ترس

ترس
مەریوان حەسەن
بەكالۆریوس لە پەروەردەو دەروونناسی

ترس جۆرێكە لە جۆرەكانی هەڵچوونی مرۆڤ،هەڵبەت نەك تەنها مرۆڤ بەڵكو ترس لای ئاژەڵ و هەموو بوونەوەرانی تر بوونی هەیە،ترسیش وەك هەر بابەت و دیاردەیەكی دەروونی هۆكاری تایبەتی خۆی هەیە ،وەك بەشێوەیەكی گشتی لێكۆڵینەوەكان لەسەر كۆمەڵێك بۆچوون كۆكن كە دەبێتە هۆی ترس،كەگرنگترینییان هەستكردنە بەمەترسی لەسەر بوونی مرۆڤ خۆی یان لەدەستدانی سەرچاوەی بژێوی ژیانی،یان هەر شتێكی تر كە نزیكایەتی و پەیوەندی بەژیانی مرۆڤەوە هەبێت،واتە ترس میكانیزمێكی بابەتییە بۆ ئاگاداركردنەوەی مرۆڤ لە جیهانی دەرەوە لەوكاتەی دەبنە مایەی مەترسی بۆسەر ژیانی مرۆڤ،ئەوەی شیاوی زانین بێت لەسەر ترس ئەوەیە كە ترس دیاردەیەكی بۆماوەیی نی یە بەڵكو لەڕێگای پڕۆسەی پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی مرۆڤەوەو هەروەها لەئەنجامی بەرخووردی مرۆڤ لەگەڵ واقیعدا دەبێتە دیاردەیەكی دەروونی و ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕەوشتی مرۆڤ دەبێت،كەواتە دیاردەی ترس لەڕێگای پەروەردەوە دێتە بوون بەڵام دەكرێت هۆكاری بۆماوەیی ببنە هۆی ئاسانكار بۆ دروستبونی ترس واتە ڕۆڵێكی لاوەكی و یارمەتیدەر ڕەنگە ببینن ئەویش لەهەندێ حاڵەتدا بۆنموونە ڕەنگە جۆری كەسایەتی مرۆڤەكەو ئاستی ئامادەیی بەرگری دەروونی مرۆڤ و هەندێ حاڵەتی نەخۆشی ببنە هۆی ئاسانیكەر بۆ ڕێژەی ترس لای مرۆڤ،
ترسیش بەپێی قۆناغەكانی تەمەنی مرۆڤ لەڕووی جۆرێتی و سەرچاوەی ترسەكانەوە جیاوازە بۆ نموونە منداڵ لەشتێك دەترسێت كە جیاوازە لەو شتەی كەكەسێكی هەرزەكار یان گەورە لێی دەترسێت،وەك ترسی منداڵ لەهەندێ ئاژەڵ كە جێگەی مەترسی نین یان تەنانەت ترسی منداڵ لەباوكی یان كەسێكی تر كە ئەمە بەترسێكی ناواقیعی دادەنرێت بەهۆی ئەوەی كە منداڵ بوونەوەرێكی فەنتازییە،جۆرێكی ترس لای منداڵ بوونی هەیە كەدەكرێت بەترسێكی واقیعی دایبنێین ئەوەش ئەو ترسەیە كەلەئەنجامی مامەڵەكردنی منداڵ لەگەڵ واقیعی ژیانی دەوروبەریدا فێری دەبێت واتە لەئەزموونكردنی ژیانی خۆیەوە فێردەبێت بۆنموونە كاتێكی منداڵ ئاگرێك دەبینێت بەسەرچاوەیەكی مەترسی نەزانێت تا ئەوەی ئاگرەوەكە ئازاری پێ دەگەیەنێت واتە بەدەركەوتنی كاریگەری ڕاستەوخۆی ئاگرەكە ئەزموون وەردەگرێت و فێری ئەوەدەبێت كە ئاگر شیاوی ئەوەیە لێًی بترسین،
ئەمە بەنیسبەت ترس منداڵەوە ،بەڵام ترس لای مرۆڤی پێگەیشتوو بابەتییە چونكە سەرچاوەی ترس كە ڕوونە هۆكارەكەشی لای مرۆڤەكە واقیعییە،بەمەرجێك ئەو كەسە هیچ نەخۆشییەكی توندی دەروونی و عەقڵی نەبێت،
كەواتە ترس دیاردەیەكی هەڵچوونی مرۆییە بوونی بەڕێژەیەكی باش پێویستە بۆ مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی پێ بگونجێنێت لەگەڵ ژینگەو دەوروبەردا،بەڵام ئەگەر ترس لەڕێژەی ئاسایی دەرچوو ئەوا بە تۆقین ناودەبرێت كە ئەمە بابەتێكی ترە،
ترسیش وەك هەر هەڵچوونێكی تری مرۆڤ كاریگەری وڕەنگدانەوەی لەسەر باری فیسیۆلۆژی هەیە وەك سوورهەڵگەڕانی دەم و چاو قەبارەی چاو وزیادبوونی لێدانەكانی دڵ و توند بوونی هەناسەدان و وەستانی پڕۆسەی هەرسكردنی خۆراك كە ئەمانەش بە هۆی ڕژانی هۆرمۆنی ئەدرینالینەوە دەبێت كە ڕژێنی سەرگورچیلە دەیڕێژێت.

ئه‌یلول 1, 2010