نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

له‌ گریاندا

شوبات 23, 2008

images0102.jpg لەگریاندا !
نووسینی : د . سابیر بۆکانی
زانکۆی سلێمانی

کەسێتی ئاسایی دەروون درووست، بەڕاشکاوی پێدەکەنێ و ڕاستەوخۆ دەگری و بێسڵەمینەوە توڕە دەبێ و دەترسێت و تەواوی هەڵچوونەکانی، بەپیێی بارو ڕەوشی هەڵوێستەکان خاڵی دەکاتەوەو نەپێی وایە بەپێکەنین وقاقا لێدان سووک دەبێت و نە بەگریان و فرمێسک ڕشتن یان بەترسان و خۆشاردنەوەو هەڵاتن لەمەترسی، پلەو پایەی کۆمەڵایەتی دادەبەزێت و شەرمەزار وڕسوا دەبێت. لەم گۆشە نیگایەوە ئەگەر گریان و فرمێسک ڕشتن وەک یەکێک نیشانەکانی کەسێتی دەروون ساغ وەربگرین، تەنها ژنان و لەپێش ئەوانیشدا منداڵان ئاسایین لەڕووی سایکۆلۆژییەوە دەروونیان ساغە. بەڵام ئێمەی نێر یان ئێمەی پیاو ( بەپێوەرەکانی جێندەر) کەسمان ئاسایی نین و بەتێکڕایی نەخۆشین (گەرچی ئەم بڕیارە گشتییە کەمێک قورسەو لەوانەیە هەندێک کەس نەگرێتەوە) ئێمە لەبەر شەرم و بەهۆی شکۆی ڕەگەزییمانەوە، گریان بەلامانەوە نەنگی وشورەیی و لاوازییەو پێمان قبوڵ ناکرێت، تەنها ئەو کاتانە بەسروشتی وەریدەگرین کە ڕووبەڕووی مەرگی نزیکترین کەسی خۆشەویستمان دەبینەوە، تەنانەت لەو کاتانەشدا زۆربەمان بەنهێنی دەگرین وتاپێمان بکرێت فرمێسکی ڕێژراومان دەسڕین و دەیشارینەوە و دواتر دانی پێدا نانێین کە گریاوین. ئەم چەپاندن و خەفەکردنەی هەڵچوونی گریان، بەشێکە لە دەریایەک لەچەپاندن و خەفەکردنی دیکەی سۆزداری کە شوێنەواری خراپ بەسەر جەستەی خۆمانەوە بەجێ دەهێڵێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان وساردو سڕو بێگیان دەکات.
ئەو مرۆڤەی تووشی نەخۆشی دڵتەنگی و غەمباری هاتووە، ناگری وگریان نازانێت، ئەو دەمەی پزیشکێکی دەروونی لەپڕۆسەی چارەسەرکردندا دەیهێنێتە گریان و بەهەر تەکنیکێکە فرمێسکی پێدەڕێژێت، بەمە دەروازەیەک واڵا دەکات و کلیلی چارەسەر دەدۆزێتەوەو هەنگاوێک بەرەو چاکبوونەوە دەنێت. لەتوێژینەوەکانەوە دەرکەوتووە پێکهاتەی کیمیاوی ئەو فرمێسکەی لەگریاندا دەڕێژرێت، جودایەو لەو فرمێسکەی یان ڕاستتر بڵێین لەو چەند دڵۆپەی ئاوەی لەبەر بۆنێکی تیژ یان بەهەر هۆیەکیتر لەچاو دێتە خوارەوە. پێکهاتەی فرمێسکی گریان بڕێکی زۆر پڕۆتینی تێدایە کە یارمەتیدەرە بۆ ڕوون کردنەوەی قەوارەی مادە زیان بەخشەکانی ناو جەستە، گریان پڕۆسەیەکە بۆ هێمن کردنەوەی دەروون و بۆ کەم کردنەوەی فشاری سەر دەماغ و تاڕادەیەکی بەرچاو شتنەوەو حەساندنەوەی. ئەمڕۆ ئەم ڕاستییانە بەتەواوەی یەکلابۆتەوەو تەواوی شارەزایانی سایکۆلۆژیا، هاوڕان لەسەری کۆکن. گەرچی فەیلەسوفێکی مەزنی وەک ئەرستۆ بەر لە دووهەزارو سێسەد ساڵ وتوویەتی: گریان و فرمێسک ڕشتن لەکاتی بینینی شانۆییەکی درامیی تراژیدیدا، دەماغی مرۆڤ لەهەڵچوونە نێگەتیڤە پەنگ خواردووەکان پاکژو خاوێن دەکاتەوە. کەچی لای ئێمە هەتا ئێستا نەک هەر لەکاتی ئازارچەشتن و غەمباریدا گریان نەشیاوە، بەڵکو لەپرسەو مەرگی خۆشەویستانیشدا بەبیانووی جۆاروجۆری خورافییەوە،گریان قەدەغە دەکرێت و ڕێگە لەسەرکردن و دەرچوونی، هەڵچوونە پەنگ خواردووەکانی دەروون دەگیرێت ئەمە لەکاتێکدایە کە گوزارشت لێی، بەهیچ جۆرێک بنەماکانی ئاکار ناڕوشێنێت و بەها باڵاکانی کەسەکە ناخاتە مەترسییەوە. ئازادی تەواو لەدەربڕینی ئەو هەڵچوونەدا بەیەکێک لەگەورەترین گرنتییەکانی ئاسوودەیی و تەندروستی هەژمار دەکرێت. ئەو کەسەی گریانەکەی کپ دەکاتەوەو دەیشارێتەوە بەناچاریی دەبێت ڕوویەکیتری هەڵچوون بخاتەڕوو کە ئاشکرایە ڕەسەن نییەو ساختەیە، خستنەڕووی هەڵچوونی درۆو ناڕاست، زەمینەی نامۆبوون لەخود ولەکەسانیتر خۆش دەکات ودەیرەخسێنێت.

ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی
www.derunnasy.com

لەهاوپۆلی: بابه‌تی تر

بۆچوونەکان


« دڵه‌ڕاوکێ لای قوتابیانی په‌یمانگای مه‌ڵبه‌ندیی مامۆستایانی سلێمانی ( توێژینه‌وه‌ی زانستی ) / به‌شی چواره‌م | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | خه‌نده‌ و پێکه‌نین »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional