نیسان 6, 2008
نامەیەکى کراوە بۆ ….
دەربارەى پیس بونى ژینگەو هۆکارو چارەسەرەکەى
نووسینی :
یۆگى :هاوبیر کامەران
مامۆستای کۆمهڵهی هونهری یۆگا
زانستى ژینگە (ئیکۆلۆژى) یەکێکە لەو زانستە بەربڵاوو گرنگانەى کە لە پێناو مرۆڤ و تەندروستى مرۆڤدایە. وشەى ئیکۆلۆژى (Ecology) لە وشەى یۆنانى (Oikos) ەوە هاتوە کە بەماناى “خێزان” هاتوە ، واتە وشەى ئیکۆلۆژى دەلالەت لەو زانستە دەکات کە دەکۆلێتەوە لە مرۆڤ و ژینگەکەى کە وەک خێزانێک پێکەوە دەژین . ئیکۆلۆژى لە دوو رێگەوە ئەم کارە دەکات ، یەکەم لە رێگەى پاراستنى ژینگەى ئاوو هەواو ژینگەى چواردەورى مرۆڤەوە ، دوەم لە رێگەى پاراستنى ئەو گیاندار و دارودرەخت و دارستانانەى کە لە دەورى مرۆڤن و هۆکارى مانەوەى ئەون. ئەم زانستە بە مرۆڤ دەلێت کە دەبێت رێژەى گازەکانى ناو ئەو هەوایە چەند بێت کە شیاوە بۆ هەڵمژین ، هەروەها دەبێت ئەو ئاوەى کە دەخورێتەوە چۆن بێت . ئیکۆلۆژى پێمان دەڵێت کە دەبێ کەى ژینگەیەکى لەبار یان نالەبارمان هەیەبۆ ژیان و دەبێت لە کوێدا بژین و لە کوێدا نەژین. واتە ئاگادارمان دەکاتەوە لە پیس بونى ژینگە Environmental Pollution و پیس بونى هەوا Air Pollution و هەمو جۆرە ئالودەبونەکانى دیکەى ژینگەى ژیان . هاوشێوەى زانستى ئیکۆلۆژى لە هیندستانى کۆندا و یۆگیەکان زانستى (ستاپاتیا ڤیدا) و زانستى (ئایور ڤیدا) یان هەبوە کە بەهۆیەوە باشترین ژینگەو ئاوو هەواو شوێنى نیشتەجێبون و لەبارترین ئاوى خواردنەوەیان بۆ خۆیان دەست نیشان کردوە . مێژوى ئایور ڤیدا و ستاپاتیا ڤیدا دەگەرێتەوە بۆ کۆنتر لە 5000 ساڵ لەمەبوبەر . واتە لەو مێژوە دورودرێژەوە مرۆڤەکان ویستویانە شوێن ژیانى خۆیان پاک رابگرن چونکە بەردەوام مرۆڤ لە کۆنتاکدایە لەگەڵ ژینگەکەى و ئەو بەشێکەو لەو ژینگەیەى کە تیایدا دەژى و شینگەکەش بەشێکە لەو . تەنانەت بەشێوەیەک کە لەش و فسیۆلۆژیاى لەشى مرۆڤ دەگۆرێت بەپێى گۆرانى ژینگەکەى ، بۆ نمونە دانیشتوانى شوێنە گەرمەسێرەکان و ئەو شوێنانەى کە شێیان کەمە لوتیان گەورەو پێستیان ئەستورە وەکو ئەفریقیەکان، بە پێچەوانەشەوە ئەوانەى لە شوێنى سارد و شێداردا دەژین لوتیان باریک و تەسکە و پێستیان تەنک و سپیە وەک دانیشتوانى ئەوروپا.
مرۆڤ خواردنى سروشتەکەى دەخوات و لەشى مادى خۆى بەو خواردنە گەشە پێدەدات و دروست دەکات ، نەک هەر لەشى مادى بەڵکو وەک ئوپانیشادەکان دەڵێن تەنانەت بەشێکى بیرکردنەوەش لە خۆراک دروست دەبێت. مرۆڤ بۆ مانەوەى ژیان و میتابۆلیزم و کاتابۆلیزمى خانەکانى لەشى پێویستى بە هەواى پاک هەیە کە لە دەرەوە وەریدەگرێت . پێویستى بە ڕەنگى ڕون و دەنگى سروشتى و ئارامى هەیە تا بتوانێ لە روى دەرونیەوە دامەزراوو تەندروست بێت ، هەڵبەت ئەگەر خۆراکى پاک و ژینگەى پاک رێخۆشکەربن .
بەڵام ئایا ئەمرۆ ئێمە لە کوردستان و بەتایبەت لە سلێمانى (ئەو شارەى کە خۆمى تیادەژیم ) ئەو ژینگەیەمان هەیە ؟ ئایا هەواکەمان شایەنى هەڵمژینە ؟ ئایە دەتوانین بێ خەم هەناسە بدەین ؟ من دەمەوێت بەرێزان سەرۆکى هەرێم و سەرۆک وەزیرانى کوردستان و لێپرسراوانى وڵات بەتایبەت وەزیرى ژینگە بە وردى لێکۆلینەوەیەکى چڕوپر لەو بارەیەوە بکەن کە دەبو زوتر بکرێت . وەگەرنا گوێمان لێبگرن تا سەرەکیترین و پێویستترین هۆکارى ژیانمان بەئاسانى و بێ دودڵى دەست بکەوێت .
سەرەتا دەمەوێت لەبابەتى هەواوە دەست پێبکەم . دەبێت ڕێژەى گازەکانى ناو هەوایەکى پاک کە شایەنى هەڵمژین بێت و نەبێتە سەرچاوەى نەخۆشى ، واتە هەواى ترۆفۆسفیر Troposphere بەم شێوەیە بێت:
78% نایترۆجین
21% ئۆکسجین
1% گازەکانى دیکە
3، 0 %دوانۆکسیدى کاربۆن لە هەوادا
هەروەها دەبێت گازەکانى وەکو نیۆن و هیلیۆم و کریبتۆن و ئەمۆنیا و ئۆزۆن و میسان بە رێژەیەکى دیاریکراو لە هەوادا هەبن و زیادبونى رێژەى هەریەکیان زیانێکى گەورە لە تەندروستى مرۆڤ دەدات .
بەڵام من دەپرسم ئایا ئەو هەوایەى ئێمە هەڵیدەمژین لەناو شارێکى وەک سلێمانى یاخود هەولێردا بەو رێژانەیە کە باسکران . بێگومان نەخێر لەبەرئەوەى کاتێک دەچیتە سەر شاخى گۆیژەو دەڕوانیتە سلێمانى شارێک لە دوکەڵ و پارچە کۆنکرێتێکى ڕوت دەبینى کە لەوە دەچێت پێش چەند سەد سالێک لەمەوبەر لەترسى ویبایەکى و پەتایەکى کوژەر چۆڵ کرابێت، شارێک کە لەوە ناچێت ژیانى تیادابێت . دوکەڵ لە باکورەوە تا باشور و لە رۆژهەڵاتەوە تا رۆژئاوا وەک هەڵۆیەکى برسى باڵى بەسۆزى بەسەر ئەم شارە هەناسە ساردەدا کێشاوە و دەیەوێت پێمان بڵێت : منم دیارى کارگە و سەیارەو تەکنەلۆجیاى تازە ، منم دیارى دەستى نەبونى سەوزایى و پلان لەشارەوانی دا، منم دیارى دەستى ئەوانەى گوێ بە هەوانادەن چونکە هێشتا نەخنکاون.
بەهەرحاڵ هەرچى لەبارەى پیس بونى هەواى سلێمانى و من دڵنیام هەولێریشەوە بوترێت هێشتا کەمەو دڵ ئارام ناگرێت ، چونکە بەتەنگەوە نەهاتنى ئالودەبونى ئەم شارانە زیانێکى بێ شومار دەدەن و چارەسەرەکەشى کارى خاوەخاو لێکردن نیە . من لە خوارەوە بەکورتى باسى هۆکارەکانى پیس بونى ژینگە و بەتایبەتیش هەوا دەکەم تا بزانین گرفتەکانمان لە کوێدان ، هەڵبەت ئەمە لەڕوى زانستى ژینگەناسیەوە و بە سەرفەنەزەرکردن لە هەندێ هۆکارى وەک ئەو گازانەى کەلە شاخە بورکانیەکان بەرزدەبنەوە یاخود هەورەبروسکە کە دەبێە هۆى زیادکردنى ئۆکسیدەکانى نایترۆجین و ، چونکە تا ئیستا ئێمە لەم مەسەلەیەدا پاک و پارێزراوین. وە ناشمەوێت خۆم لەباسى زیانەکانى مۆبایل و شەپۆلەکانى مۆبایل بدەم لەم نامەیەدا کە ئەمیش یەکێک لە هۆکارە گەورەکانى پیس بونى ژینگەیە ، لەبەرئەوەى چارەسەرى مەحاڵە :
هۆکارەکانى پیس بونى ژینگە و هەوا :
1. سوتانى سەوزایى و دارستانەکان. یەکێک لە دیاردە تازەکان سوتانى شاخ و گرد و دارستانەکانى سلێمانى و دەوروبەریەتى کە زیانێکى زۆرى هەیە بۆ پیس بونى ژینگەو هەواى ئەم شارە ئەزیزە چونکە رێژەیەکى زۆر دوانۆکسید دەکاتە هەواوە . ئێمە لە کوردستاندا بە هەزاران پۆلیسى باخات و دارستانمان هەیەو کەچى کەمترین دارستان و دواکەوتوترین سەوزایى و دارستانمان هەیە لەسەر روى زەوى ، بیابانەکانى عەربستانى لێ بترازێت کە هەموى کراون بە دارستانى سەوز .
2. گێژولوکەو ڕەشەبا خۆڵاویەکان کە لە باشورى عێراق و بیابانەکانەوە دێت بەسەرمانداو بەتەواوى هەواى شار ئەوەندەى دیکە نەشیاو دەکات بۆ هەڵمژین و ئەم جۆرە خۆڵبارانە زیانێکى زۆرى هەیە بۆ رێرەوەکانى هەناسەو خودى دەزگاى هەناسەدانى مرۆڤیش.
3. دوکەڵى سەریارە و تەیارە بەتایبەت ئەو بەنزینەى کە قورقوشمى تیادایە یەکێکە لە هەرە گەورەترین هۆکارەکانى پیس بونى ژینگەو هەوا ، چونکە بەنزین و بەتایبەت ئەو جۆرە لە بەنزین یەکەم ئۆکسیدى کاربۆن و دوەم ئۆکسیدى کاربۆن و دوەم ئۆکسیدى کبریت و ئۆکسیدى نایترۆجین و ئۆزۆنى زەمینى دروست دەکات و ئەم گازانەش وردە وردە دەبنە هۆى دروستکردنى هەندێ نەخۆشى وەک شێرپەنجەو تەنگەنەفەسى و رەبوو و حەساسیەت و گەلێ نەخۆشى دیکە و یەکێکن لە هەرە خەتەرترین هۆکارەکانى پیس بونى ئەم شارانە کە لە پردا ژمارەیەکى زۆر ئۆتۆمبێلى تێ رژا بێ ئەوەى حسابێک بۆ هەواى شارەکە بکرێت . دەبو حکومەتى هەرێم پلانى هەبێت ، دەبو بەرێوبەرایەتى هاتوچۆى هەولێرو سلێمانى هەروا فەرمو لەو هەمو سەیارەیە نەکەن بێ ئەوەى بزانن شار بەرەو روى چ خەتەرێک دەکەنەوە .
4. ئەو تەپوتۆزەى لە سەرجادەکان بەرزدەبێتەوە . یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى پیس بونى هەواى سلێمانى و ئالودەبونى ژینگەى ئەم شارە. بەرزبونەوەى تەپوتۆزى لێوارى سەر شەقامەکانى وەکو شەقامى درێژى شەست مەترى و شەقامەکانى ناوشار و ئەو شەقامانەى وەکو مەولەوى و قەنات کە ماوەیەکى زۆرە کارى تیادەکرێت و پەلە لە تەواو کردنى ناکرێت وەک ئەوەى گوڵ بارانى شار بکات، ئەم تەپوتۆزە شێوەیەکى دیکەى خۆڵبارانى شارە و هۆکارێکى دیکە ئالودەبونى هەواکەمانە .
5. ئەو کارگەکانەى لەناوشار و دەوروبەرى شاردان . کارگەى ڕۆنى تانجەرۆ و کارگەى چیمەنتۆى تاسلوجە و کارگەى قیر و هتد.. لەو کارگە تایبەتیانەن کە هەواى سلێمانیان پیس کردوە و خەلکێکى زۆر دەناڵێنن بەدەستیانەوە . دەبێت ئەم کارگانە ئامێرى تایبەتیان بۆ دابین بکرێت کە بۆ پاک کردنەوەى ئەو دوکەڵ و هەوایە پێویستن . خۆتان دەتوانن لە داتاى ئەو نەخۆشانەى تاسلوجە بڕوانن کە تا چ رادەیەک ترسناکەو نەخۆشى سیەکان و شێر پەنجەو ئالێرژى لەو ناوچانەدا بەرزە لەکاتێکدا چەند جارێک و دەیان جار داواى چارسەریان کردوە و پاراونەتەوە تا نەوەکانیسان نەبنە قوربانى بێ ئاگاییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان .
6. مۆلیدە ئەهلى و حکومیەکان… بونى کارەباى حکومى تەنها بۆ ئەوە بەسود نیە کە دانیشتوانى سودى لێدەبینن بۆ راپەراندنى ئیش و کارەکانیان ، بەڵکو نەبونى کارەبا دەبێتە هۆى ئەوەى خەڵکى مۆلیدەى کارەبایى بەکاربهێنن و هەر ماڵێک مۆلیدەیەکى تایبەت بەخۆى هەبێت . ئەم مۆلیدە ئەهلیانە لە دوو لاوە زیان بە ژینگە دەگەیەنن ، لەلایەکەوە گازێکى زۆرى دوانۆکسید و یەکەم ئۆکسیدى کاربۆن و دوەم ئۆکسیدى کبریت و ئۆکسیدى نایترۆجین دەکەنە هەواوەو بەمەش زیانێکى زۆر لە هەوا دەدرێت. دوەم دەنگى ئەو مۆلیدە حکومى و ئەهلیانە خۆیان لە خۆیاندا هۆکارێکن بۆ پیس بونى ژینگە ، چونکە دەنگى بەرز و ناسروشتى یەکێک لە هۆکارەکانى پیس بونى ژینگەیە.
7. سوتاندنى خۆڵ و خاشاک… ئەگەر سەردانێکى تانجەرۆ بکەیت دەبینى کە دۆکەلێکى زۆر باشورى سلێمانى گرتوە ، سەرچاوەى ئەم دوکەڵە یەکەم کارگەى رۆنەو دوەم سوتاندنى ئەو خۆڵەیە کە لە تانجەرۆ کۆدەکرێتەوە . ئایا حکەمەتى هەرێم نازانێت کە رێگەى دیکە هەیە بۆ لەناوبردنى خۆڵ و خاشاک ؟ ئایا نازانێت کە ئەم دوکەڵە زیانێکى زۆرى هەیە ، چونکە ئەو شتانەى دەسوتێن نایلۆن و کاغەز و جلو بەرگ و عەلاکەو چەندەها مادەى کیمیاوى دیکە و خەشوخۆڵى خەستەخانەکان کە پرن لە سەدان جۆر ڤایرۆس و بەکتریا ،زیانى گەورە بە تەندروستى دەگەیەنن .
8. دەنگەدەنگ و بونى فەوزا لەناو شاردا Pollution Noise. مۆلیدە حکومى و ئەهلیەکان، دەنگى سەیارەو کارگەکان ، چڕبونەوەى بیناى بازرگانى و ئەهلى و زۆربونى دەنگدانەوە ، نەبونى باخ و پارکى حەوانەوە ، ئەمانە لەو هۆکارانەن کە ژینگەى شار تێکدەدەن و دەتوانرێت بە بونى باخ و سەوزایى زۆر چارەسەر بکرێن . دەبو هەرمالێک باخ تایبەتى هەبوایە و رێ نەدرایە ماڵى بێ باخ دروست بکرێت. دەبو پێش برینى قردێلەى کردنەوەى هەر بینایەکى بەرز ، قردێلەى باخەکەى لەلایەن بەرپرسانەوە ببردرایە.
9. هەموان سەردانى سەیرانگاکانمان کردوە . لەراستیدا یەکێک لەو رەفتارە ناشارستانیەى کە دەیبینى ئەوەیە کە عەلاگەو شوشەى مەیى و خۆڵ و خاشاک فرێ دراوەتە سەر زەوى و ئەمەش کاریگەریەکى زۆر خراپى بۆ سەر ژینگە هەیە .
لەهاوپۆلی: بابهتی تر
« دڵهڕاوکێ لای قوتابیانی پهیمانگای مهڵبهندیی مامۆستایانی سلێمانی ( توێژینهوهی زانستی ) / بهشی شهشهم و کۆتایی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | سایکۆلۆژیای خهو / بهشی سێیهم / بێخهوی ( خهوزڕان ) Insomnia »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
