نیسان 8, 2008
توندوتیژی
AGGRESSION
نووسینی : د.ئهفرام محهمهد حهسهن
پسپۆری نهخۆشیه دهروونیهکان
بهشی یهکهم
دیاردەی توندوتیژی بۆتە سیمایەکی بەرچاوی کۆمەڵگەی نوێ و رۆژانە لە ڕێی هەواڵەکانەوە دیمەن یا هەواڵی توندوتیژی لەچەندەها ناوچەی جیهاندا بەرچاودەکەوێ وگوێ بیستی دەبین .
ئەمە ئەوانەی کەباس دەکرێن و کامێرای پەیامنێرەکان بەفریای دەکەون وهەواڵەکان دەگەیەنن ؛خۆئەوانەی کەباس ناکرێ ولە ژێرپەردەی دەستەڵا تدا روودەدەن زۆر لەوە زیاترە کەباس دەکرێ بەتایبەتی لەووڵاتانی جیهانی سێ دا .
دەتوانین پێناسەی توندوتیژی بکەین بەوەی کە :
بریتییەلەهەر رەفتارێک کەمەبەست پێی ئازار گەیاندن بێت بەبەرامبەر چ بەشێوەی جەستەیی یا دەروونی واتە لە رێی کردار بێت یا گوفتار.
توندوتیژی گەڵێ جۆری هەیە کەگرنکترینیان ئەمانەن :
1- توندوتیژی کاریگەری :(aggression affective)
بەهۆی ووروژاندنی ترسناکی دەرەکی یا ناوەکی روودەدات و دەبێتە هۆی گۆرانکاری لە کۆئەندامی دەماری ئۆتۆنۆمی و پاشان دەبێتە گۆرانکاری لە لێدانی دڵ و پەستانی خوێن و هەناسە ……هتد
2- توندوتیژی دڕندەیی :((aggression predatoryئەم جۆرە بەوە جیا دەکرێتەوە کەسەکە هەڵدەستێ بەدانانی پیلان و جیبەجێکردنی بۆ مەبەست و ئامانجێکی دیاریکراو و هەست بەکاریگەری توندوتیژیەکە ناکات واتەگۆرانکاری سۆزداری تێدا روونادات و ئەم جۆرە کەسانە پێویستیان بەدابرانی سۆزداری هەیە .
هۆکارەکانی توندوتیژی :
1-بەپێی تیۆری شیکار دەروونی (فرۆید) :(Psychoanalytic Theory)مرۆڤ لەناخیدا دوو غەریزە هەیە کەکۆنترۆڵی توندوتیژی دەکەن یەکەمیان بەناوی ئیرۆسEros) ) کەغەریزەی بونیادنان و بەخشینە دووەمیان ساناتۆسەThanatos) ) کەغەریزەی لەناوبردن و کاولکارییە . هەرکاتێ غەریزەی دووەم بەسەر یەکەمدا زاڵ بێت ئەوا کەسەکە هەوڵی کاولکارانەی دەبێت و بەپێی میکانیزمی بەرگری ئاراستە گۆرین( (Defense Mechanism-Displacement)ئەو کردارە کاولکاریانە لەناخیەوە دەگوازێتەوە بۆدەرەوە هەوڵی تێکدان و ئازاردانی دەوروبەر دەدات .
2-بەپێی تیوری فێربوونی کۆمەڵایەتی :(Social Learning Theory )
بەبۆچونی ئەم تیۆرە تاک لە ئەنجامی سەیر کردن و چاودێری کردنی ڕەفتاری توندەوە فێری توندوتیژی دەبێت وپەیوەندی بە غەریزەوە نییە .
بۆسەلماندنی بۆچوونەکانیشیان پشت بەو توێژینەوانە دەبەستن کە ئەنجام دراوە دەربارەی سەیرکردنی توندوتیژی (راستەقینە یان فیلم کارتۆن )دەبێتە هۆی زیاد بوونی رەفتاری توندوتیژی لەو کەسانەی سەیری ئەم جۆرە توندوتیژیانە دەکەن و هەوڵی دووبارە ولاسایی کردنەوەی دەکەن .
