نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

ڕه‌نگ و کاریگه‌رییه‌کانی

ئازار 4, 2008

199.jpgڕەنگ و کاریگەریەکانى
نووسینی : هاوبیر کامەران
مامۆستای کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ری یۆگا / سلێمانی

ڕەنگ یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەى کە لە هێماناسى و کۆسمۆلۆجى دا باسى کراوەو گرنگى پێدراوە ئەوەتا لە تەوراتدا خودا رەنگەکانى پەلکەزێرینە بە “بەڵیننامە”ى نێوان خوداو مرۆڤ وەسف دەکات . لە کۆسمۆلۆجى هیندى و یۆنانی دا ڕەنگ یەکێک بوە لەو رەگەزانەى کە لێوەى باسى خەلق بون و دروست بونى بونەوەر و ژیان کراوە. لە کۆندا و ئێستاش هەمو دین و بیروباوەرێک خاوەنى ڕەنگى تایبەت بە خۆیەتى و یەکێک لە رەنگەکانى بە پیرۆز داناوەو کردویەتى بە هێمایەک بۆ ناساندنى خۆى . رەنگ یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانى بون (الوجود)ى ماددى و بونى مادى بەبێ رەنگ مەحاڵە ، چونکە هەرشتێک بێتە بون دەبێت خاوەنى یەکێک لە رەنگەکان بێت بە تۆنێکى تایبەت .
ڕەنگ واتە لەرینەوەیەکى تایبەت لە لەرینەوە کەونیەکان کە کاریگەری هەیە لەسەر لەرینەوەى لەش و بیرى مرۆڤ . نەک هەر کاریگەرى دەخاتە سەر لەش و بیرى مرۆڤ بەڵکو راستەوخۆ کار لە دەرون و میزاجى مرۆڤ دەکات و هەر ڕەنگێک دەتوانێ زۆر بە ئاسانى و سانایى جێ دەستى خۆى لەسەر دەرون و تەنانەت مەعنەویەتى مرۆڤ بەجێ بهێلێ . لەبەرئەوەى لەرینەوەى هەر رەنگێک لەرەنگێکى دیکە جیاوازە ، بەو هۆیەوە کاریگەرى هەر رەنگێک لەوى دیکە ناچێت و جیاوازە . چاوى مرۆڤ لەرینەوەیەکى تایبەت لەم لەرینەوانە دەبینێت و لەرینەوەى تایبەت هەیە کە مرۆڤ ناتوانێ بیان بینێت ، واتە هەندێ رەنگ هەیە کە مرۆڤ ناتوانێت بەچاو بیانبینێت . بینینى رەنگەکان لەلایەن زیندەوەرانەوە جیاوازە ، بۆ نمونە بینینى پیشلە دەتوانێ لەرینەوەى بەرزتر لە لەرینەوەى چاوى مرۆڤ هەست پێ بکات ، واتە پیشلە دەتوانێ هەندێ رەنگ ببینێت کە مرۆڤ ناتوانێ بیانبینێت. هەروەها بینین لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکى دیکە دەگۆرێت . هەندێ مرۆڤ هەن بەهۆى بونى گرفتێک لە یەکێ لە دەمارەکانى چاودا یان بەهۆى بونى گرفتێک لە مێشکدا ناتوانێ بەتەواوى ئەو رەنگانە ببینێ کە لە دەوروبەر بونیان هەیە . هەندێکیش هەن دەتوانن رەنگگەلێکى زیادە ببینن کە خەڵکى دیکە ناتوانن بیانبینن ، بۆ نمونە هەندێ لە یۆگیەکان ئەم توانایەیان هەیە . ئەوەتا ئەو یۆگیانەى باسى چاکراکانى لەشى مرۆڤیان کردوە بۆ هەریەک لە چاکراکان رەنگێکیان باس کردوە گوایە ئەو چاکرایە بەو شێوەو ڕەنگەیە ( بەو شێوەیەى کەلە زانستى کوندالینى یۆگا دا باسکراوە چاکرا واتە بازنەو مەبەست لەو مۆڵگە تایبەتیانەیە کە وزەى لەششى مرۆڤى تیا کۆبۆتەوە )، واتە ئەوان چاکراکان دەبینن و رەنگەکانیشیان دەناسنەوە . هەندێ لە مرۆڤەکان بەتایبەت هەندێ لە نابیناکان توانیویانە لەرێگەى دەستەوە دەرک بە رەنگەکان بکەن و لێکیان جیابکەنەوەو بیانناسنەوە ، چونکە هەر ڕەنگێک هەستێکى تایبەت دەداتە مرۆڤ و لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنى پلەیەکى گەرمى تایبەت بە خۆیەتى .
لە کۆندا بەهۆى جیاوازى و کاریگەرى ڕەنگەکانەوە ڕەنگ بەکارهاتوە بۆ گەلێ مەبەست و من بە کورتى هەندێکیان باس دەکەم :
یەکەم : هەر ڕەنگێک هێماى جۆرە بیرکردنەوەیەکى تایبەت بوە ، بۆ نمونە “سپى” هێماى ئاشتى بوەو موسوڵمانەکان بەکاریان هێناوە بۆ دەلالەت کردن لەوەى کە ئایینەکەیان ئامۆژگارى دەکات بە ئاشتى و پێکەوە ژیان . یاخود رەش هێماى خەمۆکى و تاریکى و ئازارى دونیاى مادى بوە و قەشە مەسیحیەکان بەکاریان هێناوە بۆ بوغزاندنى ژیاندنى مادى ، و سور هێماى شۆرش بوە و شیوعیەکانى یەکێتى شورەوى کردویانەتە مارشى خۆیان بۆ دەلالەت کردن لە شۆرش و رەنگى ئاگر و کلپەى شۆرش .
دوەم : لەهەندێ شوێن ڕەنگ بۆ ناسینەوەى نۆتە مۆسیقیەکان بەکارهاتوە و هەر رەنگێک بەکارهاتوە بۆ دەلالەت کردن لە یەکێ لە نۆتە مۆسیقیەکان . بۆ نمونە رەنگى نۆتەى “مى” سورەو رەنگى نۆتەى “سۆڵ” خۆڵەمێشیە.
سێهەم : ڕەنگ بەکارهاتوە بۆ چارەسەرى نەخۆشیە دەرونى و جەستەییەکان . تەنانەت تاوەکو ئێستاش رەنگ یەکێکە لە رێگە گرنگەکانى چارەسەرى نەخۆشى لە هیندو چین و تەنانەت ئەوروپا و ئەمریکاش دا و چەندەها کلینیکى تایبەت بەچارەسەر هەیە لە رێگەى ڕەنگەوە .
چوارەم : رەنگ لەو راهێنانە رۆحیانەدا بونى هەبوە و ماناداربوە کە سۆفى و یۆگیەکان ئەنجامیان داوەو کاریان پێکردوە.
کەواتە ئێمە دەبیت لەژیانى رۆژانەدا زۆر ئاگاداربین کە چ بەرگێک دەپۆشین و چى لەبەردەکەین ، دەبێت ئاگادارى رەنگى بۆیاخى دیوارى ماڵەکانمان بین و بزانین کە ئەو رەنگانە بەشێوەیەکى راستەوخۆ کاریگەریان لەسەر ئێمە هەیە گەر بزانین یان نەزانین . نامەوێت درێژە بەم باسە بدەم تەنها دەمەوێت خۆت رەنگى تایبەت بەخۆت هەڵبژێریت و بزانیت کەى سود لەو رەنگانە دەبینى کە بەکاریان دەهێنى لە جل و بەرگ و ئامێر و جوانکاریەکانى ناوماڵدا .
1.ڕەنگى سور:
ڕەنگێکى گەرمە ، وەک وەکیلى رەنگە ئیحساسیەکان دەناسرێت . ئەبێتە هۆى زیادکردنى چالاکى خانەکانى لەش ، دەبێتە هۆى چالاککردنى تۆرە دەمارى سەمپەساوى ، ڕەنگێکە هەستکردن بە دڵنیایى دەدات بە مرۆڤ ، ئەبێتە هۆى چالاکبونى سورى خوێن لەلەشدا بە گشتى و لە چاوەکاندا بەتایبەتى ، ئەم رەنگە چالاکى جنسى زیاد دەکات ، ڕەنگى تایبەتى هەندێ لە سۆفیەکانە. رەنگى چاکراى یەکەمە کە پەیوەندى بە دڵنیایى و کاتابۆلیزمەوە هەیە. بۆ نەخۆشى کەمخوێنى و قەبزى و روماتیسم و سیل بەسودە .
2.ڕەنگى پرتەقاڵى :
ڕەنگێکى گەرمە، رەنگى خۆبردنە پێشەوەو شۆرشە ، دەبێتە هۆى زیادکردنى هێزى جنسى ، دەبێتە هۆى چالاککردنى تۆر دەمارى سەمپەساوى ، گلاندى ئەدریناڵ چالاک دەکات ، مرۆڤ دڵخۆش دەکات ، میتابۆلیزمى خانەکان زیاد دەکات . کالیسیۆمى لەش هاوسەنگ دەکاتەوە، هەروەها چارەسەرى تەشەنوجات دەکات و سیەکان بەهێز دەکات. لەلاى هیندیەکان بە ڕەنگى مردن ناسراوە. خەم و خەفەت ناهێڵێ . رەنگى چاکراى دوەمە کە چاکراى سێکسى مرۆڤە .
3.ڕەنگى زەرد:
ڕەنگێکى گەرمە و خوێن پاک دەکاتەوە و ریخۆڵەکان بەهێز دەکات ، هێماى هۆش و تێگەیشتنە ، دەبێتە هۆى زیادبونى ئیرادە ، ئەدریناڵ چالاک دەکات ، مرۆڤ هاوسەنگ دەکاتەوە ، دەزگاى بەرگرى (مەناعە) چالاک دەکات ، رەنگى چاکراى سێیە کە پەیوەندى بە “میتابۆلیزم” واتە کردارى هەرسەوە هەیە.
4.ڕەنگى سەوز:
دەبێتە هۆى چارەسەرى شێرپەنجە و پەستانى بەرزى خوێن دادەبەزێنێ ، بۆ بێخەوى بەسودە ، ئاسودەیى دەبەخشێتە مرۆڤ ، دەبێتە هۆى چالاکبونى سەمپەساوى ، کاتابۆلیزمى خانەکان خێرادەکات . رەنگى پیرۆزە لە ئیسلامدا. رەنگى چاکراى چوارەمە کە چاکراى خۆشەویستیى مرۆڤە.
5.ڕەنگى شین :
ڕەنگێگى ساردەو دەبێتە هۆى زیادکردنى دڵسۆزى لە مرۆڤدا ، پەیوەندى بە چاکراى پێنجەمەوە هەیە . هەندێ جار پاراسەمپەساوى چالاک دەکات . ئەو کەسانەى ئەم ڕەنگە دەپۆشن کەسانى دڵپاکن و حەز دەکەن مامۆستایەکى باش بن . شین کاریگەرى هەیە لەسەر گلاندى سایرۆید و پاراسایرۆید و هەروەها دەزگاى بەرگرى بەهێز دەکات. رەنگى شین بەتایبەتى بەتۆنى کەم ئارامیەکى زۆر دەدات بە مرۆڤ .
ئەم رەنگە رەنگى پیرۆزى ئاینى یەهودیە.
6. ڕەنگى ڕەش:
ڕەنگێکى هەم سارد و هەم گەرمە . دەبێتە هۆى زیادکردنى چالاکى پاراسەمپەساوى ، مرۆڤ خەمۆک دەکات . ڕەنگى ڕەش یارمەتى کۆبونەوەى تەرکیز دەدات ، ڕەنگى ئارامى و خامۆش بونە . یەکێک لە رەنگە پیرۆزەکانى ئاینى مەسیحیە .
7. ڕەنگى سپى:
رەنگێکى ساردە . دەبێتە هۆى ئارامى مرۆڤ ، پاراسەمپەساوى چالاک دەکات . ههەڵچونى جنسى کەم دەکاتەوە . یارمەتى کارکردنى باشترى خانەکانى لەش دەدات . رەنگى پیرۆزى یۆگیەکان و سیخیەکان و جینیەکانە . خەمۆکى لەناو دەبات . سپى نیشانەیەکى بەناوبانگى هەقیقەتە .
8. ڕەنگى مۆر :
ڕەنگێکى ساردە ، دەبێتە هۆى دڵخۆشى . یارمەتى باشتر بونى تەرکیز دەدات ، دەبێتە هۆى دروستکردنى گۆرانکارى لە هایپۆسەلەمەسدا . یەکێکە لە رەنگە پیرۆزەکانى ئایینى یەهودیەت .

