نیسان 8, 2008
توندوتیژی
Aggression
نووسینی : د.ئهفرام محهمهد حهسهن
پسپۆری نهخۆشیه دهروونیهکان
بهشی دووهم و کۆتایی
هەندێ سەرژمێری جیهانی سەبارەت بە توندوتیژی :
ساڵانە لە ئەمەریکا زیاترلە( 1،5 )ملیۆن تاوانی توندوتیژی لەکوشتن و فراندن و دزی کردن و شەر کردن تۆماردەکرێت . زیاتر لە (90،000)حالەتی فراندنی مێینە تۆماردەکرێت کە ئەمە تەنها (15%)حالەتەکانن .ئەوانی تر تۆمارناکێرن لەبەرهۆیەک یا هۆیەکی تر [کەزیاتر پەیوەندی بەسوک تەماشا کردنی قوربانییەکەوە هەیە لەلایەن دەزگاکانی پۆلیس و کارمەندانی نەخۆشخانە و ئەندامانی خێزان و هاورێیانی قوربانییەکە ] .
بەشێوەیەکی بەردەوام نزیکەی ( 18 ملیۆن )ئەمەریکی دەناڵێنن بەهۆی بوونی فشارە دەروونیییەکانی پەیوەندی دار بەتاوان .
لەساڵی (1995) پۆلیس لەئینگەلتەراو ویلزدا زیاتر لە ( 5 ملیۆن ) حاڵەتی تاوانی تۆمارکردووە .
لەماوەی شەڕی هەشت ساڵەی (عێراق –ئێراندا ) ژمارەی کوژراو وبریندارو بێسەروشوێنەکان بەزیاتر لە ( 1 ملیۆن)هاوڵاتی مەزەنەدەکرێت .لەماوەیەکی کورتدا لە (16-3-1988)دا لەهەڵەبجە زیاتر لە (5،000) هاوڵاتی کوژران و نزیکەی (10،000) ی تریش برینداربوون .لەماوەی رووخانی رژێمی بەعس تاکو تەمووزی (2005 ) زیاتر لە (8،000)کوژراو و(23،000)بریندارهەبووە ئەمەبەپێی سەرژمێرییە رەسمیەکان کەبەدڵنیاییەوە ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە ؟.
چۆن پێشبینی توندوتیژی بکەین :
هەرچەندە زۆر زەحمەتە پێشبینی ئەوە بکەیت چ کەسێک توندوتیژ دەردەچێت و ئەگەری زیان گەیاندنی بەخۆیی و دەوروبەری تا چ رادەیەکە؛ بەڵام هەندێ سیما هەن دەتوانن تاڕادەیەک ئەو ئەگەرە رۆشن بکەن ؛گرنگترینیان بریتییە لە :
• بوونی قوربانی (تاکەکە خۆی بەستەم لێکراو بزانێت )
• بوونی نەخشەو پیلان بۆ زیان گەیاندن .
• بوونی چەک وتەقەمەنی .
• پێشتررەفتاری توندوتیژی نواندبێت .
• ئارەزوو کردن بەتەماشا کردنی توندوتیژی و چێژ وەرگرتن لێی .
• لاوازی لایەنی سۆزداری و کۆمەڵایەتی.
• ڕق لێبونەوە لە دەسەڵات .
• بەمنداڵی خراپ رەفتاری لەگەڵدا کرابێت و سزا درابێت .
• نەمانی گەرم و گوری لە پەیوەندییەکانى خێزاندا .
• لەدەستدانی دایک یا باوک لەتەمەنی منداڵیدا.
• بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر گیانداران .
• لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیل بەخێرایی و بەشێوەیەکی هەڵەشە .
چارەسەر :
1- دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام هەرلەماڵ و قوتابخانە و فەرمانگەو هتد…..
2- رۆڵی دەستەڵات : پێویستە زیاتر دیموکراسییانە بێت و بواری ڕادەربرین بداتە تاکەکانی کۆمەڵ و بەشێوەیەکی واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ کێشەکاندا بکات و بایەخی تایبەت بداتە منداڵ و لاوان و هاندانی بەهرەکانیان .
3- خۆبەتاڵ کردنەوە (Catharsis) : رێگەبدرێت ئەو ئارەزووە توندوتیژییەی لەتاکدا هەیە بەشێوەیەکی تر دەری ببرێت کەزیانی نەبێت ، واتە لەبوارێکەوە بۆ بوارێکی تر . دەبێ ئەوەش بزانین کەهەندێ جار خۆبەتاڵ کردنەوە دەبێتەهۆی توندوتیژی زیاتر .
4- هاندان بەوەی بەرامبەر بەوازهێنانی لە هەر رەفتارێکی توندوتیژ هەندێ دەسکەوتی بدەیتێ یان بەرامبەرجێبەجێکردنی هەر رەفتارێکی خواستراو بەخششێکی بدەیتێ
5– سزادان punishment) ) : بەسزا دانی کەسی توندوتیژ بەشێوەیەک لە شێوەکان (بەند کردن ،بێبەش کردنی لەخواردن ، لەشتێک کەپێویستی پێی بێت ).
6- هەست کردن بەئازاری بەرامبەر لە کاتی توندوتیژی دا؛ تاک هەست بەئازاری قوربانیییەکەی ناکات بەڵام گەر دواتر دیمەنەکانی نیشان بدرێت ڕەنگە هەست بەئازارەکانیان بکات و لە ئایندەدا کەمتر توندبیًَ .
7– بەکارهێنانی دەرمان کەزیاتر لە جۆرێک بەکاردەهێنرێت و هەریەکەیان بەبڕو شێوەی دیاری کراو.
8– ڕۆڵی ڕاگەیاندن : ڕاگەیاندن رۆڵی بەرچاوی هەیە لەپەروەردەکردن و پێگەیاندنی تاکەکانی کۆمەڵ ؛لەرۆژگارێکی وەک ئەمرۆدا رۆڵی لەجاران زیاترەچونکە ماوەی ئەو کاتانەی هەر یەک لە ئێمە لەبەردەم شاشەی تەلەفزیۆن دا بەسەری دەبەین چەند هێندەی ئەو کاتانەیە کەلەگەل ئەندامانی خێزاندا بەسەری دەبەین .
بۆیە بونی راگەیاندنێکى بەرپرس و خەم خۆر کارێکی زۆر گرنگە بۆکەمکردنەوەی توندوتیژی وپێگەیاندنی کۆمەڵە تاکێکى رۆشنبیرو ئاشتی خواز .
سەرچاوەکان :
1-Introduction to psychology:
Atkinson and Hilgard`s 2004
2- Psychology themes and variation
Wayne wieten 2004
3- Synopsis of psychiatry
Kaplan and Sadock`s 2003
4- Companion to psychiatric studies 1998
5- Lexicon of psychiatry، Neurology، Neurosciences
2nd edition 2000.
ماڵپەڕی دەروونناسی
لەهاوپۆلی: بابهتی تر
« توندوتیژی Aggression بهشی یهکهم | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | بۆچی شتمان لهبیرئهچێتهوه ؟ »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