هەروەها تێبینی کراوە ئەوانەی کە یارییە توندوتیژەکان دەکەن خاوەن بۆچون و هەستێکی توندن و لە رووی کۆمەڵایەتییەوە کەمتر یارمەتی دەوروبەر دەدەن ؛بۆیە دارشتنی بەرنامەکانی تەلەفزیۆن بەشێوەیەکی هۆشمەندانە کارێکی زۆر گرنگە گەر مەبەست لێی کەم کردنەوەی توندوتیژی بێت لای مناڵ و خێزان .
لێرەدا دەبێ تێبینی ئەوە بکەین کە مێینە کەمتر حەز لە کاری توندو تیژی دەکات و کەمتر لاسایی ئەو رەفتارانە دەکاتەوە ؛ ڕەنگە هۆکەشی ئەوە بێت کە پاڵەوانانی توندوتیژی زۆربەیان نێرینەن هەرچەندە بەم دواییە لە هەندێ فلمدا پاڵەوانە توندوتیژەکان خانمانن ! .
3-هۆکاری کۆمەڵایەتی :
ْ- رووخان (احبا گ ) :(Frustration)
گەورەترین هاندەر بۆ کاری توندوتیژى بریتییە لە رووخان ؛ بەتایبەتی کە هەست بکەیت ئەو کارەی بەرامبەرت دەکرێت نایاسایی و ناراستە و ستەمی تێدایە ؛ مەرج نییە هەمیشەو هەموو کاتێک رووخان ببێتە هۆی توندوتیژی بەڵکو هەندێ جار دەبێتە حاڵەتی قبوڵکردنی واقیع ؛ هەندێ جار واز هێنان لەکارو نەمانی دڵسۆزی؛ خەمۆکی و بێ هیوابوون ؛ لەگۆرانکاری باروودۆخ کەهەموو ئەمانە کاریگەری کۆمەڵایەتی کوشندەیان هەیە .
لێرەدا جێی خۆیەتی برێک بوەستین و بڵێین ئەو هەموو توندوتیژییەی لەجیهانی سێ دا هەیە جگە لە دەستەڵاتدارە داپڵۆسێنەرەکان کێ بەرپرسیارە لێی ؟ ! .
پەیدابوونی گروپی چەکدارو کوشتن و برین هەمووی بە هۆیی دەم بەستنی تاکەکانی کۆمەڵەوە نییە ؟
گەر بەراستی بدوێین ئەو ناعەدالەت و زوڵم و زۆرەی لەجیهانی سێ دا بەرامبەر هاوڵاتیان دەکرێت سەیر نیییە گروپی وا توندی ڵێ بکەوێتەوە بەڵکو سەیر لەوەدایە ئەم گروپانە لە چاو دەستەڵاتدا میان رەون ! ؟.
ئەو ئەشکەنجەو سزادانانەی لە بەندیخانەکانی ئەم ووڵاتانەدا پیادە دەکرێ هەرگیز نامۆ نییە گروپی لەم جۆرەی لێ بکەوێتەوە ؛هێشتا ژمارەی قوربانیانی دەست ئەم گروپانە لەقوربانیانی دەست حکومەت زۆر کەمترە [گەر بارو دۆخ بەم جۆرە بێ پێ دەچێ ئەم گروپانە لە توندو تیژیا بگەنە ئاستی حکوحەت ] ؛ ئەوەشمان بیر نەچێ هەندێ لەم گروپانە خۆیان پیاوی دەستەڵاتن و بە ناوی جیا جیاوە لە ژێر پەردەی ئۆپۆزسیۆن دا خەونە گڵاوەکانی دەستەڵاتداران جێ بە جێ دەکەن و ناوی بەرگری و ئازادی ناشرین دەکەن وەکو ئەوەی میری خۆی کەم بکوژێت لە ژێر ناوە جیا جیاکانی دەزگا داپلۆسێنەرەکانی دا پەنادەباتە بەر ئەم گروپانە بۆ زیاتر کوشتن و ناشرین کردنی سیمای جوانی بەرگری و ئازادی .
ب-ئازاردان :جەستەیی بێت یان دەروونی [هەندێ جار ئازار دانی دەروونی زۆر لە ئازار دانی جەستەیی کاریگەر ترو بە ئێش ترە ]
ج-رۆڵی راگەیاندن بەتایبەتی راگەیاندنی بینراو [تەلەفزیۆن و سەتەلایت ] . بەتایبەت راگەیاندنی بینراو بە هەردووئاستەکەی (ناوخو و جیهانی) جونکە زیاتر کاریکەر ترە و بینەری زیاترە ڕەنگە لەنێوان نابینایانیشدا ! ؛بەشێوەیەکی دوور لە بەرپرسیارێتی بگرە گێرە شێوێنانە بەرنامەکانیان پەخش دەکەن ؛ لەپیشاندانی دیمەنی توندوتیژی راستەقینە و فیلمی ئەکشن .
ئەو دیمەنانەی بەم دواییە یەکێک لەکەناڵە ناوخۆییەکان کە ئاسمانیشە ! نیشان دراکاریگەری گەورەی دەروونی و کۆمەڵایەتی لای هەموان بەجێ هێشت و بێگومان کاریگەری درێژ خایەنیشی خراپ ترە لەوەی لەم ماوە کورتەدا هەست پی دەکرێ .
کۆمەڵێ بۆشایی و پرسیاری لای زوربەی هاولاتیان دروست کرد .
کە ئایا دەشێ کورد هێندە دڕندە بێت بەرامبەر بەخۆی ؟
دەبێ ئەمانە لەکوێ پەروەردە بووبن ؟
سەربەچ دەزگایەک بن ؟
ئەو هاووڵاتیانە لە ناوەراست و باشوری عێراق سەردەبرێن هەر عێراقی سەریان نابرێ ؟ چ ما عەرەب لە کورد پیاو ترمرۆڤ دۆستترە؟ !
لەم هەشت ساڵەدا کێ بەخێوی کردوون ؟
سەرچاوەی داراییان لەکوێوە بووە ؟
ئایا تاکو ئێستا پێیان نەزانراوە یان کارەکانیان داپۆشراوە ؟
جگە لەم تاوانانە هیچ تاوانی تریان نەکردوە یان بەرژەوەندی وا دەخوازێ کەباس نەکرێ؟
دەیەها پرسیاری بێ وەڵامی تر کەهەریەکەیان لە دووتوێیدا کۆمەڵێکی زۆر گومان هەڵدەگرێ (بەوەڵام دانەوەیان یان بێ دەنگ بوون لێیان گۆمەکە زیاتر لێخن دەبێ [دەستی لێ مەدە با خرپ نەبێ] ).
بۆیە بوونی پسپۆری دەروونی و کۆمەڵایەتی لەسەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن کارێکی زۆر گرنکە تاکو کاریگەری سەرجەم بەرنامەکان هەڵسەنگێنن لە هەردوو رووەوە بەڵام بەداخەوە لەزوربەیاندا نییە .
د- یارییە کۆمپیوتەرییەکان ئەو یارییانەی توندوتیژی تێدایە و هەندێ یاری بەرامبەر کوشتنی هەر کەسێک چەندەها خالت دەداتێ پاش تەاوو بوونی یارییەکە منداڵ شانازی بەوەوە دەکات کەچەندەها خەلکی کوشتوە گواستنەوەی ئەم هەستەش بۆ جیهانی واقیع و لاسایی کردنەوەی کارێکی زۆر زەحمەت نییە .
4 – ژینگە :
ْ – پیس بوونی ژینگە : بەتایبەتی لە شارە گەورەکاندا دەبێتە هۆی زیاتر تورەیی وتوندوتیژی وەک لەو ناوچانای کەخاوەن ژینگەیەکی خاوێنن .
ب – دەنگەدەنگ : دەنگی بەرزو ناخۆش زۆر جار دەبێتە هۆی توندوتیژی زیاتر .
ج – قەرەباڵغی : هەمان کاریگەری هەیە .
د – کەش و هەوای گەرم : بەرز بوونەوەی پلەی گەرما هەتاکو پلەیەکی دیاری کراو دەبێتە هۆی بێتاقەتی وتورەیی و توندوتیژی کەپاش ئەو پلەیە کاریگەری پێچەوانەی دەبێت .
5 – هەڵوێست و شوێن :
ْ – لەکاتی ئەنجامدانی ئەو یارییانەی کێشمەکێشەی تێدایە وەکو تۆپی پێ و بۆکسێن . ب – دیمەنی سێکی بەپێی دیمەنەکە دەگۆرێ گەر تەنها دیمەنی کەسانی رووت بێت [بێپۆشاک ] ئەوە توندوتیژی کەم دەبێتەوە ؛ دیمەنی دووان لەکاتی کاری سێکسی دا توندوتیژی زیاد دەکات . لەرێی راگەیاندنەوە دەیەها بگرە سەدەها کەناڵ هەیە بەشێوەیەکی بەردەوام دیمەنی سێکسی جۆراو جۆر نیشان دەدات ؛هەندێ لەکەناڵەکانی ناوخۆش لەم رووەوە کەم تەرخەم نین و ئەسپی خۆیان تاو داوەو نازانن بوکۆێ مل دەنێن ؟
لەم دەڤەرەدا کەبواری تێربوونی سێکس نییە ؛خەفەکردن زاڵە بەسەر لاوان دا و ئەنجامی خەفەکردنیش یا داهێنانە یا لادان من بەش بەحاڵی خۆم داهێنان نابینم لەم دەڤەرەدا و حەز ناکەم لەسەر لادانەکانیش بدوێم (لەبەر خاتری لارووێرەکان !) .
ج – ئازار : بوونی ئازار بەهەر هۆیەک بێت دەبێتە توندوتیژی و تورەیی بەرامبەر هۆکاری ئازارەکە ؛هەندێ جار بەرامبەر ئەو کەسانەش کەهیچ پەیوەندیان بە دروست بوونی ئازارەکەوە نییە .
6 – هۆکاری بایۆلۆجی :
ْ – پەرکەم (Epilepsy) کەهەندێ جار لە کاتی یان پاش پەرکەم لێهاتن کەسەکە برێک رەفتاری توندی دەبێت .
ب – ئاستی هۆرمۆنی ئەندرۆجین : هەندێ توێژینەوە باس لە پەیوەندی نێوان ئاستی بەرزی ئەم هۆرمۆنەو رەفتاری شەرەنگیزانە دەکەن .
ج – خواردنەوەی مەی کەدەبێتە هۆی توندوتیژی لەرێی کەم بوونەوەی ئاستی هەڵسەنگاندن و سەرهەڵدانی ڕەفتارو گوتاری نەشیاو .
د – بەکارهێنانی هەندێ دەرمان وەکو ئەمفیتامین و کۆکاین و فنسایکلدین .
ه – قۆناغی پێش سوری مانگانە لەژناندا دەبێتە هۆی فشاری دەروونی و جەستەیی ؛ هەروەها ئەگەری توندوتیژی زیاتر دەکات .
و – بەشێوەیەکی گشتی توندوتیژی لە پیاواندا زیاترە وەک لەژنان بەتایبەتی لە تەمەنی نێوان (16-25 ساڵی دا ) .
7 – هۆکاری بۆ ماوە :
ْ – بەپێی زیاتر لە توێژینەوەیەک توندوتیژی لە دووانەی یەک هێلکەدا زیاترە وەک لەدووانەی دوو هێلکە.
ب – لە هەندێ خێزاندا زیاترە وەک لە هەندێکی تر.
ج – ناتەواوی لە ژمارەی کرۆمۆسۆمەکاندا [بۆنمونە نەخۆشی کلاین فلتەر سندرۆم (47XYY) بەوە جیا دەکرێتەوە کەسەکە خاوەنی ( 22) جووت لەشە کرۆمۆسۆمە لەگەل یەک کرۆمۆسۆمی مێینە و دووکرۆمۆسۆمی نێریینە ] ؛کەسەکە باڵای بەزرە؛ ئاستی ژیری نزمە؛ زیبکەی هەیە ؛خاوەنی رەفتاری شەڕەنگیزانەیە .
لەهاوپۆلی: بابهتی تر
« نامهیهکی کراوه بۆ … دهربارهی پیس بوونی ژینگه و هۆکار و چارهسهرهکهی / بهشی دووهم و کۆتایی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | توندوتیژی Aggression بهشی دووهم و کۆتایی »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

دةستان خوش بيت بو ئامادةكردنى ئةو بابةتة بةهيزة بةراستى
قسةى زور جوان و شياوى تيداية كة شايةنى هةلويستة كردنة لةسةرى
هيواى سةركةوتن و بابةتى باشتر بو خوينةرانتان زور سوباس