تایبەتمەندى هەندێ لە ڕەنگەکان پێکەوە :
زانیمان کە هەر رەنگێک کاریگەرى خۆى هەیە، ئێستا دەبێت ئەوە بزانین کە ئەم رەنگانە بەدوان یان سیانیان پێکەوە کاریگەرى جیاوازیان هەیەو من لە خوارەوە کەمێکیان باس دەکەم .
1.ڕەش و پرتەقاڵى تۆخ : ئیحساسى ترس یان خەمباریەکى تەواو قوڵ دەدات بە مرۆڤ .
2. رەنگى رەش و سپى : سادەیى زۆر و هەندێ جار رێک و پێکى لە ئیش و کاردا.
3. پرتەقاڵى کاڵ و شینى تۆخ : هەستى دڵخۆشى دەدات بە مرۆڤ بەڵام دڵخۆشیەکى خامۆش و رۆمانسى .
4. سپى و سور: گۆران و تازەبونەوە دەبەخشێ .
5. پەمەیى و سەوزى کاڵ : ماناى سەلیقەى هونەریە . هەستى منداڵى دەداتە مرۆڤ .
6. سورو رەش : ماناى بونى ترسێکى زۆرە .
7. قاوەیى و شین : گەر پێکەوە کۆکرانەوە ماناى وایە ئەو کەسە زۆر کەم یان زۆر زۆر بیردەکاتەوە و رادەى ناوەندى نیە .
8. نیلى و سپى: هەستى ئازار کەم دەکاتەوە.
9. شین و سپى: دەبێتە هۆى ئارامى .
10. ڕەنگى تێکەڵ : لەبەرکردن و پۆشین یان سەیرکردنى تابلۆى رەنگاو رەنگ دەبێتە هۆى بلاوبونەوەى تەرکیز و جوڵاندنى ئیحساس و تێکچونى ئارامى .

ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی
www.derunnasy.com

لەهاوپۆلی: بابه‌تی تر

بۆچوونەکان


« پرسیار و وه‌ڵام له‌سه‌ر سێکس | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | کێ ڕۆشنبیره ؟ »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional