاردرێنەوە.
ئەگەر بڵێین دیارترین نیشانەی کەسێتی توندوتیژ، ترسە، ئەوا زیادڕەوییەکمان نەکردووە. هەر ترسی (واقیعی یان وەهمییە) سیستمی مەعریفی کەسێتی توندوتیژ بەڕووی هەموو کرانەوەیەکدا بەجۆرێک دادەخات، کە هەردەم پێیوابێت هەڕەشەو فشاری دەرەکی لەسەرە. مەرج نییە ئەو ترس و هەڕەشەیە هەنوکەیی بن. ڕەنگە کۆن بن و پێشینەیەکی نەستییان هەبێ و بگەڕێنەوە بۆ قۆناغەکانی پێشتری تەمەنی مرۆڤ. ئەو کەسە بابەتیانە لەگەڵ هەڵوێستەکاندا مامەڵە ناکات. پێگەی بیرکردنەوەو تێڕوانینی بۆ دیاردەو ڕوداوە جەدەلییەکان، لەوپەڕی دیدگای تەسکی خودگەراییدایەو دوورە لەناوەندو چەقی بۆچوونەکانەوە.
ترس… بزوێنەری حەزی دەسەڵاتخوازانەی کەسێتی توندوتیژە. ئەو گەورانەی ئەمڕۆ توندوتیژن، لەڕابردوودا تاڵاو و ئازاری سزای قورسی دەسەڵاتێکیان چەشتووە کە بەزۆر ملکەچی کردوون. ئەو سزایە مەرج نییە لەڕابردوویەکی نزیکدا بوو بێت، لەوانەیە بۆ قۆناغی منداڵی بگەرێتەوەو سەرچاوەکەی باوکێکی دڵڕەق یان مامۆستایەکی ستەمکار بووبێت. گرنگ نییە لەچ کاتێکدا ڕوویدا بێت و لەلایەن کێوە بوو بێت، لەهەموو حاڵەتەکاندا ملکەچێکی ناعەقڵانی بەرهەم هێناوە کە بەلای بیرکردنەوەی عاتیفیی ویژدانیدا ئارەزوومەندەو، ڕق وکینەی پەنگخواردوو، وای لێکردووە کە خوازیار بێت ئەزموونی ڕابردووی خۆی، بەسەر کەسانیتردا دوبارە بکاتەوە. بۆیە لەهەڵپەی دەسەڵات گرتنەدەستدایەو بۆ ئەو مەبەستەش هێزو توندوتیژی بەکاردەهێنێت. ئەو ئاواتەشی کە هاتەدی، ملکەچایەتی لەخەڵکی دەوێت. ملەکەچ نەبووانیش ڕوبەڕوی سزای توندی ئەو دەبنەوە.
ترس…سەرچاوەی ئارەزووی وێرانکاری و دەمارگیریی توندوتیژەکانە. گومانێک نەماوە لەوەی کە تێکڕای کەسێتییە دەمارگیرەکان، لەڕەفتاریاندا توندوتیژبن. لەلای ئەوان چەمکی (من) یان (خود) لاوازترین چەمکی کەسێتییە. دەمارگیری توندوتیژ بەشێوەیەک لەبۆتەی (ئێمە)ی گروپەکەیدا تواوەتەوە، ململانێیەکی پێناکرێت و هەموو بڕیارێکی قبوڵەو بەئاسانی دەکەوێتە ژێر کاریگەری فشاری گروپەکەیەوەو گوێڕایەڵی و هۆشڕایەڵییان بۆ دەکات. هەر بۆچوون و ڕایەکی جیاوازیش کە هاوتا نەبێت لەگەڵ ڕاوبۆچوونی گروپەکەیدا، وەک مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورەی لێی دەڕوانێت و بەدوژمنی دادەنێت. بەئەندازەیەک بیروباوەڕی خۆی بەلاوە ڕاست ودروستە، وای لێهاتووە لەهەموو بیروباوەرێکی تر بسڵەمێتەوە. بەلای توندوتیژەوە بیروباوەڕەکەی گومان هەڵناگرێت. لەڕای جیاواز ودیالۆگ دەترسێت و رێگە نادات ئەو چەمکانە، بێنە فەرهەنگی بیرکرنەوەیەوە. بۆ هەر مەسەلەیەک بڕیاری یەکلاکەرەوەی پێشوەختی هەیەو بەبێ وتووێژ وگفتوگۆ، وەک تابۆیەکی پیرۆز بەسەر ڕاکانی تردا دەیسەپێنێت. ئەو لەو دیاردانە دەترسێت کە ئاڵۆزو تەمومژاوین و ناتوانێت لێکیان بداتەوە. لەلێکدانەوەی کەسانیتریش گومانکارەو قبوڵی ناکات و بێ دوودڵی بەتوندی ڕەتی دەکاتەوەو ئەگەر بۆی کراو دڵنیابوو بۆی دەچێتەسەر، ئەوەی خۆی بەزەبری هێز دەسەپێنێت. ئەو دەمارگیرییەی توندوتیژەکان هەیانە ئەوەندەی پەیوەندی بەلایەنی مەعریفی و پەیبردنەوە هەیە، بەو هێندە پەیوەست نییە بەئینتیمای ئایینی و ئایینزایی و نەتەوەیی و نەژادییەوە. ئەو ئینتیمایانە ڕواڵەتی دەرەکی بەرچاوی دانپێدانراون بۆ ناوەڕۆکێکی هزری و مەعریفی. ئەو جەوهەرە مەعریفییەش کە لەمێشکدایە، فۆرم و شێوەیەک بۆخۆی دەدۆزێتەوەو دەبێتە ڕەفتارێکی هەستپێکراو. هزری توندوتیژی هەتا لەمێشکدا بێت، مەترسی ئەوەی لێدەکرێت لەکردەوەدا ڕەنگبداتەوە. ئەو هزرە خامۆشێکی ترساوی ناپەیدایە. وریایەکی بەئاگای غافڵگیرەو دەرفەتێکی لەبار بەفیڕۆ نادات.

لەهاوپۆلی: بابه‌تی تر

2 وەڵام بۆ “ترس و توندوتیژی”

  1. کاوه‌ | فەرموی:
    11-05, 2008 كاتژمێر 2:31 ئێواره‌

    دوای ده‌ست خۆشیم بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ پڕ به‌پێزه‌ .
    یه‌ك تێبینی بچوکم هه‌یه‌ وێنه‌ی بابه‌ت که‌ وێنه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌کی نوێی جیهانی موزیکه‌ له‌ووڵاتی ئه‌ڵمانیا که‌ ناوی که‌به‌ گروپی ( تۆکیۆ هۆتێڵ ) ناسراون .
    که‌ ئه‌مڕۆ له‌هه‌موو جیهان ئه‌و گروپه‌ ناسراون وهه‌رزه‌کاران خولیایی ده‌نگ و بینینی ئه‌و گروپه‌ن . .
    من پرسیار ئه‌که‌م ئایه‌ نوسه‌ر هیچ ترسێك له‌ ده‌مو چاوی ئه‌و لاوه‌دا ئه‌بینێته‌وه‌ وا وێنه‌ی که‌ی له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ك هێمایه‌ك بۆترس نیشان ئه‌دات .
    به‌هیوای شادی

  2. توێژه‌ری ده‌روونی: سامان سیوه‌یلی | فەرموی:
    11-05, 2008 كاتژمێر 8:10 ئێواره‌

    برای ئازیز کاک کاوه‌ پاش سڵاو و ڕێز : سوپاس بۆ تێبینه‌که‌ت ، به‌ڕێزم دانانی ئه‌و وێنه‌یه‌ ته‌نها ڕێکه‌وت بووه‌ ، نووسه‌ری بابه‌ته‌که‌ش به‌رپرس نیه‌ له‌و وێنه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ڕێز و حورمه‌تدا

    سامان سیوه‌یلی

بۆچوونەکان


« رۆحانییه‌ت بۆچی ؟ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئاڵوده‌بوون به‌ئینته‌رنێت له‌نێوان گرفتی ده‌روونی و کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional