فێبرایهر 29, 2008
سایکۆلۆژیای توندوتیژی
نووسینی : د . سابیر بۆکانی
زانکۆی سلێمانی
هزری پەڕگیریی یان توندەڕەوی وەک ئەوەی لەبۆسەدا بێت، هەمیشە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت تاکو سەر بکات و لەڕەفتارێکدا بەرجەستەبێ و خۆی بخاتەڕوو، ئەو ڕەفتارەش کە چاوەڕوانکراوەو بەدوایدا دێت توندوتیژییە. توندوتیژی ڕەگوڕیشەی بایۆلۆژی و بۆماوەیی نییە، ڕەفتارێکی وەرگیراوەو بەهۆی زەمینەیەکی شیاو و لەبارەوە بووە بەنەریت. سەرەتا بەنەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی هەژمار دەکرێت. وەک هەر نەخۆشییەکی تری کۆمەڵایەتی، ئەمیش هۆکاری خۆی هەیەو بەبنەبڕکردنی هۆکارەکانیش، ئەگەری بەرقەراربوونی چارەسەر دێتە ئاراوە.
توندوتیژی زەنگێک یان پەیامێکی مەترسیدارە لەسەر کۆمەڵگاو پێویستە بەوردی خوێندنەوەی بۆ بکرێت بەر لەوەی بگاتە ئاستی تاوان و زیان بگەیەنێت و لەشێوەکانی لێدان و دەستدرێژی و وێرانکردن و تێکدان و فەوتاندنی موڵکی گشتی و کوشتن و دزی و ڕاووڕوت و ئاژاوەگێڕی و مانگرتن و …تاد، ڕەنگبداتەوە. ئەم تاوانانە کەسێک یان چەند کەسێکی توندڕەوو پەڕگیر، پلانی بۆ دادەڕێژێت یان دایدەڕێژن و هەر خۆی یان خۆیان یاخود بە کەسێک یان چەند کەسێکی توندوتیژ ئەو نەخشەیەی بۆی داڕێژراوە بەجێ بەجێکردن دەگات. باری سایکۆلۆژی ئەو کەسانە هاوشێوەی یەکترەو هەموویان لەوەدا لەیەک دەچن کە لەزەلکاوی نوشست و نائومێدیدا، گیرخواردووی بێچارەن.
توندوتیژ پێش ئەوەی هیچ ڕەفتارێکی توندوتیژی لێبوەشێتەوە، کەسێتییەکی نائارامی هەیەو لەژیانی تایبەتی خۆیدا هەست بەئاسایش ناکات و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی پەنا دەباتەبەر توندوتیژی. ئەگەر بۆی چووەسەرو سەرکەوتنی پێبڕا ئالێرەوە دەیکات بەنەریت و بەردەوام دەبێت لەسەری.
توندوتیژ ئەو کەسەیە لەیەک گۆشەنیگاوە بۆ شتومەک ودیاردەو ڕووداوەکان دەڕوانێت و هەر ئەوەی خۆی پێ ڕاستە. نەک هەموو گۆشەنیگاکانی تری پێ چەوت و ناڕێکە بەڵکو ئامادەش نییە گوێیان لێبگرێت ومافی دەربڕینیان لێدەستێنێتەوەو دان بەبوونیاندا نانێت. بەلای ئەوەوە بایەخدان بەڕاوبۆچوونی خەڵکی و هەستونەستیان، لاوازییەو وازهێنانە لەمافی خود.
توندوتیژ کەسێکی هەستیارەو هەردەم لەو بڕوایەدایە کە هێرشی لەسەرە یان دەکەوێتە دەستی دوژمن، بۆیە بەبەردەوامی ئامادەیە بۆ داکۆکی کردن لەخۆی و هێز بەکاردەهێنێت. بۆ ئەو مەبەستەش ڕەفتاری شەڕانگێزی بەڕەوا دەبینێت چونکە بەلای ئەوەوە کۆمەڵگا جەنگەڵستانەو یاسای جەنگەڵ دەیبات بەڕێوە. ئەو لەهزری خۆیدا دەڵێت: خەڵکی تەنها ڕێز لەبەهێزەکان دەگرن و پێیوایە ئەگەر گورگ نەبێت گورگ دەتخوات.
توندوتیژ لەگومان و ڕاڕاییدا دەژی و باوەڕی بەخۆی نییەو دەیەوێت بەڕەفتارێکی سەرچڵ و سەرکەشانەی پشت بەستوو بەهێز، ئامانجەکانی بەدی بهێنێت تاکو خودی خۆی بسەلمێنێت. بۆ گەڕاندنەوەی جێگیری و هاوسەنگی دەروونی خۆی، خەڵکی وەک کەرەسەو شتومەکی بێ هەست و هۆش دەبینێت وا دەزانێت بۆ خزمەتی ئەو دروست بوون و ناتوانێت لەڕووی ویژدانییەوە، لەگەڵیاندا هاوبەش بێت وتێکەڵیان نابێت و پێی خۆشە بەگۆشەگیریی ودوورەپەرێزیی بژی.
تۆو و گەرای توندوتیژی، لەخێزانی داخراوی نەریتخوازی لەقاڵبدراودا، شین دەبێت و پاشان دەبێتە نیشانەی کەسێتی و لێی نابێتەوە. ڕاستە کۆمەڵگای داخراو زەمینەیەکی لەبارو بەپیتە بۆ بەرهەم هێًنانی خێزان و تاکی توندوتیژ، بەڵام مەرج نییە ئەو خێزانەی تاکی توندوتیژ بەرهەم دەهێنێت هەر لەکۆمەڵگایەکی داخراودا بێت. لەکۆمەڵگای کراوەشدا ئەو خێزانانە زۆرن کە لەگەشەپێکردنی منداڵەکانیاندا، بەتەنها پشت بە شێوازی ڕەخنەو لەقاڵبدان و دڵڕەقی و سزای توند دەبەستن و دەیانەوێت منداڵەکانیان لەهەموو شتێکدا نمونەیی بن و بەکامڵی تەواوەتی بگەن، ئەو جۆرە مامەڵەو پەروەردە کردنانەش، هەروەک چاوەڕوان دەکرێت: گەشە نەکردنی ویژدان و خۆبەکەم یان بەهیچ زانین و شەرانگێزی و نائارامی و ململانێی دەروونی لێدەکەوێتەوە. هەموو ئەمانەش نیشانەکانی کەسێتی توندوتیژن. چونکە ئەگەر ویژدانی کەسێک وەکو پێویست گەشەی نەکردبێت ئەوا ناتوانێت لەخۆشی و ناخۆشییەکاندا، هاوبەشی کەسانیتر بکات. ئەگەر کەسێک هەست بەکەمی یان بەهیچیی بکات ئەم گرێى دەروونییە لەژینگەی نالەباردا سەرچاوەیەکە بۆ خۆبەشت زانین و بەکەمزانینی کەسانی ترو زیادڕەوی کردن لەهەڵسەنگاندنی تواناکانی خوددا. نائارامی و ململانێی دەروونیش هەروەک ئاشکرایە کەسێتی بەبەرد دەکەن نامۆی دەکەن بەکلتوری باو.
ماڵپهڕی دهروونناسی
www.derunnasy.com
لەهاوپۆلی: بابهتی تر
« متمانه بهخۆکردن لهمناڵیدا ( بهشی دووهم ) | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | متمانه بهخۆکردن لهمناڵیدا ( بهشی سێیهم و کۆتایی ) »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
