شوبات 21, 2010
خه‌و لای ژنانی دووگیان
توێژه‌ری ده‌روونی
سامان سیوه‌یلی
به‌و پێودانگه‌ی ژنان ڕووبه‌ڕووی چه‌ند گۆڕانکارییه‌کی فسیۆلۆژی وه‌ک (سوڕی مانگانه، دووگیانیی، وه‌ستانی سوڕی مانگانه) ده‌بنه‌وه، بۆیه ئه‌م فاکته‌رانه کاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر به‌پیتی خه‌و لای ژنان، چونکه ئه‌م فاکته‌رانه ده‌بنه هۆی گۆڕانکاری له‌ئاستی هۆرمۆنه‌کان، هه‌روه‌ها سه‌رقاڵی ژنان به‌کاروباری ماڵ و منداڵ و کارکردن له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵ کاری کردۆته سه‌ر که‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی کاژێره‌کانی نووستنیان.
دووگیانیی له‌گه‌ڵ خۆیدا چه‌ندین گۆڕانکاری ده‌هێنێت که‌کاریگه‌رییان ده‌بێت بۆ سه‌ر خه‌و، ئازاری هه‌ردوو قاچ و ماسولکه‌کان و گێژبوون و هه‌ستکردن به‌ترشه‌ڵۆکی گه‌ده و جووڵه‌ی کۆرپه‌له، تێکڕا ئه‌مانه کار ده‌که‌نه سه‌ر به‌پیتی خه‌و. له‌ڕاپرسییه‌کدا له‌وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ئه‌نجامدراوه له‌نێو ژنانی دووگیاندا ده‌رکه‌وتووه که (78%) ژنانی دووگیان دووچاری تێکچوونی خه‌و هاتوون له‌ماوه‌ی دووگیانیاندا. به‌گشتی ده‌توانین کاریگه‌ری دووگیانیی له‌سه‌ر خه‌و دابه‌ش بکه‌ین بۆ سه‌ر سێ قۆناغ:
یه‌که‌م: سێ مانگی یه‌که‌می دووگیانیی: هۆرمۆنی (برۆجیستیرۆن) له‌خوێندا زیاد ده‌کات که‌ده‌بێته هۆی زۆر خه‌وبردنه‌وه و زۆر نووستن به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ماوه‌کانی پێش دووگیانییه‌که، هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆی زیادبوونی ئاره‌زووی میزکردن له‌شه‌واندا که‌ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی پچڕ پچڕبوونی خه‌و و خه‌واڵوویی له‌ڕۆژدا.
دووه‌م: سێ مانگی ناوه‌ڕاست: ئاستی هۆرمۆنی (برۆجیستیرۆن) به‌رده‌وام ده‌بێت له‌زیادبوون به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی خاوتر، خه‌و باشتر ده‌بێت له‌چاو سێ مانگی یه‌که‌می دووگیانی‌دا به‌ڵام هێشتا خراپتره له‌گه‌ڵ خه‌وی پێش دووگیانی‌دا. ئاره‌زووی میزکردن له‌شه‌ودا که‌متر ده‌بێته‌وه که‌ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌ک ده‌بێته هۆی جێگیربوونی خه‌و.
سێیه‌م: سێ مانگی کۆتایی: له‌م قۆناغه‌دا زۆرێک له‌ژنان دووچاری تێکچوونی خه‌و ده‌بن، چه‌ند ڕاپرسییه‌ک ده‌ریانخستووه که (97%) ژنان له‌کۆتاییه‌کانی دووگیانی‌دا دووچاری تێکچوونه‌کانی خه‌و ده‌بنه‌وه. له‌م قۆناغه‌دا ئاره‌زووی میزکردن له‌شه‌ودا زیاد ده‌کات به‌هۆی ئه‌و فشاره‌ی کۆرپه‌له له‌سه‌ر میزه‌ڵدانی دایک دروستی ده‌کات ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی پچڕ پچڕبوونی خه‌و. هه‌روه‌ها زۆرێک له‌ژنان له‌م قۆناغه‌دا دووچاری سوتانه‌وه و سووربوونه‌وه‌ی ناوپۆشی لوت ده‌بن که‌ده‌بێته هۆی قورسی له‌هه‌ناسه‌داندا به‌تایبه‌تی له‌شه‌واندا ئه‌م حاڵه‌ته‌ش کار ده‌کاته سه‌ر خه‌و.
له‌ماوه‌ی دووگیانی‌دا هه‌ندێ جۆری تێکچوونی خه‌و سه‌رهه‌ڵئه‌دات که‌پێشتر بوونی نه‌بووه، له‌لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کدا ده‌رکه‌وتووه که(30%) ژنانی دووگیان له‌ماوه‌ی دووگیانبوونیاندا بۆ یه‌که‌م جار تووشی پرخه‌پرخ هاتوون.
سووتانه‌وه‌ی زۆری لوت و گیرانێکی به‌تینی لوت ده‌بێته هۆی داخستنی ڕێڕه‌وی سه‌ره‌وه‌ی هه‌ناسه‌دان و وه‌ستاندنی هه‌ناسه‌دان ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی پچڕ پچربوونی خه‌و له‌شه‌ودا و زۆر خه‌وبردنه‌وه له‌ڕۆژدا، هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆی که‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی ئۆکسجین له‌خوێن و به‌رزبوونه‌وه‌ی فشاری خوێن له‌ژنی دووگیاندا. ئه‌گه‌ر ژنی دووگیان دووچاری پرخه‌پرخ و خه‌وبردنه‌وه هات ئه‌وا ده‌بێت سه‌ردانی پزیشکی پسپۆر بکات.
هه‌روه‌ها ژنی دووگیان زیاتر ئه‌گه‌ری تووشبوونی هه‌یه به (ناجێگیره جووڵه‌ی هه‌ردوو قاچ)، ئه‌م حاڵه‌ته یه‌کێکه له‌تێکچوونه‌کانی خه‌و و بریتییه له‌کۆمه‌ڵه هه‌ستێکی ناخۆش و نائارام که واده‌کات ژنه دووگیانه‌که ئاره‌زوویه‌کی به‌تینی هه‌بێت بۆ جوڵاندنی هه‌ردوو قاچی یاخود بۆ ڕۆیشتن، ئه‌م حاڵه‌ته ده‌شێت له‌هه‌ر کاتێکی ڕۆژدا ڕووبدات به‌ڵام له‌زۆرینه‌ی حاڵه‌تدا پێش کاتی نووستن ڕووده‌دات له‌ئه‌نجامی ئه‌م جوڵه پێکردنه‌ی قاچه‌کاندا ژنی دووگیان به‌ئاسانی خه‌وی لێناکه‌وێت و دواتریش تووشی بێخه‌وی دێت، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش دووچاری (15%) ژنانی دووگیان ده‌بێت.
چه‌ند ئامۆژگارییه‌ک بۆ ژنی دووگیان له‌مبواره‌دا:
1- ده‌بێت ژنی دووگیان له سێ مانگی کۆتایی دووگیانییه‌که‌یدا له‌سه‌ر لای چه‌پ بخه‌وێت، چونکه ئه‌م باره ڕۆیشتنی خوێن بۆ کۆرپه‌له و بۆ هه‌ردوو گورچیله ئاسان ده‌کات، هه‌روه‌ها نابێت له‌سه‌ر پشت بخه‌وێت بۆ ماوه‌ی درێژ.
2- ده‌بێت ژنی دووگیان له‌ڕۆژدا زۆر شله‌مه‌نی بخواته‌وه و له‌شه‌ودا خواردنه‌وه که‌م بکاته‌وه.
3- ئه‌نجامدانی وه‌رزش به‌به‌رنامه.
4- چه‌ند باره خواردنی ژه‌می سووک له‌ماوه‌ی ڕۆژدا واده‌کات گه‌ده تێر بێت و هه‌ستکردن به‌گێژبوون و ترشه‌ڵۆک که‌مبێته‌وه.
لەهاوپۆلی: بابه‌تی تر هیچ بۆچوونێک نییە »
« ستراتیژه‌کانی ژیان / به‌شی سێیه‌م و کۆتایی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | باسی هه‌ڵه‌ی خۆت بکه »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
